کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی "ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ری و ئاغاکه‌ی"
![]()
به‌شداربووانی ئه‌م کۆڕه ئه‌و هاوڕێیانه بوون: بریا کاکه‌سووری، سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده، سه‌یدقادر هیدایه‌تی، حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی، عه‌زیز مه‌حموودپوور، عه‌لی غوڵامعه‌لی و عومه‌ر خزرنژاد
بریا کاکه‌سوری :
ته‌وه‌ری کۆڕی ئه‌م جاره‌مان ڕۆمانی "ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ری و ئاغاکه‌ی" به‌رهه‌می دێنیس دیدێرۆیه. دێنیس دیدێرۆ یه‌کێک له فیلسووفان و نووسه‌رانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه. سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ش به سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و سه‌ده‌ی ڕۆشنگه‌ری نێوبانگی هه‌یه. له‌م چاخه‌دا جگه له هونه‌رمه‌ند و فیلسوف، نووسه‌ری گه‌وره‌شی تێدا هه‌ڵ که‌وتووه. وه‌ک دانیه‌ل دێفۆ، که یه‌کێک له ده‌سپێکه‌ران و سه‌ره‌تاکانی ڕۆمانه. جاناتان سویفت و ئه‌لێکساندێر پۆپ و سامۆئێل ڕیچاردسۆن و هێنری فێلدینگ و سامۆئێل جانسۆن له نووسه‌رانی نێوداری ئه‌م سه‌ده‌یه‌ن؛ هه‌روه‌ها زۆر نووسه‌ری دیکه‌ش. دێنی دیدێرۆش یه‌کێک له‌م نووسه‌رانه‌یه که له سه‌ره‌تادا به فه‌لسه‌فه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا و پاشان له گه‌ڵ هاوڕێیانی به ئه‌نسکلۆپێدیا(دایه‌ره‌تولمه‌عارف)ه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بێ و ده‌بێت به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ئه‌ندامانی ئه‌نسکلۆپێدیای فه‌رانسه. دیدێرۆ و گالامبێر ده‌بنه ڕێبه‌ر و سه‌رده‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌که. که ڕه‌وتێکی یه‌گجار گه‌وره‌یه و هه‌ر ئه‌وده‌میش هه‌ڵاوهه‌نگامه‌ی زۆری له‌سه‌ر ساز بوو و له ساڵی 1762دا له لایه‌ن حکومه‌ت و کلیساوه گرفتیان بۆ ساز ده‌بێ و به ناچار دیدێرۆ تا ڕاده‌یه‌ک خۆی له‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌کشێته‌وه. هاوکاتیش هێندێک ڕه‌خنه‌ی توندی ئاراسته ده‌که‌ن و تاوانباری ده‌که‌ن به‌وه که بۆته باربه‌ری کتێب و نووسراوه‌ی ئه‌م و ئه‌و. هه‌ر بۆیه‌ش مه‌شکوک ده‌بێ و ده‌ڵێ بڵێی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕاست بێت و ئه‌و بۆ خۆی توانایی نووسینی نییه؟! هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ست ده‌کا به نووسینی یه‌که‌م ڕۆمانی به نێوی"ڕاهیبه" به دوای ئه‌ویشدا ڕۆمانی "برازای ڕامبۆ " ده‌نووسێ و له پاشان دێته سه‌ر " ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ری و ئاغاکه‌ی" که کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له تریسترام شه‌ندی وه‌رگرتووه و خودی تریسترام شه‌ندیش شوێنی له دۆن کیشۆت وه‌رگرتووه و ده‌توانین بڵێین هه‌رکیان شاخه‌یه‌کن له دۆن کیشۆت، به‌ڵام هه‌رکامه‌یان به ڕێیه‌کدا ڕۆیشتوون و دوو ڕێگای جیاوازن. تریسترام شه‌ندی نیشانده‌ری ئینسانی کاریکاتۆری و نێوخاڵییه و ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ریش ڕۆمانی سه‌فه‌ر و ئاغا و نۆکه‌ر و به شێوه‌ی داستان له داستاندا ده‌گێڕدرێته‌وه.
ڕۆمانی ژاک به گێڕانه‌وه‌ی داستانی عیشق و عاشقی ژاکه‌وه ده‌ست پێده‌کا و ئاغاش چاوه‌ڕوانه هه‌رچی زووتر ئه‌م چیرۆکه ته‌واو ببێ، به‌ڵام به هۆی ئه‌و ڕوداوانه‌ی له ڕۆمانه‌که‌دا دێنه پێش ئه‌م داستانه هه‌تا ئاخر لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه به ئاکام ناگا. به‌ڵام بنه‌ڕه‌تی ترین کار له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر دێته نێو ڕۆمانه‌وه و حوزور په‌یدا ده‌کا. جاران نووسه‌ر حه‌ولی ده‌دا به شێوه‌یه‌ک بنووسێ که خوێنه‌ر له بیری بچێته‌وه نووسه‌رێ له نێو کتێبه‌که‌دا حوزوری هه‌یه و ببێته که‌سایه‌تییه‌کی خودموختار و جیا له کتێبه‌که‌ی. به‌ڵام دیدێرۆ هاتووه و هێناویه‌تی له یه‌که‌م دێڕه‌کانه‌وه ده‌ور و رۆلی نووسه‌ری زۆر گه‌وره کردۆته‌وه. نووسه‌ر له په‌ستا وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاوێکی سارد به‌سه‌ر خوێنه‌ردا بکا دێت و پێی ده‌ڵێ لێره‌دا ئه‌و داستانه ته‌واو ده‌کا و ده‌چێته سه‌ر داستانێکی دیکه. یان پرسی پێده‌کا ئایا پێی خۆشه داستانه‌که درێژه‌ی ببێ یان نا. بۆ یه‌که‌م جار نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی زه‌ق و به‌رچاو دێته نێو درێژه‌ی چیرۆکه‌وه و ته‌نانه‌ت له هێندێک جێ‌دا که خوێنه‌ر تامه‌زرۆی درێژه‌ی باسه‌که‌یه، ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی ویستی خوێنه‌ر له شتێکی دیکه ده‌دوێ.
که دێینه نێو سه‌ده‌ی نۆزده و بیست تیۆری داڕێژانی ئه‌ده‌ب به شێوه‌یه‌کی عه‌جیب له چه‌ن ده‌نگی ئاسه‌واری نووسه‌ران ده‌دوێن و باس له چه‌ن ده‌نگی بوونی به‌رهه‌می داستایوفسکی ده‌که‌ن که هه‌ر که‌سایه‌تییه‌ی ده‌نگی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین زۆر پێشتر له ژاکدا، دیدێرۆ ئه‌م کاره‌ی کردووه و به شێوه‌یه‌کی یه‌گجار ئاساییش ئه‌و کاره‌ی کردووه.
