
عه‌لی غوڵامعه‌لی
به كۆڵانه‌كانی ده‌روونتدا هاتووچۆ ده‌كه‌ی. شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌ی. هه‌ناسه‌ت سواره. بیره‌وه‌رییه‌كانت په‌لامارت ده‌ده‌ن. ئه‌وان له هه‌موو درگاكان ده‌ده‌ن. بۆ خۆت به خۆتت كرد. گومان رۆحت ده‌دۆزێ. ئاسمانێك یاد و ده‌ریایێك بیره‌وه‌ری بێ‌مه‌ودا. دێیه قه‌راخ په‌نجێره. شه‌قاو به شه‌قاو له گه‌ڵی ده‌ڕۆی. كه‌ڵه‌گه‌ت و سینگ واڵا. بێ‌خه‌یاڵ هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ. خۆت هه‌ڵده‌كڕێنی. ده‌ستێ به سه‌ری ئاڵۆزاوتدا دێنی. ژنێكی چاووبرۆڕه‌ش تای په‌نجێره‌یه‌ك ده‌كاته‌وه و سه‌ری دێنێته‌ده‌رێ. چاوی به هێمنی كۆڵان ده‌دۆزێ. كۆڵانێكی پان و به‌رین. قیژه و هه‌رای منداڵان، گڤه‌گڤ و نووزه‌نووزی بایه‌كی سه‌رشێت.
”له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ئێمه چی ده‌وێ؟“
په‌ڕ له ده‌فته‌ری ژیانت ده‌ده‌ی. خه‌یاڵ گه‌مارۆت ده‌دا. چاوت ده‌قووچێنی. هه‌ست راده‌گری. جووتێ چاوی ره‌ش بزه‌ت دێنێته سه‌ر لێو. بێده‌نگییه‌ك كۆڵان داده‌گرێ. ماته‌یه‌ك هه‌ڵده‌گری. خه‌یاڵت ئاوێته‌ی په‌نجێره‌كان ده‌كه‌ی. قیژه و هه‌رای ئاسایی كۆڵان ده‌ستپێده‌كاته‌وه. تاق‌ولۆق په‌رده‌ی په‌نجێره‌ی ماڵان هه‌ڵدراونه‌ته‌وه.
ـ نابێ، نا! حه‌یام ده‌تكێ، ئه‌من منداڵم هه‌یه!
له بیرته؟ پێكه‌نینه‌كه‌ت هه‌رجارێ بۆ باڵای ئافره‌تێك ره‌نگێكی ده‌گۆڕی. جه‌حێڵییه ئیدی! ئه‌و سه‌گبابه‌ش خه‌یاڵه و ده‌یكه‌م. ده‌نا كێ ژنی وه‌ك منی هه‌یه؟ له به‌ینی ده‌ركه‌ی هه‌وه‌ڵ و دووه‌م دایه. خودایه ره‌نگی زه‌ردی ئه‌و ده‌ركه‌یه چه‌ن ناحه‌زه! رووده‌كه‌یه نێوماڵ و ده‌ڵێی:
ـ تۆ ته‌ماشاکه! ئه‌و كه‌واوپاتۆڵ له‌به‌ره! دیسان هاته‌وه! هه‌روا رێك‌وپێك. ئه‌و حه‌وتووه هه‌موو رۆژێ دیومه، نا، دیومانه، ده‌نا؟
وێنه‌یه‌ك له گیرفانت ده‌ردێنی. به دزی ژنه‌كه‌ته‌وه چاوی لێده‌كه‌ی. له چاوه شینه‌كانی ئه‌وه‌وه ده‌ڕوانییه خۆت.
