خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی پێكه‌نینی گه‌دا
سه‌یدقادرهیدایه‌تی
بۆ ڕۆ چوون به هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا و بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی كۆمه‌ڵگا باشترین و متمانه‌ترین ڕێگا، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی داستانییه. به‌ڵام به‌داخه‌وه كتێبخانه‌ی كوردی له‌و بواره‌دا زۆر لاواز و ڕووت و ڕه‌جاڵه؛ هه‌تاكوو ئێستاش ئه‌و بوواره‌ی فه‌رهه‌نگی كوردی ئاوڕی جیددی لێ نه‌دراوه‌ته و له‌وانه‌یه ئێستاش كه‌م نه‌بن ئه‌و مامۆستا وخوێنده‌وارانه‌ی كه داستان به جیددی نه‌گرن و هه‌ر پێیان وابێ چیرۆك ته‌نیا به‌كاری خه‌واندنی منداڵان دێ!! له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌وڵه كه‌مانه‌ش كه ته‌ك وته‌را دراون چی وایان له سه‌ر نه‌نووسراوه و له نێو خوێنده‌واره‌کانیشدا نه‌ناسراو ماونه‌ته‌وه! خوێندنه‌وه‌ی ڕابردووی نووسراوه، خوێندنه‌وه‌ی چالاكترین و زیندووترین پاژ و به‌شی كۆمه‌ڵگایه. ده‌ڵێن له "چێخۆف" یان پرسیوه که بۆچوونت سه‌باره‌ت به خه‌ڵک چییه؛ ده‌ڵێ: "خه‌ڵک؟! خه‌ڵک کاریان هه‌یه و سه‌ریان قاڵه. خه‌ڵکی ڕاسته‌قینه له نێو کتێبه‌کاندان."
ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێكه‌نینی گه‌دا له‌چه‌ند لاوه بایه‌خی هه‌یه :
- سه‌ره‌تای چیرۆکی جیددی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه .
- بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌وڕۆی كورد شێوازی ڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵكی ئاسایی و ته‌نانه‌ت ڕووناكبیرانی ڕابردووی خۆی بناسێ، پێویسته ئه‌ده‌بی داستانی بخوێنێته‌وه .
- شی کردنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه ده‌توانێ له زۆر لاوه بۆ چیرۆک نووسان که‌ڵکی هه‌بێ .
- بۆ هه‌موو نووسه‌ران و توێژه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان و به گشتی ڕاگه‌یه‌نه‌کان بناغه‌یه‌کی گرینگی زمانییه ؛ قزڵجی که‌ڵکه‌ڵه و (وه‌سواس)ێکی زۆری له بواری زماندا هه‌بووه و پسپۆرانه زمانی به کار بردووه .
كۆمه‌ڵه چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا ساڵی 1972له به‌غدا چاپ كراوه و 14 كورته چیرۆكی له خۆ گرتووه.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره شیکردنه‌وه‌ی تایبه‌تییه‌کانی داستان له چیرۆکی "پێکه‌نینی گه‌دا" دایه و هه‌وڵ ده‌درێ ئه‌وه پیشان بدرێ که پێکه‌نینی گه‌دا وه‌ک یه‌که‌م کۆ چیرۆکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردوستانی تا چ ڕاده‌یه‌ک پێوانه چیرۆکییه‌کانی له به‌ر چاو گرتووه.
*****
چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا:
1- ئه‌م چیرۆکه باسی پیاوێکی تێداچووی ته‌فروتوونایه ، که به ته‌مای ئه‌وه‌ی له شوێنێکی دیکه باری ژیانی باشتر ببێ کۆچ ده‌کا . له‌و شوێنه‌ش له‌به‌ر پیری و کزی و لاوازی که‌س کاری پێ نادا و ناچار سواڵ بکا . شه‌وانه له توونی حه‌مامێکدا ده‌مێنێته‌وه و به ڕۆژیش سواڵ ده‌کا . ڕۆژێک که ناتوانێ بڕواته نێو بازاڕ له‌ده‌رکی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ندێک ده‌دا و ده‌ڵێ:"نانم ده‌وێ" کابرا که دیاره نۆکه‌ری ئه‌و ماڵه‌یه، به خانم حاڵی ده‌بێ و ده‌ڵێ خانم له ماڵ نییه ! ئه‌ویش له وڵامدا ده‌ڵێ :"من برسیمه شتێکم گه‌ره‌ک نییه گه‌مه‌ی له ته‌کا بکه‌م!"
