سینه‌مای به‌همه‌نی قوبادی(به‌شی یه‌ک)
سیروان حه‌میدی
ئه‌و کاته‌ی له سه‌ر داخوازی یه‌کێک له دۆستان ویستم له‌سه‌ر کاره‌کانی ده‌رهێنه‌ری ناسراو و به‌ناوبانگی کورد به‌همه‌نی قوبادی وتارێک بنووسم، له ڕاستیدا ئا‌وه‌ها بیرۆکه‌یه‌کی ئه‌وتۆم له مێشک‌دا نه‌بوو که ده‌سبه‌جێ قه‌ڵه‌م هه‌ڵگرم و ده‌سبکه‌م به‌نووسین. به‌م بۆنه‌وه سه‌ره‌تا چاوێکم به ئینتێرنێتدا گێڕا و ده‌نگدانه‌وه‌ی کاره‌کانیم له فستیواڵه جۆراوجۆره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا بینی و هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی وه‌ری گرتبوو.
فیلم وسینه‌ما یان به‌ته‌واوی ده‌نگ و ڕه‌نگ و پرۆگرامه‌کانی ته‌له‌ویزیۆن به‌شێکی به‌رچاو و شیاویان هه‌یه له شوناس پێ به‌خشین به‌بینه‌رانیان یان باشتر ئه‌وه‌یه بڵێین ناسێنه‌ری شوناسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک و هه‌ر وڵاتێکه! پرسیارێکی سه‌ره‌کی و گرنگ لێره‌دا دێته ئاراوه که فیلمه‌کانی به‌همه‌نی قوبادی چۆن شوناسێکی به کورد به‌خشیوه یان کوردی چۆن به بینه‌رانی ده‌ره‌کی و ته‌نانه‌ت ناوه‌کیش ناساندوه؟ لێره‌دا پێویسته جیاوازی نێوان شوناسی هه‌ر ملله‌تێک له باری هه‌بوون ناسیه‌وه له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیسم له‌باری سیاسیه‌وه ڕوون بکرێته‌وه. شوناس هه‌ڵسوکه‌وتی ئیجباری ئێمه‌یه به‌رانبه‌ر به کولتوورمان و هه‌موو ئه‌و فاکته سه‌ره‌کیانه‌ی که بۆ پێکهاتنی کولتوورێک پێویستن و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به که‌سیه‌تی ده‌رونی و مێژوومانه‌وه هه‌یه و چونیه‌تی ڕاڤه‌ی که‌سیه‌تی نێو چوارچێوه‌ی خۆی له مێژوویه‌کی به‌ربه‌ست به خۆیه‌وه دیاری ده‌کات، به پێی ئه‌م ڕه‌وته ئێمه به ده‌ورو پشت ده‌ناسێنێت. به واتایه‌کی تر شوناس ته‌واو ده‌سخستانیه و فێری ده‌بین و به‌م پێیه خۆمان ده‌ناسین و ده‌ناسێنین. ناسیۆناڵیسم وه‌ک درووشمێک یان ئاڵاێک وایه که نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌ن زمانی هاوبه‌ش، جل و به‌رگی هاوبه‌ش، وڵاتێک له چوار چێوه‌ی سنوورگه‌لێکی دیاری کراوی هاوبه‌ش و کولتووری هاوبه‌ش یان ملله‌تێک خاوه‌ن شوناسێکی تایبه‌تی بۆ پێش خستن و به ڕێوه‌بردنی ئامانجه سیاسیه‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه. ئه‌مه بۆچونی منه له‌باره‌ی شوناس و ناسیۆنالسیسمه‌وه ڕه‌نگه هه‌ندێ شتم باس نه‌کردبێت به‌ڵام هیوادارم مه‌به‌سته‌که‌م ڕوون و ئاشکرا بێت.
سه‌ره‌تا باس له سه‌ر فیلمی کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان(زمانی برای مستی اسبها)وه‌کو یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره ده‌که‌ین. بۆیه ده‌ڵێم یه‌که‌م فیلمی بڵیند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌همه‌نی قوبادی کاری سینه‌مای خۆی به سازکردنی فیلمی کۆرت ده‌سپێکرد و له‌م بواره‌شدا لێهاتووی خۆی نیشان داوه، له‌و فیلمانه ده‌توانین ئاماژه به ژیان له ته‌مدا(زندگی درمه)بکه‌ین که چه‌ند خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه و هه‌روه‌ها ناوی پڕشانازیترین "موسته‌نه‌دی" مێژوی سینه‌مای ئێرانی پێوه‌یه. فیلمه‌کانی قوبادی به شێوه‌ی نئوڕئالیسم یان واقیعگه‌رایی نوێ سازکراون. نئوڕئالیسم یان واقیعگه‌رایی نوێ یه‌کێکه له گرنگترین بزتنه‌وه‌کانی سینه‌مای پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی که له وڵاتی ئیتالیا پێ‌کرد. نئوڕئالیسم ڕاستیه‌کانی ده‌وروپشتمان به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری نیشان ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به باوه‌کانی سینه‌مای زاڵ له هه‌رده‌وره‌یه‌کدا له جیهانی سینه‌مایی و هه‌روه‌ها چوارچێوه سه‌رگه‌رمکه‌ره‌که‌ی ئه‌م هونه‌ره بدات. ئه‌م له ڕئالیسمی شاعیرانه‌ی فه‌ره‌نسی له ساڵی هه‌زارونۆسه‌دوسی، نوێنه‌کی وه‌رگرتووه. زۆربه‌ی لایانگرانی ئه‌م شێوازه مارکسیست بوون.