”بیچێژه‌ـ ـ ـ!“
هه‌ست به كوتراوی گیانت ده‌كه‌ی. ده‌ڵێی ئاگریان له ناخت به‌رداوه. ده‌مار، ده‌مارت ده‌خواته‌وه. بیری ئه‌و كابرایه، هه‌ناسه‌ی لێ‌بڕیوی. چارشێوێك به بیرتتدا ده‌ده‌ی. سامێك له‌سه‌ر روخسارت به‌جێ‌ده‌مێنێ. به په‌له هه‌ڵده‌ستی و په‌نجێره‌كانی ماڵێ داده‌خه‌ی. ده‌روونت سارد بۆته‌وه. له‌رزت لێهاتووه. له‌به‌ر چاوت رووحانه‌تێكی سپی هه‌ر هاتوچۆیه‌تی. وه‌ڕه‌زه! یه‌خسیره! به په‌له‌یه. وه‌ك بترسێ وایه. تۆ هه‌ر ئاگاش ناكه‌ی كه شه‌وقی سپیاییه‌كه‌ی له روخساری خێزانت نیشتووه. بێ‌وچان خه‌ریكی ده‌رزی و دروومانه. چاوت لێ زیت بۆته‌وه. منداڵێكی له په‌ناوه‌یه. چاوی ته‌نێ ره‌شێنه‌یه، چاوی تۆ و خێزانت شینه!
مێشكت وه‌خته بته‌قێ. سه‌دان كه‌س له نێویدا قسه ده‌كه‌ن. بێ ئه‌وه‌ی كه‌س گوێ بۆ قسه‌ت رابگرێ. سمێڵت ده‌جاوی؛ په‌نا ده‌به‌ی بۆ گۆرانی.”نه‌جیبه‌م زۆر نه‌جیبی ... بۆ ده‌ردی من ...“ ئارامت نییه. ده‌ست به دیواره‌وه ده‌گری. عه‌رز ده‌له‌رێته‌وه. قاقایه‌ك ده‌كێشی. قژت قرژ ده‌بێ. پێتوایه ئاسمان رووخا.
سێبه‌ری «به‌یان» مه‌ند له‌به‌رچاوته.
چۆن خۆم دۆزه‌خی كرد! قه‌ره‌جی سه‌ڵیته! لێوی سوور ده‌كرد. خۆی ده‌ڕازانده‌وه. به‌یانی له بیر بردمه‌وه. ئه‌و بۆنه‌ی لێی‌دهات مه‌ستی ده‌كردم. جارێكیان كوتی:
”ئاگات لێیه چ كه‌یفێكی پێده‌كه‌ی! ئه‌وه بۆگه‌نی یه‌كێكه وه‌ك خۆت، جوان و جه‌حێڵتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر، نه‌ك بۆنی بن باخه‌ڵی كیژی قه‌ره‌جی چوارده ساڵه! من له گه‌ڵ سه‌دی وه‌ک تۆ ده‌نووم به شه‌وێ!“
خۆشه‌ویستی ته‌نگی پێ‌هه‌ڵچنیبووی. چاوه قووچاوه‌كانت بۆ هه‌ڵنایه. سوتووی جگه‌ره‌كه‌ت خه‌ریكه ده‌ستت بسووتێنێ. دڵت نه‌ده‌هات هیچی لێبكه‌ی. ئه‌ویش ئه‌وه‌ی ده‌زانی. به نانی من گۆشت ده‌گرێ، ماچی بۆ خه‌ڵكه! كه‌س نازانێ كێن؟
ـ ”ئه‌وه پوورزای دایكمه! ئه‌وه كوڕی مریه‌می پووره سارایه! ئه‌وه ماممه! ئه‌وه ئه‌و كاكه‌مه وا ده‌مكوت له هه‌نده‌رانه و ....“
خێزانت بزه‌یه‌كی پڕ له ته‌وسی له‌سه‌ر لێوه و واده‌نوێنێ ئاگای له هیچ نییه. پرچی ده‌كه‌یه مل خۆت و خۆت ده‌خنكێنی. خه‌یاڵاوی شل ده‌بیه‌وه و خۆت گرمۆڵه ده‌كه‌ی. به دزییه‌وه چاوی لێده‌كه‌ی. ئێره‌یی به هه‌وه‌ڵ شه‌وی له باوه‌ش گرتنی ده‌به‌ی....
كه‌واوپاتۆڵێكی مرادخانی ره‌ش و پشتوێنێكی ره‌شی خاڵ ورد. ئه‌و پێڵاوانه! خۆت دێته‌وه به‌رچاو. بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له كه‌س بێ، هێمن و ورد پیاسه‌ی خۆی ده‌كا. وێنه‌كه‌ی سه‌ر دیوارت لێ زه‌ق ده‌بێته‌وه. بانگت ده‌كاته پێشێ. ده‌ست ده‌نێته سه‌ر شانت و دم ده‌نێ به گوێته‌وه و زۆر به هێواشی پێت‌ده‌ڵێ:
ـ له جیات خه‌ڵك بڕوانه خۆت!
