وه‌ک ئاگادارن ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنه‌وه به‌ڵێنمان دا که کۆڕ و وتووێژ له سه‌ر به‌ر هه‌مه شاکاره‌کان بڵاو بکه‌ینه‌وه ؛ خوێندنه‌وه و ناسینی به‌رهه‌مه کلاسیکه‌کان و زانینی ئه‌وه‌ی که تا چ راده‌یه‌ک ئاڵ و گۆڕیان به سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا هێناوه و چلۆن ڕێگایان بۆ نووسه‌رانی دوای خۆیان خۆش کردووه ، ئه‌رکێکی پێویسته هه‌م بۆخوێنه‌رانی ئاسایی ئه‌ده‌بیات و هه‌م بۆ خوێنه‌رانی جیددی . گۆستاو فلۆبێر له‌و نووسه‌رانه‌یه که هه‌م که‌سایه‌تی بێ وێنه‌ی خوڵقاندووه و به دنیای ئه‌ده‌بی زیاد کردوون و هه‌م له بواری نوێ کردنه‌وه و تاقی کردنه‌وه‌ی ڕیگای تازه‌دا پێشه‌نگ و نمووده بووه ؛ فلۆبێر و ناسینی ستایل و شێوازی فلۆبێر بۆ هه‌موو نووسه‌رانی دوای خۆی – هه‌تا ئێستاش- جێگای لێ فێربوونه . ره‌خنه‌گران ، فلۆبێر به مامۆستای نووسه‌ران ده‌زانن . رۆمانی مادام بواری به پێشه‌نگی رۆمانی مۆدێرن و ڕاهێنانی هه‌سته‌کان به مانیفێستی مۆدێرنیسم ناسراوه ؛ که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م رۆمانه به نمونه‌ی یه‌که‌م "ناکه‌سایه‌تی" یان "زڕه که‌سایه‌تی" ده‌زانن و ته‌نانه‌ت تێئۆدۆر دۆ بانویل ده‌ڵێ: " شاکارێکه که هه‌موو رۆمانه تازه‌کان له‌و له‌دایک بوون ."
که‌وابوو له خوێندنه‌وه‌ی کلاسیکه‌کان و به‌رهه‌مه شاکاره‌کاندا به هیچ جۆرێک ناکرێ چاو پۆشی له مامۆستای نووسه‌ران بکرێ . وه‌ک باس ده‌کرێ رۆمانی راهێنانی هه‌سته‌کان له‌م دواییانه‌دا که‌شف کراوه که ئه‌گه‌ر له مادام بواری سه‌رتر نه‌بێ له‌و خوارتر نییه و فلۆبێر ئه‌و کات به‌وه‌ی زانیوه که خوینه‌ره ئاساییه‌کان مادام بوارییان پێ خۆشتره له‌م باره‌وه ده‌ڵێ خوێنه‌ر کتێبێکی ده‌وێ که په‌ره به وه‌همه‌کانی بدا به‌ڵام راهێنانی هه‌سته‌کان به پێچه‌وانه‌وه [وه‌همه‌کانی خوێنه‌ر ده‌سڕێته‌وه] . فلۆبێر له نامه‌یه‌کدا ده‌ڵی " من له لایه‌ن قه‌ڵه‌مه‌وه هه‌ست ده‌که‌م و به بۆنه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه هه‌ست ده‌که‌م و له پێوه‌ندی له گه‌ڵ قه‌ڵه‌مدا هه‌ست ده‌کم و له گه‌ڵ قه‌ڵه‌م زۆر زیاتر هه‌ست ده‌که‌م ... من پیاوی پێنوسم . "
به‌شداربووانی کۆڕی ئه‌مجاره بریتین له :
سه‌یدقادر هیدایه‌تی – سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیم زاده -بریا کاکه سووری- عومه‌ر خزرنژاد- جه‌ماڵ خوسره‌وی- که‌ریم ڕه‌حیمی و حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی
هیدایه‌تی :
سه‌ره‌تا پێویسته که‌مێک له‌باره‌ی نێوی کتێبه‌که‌وه بدوێین . چونکه ئه‌م نێوه نێوێکی ئاسایی نییه و زۆرێک له ڕه‌خنه‌گران وێسته‌یان له‌سه‌ر گرتووه و ته‌نانه‌ت وتاری له سه‌ر نووسراوه ؛ بۆیه به پێویستی ده‌زانم پتر لێی ورد بینه‌وه . به چاو خشاندنێکی ئاسایی ده‌رده‌که‌وێ که سه‌ردێڕی کتێبه‌که زۆر ڕه‌وان نییه و گرفتێکی تێدایه ، یانی له باتی ئه‌وه‌ی نێوی رۆمانه‌که "راهێنانی ئێحساساتی" بێ " راهێنانی ئێحساسات "ه ! وه‌ک فه‌رانسه‌وییه‌کان باس ده‌که‌ن له ئه‌سڵی زمانه فه‌رانسه‌ییه‌که‌شیدا ئه‌و گرفته هه‌ر هه‌یه . هه‌ر بۆیه وه‌رگێڕێکی وریا نه‌بێ به " ڕاهێنانی ئێحساساتی" وه‌ریده‌گێڕێ . هه‌ر وه‌ک چه‌ند وه‌رگێڕی ته‌نانه‌ت باشی فارس تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بوون و کردوویانه‌ته "راهێنانی ئێحساساتی" . به‌ڵام وه‌رگێڕی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که (مێهدی سه‌حابی) به باشی په‌ی به‌و خاڵه بردووه که ( L'Education Sentimentale) ده‌بێته (تربیت احساسات) یانی ڕاهێنانی ئێحساسات . مارسێل پرووست له وتارێکدا به نێوی " له‌باره‌ی شێوازی فلۆبێره‌وه " ده‌ڵێ "ئه‌م نێوه نێوێکی جوان و پته‌وه " . زۆریک له ڕه‌خنه‌گران پێیانوایه که نێوێکی جوان و پته‌و ده‌توانێ هه‌ڵگریی زۆر لایه‌نی شاراوه و قووڵ بێ . پرووست ده‌ڵی " ئه‌م نێوه زۆر جوان و پته‌وه به‌ڵام له بار‌ی ڕێزمانییه‌وه هه‌ڵه‌ی تێدایه ". چونکه خوێنه‌ر پێیوایه که ده‌بێ کتێبێک بخوێنێته‌وه که فێری ڕاهێنانی هه‌سته‌کان بێت ؛ به‌ڵام خۆ ئه‌م رۆمانه رۆمانێکی فێرکاریی( آموزشی) نییه ! بۆیه تاقمێک له ڕه‌خنه‌گران پێیانوایه که ده‌کرێ ئه‌م رۆمانه له گه‌ڵ دۆن کیشۆت به‌راو‌رد بکرێ . به‌و مانایه که هه‌ر وه‌ک دۆن کیشۆت توانی له لایه‌که‌وه تیز و گاڵته به رۆمانس و داستانه پاڵه‌وانی و ئاشقانه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئوروپا بکا و له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بناغه ڕه‌واییانه و به تایبه‌ت به به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئه‌وان ، رۆمان به‌دی بێنێ ؛ "ڕاهێنانی ئێحساسات"یش وێرای ئه‌وه‌ی له درێژه‌ی رۆمانی باڵزاک و رێئالیسته‌کاندا نووسراوه به جۆرێک به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سوننه‌تی گێڕانه‌وه‌ی پێش خۆیه‌تی ، تاکوو شیوازێکی نوێی رۆمان دامه‌زرێنێ و به روانگه‌یه‌کی تازه‌وه رۆمان بنووسێ ؛ به‌و پێیه ته‌نانه‌ت نێوه‌که‌شی به جۆرێک گاڵته و تیزی به سوننه‌تی گێڕانه‌وه‌ی پێش خۆی کردووه و فلۆبێر له گێڕانه‌وه و ته‌نانه‌ت له نێونانی ئه‌م رۆمانه‌دا سوننه‌تشکێنییه‌کی گه‌وره‌ی کردووه .