ئه‌وه کورته‌یه‌کی ڕووت وپه‌تیی به‌سه‌رهاتی مرۆڤی چیرۆکه‌که‌یه . له‌و چیرۆکه‌دا هیچ ڕووداوێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره ڕوو نادا . به‌ڵام هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه له نێو کۆمه‌ڵه چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دادا له‌هه‌موویان سه‌رکه‌وتووتره له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه که ده‌بنه هۆی به‌دیهێنانی چیرۆک ؛ وه‌کوو : 1- به‌دیهێنان و داڕشتنی مرۆڤی سه‌ره‌کی چیرۆک 2- فه‌زا سازی 3- هه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو (plot) 4- پیشان دانی مه‌ودایه‌کی دیاریکراو له زه‌مان 5- گێڕانه‌وه 6- ته‌وسیفی به‌جێ و گونجاو
پێویسته ئه‌وه بڵێم که له کورته چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا دا زۆربه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه داستانییانه به جۆرێک پێکه‌وه گونجاون که له ئاکامدا گشت و ستراکتورێکی ڕێکوپێک به‌دی دێنن . به بڕوای من له‌و کورته چیرۆکه‌دا ئه‌وه‌ی زۆر به‌ر چاوه و ده‌بێته هۆی به‌هێز کردنی چیرۆک یان ده‌بێته له‌مپه‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆک لاواز نه‌بێ ، دوو شته: فه‌زاسازی به‌هێز ، پێکهاتنی که‌سایه‌تی . به‌تایبه‌ت داڕشتنی که‌سایه‌تی له داستانی ریئالیستیدا زۆر گرینگه ؛ چونکه هه‌موو پاژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی داستان به ده‌وری که‌سایه‌تیدا ده‌خولێنه‌وه . یانی گیڕانه‌وه و فه‌زا و وتوێژ و ته‌وسیف و ڕووداو ... هه‌موو ده‌که‌ونه گه‌ڕ تاکوو که‌سایه‌تی به‌دی بێنن . به بۆچوونی من له چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دادا فه‌زا له داڕشتنی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کیدا ده‌ورێکی زۆر گرینگ و بنه‌ره‌تی هه‌یه؛ به جۆرێک که ئه‌وه‌نده به هێز و کاریگه‌ره که لاوازبوونی ماکه داستانییه‌کانی دیکه ده‌شارێته‌وه . هه‌بوون و زاڵ بوونی ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌ده‌بیاتێکی رێئالیستی شکڵ بگرێ و نه‌هێڵن ئه‌ده‌بی کاتی سوسیالیستی ، چیرۆک بخاته مه‌ترسییه‌وه. هه‌رچه‌ند له ته‌واوی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا ئه‌و دوو هێزه ( رێئالیسم و ریئالیسمی سوسیالیستی ) پێکه‌وه له شه‌ڕ و ناکۆکی دان و هه‌ر تاوی یه‌کیان به‌سه‌ر ئه‌وی دیکه‌یاندا زاڵ ده‌بێ .
ئاشکرایه که زۆرێک له تایبه‌تمه‌ندیی و فاکتۆره‌کانی رێئالیسمی سوسیالیستی له کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دادا هه‌ن و نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ له ژێر کارتێکه‌ری ئه‌ده‌بیاتی چه‌پی سه‌رده‌می خۆیدا بووه ، که له‌و بارودۆخه‌دا گوتاری زاڵی ئه‌ده‌ب و رووناکبیری بووه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و دڵخۆشییه ئه‌وه‌یه که له‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا له زۆر جێ‌دا و به تایبه‌ت له چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا دا به هۆی خۆماڵی کردنی ئه‌و گوتاره و له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی داستان، پێش هه‌مووشتێک چیرۆک به‌دی هاتووه ؛ هه‌ربۆیه ئه‌و چیرۆکه هه‌ر تازه‌یه و کاتی به‌سه‌ر نه‌چووه.
2- له‌م چیرۆکه‌دا فه‌زا و ئه‌تمۆسفێر جێگای سه‌رنجه : فه‌زا سازی بریتییه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندازه‌یه‌ک له جیهانی ماددی یان غه‌یری ماددی که پڕ به پێستی ساختاری چیرۆک بێ و به‌ستێنێکی باش بۆ گوورانی که‌سایه‌تی و وتووێژ و ڕووداوه‌کانی چیرۆک به دی بێنێ . بایه‌خی فه‌زا و ئه‌تمۆسفێری داستان له پێکه‌نینی گه‌دادا وه‌هایه که ئه‌و فه‌زا و به‌ستێنه ماددیه بۆته پاژێکی بنه‌ڕه‌تی؛ به جۆرێک که لابردنی ئه‌و فه‌زایه ده‌بێته هۆی لاسه‌نگ بوون و چیرۆک تووشی که‌م و کووڕی ده‌کا . وه‌ها تێکنیکێک (یانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندازه‌ی پێویست له جیهانی ماددی یان جیهای ده‌روونی ) له چیرۆکی ئێمه‌دا یان نییه یان ئه‌و ده‌ست چین کردن و هه‌ڵبژاردنه له ڕاده تێده‌په‌ڕێ و زێده‌ڕه‌وی تێدا ده‌کرێ .
له‌م کورته چیرۆکه‌دا بۆ پیاوێکی ته‌فرو توونای تێداچووی نه‌دار، ده‌وروبه‌رێک وجوودی نییه و له جیهانی ماددیدا هیچی نییه و جگه له ڕۆچوون به ناخی خۆیدا هیچ شک نابا: " چیلکه‌یه‌کی به ده‌سته‌وه بوو له خۆڵه‌که‌ی به‌ر ده‌می ده‌وه‌ژاند... به درێژایی دوو بست ، خه‌تی ڕاستی له پاڵ یه‌کتردا کێشابوو، له‌ولاشه‌وه جه‌غزێکی خاڵی و به‌تاڵی کێشا..." لێره‌دا که‌سایه‌تی چیرۆک به‌و خه‌تانه ده‌روونی خۆی شی ده‌کاته‌وه یان باشتره بگوترێ که‌سایه‌تی چیرۆک ده‌رونیی ده‌کرێ و ته‌نیا له ئاستی که‌سایه‌تییه‌کی ساده و ساکاردا نامێنێته‌وه . به کێشانه‌وه‌ی جه‌غزێکی خاڵی و به‌تاڵ له په‌نای ئه‌و خه‌ته راستانه‌دا دنیای نابه‌رانبه‌ری خۆی وێنا ده‌کا.
