
شێعر
حوسێن جه‌وانشیر
باخچه‌ی پاشا
له باخچه‌ی پاشادا هه‌ناره‌کان پێ گه‌ییبوون
نهێنییه‌ک ده‌گریا.
ڕێبوار،
به ته‌نیشت دره‌خته ماندووه‌کانی هه‌میشه‌ییدا
هه‌نگاوه‌کانی ده‌ڕزیی و
مناڵیی
له چاوانی وێرانی دیوارێکه‌وه
به‌رده‌وام بانگی ده‌کرد؛
به‌ڵام به‌فر کۆڵانه‌کانی گرتبوو.
خاتوون
خاتوون له باران ده‌چێ
خاتوون له گوڵ ده‌چێ
خاتوون...جوانه!
ده‌زانن؟!
ڕۆژێک له درێژه‌ی یه‌كێ ئا له‌م شه‌قامانه‌دا
هاوڕێکه‌م بوو به ئه‌قاقیا و
خاتوونیش ده‌هات و بۆنی ده‌کرد؛
مه‌خابن!
خاتوون ساکار نه‌بوو
ئه‌و له زه‌ینی زه‌وی نه‌ده‌گه‌یشت
ئه‌و به سانایی - با- له قامیشه‌ڵاندا نه‌بوو
ئه‌و وایده‌زانی ئه‌قاقیا
ئاسنه ... چیمه‌نتۆیه... نایلۆنه!
که‌چی شۆڕه‌بییه‌کان دره‌ختن
سمۆره‌کان جانه‌وه‌رن
قه‌تییه‌کان په‌له‌وه‌رن و
ئێسته خاتوون ده‌بێ
به ته‌واو هێزێکه‌وه که ده‌ژی
ڕووت بێته‌وه.
ده‌روێشانه
ئه‌و ده‌مه‌ی له گه‌ڵ – با- دا
میوانی زیکری ده‌روێشانه‌ی
شۆڕه‌بییه‌کان بووم
هاوڕێکه‌م ده‌یزانی
په‌پووله پاییزه‌کانم خۆش ده‌وێن
ئه‌و که‌سێک بوو له ڕه‌گه‌زی من
چاره‌نووسی گه‌ڵایه‌کی تێکشکاوی ده‌خوێنده‌وه
من ڕه‌نگه‌کانم هه‌ڵگرتبوو
تریفه‌کانم ده‌زانی
چێژه‌کانم ده‌ناسی
کچه سه‌وزه‌کانم ده‌خوێنده‌وه
هێشتا پێکه‌نینێکی به‌جێ ماوی
وه‌رزێکی بێ ناوم له ئه‌لبۆممدا ڕاگرتبوو
دره‌نگان بوو
قه‌تییه‌کان ڕۆیشتبوون
خه‌ڵکی ده‌یانکوت:
ساڵگارێکه پاییزه!
به‌ڵام هاوڕێکه‌م مردبوو.