ده‌رهێنه‌ری نئۆڕئالیست له ده‌ره‌وه‌ی ئۆستۆدیو و له شوێنه ڕاسته‌قینه‌کانی شار وگونده‌کان فیلم ساز ده‌کات. له ئه‌کته‌ری کارامه‌و به ناوبانگ که‌ڵک وه‌ر ناگرن و خوازیاری په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ ڕاستیه‌کانی کۆمه‌ڵگان. به‌م بۆنه‌وه نیشان دانی بێ‌کاری، به‌دبه‌ختی، فه‌قیری و خراپه‌یان تێدا به‌رچاو ده‌که‌وێت.
"کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان" چیرۆکی کوڕێکی تازه پێگه‌یشتووه به ناوی ئه‌ییوب، ئه‌ییوب له‌گه‌ڵ سێ خوشک و براکه‌ی منداڵی کابرایه‌کی قاچاخچی سه‌ر سنوورن که به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌وه ده‌مێریت و هه‌موو ئه‌رکی بنه‌ماڵه ده‌که‌وێته سه‌ر شانی ئه‌و(ئه‌ییوب) وه‌کو کوڕی گه‌وره‌ی ماڵ، دایکیشان به سه‌ر سکه‌وه چووه. براکه‌یتریان که ناوی مه‌هدیه، به بۆنه‌ی نه‌خۆشینێکی زگماکیه‌وه له ته‌مه‌نی پازده ساڵان جه‌سته‌ی منداڵێکی پێنج ساڵانی هه‌یه، رۆژێک دوکتۆر به ئه‌یوب ده‌ڵێت که ئیدی ئامپۆل له مه‌هدی ناده‌م و ده‌بێ به‌زووترین کات نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بکرێ، ئه‌گینا زۆر ده‌وام ناهێنێت و ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریشی بۆبکرێ زیاتر له حه‌وت هه‌شت مانگی‌تر زینوو نابێت. ئه‌یوب بڕیار ده‌دات به هه‌ر له‌ونێک بووه پاره‌ی نه‌شته‌رگه‌ریه‌که‌ی بۆ دابین بکات، بۆیه به‌مامی ده‌ڵێت که کارێکی بۆ بدۆزێته‌وه،ئه‌ویش به کاک یاسین ده‌ڵێ و ئه‌یوب بۆ گواستنه‌وه‌ی باری قاچاخ له گونده‌که‌ی خۆیانه‌وه بۆ ئێراق و هه‌ر وه‌هاش له‌وێوه بۆ ئێران، داده‌مه‌زرێ به‌ڵام پاش دو مانگ پاره‌یه‌کی وه‌های گیر ناکه‌وێت، له ئێراقه‌وه چه‌ن که‌س دێن بۆ خوازبێنی ڕۆژین، مامیشی به مه‌رجی ده‌رمان کردنی مه‌هدی به‌ڵێنیان پێ ده‌دات، ئه‌وانیش قه‌بوڵی ده‌که‌ن به‌ڵام کاتی زه‌ماوه‌ند دایکی زاوا بووکی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه ئیفلیجه قه‌بوڵ ناکات و بۆ شیربایی قاترێکیان ده‌داتێ. ئه‌یوبیش ده‌یه‌وێت ئه‌و قاتره بفرۆشێت و بیکا به خه‌رجی ده‌رمانی مه‌هدی. به‌همه‌نی قوبادی له کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کاندا هه‌وڵی داوه به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وهه‌موو گیروگرفته‌کانی ئه‌و به‌شه که گوندێکی سه‌ر سنووری ئێران و ئێراقه روون بکاته‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌و گونده‌یه که فیلمه‌که‌ی تێدا سازکراوه ئه‌گینا زۆر شوێنیتریش له گونده‌کانی سه‌ر سنوور بژیوی ژیانیان هه‌ر له‌و ڕێگه پڕ مه‌ترسیه‌وه دابین ده‌بێت.