که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی کاتێک له‌و جیهانه‌دا هیچ شتێک شک نابا زۆر ئاساییه که سه‌ر هه‌ڵنه‌هێنێ و ده‌ورووبه‌ری نه‌بینێ: هه‌ر بۆیه فه‌زای ده‌ورووبه‌ر گێڕه‌وه(راوی) پیشانی خوێنه‌ری ده‌دا و ئه‌و نایبینێ ؛ ئه‌گه‌ر بشیدیتبایه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ زگ و برسییایه‌تی دابوو : " ئه‌گه‌ر له‌و وه‌خته‌دا سه‌ری به‌رز کردایه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ری خۆیدا بیڕوانییایه‌ته ته‌به‌قی رۆژ ، ڕه‌نگ بوو له کولێره‌یه‌کی گه‌نمه‌شامی دا‌غ به‌و لاوه هێچی تری به خه‌یاڵدا نه‌هاتایه..." ئه‌گه‌ر وابێ باشترین فه‌زا بۆ ئه‌و چیرۆکه فه‌زایه‌کی ده‌روونییه که خوێنه‌ر به بۆنه‌ی ئه‌و خه‌تانه‌وه که ده‌یکێشێ له زه‌ینی خۆیدا وێنای ده‌کا . هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بکوترێ که مه‌به‌ست له فه‌زای ده‌روونی ئه‌وه‌یه که له‌م چیرۆکه‌دا فه‌زای ماددی به راده‌ی پێویست هه‌ڵبژێردراوه تاکوو ببێته هۆی ئه‌وه‌ی خوینه‌ر بتوانێ به لایه‌نه نادیاره‌کان چیرۆک و به قووڵاییه‌کانی هه‌ناوی که‌سایه‌تیدا ڕۆ چێ . ده‌نا ئاشکرایه که ئه‌م چیرۆکه چیرۆکیکی رێئالیستییه؛ به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ند و لایه‌نێکی قووڵ له‌ژێر وشه‌کانه‌وه هه‌یه ده‌کرێ خوێنه‌ر به ده‌روونی خۆی و به ده‌روونی که‌سی چیرۆکه‌که‌دا رۆچی و لایه‌نه نادیاره‌کانی چیرۆک و که‌سایه‌تی چیرۆک که‌شف بکا و به‌و جۆره خوێنه‌ر له ساخ کردنه‌وه‌ی ره‌وتی داستاندا به‌شداربێ و چیرۆکیش له ڕووکاردا نه‌مێنێته‌وه .
هه‌ر له سه‌ر باسی فه‌زا و ئه‌تمۆسفێری چیرۆک با بڕوانینه ئه‌م وێنه‌یه که نووسه‌ر له توونی حه‌مامه‌که‌ی هه‌ڵگرتووه: "له ناو چڕه‌دووکه‌ڵدا تارمایی کابرایه‌کی دی ،په‌یتا په‌یتا ئاگره‌که‌ی خۆش ده‌کرد..." یان ئه‌م ڕسته‌یه که به چه‌ند وشه وێنه‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی له زه‌یندا ده‌خوڵقێنێ:" ڕه‌شاوی لێ ده‌چۆڕاوه و به دوایدا خه‌تێکی ڕه‌شی له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی به‌فری سه‌ر زه‌وییه‌که ده‌کێشا، به‌ڵام له‌و وه‌خته‌دا کێ هه‌بوو ئه‌وه‌نده ورد بێ ئه‌م خه‌ته بخوێنێته‌وه و به‌سه‌رهاتی ئه‌و تێ بگا؟" لێره‌دا بایه‌خی خه‌ت و هێما و نێشانه له پێکهاتنی فه‌زادا دێته گۆڕ . نووسه‌ر بۆ سازکردنی فه‌زای گشتی چیرۆک و سازکردنی که‌سایه‌تی چیرۆک خوێنه‌ر هان ده‌دا که به دوای ئه‌و خه‌ت و نیشانانه‌دا بڕوا و بیانخوێنێته‌وه و لێکیان داته‌وه. ئه‌و خه‌ت و نیشانه و هێمایانه بۆ پیشان دانی که‌سایه‌تی "حه‌مه‌ڕه‌ش" و ساز کردنی لایه‌نی ژێره‌وه‌ی چیرۆک ئامێرێکی بنه‌ڕه‌تیین؛ خوێنه‌ر به یارمه‌تی ئه‌و نیشانانه مه‌جبووره پتر به هه‌ناوی که‌سایه‌تیدا رۆچێ و به‌شه سپی و نه‌نووسراوه‌کانی چیرۆک بخوێنێته‌وه .
