شه‌خته
كه‌ریم ڕه‌حیمی
ئێوارێ وه‌ختێ خۆر به‌ره‌و باوه‌شی شه‌و داده‌چۆڕێ، ده‌بینی زۆركه‌س به‌په‌له و هه‌ڵه‌داوان به‌ره‌و ماڵێ ده‌چن. ده‌ڵێی به‌ره‌و ژوان و له‌ئامێزگرتن ده‌بنه‌وه. به‌ڵام تۆ پێتوایه ئه‌لعان نا ئه‌لعان ده‌بێته ته‌رزه‌باران و تۆ جێگایه‌كت ده‌وێ بۆ خۆ حه‌شاردان. ئه‌مه بۆته دۆڵپای هه‌موو ئێوار‌ێیه‌كت.. هه‌ركه خۆراوات لێدادێ و شه‌و ده‌ڕووخێ به‌سه‌رتدا، نامۆیی نێو ده‌روونت وه‌كوو كانی ده‌ست ده‌كا به هه‌ڵقوڵین. هه‌رچی شه‌و به‌ره‌و دامركان ده‌ڕوا، شه‌پۆله‌كانی ئه‌و نامۆییه زۆرتر ده‌خرۆشێن. زۆرجار ئه‌م شه‌پۆلانه به‌ره‌و «ئه‌تاكوولاوه » و پرده به‌رزه‌كه‌ی نێوه‌ڕاست شاریان بردووی تا له‌وێوه خۆت هه‌ڵدێری. یان ده‌نا هێڵی ئاسن و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ماشێن... دوایه‌ش به‌ره‌و كه‌ناری ده‌ریا سه‌رت هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام له‌سه‌ر كورسیه‌كانی قه‌راخ ده‌ریا به‌ده‌م هه‌نیسكه‌وه خه‌و بردووتیه‌وه و به‌ده‌م قوڵپه‌ی گریانه‌وه ڕاچه‌نیوی.
ته‌نیاییت له كۆڵی نامۆیی و بێكه‌سی ده‌نێی و به‌ره‌و ماڵێ ده‌بییه‌وه. كاتێ له‌نێو هۆده‌كه‌تدا، وه‌ڕه‌زی چڕنووك له دڵت ده‌گرێ بیر له‌چی ده‌كه‌یته‌وه؟ به‌م پرسیاره سه‌ر له‌خۆت ده‌شێوێنی و له‌وانه‌یه له‌نێو شاڵاوی وه‌ڵامدا ون بیت . سه‌رت وه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه به‌ره‌و سینگت شۆڕ ده‌بێته‌وه، خۆت به‌تاوانبار و گوناهبار ده‌زانیت و له‌ژێر لێوه‌وه شوكرانه‌بژێری، كه هیچ هاوڕێ و هاووڵاتییه‌ک ئاگاداری ئه‌م نامۆییه‌ت نییه!«كه‌س ئاگاداری ئه‌م نامۆییه‌ت نییه!»