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده:
شتێکی که من پێم خۆش بوو لێی بدوێم، شوێن وه‌رگرتنی ئه‌م ڕۆمانه‌بوو له" هه‌زار و یه‌ک شه‌و". من پێموایه دیدێرۆ له نووسینی ڕۆمانه‌که‌یدا زیاتر له هه‌موو به‌رهه‌مێک له ژێر کاریگه‌ری هه‌زار و یه‌ک شه‌ودا بووه. به‌ڵام جیاوازییه‌کی سه‌ره‌کی له نێوان ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌دا ئه‌وه‌یه که له هه‌زار و یه‌شه‌ودا داستانه‌کان به ئاکام ده‌گه‌ن و کۆتای‌یان پێ دێ، به‌ڵام له ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ریدا ئێمه له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک چیرۆکی به ئاکام نه‌گه‌یشتوو ڕووبه‌ڕووین. که زۆربه‌ی ئه‌م گێڕانه‌وانه به سه‌ره‌نجام و کۆتاییه‌ک ناگه‌ن. دیدێرۆ به پێچه‌وانه‌ی هاوچه‌رخه‌کانی خۆی که پێیان وابوو نووسه‌ر ده‌بێ بیر و فکری خۆی له قاڵبی نووسراوه و قاره‌مانه‌کانی خۆی به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێ، ئه‌و پێی وایه که نووسه‌ر نابێ وه‌ها کارێک بکا و نووسه‌ر ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌کی مه‌علووم ده‌ستی خوێنه‌ر بگرێ و خوێنه‌ر بۆ خۆی ئه‌م ڕێیه ببڕی، نووسه‌ر ته‌نیا ده‌بێ خوێنه‌ر دنه بدا و نابێ فکر و ئیده‌یه‌ک بخاته زه‌ین و زاری خوێنه‌ر. شتێکی دیکه که له ڕۆمانی ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ریدا به‌رچاوم که‌وت سنووری نێوان واقع و خه‌یاڵ بوو، ئێمه وه‌ک خوێنه‌ر له زۆر جێ‌دا لێمان ده‌شێوێ که ئایا به ڕاستی نووسه‌ر واقعیه‌تێک به‌یان ده‌کا یان نا ئه‌وانه خه‌ون و خه‌یاڵاتی ژاک و ئاغاکه‌یه‌تی. سنووری نێوان ئه‌و شتانه به تاڵه موویه‌ک به‌ندن و نووسه‌ر زۆر لێهاتوانه له‌و بابه‌تانه ده‌دوێ و به بڕوای من ئه‌وه یه‌کێک له خاڵه به هێزه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه بوو.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی:
باسی شوێن وه‌رگرتنی رۆمانی ژاک کرا؛ هه‌ر وه‌ک ئاماژه کرا له لایه‌که‌وه ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی وه‌ک هه‌زار و یه‌ک شه‌و و دێکامێرۆن و له لایه‌کی دیکه‌وه به تایبه‌ت رۆمانی تریسترام شه‌ندی شوێنێکی به‌رچاویان له سه‌ر ژاک داناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه شێوه‌ی شوێن دانانه‌که‌یه؛ به جۆرێک که توانیویه‌تی له سه‌ر شانی ئه‌وانه‌وه دنیایه‌کی نوێ ڕۆ بنێ. میلان کۆندرا باسی جیاوازی ژاک له گه‌ڵ تریسترام شه‌ندی ده‌کا و پێی وایه یه‌کێک له جیاوازییه‌کان جیاوازیی ستراکتووری و ساختارییه؛ یانی تریسترام شه‌ندی بگێڕه‌وه(ڕاوی) به شێوه‌یه‌کی تاک وێژی(تک گویی) له هه‌وه‌ڵه‌وه هه‌تا کۆتایی ده‌یگێڕێته‌وه به‌ڵام له ژاکدا چه‌ند ده‌نگیییه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌بینرێ و ئه‌و چه‌ند ده‌نگییه فه‌زای زاڵی رۆمانه‌که‌یه. جیاوازی دووهه‌م ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر شێوازی کارکردن له سه‌ر رۆمان؛ گێڕانه‌وه له تریسترام شه‌ندیدا میکرۆسکۆپییه یانی له سه‌ر شتی زۆر ورد ڕاده‌وستێ و ده‌توانێ زه‌مان راگرێ و کاتێکی زۆر به شتێکی لاوه‌کی و ورد و چکۆله‌وه خه‌ریک بێ. به‌ڵام له ژاکدا گێڕانه‌وه تلیسکۆپییه و کامێرا زه‌مانێکی گشتی زۆر به خێرایی تێده‌په‌ڕێنێ. هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی تریسترام شه‌ندی به شێوه‌یه‌کی هێواش و ئارام و له سه‌ره‌خۆ ده‌چێته پێش وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ئانقه‌ست بیهه‌وێ ڕقی خوێنه‌ر هه‌ستێنێ و ماندووی بکا، به‌ڵام گێڕانه‌وه له ژاکدا به پێی شوێنێکی که له ئه‌ده‌بیاتی خه‌یاڵی وه‌ریگرتووه یه‌گجار تونده و به خێرایی تێپه‌ڕ ده‌بێ.
جیاوازییه‌کی بنه‌ره‌تی دیکه ئه‌وه‌یه که له تریسترام شه‌ندیدا گێڕانه‌وه به شێوازی داستان له نێو داستاندا نییه به‌ڵکوو له تریسترام شه‌ندیدا په‌راوێز له نێو په‌راوێزدایه یانی به‌سه‌رهاتی سه‌ره‌کی له نێو بێ بڕانه‌وه په‌راوێز و حاشیه‌دا ون ده‌بوو. په‌راویزه‌کان نه‌ده‌بوونه داستانێکی ناته‌واو وه‌ک ژاک و نه‌شده‌بوونه داستانێکی ته‌واو وه‌ک دۆن کیشۆت؛به‌ڵام له ژاکدا په‌راویز هه‌ڵواسین و حاشیه ڕۆیشتن نابیندرێ به‌ڵکوو داستانێک له نێو داستانێکی دیکه‌دا داده‌مه‌زرێ به بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو بێ.
حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی:
به بۆچوونی من ده‌ست پێکردنی ڕۆمانی ژاکی قه‌زا و قه‌ده‌ری جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕۆمانانه‌ی هه‌تا ئێستا خوێندومانه‌ته‌وه. هه‌ر له ده‌سپێکدا له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌که‌وێته قسه‌کردن و قاره‌مانه‌کانی پێ ده‌ناسێنێ و ئه‌وه‌ی که له کوێ‌را هاتوون و به چییه‌وه سه‌رقاڵن و بۆ کوێ ده‌چن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌وه نووسه‌ر حزوری هه‌یه؛ به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی شاراوه. جوانی ئه‌وه له‌وه‌دایه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژاک و ئه‌رباب سه‌فه‌ریان ده‌ست پێکردووه و داستانی خۆیان ده‌ست پێکردووه، له‌وێدا خوێنه‌ر و نووسه‌ریش داستانه‌که‌یان ده‌ست پێده‌که‌ن و نووسه‌ریش ڕێگا تازه‌که‌ی که تا ئه‌وده‌م باو نه‌بووه ده‌ست پێده‌کا. ئه‌وه‌م بۆیه باس کرد چونکوو حوزوری نووسه‌ر و خوێنه‌ر له ڕۆمانه‌که‌دا پڕڕه‌نگترین تێکنیکه. له زۆر جێ‌دا نووسه‌ر راسته‌وخۆ تیز و گاڵته به خوێنه‌ر ده‌کا. ئه‌م ڕه‌وته یانی گاڵته به خوێنه‌ر هه‌تا ئاخری ڕۆمانه‌که درێژه په‌یدا ده‌کا. یان جاری وایه چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ر درووست ده‌کا و ڕاست له‌و وه‌خته‌دا که ئێمه پێمان خۆشه داستان به کۆتایی بگات مه‌سه‌له‌یه‌ک دێته گۆڕێ و درێژ ده‌بێته‌وه. مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه بۆچوونی ژاکه بۆ ژیان که بناغه‌ی چیرۆکه‌که‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی قه‌زاوقه‌ده‌ره. شتێکی دیکه که زۆر گرینگه له‌م ڕۆمانه‌دا چۆنیه‌تی ڕه‌فتار کردنی ژاکه له گه‌ڵ ئه‌رباب. یانی ژاک (وه‌ک نۆکه‌رێک)له زۆر جێ‌دا ده‌سه‌ڵاتی بڕیار دان به ده‌سته‌وه ده‌گرێ و ڕێوشوێن بۆ ئه‌رباب دیاری ده‌کات. له ڕاستیدا دیدێرۆ تیپێک له ئه‌رباب و نۆکه‌ر به ئێمه نیشان ده‌دا که له‌وێدا نۆکه‌ر ده‌توانێ ده‌نگی خۆی هه‌بێ و خۆی له‌و کۆیلایه‌تییه ڕزگار بکا. هه‌ربۆیه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دووانه له چاو دۆن کیشۆت و نۆکه‌ره‌که‌ی جیاوازی هه‌یه.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی:
... له دۆن کیشۆتدا ده‌وری سه‌ره‌کی به ئاغاکه‌یه، به‌ڵام له ژاکدا ڕۆڵی سه‌ره‌کی، نۆکه‌ره‌که یانی ژاک ده‌یگێڕێ؛ شایه‌د بتوانین بڵێین ئه‌و جیاوازییه خۆی ده‌ربڕی جیاوازیی نێوان دوو سه‌رده‌م و جۆرێک گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نیشان بدا ...