پێویسته ئه‌وه‌ش بکوترێ که بۆ ساز کردنی فه‌زا و که‌سایه‌تی له کورته‌چیرۆکدا ئه‌وه زۆر گرینگه که نووسه‌ر بتوانێ به که‌مترین وشه و نیشانه ( لێره‌دا به خه‌ت و جه‌غز ) فه‌زایه‌کی گه‌وره یان که‌سایه‌تییه‌ک بنوێنێ. برسییه‌تی و دڵساردی و ناهومێدی و سارد و سڕی له ته‌وسیفه‌کان ده‌بارێ ؛هه‌رچه‌ند وڵات به‌فر دای پۆشیوه و سپییه ، چارشێوێکی ڕه‌ش و فه‌زایه‌کی سارد و سڕ سه‌رله‌به‌ری چیرۆکه‌که‌ی داگرتووه ؛ له نێو وشه‌کاندا وشه‌ی ڕه‌ش له هه‌موویان پتر دووپات بۆته‌وه؛ ساردی فه‌زا و ڕه‌شاوی که‌سایه‌تی هه‌موو چیرۆکه‌که‌ی گرتۆته‌وه.
3- هه‌موو هه‌وڵی گێڕانه‌وه و ته‌وسیف و فه‌زا و رووداو ،بۆ خوڵقاندی که‌سایه‌تییه. چۆنیه‌تی دارشتنی مرۆڤ و که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی، راسته‌وخۆ له‌سه‌ر هه‌ست و بیری خوێنه‌ر شوێن داده‌نێ. (حه‌مه‌ڕه‌ش) وه‌ک که‌سی سه‌ره‌کی ئه‌م چیرۆکه نه به‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ر و مرۆڤه‌کاندا زاڵه تاکوو ببێته خودا و ئوستووره ؛ نه به‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ریدا زاڵه تاکوو وه‌ک پاڵه‌وانه سه‌یره‌کان کاری له زه‌ین به‌ده‌ر بکا ؛ و نه له مرۆڤه‌کانی ده‌ورووبه‌ری مه‌زن تره تاکوو ببێته ڕێبه‌ر و پێشه‌وا ؛به‌ڵکوو مرۆڤێکی ئاساییه وه‌ک هه‌موو مرۆڤه‌کانی دیکه ؛ بۆیه خوێنه‌ر هه‌ست به نزیکی ده‌کا و ئێش و ئازاره‌کانی به ئێش و ئازاری خۆی ده‌زانێ.
که‌سایه‌تی چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا له‌و باره‌وه باش دارژاوه که وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ک تاک و فه‌ردێک هه‌بوونی هه‌یه و تاکیه‌تی پارێزراوه ، دواتر شتێکی زیاتر له خۆی پیشان ده‌دا و توانایی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌موانی گیر بێ (ته‌عمیم بدرێ) .به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکه‌که "حه‌مه‌ڕه‌ش" له ئاستی تیپ نه‌ماوه‌ته‌وه و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌توانێ نوێنه‌ری به‌شێک له کۆمه‌ڵگه بێ ، سه‌ربه‌خۆیی و تاکیه‌تی پارێزراوه . که‌سایه‌تی ئه‌م چیرۆکه نه‌بۆته قوربانیی بیر و باوه‌ڕ و ئیدیۆلۆژی نووسه‌ر ، وێڕای ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگایه ، تاکێکی سه‌ربه‌خۆیه و ئێمه ده‌توانین هاودڵی و هاو ده‌ردی له گه‌ڵ بکه‌ین . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری تیپ و چینێکی تایبه‌ته، تاکه‌که‌س بوونی ئه‌و وه‌ک زۆربه‌ی مرۆڤی داستانه‌کانی ئه‌ده‌بی کرێکاری نه‌که‌وتۆته ژێر هه‌ره‌سی ئیدئۆلۆژیکی . هاوسه‌نگی ڕاگرتن له نێوان باری تاکه‌که‌سی و باری کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ ، له چیرۆکدا کارێکی گرینگ و ئه‌سته‌م و دژواره . له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی ئه‌ده‌بی کرێکاری و چیرۆکه تیپیکاڵییه‌کاندا تاکیه‌تی به قازانجی گشت و کۆمه‌ڵ یان چین و توێژێکی تایبه‌ت فیدا ده‌کرێ .
