
ڕووداوه سه‌رسووڕێنه‌ره‌كانی بارون فۆن مۆنهاوزێن
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: عه‌لی غوڵامعه‌لی
پێناسه‌یه‌ك:
“بارۆن فۆن مۆنهاوزێن”1 له بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی “هۆینه”یه2 كه جه‌دده‌كانی له شه‌ڕه‌سه‌لیبییه‌كاندا وێڕای له‌شكری “فرێدریش بارباڕۆس” هێرشیان برده سه‌ر فلستین. له ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی ئاڵمان‌دا كه‌م كتێبی وا هه‌یه كه ئه‌وه‌نده له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه خوێندرابێته‌وه. ئه‌م حه‌كایه‌تانه هه‌وه‌ڵ جار له ساڵی 1781دا به واژۆی “M-H-Z-N” له گۆڤاری Vademecum fur lustige leute (چاپی بڕڵه‌ن) بڵاوكراوه. كتێبه‌كه ئاشكرا نییه نووسراوه‌ی كێیه، به‌ڵام نێوی دوو كه‌سی له‌سه‌ره.
1_ نووسه‌ری ئاڵمانی “ڕۆدۆڵف ئێریش راسپه”3 (1794 _ 1737) كه پێی وایه باڕۆن فۆن مۆنهاوزن له ئێل و تایه‌فه‌ی گه‌وره‌ی “بادن وێردێر”ه4 كه له وڵاتی “وێزێر”5 ژیاون.
2_ “بورگر”ی نووسه‌ر، كه چاپی دووهه‌می كتێبی “راسپه”ی له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕا سه‌ر ئاڵمانی و به وته‌ی خۆی، به‌م كاره هێنایه‌وه نێو باوه‌شی زمانی زگماکی.
له‌م وه‌رگێڕانه‌دا بۆ ئاشنایه‌تی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م كتێبه، پێنج نه‌قڵ له ڕه‌وایه‌تی له‌سه‌ریه‌كی حه‌كایه‌ته‌كان كراوه به كوردی.
“بڕوا بكه‌ن دۆست و برایانی به‌ڕێزم؛
پیاوی زاناش جارجار ده‌بێ گاڵته و گه‌پی هه‌بێ. چونكێ له گاڵته‌وگه‌پدا زۆرتر له‌وه‌ی پێتان وایه شتتان له كیس ده‌چێ، شتتان دێته ده‌ست.”6
1_
جارێكیان هه‌روا له قه‌راغ ئه‌ستێرێك خه‌ریكی ڕاو بووم و چاوم له ده‌وروبه‌رم ده‌كرد؛ چاوم که‌وت به ده،دوازده مراوییه‌كێوی له نێو ئاوه‌که‌دا. ته‌نیا گولله‌یه‌كیشم پێ‌مابۆو به‌ڵام ئه‌وان زۆر له‌یه‌ك دوور بوون و دیاربوو به گولله‌یه‌ك هه‌ر یه‌کیانم پێده‌كوژرێ. له لایه‌کیشه‌وه به‌ته‌ما بووم دووسێ ڕۆژی كه، تاقمێک له دۆستانی ئازیز و خۆشه‌ویستم بۆ شێو بانگهێشتن بكه‌م. هه‌ر بۆیه دڵم پێوه بوو هه‌ر هه‌موویان بگرم و بیانبه‌مه‌وه بۆ ماڵێ. چ بكه‌م، چ نه‌كه‌م له پڕدا به مێشكمدا هات كه له به‌رماوی نانی به‌یانی، بڕێكم به‌ز و چه‌وری پێماوه. گورجێ، به‌زه‌كه‌م له كیفه‌كه‌م ده‌رهێنا و قایشی ملی سه‌گه‌كه‌م ڕیشاڵ ڕیشاڵ كرد و كردم به چوار به‌شه‌وه. پاشان لێكم گرێدان و ئه‌مجار بوو به قه‌د چوار به‌رامبه‌ری هه‌وه‌ڵی. ئه‌م كه‌ڕه‌ته به‌زه‌كه‌م به سه‌رێكی په‌ته‌كه‌وه گرێدا و خۆم له نێو قامیشه‌ڵانی په‌نا ئه‌ستێره‌كه شارده‌وه و به‌زه‌كه‌شم به په‌ته‌وه خسته نێو ئاوه‌كه‌وه. ئه‌و مراوییه‌ی له‌وانی دیكه‌ی پێ‌نزیكتر بوو، هات بۆ لای. خه‌ریك بوو له خۆشیانه دیق بكه‌م. خولێك دوایی، مراوییه‌كه ده‌ستبه‌جێ گه‌یشته سه‌ری و قووتی دا. جا چونكێ به‌زه‌كه چه‌ور و لووس و خلیسك بوو، هه‌ر خواردی بێ ئه‌وه‌ی له په‌ته‌كه ببێته‌وه له پاشییه‌وه هاته‌وه ده‌رێ؛ ئه‌مجار یه‌كی دیكه‌یان خواردی. به‌م جۆره په‌ته به‌زاوییه‌كه، زگ و ڕیخۆڵه‌ی هه‌موو مراوییه‌كانی كرد و وه‌ك ده‌نكی ته‌سبێح هه‌موویانی به په‌ته‌وه كرد. به فیكه‌فیك و پێكه‌نین هه‌موویانم هێنا قه‌راغ ئه‌ستێره‌كه و په‌ته‌كه‌م وه‌ك پشتوێن، شه‌شجار له قه‌دم هاڵاند و خللۆر بوومه‌وه به‌ره‌و ماڵێ. به‌ڵام تا ده‌گه‌یشتمه ماڵێ ڕێگایه‌کی یه‌گجار زۆرم مابوو و مراوییه‌كانیش یه‌ک و دوو نه‌بوون و بۆم هه‌ڵنه‌ده‌گیران. خه‌ریك بوو له كاره‌كه‌م په‌ژیوان ببمه‌وه كه فکرێک دای له سه‌رم که نه‌ك گێژی كردم به‌ڵكوو به فریاشم گه‌یی:
نییه مراوییه‌كان هه‌موویان زیندوو بوون؛ هه‌ر ئه‌وه‌نده ترسیان ڕژا، ده‌ستیان كرد به په‌له‌قاژه و هه‌ڵفڕین. تا هاتم بجووڵێمه‌وه، دیتم ئه‌وه له‌گه‌ڵیان له ئاسمانم و خه‌ریكم هه‌ڵده‌فڕم. هه‌رچه‌ن زۆر كه‌سی وا هه‌یه وه‌ختی وا سه‌ری لێ‌ده‌شێوێ به‌ڵام من زۆر سه‌یر و كارامه‌یانه كاره‌كه‌م گرته ده‌ست. داوێنی باڵته درێژه‌كه‌مم له هه‌رتك لاوه به ده‌سته‌وه گرت و فشم كرده‌وه و به عه‌ینی سوکكان یان فه‌رمانێك، هه‌ڵفڕینه‌كه‌م پێ جێ‌به‌جێ كرد تا گه‌یشتمه‌وه سه‌رماڵێ. چونكێ ده‌مهه‌ویست وا بنیشمه‌وه كه هیچم لێ‌نه‌یه، ده‌ستم كرد به مل بادانی یه‌كه به یه‌كه‌ی مراوییه‌كان و زۆر هێواش و هێمنانه نیشتمه‌وه سه‌ر كولانكه‌ی مدبه‌قه‌كه‌مان كه شوكر بۆ خودا هێشتا ئاوری تێدا هه‌ڵنه‌كرابوو. به‌م جۆره بوو كه ساغ و سه‌لیم و زۆر له‌سه‌رخۆ، گه‌یشتمه‌وه ماڵێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بدركێنم كه ئاشپه‌زه‌كه‌مان به بینین و بیستنی ئاوه‌ها شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره، تفی له گه‌روودا ویشك ببوو و خه‌ریك بوو شاخ ده‌ربێنێ.