له په‌نجێره‌كه‌وه چاو له ده‌رێ ده‌كه‌ی؛ ئاسمان هه‌ر ئاسمانی هه‌میشه‌یه: شێوه‌ی هه‌ورێك و خه‌یاڵاتی تۆ.
لاروله‌نجه‌ی ئامینی جیرانتان، سنگ و مه‌مكه‌كانی كاڵێ، نازه‌نین و گه‌لاوێژت دێته‌وه بیر. هاسكه هاسكت تێكه‌ڵاوی گۆرانی په‌ریلانی خه‌ونه‌كانته. چڕنووك له خه‌یاڵت ده‌گری. كۆڵانه‌كه‌تان پڕه له پشیله. میاوه‌میاویان وڵاتی هه‌ڵگرتووه. ئه‌گین زانیبایه‌ت چاره‌نوست ئاوای لێدێ، ڕووحتت ده‌دا ده‌ست ئه‌وانگه‌ل. پیره‌پیاو و پیرێژنێكی له‌رزۆك و پشتكۆم وێنه‌یه‌كی تۆ به ده‌سته‌وه ده‌ركه به ده‌رکه‌ی كۆڵان ده‌كوتن. هه‌ست ده‌كه‌ی هه‌زاران ساڵه مردووی. كه‌ی مردووی؟ به‌ردی سه‌ر قه‌بره‌كه‌ت هه‌ڵده‌ده‌یه‌وه.
ـ خه‌تای دایكم بوو؛ داوێنی تووران بووبه‌هۆی به‌دبه‌ختی ئه‌لانم!
ئه‌و شه‌وه‌ی وا ته‌رمی كاكتیان ناشت، دایكت تۆی نارده لای تووران بێوه‌ژن. ده‌ستت و گۆشتی ته‌ڕی ئه‌و و كرۆشتنی لێوه‌كانت! خه‌تای خۆت نه‌بوو چاوه‌كانت فێركرابوو كه رازونیازی له‌سه‌ر له‌شی خه‌ڵكی بێ. ده‌ركه‌كانی كۆڵانه‌كه‌تان ده‌بژێرێ. جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ. هه‌رتاوی شلكه گۆشت و قولاپه و مه‌مكی یه‌كێ باسی رۆژت بوو. ئێستا هه‌ر شه‌وێك یه‌كێ له دیوی په‌ناته‌وه‌یه و تۆش؟!
خۆم بكوژم. عیلاج هه‌ر ئه‌وه‌یه. قه‌ی چ ده‌كا. حه‌تمه‌ن له من ماندوو بووه!
ـ مه‌گین تۆ بۆ خۆت زوو له‌وان ماندوو نه‌ده‌بووی؟
ئه‌و وه‌خت كه له‌گه‌ڵم هات، كوتی:
- بۆ كوێ بڵێی له‌گه‌ڵتم. به‌ڵام ته‌نیا ده‌بێ جێگه‌مان بگۆڕینه‌وه. ده‌ترسم ژنـم به‌سه‌ر بێنێ. خه‌تای ژنانه، ترساندوویانم. بۆیه به مه‌رجێك له‌گه‌ڵت دێم، له ماڵێ من پیاو بم و تۆ، ژن!
قه‌ره‌جی چاومار! چه‌نده پێكه‌نیم.
-”ئه‌ی بابانت به قوڕ گیرێ. خۆ منداڵیش قسه‌ی وا ناكات.“
مانی گرت. نه‌مده‌توانی! دڵم به چاویه‌وه گرێدرابوو. قه‌ی چی ده‌كرد عه‌ینی پیاوان بۆ هه‌وه‌ڵ ماچ ئه‌و لێوی هێنا پێش....
جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ. به خێزانت ده‌ڵێی:
”یانی ره‌حیمی مێردی ئامینه سوور نازانێ ئه‌و چۆنه؟ ئه‌وه قسه‌یه! تف له رووت ژن! مێرد له پێش عاله‌مدا ده‌زانێ. تف! به دوای ئه‌و هه‌موو منداڵه‌دا...“
خۆتت له بیر نییه؟ ژانی «به‌یان» گه‌رماوگه‌رمی ژوانی تۆ بوو. ده‌بێ تاوان بده‌یه‌وه. خۆت قیت ده‌كه‌یه‌وه و ده‌ستێ به سمێڵتدا دێنی. ژنه‌كه‌ت له قه‌راخ په‌نجێره چاوی له نێو كۆڵانه. كابرا له‌به‌ر ده‌ركه‌ی ئێوه‌یه. رووحانه‌ته وه‌ڕه‌زه‌كه‌ی نێو ماڵێ، ده‌ربازده‌بێ.
تۆ بیرت هه‌ر له ده‌ریای مه‌ندی چاوه‌شینه‌كانی خێزانتدایه. ده‌نگی ته‌قه‌ته‌قی داشقه‌یه‌ك، مێشكت پڕ ده‌كا. سه‌ر ده‌كێشیه ده‌رێ و به نێو كۆڵاندا چاو ده‌گێڕی. كه‌روداشقه‌یه‌ك و كابرایه‌كی سه‌رتاپاسپی. سه‌ر داشقه‌كه پڕه له گوواره و زروزه‌نگیانه و متوموورووی ژنان. ره‌نگت هه‌ڵده‌بزركێ. وه‌بیر ئه‌و هه‌موو دیارییه ده‌كه‌ویه‌وه وا به‌م و به‌وت دا. ده‌نگێك راتده‌چڵه‌كێنێ:
”ئه‌وانه هه‌موو بۆ تۆ! پۆلێك په‌پووله‌ی جوان و ره‌نگین و ئاسمانێك ئه‌ستێره‌ی نه‌بینراوویشم هه‌یه، ئه‌وانیش هه‌ر بۆ تۆ! له جیات ئه‌و هه‌مووه سێبه‌ره‌كه‌تم پێ بفرۆشه. سێبه‌ری جه‌حێڵیت!“
ورده‌واڵه‌فرۆش هه‌ر قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كا. سه‌ر هه‌ڵدێنی. جووتێ كۆتره‌باریكه خه‌ریكی پووش بردنن. بیرت له‌گه‌ڵیان هه‌ڵده‌فڕێ. فرمێسك به چاوتدا دێته خوارێ. داشقه‌چی به ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه و به‌ره‌وڕووی په‌نجێره‌ی هه‌وره‌بانه‌كه‌تان وه‌ك كۆتربازێ ده‌ست هه‌ڵده‌خاته‌وه و فیتوو لێده‌دا! چاوی بۆ ده‌گێڕییه‌وه. له درگای دوای ماڵی ئێوه ده‌ست له‌به‌ر پشتوێن، قیت راوه‌ستاوه. دڵت بۆ ساخ نابێته‌وه. چیت له ژیانی ئه‌و و ئه‌م كرد ناپیاو! ئێستا بوختان بۆ خه‌ڵك هه‌ڵده‌به‌ستی! چاوی خۆت له عاله‌م حیزتره! ژنێكی چاوبرۆڕه‌شی نه‌شمیلانه به په‌له‌په‌ل و خۆبادان به دزه‌دزه‌وه ده‌ركه‌ی شه‌شه‌می كۆڵان ده‌كوتێ. تۆ درگا ده‌كه‌یه‌وه. پیاوێ له‌و سه‌ری كۆڵانه‌وه وه‌دیار ده‌كه‌وێ، مرادخانی له‌به‌ر، شۆخ.