فلۆبیر بۆ به‌دیهێنانی شێوازێکی نوێی داستانی و ته‌نانه‌ت تایبه‌ت به خۆی دوو کاری بنه‌ڕه‌تی له داستاندا کرد ؛ که دواتر ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه به تایبه‌ت له فه‌رانسه زیاتر درێژه‌یان پێ درا و دوای گه‌شه کردن و ئاڵوگۆڕ له ئاکامدا شه‌پۆلی "رۆمانی نوێ"ی فه‌رانسه‌ی لێ که‌وته‌وه . ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه که فلۆبێر زۆریان له سه‌ر سوور بوو یه‌کیان تاک بێژی ده‌روونییه که له‌و کاتانه‌ی وا قاره‌مانی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که ( فرێدریک مۆرۆ) ته‌نیا ده‌که‌وێته‌وه و له گه‌ڵ ده‌روونی خۆی قسان ده‌کا زۆر به‌رچاوه و به ئاشکرایی ده‌بینرێ . ئه‌وی دیکه‌یان ته‌وسیفه . ته‌وسیف له لای فلۆبێر و له شێوازی ئه‌ودا یه‌کێک له بنه‌ڕه‌تی ترین تایبه‌تییه‌کانی داستانه و تاکوو پێش ئه‌و به‌و شێوه‌یه که‌ڵک له ته‌وسیف وه‌ر نه‌گیرابوو . تاکوو پێش فلۆبێر و له سوننه‌تی گێڕانه‌وه‌ی کلاسیسیزم و رێئالیسمدا ته‌وسیف زیاتر له خزمه‌تی رازاندنه‌وه‌ی رۆمان‌دا بوو ؛ یان زۆرێک له نووسه‌ران بۆ ڕاگرتنی گێڕانه‌وه و پشوودان به خوێنه‌ر له ته‌وسیفی فه‌زا و که‌سایه‌تییه‌کان که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت . به‌ڵام ته‌وسیف له لای فلۆبێر ماکێکی بنه‌ڕه‌تی گێڕانه‌وه و (ساختار)ی رۆمانه . مووپاسان له وتاری " وانه‌کانی مامۆستا"دا ده‌ڵێ فلۆبێر زۆر پێ‌داگر بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی که کاتێک ده‌توانین به که‌سێک بڵێین نووسه‌ر که به ته‌وسیفێک ئه‌سپ و داشقه‌یه‌ک له نێوان سه‌دان ئه‌سپ و داشقه‌ی دیکه‌دا پیشان بدا . یانی به بڕوای فلۆبێر نووسه‌ر ده‌بێ بتوانێ ئه‌و ته‌سیفه تاقانه‌یه‌ی که شتێک له نێو شته‌کاندا جیاواز ده‌کا و ده‌یناسێنێ ، پیشان بدا . فلۆبێر پێی وایه که ئێمه بۆ نیشان دانی هه‌ر شتێک کردار(فعل)ێک و ناو(اسم)ێک و وه‌سفێکمان هه‌یه ؛ نووسه‌ری توانا ئه‌و که‌سه‌یه که وه‌ها به ناخی شته‌کاندا ڕۆبچێ که بتوانێ ئه‌و تاقه (فعل) و تاقه ناو و تاقه وه‌سفه ببینێته‌وه و له ڕسته‌ی داستاندا بیاننووسێ . فلۆبێر ئه‌رکێکی زۆر گرینگ ده‌خاته ئه‌ستۆی ته‌وسیف و ده‌ست بۆ کارێکی زۆر مه‌ترسیدار ده‌با ؛ چونکه ته‌وسیف ڕه‌وتی گێڕانه‌وه ڕاده‌گرێ و ئه‌وه‌ش خوێنه‌ر ماندوو ده‌کا . به‌ڵام فلۆبێر وێرای ڕاگرتنی گێڕانه‌وه به بۆنه‌ی ته‌وسیفه‌وه ، وه‌سفی شته‌کان و که‌سه‌کان و فه‌زاکان ده‌خاته‌وه خزمه‌تی رۆمان و گێڕانه‌وه ، به جۆرێک که ناکرێ ئه‌و ته‌وسیفانه به زیادی یان بۆ ڕازاندنه‌وه و پشوودان بزانرێ . نیوه‌ی زیاتری ئه‌م رۆمانه ته‌وسیفه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به روانگه‌یه‌کی نویوه نه‌خوێندرێته‌وه خوێنه‌ری رۆمان ماندوو ده‌کا . دواتر ئه‌م شیوازه له لایه‌ن پرووست و به تایبه‌ت له لایه‌ن شه‌پۆلی رۆمانی نوێی فه‌رانسه‌وه درێژه درا . ئالێن روب گریێ ده‌ڵی ئه‌گه‌ر ته‌وسیف له رۆمانه‌کانی من ده‌ربێنن ، هیچ نامێنێته‌وه . ئه‌و هه‌وڵی دا له ڕسته‌کانیدا کردار(فعل) که‌متر به کار بێنێ و له ته‌وسیفی موتڵه‌ق که‌ڵک وه‌رگرێ . هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌یه که نووسه‌رانی رۆمانی نوێی فه‌رانسه ، خۆیان به میراتگری فلۆبێر ده‌زانن و هه‌ر وه‌ک کوتم شوێن پێی رۆمانی نوێ له کاره‌کانی فلۆبێردا ده‌بینرێ .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
لێره‌دا له بابه‌ت ته‌وسیفه‌وه پرسیارێک دێته پێش . چێخۆف وته‌یه‌کی زۆر به ناوبانگی هه‌یه ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر له جێگایه‌کی داستاندا تفه‌نگێک به دیواره‌وه هه‌ڵواسرابێ ده‌بێ حه‌تمه‌ن له داستانه‌که‌دا بته‌قێنرێ (یانی کارێکی پێ بکرێ ). تۆ پێت وایه که فلۆبێر توانیبێتی له‌م ته‌وسیف کردنه‌دا سه‌رکه‌وتووبێ ؟ ئایا ته‌وسیفی ئه‌م هه‌موو شته له خزمه‌تی چیرۆکه‌که‌دایه ؟
هیدایه‌تی:
هه‌ڵبه‌ت قسه‌که‌ی چێخۆف زۆرتر له باره‌ی کورته چیرۆکه‌وه‌یه نه‌ک رۆمان ؛ دیاره شته‌کان (اشیا) له رۆمان و کورته چیرۆکدا به یه‌ک شێواز مامه‌ڵه‌یا‌ن له گه‌ڵ ناکرێ . به‌م حاڵه‌شه‌وه فلۆبێر پێی وایه که بۆ ناسینی باشتری که‌سایه‌تییه‌کان شته‌کانی ده‌وروبه‌ر و به گشتی فه‌زای ده‌وروبه‌ر زیادی نین و به‌ڵکوو زۆریش پێویستن . به‌ڵام ته‌وسیفی زۆر ئه‌وه‌نده ریتمی گێڕانه‌وه ئه‌هوه‌ن ده‌کا که له زۆر جێ‌دا بزوتن و حه‌ره‌که‌ت نامێنێ و گێڕانه‌وه په‌نگ ده‌خواته‌وه.