*2_
جارێكی له نێو جه‌نگه‌ڵێكی پڕ و چڕی ڕووسییه‌دا ڕێوییه‌كم له كونه‌كه‌ی ڕاو نا. پێستێكی نوقره‌یی زۆر جوانی هه‌بوو. ڕاستتان بوێ پێم حه‌یف بوو ئه‌و پێسته جوانه به فیشه‌ك یان ساچمه خه‌سار كه‌م. “مام ڕێوی”7 به پۆز و ئیفاده‌یه‌كی سه‌یره‌وه خۆی به دارێكه‌وه هه‌ڵده‌كڕاند. به هه‌ڵكه‌وتم زانی و ده‌رجێ وه‌ك گولله، فیشه‌كه‌كه‌م له تفه‌نگه‌كه ده‌رهاویشت و بزمارێكی زه‌لام و درێژم له‌جیاتی دانا و تێمهه‌ڵكرد. چونكێ ئه‌نگێوه‌یه‌كی بێ‌وێنه‌م به هۆی لوتفی نیشانه‌ڕه‌وی وردبینانه‌مه‌وه، بزماره‌كه كلكی مام ڕێوی به داره‌كه‌وه دووری. له سه‌ره‌خۆ و بێ‌په‌له‌په‌ل، به‌ره‌و ڕاوه‌كه‌م چووم. چه‌قۆكه‌مم ده‌رهێنا و به عه‌ینی خاچ، لمبۆزیم كون كرد. پاشان شوڵكێكم هه‌ڵگرت و که‌وتمه گیانی. هێنده‌م به شوڵك لێدا تا كونی له ئاخری‌دا خۆی له نێو كه‌وڵ و پێستی ڕزگار كرد و بۆیده‌ر‌چوو. تامی ئه‌م كاره‌م كه وه‌ك مۆجزات وایه و به لێهاتوویی كراوه، دایمه هه‌ر له ژێر زمانه و هه‌میشه به چێژ و له‌زه‌تێكی سه‌یره‌وه ده‌گێڕمه‌وه و باسیده‌كه‌م.
3_
پێش گێڕانه‌وه‌ی شتێكی كه، ده‌بێ ئه‌وه‌تان پێ‌بڵێم كه “یه‌كانه” به هه‌زار جار سامناكتر و باسی سه‌رتره له “ماڵۆس”. ڕۆژێ له جه‌نگه‌ڵ له‌وه‌ختێکدا كه نه ئاگام له خۆم بوو و نه به‌و فکره‌وه بووم که له‌پڕدا ئاژه‌ڵێك بکه‌وێته سه‌رم، یه‌كانه‌یه‌ك سه‌رشێتانه به‌ره‌وڕووم هات. هه‌ر پێم كرا خۆم له پشت نێوقه‌دی دارێكدا بشارمه‌وه. به‌ڵام ئه‌و دڕه سه‌رشێته، به‌و هیوایه كه بتوانێ له قه‌راغه‌وه خۆم پێدادا و په‌كم بخات هه‌میسان شاڵاوی هێناوه. هێنده به حوججه‌ت هات و لمبۆزی له داره‌كه كوتا، ددانی لێی‌چه‌قی و نه‌یتوانی ده‌ست به‌جێ ده‌ری بهێنێته‌وه و لێی‌جیا بێته‌وه و دیسان به‌ره‌وڕووم شاڵاو بێنێته‌وه. جا به خۆم كوت: “ئه‌وه‌تا، وه‌ختێتی! ده‌بێ بۆ باوكتت عاقڵ كه‌م!” هه‌ر لێی ڕانه‌وه‌ستام، به‌ردێكم هه‌ڵگرت و ددانیم به داره‌كه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بزمار له دیوار بوکتی، كوتا. نه توانی ته‌كان بخوا، نه توانی ده‌ری بكێشێته‌وه. ئێستا ئیدی ئه‌و جانه‌وه‌ره،ڕێگای لێگیرابوو و نه‌یده‌توانی ده‌رچێ؛ بۆیه هه‌روا به‌جێم هێشت و به‌ره‌و دێیه‌كی نزیك وه‌ڕێ‌كه‌وتم تاكوونێ داشقه و گوریس وه‌چنگ خه‌م و بتوانم یه‌كانه هه‌روا به زیندوویی و بێئه‌وه‌ی بهێڵم خه‌تی بێته سه‌ر، ببه‌مه‌وه بۆ ماڵێ. بێ‌گومان کوتنی ناوێ که له‌م كاره‌شدا هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بووم.
4_
جارێكیان له “لێهێستان” له ڕاو ده‌گه‌ڕامه‌وه و وه‌ك هه‌میشه باڕووتم لێ‌بڕابوو. وڵاتیش ده‌هات تاریك بێ و وایلێبێ چاوچاو نه‌بینێ. له پڕدا ورچێكی زه‌لامی فیته‌رم هاته سه‌رڕێ كه ده‌می به قه‌ده‌ر ئه‌شكه‌وتێك كردبۆوه. به توندی شاڵاوی بۆهێنام و خه‌ریك بوو په‌لامارم دا. گیرفانم پشكنی؛ سه‌ره‌وژێرم كرد ئه‌ی به‌ڵكوو فیشه‌كێك، گولله‌یه‌كم وه‌گیر كه‌وێ. به‌ڵام جگه له دوو به‌ردی سپی چه‌خماخ كه ئاوریان پێده‌كه‌نه‌وه و من بۆ چه‌رخی تفه‌نگ و له‌به‌ر مه‌بادا له گیرفانمدا ڕامده‌گرت، هیچم پێنه‌بوو. دمیم نیشانه گرت و به هه‌موو هێز و قه‌وه‌تم تێمهه‌ڵكرد. واشم فڕێ‌دا كه له نێو ده‌مییه‌وه رۆیی تاكوو له خوار قوڕگیه‌وه نیشت.
