
كامێرای قەڵەم
قەڵەمی كامێرا
خوێندنەوەیه‌کی سینه‌مایی بۆ شیعری
" قاڵییەك دەناسم لە هەر چی گوڵیەتی ماندووە" ی رەزا عەلی پوور
شاهۆ مەحموودی
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ئه‌توانێت سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێک خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له هه‌ندێک لەو ده‌قه شیعریانه‌ی ئه‌ورۆکه ده‌نووسرین. به‌و مانایه خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قێک به پێوه‌ری ته‌کنیکه‌کانی مێدیۆمێکی تری هونه‌ری، ده‌توانێت ده‌رخه‌ری هه‌ندێک لایه‌نی نادیار بێت که له راستیدا زۆربه‌ی تیۆره‌کانی ره‌خنه‌ی شیعر له ده‌رخستنی ئه‌و لایه‌نانه عاجزن. لێره‌دا ئه‌و مێدیۆمه سینه‌مایه. ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی سینه‌مایی ئێمه عومرێکی زۆری نییه به‌ڵام خودی سینه‌ما به گشتی کاریگه‌ریی ناراسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ندێ له شاعیرانی پێشڕه‌و بووه که هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌مانای که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و ئیمکانه نوێیانه بووه که سینه‌ما ئاراسته‌ی کردووه‌و ئه‌م کاریگه‌رییه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی دوایین گۆرانکارییه شیعرییه‌کانی ساڵانی رابردوو دیار و به‌رچاوتره.
لە زۆربەی خوێندنەوەكاندا پێوەندیی نێوان سینەما و شیعر پێبەند كراوە تەنیا بەلایەنە ماناییەكان و ئیتر وەك بەرهەمهێنانی نیزامێكی نوێ لە پێكهاتەی گشتی و كاریگەری خەسڵەتە فۆرمیەكانی ئەو دووانە لە سە‌ر یەكتر، باسێكی زۆر نەكراوە. بەڵام ئاشكرایە كە بەشێكی زۆری بەرهەمە شیعریەكانی ئەوڕۆكە بە ناچار لانیكەم لە ژێر كاریگەریی ناڕاستەوخۆی وێنە سینەماییەكاندا دەخوڵقێن و تەنانەت لە ستراكچێری ناوەكی و دەرەكیی بەرهەمەكانیشدا (وەك ریتم و پاساژ و رەوایە‌ت و...) كەڵك وەرگرتن لە تەكنیكەكانی سینەما_ بە تایبەت لە تەكنیكەكانی مۆنتاژ_ بە زۆری بە دی دەكرێت.
بەڵام جیا لەمانە ئەو شتە‌ی سینەما و شیعر بە ئێجگاری لە یەك نزیك دەكاتەوە دنیای وێنەكان و نیشانەكانە. بە دوای سەرهەڵدانی ئێماژیستەكان - كە خۆی نیشاندەری گرینگی دان بە بایەخی وێنەیە لە شیعر دا- ئێتر وێنە ئەو مانا ساكار و باوەی پێ نابەخشرێت كە گێڕانەوەی راستەوخۆی واقیع بێت، بەڵکوو وەهمێك لەو رواڵەتە واقیعە دە‌خوڵقێنێت كە هەر كەسە و بە پێی زانست و ئەزموونەكانی خۆی وێنەیةك بەرهەم دێنێت كە لەگەڵ «ئەویدی» دا جیاوازە. بۆ نموونە ئەم بابەتە- ئەگەر وەك خەسلەتێك نیشانەناسانە و هێرمنۆتیكی باسی لێ بكرێت- لە هونەری وێنەگەریدا كە لانی كەم لە بواری ئامێرەوە زۆرترین نزیكایەتی لە گەڵ سینەمادا هەیە، بە دی ناكرێت. بەڵام سینەما خۆی لە پێبەند بوون بەو قاپە تاك فرێمە دەرباز كردووە و بە ئاشكراش دیارە كە وێنەكان ئەگەر چی لە واقیعێكی فیزیكی دەخوڵقێن بەڵام پێكەوە لكانی ئەم فرێمانە و كەڵك وەرگرتن لە مۆسیقا و كەلام و... نیزامێكی نوێی نیشانەناسانە دەخولقێنن كە وەك شیعر بتوانن لە خودی واقیع وەهمێك لە واقیع بەرهەم بێنن كە خاوەنی تەئویلی جۆراوجۆر بێت.