”بۆ كوێ دێڵه‌سه‌گ؟! راوه‌سته! سه‌ڵیته! دڵت پێی خۆشه. داخ له‌سه‌ر دڵت ده‌نێم. پێت نه‌چێته ژوورێ. ده‌تكوژم، ئه‌رخه‌یان به...“
تۆ له‌سه‌ر په‌نجێره‌ی ماڵی خۆتانه‌وه چاوت لێیانه. ژن باوه‌شت پێداده‌كا. ده‌ركه پێوه‌ده‌ده‌ی. ژن ون ده‌بێ. كابرا له به‌رچاوت چكۆله و چكۆله‌تر ده‌بێته‌وه و وه‌ك منداڵێك كه درگایان له‌سه‌ر داخستبێت، ده‌ست ده‌كا به گریان و پێ له عه‌رزی كوتان. داده‌چڵه‌كی. له‌پڕدا برووسكه‌یێك له مێشكتدا چه‌خماخه ده‌دا. روو ده‌كه‌یه ژنه‌كه‌ت. چاوت هه‌ڵده‌گڵۆفی. بێ هه‌ست وخوست له جێگای خۆی دانیشتووه و منداڵه‌كه‌ت ده‌لاوێنێته‌وه. به‌یان منداڵه‌كه‌ی هه‌ڵێنا سه‌ر ده‌ستی و كوتی:
”من له‌گه‌ڵ ئه‌و بێ ئابڕووییه چ بكه‌م؟“
ورده ورده هه‌موو شتێكی لێسا‌ندی. دڵت به پیاوه‌تیت خۆش بوو، شوكر هه‌ر شه‌وی هه‌وه‌ڵ، زاوایه‌تیت بینیت. زۆر وه‌خته خۆت له‌و پیاوانه‌ی وا له‌و دیوه‌ی په‌ناتدا هه‌ناسه‌یان سوار ده‌بێ، ده‌شارییه‌وه. له نێو خۆتدا چرچ ده‌بی. ناخت ده‌دۆزی. له خۆت ورد ده‌بییه‌وه و هه‌ست راده‌گری. میاوه‌میاوی پشیله دێ. چاو له په‌نجێره‌ی به‌رامبه‌ر به‌رماڵی خوتان ده‌كه‌ی:
ژنێ په‌رده‌كه لاده‌دا. سینگ و به‌رۆكی رووته. ده‌موچاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی مژێك دایپۆشیبێ، دیار نییه. ده‌ڕوانییه پرچی ئاڵۆزی. له‌و ده‌چێ؟ پشتوێنی په‌شمینه‌یی! لاروله‌نجه‌كه‌ی به‌ره‌و ئیشتیایه‌كی مردوو كه هێشتا له زه‌ینتدا زیندووه، راتده‌كێشێ.
ده‌ڵێی بۆ خۆیه‌تی! به‌یان و ئێره؟ ئه‌ی ساواكه‌ی نێو باوه‌شی؟ له خۆوه بیانووت پێگرت و كوتت نامهه‌وێ، هی من نییه. پێتوابوو هه‌موو بۆ خۆتن ناپیاو؟ خه‌تام نییه، كه‌مم دیوه؟ كه‌مم كردووه؟ یانی ئێستاش نایانناسم؟ یه‌ك به خۆت هه‌را ده‌كه‌ی «به‌یان». به‌یان خۆی و ساواكه‌ی ده‌دا به نێو ئاودا. ئاو هێمنییه و فه‌رامۆشی. ئیشتیای هه‌ڵگڵۆفینی گۆشتی سپی سه‌ڵیته خه‌ریكه دیقت پێده‌كا.
”تۆ خوا هه‌ر ئه‌و جاره!“
خێزانت لێتده‌پرسێ:
”له‌گه‌ڵ منته!“
چاو له په‌نجێره‌كه‌ی به‌رامبه‌رت ده‌كه‌یه‌وه:
ژنه‌كه به ده‌وری خۆیدا هه‌ڵده‌په‌ڕێ و دوو ده‌سماڵه ده‌كا. شینایی چاوی له مێشكتدا ئاسمانت له بیر ده‌باته‌وه. سێ چوار مرادخانی له‌به‌ری به ده‌وره‌وه‌ن. چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن و ماچی بۆ فڕێده‌ده‌ن.