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
تۆ پێتوانییه که فلۆبێر ئه‌م په‌نگ خواردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه و هێواش بوونی ریتمه‌ی به ئانقه‌ست کردبێ ؟
هیدایه‌تی:
زۆر ئاشکرایه که به ئانقه‌ست کراوه ؛ چونکه فلۆبیر خولیای نووسینی رۆمانێکی له سه‌ردا بوو که هیچ جووڵه و بزوتنێکی له بار‌ی گێڕانه‌وه تێدا نه‌بێ و ته‌وسیفی موتڵه‌ق بێ . وه‌ک خۆی ده‌یکوت ده‌یویست رۆمانێک بنووسێ له باره‌ی هیچه‌وه . هه‌ر چه‌ند خۆی ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد ؛ به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێ کرد دواتر "شه‌پۆلی رۆمانی نوێ" به تایبه‌ت ئالێن رۆب گریێ ئه‌و کاره‌ی له داستاندا کرد . من ته‌وسیفی موتڵه‌قم له رۆمانێکی دیکه‌شدا دیوه که سه‌رله‌به‌ری ته‌وسیفه و هیچ جووڵه و بزوتن و کردارێکی(فعل) ئه‌وتۆ که بکرێ نێوی رووداو و ته‌نانه‌ت به‌سه‌رهاتی لێ بنرێی تێدا نییه ؛ ئه‌ویش " شاره نادیاره‌کانی" ئیتالۆ کالوینۆ یه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
به بۆ چوونی من فلۆبێر له " ڕاهێنانی هه‌سته‌کان"دا ده‌یهه‌وێ داڕووخان و تێکڕمانی بورژوازی فه‌رانسه پیشان بدا ، بۆیه به ئانقه‌ست گێڕانه‌وه هێواش ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێ ڕایبگرێ هه‌تاکوو ڕاوه‌ستاوی و قه‌تیس مان و گه‌نده‌ڵیی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری وڵاته‌که‌ی نیشان بدا .کاتێک وڵاته‌که‌ی هیچ جم و جووڵه و بزوتنێکی تێدا نابینرێ باشترین شێوازی گێڕانه‌وه گێڕانه‌وه‌یه‌کی بێ جم وجووڵه و هێواشه . ته‌وسیف له‌م رۆمانه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه که کات و شوێن و که‌سایه‌تییه‌کان نیشان بدا . که‌سایه‌تییه‌کان تاوانبار نین به‌ڵکوو ئه‌وان له سه‌ده‌م و ڕۆژگارێکدا گیریان کردووه که قه‌تیس و بۆگه‌ن و ڕاوه‌ستاوه .رۆژگار و سه‌رده‌م کارێکی کردووه که "رۆزائانت" ژیانێکی پڕ له هه‌را و هوریای ببێ و خانمی "ئارنۆ"ش وه‌ها به ڕاوه‌ستاوی و بێده‌نگی ژیان بباته سه‌ر . ئه‌وان گیرۆده‌ی پارادۆکس و ناکۆکی ده‌روونی بوون چونکه سه‌رده‌می ئه‌وان سه‌رده‌مێکی دژواز و پارادۆکسیکاله .
کاکه‌سووری:
ڤارگاس یووسا له کتیبێ "خۆشی به‌رده‌وام"دا - که تایبه‌ت به رۆمانی مادام بواری فلۆبێره و بۆ ناسینی فلۆبێر و سه‌بک شێوازی فلۆبێر خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه زۆر پێویسته - ده‌ڵی مادام بواری به‌سه‌رهاتی ئێما بواری و شارێکه ، به‌ڵام ڕاهێنانی هه‌سته‌کان به‌سه‌رهاتی به‌ره‌یه‌که . که‌سایه‌تییه‌کانی وه‌ک فێرێدریک مۆرۆ و خانمی ئارنۆ له رۆمانه‌که‌دا به‌ره به‌ره شکڵ ده‌گرن له گه‌ڵ به‌ره‌و پێش چوونی له‌سه‌ره‌خۆی داستانه‌که که‌سایه‌تییه‌کانیش کامڵ ده‌بن و ده‌وری خۆیان ده‌گێڕن . به‌ستێنی رۆمانه‌که پڕه له ڕووداوی گه‌وره و به‌رچاوی وه‌ک شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و ڕێ پێوان و هه‌ڵبژاردن و...ئه‌وانه نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که خه‌ریکه به‌ره‌یه‌ک بگۆڕێ و به‌ره‌یه‌کی دیکه بێته ئاراوه . من کاتێک رۆمانه‌که‌م ده‌خوێنده‌وه به‌راوردێکی زه‌ینیم بۆ پێش هات ؛ ئه‌وێش به‌راوردی که‌سایه‌تی ژن له رۆمانی مادام بواری و رۆمانی ڕاهێنانی هه‌سته‌کاندایه . ئێما بواری له رۆمانی مادام بواریدا له‌گه‌ڵ خانمی ئارنۆ له رۆمانی ڕاهێنانی هه‌سته‌کاندا به ته‌واوی دژ به یه‌کن . ئێما بواری له نێو ویست و نه‌وس و عه‌یش و نۆشی خۆیدا نوقم بووه و به ئیشتیای دڵی خۆی و زۆر بێباکانه و رۆمانتیستانه به دوای نه‌وس و هه‌وه‌سی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ . به‌ڵام خانمی ئارنۆ به ته‌واوی هه‌ست و ویسته‌وه ئه‌وینی فرێدریک له ناخی دڵی خۆیدا ده‌شارێته‌وه و ته‌نانه‌ت له کۆتایی رۆمانه‌که‌شدا له گه‌ڵ ئه‌وینداره‌که‌ی پێک ناگه‌ن وبه‌و حاڵه‌شه‌وه خوێنه‌ر ده‌زانێ که ئه‌و ئه‌وینه ئه‌وینێکی به‌رده‌وامه . سه‌یر ئه‌وه‌یه کوڵ و کۆی عیشق و ئه‌وین له راهێنانی هه‌سته‌کاندا به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گا به‌ڵام له نێوان دوو دڵداردا به پێچه‌وانه‌ی مادام بواری هێچ سه‌حنه‌یه‌کی سێکس و جنسی ڕوو نادا .