ئه‌کته‌ره‌کانی خه‌ڵکانێکی ساده‌وساکارن و هیچ ئه‌زمونێکی سینه‌ماییان پێشتر نه‌بووه وهه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆستۆدیو سینه‌مایه‌کان ساز کراوه. کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان ڕێکورکی ژیانی زۆربه‌ی منداڵانی ئه‌وکۆمه‌ڵگایه، ئه‌م ڕێکورکه له ژیانی ئه‌یوب، ئامین، رۆژین، مه‌هدی وخوشکه بچوکه‌که‌یاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ده‌توانێت هێماێک بێت له ژیانی هه‌موو منداڵانی شاروگونده‌کانی سه‌رسنوور. سه‌ره‌تا منداڵگه‌لێکی زۆر نیشان ده‌دات که له شه‌قام و کۆڵانه‌کانی بانه و له نێو بازاڕی ئه‌و شاره‌دا خه‌ریکی کۆڵکێشان و شت له ڕۆژنامه‌وه ده‌پێچن. کێ ئه‌و منداڵانه‌ی نه‌بینیوه؟ڕه‌نگه ئه‌م فیلمه به‌لای بینه‌رێکی کورده‌وه شتێکی ئاسایی بێت به‌ڵام بینه‌ر و بیستیاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م چه‌شنه چیرۆکانه، خه‌ڵکانێکی ترن؛ وه‌ک ده‌یبینین ئه‌م فیلمه له ناوخۆدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وه‌ها ئه‌وتۆی که شایانی بێت، نه‌بووه به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاوادا پێشوازیان لێ کردووه، چه‌ن خه‌ڵاتی له فستیواڵه بایه‌خداره‌کانی جیهان، له‌وانه دووربین زێڕینی که‌نی وه‌رگرتووه و هه‌روه‌ها نوێنه‌ری سینه‌مای ئێران بووه بۆ خه‌ڵاتی ئۆسکار. له‌م فیلمه‌دا بارودۆخی ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه به‌گشتی و منداڵان به تایبه‌تی وه‌ک خه‌سارێکی کۆمه‌ڵگه‌یی گه‌وره‌و فه‌وتێنه‌ر نیشان دراوه. فه‌وتێنه‌ری داهاتوو هه‌موو خه‌ون و خولیاکانی منداڵگه‌لێک له چه‌شنی ئه‌یوب، لێبورده و خۆڕاگر و چاوتێر. وه‌ک له فیلمه‌که‌دا ده‌یبینین ته‌نانه‌ت بۆ یه‌کجاریش سکاڵا له‌و ژیانه ناله‌باره ناکات و نه‌ترس وبوێرانه‌خۆی سپاردوته ده‌س چاره‌نوس. به‌فروکڕێوه‌و سه‌رماوسۆڵه، کوێستانه‌پڕشاخ وتاشه‌به‌رده سه‌ختاوسه‌خته‌کان، مینی چێندراو له‌سه‌رسنوور، له سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێراق و ئێران و شه‌ڕی ناوخۆ، مه‌ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌کان و مه‌ترسی کوشتن و گرتن، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه له‌مپه‌ر بۆ ده‌رهێنانی نانێک.
له‌م فیلمه‌دا ئاماژه به چه‌ن دانه له باوه ناشیرینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش کراوه؛ وه‌ک نه‌پرسینی ڕای کچ کاتی به‌شوودان وه‌ک خوازبێنیه‌که‌ی رۆژین که ئێتسا تۆزێک باشتره به‌ڵام بنه‌بڕ نه‌بوه، منداڵ بوونی زۆر، منداڵ بوون پاش چل ساڵ که هه‌م مه‌ترسی بۆ دایک هه‌یه هه‌م بۆ منداڵه‌که وه‌ک به سه‌ر سکه‌وه‌چوونی دایکی ئه‌یوب. کارکردنی کچان و ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان ئه‌وه‌نده‌ی که له توانایاندا نه‌بێت(کاری به‌ده‌نی و سه‌خت).
ئه‌و کاته‌ی وه‌ڕه‌ز ده‌بین له‌م داب و نه‌ریتانه، بێزمان هه‌ڵده‌ستێت و وه‌ک مه‌ترسیه‌کی گه‌وره چاوی لێ ده‌که‌ین، ڕاست هه‌ر ئه‌و کاته‌یه که فیلمی گۆرانیه‌کانی وڵاتی دایکیم یان ون بوو له ئێراقدا وه‌ک زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره له سه‌ر هه‌ندێک له سونه‌ته‌کانی ئێمه به ده‌ستێکی پڕ و هێزێکی گه‌وره‌ی روونکه‌ر دێته گۆڕه‌پانی ئه‌م مه‌ترسیه، ئه‌م وه‌ڕه‌زیه و تا ڕاده‌ێکی زۆر په‌ره‌ی پێ ده‌دات.