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده:
ئێمه ناتوانین ئه‌وه بۆ جیاوازی نێوان ئه‌م دوو ڕۆمانه وه‌ک ده‌لیلێک قه‌بوڵ بکه‌ین ، به‌م هۆیه که ئه‌وانه دوو ڕۆمانی جیاوازن ئه‌گه‌ر قه‌رار بوایه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له هه‌ردوو ڕۆمانه‌که‌دا وه‌ک یه‌ک ڕووی دابوایه، له راستیدا هیچ هونه‌رێکیان نه نواندبوو. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین که هه‌ردوو ڕۆمانه‌که شین‌گێڕی و وایلۆک(مه‌رسییه)ن بۆ ده‌ورانی مه‌رگی فێئۆدالی و ئه‌وه‌ی که ئه‌م ده‌ورانه به کۆتایی گه‌یشتووه.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
هه‌ڵبه‌ت منیش پێم وایه له‌م دوو ڕۆمانه‌دا ڕۆڵی نۆکه‌ر وه‌ک یه‌کێک له بنه‌ڕه‌ته‌کانی ئه‌م ڕۆمانانه ئاڵ و گۆڕی زۆری به‌سه‌ر داهاتووه. نه‌قشی ژاک له چاو سانچۆ جیاوازییه‌کی به‌رچاوی به خۆوه بینیوه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه ئه‌م دوو ڕۆمانه لێک جیاواز بن. ته‌وه‌ر و ناوه‌ندی ڕۆمانه‌که له‌سه‌ر گێڕانه‌وه دامه‌زراوه و ساغ بۆته‌وه. یانی به‌سه‌رهاتی گێڕانه‌وه و چۆنیه‌تی ڕیوایه‌تی چیرۆکه. مه‌سه‌له‌ن خودی ژاک که که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که‌یه به هۆی گێڕانه‌وه‌وه ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌کا. به‌ڵام له دۆنکیشۆتدا ئه‌م شته نابینین. سانچۆ که‌سایه‌تییه‌کی (مونفه‌عیل) و بێده‌سه‌ڵاته. یانی ئه‌و پێگه‌یه‌ی که ژاک له ڕه‌وتی ڕۆماندا هه‌یه‌تی سانچۆ نییه‌تی.
سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده:
له بابه‌ت سانچۆوه منیش پێموایه جیاوازه قسه‌م له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام به ڕای من سانچۆ کاریکاتۆڕێکه له خودی دۆن کیشۆت و بێتوو لێی بکۆڵینه‌وه دۆن کیشۆت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاغا و ئه‌ربابه به‌ڵام زۆر له سانچۆ کوڵۆڵتر و چاره ڕه‌شتره و ته‌نانه‌ت بێ ده‌سه‌ڵات تریشه.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
به‌ڵام که‌سایه‌تی ژاک له ڕۆمانه‌که‌دا بێ ده‌سه‌ڵات و مونفه‌عیل نییه، ژاک بۆ خۆی بگێڕه‌وه‌ی بیر و فکرێکی تایبه‌ته له به‌رامبه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئهربابدا. ژاک بڕوای به قه‌زاوقه‌ده‌ر هه‌یه و پێی وایه له هاتنه گۆڕێی ڕووداوه‌کاندا ده‌ستی نییه، به‌ڵام به پێچه‌وانه ئه‌ربابه‌که‌ی وه‌ها بۆچوونێکی نییه و خۆی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی خاوه‌ن ئیختیار به ئێمه ده‌ناسێنێ و دیالۆگ و تێک ئه‌نگوانێک له نێوان ئه‌م دوو بۆچوونه‌دا به‌دی دێ و ئه‌ساسی ڕۆمانه‌که‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه.
بریا کاکه‌سووری:
منیش پێم وایه ئه‌و شته هه‌یه و به ئانقه‌ستیش دیدێرۆ هیناویه‌تی. له دۆن کیشۆتیشدا سانچۆ چه‌ن جارێک له به‌رامبه‌ر ئهربابدا ڕاده‌وه‌ستێ و ته‌نانه‌ت قسه‌ی به‌رز و نه‌ویش ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و هه‌لوێست و له به‌رانبه‌ر ڕاوه‌ستانه‌ی سانچۆ ناگاته له به‌رانبه‌ر ڕاوه‌ستانی ژاک. ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به‌و سه‌رده‌مه‌وه هه‌یه که دیدێرۆی تێدا بووه یانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری که دیدێرۆ بۆ خۆی یه‌کێک بووه له که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه. سه‌رده‌م سه‌رده‌می عه‌قڵ باوه‌ڕی و ته‌جره‌به باوه‌ڕی و دوور که‌وتنه‌وه که خۆرافات و ئه‌رباب په‌ره‌ستییه. هه‌روه‌ک ده‌زانین ده ساڵ دوای ژاک شۆڕشی فه‌رانسه روو ده‌دا که شۆڕشی هه‌ژارانه و هه‌تا ئێستاش گه‌وره‌ترین شۆڕشه. له‌م ڕۆمانه‌شدا دیدێرۆ ئه‌م کاره‌ی به ئانقه‌ست کردووه هه‌تا ئینسانه‌کانی چینی خوارێ بێنێته سه‌رێ و بیانگه‌یه‌نێته جێگایه‌ک که له به‌رامبه‌ر ئهربابدا ڕاوه‌ستێ. ئه‌وه‌ش به شێوه‌یه‌کی ئاسایی نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه‌ی که تا دوێنێ نۆکه‌ر و فه‌رمانبه‌ر بووه ئه‌وڕۆ ده‌توانێ قسه‌ی خۆی هه‌بێ و له به‌رامبه‌ر ئه‌ربابه‌که‌یدا ڕاوه‌ستێ و قانعیشی بکات. ئه‌م کاره‌ش سه‌لماندنی ئه‌و بیر و بۆچوونه‌یه که کاریان بۆ کردووه.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
ئه‌وه زۆر گرینگه که بزانین دژایه‌تی ژاک له گه‌ڵ ئه‌ربابه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و شته نه‌بووه، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک بووه. له‌و جێیانه‌ی که ئه‌رباب به ژاک ده‌ڵێ داستانی عیشق و عاشقی خۆی بگێڕێته‌وه و ئه‌مری پێده‌کا که به هۆی ئه‌وه که ئه‌و، ئه‌ربابه و ژاک نۆکه‌ر، درێژه به گێڕانه‌وه‌ی خۆی بدات، ژاک زۆر ئاسایی پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ که جارێ حه‌وسه‌له‌ی نییه و ده‌بێ بچێ بخه‌وێ و دژایه‌تیش هه‌ر له‌سه‌ر درێژه‌نه‌دانی گێڕانه‌وه‌یه و نێوانی ئه‌رباب و ژاکیش هه‌ر به‌م هۆیه ده‌شێوێ.