ورچه‌خان، ناقایلانه و وه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌می به دڵ نه‌بووبێ، بۆ لای چه‌پ وه‌رسووڕا و منیش ده‌ست به‌جێ، به‌رده‌كه‌ی دیكه‌م له کونی دواوه‌ی خسته نێو زگییه‌وه! ئاكامی كاره‌كه‌م شتێكی سه‌یر بوو! به‌ردی دووهه‌م نه‌ك چووه نێو ئه‌و جێگایه‌ی وا ده‌بوو بچێ، به‌ڵكوو به نێوزگی مامه ورچه‌دا هێنده ڕۆیی تاكوونێ له به‌ردی هه‌وه‌ڵ درا.
دوو به‌رده‌كه هه‌ر لێك دران، چه‌خماخه‌یان دا و ورچی زه‌لام و فیته‌ر به ده‌نگێكی وه‌ك بۆمب ته‌قییه‌وه و له‌ت و په‌ت بوو.
5_
جارێکی، كاتێ له كۆڵانه ته‌نگ و تاریكه‌كانی “سه‌ن پترزبۆرگ” سه‌گێكی هار وه‌شوێنم كه‌وت، ڕاستیتان بوێ نه‌موێرا خۆی تێبگه‌یێنم و وه‌ك جاری جاران بكه‌م. به خۆم كوت “جا تێی‌قوولێنه قوربان و تا ده‌توانی هه‌ڵێ!” باڵته‌كه‌م كه خۆش كراوی پێسته‌بوو داكه‌ند و فڕێم دا به‌ڵكوو بتوانم باشتر ده‌رباز بم و هانكه‌هانك و په‌له‌په‌ل به‌ره‌و ماڵێ تێمقوولاند. كه پشووم هاته‌وه سه‌رخۆ، نۆكه‌ره‌كه‌مم به شوێن باڵته‌كه‌دا نارد و ده‌ستوورم دا كه هێنایه‌وه بیخاته په‌نا جله‌كانی نێو مجرییه‌كه. سه‌ر له به‌یانی هاتوهاوار و قیژه و هه‌رای “یووهانی” نۆكه‌رم، خه‌ریك بوو دڵم بتۆقێنێ. له‌سه‌ر یه‌ك ده‌ینه‌ڕاند: “وه‌ی! هاوار خوداگیان! وه‌ی! بارۆن خان باڵته پێسته‌كه‌تان هار بووه!” به په‌له هه‌ڵاتمه ده‌رێ و دیتم جله‌كانم هه‌موو له‌توكوت كراون و له‌ملاوئه‌ولا كه‌وتوون. نۆكه‌ره‌كه‌م ناحه‌قی نه‌بوو. باڵته پێسته‌كه‌م به ڕاستی هار ببوو و له‌وده‌مه‌یدا من گه‌یشتمه سه‌ری، دیم كه شاڵاوی بردۆته سه‌ر لیباسی تایبه‌تی میوانییه‌كه‌م كه زۆر به قیمه‌ت بوو و بێ‌به‌زه‌ییانه به‌سه‌ر عه‌رزیدا ڕایده‌كێشێ و ونجڕونجڕی ده‌كا.
به‌ڵێ ئه‌وه‌ش ئه‌وه!
1_ Von Munchhausen
2_ Heune
3_ Rudoef Erich Raspe
4_ Badenwerder
5_ Wezer
6_ وته‌یه‌ك له كتێبی “كتێبێكی تازه سه‌باره‌ت به قاره‌مانه‌كان” نووسراوه‌ی ویلاند (wilande).
7_ له‌و وڵاتانه‌ی وا زمانیان ئاڵمانییه، به ڕێوی ده‌ڵێن “مام ڕانیه‌كه” یان “جه‌نابی ڕانیه‌كه”. “Reineke”