فیلمی گۆرانیه‌کانی وڵاتی دایکیم دووهه‌مین فیلمی به‌همه‌نی قوبادیه. ئه‌م فیلمه‌ش وه‌ک فیلمی پێشوو پێشوازێکی گه‌رم و گوڕی له فیستواڵه جۆراوجۆره‌کانی ده‌ره‌وه لێ کراوه. له‌وانه خه‌ڵاتی پلاکی ته‌ڵایی له فستیواڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی شیکاگۆی ئه‌مریکا، خه‌ڵاتی فرانسوا شاڵه له فستیواڵی نێو ده‌وڵه‌تی که‌ن له فه‌رانسه، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی داستانی له چرۆینیو له ئیتالیا، خه‌ڵاتی باشترین فیلم و خه‌ڵاتی دهۆمالک له فستیواڵی مافی مرۆڤ له بۆئینێس ئایرێس له ئارژانتین و هه‌روه‌ها نیشان دان له نزیکه‌ی چل فستیواڵی بایه‌خداری جیهانی له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئامریکا.
تا ئه‌و کاته‌ی داب و نه‌ریتمان وه‌ک شتێکی پیرۆز چاو لێ بکه‌ین، ڕاده‌ی هێز و بایه‌خی فیلمه‌کانی قوبادی و فیلمگه‌لێک له‌م چه‌شنه نازانین، مه‌به‌ستی ئه‌م ده‌رهێنه‌رانه‌ش ڕه‌خنه له‌و سونه‌تانه نییه به‌ڵکوو نیشان دانیه‌تی، پاش ئه‌مانه‌ش نیشان دانی ئه‌وه‌ی که چ خه‌سارگه‌لێکی گه‌وره‌یان لێ ده‌که‌وێته‌وه. بۆیه ره‌نگه بینه‌رێک له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌و کۆمه‌ڵگایی ئێمه چاو له‌م کارانه ده‌کات زۆر له ئێمه باشتر تێیانده‌گات و بایه‌خی پێ ده‌دات. یه‌ک جار چاوێک به سایتی ڕه‌سمی به‌همه‌نی قوبادیدا بگێڕن تا بزانن چه‌ن وتار له باره‌ی فیلمه‌کانیه‌وه نوسراون و کێ نوسیویه‌تی. زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان خارجین. له فیلمی پێشودا ته‌نیا مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ر زه‌ق کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و نه‌ریتانه‌یه،له هه‌ندێ شوێنیش‌دا جاروبار په‌لی هاویشتۆته سه‌ر کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام ئه‌و ره‌خنه‌یه زۆر نیه. له فیلمی دووهه‌میدا قوبادی گوزه‌رێکی گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتری کردووه به‌ره‌و شه‌ڕ و بومباران، به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاڵ، به‌ره‌و بارودۆخی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ژاراوی و کۆنه‌په‌ره‌ست، به‌ره‌و ئۆردوگای ئاواره‌کان و هه‌لپه‌ره‌ست و ماڵپه‌ره‌ست، وه‌ک دوکتۆر، به‌ره‌و چه‌ته‌و ڕێگر و زۆری تریش. ئه‌م فیلمه چیرۆکی کابراێکی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاره به‌ناوی میرزا که پاش بیستنی هه‌واڵی هه‌ناره‌ی ده‌نگ خۆش(ژنی پێشوی میرزا)بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ دوو کوڕه‌که‌ی عه‌وده و به‌رات، که ئه‌وانیش گۆرانیبێژن له دووی بگه‌ڕێت و بیدۆزێته‌وه، له رێگای ئه‌م گه‌ڕانه‌دا تووشیان ده‌بێت به هه‌ندێک به‌سه‌رهات و پێشهاته‌ی جۆربه‌جۆره‌وه، تووشیان ده‌بێت به هه‌ندێک نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تیه‌وه و ئاخریش نایدۆزێته‌وه. له دوو فیلم‌دا ئێمه سێبه‌ری شه‌ڕ و بومڕێژ کردن و ده‌نگی فڕۆکه‌کان ده‌بیسین، به‌ڵام له هیچکامیاندا ڕاسته‌وخۆ نیشان نه‌دراون. به‌ر هێرش بوونی ئه‌و نه‌ته‌وه له هه‌موو جێگاێکدا دیاره به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خه‌ڵک درێژه به ژیانی ئاسایی خۆیان ده‌ده‌ن. وه‌ک بڵێیت شه‌ڕوشۆر به‌شێکه له ژیان که ئه‌توانێت ئاماژه‌ێک بێت به هه‌بوونی هه‌میشه‌ی شه‌ڕی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌م ناوچه‌دا. به‌رات که له سه‌ر داخوازی باوکی ده‌چێ بۆ لای عه‌وده‌ی برای، له ڕێگه‌دا دوکتۆر ده‌بینێت که ڕه‌حمه‌ت ده‌نێرێت بۆ باوکی سه‌دام له به‌ر ئه‌وه‌ی بۆته هۆی ئاواره بوونی کورده‌کانی ئێراق و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ره‌ونه‌ق گرتنی کاره‌که‌ی؛ به‌ڵام جارێکی دی که دوکتۆر ده‌بینێته‌وه ڕووت وقووت له سه‌ر به‌ردێک دانیشتوه‌و له سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێت و جنێو به باوک و دایکی سه‌دام ده‌دات. ئه‌مه گاڵته‌ی رۆژگاره! به‌رات به جێگه‌ی ئه‌وه‌ی بۆی ناره‌حه‌ت بێت پێی پێده‌که‌نێت.