بریا کاکه‌سووری:
کێشه‌که کێشه‌ی چینایه‌تی و ئه‌م جۆره شتانه نییه، به‌ڵام لێره‌دا نیشانی داوه که ژاک ده‌توانێ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له چکۆله‌یه ڕای خۆی ده‌رببڕێ. دیدێرۆ جیا له‌وه‌ی که ژاکی گه‌وره کردۆته‌وه گرینگییه‌کی تایبه‌تیشی داوه به ژنان. بۆ وێنه ژنی مسافیرخانه‌داره‌که و ئه‌و ڕۆڵه‌ی له چیرۆکه‌که‌یدا پێی به‌خشیوه زۆر گرینگه. یان که‌سایه‌تی خانمی دۆلاپۆمره مه‌عشوقی مارکی دێزارسی که خه‌یانه‌تی پێ ده‌کرێت، نه‌خشه‌ی زۆر باش بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه داده‌ڕێژێ. من پێموایه دیدێرۆ به ئانقه‌ست نه‌قشی ژاکی له به‌رامبه‌ر ئهربابدا پڕ ڕه‌نگ کردووه و ڕۆڵی ژنیشی وه‌ک چینێکی زوڵم لێکراو له ڕۆمانه‌که‌یدا به‌رز کردۆته‌وه.
سه‌یدقادر هیدایه‌تی:
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ک میلان کۆندرا باس ده‌کا تێمی ئاغا و نۆکه‌ر و ململانێی نێوان ئه‌و دووانه له نێو مێژووی رۆمان‌دا له هه‌موو قۆناغه‌کاندا هه‌بووه و به شێوه‌یه‌کی سه‌یر دووپات بۆته‌وه و سووڕێکی گه‌وره‌ی داوه و ئه‌م کێشه‌یه جار له گه‌ڵ جار گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه. له دۆن کیشۆت و تریسترام شه‌ندی و ژاک و ته‌نانه‌ت له یولیسێزی جۆیس و "به‌رماوی ڕۆژی"ی ئیشی گۆرۆشدا ئێمه ده‌بینین دیسان ئه‌رباب و نۆکه‌ر دێنه‌وه کایه و ته‌وه‌ری گێڕانه‌وه پێک دێنن و به‌رده‌وامییه‌ک له‌م تێمه‌دا ده‌بیندرێ و ئه‌م به‌رهه‌مه گه‌ورانه هه‌موویان هه‌ر کام به جۆرێک باسی ئه‌و کێشه‌یه ده‌که‌ن. له هه‌ر سه‌رده‌م و له هه‌ر رۆمانێکدا جۆری گێڕانه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌کان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه و ئه‌وه‌ش زۆر جێگای سه‌رنج و تێڕامانه.
له باسی هاوڕێیاندا دوو بابه‌تی سه‌ره‌کی هاتنه گۆڕێ که پێم وایه دوو لایه‌نی ئه‌ساسی ڕۆمانه‌که‌ن. یه‌کیان قه‌زاوقه‌ده‌ر و یه‌کیشیان گێڕانه‌وه بوو. هه‌رچه‌ن پیاو ناتوانێ ڕۆمانه‌که له بۆچوونێکی به‌رته‌سکدا یان له شتێکدا یان ته‌نیا له تیۆرییه‌کی ئه‌ده‌بی فه‌لسه‌فی یان خوێندنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه‌دا که‌م بکاته‌وه یانی(ته‌قلیل)ی بدا. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین له باری ناوه‌رۆکه‌وه یه‌کێک له تێمه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه قه‌زاوقه‌ده‌ره. له باری فۆرم و تێکنیکه‌وه سه‌ره‌کی ترین بابه‌ت گێڕانه‌وه‌یه. یانی گێڕانه‌وه‌ی داستان له نێو داستاندا و کایه کردن به ده‌نگه جیاواز و جۆراوجۆره‌کان ساختاری ڕۆمانه‌که پێک دێنێ. تۆدۆرۆف ده‌ڵێ:" فۆرم ده‌توانێ مانای تازه و ناوه‌ڕۆکی تازه دروست بکات." فۆرمی تازه‌ی ژاک ته‌واو له خزمه‌تی ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که‌دایه که تێمی قه‌زاوقه‌ده‌ره. یه‌کێک له تکنیکه به‌ر‌چاوه‌کانی رۆمانه‌که ئه‌وه‌یه که به‌رده‌وام به گوێی خوێنه‌ردا ده‌چپێنێ که خوێنه‌ر ده‌سه‌ڵات و(ئیختیار)ی ئه‌وه‌ی هه‌یه له گێڕانه‌وه و گۆڕانه کوت و پڕه‌کانی چیرۆکه‌کاندا به‌شداری بکا. تکنیکێکی دیکه هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ر ده‌توانێ له کۆتایی ڕۆمانه‌که و له‌کۆتایی چیرۆکه لاوه‌کییه‌کاندا به‌شدار بێ؛ ئه‌وه یانی تۆ وه‌ک خوینه‌رێک ته‌واو ئازادی و ئیختیارت هه‌یه و هه‌مووشتێک له‌سه‌رێ نه نووسراوه!! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌و تکنیکانه و ئه‌و فۆرمه تازه‌یه ته‌واو توانیویانه مانا و ناوه‌رۆکێکی تازه به‌دی بێنن. به جۆرێک که هه‌ست ده‌کرێ که شه‌ڕ له گه‌ڵ کێشه‌ی قه‌زاوقه‌ده‌ر و جه‌بر و ئیختیار که ئه‌و ده‌م له سه‌ده‌ی هه‌ژده یه‌کێک له گرفته سه‌ره‌کییه‌کان بووه، به فۆرمێکی نوێ باس کراوه. هونه‌ری دیدێرۆ له‌وه‌دا بووه که له جیاتی ئه‌وه‌ی که به زمانی وتار و فه‌لسه‌فه باسی ئه‌و کێشه‌یه بکا به زمانی داستان و به فۆرمێکی ته‌واو تازه له‌و کێشه‌یه دواوه. ساختار و فۆرمی رۆمانه‌که ئه‌وه نیشان ده‌دا که ئینسان خاوه‌ن ڕا و ئیختیاره. ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه که له ساختاری ڕۆمانه‌که‌شدا ئه‌و ئیختیاره دراوه به خوێنه‌ر که بتوانێ له ساز کردن و ته‌نانه‌ت له کۆتاییشدا ده‌توانێ کام یه‌ک له‌و دوو ڕێگایه‌ی وا پێی خۆش بێ یه‌کیان بۆ کۆتایی رۆمانه‌که هه‌ڵبژێرێ! به بڕوای من ئه‌م خاڵه یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه بوو.
