
ئه‌و ڕۆمانه دوور و درێژه‌ی كۆتايی نايه و نايه و... نا!!
حوسێن شێربه‌گی
ده‌فه‌رمێ: “مه‌نده و شه‌نده پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته.”
منيش ده‌ڵێم ئه‌و عه‌يام ئه‌م وڵاته نه زه‌وی و زاری باشی بوو، نه شياوی جووت و گا و ژيوار و حه‌سانه‌وه بوو...
ده‌فه‌رمێ: “مه‌نده و شه‌نده كه پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته ئامۆزا بوون” هه‌ر ئه‌مه‌نده و هيچی دی.
به‌ڵام من ده‌ڵێم وێڕای ئه‌مانه، مه‌نده له شه‌نده گه‌ڕاوه‌تر و به‌ته‌مه‌نتر بوو، قسه‌زان و كارنه‌كه‌ر بوو، خاوه‌ن ژن و مناڵ و كۆشێك نانخۆر و جێگر بوو.
له ده‌قێكی پيرۆزدا نووسراوه: “شه‌نده و مه‌نده كه پێكه‌وه گه‌يشتنه ئه‌م وڵاته و پێكه‌وه ئامۆزا بوون، مه‌نده له شه‌نده گه‌ڕاوه‌تر و خاوه‌ن ژن و مناڵ بوو، به وته‌ی نووسه‌ر قسه‌زانتر و كارنه‌كه‌رتر بوو، پێكه‌وه مه‌رجيان به‌ست و قه‌رار وبڕيه‌يان دانا. پێكه‌وه ده‌ستيان دايه ده‌ستی يه‌ك و شان به شان ده‌ستيان كرد به كار و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته.”
به‌ڵام چۆنيان كار كرد و داهاتيان چۆن به‌ش كرد؟ ده‌قه پيرۆزه‌كان ڕووناكی ناخه‌نه سه‌ر و ڕوونی ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام من زياتری له‌سه‌ر ده‌دوێم و بگره هه‌ر زۆربه‌ی سه‌ربورده‌ی خۆيان و تۆره‌مه‌يانتان له نووكه‌وه تا ئه‌مڕۆ بۆ بگێڕمه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی ته‌مه‌ن باقی بێ و كه‌س نه‌مێنێ!
كه‌سێك له لايانگرانی ئه‌و ده‌قه پيرۆزه هه‌ڵده‌داتێ: “ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌مێنێ، بۆ كێی ده‌گێڕيه‌وه؟”
منيش ده‌ڵێم تكايه هه‌ڵمه‌ده‌نێ و قه‌راخی تێمه‌كه‌نه‌وه، ئێوه ئه‌وه‌نده‌تان له‌سه‌ره هه‌موو قسێك ببيستن و قسه‌ی ڕاست و درووست و باشتر هه‌ڵبژێرن!
هه‌ر ئه‌و زاته ده‌فه‌رمێ: “نووسه‌ر ده‌بێ ده‌می خاوێن كاته‌وه، نه‌ك زۆری له‌سه‌ر بڕوا و قسه‌ی له ده‌می خۆی زياتر بكا و ببێته ياغی و تاغی و باغی و ده‌ست بكا به هه‌ڵيته و په‌ڵيته و قسه‌ی وا بكا له‌سه‌ری زياد بن...”
به‌ڵام نا... گوێ بگرن. من ته‌واوه‌تی سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و دوو كه‌سه‌تان بۆ ده‌گێڕمه‌وه كه ناويان مه‌نده و شه‌نده بوو، پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته، ئامۆزا بوون و مه‌نده له شه‌نده گه‌ڕاوه‌تر بوو، مه‌نده خاوه‌ن ژن و مناڵ و كۆشێ نانخۆر و جێگر بوو، چاره‌نووسيان پێكه‌وه گرێ‌درابوو، مه‌نده كارنه‌كه‌ر بوو، زوور و زه‌حمه‌ت و خه‌رجی زگی خۆی و خێزانی له‌سه‌ر كار و زه‌حمه‌تی شه‌نده بوو. به‌ڵام قسه‌زانتر بوو، لێزانتر بوو. من گشت ئه‌مانه و شتی ديكه‌شتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه، ڕووناكی ده‌خه‌مه سه‌ر زۆر لايه‌نی تاريكی ئه‌م مێژووه و خوای ده‌كرد ئه‌و لايانگرانه‌ی پێيان ناخۆشه و زگيان دێشێ، مليان ده‌ماسی و چاويان ده‌بوو به گوێز و لووتيان ده‌بوو به زوڕنا و په‌نجه‌يان ده‌بوو به خه‌يار و...”