لە شیعری كوردیدا دەقێك کە بە شێوەیەكی زۆر جیددی و بەرچاو، پێوه‌ندییه‌کی درووست و تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌ری سینه‌مادا دامه‌زراندووه، کتێبه شیعری" قاڵییەك دەناسم لە هەر چی گوڵیەتی ماندووە" ی رەزا عەلی پوور بووە كە نە تەنیا لە بواری وێنە و كەڵك وەرگرتن لەو نیزامە نیشانەناسانەی كە باسی لێكرا بەڵكوو لە بابەتی داڕشتنی بنەمای دەقەكەوە ئەم هەوڵە بۆ ئه‌وانه‌ی له بواری سینه‌مادا شاره‌زاییان هه‌یه ده‌بیندرێت.
ئاشكرایە تەكنیكەكانی گێڕانەوە (رەوایە‌ت) لە " قاڵییەك دەناسم لە هەر چی گوڵیەتی ماندووە"، یان " به‌یاننامه به دوو مانا" دا بایەخی زۆری پێدراوە. واتە شیعرەكە بە گێڕانەوەی تاكی دووهەمەوە دەست پێدەكا و دواجار دەسپێردرێت بە تاكی یەكەم و بەردەوام لە نێوان ئەم دوو تاكەدا ئاڵوگۆردەكرێت. عەینیەتی تاكی یەكەم لە سینەما دا [1]POVیە. واتە بە بەراوردێكی سینەمایی بەشێكی ئەم شیعرە لە POVیەوە دەبیندرێ. یانی بەرامبەربوونەوەیەكی راستەوخۆی راوی و جیهانی دەوروبەری خۆی. ئەو POVیە بە شێوەیەك دارێژراوە كە تەنیا باس لەو شتانەی بكات كە دەیبینێت:
فاتمە خانم
بڕێ‌جار ئەمەوێ بۆ رەزام سەراپا چاوێك بم
بەڵام ئەو نیزامەی لە شیعرەكەدا خوڵقاوە هیچ نیزامێكی راستەقینە نییە كە راوی بە شێوەی چیرۆك بیانگێرێتەوە بەڵكوو خۆی نیزامێكی ئێجگار ئینتیزاعیە و زۆر شتی تیا دەبیندرێت كە سەیر و غەریب(eccentric) دەنوێنێت. نموونەی سینەمایی ئەم جۆرە بینینەوەی جیهان لە بەرهەمی سوررئالیستەكان (surrealist) دا و بە تایبەت لە فیلمی "سەگی ئاندۆلۆسی"[2] دا وەبەرچاو دەکەوێت. لەو فیلمەدا لە دەستی یەكێك لە ئەكتەرەكاندا هێلانەیەكی مێروولە ساز دەبێ و مێروولەیەكی زۆر دێنە دەر. وێنەكان لەم شیعرەشدا ئاوەها خەسلەتێكیان هەیە و دالەكان لە شوێنی خۆیان ترازاون و بە مەنتقێكی تر پێبەست كراون. ئەم مەنتقە نوێیەش بە بێ شك ئێنتزاع (abstract) ە:
ئەكرێ موكەعەبێك دابنێی
لە سەری بوەستی
ئێستا دێڕێك لە ملتەوە بئاڵێنە
بە مردن خۆ دەستت
خۆ دەستت بە مردن ئەگا؛
تاقەكە چی تیایە؟ هیچ!
...
دیارە دەوری ئەو POVیە باسی كرا لێرەدا بە روونی ئاشكرا دەبێت. تەنیا لە بەرزاییەوە تاقێك ئەبیندرێ و تەنیا یەك جاریش لە هەمووی شیعرەكەدا كەسایەتی شیعری مولزەم بەوەی دەكرێت كە لە سە‌ر موكەعەبەكە بوەستێ و ببینێت تاقەكە هیچی تیا نیە و هەموو ئەمانەش لە بینینەوەی ئیرادیی ئەو كەسایەتییە شیعرییەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەمان خودی شاعیرە.
بوون و زاڵ بوونی ئه‌م گێڕه‌وه‌ره (راوی) به سه‌ر سه‌رجه‌می شیعره‌که‌دا ئه‌و مانایه ده‌خولقێنێت که که‌سایه‌تیی تایبه‌ت به‌و مانا که له سینه‌مادا ئه‌توانێت وه‌ک کاڵتێک ئاشکرا ده‌بێت له شیعریشدا ده‌توانێت هه‌مان ده‌ور بگێرێت و دواجاریش له سه‌ر شیعره‌کانی دوای خۆی کاریگه‌ریی هه‌بێت.