هه‌روه‌ک ده‌زانین میلان کۆندرا پێداگرییه‌کی زۆر له سه‌ر ژاکی قه‌زاوقه‌ده‌ری ده‌کا و له دابه‌شکردنه‌که‌یدا، تریسترام شه‌ندی و ژاکی قه‌زاوقه‌ده‌ری له خانه‌ی ڕۆمانی "کایه"دا داده‌نێ. کایه له لایه‌که‌وه خۆشی و تازه‌یی و سه‌رزیندوویی(طراوت) و به‌ربڵاوی و ئازادییه‌کی زۆری تێدایه؛ به‌ڵام له لایه‌کیشه‌وه کایه هه‌رچه‌ند کایه‌ش بێ، بێ قاعیده و قانوون و بێ یاسای تایبه‌ت به خۆی نییه. دیدێرۆ بۆ خۆی هه‌میشه له نێوان ئه‌م دوو شته‌دا له هاتووچۆدا بووه. بۆخۆی له لایه‌که‌وه فیلسووفێکی ته‌جره‌به‌باوه‌ڕ بووه و شوێنی وه‌رگرتوو له عه‌قڵ باوه‌ڕییه‌ک که پێی وابووه بنه‌ره‌تی هه‌موو شتێک عه‌قڵه و هیچ خۆرافه‌یه‌ک و هیچ خه‌ونێک و ته‌نانه‌ت هیچ ئیده و شێعرێک وجودی نییه له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به تایبه‌ت له رۆمانی ژاکدا ئیدئالیستانه ته‌ماشای ئینسان و کێشه‌کانی ده‌کا و هه‌ر وه‌ک کاک سوله‌یمانیش ئاماژه‌ی پێ‌کرد له‌م رۆمانه‌دا سنووری نێوان خه‌ون و واقعیه‌ت مه‌ودایه‌کی یه‌گجار که‌میان هه‌یه، یانی ئه‌و بۆچوونه ویشک و پۆزێتیڤستییه‌ی سه‌ده هه‌ژده زاڵ نییه به‌سه‌ر ڕۆمانه‌که‌دا. هه‌ڵبه‌ت ئینسان وا هه‌ست ده‌کا که بناغه‌ی گۆڕانی ئه‌و عه‌قڵ باوه‌ڕییه هه‌ر له تاقمی ئه‌نسکلۆپێدیا(دایه‌ره‌تولمه‌عارف)دا ده‌بینرێ؛ رۆسۆ یه‌کێک له وتار نووسانی ئه‌نسکلۆپێدیا بووه و دیدێرۆ شوێنی له ڕۆسۆ وه‌رگرتووه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌بینین ڕێکوپێکی و (نه‌زم)ێک له‌و په‌ڕی بێ نه‌زمیدا به‌سه‌ر رۆمانه‌کدا زاڵه. هێندێک له ڕه‌خنه‌گرانی سه‌ده‌ی هه‌ژده بۆیه ژاکی قه‌زاوقه‌ده‌رییان پێ لاواز بوو پێیان وابوو زۆر شپه‌رزه و بێ نه‌زمه و زۆر ئاڵۆزی تێدایه. به‌ڵام دواتر که‌شف کرا که له‌و په‌ڕی پێچه‌ڵاوپێچی و ئاڵۆزیدا نه‌زم و ڕێکوپێکییه‌کی تایبه‌ت به‌دی هاتووه. هه‌ر ئه‌وه‌شه که کۆندرا پێی وایه یه‌کێک له سه‌ر زیندووترین و گه‌شترین ڕۆمانه‌کانی مێژووی ڕۆمانه.
بریا کاکه‌سووری:
سه‌یدقادر کوتی ڕۆمانێکی مۆدێڕن و پێچه‌لاوپێچه، به‌ڵام من ئه‌و رۆمانه‌م سه‌ر ڕاستتر دی. له دوو جێگادا نه‌بێ: یه‌کێک له‌و جێیانه‌ی قووڵی کردۆته‌وه و نیشانه‌یه‌کی وا به ده‌سته‌وه نییه که بزانین ئه‌سڵی بابه‌ته‌که چییه ئه‌ویش دوو ئه‌فسه‌ره‌که‌ن که نه به یه‌که‌وه هه‌ڵ ده‌که‌ن و نه بێ یه‌کیش هه‌ڵ ده‌که‌ن. ئه‌م دووانه پێویستی به‌وه هه‌یه که باسی لێ بکردرێ و شی بکرێته‌وه. جێگایه‌کی دیکه‌ش کڕینی ئه‌سپه‌که‌یه که له ڕێگادا کوت و پڕ هه‌ڵدێ بۆ سه‌ر ته‌پکه‌که بۆ لای سێداره‌که. یانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌سپه بۆ لای سێداره‌که شتێکی ئاسایی نییه و ئێمه دوایی لێمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و ئه‌سپه ئه‌سپی جه‌للادێکه بۆیه خێرا هه‌ڵدێته‌وه بۆ لای سێداره‌که.
عه‌لی غولامعه‌لی:
ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی که ئاماژه‌ی پێکرا و کوترا که ئه‌م ڕۆمانه ده‌چێته خانه‌ی رۆمانی "کایه"وه.ئه‌وه له لایه‌که‌وه و له لایه‌کی دیکه‌وه ته‌واوی ساختاری ڕۆمانه‌که له‌سه‌ر کێشه‌ی قه‌زاوقه‌ده‌ر قسه ده‌کا. تۆ لێره‌دا پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش بێ قه‌ده‌رێک بۆ ئه‌و دوو که‌سه داڕێژراوه یان قه‌ده‌رێک بۆ ئه‌و ئه‌سپه داڕێژراوه که ئه‌و وه‌ک ته‌راوه‌ت و سه‌رزیندووییه‌ک ژیانی له گه‌ڵ تێپه‌ڕ ده‌کا. ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوو ئه‌فسه‌ره‌که که له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵ ناکه‌ن و بێ یه‌کیش هه‌ڵ ناکه‌ن ڕه‌نگه هه‌ر نه‌وعێک کایه و سه‌رزیندوویی بێ بۆ ئه‌وان و ژیانیان پێ ده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر وایه ئه‌وه قه‌ده‌رێکه بۆ ئه‌وان؛ یان ئه‌و ئه‌سپه که زیاده له هه‌موو ئه‌سپی دنیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بن سێداره‌که. ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئاساییمان بۆ ئه‌و شته هه‌بێ ئه‌و ئه‌سپه ئه‌سپی جه‌للادێکه بۆیه ده‌چێته‌وه بن سێداره، به‌ڵام ئایا ئه‌وه له پێناو ڕه‌وتی داستانه‌که‌دایه؟ به‌ڵام به پێی ئه‌و قه‌زاوقه‌ده‌ره‌ی بۆی نووسراوه ڕه‌نگه مه‌جبوور بێ که ئه‌و کاره بکا.
بریا کاکه‌سووری:
ڕه‌نگه وابێ و هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا دیدێرۆ دژی قه‌زاوقه‌ده‌ره و ته‌واو عه‌قڵ باوه‌ڕه. ئه‌وه ئه‌ربابه که هه‌میشه وه‌ک گاڵته پێکردن پێشاوپڕی ژاک ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێ ده‌ی ژاک ئه‌لعان ئه‌و شته له سه‌رێ نووسراوه؟! ئه‌و داستانه‌ش که له زمان ژاکه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه له‌وانه‌یه که ئه‌و قه‌زاوقه‌ده‌ره بۆ ئه‌وان دیاری کرابێ، هه‌م بۆ ئه‌سپه‌که و هه‌میش بۆ ئه‌فسه‌ره‌که.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
ته‌وه‌ری گێڕانه‌وه له داستانه‌که‌دا چیرۆکی عیشق و عاشقی ژاکه و سه‌ر له به‌ری داستانه‌که به ده‌وری ئه‌م چیرۆکه‌دا هه‌ڵده‌سووڕێ و شکڵ ده‌گرێ، به‌ڵام له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م داستانه‌دا هێندێک داستانی دیکه دێنه نێو ئه‌م چیرۆکه و ناهێڵن ئه‌م ناوه‌نده که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی داستانه‌که‌یه به ئاکامێک بگا و به ناکامڵی ده‌مێنێته‌وه که داستانی ئه‌وینداری ژاکه. ته‌نانه‌ت جاری وایه چاره‌نووسی ئه‌و داستانانه‌ی بوونه ناواخنی چیرۆکی ژاکیش به بێ ئه‌وه‌ی به ئاکام و سه‌ره‌نجامێک بگه‌ن به ناکامڵی ده‌مێننه‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه ته‌علیقێکی به‌رده‌وام فه‌زای داستانه‌که دابگرێ و ئه‌م ته‌علیقه به‌رده‌وامه هه‌تا کۆتایی داستان به‌رده‌وام ده‌بێ- که ئه‌زقه‌زا خاڵی به هێزی ڕۆمانه‌که‌شه- و ته‌نانه‌ت ئێمه بۆمان ڕوون نابێته‌وه که به‌سه‌رهاتی ئه‌وینداری ژاک چی به‌سه‌ر دێ و له کۆتاییدا نووسه‌ر له نێو چه‌ن کۆتایی و ته‌علیقی دیکه‌دا خوێنه‌ر سه‌رگه‌ردان ده‌کا و ڕۆمان به‌و سه‌ره‌نجامه‌ی که ده‌بوو بگات ناگات.