له ده‌قێكی عه‌هدی جه‌ديدا نووسراوه: “جا كه وايه ئێمه‌ش زياترتان بۆ ده‌گێڕينه‌وه. ئه‌و دوو كه‌سه‌ی پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته... به حوكمی خوای هه‌ژده هه‌زار عاله‌ميان، يه‌كه‌مينيان هه‌م ژن و ماڵی بوو، هه‌م كۆشێ مناڵی بوو، هه‌م قسه‌زان و لێزان بوو، هه‌م عه‌قڵ و كه‌ماڵاتی بوو، هه‌م كار و كه‌سبی بوو... خودا‌ش زه‌وی و زار و جووت و گا و ده‌غڵ و دانی پێ عه‌تا كرد! به‌ڵام هه‌ر به حوكمی خوای هه‌ژده هه‌زار عاله‌ميان ئه‌وی دووهه‌ميان هه‌م هه‌رزه‌كار بوو، هه‌م سه‌ڵت و ڕه‌به‌ن و به بێ‌ژن و ماڵ بوو، هه‌م به بێ زه‌وی و زار و جووت و گا و ده‌غڵ و دان بوو، ده‌يجا ده‌بايه شه‌نده به‌قسه‌ی مه‌نده‌ی كردبايه و مه‌نده چی ده‌كوت شه‌نده وای كردبايه.”
ديسان خۆم ده‌ڵێم: “مه‌نده و شه‌نده كه پێكه‌وه ئامۆزا بوون، پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته، له سه‌رێكه‌وه ڕاست وه‌ك يه‌ك وا بوون، يانی هه‌ردووك ده‌ست‌به‌تاڵ بوون، بێ‌زه‌وی و زار و جووت و گا بوون، ڕووت و ڕه‌جاڵ و برسی و تينوو بوون، ئه‌وه‌نده‌ی بوو مه‌نده به‌ته‌مه‌نتر بو، گه‌ڕاوه‌تر بوو، خاوه‌ن ژن و مناڵ بوو، ڕه‌ش و ڕووت و نانخۆر و جێگری زياتر بوو، ده‌سا ده‌بايه زياتری كار كردبايه، كه‌چی كاره‌كه پێچه‌وانه بوو، ئه‌گه‌م مه‌نده كارنه‌كه‌رتر بوو، شه‌نده به‌كارتر بوو، له كاردا ئازاتر بوو، شه‌نده زۆر هه‌ڵده‌سووڕا و زگی ئه‌و عه‌شيره‌ته ـ عه‌شيره‌تی مه‌نده ـ‌شی تێر ده‌كرد.
ده‌قی پيرۆزی عه‌هدی عه‌تيق ده‌فه‌رمێ: “ئه‌وه حيكمه‌تی خوايه؛ ڕزق و ڕۆزی ده‌هنده ئه‌ڵڵايه، سه‌ری بێ‌ڕۆزی له ژێر خاكايه. كه‌س به‌شی كه‌سی پێناخورێ، شه‌نده و مه‌نده هه‌ر دووك كاريان ئه‌كرد و نانيان ئه‌خوارد و براده‌رانه ڕايانئه‌بوارد...”
له كتێبه كۆنێكدا نووسراوه: كابرای دووهه‌ميان كه نه زه‌وی و زاری بوو، نه جووت و گای بوو، نه ژن و ماڵی بوو، خوازبێنی كيژی كابرای يه‌كه‌ميانی كرد كه هه‌ر له هه‌وه‌ڵڕا هه‌م ژن و مناڵی بوو، هه‌م گه‌ڕاوه‌تر بوو، هه‌م كارنه‌كه‌رتر بوو، هه‌م خاوه‌ن عه‌شيره‌تی ڕه‌ش و ڕووت و برسی و توونی و نانخۆر و جێگر بوو.