هیدایه‌تی:
به ڕاستی یه‌کێک له‌و شتانه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ی به هێز کردووه چاوه‌ڕوان ڕاگرتن(تعلیق)ه . سه‌رله‌به‌ری ئه‌م رۆمانه باسی ئه‌وینی خانمی ئارنۆ و فرێدریکه به‌ڵام وێڕای ئه‌و ئه‌وینه سه‌یر و به ته‌وژمه هیچ سه‌حنه و ساتێکی جنسی ڕوو نادا و تێمی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که _که ئه‌وینی ئه‌و دوو که‌سه بێ _ زۆر لێهاتوویانه خراوه‌ته توێژی ژێره‌وه‌ی رۆمانه‌که . ئه‌و ئه‌وینه هه‌ر چه‌ند وریایانه خراوه‌ته په‌ڕاوێزه‌وه به‌ڵام له هه‌موو جێیه‌کدا له زه‌ینی خوێنه‌ردا حوزوری هه‌یه ؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌شدا که باسی شۆڕش و بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه ئه‌و ئه‌وینه به شێوه‌یه‌کی نادیار له توێژی ژێره‌وه‌ی رۆمانه‌که‌دا گونجاوه . به‌و مانایه که منی خوێنه‌ر له بشێوی شۆڕش و ڕێ پێوانیشدا هه‌ر چاوه‌ڕێم له قوژبنێکیش بێ ئه‌و دوو که‌سه ببینمه‌وه و به‌سه‌رهاتیان بخوێنمه‌وه . به ڕواڵه‌ت باسی هه‌موو شتێک ده‌کرێ به‌ڵام باسی تێم و بابه‌تی سه‌ره‌کی که ئه‌وینی ئه‌و دوو که‌سه‌یه ناکرێ .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
فلۆبێر ئه‌و کاره‌ی به ئانقه‌ست کردووه . هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌و ده‌یویست له شێوازی داڕشتنی رۆمانی باڵزاکی دوور که‌وێته‌وه که له‌ودا حاڵه‌تێکی مێلۆدرامیکی هه‌بوو . به‌و مانایه که له رۆمانی پێش فلۆبێردا له پێک گه‌یشتنی دوو دڵدار و پیوه‌ندیی له‌ش و جه‌سته‌دا زێده‌ڕه‌وییان زۆر ده‌کرد .به‌ڵام فلۆبێر له راهێنانی هه‌سته‌کاندا باوه‌کوو دوو دڵداری خوڵقاندووه که زۆر خولیای یه‌کن و گیرۆده‌ی ئه‌وینی یه‌کتری بوون به‌ڵام به ئانقه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رۆمانانه دوور که‌وێته‌وه ،ژوانه‌که‌یان دوور و دوورتر ده‌خاته‌وه .
هیدایه‌تی:
بارگاس یووسا له کتێبی "خۆشی به‌رده‌وام"دا ده‌ڵێ رۆمانێکی که به جۆرێک له جۆره‌کان ئێرۆتیک نه‌بێ و به‌و لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌ی ژیانی مرۆڤ رانه‌گه‌یشتبێ که‌می هه‌یه و ته‌واو نییه . سێکس و پێوه‌ندی نێوان ژن و پیاو لایه‌نێکی گرینگی ژیانن که نابێ نووسه‌ر به هیچ بیانوویه‌ک خۆی لێ ببوێرێ . ده‌بێ ئه‌وه‌مان له به‌ر چاو بێ که ئه‌و لایه‌نه له ژیانی مرۆڤ له کاره‌کانی فلۆبێردا ده‌روونی کراوه ، یانی تۆ له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی پێوه‌ندیی و نزیکایه‌تی ژن و پیاوێک ده‌خوێنییه‌وه ،نابینی که ئه‌و پێوه‌ندییه سووک و چرووک و جڵف کرابێ ، یان باشتره بڵێم ئه‌و پێوه‌ندییه بۆ مه‌به‌ستێکی سووک و به نیازی دنه‌دانی خوێنه‌ر نه‌کراوه و بۆ سه‌رنجی تاقمێک له خوێنه‌رانی بازاڕیی نه‌کراوه به پێچه‌وانه‌ی داستانه جڵفه‌کان . فلۆبێر به‌و کاره‌ی یانی به ده‌روونی کردنی ئێرۆتیک له رۆمان‌دا به جۆرێک له به‌رانبه‌ر رۆمانی سووک و چرووکی سێکسیی که ئه‌و سه‌رده‌مه له فه‌رانسه باو بوو هه‌ڵوێست ده‌گرێ .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
هه‌ڵبه‌ت فلۆبێر له مادام بواریدا به ئانقه‌ست قامکی له سه‌ر سێکس و ئێرۆتیک داناوه و ئه‌و لایه‌نه‌ی زۆر زه‌ق کردۆته‌وه ؛ به‌ڵام له "ڕاهێنانی هه‌سته‌کان"دا ده‌رونی کردووه .
هیدایه‌تی :
له مادام بواریشدا هه‌ر وه‌ک کوتم راگه‌یشتن به‌و لایه‌نه له ژیانی مرۆڤ وه‌ک باس کردنی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان وایه ؛ یانی بۆ مه‌به‌ستێکی خراپ و سووک باس ناکراوه ؛ ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ که مرۆڤی وه‌ک مادام بواری و ته‌نانه‌ت که‌سانێکی که گرفتی جنسییان هه‌یه له کۆمه‌ڵگادا زۆرن ، فلۆبێر وه‌ک نووسه‌ر سانسۆریان ناکا و له حاند ئه‌و مرۆڤانه چاوی ناقووچێنێ ؛ به‌ڵام ئه‌و کێشه‌یه به جۆرێک نیشان ده‌دا که ته‌نیا وه‌ک لایه‌نێکی ئاسایی ژیان بێته به‌رچاو .