عه‌لی غولامعه‌لی:
من پێموایه ئه‌گه‌ر به سه‌ره‌نجام بگه‌یشتایه ناخۆش ده‌بوو.
سه‌یدقادر هیدایه‌تی:
کاک بریا باسی ئه‌وه‌ی کرد که ڕۆمانێکی پێچه‌ڵاوپێچ نییه، شایه‌د پێی وابووبێ که مه‌به‌ستی من ڕۆمانێکی ده‌روونی و ڕه‌وانشناختی بووه، به‌ڵام مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه که ئه‌و هه‌مووه ته‌علیق و گێڕانه‌وه جۆراوجۆرانه نه‌یهێشتووه رۆمانه‌که ساختارێکی هێڵی و ساکاری هه‌بێ. ئاشکرایه که ژاک رۆمانێکی ده‌روونی نییه.
بابه‌تێکی دیکه که ده‌مویست باسی بکه‌م ئه‌وه‌یه که هه‌ر وه‌ک دۆن کیشۆت گاڵته‌ی به رۆمانس و گێڕانه‌وه پاڵه‌وانییه‌کانی پێش خۆی کردبوو، ژاکیش به‌رپه‌رچ دانه‌وه و گاڵته کردنه به گێڕانه‌وه‌کانی پێش خۆی. له سه‌ده‌ی شازده‌دا له ئیسپانیا ڕۆمانی پیکارێسک به‌دی هاتووه که قاره‌مانی داستان له درێژه‌ی سه‌یر و سه‌فه‌ردا به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی به‌سه‌ر هاتووه، ژاکی قه‌زاوقه‌ده‌ری به جۆرێک ده‌مه‌لاسکه و گاڵته کردنه به‌و جۆره که‌سایه‌تی و گێرانه‌وه سوننه‌تییانه. به هۆی ئه‌وه‌ی که به شێوه‌یه‌کی زۆر رادیکاڵ و ئاوانگارد ژاک تێکنیکی تازه‌ی به کار هێناوه و گاڵته‌ی به ساختاره گێرانه‌وه‌ییه‌کانی پێش خۆی کردووه ئه‌م رۆمانه وه‌ک دژی رۆمان ناسراوه و ره‌خنه‌گران پێیان وایه که دیدێرۆ پتر دژه رۆمانێکی به‌دی هێناوه.
عومه‌رخزرنژاد:
سه‌ید قادر کوتی ناتوانین ڕۆمانه‌که ته‌نیا به لایه‌نێکه‌وه ببه‌ستینه‌وه به‌ڵام تێمی قه‌زا و قه‌ده‌ر یه‌کێک له تێمه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه. ئه‌گه‌ر جوان سه‌رنجی نێوی ڕۆمانه‌که بده‌ین ده‌بینین خودی رۆماه‌نه‌که به‌م شته‌وه ده‌ستی پێ کردووه و نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی ئاگادارانه که‌سایه‌تی ژاکی وه‌ک ئیستعاره‌یه‌ک له چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌زگای پاپ و کلیسا له‌سه‌ر که‌سه‌کان داناوه. هه‌روه‌ها ئه‌ربابیش نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه که ئه‌و ده‌م به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌سه‌لاتیان هه‌بووه. بۆ وێنه هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که‌وه هه‌رچییه‌کی ژاک ده‌یڵێ ده‌ڵێ ئه‌وه له سه‌رێ نووسراوه. ئه‌ربابیش به گاڵته‌وه ده‌ڵێ ئه‌ها په‌س ئه‌وه له سه‌رێ نووسراوه؟! ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دا که چۆن دام و ده‌زگای کلیسا و پاپ خه‌ڵکیان چه‌وساندۆته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌یه‌ک ده‌ره‌خسێنێ بۆ ئینقلابی فه‌رانسه.
عه‌لی غوڵامعه‌لی:
بڵێی ئه‌و شته‌ی وا ژاک ده‌یڵێ که له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا ئه‌گه‌ر هه‌زار کتێبیش نووسرابا ئه‌گه‌ر کلیسا پێی خۆش نه‌بوایه که‌س هیچی پێنه‌ده‌کرا ، لێره‌شدا ئه‌م دژایه‌تییه دێته‌وه سه‌ر تێمی ئه‌سڵی ڕۆمانه‌که. ئه‌رباب نوێنه‌ری ئه‌و که‌سانه‌یه که ئه‌وه‌ی پێیان خۆشه ده‌یکه‌ن و ژاکیش نوێنه‌ری هیوابڕاوان و چاره‌ڕه‌شانه. ده‌ڵێن خودا سازکراوی زه‌ینی ناهومێدانه یان هه‌ر وه‌ک نیچه ده‌ڵێ بێده‌سه‌ڵاتان هانا ده‌به‌نه به‌ر خودا، لێره‌شدا ژاک وه‌ک زۆربه‌ی خه‌ڵک هه‌موو شته‌کان له ڕووی قه‌زا و قه‌ده‌ره‌وه قه‌بووڵ ده‌کا و ته‌سلیمی ده‌بێ. له بابه‌ت نێوی ڕۆمانه‌که‌شه‌وه چه‌شنێک زیره‌کی دیدێرۆ ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌م دوو کێشه‌یه‌ی له به‌رامبه‌ر یه‌کدا داناوه.
عومه‌ر خزر نژاد:
هه‌ر ئه‌م قه‌زا و قه‌ده‌ره‌یه که ناهێڵێ هیچ داستانێک به ئاکام بگات. له ته‌واوی ئه‌م ڕۆمانه‌دا به هۆی زاڵ بوونی ئه‌م بۆچوونه هیچ کام له چیرۆکه‌کانی به ئاکامێکی ئه‌وتۆ ناگات و له‌و چێیه‌شدا که ده‌یهه‌وێ چیرۆکێک به ئاکام بگات نووسه‌ر سه‌ر هه‌ڵده‌دا و ده‌ڵێ با ده‌ست به داستانێکی دیکه بکه‌ین.