فیلمه‌کانی قوبادی هه‌ر یه‌ک به شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی په‌یوه‌ندییه‌کی مه‌عناداریان هه‌یه که پێویست به ڕوون کردنه‌وه‌ن. ڕه‌نگه قوبادی ویستبێتی به‌م په‌یوه‌ندیه تێپه‌ڕبوونێک نیشان بدات له ده‌ورێکه‌وه بۆ زه‌مان ده‌وره‌یه‌کی تر له کۆمه‌ڵگاێک.
منداڵان له فیلمی یه‌که‌م و دووهه‌م و سێهه‌مدا هه‌ن ده‌وری سه‌ره‌کیان هه‌یه، ژنان له فیلمی یه‌که‌م و دووهه‌م و هه‌ر وه‌هاش چواره‌مدا هه‌ن که هه‌موویان کۆیله‌ی سیسته‌مێکی کۆنه‌په‌ره‌ست وپیاوسالارن. له ڕاستیدا ئه‌م په‌یوه‌ندیه زۆرله‌وه قووڵتره له چه‌ند دێڕه‌دا باسی بکرێت. بۆیه جارێ وازی لێ دێنم. له سێ فیلمی ئه‌وه‌ڵدا ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌ک فیودالیته نیشان بدات، به‌ڵام له فیلمی چواره‌مدا(نیوه‌مانگ) - که تا ئێستا دوایین فیلمیشیه‌تی- به شێوه‌یه‌ک به نیشان دانی له‌بتاپ یان موبایل و هه‌روه‌ها نۆتی سه‌یڤ کراو له سه‌ر له‌بتابه‌که ده‌یه‌وێت تێپه‌ڕبوونێکی هه‌ره‌چه‌ند لاواز له فیودالیته‌وه به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری یان باشتر ئه‌وه‌یه بڵێین بۆ مۆدێڕنیته نیشان بدات؛ به‌ڵام هه‌ڵبژاردن یان ئافراندنی چیرۆکی نیوه‌مانگ وه‌ک چیرۆکێکی کلاسیک ئاماژه‌ێکه به په‌یوه‌ندی قوبادی له‌گه‌ڵ کاره‌کانی تری یان سوننه‌ت. به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه‌ک به‌و تێپه‌ڕکراوه که پێم وابێ قوبادی له کاره‌کانی داهاتووی دا زیاتر په‌ل بهاوێته سه‌ریان و زیاتر له‌و کارانه‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه. له فیلمی گۆرانیه‌کانی وڵاتی دایکیم چه‌ند یاسای وه‌ک فره‌ژنی، یان باشتر ئه‌وه‌یه بڵێم یاسای به‌رگری نه‌کردن له فره ژنی نیشان دراوه که هه‌م لایه‌نی یاسایه‌که‌یه‌تی، هه‌م لایه‌نی ئایینیه‌که‌یه‌تی و هه‌م باوه‌کانی کۆمه‌ڵگا. وه‌ک ده‌یبینین عه‌وده‌ی کوڕی میرزا حه‌وت ژن و سێزده کچی هه‌یه. په‌یتا په‌یتا ژنی هێناوه به‌شکم کوڕێکی بێت به‌لام نه‌ییانبووه و سوێندی خواردووه تا کوڕێکی نه‌بێت ده‌س له جه‌ماعه‌ت ژن هه‌ڵنه‌گرێت. کوڕێکی بێت تا هونه‌ره‌که‌ی خۆی فێر بکات و بیکا به هونه‌رمه‌ندێکی گه‌وره. لایه‌نێک لێره‌دا هه‌یه که له‌گه‌ڵ که‌سیه‌تی عه‌وده ناگونجێت ئه‌وه‌ی که ڕۆژان پێی ده‌ڵێت ده‌توانی به جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ژنێکی