کاکه سووری:
باسی ته‌علیق( چاوه‌ڕوان ڕاگرتن) کرا ؛ به بۆچونی من بناغه‌ی ئه‌م رۆمانه له سه‌ر ئه‌وینی فرێدریک و خانمی ئارنۆ دامه‌زراوه . به‌ڵام فلۆبێر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شه‌ش سه‌د لاپه‌ره خوێنه‌ر به دوای داستاندا بگێڕێ به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماندووی بکا له تێکنیکی چاوه‌ڕوان ڕاگرتن(تعلیق) که‌ڵکی وه‌رگرتووه . چاوه‌ڕوان ڕاگرتن له‌و فێڵانه‌ی گێڕانه‌وه‌یه که لێهاتوویی و وه‌ستاییه‌کی تایبه‌تی ده‌وێ تاکوو وه‌ها که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێ که خوێنه‌ر هه‌نگاو به هه‌نگاو به دوای خۆدا کێش بکا . وه‌ک باس کرا وه‌ها وه‌ستایانه که‌ڵک له تێکنیکی چاوه‌ڕوان را‌گرتن وه‌رگیراوه که له نێو ئه‌و هه‌مووه قرمه و هه‌را و له نێوان ئه‌و هه‌مووه هات و چۆ و به‌دی هاتن و تێدا چوونی که‌سایه‌تییانه‌دا تۆ هه‌ر چاوه‌ڕوانی ته نانه‌ت له رسته‌یه‌کیشدا بێ بزانی که ئاکامی ئه‌و ئه‌وینه به کوێ گه‌یشت . ئه‌وه‌ی که له نێو ئه‌و هه‌موو شته‌دا خوێنه‌ر ئه‌و عیشقه هه‌ر ون ناکا و هه‌میشه چاوه‌ڕوان و تامه‌زرۆی ئاکامه‌که‌یه‌تی نیشانه‌ی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی که‌م وێنه‌ی فلۆبێره له گێڕانه‌وه‌دا . ته‌نانه‌ت کاتێک دوای ئه‌و هه‌مووه فه‌سڵ و به‌شه له به‌شی شه‌شه‌مدا پێک ده‌گه‌ن ، به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر جگه له چه‌ند ڕووداوی ساکار هیچ نزیکییه‌ک ڕوونادا . به‌ڕاستی ئه‌و به‌شه دیمه‌نێکی به ته‌واوه‌ت رۆمانتیکی تێدایه که ناکرێ باسی نه‌که‌ین : دوای ئه‌و ماوه زۆره دوای ئه‌و هه‌مووه تامه‌زرۆیی و تینوویه‌تییه ، کاتێک ئه‌و دوو دڵداره ئه‌و هه‌له ده‌گمه‌نه‌یان بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ له جیاتی ماچ و باوه‌ش پێدا کردن و تێکه‌ڵ بوون ، خانمی ئارنۆ به مقه‌ست که‌مێک له قژی خۆی ده‌بڕێته‌وه و ده‌یداتێ .؛ئیدی لێره‌دا ته‌واو ده‌رده‌که‌وێ که فلۆبێر چه‌نده وه‌ستایانه به‌رده‌وامی ئه‌و ئه‌وینه له دڵی دوو دڵداردا و له زه‌ینی خوێنه‌ردا سه‌قمگیر ده‌کا .
به‌ڵام با باسه‌که ئاوا درێژه بده‌ین : وه‌ک ده‌زانن ئه‌م رۆمانه به یه‌كێک له بناغه‌کانی رۆمانی مۆدیرن ده‌ژمێردرێ . به بۆچوونی ئێوه چ تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێک بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ئاوا پێداگربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م رۆمانه پێشه‌نگی رۆمانی مۆدیرنه ؛ هه‌ر وه‌ک ئاگادارن تاقمێک له ڕه‌خنه‌گران ته‌نانه‌ت پێیان وایه که " ڕاهێنانی هه‌سته‌کان" مانیفێستی رۆمانی مۆدیرنه . پرسیار ئه‌وه‌یه که فلۆبێر له‌م رۆمانه‌دا چی کردووه که به پێشه‌نگی رۆمانی مۆدیرنی بزانن؟
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
بیر‌و رای ڕه‌خنه گران له‌م بابه‌ته‌وه جیاوازه . هه‌ر له سه‌رده‌می فلۆبێردا که‌سێکی وه‌ک ئێمیل زۆلا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که راهێنانی هه‌سته‌کان کارێکی تازه‌یه . یه‌کێک له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی زۆلا باسی ده‌کا نه‌بوونی ڕووداوگه‌لی گه‌وره‌یه ؛ به‌و مانایه که به‌پێچه‌وانه‌ی رۆمانی پێش خۆی فلۆبێر زیاتر له‌سه‌ر شته چکۆله‌کان و ڕووداوه که‌م بایه‌خه‌کان زوومی کردووه . به‌و شێوازه‌ی فلۆبێر ، ته‌وسیف و له‌نگه‌ر گرتن له‌سه‌ر ژیانی ئاسایی پێش ڕاهێنانی هه‌سته‌کان نه‌کراوه . فلۆبێر ژیانی ئاسایی که‌سایه‌تییه‌کان و ته‌نانه‌ت ته‌وسیفی شته چکۆله‌کان و ده‌وروبه‌رێک که به ڕواڵه‌ت زیادییه دێنێته به‌ستێنی رۆمانه‌وه و ئه‌وه کارێکی تازه بوو.
هیدایه‌تی :
من پێشتر ئاماژه‌م به تایبه‌تمه‌ندیی شێواز (سبک/ستایل)ی فلۆبێر کرد که زۆرتر له سه‌ر دوو تێکنیک پێداگره که پێش ئه‌و ، به‌و پته‌وی و به‌رچاوییه نه‌بووه . یه‌که‌میان تاک بێژی ده‌روونییه . فلۆبێر زۆرتر که‌ڵک له گێڕه‌وه(راوی) هه‌مووشت زان(دانای کل) وه‌ر ده‌گرێ . به‌ڵام له‌و کاتانه‌دا که که‌سایه‌تی داستان ته‌نیا ده‌که‌وێته‌وه ، راوی هێواش هێواش خۆی دوور ده‌خاته‌وه و ئێمه ئیدی ده‌نگی راوی نابیستین به‌ڵکوو ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ که‌سایه‌تی ڕووبه‌ڕوو ده‌بین که به شیوه‌ی تاک بێژی قسه ده‌کا و باس له خۆی ده‌کا ؛ئه‌م جۆره گێرانه‌وه‌یه که زۆر ئه‌سته‌م و دژواره تایبه‌تمه‌ندی فلۆبێره و ڕه‌خنه گران به شێوازی "ناڕاسته‌وخۆی ئازاد" نێوی دێنن که پێش فلۆبێر نه‌بووه و دوای ئه‌و ، له‌لایه‌که‌وه هه‌م نووسه‌رانێکی وه‌ک جۆیس و پرووست په‌ره‌یان پێداوه و هه‌م "شه‌پۆلی رۆمانی نویی" فه‌ڕانسه زۆریان که‌ڵک لێ وه‌رگرتووه . تایبه‌تمه‌ندیی دووهه‌میش که پێموایه به ته‌سه‌لی له سه‌ری دواین ته‌وسیف و شوێن دانانی ته‌وسیف له گێرانه‌وه دابوو بۆ یه‌که‌م جار فلۆبێر توانی ده‌ور و ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تی بخاته ئه‌ستۆی ته‌وسیفه‌وه .