سه‌یدقادر هیدایه‌تی:
شایه‌د بتوانین بڵێن رۆمانی ژاک ده‌ربڕ و له خۆگری زۆریه‌ک له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لسه‌فییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه. ئه‌گه‌ر له سه‌رجه‌مدا سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنن ده‌توانین بڵێین سه‌ده‌ی حه‌ڤده زۆرتر ملکه‌چی کلیسا و دین بوون؛ ته‌نانه‌ت فیلسووفێکی وه‌ک دێکارتیش بۆوه‌ی کاره‌کانی به‌ڕێوه بچن مه‌جبوور بووه به هه‌رجۆرێک بێ له گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌وکاتی کلیسا خۆی بسازێنێ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا به هیچ چه‌شنێک به‌رهه‌ڵست بوونه‌وه و شۆڕشێک له به‌رامبه‌ر کلیسادا نه‌بووه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا عه‌قڵ باوه‌ڕی جودا له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کلیسا ململانه‌ی بووه به گشتی به گژ ده‌سه‌ڵاتیشدا چووه و له تاقمی ئه‌نسکلۆپێدیا هیچیان ده‌رباریی نه‌بوون و هه‌مووشیان ڕه‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵات و کلیسا بوون. که‌وابوو ده‌توانین بڵێین رۆمانی ژاک به جۆرێک چ له باری ناوه‌رۆک وچ له باری فۆرمه‌وه به گژ کلیسا و ده‌سه‌ڵات به گشتیدا چووه...
سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده:
هه‌ر وه‌ک کاک بریا و کاک عه‌زیزیش ئاماژه‌یان پێ‌کرد دوو شت له نێو ڕۆمانه‌که‌دا زۆر به‌رچاو بوو، یه‌کیان باسی گێڕانه‌وه و زۆریی گێرانه‌وه‌کان بوو که زۆربه‌شیان بێ سه‌ره‌نجام بوون و به ئاکامێکی به‌رچاو ناگه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ش تێمێکی مۆدێڕنی داوه به ڕۆمانه‌که. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که له سه‌ره‌تادا کاک بریا ئیشاره‌ی پێ‌کرد یانی حوزوری نووسه‌ر و مه‌ودا دانان (فاصله گذاری) له ڕۆماندا. به قه‌ولی بڕێشت خوێنه‌ر وه‌ختایه‌ک له گێرانه‌وه‌دا نوقم ده‌بێ کوت و پڕ له شانی خوێنه‌ر ده‌دا و پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ که وه‌خه‌به‌ر بێ. ئه‌م فه‌زایه‌ش له ڕۆمانه‌که‌دا ده‌مانهێنێته ده‌ورانی پۆست مۆدێڕنه‌وه. هه‌ر ئه‌م شته بۆته هۆی ئه‌وه که فۆئێنتێس بڵێ ئه‌م ڕۆمانه زۆر زووتر له ده‌وره‌ی خۆی نووسراوه و ئه‌وه ڕۆمانی قه‌ڕنی هه‌ژده نییه به‌ڵکوو ڕۆمانی کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که. میلان کۆندراش له جوابی ئه‌و که‌سانه‌ی پێیان وایه ڕۆمان مردووه ده‌ڵێ که ئه‌م ڕۆمانه ده‌بێ وه‌ک سه‌رچاوه و ئۆلگویه‌ک ئاوڕی لێ بدرێته‌وه و بۆ ڕۆمانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک ببێته ژێده‌ر و که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێ.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
له بابه‌تی حوزوری نووسه‌ره‌وه له‌وانه‌یه نووسه‌رانێکی دیکه‌ش له ڕۆمانێکدا حوزوریان بووبێ و ته‌نانه‌ت حزورێکی به‌رچاوتریشیان بووبێ، به‌ڵام حزووری دیدێرۆ له ڕۆمانی ژاکدا جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له گه‌ڵ نووسه‌رانی دیکه‌دا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که نووسه‌رانی دیکه حوزوریان له گێڕانه‌وه‌دا به‌م هۆیه بووه که بیر و بۆچوونی خۆیان یان نه‌سیحه‌تێکی ئه‌خلاقی و مه‌وعیزه‌یه‌ک که به پێویستیان زانیوه به خوێنه‌ر ڕاگه‌یه‌نن و له ڕاستیدا بوونیان له چوارچێوه‌ی گێرانه‌وه‌دا زۆرتر بوونێکی ئه‌خلاقی بووه و ته‌نانه‌ت به قازانجی بیر و بۆچوونی خۆیان ده‌سکاری ڕه‌وتی ئاسایی داستانه‌که‌یان ده‌کرد و به‌و جۆره‌ی که بۆخۆیان به دڵیان بوو داستانه‌که‌یان به ئاکام ده‌گه‌یاند. به‌ڵام حوزوری دیدێرۆ له داستاندا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نییه به‌ڵکوو بووونی ئه‌و و حزوری ئه‌و بۆ ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ر بکاته لا‌یه‌نێک له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا و ئه‌رکی پێ بسپێرێ و بیکاته شه‌ریکی خۆی له به ئاکام گه‌یاندنی داستانه‌که‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌شه که بوونی دیدێرۆ له ده‌قدا جیاواز ده‌کاته‌وه.
سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده:
منیش پێم وایه پێش تریسترام شه‌ندی و به تایبه‌ت ژاک حوزوری نووسه‌ر ئاوا پڕ ڕه‌نگ نه‌بووه، له ژاکدا جاری وایه خودی نووسه‌ر ده‌بێته قاره‌مانی چیرۆک. به‌ڵام له ڕۆمانه‌کانی پێش ئه‌واندا ئێمه حوزووری نووسه‌رمان له قاڵبی یه‌کێک له قاره‌مانه‌کانی ڕۆمانه‌که‌دا ده‌دیته‌وه، مه‌سه‌له‌ن ئێمه وه‌ختایه‌ک ژیاننامه‌ی نووسه‌رمان ده‌خوێنده‌وه ده‌مان کوت ئه‌م قاره‌مانه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی کۆپی خودی نووسه‌ره و ئێمه به‌م جۆره ده‌مانتوانی حوزوری نووسه‌ر له به‌رهه‌مدا به‌دی بکه‌ین، به‌ڵام له ژاکدا وا نییه و نووسه‌ر بۆ خۆی یه‌کێک له قاره‌مانانی ڕۆمانه‌که‌یه و ئه‌وه‌ش به ئێستێڕنه‌وه ده‌ست پێده‌کا و له ژاکدا به خه‌ستی ره‌نگ ده‌داته‌وه، که‌چی له پاش ئه‌م ڕۆمانه‌وه ئه‌م ڕه‌وته درێژه په‌یدا ناکا و فه‌رامۆش ده‌بێ هه‌تا ده‌گاته سه‌رده‌می برێشت و ئه‌م شته له شانۆدا ئیجرا ده‌کا . ئێمه وه‌ختایه‌ک شانۆیه‌کی برێشتی ده‌بینین ده‌رهێنه‌ر کوت و پڕ دێته سه‌ر سێن و شانۆ ڕادوه‌ستێنێ و بۆ خۆی وه‌ک ده‌ورگێڕێک ده‌ور ده‌بینێ. برێشت بوو که سه‌رله‌نوێ که‌ڵکی له‌م شته وه‌رگرته‌وه و دواییش له ڕۆمانه پۆست مۆدێڕنه‌کاندا سه‌ری هه‌ڵداوه.