ده‌ستی له‌سه‌ر شانت دانا و چاوه ره‌شه‌كانی بڕییه نێو چاوانت و كوتی:
”ئه‌گین رۆژێ ئیدی من تۆم نه‌وێ (هه‌ر وه‌ك تۆ له پڕدا له‌و تێر بووی) و به دزییه‌وه به سه‌رتدا حه‌زلێكردوویی بكه‌م (هه‌ر وه‌ك تۆ به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌تكرد) تۆ چ ده‌كه‌ی؟“
قاقات كێشا و كوتت:
”خۆم ده‌كوژم!“
باهه‌ر تۆ بڵێی خه‌یاڵاته! رووده‌كه‌ینه ژنه‌كه‌ت و ده‌گوڕێنێ:
”چتان كه‌مه؟ چتان ده‌وێ؟ بۆ ده‌ڵێی كانیاون؟ سه‌دانیش لێتان بخۆنه‌وه تێرنابن! خۆزگه من زانیبایه‌م، من پێش مردنـم تێگه‌یشتبایه‌م دڵی ژن چی ده‌وێ؟“
چاو له ئاوێنه ژه‌نگاوییه‌كه‌ی به‌رانبه‌رت ده‌كه‌ی. هه‌ورێكی ره‌ش ئاسمان داده‌گرێ. وڵات ده‌بێته با و بۆران. گێژه‌ڵووكه‌یه. ئاسمان ده‌بێته بێژنگ. هه‌ناسه‌ت سوارتر ده‌بێ. له ناخت‌دا سێڵاو هه‌ڵده‌ستێ. ده‌ورانده‌ورت پشیله‌ی تۆپیوه. بۆگه‌نیان خه‌ریكه بتخنكێنێ. ئازارێكی ده‌روونی ئه‌وتۆ په‌لامارت ده‌دا. ره‌نگی دیواره‌كانی ماڵێت لێده‌گۆڕێ. سه‌وز، شین، سپی. جارێك فه‌ڕش راخراوه، جارێك مۆبله، جارێك زیلۆ. مێشكت پڕه له زرمه‌ی ته‌ون. هه‌رای منداڵ، موسیقای نه‌بیستراو، تاریكی، وێنه‌ی جۆراوجۆر. ماته‌یه‌ك هه‌ڵده‌گری. جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنی. ده‌ستت مست ده‌كه‌ی و ده‌ینێی به ته‌وێڵته‌وه. چاو ده‌بڕییه گوڵه سوور و سپیه‌كانی فه‌ڕشی هاڵه‌كه. جگه‌ره‌ت له ده‌ست به‌رده‌بێته‌وه. جڕوجانه‌وه‌ر ئاپۆره‌یان داوی. جه‌غزت به ده‌وردا كێشراوه. موچڕكت پێدادێ. چاو ده‌بڕییه میچه‌كه. سێبه‌ری به‌یان، ته‌واوی بنمیچی داگرتووه. په‌نا ده‌به‌یه باوه‌ش خێزانت.
ئه‌و گیاندارانه خه‌ریكن وێنه شاردراوه‌كه‌ی سه‌ڵیته ـ وا له بن فه‌ڕشه‌كه‌دا شاردبووته‌وه ـ له‌توپه‌ت ده‌كه‌ن. یه‌كیان ماچی ده‌كات، یه‌كیان ختیلكه‌ی ده‌دات، به ده‌وریدا هه‌ڵدێن و هه‌ڵده‌په‌ڕن. بۆنی پێوه ده‌كه‌ن، هه‌ڵیده‌دڕن. خه‌ریكه خه‌فه بی. قه‌فقه‌ف مار له ملت هاڵاون. هاوار ده‌كه‌ی. هه‌ڵدێی و سه‌ر ده‌ده‌یه به‌ر شێری حه‌مامه‌كه. له‌پێ ئاو ده‌ده‌ی به ده‌موچاوتدا. هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵده‌مژی. دڵت به یه‌كدا دێ و ده‌ڕشێیه‌وه.