ڕه‌نگه ئه‌وكات به گوناحی كوشتنی ژیانت تاوانباریان كردایه‌ی! به‌تاوانی ئه‌م تاوانه‌ی كه لێره كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه ژیانی خۆی بكوژێ؛ ئه‌ویش له‌به‌ر چاوی جه‌ماوه‌ر! ئه‌گه‌ر وابێ ماڵ و كه‌مپ و هۆده‌ی كاڵه‌میر، به‌ند و شێتخانه‌یان بۆچییه؟ لێره هه‌موو شتێكت هه‌یه و هیچیشت نییه. كاتێ ده‌گه‌ی به‌ئه‌م بیره، چاوێك به‌نێو هۆده‌كه‌دا ده‌گێڕی بزانی چیت هه‌یه. به كه‌ل‌و‌په‌لی دیوه‌كه‌دا ده‌ڕوانی؛ هه‌موویان بۆنی نامۆییان لێدێ، «قه‌ت بیری له‌م به‌شه‌ی نه‌كردبۆوه.» هه‌ر هه‌مووی ئه و ماڵه ڕه‌نگینه، به ته‌له‌ویزیۆن و ته‌خت و فه‌رش و به كاسه‌وكه‌وچكییه‌وه هه‌تا ده‌گات به سا‌ردوگه‌رمی، هه‌ر هه‌موو هی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه. له‌و چاوگێڕانه‌دا، چاوت به وێنه هه‌ڵواسراوه‌كه‌ت ده‌كه‌وێ. بزه‌یه‌ك دێته سه‌رلێوت، به‌ڵام ئه‌م بزه‌یه‌ش چركه‌ساتێك خۆی ناگرێ و زۆر زوو ون ده‌بێ. كوا به هه‌ڵواسینی وێنه‌یه‌ك ده‌بی به خاوه‌نی ئه‌م ماڵه؟! نازانی بیر له‌چی بكه‌یته‌وه. بیر له‌وه ده‌كه‌یته‌وه وا هه‌ته: ته‌نیا ئه‌و وێنه‌یه و به‌س.
« ئه‌و وێنه‌یه‌ت له‌كوێ كێشا؟»
هه‌رچی بیرت هه‌ڵده‌گڵۆفی نایه‌ته‌وه بیرت. خواردنه‌وه و دووكه‌ڵ، دووكه‌ڵ و خواردنه‌وه، كه‌ڕه‌كیفه‌یان به‌مێشكت هێناوه. له‌بیرت نییه له‌كه‌یه‌كه‌وه لێره‌ی؟ ته‌نیا هاوڕێیه‌كی منداڵیت له‌بیر نایه‌ته‌وه. له‌وێ هیچ به‌ڵام لێره چی؟ كوان؟ پیكێك هه‌ڵداوییه سه‌رێ و ده‌ڵێی:« ئاها… وێنه‌یه‌كی منداڵیم له‌گه‌ڵ خۆم هێنابوو، باش بوو بیرم كه‌وته‌وه. ده‌بێ مابێ!»
كه هه‌ڵده‌ستی دیسان چاوت به وێنه هه‌ڵواسراوه‌كه ده‌كه‌وێ. سست ده‌بی. ئه‌رێ‌ئه‌رێ هه‌ر بیرت له‌م وێنه‌یه ده‌كرده‌وه. ئه‌م وێنه‌یه! هه‌ر ئه‌وه بوو له‌گه‌ڵ « چیچه‌كی» توركا كێشات. دواجار ڕقت هه‌ستا و ئه‌وت به مقه‌ست دابڕی. نا! نا! پێتوایه له‌گه‌ڵ «حه‌مه‌قوتوو» بوو! ها! یان « هێلێنا» بوو. ڕه‌نگه هینه‌كه‌ی
« زێنه‌ب» بووبێت. به كامپیوتێر له‌لای خۆته‌وه داتنا. نا! نا! ئه‌ویش نه‌بوو.
ورده‌ورده لێی ده‌چیته پێشه‌وه، چاوت چكۆله ده‌كه‌یته‌وه. ده‌ستی بۆ درێژ ده‌كه‌یت و دایده‌گری، له‌قاپه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنی، چاوت به مۆری پشتی ده‌كه‌وێ. نازانی له‌سه‌ر كامه ده‌سته‌وه ده‌كه‌وێته خوارێ و دیسان سه‌رت ده‌بێ به گوڵه‌به‌ڕۆژه و به‌ره‌و سینگت شۆڕ ده‌بێته‌وه. «هه‌رچی ده‌كه‌ی جوابی ئه‌م پرسیاره‌ت پێ‌نادرێته‌وه كه چۆن‌چۆنی بوو ئه‌م وێنه‌یه‌ت هه‌ڵواسی؟ «ئه‌وه‌نده‌ی بیری لێده‌كه‌یته‌وه هیچ بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشت لێی‌نییه» ئه‌ی چۆنه هه‌ڵتواسیوه؟» به له‌تردان داده‌نه‌وی و هه‌ڵیده‌گرییه‌وه، تێی ده‌ڕوانی. « بۆچی تا ئێستا كه‌س لێی نه‌پرسیوی ئه‌وه چییه و هی كێیه هه‌ڵتواسیوه؟ به‌په‌له و تووڕه، ده‌یكه‌یته دوو كوت دیسان دوو كوتی دیكه و ئه‌مجار ونجڕ ونجڕی ده‌كه‌یت.