هه‌ر بۆیه لەم شیعرەدا ئه‌و شته‌ی به زۆری بایەخی پێدەدرێ دەوری ئەكتەرە. من ئەم بابه‌ته‌م بە دەگمەن لە شیعری كوردیدا – ره‌نگه جیا لە چەن بەرهەمێكی گۆران- بەرچاو كەوتووە. لە زۆربەی شیعرەكاندا كەسایەتیی شیعری بە سەخڵەت دەتوانێت هەستی راستەقینەی خۆی بەرامبەر بە رووداوەكانی دەوروبەر لە لەحن و ریتمی شیعرەكەدا دەرببڕێ، بۆیە لە پاش سێحری كەلامەوە خۆی حەشار دەدا و بە وەسفی ئێجگار درێژی كەلامی، بۆچوونی خۆی نیشان دەدا. بەڵام بە پێچەوانەوە لەم دیوانە شیعرەدا كەسایەتیی شیعری زیاتر وەك ئەكتەرێكی سینەمایی بەرچاو دەكەوێت كە دوو لایەنی هەیە: لایەنێك لەو ئەكتەرانە دەچێت كە پێشتر لە فیلمە كۆمێدیە كانی سینەمای بێ دەنگ و رەش و سپی‌دا بوون. لایەنێكی دیكەش وەك ئەو ئەكتەرانە رەفتار دەكات كە زیاتر لە "ژانری نووار"[3] دا بەدی دەكرێن و زاڵن بە سە‌ر هەموو شتەكانی خۆیان و دەوروبەریاندا. دیارە لەو كاتانەیدا كە ئەو ئەكتەرە كۆمێدیە خۆی دەردەخات ریتمی شیعرەكە گرژتر دەبێ و بە دەگمەنیش لەو وشانەی كە خەسڵەتی رۆمانتیكیان هەیە كەڵك وەردەگیردرێت. ئەكتەری ئەم شیعرە سە‌ر بە هەموو شوێنێكدا دەكات و رەفتارێكی جیاوازیش لە گەڵ ئەوشوێنانەدا دەكات كە بۆ دنیای شیعر غەریب و بۆ سینەما ئاشنایە:
خەمت نەبێ
نەوت ئەكەمە ئێسترابی ئەم چرایەوە
پۆلیس گیان
لە درێژەی باوكم دا
بمبەسە بەو دێڕی چیرۆكەی
كە هەڵدێن دزەكان
لە درێژەی باوكم دا
بمبەخشە بە حاشیە و هاشووری خیابان
فڵانی!
لە خۆتا بەروپشت پیاوم كە!...
جۆرێك لە گێلیەتی و نەزانینی بە ئەنقەست كە هێمایەك لە لەودەگی( droll)[4] دە‌خوڵقێنێت زاڵە بەسەر كەسایەتیی شیعرەكەداو جیا لەوەش ئەم رۆڵە بە شێوەیەكی دیكە گۆڕانكاری بە سەردا دێ و ئەم جارە لە دەورێكی تردا خۆی دەبینێتەوە كە چەشنێك لە زانیاری بەربەست تێكەڵ بە رۆمانسیەتێكی نادیاری لە خۆیدا راگرتووە:
گریمان نیشتمان گەورەترین سەندەڵی بێت
من حەقمە پرسیارێك ئاراستەی دانیشتن؛؟
"كەسێك ئەڵێ:
نیشتمان كڵاوێك بوو
پڕ بە سەری شەهیدەكان...
دیاره ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی که باسی لێ‌کرا له سینه‌مای هاوچه‌رخدا زۆرترین گرینگیی پێده‌درێ. واته به جێی به‌رهه‌م هێنانی کاراکته‌رێکی زانا و ئاگادار هه‌وڵ ده‌درێت ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی هه‌ستی و بوون، له‌چاوی که‌سایه‌تییه‌کی گێل و ناپسپۆره‌وه ببیندرێت. کاریگه‌ریی ئه‌م چه‌شنه کاراکتێره له هونه‌ر و سینه‌مای هونه‌ریدا حاشا هه‌ڵنه‌گره[5] و جیا له‌مه‌ش له دنیای شیعردا ده‌توانێت به هۆی ناپایه‌دار بوون له شوێن و کاتی تایبه‌تدا ئه‌م کاریگه‌رییه زیاتریش بکاته‌وه:
له بازاڕه‌کانی ئامریکاوه
پڕه له نه‌وت
گوڵێکی کراسه‌که‌ت
هه‌ر نه‌وته‌و هه‌ر نه‌وته‌و
به مندا ئه‌سووتێ
ئه‌گه‌ر بڵێم باران رۆمانتیکه!
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم
ئا ئه‌م وڵاته وڵاتی کورده،
مردنان
له وه‌سه‌ته‌وه،
زه‌وینێک خۆی ئه‌کوشت!