ده‌ستێ راتده‌چڵه‌كێنێ. ژنه‌كه‌ته! وه‌ك جانه‌وه‌ره‌كانت دێته به‌رچاو. رقت له خۆت هه‌ڵده‌ستێ. ژنه‌كه‌ت په‌ساپه‌سا لێتده‌پرسێ:
”چ بووه؟ بۆوا سپی هه‌ڵگه‌ڕاوی؟“
بڵێی چی؟ وه‌بیرت دێته‌وه چه‌ن جارت له‌و قه‌ره‌جه‌ت پرسیبوو:
من له چاو ئه‌وان چم كه‌مه؟ تۆ ژنی منی نه‌ك... باوه‌شت به‌شی منه نه‌ک... ئه‌وكوتبووی:
”خۆ من ژن نیم، مه‌گین جێ‌مان نه‌گۆڕییه‌وه؟ ئه‌من تۆم، پیاوه‌تیت. ئه‌رخه‌یان به، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م له‌به‌ر ئاره‌زووی چاو و له‌شی تۆیه، هیچیان پێناكرێ!“
قژی ده‌گری. گیانت ده‌كه‌وێته له‌رزین. ده‌زریكێنێ و هه‌ڵدێ. ده‌پاڕێیه‌وه.
ده‌ڕوانییه ئاوێنه‌كه. له خۆت ده‌ترسی. هه‌ست ده‌كه‌ی یه‌كێ قوڕگی گرتووی و ده‌یهه‌وێ بتخنكێنێ!
قوڵپه‌ی گریانی ژنه‌كه‌ت زۆرترت ئازار ده‌دا. جگه‌ره به دوای جگه‌ره دا داده‌گیرسێنی. وه‌بیر منداڵی ده‌كه‌ویه‌وه. چاوت ده‌قووچێنی. په‌پووله‌یه‌ك هه‌ڵده‌فڕێ. هه‌ڵدێی به شوێنی‌دا. ده‌چێ و ده‌نیشێ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری ئاشقه و ماشقه‌یه‌ك. خه‌یاڵت باڵده‌گرێ. به‌یان خه‌ریكی ئاوپڕژێنی به‌ر درگاكه‌یانه. به خۆت ده‌ڵێی: نه‌كا قسه‌كه‌ی وه‌دیهاتبێ؟
راوه‌سته! ده‌ستی تۆڵه‌ت پێ چییه، بێ ئه‌وه‌ی خۆت بتهه‌وێ خه‌یاڵی من ده‌تكوژێ. هه‌ڵدێیه به‌رپه‌نجێره‌كه. پێڵاو بۆیاخكراوی شۆخوشه‌نگ تۆزی سه‌ر كه‌وشه‌كانی ده‌سڕێ. شێته پیاوێ به كۆڵاندا تێده‌په‌ڕێ. له ئاوێنه‌كه‌دا چاو له خۆت ده‌كه‌ی. شێوه‌ی شێته‌پیاو ده‌ده‌ی. دوو نووشته‌ی سه‌رشانی! كه‌وشه تاوتاكانی! ته‌سبێحی ده‌ستی! ئه‌و هه‌موو دڵه مریشكه‌ی وا به‌و ته‌سبێحه‌وه‌یه. گوێت له هاواریه‌تی كه ده‌ڵێ:
"دڵی چاك، دڵی چاكی، ئه‌سڵی قه‌دیم، به سێ جوزمه‌ی قوڕئان خوێنی جه‌حێڵی هه‌زار ژوانی تێدایه! دڵی چاك، چاكی ...."
پاشان ده‌چێته سه‌ر خه‌تی شه‌شخانی منداڵان راده‌وه‌ستێ و یه‌ك بۆ خۆی هاوار ده‌كا:
-" ئای سووتام!"
مژێك به‌رچاوتی داگرتووه. شێته‌پیاو وه‌ك خه‌ونێك له به‌رچاوت دێت و ده‌چێت. سێ چوار ده‌لاك ده‌بینی. ده‌تگرن و سه‌ر و سمێڵت ده‌تاشن.
وه‌ك مه‌نجه‌ڵێك ئاویان به‌سه‌ر دا كردبێتی گیانت ته‌واوی ئاره‌قه‌یه. بیر له‌وه ده‌كه‌یه‌وه سێبه‌ری ئه‌و شێته پیاوه چه‌ن له سێبه‌ری تۆ ده‌چێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی جندۆكه‌ت تێئاڵابێ، ده‌ست ده‌كه‌ی به ده‌سوه‌شاندن. ژن و منداڵه‌كه‌ت توند یه‌كتری له باوه‌ش ده‌گرن. به شه‌پڵاغه ده‌كه‌ویه گیان خۆت. ده‌نه‌ڕێنی. هێدی ده‌بیه‌وه و ده‌ست ده‌نێیه بن چه‌نه‌گه‌ت.