چه‌ند پیكێك هه‌ڵده‌هاوی و بیر له كه‌مپ ده‌كه‌یته‌وه:« هه‌زار خۆزیا ناخۆشییه‌كانی نێو كه‌مپم بنووسیایه، له‌بیرم نه‌چووبایه‌تنه‌وه.» ئه‌و ڕۆژه‌ی داوای وێنه‌یان لێكردم له‌خۆشیان هه‌ستم به هه‌ڵفڕین ده‌كرد، ئیتر وێنه‌م له سجیلی وڵاتێكی تر ده‌درێ! به‌شانازییه‌وه به‌سه‌ر عه‌رزدا ده‌ڕۆیشتم، چه‌ند به سووكایه‌تییه‌وه له مرۆڤه‌كانی نێو كه‌مپم ده‌ڕوانی. ته‌له‌فوونم بۆ كێ نه‌كرد؟ ئه‌م هه‌واڵه‌م به‌كێ نه‌گه‌یاند؟! ئه‌و شه‌وه به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆم چ جێژنێكم ساز كرد! له‌وپه‌ڕی سه‌رخۆشیدا بیرم له پیرۆزباییه‌كه‌ی حه‌مه‌قوتوو ده‌كرده‌وه. به‌ڵام ئه‌وێ له چاو ئێره جیاوازییه‌كی هه‌بوو. له كه‌مپدا وه‌ك مریشكێكی نێو قه‌ره‌نتینه وای، كه دواجار ده‌یبه‌نه‌وه نێو ئه‌وانی تر. مریشك یان بۆ گۆشته یان بۆ هێلكه‌كه‌ی! به‌ڵام نازانی لێره له‌به‌رچی به‌خێوت ده‌كه‌ن؟ له‌وێ باش بوو لای چوار هاووڵاتی ده‌رده‌دڵێكت ده‌كرد، باسی چاره‌نووسی خۆت ده‌گێڕاوه، هی ئه‌وانت ده‌بیست، جنێو، شه‌ڕ و هه‌زاران شتی تر. به‌ڵام لێره كه‌س نییه ته‌نانه‌ت جنێوت پێ بدا. دوای ماوه‌یه‌ك ئیتر ته‌له‌فوون بۆ كه‌س ناكه‌یت. هه‌تا زمانه بیانیه‌كه‌ت له‌بیر نه‌چێت.