تر بهێنی دانه‌یه یان دووان له‌م کوڕه بێ باوک و دایکانه ببه‌ی له‌گه‌ڵ خۆت. عه‌وده‌ش ئاسایی وه‌ریده‌گرێت و ده‌ڵێت باشه. کاتێک ئه‌و منداڵه ئاواره بێ سه‌رپه‌رشتانه‌م بینی که چاوه‌ڕوانن یه‌کێک وه‌ک عه‌وده له‌گه‌ڵ خۆیان بباته‌وه. نموونه‌ی ئه‌م منداڵه زۆرانه که له‌و ئۆردووگایه‌دان له فیلمی کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن جارێکی تر نیشان ده‌درێته‌وه. کاتێک میرزا له‌گه‌ل داده خجێ ده‌چنه لای ئه‌و پیرێژ‌نه که پێیان وایه نامه‌که‌ی هه‌ناره‌ی پێیه، "کایه‌ی" ئه‌و پیرێژ‌نه زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام، که ده‌تتوانم بڵێم شتێک بوو زیاتر له سروشتی و ئه‌وه‌نده ڕاسته‌قینه بوو که ترساندمی. به ڕاستی نازانم بڵێم ئه‌مه توانایی ده‌رهێنه‌ره بۆ گواستنه‌وه‌ی بیره‌که‌ی که ئه‌و پیرێژ‌نه کایه‌ی ده‌کات یان چی؟ ئه‌و پیرێژنه‌ش مرۆڤێکی ئاساییه وه‌ک هه‌موو ئه‌کته‌ره‌کانی تر. کاتێکی تریشم پێ جوان بوو ئه‌و کاته‌ی که مامۆستای ئۆردووگاکه منداڵه‌کانی له شوێنێکی ئاواڵه‌دا کۆ کردبۆوه‌و له‌باره‌ی فڕۆکه‌وه قسه‌ی بۆ ده‌کردن. مامۆستا ده‌ڵێت: ئه‌وه هه‌واپه‌یماکه هات ئاهاها!
یه‌کێک له منداڵه‌کان ده‌ڵێ: هه‌واپه‌یما چییه؟
مامۆستا: نازانی هه‌واپه‌یما چییه؟ توخوا ڕاس ئه‌که‌ی؟ جۆرێکه وه‌ک باڵدار. وه‌ک چۆله‌که. جۆرێک خوا گیان یانی کارێک بنیامی دروس کرده وه‌ک هین ئه‌چێ، وه‌ک باڵدار بۆ ئاسمان، گیانی تیا نییه. فه‌قه‌ت جۆرێ دروس کرا که بچێ بۆ ئاسمان. هه‌وا په‌یما سێ چت ئه‌نجام ئه‌یا. چیه؟ ته‌واشا که‌ن، حه‌مڵ و نه‌قڵ کاڵا و جنس. ته‌واشاکه‌ن، ئه‌مدێ بۆ ئه‌ودێ، ئه‌مشار بۆ ئه‌و شار به‌ڵام شتێ تریش ئه‌نجام ئه‌یا، کارێ خراپ. چیه؟ بۆم. بۆمباران دا ئه‌خا. ته‌واشا که‌ن
منداڵێک: بومباران چیه؟
مامۆستا: چۆن نازانی بومباران چیه؟ بومباران ئه‌وه‌سه هه‌واپه‌یما دا ئه‌خا. ماڵ خراو ئه‌کا. ئه‌و وه‌خته؛ گوێچکه به‌ن، ئا.. ئه‌وه سه‌دای بومه. ئه‌وه هه‌واپه‌یما دای ئه‌خا. ماڵه‌که‌ی ئێمه چه خراوی کرد؟ هه‌واپه‌یما خراوی کرد. مه‌دره‌سه‌که‌مان چه‌ی خراو کرد(به جێگه‌ی چی خراپی کرد)هه‌واپه‌یما خراپی کرد.
مناڵێک: تۆ وتت هه‌ر باڵێکی وه‌قه‌و دوو ماڵ ئه‌وێ.
مامۆستا: ساکت. ئێمه له به‌ر خاتر ئه‌وه هاتینه بۆ ئێره ته‌واشای هه‌وا په‌یما که‌ین. ته‌واشای که‌ن با له ده‌ستان ده‌ر نه‌چێ.