4- حه‌سه‌نی قزڵجی له هه‌موو کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که‌دا هه‌وڵی داوه بۆ بن کۆڵ کردن و ڕه‌خنه گرتن له هه‌موو ئه‌و سوننه‌ت و دام و ده‌زگایانه‌ی بوونه‌ته هۆی وه‌دواکه‌وتوویی و بره‌ودان به نازانی و خورافه له زمانی ته‌نز که‌ڵک وه‌ر‌گرێ و نووکی تیژی نه‌شته‌ری له قه‌برغه‌ی پارێزه‌رانی سوننه‌ته نه‌گریسه‌کان ده‌گیرێنێ . له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا به هۆی مه‌ودا نه‌گرتن له قسه‌ی خۆش و نوکته و له‌تیفه خۆماڵییه‌کان ، هه‌روه‌ها به هۆی تێوه‌گلانی بیر و باوه‌ڕی نووسه‌ره‌وه ، به داخه‌وه ئه‌و زمانه ده‌بێته زمانێکی گاڵته و شۆخی . به‌ڵام له چیرۆکی " پێکه‌نینی گه‌دا"دا به هۆی له‌به‌ر چاو گرتنی بنه‌ڕه‌ته داستانییه‌کان و زاڵ بوونی لایه‌نی رێئالیستی به‌سه‌ر رێئالیسمی سوسیالیستیدا ، زمانی ته‌نز له ئاستی گاڵته و شۆخی تێده‌په‌ڕی و به ئاستێکی وا ده‌گا که هه‌مووشتێک دوو لایه‌ن بکا. " زمانی ته‌نز ڕوو له هه‌رشتێک بکا دوو لایه‌نی ده‌کا . " هه‌ربۆیه ئێمه ده‌بینین که له‌و چیرۆکه‌دا لایه‌نی ژێره‌وه‌ی ده‌ق ده‌خوڵقێ و مانا له ڕووپه‌ڕێکی به‌رته‌سکدا قه‌تیس نابێ و ده‌قی چیرۆک چه‌ند توێ و چه‌ند لایه‌ن ده‌بێ .
که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی (پیاوێکی هه‌ژاری نه‌داری تێداچوو ) دوای ئه‌و هه‌مووه به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شییه، هه‌ر کۆڵ نادا و به ته‌مای ئه‌وه‌ی کۆچ ئاڵ وگۆڕ به‌سه‌ر ژیانیدا بێنێ ، کۆچ ده‌کا؛ به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین له‌وێش هیچ ئاڵ وگۆڕێکی به‌سه‌ردا نایه ؛ "حه‌مه‌ڕه‌ش" له کۆتاییدا دوو شت پێشکه‌ش به‌و فه‌زا سارده و به‌و دنیا نابه‌رابه‌ره ده‌کا که زۆر بێ به‌زه‌ییانه و بێ ڕوحمانه ئه‌وی تووڕ هه‌ڵدا و وه‌خۆی نه‌گرت ؛ ڕه‌شاوێک و پێکه‌نینێکی تاڵ له دوای خۆی به‌جێ دێڵێ . ڕه‌شاوێک ، تاکوو خوێنه‌ر سه‌ری ماشه‌ره‌که‌ی لێ ون نه‌بێ و ملی به دوای چاره‌نووسیدا به‌ره‌و خوارێ شۆڕ کاته‌وه و پێکه‌نینێکی تاڵ و ترسێنه‌ر - که پتر وه‌ک ددانه قرچه ده‌چێ - تاکوو هه‌تا هه‌تایه له حه‌وای ئه‌و دنیایه‌دا ده‌نگ بداته‌وه و ببێته زایه‌ڵه ...