
پیاوێکی ڕیش خه‌نه‌یی
عه‌زیز مه‌حموودپوور
له‌وانه‌یه حه‌ولێکی بێهوده بێ و که‌س نه‌توانێ له عه‌یبێک زیاتر بدۆزێته‌وه و عه‌یبێکیش وانییه له چاو بدات. مه‌به‌ستم میرزایه ، میرزا هاشم. ئه‌و، که تازه ته‌مه‌نی بۆته سی و هه‌شت ساڵ و به ڕواڵه‌ت پیاوێکی ده‌سته‌یه؛ نه زۆر قه‌ڵه‌وه و نه زۆریش کز. له خۆی وایه له‌م چه‌ن ساڵه‌دا-مه‌به‌ست چوارپێنج ساڵی ڕابردووه که هێندێک غایله‌ی ناخۆش که‌وتۆته دڵی میرزاهاشمه‌وه-ورگی هێندێک زل بووه. هه‌ر بۆیه‌ش به‌قه‌درای دوو کون که‌مه‌ربه‌ندی شاڵواره‌که‌ی بردۆته دواوه. میرزا هاشم وه‌ک ئه‌وه‌ی پاشه‌کشه‌ی به دوژمنێکی به‌هێز کردبێ به شادمانییه‌وه له ورگی خۆی ده‌ڕوانێ و پێی وایه قه‌ڵافه‌تی ئاڵ و گۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌رداهاتووه. به‌ڵام ڕاست ئه‌وه بوو که ڕواڵه‌تی میرزا هاشم چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌رچاوی تێدا نه‌بوو و به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار دڵته‌زێن دووپاته بوو و نه‌ده‌لوا شوێنێکی له زه‌ینتدا ڕابگری. ته‌نیا شتی به‌رچاوی میرزاهاشم نه‌ک قه‌ڵافه‌ت، به‌ڵکو شێوه‌ی به‌ڕێداڕۆیشتنی بوو؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته ده‌وروبه‌ری ملی داده‌خست و به چاوه‌کانی که وه‌ک دوو موروه شینه فڕێدرابوونه قاپیلکه‌کانینه‌وه، له عه‌رزی ده‌ڕوانی و له‌به‌ر خۆیه‌وه ورته‌ی ده‌هات. دوای چه‌ن هه‌نگاوێک، حاڵه‌تێکی سه‌رسوڕماوی به‌خۆوه ده‌گرت و پاش سرت و خورتێک سه‌رله‌نوێ وه‌ڕێ ده‌که‌وته‌وه. که‌م که‌س هه‌بوو نه‌زانێ میرزاهاشم له‌و وه‌ختانه‌ی به ڕێدا ده‌ڕوا شه‌پکه‌یه‌کی بۆر ده‌کاته سه‌ر و ئه‌وانه‌ی وا به‌م شته‌شیان نه‌زانیوه ده‌بێ بزانن که سه‌ری میرزا هاشم جگه له چه‌ن تیسکی زه‌رده‌ڵه و بێ هێز چ موویه‌کی پێوه نه‌ماوه و ئه‌و پێی خۆش نییه خه‌ڵک به تاسی بیبینن. ئێستاش که ئێستایه له میرزا هاشم ده‌ر نه‌که‌وت که بۆچ ده‌بێ ئاوا به زوویی مووی سه‌ری هه‌ڵوه‌رێ و بۆ ده‌بێ له وه‌ختی سه‌ر شتندا ئه‌و هه‌موو مووه به ده‌ستیه‌وه بێته‌وه ؛ هه‌ربۆیه‌ش زۆر جار به‌رامبه‌ر به ئاوێنه ڕاده‌وه‌ستا و له‌و چه‌ن چڵه تیسکه‌ی به حاڵه حاڵ خۆیان به سه‌ریه‌وه به‌ند کردبوو ده‌ڕوانی و له‌وێڕا نیگای داده‌کشایه خوارێ و له‌سه‌ر ڕیشی ئۆقره‌ی ده‌گرت. به‌ڕاستی هه‌ر وایه و هه‌ر واش ده‌بێ که ڕیشی میرزا هاشم بابه‌تێکی جیاوازه. به ته‌واوه‌ت نا، به‌ڵام چی واشی پێوه نه‌ده‌هێشت. هه‌رچه‌ند هه‌تا ئێستا چه‌ندین و چه‌ن جاریشی به‌تاقی کردبۆوه؛ مه‌به‌ستم ڕیشی نییه به‌ڵکو سمێڵیه‌تی. دایم دوای ئه‌وه‌ی له ڕیش تاشین ده‌بۆوه، وه‌سوه‌سه‌یه‌کی نه‌ناس هانی ده‌دا به قۆتراشه‌که‌ی به ده‌وری سمێڵی دابێ و له بارستایی که‌م کاته‌وه، هه‌تا ئه‌و جێیه‌ی به‌جارێک ته‌نک ده‌بۆوه و ئیدی ئه‌وجار هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵده‌کێشا و چاوی داده‌خست و پاک پاکی ده‌کرد و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ پیاوێکی سه‌ربه‌گێچه‌ڵه. ڕه‌نگه له‌لای که‌سێکی به باشی میرزاهاشم نه‌ناسی ئه‌وه شتێکی ئاسایی بێ و پێی وابێ هه‌ر له‌وده‌مه‌یڕا تیغی داوه، ده‌ستی کردووه به ڕدێن تاشین و ئه‌م ڕه‌وته هه‌تا ئێستا که سی و هه‌شت ساڵ له ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیوه درێژه‌ی بووه و له‌وانه‌یه چه‌ن ساڵێکی دیکه‌شی درێژه ببێ. هه‌رچه‌ن ئه‌م بۆچوونه زۆر وێده‌چێ، به‌ڵام هه‌ڵگری سه‌رله‌به‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕیشی میرزاهاشم نییه. ئه‌وه ڕاسته که له‌و وه‌خته‌وه که سمێڵی بۆر بووه و چه‌ن چڵه ڕیشێک به لاجانگ و ژێرچه‌نه‌یه‌وه نووساوه، بۆ وه‌ی پیاوه‌تی خۆی به ته‌واوی دنیا ڕاگه‌یه‌نێ چووه قۆتراشێکی دوازده تمه‌نی کڕیوه و ئه‌و چه‌ن چڵه ڕیشه‌ی تاشیوه و ته‌نانه‌ت چه‌ن جێگای خۆشی بڕیوه و ئه‌م کاره هه‌تا ئێستا بۆی بۆته فه‌ڕزێک ؛ به‌ڵام ڕاست ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕه‌وته ته‌گه‌ره‌ی تێکه‌وتووه و هه‌ر له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا پاش ئه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار توانی له‌گه‌ڵ نه‌فه‌رێک هه‌ست به نزیکایه‌تی بکات و ده‌رده دڵی له‌گه‌ڵ بکات، ڕیشی دانا؛ ئه‌ویش چ ڕیشێک؟
به‌سه‌رهاتی ڕیشی میرزاهاشم شیاوی ئه‌وه هه‌یه ڕۆژه‌های ڕۆژ لێی بدوێی و ماندوو نه‌بی. به‌خۆی سه‌یر پێی وابوو ئه‌م قه‌ڵافه‌ته نوێیه‌ی-یانی به ڕیش و به کڵاوێکی جیاوازه‌وه- تایبه‌ته و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و شه‌پکه بۆره‌ی ساڵه‌ها بوو له‌سه‌ریدا بوو وه‌لانا و ته‌قیله‌یه‌کی سپی نایه‌سه‌ر و ڕووی کرده ده‌رێ. له حاڵێکدا هه‌رتک ده‌ستی له پشته قونی لێک گرێ ده‌دا برۆی تێک ده‌چڕژاند و سه‌رمه‌ستانه هه‌نگاوی ده‌نا. هۆکاری به‌شێک له‌و سه‌رمه‌ستییه ده‌گه‌ڕاوه بۆ ئه‌وه که میرزاهاشم ته‌نیا پیاوی تایه‌فه‌ی خۆیان بوو که توانیبووی پێش ئه‌وه‌ی ژن بێنێ درێژایی ڕیشی بگه‌یه‌نێته هه‌ژده سانتیمیتر و به‌رینایه‌که‌شی هه‌تا شه‌ش سانت و نیو په‌ره پێ‌بدا و ئه‌وه‌ش بۆ پیاوێکی وه‌ک میرزاهاشم ده‌سکه‌وتێکی که‌م نه‌بوو و ده‌کرێ بڵێی هه‌تا ڕاده‌یه‌ک میرزا هاشمی غه‌ڕڕه کردبوو. ته‌نانه‌ت وه‌ها نوقمی هه‌یبه‌تی ڕیشی ببوو که حه‌وتووی دوو جاری له خه‌نه ده‌گرت و به‌م چه‌شنه ڕیشی بۆ ماوه‌یه‌کی که‌متاکورت چه‌ن مانگه بووه بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌رزاران. ئێستاش که ئێستایه زۆرکه‌س قه‌ڵافه‌تی پیاوێکی ته‌قیله به‌سه‌ری ڕیش خه‌نه‌یی له بیر ماوه که درێژایی ڕیشی هه‌ژده سانتیمیتر و پاناییه‌که‌شی شه‌ش سانت و نیو خۆی لێک کێشاوه‌ته‌وه. جا بۆیه تا ڕاده‌یه‌ک به دڵنیاییه‌وه ده‌کرێ بڵێی بێت‌و میرزاهاشم ئه‌و تاکه عه‌یبه‌ی نه‌بووبا، ده‌یتوانی له‌م ڕێیه‌دا ده‌سکه‌وتی یه‌کجار سه‌یر وه‌ده‌ست بێنێ و ئه‌وه شتێک نییه که که‌س بتوانێ لێی دوو دڵ بێ و قسه‌ی له‌سه‌ر بکات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چۆناوچۆن به‌سه‌ریداهات ڕیش دانێ و پاشان کوت و پڕ و له‌ناکاو وه‌لای بنێ و ته‌نانه‌ت ته‌ماح بکاته سمێڵیشی، پێویستی به شیکردنه‌وه و له‌نگه‌رێکی زیاتره. بێگومان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به سه‌رله‌به‌ری ژیانی میرزاهاشم و به‌تایبه‌ت به‌و تاکه عه‌یبه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێندێک پرسیاری تازه که بۆی ساز ببوون و پاش ئه‌وه‌ی وڵامێکیان بۆ نه‌بیندرابۆوه ببوونه تووڕه‌یی و که‌ڵه‌که ببوونه سه‌ر دڵی.