هەروەها كە ئاماژەی پێدرا تەنانەت بەكار بەستنی تەكنیكە مۆنتاژیەكان لەم بەرهەمەدا ئێجگار بەرچاون. ئەو نوختەی كە لە دوایینی هەر دێڕێك یان بەشێك لە شیعرەكەدا كە دادەندرێت خۆی وەك نوختە كات (CUT)[6]ێک لە دوای تەواو بوونی هەر پلانێك بە كار دەبەسترێت. كە ئەم بابەتە ئەتوانێت لە زۆربەی شیعرەكانی تریشدا بە دی بكرێت. بەڵام ئەو شتە‌ی كە لەم شیعرە دا جیاواز و جێی باسە كەڵك وەرگرتن لە هەندێك بابەتی تر وەك جامپ كات (Jump Cut)[7] و دیزالڤ [8](Dissolve) و... بۆ نموونە لەم بەشەدا بەڕوونی بەكار هێنانی جامپ كات دەبیندرێ:
من پاركی تەقریبەن 1972 ژنێكم دەزانی
سەرتاپا سوورێكی شەهوانی كە من بم لە بەردا
كە دەڕۆی، شۆستەكان تا ئەو لای كووچەكە وەشوێنی دەكەوتین،
كتوپڕ زڕەزڕ دەرگاكە و دەكرامەوە
رووت ئەبووەوە لە هەمبەر تەمەن و باڵایا
ئەی خۆزگە نەك قاڵی پیاو ئەبووم،
ئێستاكەش ئەزیەتی خەیاڵم كە دەكەم نایبینم
نەك كاشی یان حەمام
ئاوێنەش بم چیم لە دەس دێ؟
ئەگەر بە گشتی هەمووی ئەم بەشە وەك پلانێكی سینەمایی سەیر بكرێت دیارە كە ئەم هەموو گۆڕانكارییە كە لە جێگای راوی دا پێك دێت بە بەكار بەستنی كات (CUT) ناگاتە ئەنجام واتە تەنیا تەكنیكی جامپ كات ئەتوانێت ئەم بەشانە سە‌ر یەك بخاتەوە لە دواییشدا كولیەتێك بخوڵقێنێت كە جوز(پاژ)ەكانی لە یەك ناچن.
یان له‌م دێره‌دا :
ده‌ستی من بڕێ‌جار عه‌ینه‌ن خۆی
سه‌ربازی که ده‌مدا به کۆڵما
گۆرانی،
فه‌رمانده و دڵته‌نگی که ده‌یدا به ده‌مما:
« گه‌لاوێژ کڵاوێ خارجی له سه‌رما
گه‌لاوێژ لیباسێ سه‌ربازی له به‌رما... »
دیاره گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو (فلاش به‌ک) به‌و مانا که له سینه‌مای کلاسیک دا زۆربه‌ی جار به به‌کار به‌ستنی دیزاڵڤ ده‌گاته ئه‌نجام لێره‌شدا هه‌ر هه‌مان ده‌وری هه‌یه. واته ته‌نیا چه‌ن نیشانه‌ی ده‌ره‌کی هه‌ن بۆ لکاندنی جیهانی ئێستا به رابردووه‌وه. ئه‌م نیشانه له شوێنێک دا فه‌رمانده‌یه له شوێنێکی تریشدا گه‌لاوێژه. به‌ڵام هه‌ردوکیان له په‌راوێزی سه‌ربازی دان. واته سه‌ربازی به روونی له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا ده‌بیندرێ به‌ڵام وێنه‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌گۆردرێن. ئه‌م ئیمکانه سینه‌ماییه له چه‌ن شوێنی تری شیعره‌که‌شدا به دی ده‌کرێت.
لە ئەنجامدا ئەتوانم بڵێم وێكچوویی نێوان ئەم دەقە و بەرهەمە سینەماییەكان نەک تەنها سەیر نییە بەڵكوو وەك زەروورەتێكیش دەبیندرێ كە دەبێ ببێت. لە هەر حاڵ‌دا سینەما هونەری وێنەیە و شیعریش هونەری كەلامە كە تیایدا وێنە جێگایەكی بەرزی هەیە. بۆیە وا هەست ئەكەم كە هونەری راستەقینە ئەو هونەرەیە كە هەڵسوكەوتی لەگەڵ وێنە و چۆنیەتی پێكەوە لكانی ئەو وێنانەدایە كە تەكنیكەكانی سینەما نەك تەنیا بۆ شیعر بەڵكوو بۆ زۆربەی ئەو هونەرانەی تریش بەسوودە و بەرهەمی نوێ و بەدیعی تیا دەخوڵقێت.