بابه‌تێکی دیکه ئه‌وه‌یه که چ شتێک بۆته ئۆلگووی دیدێرۆ له نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌دا لێمان مه‌علووم نییه و به داخه‌وه ئه‌و به‌رهه‌مانه وه‌ر نه‌گێڕدراون. میلان کۆندرا دیدرۆ به میراتگری ڕابله و به تایبه‌ت گارگانتۆوا ده‌زانێ و پێی وایه که هه‌م دیدرۆ و هه‌میش ئێستێڕن به توندی له ژێر کاریگه‌ری ڕابله دان.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی سه‌یدقادر ئاماژه‌ی پێ‌کرد یانی ناودێر کردنی ئه‌م ڕۆمانه به دژی ڕۆمان شتێکی دروسته. له ڕۆمانێکی ئیستانداردا نووسه‌ر مافی ئه‌وه‌ی نییه که له‌و ڕووداوانه بدوێ که چ پێوه‌ندییه‌کیان به درێژه‌ی مه‌نتقی ڕۆمانه‌که‌وه نییه. بۆ وێنه له ڕۆمانێکی ڕێئالی وه‌ک بنه‌ماڵی تیبۆدا که به‌سه‌رهاتی دوو بنه‌ماڵه‌ی کاتۆلیک و ئۆرتۆدۆکسی فه‌رانسه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدایه، گێڕانه‌وه چه‌ندین لق و پۆپ و شاخ و باڵی لێ ده‌بێته‌وه به‌ڵام ته‌واوه‌تی ئه‌م شاخ و باڵ و به‌سه‌رهاتانه له کۆتاییدا له جێیه‌کدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه و ساختاری گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که شکڵ ده‌گرێ و ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه پێوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیکی به سه‌رله‌به‌ری جه‌ره‌ریانی ڕۆمانه‌که‌وه هه‌یه و هه‌ودایه‌کی نادیار چاره‌نووسی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه لێک گرێ ده‌دا. به‌ڵام له ڕۆمانی ژاکدا سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌و داستانانه‌ی کراونه ناواخنی چیرۆکه سه‌ره‌کییه‌که چ پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆیان به‌و به‌سه‌رهاته سه‌ره‌کییه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌م گێڕانه‌وه لاوه‌کیانه بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی بۆشایی فه‌زای ڕۆمانه‌که پێویستن و نووسه‌ر وه‌ک ته‌مهید و تکنیکێک بۆ به‌ره‌و پێش چوونی ڕه‌وتی ڕۆمانه‌که‌ی که‌ڵکی لێوه‌رگرتووه.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی:
به‌ڵام شتێک هه‌ر هه‌یه که ئه‌و گێرانه‌وه لاوه‌کی و داستانانه پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ئه‌و شته‌ش خودی گێڕانه‌وه‌یه؛ گێڕانه‌وه هه‌ودایه‌که که ته‌واوی ئه‌و داستانانه پێکه‌وه گرێ ده‌داته‌وه. له باری ناوه‌رۆکیشه‌وه وه‌ک پێشتر ئاماژه کرا ده‌توانین بڵێین قه‌زا و قه‌ده‌ر و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ ئه‌و کێشه‌یه تێمێکه که ته‌واوی ئه‌وورده داستان و گێڕانه‌وانه لێک گرێ ده‌دا.
حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی:
باسی چه‌ندین بابه‌ت کرا: قه‌زاوقه‌ده‌ر، گێڕانه‌وه، کایه، داستان له داستاندا؛ هه‌موویان یه‌ک شت نیشان ده‌ده‌ن . به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا یه‌ک شتی دیکه که که‌ڵکه‌ڵه‌ی بۆ زه‌ینی من دروست کردووه ئه‌وه‌یه که ویستوویه‌تی دنیایه‌کی دیکه درووست بکا. ئه‌و دنیا گه‌وره‌یه‌ی وا له تۆماری گه‌وره‌دا درووست کراوه. خودا له تۆماری گه‌وره‌دا حوزووری هه‌یه. بۆ هه‌موو شتێک حوزووری هه‌یه. له هه‌موو جێگایه‌ک ئه‌مر و نه‌هی ده‌کا. درووست ده‌کا، کایه ده‌کا و ئه‌تۆ وه‌ک مۆره‌یه‌ک هه‌ڵده‌سووڕێنێ. کایه‌شت پێده‌کا و بۆشاییشت پێ پڕ ده‌کاته‌وه. دیدێرۆش دنیایه‌کی دیکه‌ی خوڵقاندۆته‌وه. من به حه‌قیقه‌ت پێم وایه که تۆمارێکی گه‌وره‌ی درووست کردووه که دنیایه‌کی دیکه‌یه.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی:
قه‌زا و قه‌ده‌ر له رۆمانی دۆن کیشۆت و ژاکدا جیاوزییه‌کی گه‌وره‌یان پێکه‌وه هه‌یه. له دۆن کیشۆتدا هه‌موو شتێک به ده‌ست قه‌زا و قه‌ده‌ره و ئه‌سپه‌که‌ی دۆن کیشۆت و که‌ره‌که‌ی سانچۆ ڕوویان له هه‌رکوێیه‌ک کرد و هه‌ر شتێکی به‌سه‌ریان هات به پێی چاره‌نووس و هه‌ڵکه‌وته و به‌سه‌رهات و ڕوداوه‌کان زۆر حه‌تمی و قه‌زا و قه‌ده‌ریین. به‌ڵام له ژاکدا هه‌رچه‌ند ژاک بڕوای به‌وه هه‌یه که هه‌موو شتێک له سه‌رێ نووسراوه، جاری وایه ڕووداوه‌کان به پێچه‌وانه‌وه حه‌تمی نیین و ده‌نگێکی دیکه هه‌یه که بڕوای به قه‌زاو قه‌ده‌ر و تۆماری نووسراو نییه. یانی ئه‌گه‌ر له دۆن کیشۆتدا له ئاکامدا قه‌تعییه‌تێک هه‌یه، له ژاکدا ڕێژه‌یی باوه‌ڕی(نسبی گرایی) زاڵه و زۆریه‌ک له به‌سه‌رهات و رووداوه‌کان به پێجه‌وانه‌ی قه‌ده‌رن و ئه‌وه‌ش ئه‌نقه‌ستێکی له پشته‌وه ده‌بینرێ.
سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده:
ڕه‌وتی چیرۆکنوسی ڕۆژئاوا به شێوه‌یه‌کی مه‌نتقی به ده‌ست ئێمه نه‌گه‌یشتووه و پوک و ناپوک پێمان گه‌یشتووه. هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ختایه‌ک شاکارێک ته‌رجه‌مه ده‌بێته‌وه تووشی سه‌رسووڕمان ده‌بین. بۆ وێنه وه‌ختایه‌ک ڕۆمانی "ئه‌گه‌ر شه‌وێک له شه‌وه‌کانی زستان موسافیرێک"م خوێنده‌وه له سیستمی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه تووشی سه‌رسووڕمان هاتم. به‌ڵام وه‌ختایه‌ک ژاکم خوێنده‌وه لێم ده‌رکه‌وت که کاری کالوینۆ کارێکی سه‌یروسه‌مه‌ره نه‌بوو به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که کالوینۆ وه‌ها سوننه‌تێکی ڕیوایی له به‌ر ده‌ستدا بووه و کاری کالوینۆ درێژه‌ی کاری دیدرۆ و به نه‌وعێک پوخته کردنی کاری دیدرۆیه. ئه‌ڵعان ده‌زانم سه‌رچاوه‌ی کاری کالوینۆ بۆ کوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
عه‌زیز مه‌حموودپوور:
به گشتی ده‌توانین بڵێین دیدرۆ به نووسینی ئه‌م ڕۆمانه ڕێی بردۆته ئه‌و هه‌رێمه ڕیواییانه‌ی که تا ئه‌وده‌م که‌س به‌سه‌ری نه‌کردبۆوه و ته‌نانه‌ت ئێستاش ئه‌و ته‌جره‌به‌یه‌ی ئه‌و له گێڕانه‌وه‌دا بێ وێنه و تازه‌یه. دیدرۆ په‌ی به‌و ئیمکانه ڕیوایه بێ وێنانه بردووه که ئه‌وڕۆش ده‌توانین وه‌ک نمووده و ئۆلگویه‌ک بۆ گێڕانه‌وه و ته‌جره‌به کردن که‌ڵکی لێ وه‌رگرین و به‌م چه‌شنه درێژه بده‌ین به لێکۆلینه‌وه‌ی ڕیوایی خۆمان.