ده‌قێكی ديكه‌ی عه‌هدی جه‌ديد ده‌فه‌رمێ: “كه كابرای دووهه‌ميان (شه‌نده) هاته خوازبێنی كيژی كابرای يه‌كه‌ميان (مه‌نده)، مه‌نده نه‌يكرده نامه‌ردی و وتی: چاره‌نووس به‌ده‌ست خوايه، ئه‌وی خوا ئه‌يكا هه‌ر وايه. له لای خوا فه‌قير و ده‌وڵه‌مه‌ند و دارا و نه‌دار و پير و جوان و كورد و عاره‌ب وه‌كوو يه‌ك وايه... ئه‌وا من كه مه‌نده‌م، خاوه‌ن زه‌وی و زار و جووت و گا و سه‌روه‌ت و سامانم، خاوه‌ن ژن و ماڵ و مناڵ و تايه‌فه و عه‌شيره‌ت و ده‌ست و پێوه‌ند و ده‌سه‌ڵاتم، ئه‌م كيژه‌ی خۆم، ئه‌م پاره‌ی دڵ و ئه‌م جگه‌رگۆشه خۆشه‌ويسته‌م ده‌ده‌م به (شه‌نده) كه ڕووت و ڕه‌جاڵه، سه‌ڵت و قوڵته، بێ‌سه‌روه‌ت و سامانه، بێ ماڵ و حاڵه، بێكه‌س و كار و ته‌نياباڵه. به‌ڵام مه‌رجمان به‌و مه‌رجه‌ی له خۆمی دوور نه‌كاته‌وه، ئاخه ئه‌م جگه‌رگۆشه‌يه‌مم زۆر خۆشده‌وێ، به بێ ئه‌م ڕيشه‌ی دڵ و به‌ندی هه‌ناوه‌م تاقه چركه و خوله‌كێك له‌سه‌ر داری دونيا هه‌ڵناكه‌م. ئه‌م كيژه‌م ده‌ده‌م به شه‌نده، به‌ڵام ده‌بێ هه‌تا مابم له‌سه‌ر داری دونيايه، لێم دوور نه‌كه‌ونه‌وه تا ڕۆحم له‌به‌ردايه. ده‌ستی كيژم به ده‌سته‌وه بێ، چاوم له چاوی بێ، قه‌دوباڵای هه‌ر له‌به‌ر چاوم بێ، ئاخه شه‌نده گيان خۆ تۆش نه ژن و ماڵێكی ديكه‌ت هه‌يه، نه كار و كه‌سب و زه‌وی و زار و جووت و گای وات هه‌يه، نه بنه‌ماڵه و خزم و كه‌س و عه‌شيره‌تت هه‌يه، ده‌يجا له‌گه‌ڵ خۆمدا له شانی خۆمدا بمێننه‌وه. له‌به‌ر خۆشه‌ويستی كيژه‌كه‌م و له‌به‌ر دۆست و ديوناسی تۆ، زه‌وی و زار و جووت و گا و ده‌غڵ و دانی خۆت و نه‌وه و نه‌تيجه‌ت له‌سه‌ر من و نه‌وه و نه‌تيجه‌ی من هه‌تا دونيا له‌سه‌ر شاخی گا بێ و گا له‌سه‌ر پشتی ماسی بێ و ماسی له نێو زه‌ريا بێ...
كه‌سێك له لايه‌نگرانی ده‌قه پيرۆزه‌كه ده‌فه‌رمێ: سه‌ری بێ‌ڕزق و ڕۆزی له‌ژێر خاكايه، ڕزق و ڕۆزی هه‌ر له لای خوايه، له تۆ هيممه‌ت و له خوا به‌ره‌كه‌ت. ئه‌م دوو كه‌سه به بێ ناو و نيشانه، بوون به شه‌نده و مه‌نده‌ی نێو داری ئه‌م جيهانه. پێكه‌وه بوونه خه‌زوور و زاوا، پێكه‌وه كاريان كرد له سه‌ر زه‌وی خوا، ئه‌وی خوا كردبووی به قسمه‌ت، پێكه‌وه ده‌يانخوارد و پێكه‌وه ده‌ژيان و شاد و ڕازی بوون، دونياش كه‌وڵه‌نانێكی گه‌وره‌يه، خوا ڕايخستووه بۆ هه‌موان، به‌شی هه‌موانی تيايه...”