هه‌رچیت پێویسته به‌زوویی به هه‌موویان ده‌گه‌یت؛ ته‌نانه‌ت زۆر له‌وه زووتر كه بیری لێ‌بكه‌یته‌وه. لێره ڕه‌نگه‌كان هێنده زۆرن فریای بژاردن، چاولێكردن یان چێژتنیان ناكه‌وی. به‌ڵام دوای ساڵانێكی زۆر، ڕۆژی خۆی، تازه ئه‌گه‌ر له چه‌ند ساڵی تردا تووشی نه‌خۆشینی ئیدز و ئاڵزایمێر نه‌یه‌ی هه‌ر خاوه‌نی ئه‌م دوو شته‌ی، پێناسه‌كه و جانتاكه‌ت به ده‌نگێكی به‌رز و به قاقای پێكه‌نینه‌وه به كاكه حه‌مه‌ت ده‌ڵێی: ئه‌گه‌ر لای‌لایه باش ده‌زانی، بۆ خه‌و ناتباته‌وه؟
كوتم: ئه‌و دوو شته‌ی من! هیچیان هی خۆم نین. جانتاكه‌م له هاوڕێیه‌ك وه‌رگرت و پێناسه‌كه‌شم ته‌نیا وێنه‌یه‌كی له‌خۆم نه‌چووی پێوه‌یه كه ناوه‌كه‌ی عه‌ره‌بییه و ناوی وڵاتێكی بێ‌بایه‌خیشی له‌سه‌ر نووسراوه. كوتی جارێ گه‌رمه‌برینی! به‌چی سه‌رخۆشی؟ ئه‌و كاكڵه‌ی به‌ده‌ستته‌وه‌یه، من به گوێزی بازه‌ڵێنم پێ كردووه. ئه‌گه‌ر فێری زمانه‌كه بووی جارجار چاوێ له ڕۆژنامه‌كان بكه هه‌تا زۆرتر ئاگاداری یه‌كتر بین! فریا ناكه‌ویت وڵامی بده‌یته‌وه و ته‌له‌فوونه‌كه‌ت قه‌پات ده‌بێ. له‌و كاته‌وه لێره فێری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه بووی هه‌ر هه‌موویان به‌كۆمه‌ڵ له‌نێو ژووره‌كه‌دا له‌به‌ر چاوت ده‌كه‌ونه سه‌ما كردن. چاو ده‌گێڕی له‌و ناوانه‌ی بۆن و به‌رامه‌ی لای خۆتانی لێدێ. ئالان و سۆما، له فستیواڵێكی عیلمی‌دا پله‌ی هه‌وه‌ڵیان هێناوه. مه‌ریوان و ته‌ره‌غه له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان بوونه هه‌وه‌ڵ. چه‌ند كه‌سی تر له مووسیقی جازدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌س هێناوه. نه‌فه‌رێك كه‌وته به‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ر، كچ و كوڕی لاو له‌سه‌ر پرده بڵینده‌كه‌وه خۆیان خسته خوارێ. چه‌ندكه‌س له وێرانه‌یه‌كدا به كێشانی ئێڵ‌ئێس‌دی L.S.D خۆیان كوشت. چه‌ندكه‌س له شێتخانه‌وه هه‌ڵاتوون و جێگای مه‌ترسین بۆ كۆمه‌ڵ. نێئۆنازییه‌كان له نیوه‌شه‌وی ڕابردوودا هێرشیان كرده سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كی كۆچه‌ر و ماڵه‌كه‌یان به‌خاو و خێزانه‌وه ئاگردا؛ ده‌سڕێژیان له درگا و په‌نجه‌ره‌ی چه‌ند ماڵی تریش كرد. به‌په‌له به‌دووی ته‌له‌فووندا ده‌چی تا ماڵی حه‌مه‌قوتوو بگری. چه‌ند زه‌نگ لێده‌دا، دواجار ده‌نگێكی ناخۆش و زمانێكی نامۆ ده‌ڵێ: من له‌ماڵه‌وه نیم و ئه‌گه‌ر په‌یامێكتان هه‌یه بیڵێن. قه‌پاتی ده‌كه‌ی و زۆر به‌په‌له چه‌ند جێگای دیكه ده‌گری، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر به‌و جۆره وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه. بیستۆكه‌كه‌ت له‌ده‌ست به‌رده‌بێته‌وه؛ بۆی داده‌نه‌وی، له‌خواره‌وه چاوت به جانتاكه‌ت ده‌كه‌وێ، ده‌ستی ده‌ده‌یتێ و به‌په‌له به‌سه‌ر وێنه له‌ت‌وكوت كراوه‌كه‌تدا تێ‌ده‌په‌ڕی. درگاكه له‌سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت به‌جێ‌ده‌هێڵی. به پلیكانه‌كاندا داده‌گه‌ڕێی. ده‌نگی ته‌له‌فوونه‌كه له مێشكتدایه: تكایه په‌یامه‌كه‌ت دانێ! تكایه ...