له خه‌یاڵی خۆت دای. كوڕ و كچێكی لاو. ئاره‌زوویه‌كی قاچاخ. ده‌یان ماڵی چۆڵ. له‌رزێك له‌شت داده‌گرێ. ده‌م‌وچاوت به هه‌ر دوو ده‌ست داده‌پۆشی. شه‌وێكی ره‌ش، نیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رم، ئێواره‌یه‌كی فێنك، كچانی ناسك و نه‌رمین، ژنانی شۆخ و له‌بار؛ خۆڕنین و فرمێسكی بێ‌وچانی كچ، ترس و هه‌ناسه‌سواری ژن، قاقای لاوێكی سمێڵ قه‌یتانی ....
قاقا له‌سه‌ر قاقا ته‌واوی كۆڵانه‌كانی مێشكت پڕ ده‌كا. ئاڵبۆمێكی وێنه‌وبیرویاد له مێشكتدا ده‌كرێته‌وه. شه‌ش، حه‌وت ژنی ره‌شپۆش دێن به‌ره‌و رووت. كه‌شه‌فێكیان پێیه. سه‌ری خۆتی له‌سه‌ر داده‌نێی و كچێكی شه‌رمن وه‌ك پێشكه‌شی هه‌ڵیدێنێ به‌ره‌و ئاسمان.
چه‌قۆیه‌ك هه‌ڵده‌گری و هه‌ڵدێیه ده‌رێ. له ده‌ستتدا توند ده‌یگوشی. ده‌گوڕێنی:
" ده‌تكوژم، سه‌گباب!"
كۆڵان بێده‌نگه و سریوه‌ش نایه. تاریكانه. ژنه‌كه‌ت به شوێنته‌وه‌یه. ده‌ستت ده‌گرێ و به پاڕانه‌وه ده‌ڵێ:
ـ بۆوا ده‌كه‌ی؟ بۆ ئابڕوومان ده‌به‌ی؟ چاوی ده‌رێ، هه‌تیوێكه و تێده‌په‌ڕێ. به ئێمه چی؟
له نێو كۆڵان پێڵاو بۆیاخكراوێك سه‌ر راده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێ: ”پیاوی به‌دبه‌خت! ئای له ژن، یاڕه‌بی خراپی به‌شی كه‌س نه‌بێ !“
گریان هه‌نیسكی پێده‌دای. ژنه‌كه‌ت هێناییه‌وه ژوورێ. پێستی روومه‌تی گرژ ببوو، چرچی نێو چاوانت قووڵتر. زۆڕه‌زۆڕ ده‌گریای. له ئامێزی گرتی، خه‌وت لێكه‌وت .
سبحه‌ینێ به‌یانی زوو، مرادخانییه تازه‌كه‌ت له‌به‌ر كرد. پێڵاوه‌كانت بۆیاخ كرد. ماچێكت به ده‌ست له كوڵمی خێزانت هه‌ڵگرت و به ئه‌سپایی كوتت:
ـ بۆیه پێم‌خۆشه بۆ ماڵێ بگه‌ڕێمه‌وه، چونكه تۆی تێدای!
خێزانت سارد لێت ده‌ڕوانێ.
شه‌قامێكی پڕ هاتووچۆ. قاوه‌ڵتوونه. ژن و منداڵێكی چاو ته‌نێ ره‌شێنه، به‌ره‌و دووكانی ورده‌واڵه‌فرۆشێ ده‌چن. كه‌واوپاتۆڵ له‌به‌رێكی شۆخ دووكانداره. دوو مه‌لی نیگا هه‌ڵده‌فڕن. منداڵ چارشێوی دایكی ده‌كێشێ و ده‌ڵێ:
ـ دایه، شا! ئه‌و كابرایه عه‌ینی باوكم!
مرادخانی له‌به‌رێكی كه‌وش بۆیاخكراو، له‌و به‌ری شه‌قام ده‌ست له ده‌ستی قه‌ره‌جێكی چاوڕه‌ش دا سه‌یری دووكانێ ده‌كه‌ن....