ترسێکی زه‌رد
عه‌لی غوڵامعه‌لی
گوێم له ده‌نگی هه‌ناسه‌ی نییه. ها، ها، ه،ه،هااااا.... ڕاده‌په‌ڕم. هه‌میسان خه‌ونم پێوه دیوه. کوانێ؟ شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌م. ژێرکراسه‌که‌م، ته‌شتێک ئاوی لێ ده‌چۆڕێته‌وه. تووکی سینگم هه‌مووی ئاره‌قه‌یه. هه‌ر له‌جێگا دام که ئه‌و ترسه‌م لی ده‌نیشێته‌وه. داده‌نیشم. له دووره‌وه چاوی لێ زیت ده‌که‌مه‌وه. کوانێ؟ ئه‌وه‌تا! وه‌ک هه‌میشه له‌و قه‌راغه‌یه. له ته‌نیشت یه‌غدانه‌که. نه خوێنێک دیاره، نه چه‌قۆیه‌ک، نه گوریسێک! هه‌ر ئه‌و مه‌لافه سپییه گوڵداره‌ی به سه‌ره‌وه‌یه. ناجوڵێته‌وه مه‌لافه‌که. ناجوڵێته‌وه ئه‌ویش! هیچیان ناجوڵێنه‌وه و من لاقم ده‌شکێ. ناترازێ لاقم. قفڵی کردووه لاقم. بڵێی که‌ی قه‌وما بێ؟ بڵێی بێده‌نگ ته‌واو بووبێ یان زۆری ناڵاندبێ و ئێمه‌ش بێخه‌به‌ر؟ له‌سه‌ر گازه‌ره‌ی پشته؛ وه‌ک هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی، وه‌ک هه‌موو ئه‌و وه‌ختانه‌ی لێی ده‌ترسام. به خۆمم کوتبوو هه‌میشه ده‌بێ ئاوا بقه‌ومێ؛ ره‌نگبێ. حه‌ول ده‌ده‌م بچم بۆ لای. دمم داده‌پچڕم تا هه‌ناسه‌م باشتر بێ. ئێستایه که بخنکێم. مه‌لافه‌که، مه‌لافه‌که! بۆ که‌س نایه بۆ لای. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی وا له ماڵێن له کوێن؟ نازانن ئه‌و مه‌لافه‌یه ناجوڵێته‌وه؛ ئه‌و مه‌لافه‌یه‌ی وا لایه‌کی داوه به سه‌ر دموچاویدا. ئه‌و مه‌لافه سپییه گوڵداره‌ی دایمه پێوه‌یه‌تی.هیچ حه‌ب و ده‌رمانێکیشی له په‌ناوه نییه! پرخه‌شی نایه؟ باسی ئه‌و پرخانه ده‌که‌م وا له گه‌رووی ده‌گیران: ئئحمممم...ئئحح..ئئئمممممم..ئحئحئححههههه...ئێێ.... ده‌چه‌قین له گه‌رووی پرخه‌کان. نه‌کا، نه‌کا؟ نا، قه‌ت که‌س به پرخه ناخنکێ.
ده‌ستیشی ده‌رناهێنێ ئه‌و مێشه له خۆی لادا. وه‌ها بێده‌نگه دڵه کوته‌ی خستۆته مێشه‌که‌ش. نه‌ئه‌وه‌یه لام دا، نه ئه‌وه‌یه خاترجه‌مم کات؛ بنیشم، نه‌نیشم؟ تاڵ تاڵی قژی سپی له ژیر مه‌لافه‌که‌وه ده‌رکه‌وتووه. وه‌ک ئه‌و وه‌ختانه‌ی ته‌سبێح ده‌گێڕێ، ورته‌ی دێ، چاوی پڕ ده‌بێ له ئاو و تاڵ تاڵی قژی ده‌که‌وێته سه‌ر نێوچاوانی. ئێستایه که ئه‌ملا و ئه‌ولا بکات. بکه‌وێته سه‌ر لاته‌نیشت؛ وه‌ک ئه‌و ده‌مانه‌ی دمی ده‌کاته‌وه تا هه‌ناسه‌ی باشتر بێت. ده‌ی، ته‌کانێک! خه‌ونه‌که‌تت دێته‌وه پێش چاو. نه‌کا، نه‌کا؟! نا، قه‌ت خه‌ون که‌س ناکووژێ.