خزرنژاد :
هه‌ر وه‌ک دۆستان باسیان کرد فلۆبێر هه‌وڵی داوه له گێڕانه‌وه‌دا پێداگرییه‌کی به‌رچاو له سه‌ر ته‌وسیف بکا ؛ هه‌ر بۆیه ئه‌م رۆمانه ده‌چێته خانوی ئه‌ده‌بیاتی (ناب)ه‌وه . شتێکی زۆر گرینگ بوو ئه‌وه بوو که فلۆبێر وه‌ک نووسه‌ر له ده‌قه‌که‌دا بێ لایه‌نه . فلۆبێر له‌م رۆمانه‌دا به باشی توانیویه‌تی مێژوی سه‌رده‌می خۆی بخاته ڕوو . وه‌ک شۆڕشی ساڵی 1848 و شۆڕشی بورژوازی و ڕاپه‌ڕێنی کرێکاران ؛ به گشتی ڕووداوه‌کانی نێوان ساڵه‌کانی 1820 تا 1850 به زمانی داستان بۆ ئێمه باس ده‌کا . بۆ وێنه له وت‌و وێژی نێوان خانمی واکناز و رۆزا ئانت ئاماژه به بزوتنه‌وه‌ی فێمینیزم ده‌کرێ . واکناز له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه که ژن ده‌بێ له ماڵه‌وه بمێنێته‌وه و رۆزا ئانت پێی وایه که ژن نابێ خۆی له چوارچێوه‌ی ماڵدا ببه‌ستێته‌وه و ده‌بێ له کۆمه‌ڵگادا ده‌وری به‌رچاوی هه‌بێ . مه‌به‌ستم ئه‌وه‌بوو که فلۆبێر به زمانی داستان باسی زۆربه‌ی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی که ئه‌وده‌م خه‌ریک بوو به شیوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی بیچمیان ده‌گرت و سه‌ریان هه‌ڵده‌دای کردووه و نیشانی داوه که ئه‌و بزوتنه‌وانه چۆن ورده ورده له فه‌ڕانسه به‌دی هاتوون . هه‌روه‌ها له‌م رۆمانه‌دا تاکیه‌تی که تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤی مۆدیرنه به باشی پیشان دراوه و که‌سایه‌تییه داستانییه‌کان تاکیه‌تییان پاریزراوه . یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌یه که ڕه‌وتی به سه‌نعه‌تی بوونی کۆمه‌ڵگا له فه‌ڕانسه و حه‌ولی خه‌ڵک بۆ وه‌ده‌ست هێنانی دێمۆکراسی له به‌ستێنی رۆمانه‌که‌دا به‌رچاوه .
خوسره‌وی:
ئه‌و شته‌ی که رۆسۆ له بابه‌ت سه‌ده‌ی نۆزده‌وه دۆزیبوویه‌وه به جۆرێکی پارادکسیکال و دژواز له‌م رۆمانه‌دا نیشان دراوه .شۆڕسی فه‌ڕانسه دژی سه‌نترالیزم بوو ؛ گه‌رچی له‌مباره‌یه‌وه سه‌ر نه‌که‌وت . له ساڵه‌کانی 1810 کێشه‌یه‌ک له نێوان لیبراله‌کان و شاخوازه‌کان هاته ئاراوه . لیبراله‌کان پێێان وابوو که دنیان مۆدیرن به‌رابه‌ری و ئازادی بۆ مرۆڤ ده‌سته به‌ر کردووه و دیمۆکراسی به مانا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی توانیویه‌تی ئازادی و به‌رابه‌ری سه‌قامگیر بکا . به‌ڵام شاخوازه‌کان به پێچه‌وانه‌ی لیبراله‌کان بیریان ده‌کرده‌وه . ساڵی 1840 چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ هه‌وه‌ڵین جار له فه‌ڕانسه به‌دی دێن ، تاک باوه‌ڕی و باسی تاکیه‌تی دێته گۆڕێ و له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش چه‌مکی وه‌ک سوسیالیسم و بورژوازی و... دێنه ئاراوه . لوکاچ ده‌ڵێ رۆمان حماسه‌ی مرۆی بێ خودای سه‌رده‌می مۆدێرنه و ئه‌و هه‌وڵه‌ی رۆمانیش به بێهووده ده‌زانێ چونکه له‌م سه‌رده‌مه به‌تاڵ و گه‌نیوه‌دا هه‌موو بابه‌تێک بۆته شت ( همه چیز شی واره شده است). شته‌کان جێگای مرۆڤیان گرتۆته‌وه . فرێدریک بۆ خۆی له چینی بورژوایه به‌ڵام هیچ ئاکارێکی بورژوازییانه‌ی نییه . کاره‌کانی له ڕووی حیسابه‌وه نییه . فلۆبێر دژی چینی ورده بورژوازیی بووه چونکه پێیوایه که ورده بورژوازیش وه‌ک بورژوازی خوازیاری پووڵ و پاره‌یه به‌ڵام کاتێک وه‌ده‌ستی نه‌هێنا ده‌ست ده‌کا به کاسه لێسیی و کلکه سووتێ کردن له به‌ر بورژوازی . له‌م رۆمانه‌دا دلۆریه دایمه به دوای فرێدریکه‌وه‌یه و ده‌یهه‌وێ دای پڵۆسێ . شتێکی دیکه‌ش که شایه‌د به پێچه‌وانه‌ی ویستی فلۆبیر ته‌واو بێ ئه‌وه‌یه که لایه‌نی جۆراوجۆری ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌که‌وێ ؛ که‌سه‌کان له نێوان دوو قۆڵی دسه‌ڵاتدا دابه‌ش بوون به‌شێکیان سه‌ر به هونه‌ر و سیاسه‌ت و به‌شه‌که‌ی دیکه سه‌ر به توجاره‌ت و بازرگانین .خانمی دامبرۆز لوئیز و رۆک پیوه‌ندییان به بازرگانی و توجاره‌ته‌وه هه‌یه و رۆزا ئانت و ئارنۆ و خانمی ئارنۆ پێوه‌ندییان به هونه‌ر و سیاسه‌ته‌وه هه‌یه . که‌چی ئارنۆ جێگاکه‌ی خۆی ده‌گۆڕێ و نایهه‌وێ بچیته ناو سیسته‌می پێک گۆڕینه‌وه( مبادله) . بۆیه سه‌ره‌کی ترین بابه‌تی رۆمانه‌که یانی ئه‌وینی خانمی ئارنۆ و فرێدریک که‌وتۆته په‌ڕاوێزه‌وه و باشتره بگوترێ که‌وتۆته ژێر پێی سه‌رمایه‌داری و قه‌حبه‌کانه‌وه . فرێدریک هه‌ست ده‌کا که ته‌نیا ئه‌م عیشقه پاکه ده‌توانێ ڕزگاری بکا و به‌س . کاتێک ئه‌و دوو دڵداره قه‌رار داده‌نێن له فڵان شوێن یه‌کتر ببیننه‌وه له لایه‌که‌وه خۆپیشان دانه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه منداڵه‌که‌ی نه‌خۆشه و ژوان په‌کی ده‌که‌وێته‌وه ، ئه‌م پێک نه‌گه‌یشتن و دوورییه وه‌ک کێشه‌یه‌ک هه‌تا کۆتایی رۆمانه‌که هه‌ر به‌رده‌وامه . هه‌ر بۆیه‌ش فرێدریک په‌نا ده‌با بۆ بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی . به بڕوای من پێموانییه که پێش ئه‌م رۆمانه ئاوا به وردی و به باشێ باسی دژایه‌تی ورده بورژوازی و بورژوازی پێکه‌وه پیشان درابێ . فرێدریک له نێوان هونه‌ر و سیاسه‌ت له لایه‌که‌وه و بازرگانی و توجاره‌ت له لایه‌کی تره‌وه ماوه‌ته‌وه . بۆیه لوکاچ پێی وایه که هه‌موو هه‌وڵه‌کان له دنیای مۆدیرندا پووچه‌ڵه .
هه‌تا پێش شۆڕشی 1848 ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌مووشتدا گرتبوو به‌ڵام دوای ئه‌م شۆڕشه سه‌نتێرالیزم پاشه‌کشێی کرد و چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌دی هاتن . تا پێش شۆڕشی 1848 ته‌نانه‌ت وشه‌ی سه‌رمایه‌داری له فه‌ڕانسه له فه‌رهه‌نگه‌کانیشدا ئاسه‌واری نه‌بوو ؛ به‌ڵام دوای شۆڕشه‌کانی ناپلئۆن فه‌ڕانسه هه‌نگاو ده‌نێته ناو دنیای سه‌رمایه‌دارییه‌وه و کێشه‌ی چینایه‌تی ساز ده‌بێ .