منيش ده‌ڵێم به‌م پێيه، به‌م حيساب و كيتابه، ئه‌م مه‌رجه بووه نه‌ريت له نێوان كابرای دووهه‌مدا كه هه‌ر له هه‌وه‌ڵڕا نه ژن و ماڵی بوو، نه زه‌وی و زار و جووت و گای بوو، له‌گه‌ڵ كابرای يه‌كه‌مدا كه ئه‌ويش له‌سه‌ره‌تادا تاقه هه‌ر مناڵ و ڕه‌ش و ڕووت و نانخۆر و جێگری زۆر بوو و ده‌بايه به كار و تێكۆشانی له‌ڕاده به‌ده‌ر زگيانی تێر كردايه. كه‌چی خۆی ته‌مه‌ڵ بوو، ته‌وه‌زه‌ل بوو، كارنه‌كه‌ر بوو، به‌ڵام لێزان بوو، قسه‌زان بوو، ته‌ڕڕاح بوو، گورگی دونياديده بوو، گه‌ڕاوه بوو، به‌ته‌مه‌ن بوو، دونيای زۆر ديبوو، سارد و گه‌رمی ڕۆژگاری چه‌شتبوو، سه‌رما و گه‌رمای زۆر ديبوو، وه‌ك ده‌وڵه‌ت وا بوو كه‌روێشكی به عاڕه‌به‌ی ده‌گرت، داهاتی ڕه‌نج و تێكۆشانی ديترانی به تاڵان ده‌برد.
به‌م پێيه، شه‌نده‌ش بووه خاوه‌ن ژن و ماڵ و مناڵ و نه‌وه و نه‌تيجه و تڕوته‌وێڵه و تايه‌فه و عه‌شيره، بووه كرێكار و ڕه‌نجبه‌ر و كاسبكار و نۆكه‌ری ئه‌و كابرايه‌ی كه پێكه‌وه هاتنه ئه‌م وڵاته و له سه‌ره‌تادا كه هاتنه ئه‌م وڵاته، هه‌ر دووك وه‌كوو يه‌ك وا بوون، يانی ڕووت و ڕه‌جاڵ و برسی و توونی بوون، به بێ‌زه‌وی و زار و جووت و گا بوون، به بێ سه‌روه‌ت و سامان بوون، به بێ ده‌سه‌ڵات و ئاغا و نۆكه‌ر بوون، وه‌لحاسڵ وه‌كوو يه‌ك وا بوون. كه‌چی له ئاكامدا، له سايه‌ی قسه‌زانی و لێزانيدا، مه‌نده و تۆره‌مه‌ی بوون به ماڵی بابه‌گه‌وره؛ له سايه‌ی شان و بازووشدا، شه‌نده و تۆره‌مه‌ی بوون به چووكه، بوون به خۆش‌نشين و كرێكار.
به‌ڵام ئه‌م ڕۆمانه دوور و درێژه، سه‌ربوورده‌يه‌كی ڕاست و درووسته، هه‌ر كه‌س هه‌ر چی ده‌ڵێ ده‌با بيڵێ. له پاش مه‌نده و شه‌نده‌ش كيژ و كوڕانی كابرای دووهه‌م بوون به كرێكار و نۆكه‌ر و ڕه‌نجبه‌ری كيژ و كوڕانی كابرای يه‌كه‌م كه ئێستا ئيدی زه‌وی و زار و جووت و گا و ده‌غڵ و دانی باشيان بوو، دارستان و عه‌شيره‌ت و ده‌سه‌ڵاتيان بوو.
ده‌قه پيرۆزه‌كه‌ی عه‌هدی عه‌تيق ده‌فه‌رمێ: “سه‌ره‌تا وشه بوو، وشه لای خوا بوو، وشه خوا بوو”، پياو ده‌بێ لێزان بێ، كارزان بێ، قسه‌زان بێ، جا با بزانم چۆن نابێ به مه‌نده...”
ده‌قه پيرۆزه‌كه‌ی عه‌هدی جه‌ديديش ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر مه‌نده ژنی هه‌يه و ماڵی هه‌يه و مناڵی هه‌يه و كار و كاسبی هه‌يه، شه‌نده‌ش ژنی هه‌يه و ماڵ و مناڵی هه‌يه و كار و كه‌سبی هه‌يه. ئه‌ی به‌س شه‌نده چی كه‌متره له مه‌نده؟”
منيش ده‌ڵێم ئه‌مه ڕيوايه‌يه، مێژووه، نه‌قڵه، هه‌رچی هه‌يه ده‌بێ لێكدرێته‌وه، ده‌بێ بگوازرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه ڕۆمانه و ئه‌م ڕۆمانه دوور و درێژه، هه‌ر درێژه‌ی هه‌يه و درێژه‌ی هه‌يه و كۆتايی نايه و نايه و نا.....!!