گه‌یشتویه‌تییه په‌نای، سه‌رسه‌ری. چاوی لێده‌که‌ی. مه‌لافه‌که ناجووڵێته‌وه. چ بکه‌ی؟ کوان؟ ئه‌وانی دی کوان؟ بڵێی خه‌وتبن؟ هه‌ها مه‌لافه‌که ناجوڵێته‌وه، ئه‌م جاره! هه‌را له‌وانی دیکه بکه‌ی یان له خۆی ؟ نه ناڵه‌یه‌ک، نه هاوارێک؟ جاران جار جار ورده‌هاوارێکی بوو، نه‌یبوو؟ مه‌لافه‌که ته‌نیا چینێکی تێ نه‌که‌وتووه، لای سه‌ری. لاقی زۆر راسته‌وراست درێژ کردووه؛ عه‌ینی خه‌ونه‌که‌م. ناجوڵێته‌وه، ده‌جووڵێته‌وه؟ ئاوێنه چکۆله‌که‌ی له په‌نا ده‌ستی بن مه‌لافه‌ی، که‌وتووه. بیگریه به‌رده‌می، نه‌یگری؟ هاڵاوی دمی بڵێی بێ، نه‌یه؟ ده‌بێ مه‌لافه‌که لا ده‌ی. زاتت نییه. زۆرتری لێ ورد ده‌بییه‌وه. سه‌رت به‌ره‌و سه‌ری خوارده‌که‌یه‌وه. ته‌واو سه‌ر دم‌وچاوی. بڵێی چی لێ هاتبی؛ پێستی، چاوی، بزه‌ی. بڵێی چه‌ند ئه‌شه‌دووی له‌سه‌ر لێو به‌جێ هێشتبێ؟ هه‌میسان سامه‌که. ئه‌و ترسه‌ی دایمه به‌ربینگت پێ ده‌گرێ. ئه‌و ترسه‌ی هه‌میشه له گه‌ڵته. گه‌وره بووی له گه‌ڵی، له گه‌ڵت. ده‌مار به‌ده‌مارت ئاشنایه به‌و دڵه خورپه‌یه. زۆر جار گه‌ڕاوی له چه‌قۆیه‌ک، گوریسێک. وه‌ک خه‌ونه‌که‌ت؛ بیکه‌ی،نه‌یکه‌ی؟ خه‌لاسی بێ له‌و ئازارانه، خه‌لاست بێ له‌و ترسه. نا، خودا نه‌کا، ده‌یکا؟
لێی ورد ده‌بییه‌وه. دموچاوت که‌وتۆته نیو ئاوێنه‌که‌یه‌وه. ده‌ڕوانییه‌وه مه‌لافه‌که. هه‌ناسه‌ت سواره. ده‌ستی له‌سه‌ر سینگی به‌ر ده‌بێته‌وه، ڕاده‌چڵه‌کی. خه‌ون یان مه‌رگ، کامیان چێژ ده‌بینێ له دارابوونی ئه‌و، ئه‌لان؟ ده‌ستم ده‌به‌مه پێشێ. ورد ده‌بمه‌وه لێی. مه‌لافه‌که لا ده‌م، لای نه‌ده‌م؟ لای ده‌ده‌م. چاوی به قووچاوی چه‌نده گه‌وره‌یه. چاوی هه‌ڵدێنێ، هه‌ڵناهێنێ؟ چاوت پڕ ده‌بێ له ئاو. ده‌ستت ته‌زیوه و هه‌ر تک لاقت سه‌رما بردوویه. خه‌ریکه بکه‌وی به سه‌ریدا. دێی هه‌رای لێ بکه‌ی، ترسی مه‌رگ گیانت سڕ ده‌کات. هه‌ناسه‌ت ده‌بێته هه‌ڵم و دم‌وچاوی داده‌پۆشێ. ڕایده‌وه‌شێنی. ڕایده‌وه‌شێنی:
- دا‌یه! دایه‌گیان!
چاوی هه‌ڵدێنێ و مه‌لافه سپییه گوڵداره‌که چینی تێ ده‌که‌وێ.