کاکه‌سووری:
مێژووی ئوروپا به سێ ده‌وران دابه‌ش ده‌کرێ : سه‌رده‌می بێ خودایی ، سه‌رده‌می مه‌سیحییه‌ت و سه‌رده‌می مرۆڤه په‌ست و خوێڕییه‌کان . له سه‌رده‌می مرۆڤه په‌ست و خوێڕییه‌کاندا هیچ که‌س ناتوانێ ئاسووده بژی . فلۆبێر له‌م رۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی به باشی نیشان داوه که سه‌رده‌می مرۆڤه په‌سته‌کان سه‌رده‌مێکی ئاڵۆز و چه‌ن توێیه . هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان به جۆرێک گرفتار و گیرۆده‌ن ؛ که‌سایه‌تییه‌کان ڕه‌ش یان سپی نین . که‌سایه‌تییه‌کان زۆر ئاسایی له به‌ستێنێکی ڕه‌ش و خراپه‌وه ده‌توان بچنه به‌ستێنێکی باش و سپی و به پێچه‌وانه‌ش . ئه‌م رۆمانه پێمان نیشان ده‌دا که له سه‌رده‌می مۆدێرندا که‌س ناتوانێ به ئاسووده‌یی بژی ؛ مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌می نوێ دژواز و جۆراوجۆرن .
خوسره‌وی:
به‌راستی له‌ت له‌ت بوون و دژوازیی ده‌رونی مرۆڤه‌کان زۆر به باشی نیشان دراوه . مرۆڤی سه‌رده‌می نوی مرۆڤێکی ساکار و ئاکار ساده نییه که به ئاسانی وێنا بکرێ . بۆ وێنه کاتێک فرێدریک به‌یانی هه‌ڵده‌ستێ بچی بۆ شاری نۆژان وه‌ختێک تماسا ده‌کا ئه‌وه له پاریسه . له ته‌واوی ئه‌م رۆمانه‌دا به پێچه‌وانه‌ی دان پێدانانی رۆسۆ دووجار وشه‌ی پیلان ڕشتن(توطئه) نه هاتووه ؛ یانی ئه‌و شته‌ی رۆسۆ له سه‌رده‌می مۆدیرندا به پیالان(توطئه)ی ده‌زانی فلۆبیر به تایبه‌تمه‌ندیی سه‌رده‌می نوێی ده‌زانێ و پێێ وایه که ئه‌وانه دژوازییه‌کن که ئینسانی مۆدیرن تووشیان هاتووه . ته‌نانه‌ت فرێدریکیش ده‌که‌ویته داوی ئه‌و سیسته‌مه‌وه . هه‌رچه‌ن ئه‌و ده‌یهه‌وێ که خۆی له‌و گێژاوه ڕزگار بکا به‌ڵام کێشه‌ی بۆ ساز ده‌بێ . هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان ده‌یانهه‌وێ که له له‌ت له‌ت بوون و چه‌ن پارجه بوون هه‌ڵێن به‌ڵام ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی ده‌ورانی تازه‌یه که هیچی له‌گه‌ڵ ناکرێ ؛ ئه‌م ناکۆکی وج چه‌ند پارچه بوونه‌ی ئینسان له ئه‌ده‌بیاتی پۆست مۆدێرندا به‌وپه‌ڕێ خۆی ده‌گا و مرۆڤه‌کان ده‌بنه هه‌زار له‌ت هه‌زار پارچه .فرێدریک که‌سایه‌تییه‌کی رۆمانتیکه به دوای ئارمان و ئامانجه‌وه‌یه ؛ ئه‌وه‌ش له کاتی مردنی منداڵه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێ فرێدریک کاتێک منداڵه‌که‌ی ده‌مرێ به‌و شێوه‌ه‌یه خه‌می نییه . فلۆبێر بۆ مردنی ئه‌و منداڵه ته‌نانه‌ت لاپه‌ڕه‌یه‌کیشی دانه‌ناوه . باسی شته‌کانی ده‌ورو به‌ر ده‌کا به‌ڵام باسی ئه‌و مه‌رگه ناکا .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
ڕه‌خنه‌گران پێێان وایه که فرێدریک و ئێما بواری ئاخرین که‌سایه‌تی رۆمانتیکن یانی ئه‌وان که هه‌ردووکیان خوڵقاوی ده‌ستی فلۆبێرن کۆتایی که‌سایه‌تیی رۆمانتیکن. فرێدریک له ئه‌ده‌بیاتدا سه‌ره‌تا و ده‌سپێکی که‌سایه‌تی پرۆبلاماتیکه . که تایبه‌تمه‌ندیی که‌سایه‌تی پرۆبلاماتیک بریتین له بێ خودایی ، بی داهاتوویی ، خاوه‌ن کێشه و گرفت دار و له هه‌مان کاتیش‌دا خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی خۆ به‌زل زان و سه‌ر شێتن .
خوسره‌وی :
ئه‌وه‌ی که ئه‌و که‌سایه‌تییانه که‌سایه‌تییه‌کی پرۆبلاماتیکن هیچ شک و گومان هه‌ڵناگرێ . لۆکاچ ده‌ڵێ ئه‌و که‌سایه‌تییانه به ئاکام ناگه‌ن ، چونکه مل ناده‌نه ژێر یاسا و ڕیساکان . بۆ گه‌یشتن به ئاکام و به دی هێنانی ئاڵ‌و وگۆڕیش هیچ ڕێگایه‌کیان له‌به‌ر نییه چونکه هیچ ڕێچاره‌یه‌کیان به ده‌سته‌وه نییه ؛ بۆیه دیسان ده‌که‌ونه‌وه نێو ته‌ڵه و داوی دنیای مۆدێرنه‌وه و ده‌دۆڕێن و شکست ده‌خۆن .