منداڵێک: ئه‌وه بۆ ئه‌ونه درێژه؟
مامۆستا: ڕۆڵه گیان ئه‌وه دراز نیه. ئه‌وه دوکه‌ڵه‌که‌یه‌تی. ئاهاهاهاها..خۆی ها له‌و لاوه
منداڵێک: ئه‌وه بۆچی ئه‌ونه دووره؟
مامۆستا: ئه‌وه به‌خاتر ئه‌وه ئه‌ونه دووره، ڕۆڵه گیان، ئه‌گه‌ر له خۆاره‌وه بێت یا ئا له کێفێ یا ئا له شتێ.
منداڵێک: ئاغا موعه‌لم سوار هه‌واپه‌یما بووی؟
مامۆستا: نه سوار نه‌بووگم وه‌لێ براێکم هه‌س ڕه‌فێقێکی هه‌س، برازای ڕه‌فێق ڕه‌فێقه‌که‌ی سوار بوه...
پاشان مامۆستا به منداڵه‌کان ده‌ڵێت: ڕۆڵه گیان خۆیشمان وه ئۆمێد خوا ڕۆژێک سوار ئه‌وین. پاش ئه‌م قسانه منداڵه‌کان که چه‌ن موشه‌کیان به قاقه‌ز دروست کردووه ده‌یخه‌نه ئاسمان. قوبادی له هه‌موو فیلمه‌کانیدا به زمانی خه‌ڵک و زمانی کووچه‌و کۆڵان قسه‌ده‌کات. وه‌ک نموونه‌که‌یمان بیینی. به‌داخه‌وه هه‌ندێک فیلمی کوردی دروست کراون کاتێک گۆێ ده‌گری هه‌ست ده‌که‌ی کتێبێکت بۆ ده‌خوێنه‌وه. به‌ڵام زمانی فیلمه‌کانی قوبادی ئه‌گه‌ر چی جاروبار باش که‌ڵکی لێ نه‌گیراوه و هه‌ندێ وتووێژ تێیاندا له باری زمانییه‌وه ڕه‌نگه دروست نه‌بێت یان به مانایه‌کی تر هاتبێت به‌ڵام ئه‌م چه‌شنه ئاخاوتنه سه‌رنجی بینه‌ر بۆلای خۆی راده‌کێشێت و هه‌ست به‌نیزیکایه‌تی زیاترده‌کا.
هه‌ندێک بڕوایان وایه به‌همه‌نی قوبادی ده‌رهێنه‌رێکی ناسیۆناڵیسته به‌ڵام من پێم وانیه، ئه‌و ته‌نیا هونه‌رمه‌ندێکی ڕاست بێژه، ڕاست بێژیش نابێ به ناسیۆنالیسم یا هه‌ر شتێکی تر. یه‌کێک له فاکته‌کانی ناسیۆناڵیسم زمانی دایکیه، ناسیۆناڵیسته‌کان تێده‌کۆشن زمانه‌که‌یان وه‌ک هۆی سه‌ره‌کی یه‌کیه‌تی خه‌ڵکی یان یه‌کپارچه کردنی خه‌ڵکی به شێوه‌یه‌کی ئه‌مڕۆییانه بینرخێنن و بیگه‌ێنه گۆی بینه‌روبیسه‌ر. به‌ڵام قوبادی وانییه، زمان له‌فیلمه‌کانی ئه‌ودا تا ڕادێکی زۆر ساده‌و دووره له ده‌ستوره زمانیه‌کان وه‌ک ئه‌وزمانه‌ی که بۆ ئه‌ده‌بیات به‌کارده‌برێت. وه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد زمانی کووچه‌وکۆڵانه که هێچ وشه‌یه‌کی فارسی یان عه‌ره‌بیان تێدا لانه‌بردووه. یان ڕه‌نگه سنوور تێپه‌ڕاندنی قوبادی له کوردوستانی ئێرانه‌وه بۆ کوردستانی ئێراق یان له‌وێوه بۆ ئێره یان به ناسیۆناڵیسم وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کپارچه له قه‌ڵه‌م دابێت که ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه، ئه‌و ڕه‌نجێکی هاوبه‌ش، یان ئاواره‌کانی ئێراق یان له فیلمی سێهه‌میدا ته‌نیا کوردستانی ئێراقی نیشان داوه و هیچ ئاماژه‌ێکی به کوردستانی ئێران نه‌کردووه.