که‌ریم ره‌حیمی:
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسی بکه‌م که‌مێک جیاوازه له گه‌ڵ بۆچوونی دۆستان . فلۆبێر باسی بزوتن و حه‌ره‌که‌ت ده‌کا ؛ له سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌دا که‌شتییه‌ک له پاریسه‌وه وه‌ڕێ ده‌که‌وێ . ئه‌و هێمایه نیشانده‌ری تێپه‌ڕین له ئه‌شرافیته‌وه‌یه بۆ بورژوازی . ئه‌شرافییه‌ت بێ ئه‌ملاولا ده‌بێ تێدا بچێ و باوی نه‌ماوه . دۆئیل که له رۆمانه‌که‌شدا هه‌یه یه‌کێک له پاشماوه‌کانی ئه‌شرافیه‌ته که لێره‌دا به‌ره‌و تێدا چوون و فه‌وتانه . به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی که فلۆبێر بایه‌خی زۆر به ته‌وسیف داوه له به‌ر ئه‌وه‌یه که فلۆبێر له‌وه ترساوه بکه‌وێته داوی رۆمانێکی مێژووییه‌وه ؛ چونکه زۆر جار خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کا که ڕووداوه‌کانی رۆمانه‌که هه‌ر به‌ڕاستی ڕوویان داوه و فلۆبێر مێژوویه‌کی راسته‌قینه ده‌گێڕێته‌وه ؛ هه‌ربۆیه بۆ خۆ ده‌رباز کردن له‌و گرفته په‌نا بۆ ته‌وسیفی ژیانی ئاسایی که‌سایه‌تییه‌کان ده‌با تاکوو به توندیی به گژی ئه‌و گومانه‌دا بچێته‌وه که پێێوایه مێژوو ده‌خوێنێته‌وه . فرێدریک که‌سایه‌تییه‌کی بێ ناسنامه‌یه و که‌س نازانێ له کوێوه هاتووه . باوکی له دوئێلدا کوژراوه ؛ به‌ڵام فرێدریک ناکه‌وێته داوی دۆئێل کردنه‌وه چونکه ئه‌وه پاشماوه‌ی سه‌رده‌می ئه‌شرافییه‌ته و باوی نه‌ماوه . له نێو ئه‌و هه‌مووه شه‌ڕ و شۆر و هه‌را و گرمه‌یه‌دا فرێدریک له گه‌ڵ رۆزا ئانت له پاریس ده‌چنه ده‌رێ تاکوو جه‌ند ساتێک خۆش ڕابوێرن . ئه‌وانه‌ی له ماڵی رۆزا ئانت ده‌یان بینین دوایین ئاڵقه‌کانی ئه‌شڕافییه‌تن ؛ ده‌یانه‌وێ دیسان ئه‌و بازنه‌یه پێک بێننه‌وه ؛ به‌ڵام شۆڕش به‌ڕێوه‌یه . فلۆبێر باسی هونه‌ری بورژوازی ده‌کا : هونه‌رێکی جه‌علی و درۆیینه که هیچ ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌کی تێدا نابینرێ . فلۆبێر بڕوای به شۆڕش نییه چونکه پێیوایه که شۆڕش خوێن ڕشتنی له دوایه . زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان بێ ڕابردوون ؛ له‌م رۆمانه‌دا هیچ شتێک راسته‌قینه نییه . دۆساردییه چونکه راست‌و پاکه ده‌کوژرێ . فرێدریک له ناو عیشقێکی سی گۆشه‌دا گیری کردووه . بۆ فرێدریک بار‌ی جنسی ڕووداوه‌کان گرینگ نیین . ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وه‌وه گرینگه خه‌ون و خولیاکانی عاشقانه‌ی خۆیه‌تی که له نێو ئه‌و ڕووداو‌انه‌دا ده‌یانبینێته‌وه . فرێدریک بۆیه ئه‌ویندارێکی ڕاسته‌قینه ماوه‌ته‌وه و رۆمانتیکه چونکه هێشتا پێیه‌کی له نێو دنیای سوننه‌ت دایه و هێشتا به یه‌کجاری له‌و دنیایه دانه‌بڕاوه . فلۆبێر بڕوای به رێفۆرم هه‌یه . بۆیه شۆڕشی 1848ی پێ زوو بوو . منداڵه‌که‌ی رۆزائانت و فرێدریک ده‌توانێ هێمایه‌ک بێ بۆ شۆڕشی 1848 ؛ بۆیه زوو مرد ؛ یانی هێشتا بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وده‌می فه‌ڕانسه ئه‌و شۆڕسه زوو بوو کۆمه‌ڵگا نه‌یتوانی ده‌رکی بکا ؛ بۆیه ئه‌و شۆڕشه نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ و وه‌ک منداڵه‌که مرد . تۆ وه‌ک خوێنه‌رێک تا لاپه‌ره‌ی 450 هیچ پێک گه‌یشتنێک و هیچ سه‌رکه‌وتنێک نابینی ؛ بۆیه ناتوانی به زووی لێی جودا ببییه‌وه . من دڵنیام ئه‌م رۆمانه به‌هێزه تا ماوه‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه و به‌ری نادا ...
شامحه‌مه‌دی :
پاڵه‌وانه‌کانی ناو ئه‌م رۆمانه گشتیان به شوێن ماڵ و پاره‌وه‌ن . زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان ژیانێکی زه‌نگۆڵی(انگلی)یان هه‌یه . ئێمه ده‌توانین بار‌ی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای ئه‌وده‌می فه‌رانسه به پێی ئه‌و رۆمانه هه‌ڵسه‌نگێنین . پاڵه‌وانه‌کانی ناو ئه‌م رۆمانه هیچیان سیاسی نین به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی پووڵ و پاره‌یه‌کی پتر به‌ده‌ست بێنن یان بۆ ئه‌وه‌ی ، ئه‌وه‌ی هه‌یانه له کیسی نه‌ده‌ن مه‌جبوورن بچنه ناو سیاسه‌ته‌وه ؛ به‌ڵام چونکه هیچیان سیاسی نین دوای ماوه‌یه‌ک هه‌موویان شکست ده‌خۆن ؛ ناتوانن یه‌کیه‌تی خۆیان ڕاگرن و ته‌نانه‌ت له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بن بۆ ڕاگرتن و مانه‌وه‌ی خۆیان ژێر پێی یه‌کتری چۆڵ که‌ن و بۆ یه‌کی تێچێنن . بۆ وێنه دلۆریه که سوسیالیسته و هاواڵی فرێدریکه له بنه‌وه خه‌ریک ده‌بێ تاکوو خانمی ئارنۆی لێ فریو بدا و بیکاته گراوی خۆی . ته‌نیا که‌سایه‌تییه‌ک که ده‌کرێ تا ڕاده‌یه‌ک راست و دروست بێ و فێڵ و ته‌ڵه‌که له کاری‌دا نه‌بێ دۆساردیه یه که دواتریش هه‌ر له سه‌ر ڕێبازه‌که‌ی خۆی گیانی فیدا ده‌کا ؛ ئه‌و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ده‌گمه‌ن بۆ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه نابێ و بۆیه فلۆبێر مه‌جبووره بیکووژێ . له‌م رۆمانه‌دا چاره‌نووسی هه‌موویان پێکه‌وه گرێی خواردووه و ژیانی یه‌کیان له سه‌ر ژیانی ئه‌وی دی شوێن داده‌نێ . له‌م نێوه‌دا ئه‌وینی خانمی ئارنۆ و فرێدریک له گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی دیکه جیاوازی هه‌یه و وه‌ک باس کرا هه‌رچه‌ند له ڕواڵه‌تدا خراوه‌ته په‌ڕاوێزه‌وه به‌ڵام وه‌ک رووداوی سه‌ره‌کی له ناوه‌ند دایه . به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ر تا کۆتایی ده‌ست له‌و کتێبه هه‌ڵناگرێ ئه‌وه‌یه که زۆر وه‌ستایانه رووداوه‌کان له چوارچێوه‌یه‌کی گونجاو‌دا دارژاون . نووسه‌ر لایه‌نگریی له هیچکام له که‌سه‌کانیی نه‌کردووه ؛ قه‌زاوه‌تی داوه‌ته ده‌ستی خوێنه‌ر ...