له فیلمی گۆرانییه‌کانی وڵاتی دایکم میرزا وکوڕه‌کانی حه‌وڵێکی زۆر ئه‌ده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ناره، زۆر ماندوو ده‌بن، وه‌ڕه‌ز ده‌بن و جارجاریش ده‌یکه‌نه مشت و مڕ له‌گه‌ڵ باوکیان که ئێمه حه‌ز ناکه‌ین بین به‌ڵام تۆ به‌زۆر ده‌مانبه‌یت. کوڕه‌کانی میرزا هه‌ریه‌که‌و بۆچوونێکی تایبه‌تیان هه‌یه له باره‌ی ژنانه‌وه. به‌رات ژنێکی ده‌وێت که به‌ته‌واو مه‌عنا دیندار بێت و گوێڕایه‌ڵی مێرده‌که‌ی که نابێت گۆرانی بڵێت چونکا گۆرانی بۆ ژن حه‌رامه، وشه‌ی حه‌رام که به‌رات به ژنه ده‌نگ خۆشه‌که ده‌ڵێت ناڕاسته‌وخۆ داخوازی دینداربوونی به دواوه‌یه، وه‌ک ده‌زانن ئایینه که، شتێک حه‌رام ده‌کات. عه‌وده‌ش ژن وه‌ک ئامرازێک به‌ته‌واوی له ژێرچاودێری و ده‌سه‌ڵاتی پیاودا ده‌بینێت یان وه‌ک ماشێنی سک و زا، ژن لای عه‌وده هیچ بایه‌خ و حورمه‌تێکی نیه. نموونه‌ی به‌ر چاوی ئه‌م خواسته‌ش ئه‌وه‌یه حه‌وت ژنی هێناوه تاوه‌کو کوڕێکی ببێ ،هونه‌ره‌که‌ی فێری هیچکام له کچه‌کانی ناکات. حه‌تمه‌ن ده‌بێ کوڕ بێ. به‌ڵام میرزا به ڕاستی عاشقی هه‌ناره‌یه و هه‌ناره‌ش عاشقی گۆرانی گوتن. عه‌شقێکی بێ ئاکام له به‌ر ئه‌وه‌ی میرزا حه‌زناکات ژنه‌که‌ی گۆرانی بڵێت و هه‌ناره‌ش وا بڕیار ئه‌دات بۆ گۆرانی کوتن سنووره‌کان ببه‌زێنێت. بڕیاری هه‌ناره به‌رته‌کێکی گه‌وره‌یه نه‌ک له به‌رانبه‌ر به میرزا به‌ڵکوو به‌رانبه‌ر به سیسته‌می پیاو سالار. هه‌روه‌ها ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی داخوازی زه‌ماوه‌نی به‌رات له لایه‌ن ئه‌و کچه ده‌نگ خۆشه‌وه که ته‌نیا مه‌رجی ئه‌وه‌یه به‌رات فێری بکات گۆرانی باشتر بڵێت و به‌راتیش قه‌بووڵی ناکات. ڕه‌نگه کیمیایی بوونی هه‌ناره و له‌ده‌س دانی ده‌نگه‌که‌ی له‌وه نزیکمان کاته‌وه که هێشتا قوبادی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌گه‌ڵ سوننه‌ت نه‌پساندووه و به‌م شێوه ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی میرزا، وه‌ک هێمای پیاوسالاری له هه‌ناره‌ی به‌سته‌زمان بستێنێ. ڕه‌نگه به‌م شێوه‌یه‌ش ویستبێتی باری عاتفی چیرۆکه‌که زیاتر بکات. قوبادی ده‌یتوانی هه‌ناره بکات به قوربانی بۆمباران یان کیمیاباران یان ئه‌نفال؛ یان لانی که‌م له سه‌رما ڕه‌قه‌هه‌ڵبهاتبایه، به‌ڵام ته‌نیا شتێک که فه‌وتاوه ده‌نگ و جوانی ڕووخساری هه‌ناره‌یه که ئێمه ڕومه‌تی نابینین، ده‌مێنێته‌وه ده‌نگی وه‌ک دژایه‌تیه‌ک له به‌رانبه‌ر به قه‌ده‌غه کردنی گۆرانی گوتنی ژنان. له چه‌ن به‌شیشدا به‌رهه‌ڵستی و هه‌وڵێکی بێ‌وچان بۆ به‌زاندنی ئه‌م ڕه‌سمه کۆنه له‌لای ژنانه‌وه به ڕوونی نیشان دراوه و له ئاکام دا قوبادی ئه‌م هه‌وڵه‌ی له قاڵبی کچی هه‌ناره که زۆر له خۆی ده‌چێت به سه‌رکه‌وتن و پیرۆزی ده‌گه‌ێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌و کاته‌ی به‌رات باوکی به جێ ده‌هێڵێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وکچه ده‌نگ خۆشه که له‌سه‌ر گۆرێکی به کۆمه‌ڵی ئه‌نفال به‌دوای ته‌رمی براکه‌یدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ره‌و گۆڕێکی تر له لایه‌کی تر به‌ڕێ ده‌که‌وێت ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات که به‌رات مه‌رجی ئه‌و کچه‌ی قه‌بووڵ کردووه و بۆی جێ به‌جێ ده‌کات.