با درێژایی ته‌مه‌نی میرزاهاشمیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندبێ که پیاوێکی مه‌ند و له‌سه‌ره‌خۆیه و ته‌نانه‌ت بێت‌و گێره‌شی له‌سه‌ر زگ بکه‌ی تووڕه نابێ، به‌ڵام واش نییه که پاش نه‌دیتنه‌وه‌ی وڵامی پرسیاره‌کانی ده‌هری نه‌بێ و داخی دڵی خۆی به شتێکی دی-هه‌رچه‌ن ئه‌و شته ڕیشێک بێ که هه‌ژده سانت درێژه و شه‌ش سانت و نیویش پانه- نه‌ڕێژێ و به‌م جۆره کوڵی دڵی دانه‌مرکێنێ. ڕه‌نگه هێندێک بڵێن ئه‌و پرسیارانه چ بوون وا ئاوا میرزاهاشمیان وه‌زاڵه هێنابوو؟ به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی وڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه پیویسته ئاماژه به‌م خاڵه بکردرێ که ئه‌وه‌ی وا له جومله‌ی ئه‌و سی و هه‌شت ساڵه‌دا ژیانی میرزاهاشمی وه‌رچه‌رخاندووه و ئاڵ و گۆڕی به‌سه‌ر داهێناوه، پرسیار بووه و به‌ڕاستیش ئه‌ژماریان یه‌کجار زۆر بووه. به بڕوای میرزاهاشم مه‌سه‌له‌یه‌ک وه‌ختایه‌ک شیاوی ئه‌وه بوو به هێند بگیرێ که توانایی ئه‌وه‌ی بووبایه ببێته پرسیار و هه‌رشتێک له‌م توانایه بێبه‌ری بایه وه‌پشت گوێ ده‌خرا. هه‌ر ئه‌وه‌ش ببووه هۆی ئه‌وه میرزاهاشم که‌سایه‌تییه‌کی نامۆ و هه‌تا ڕاده‌یه‌ک تاقانه به خۆوه بگرێ. له ڕاستیدا ئه‌و قه‌ت به ئانقه‌ست یان به ویستی خۆی له گه‌ڵ پرسیار و مه‌سه‌له‌یه‌ک ڕووبه‌ڕوو نه‌ده‌بۆوه، به‌ڵکو به هه‌ڵکه‌وت یان له درێژه‌ی کاری ڕۆژانه‌دا ئه‌م پرسیارانه‌ی بۆ ساز ده‌بوون. وه‌ختایه‌ک پرسیارێکی تازه‌ی لێ قوت ده‌بۆوه هه‌ستی ده‌کرد ژیان شیرینه و دیسانیش سه‌فه‌رێکی تازه‌ی هاتۆته ڕێ. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی به ئاکامێکی ڕوون بگات و وڵامێک بۆ پرسیاره‌که‌ی خۆی وه‌بینێ کوت و پڕ لێی وه‌ڕه‌ز ده‌بوو و پێی خۆش نه‌بوو چیدی سه‌ری خۆی پێوه بێشێنێ. یانی به‌ر له‌وه‌ی به باشی به وڵامی پرسیارێکی خۆی بگات ئه‌وی وه‌لا ده‌نا و سه‌رنجی خۆی ده‌دایه ئه‌و پرسیاره تازانه‌ی وا بۆی ساز ده‌بوون . هۆکاری ئه‌و شته‌ش مه‌علوم نییه و ده‌کرێ بڵێی ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تایبه‌تی میرزاهاشمه. بۆ وێنه هه‌ر له مه‌سه‌له‌ی ژن نه‌هێنانی میرزاهاشمدا زۆرکه‌س پێی وابوو داخوا شتێک له گۆڕێدایه؛ ده‌نا چۆن که‌سێک که سی و هه‌شت ساڵ له ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیوه ده‌بێ هه‌تا ئێستا ژنی نه‌هێنابێ؟ به‌ڵام ڕاست ئه‌وه بوو که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ میرزا هاشم نه‌ببووه پرسیار هه‌تا حه‌ول بدا وڵامێکی بۆ وه‌بینێ. ته‌نیا ژنێک که توانیبووی سه‌رنجی میرزاهاشم ڕاکێشێ دایکی بوو که قه‌ت خۆی له کاری ئه‌و هه‌ڵنه‌ده‌قوتاند و چ ده‌ربه‌ستی ئه‌وه نه‌بوو میرزاهاشم ژن دێنێ یان نایهێنێ. ته‌نیاکاری گرینگ له‌لای ئه‌و، ئه‌وه بوو به‌یانان پێش ئه‌وه‌ی میرزاهاشم له خه‌و هه‌ستێ، بچێ له نانه‌وه‌خانه نانی تازه بێنێ و وه‌ختایه‌ک هاته‌وه سه‌ماوه‌ره‌که تێخا و چاوه‌ڕوان بێ هه‌تا میرزاهاشم له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ و ئه‌و نان و چای بداتێ. ئه‌وه‌ش که پاش ساڵه‌ها میرزاهاشم توانیبووی ئاواڵێک بدۆزێته‌وه له‌و شتانه بوو که که‌م که‌س ده‌یتوانی خۆی له قه‌ره بدا و جوابی بداته‌وه. ئێستاش زۆر که‌س پێی وایه میرزاهاشم چ شتێکی وه‌ها تایبه‌ت نه له قه‌ڵافه‌ت و نه له کرده‌وه‌یدا نه‌بووه که‌بتوانێ ختوکه‌یه‌ک بخاته دڵی که‌سێکه‌وه و لێی نزیک ببێته‌وه و ئه‌و ته‌نیا توانیویه‌تی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ئه‌ویش به ڕیشێکی خه‌نه‌یی و به ته‌قیله‌یه‌کی سپییه‌وه کۆمه‌ڵێک سه‌رنج بۆ لای خۆی ڕاکێشی؛ که ئه‌وه‌ش چ شتێکی وا نه‌بووه. به‌ڵام ڕاست ئه‌وه بوو که میرزاهاشم پێی وابوو که ئه‌و قه‌ت پێویستی به‌وه نه‌بووه هه‌تا ئۆگری به که‌سێکه‌وه په‌یدا بکا و ئالوده‌ی بێ و له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه ژانه‌سه‌ری پێشبینی نه‌کراو بۆخۆی داتاشێ و باشتر وایه هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و سی و چه‌ن ساڵه‌ی به ته‌نێ ڕابواردووه ئه‌م چه‌ن ساڵه‌ی دوایش به ته‌نێ ڕابوێرێ. ئاخر ڕابواردن ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی گرینگ له لای میرزاهاشم بوو و ئه‌و دڵنیا بوو که به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌شتێکه‌وه وه‌ردا شه‌و دێ و ڕۆژدێ و ئه‌و هه‌ر به‌ینابه‌ینێک پرسیارێکی لێ قوت ده‌بێته‌وه. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که بۆچ ده‌بوو میرزاهاشم له‌م ته‌مه‌نه‌دا که جه‌نگه‌ی کامڵ بوونه ئاوا ئالوده‌ی ئاواڵه‌که‌ی بێ و له حاندیدا بێ ده‌سه‌ڵات بێ و چ هه‌ڵوێستێک که نیشانه‌یه‌ک له نیشانه‌کانی میرزاهاشمی پێوه دیاربێ له خۆ نه‌نوێنێ؟ به‌ڵام بێ گومان ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی میرزاهاشمه و شتێک نییه که بکرێ شتێکی له‌گه‌ڵ بکه‌ی و ئه‌وه‌ی وا ده‌کرێ لێی بدوێی ئه‌وه‌یه که میرزاهاشم له دوانیوه‌ڕۆیه‌ک که داخوا دوانیوه‌ڕۆیه‌کی به‌هار یان پاییز بووه، سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه و ڕۆیشتووه. وه‌ختایه‌ک وه‌خۆ هاتۆته‌وه خۆی له‌سه‌ر کێوێک که ڕوانیویه به‌سه‌ر شاردا دیوه‌ته‌وه و زانیویه باران به غوڕڕه‌م ده‌بارێ و ئه‌و چه‌تری پێ نییه. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌ستێکی یه‌کجار شیرین به دڵیدا ڕاخوشیوه و هه‌ستی کردووه که پرسیارێکی یه‌کجار سه‌یر زۆری بۆ هێناوه. پرسیارێک که به خۆشی نه‌یزانیوه چییه و زانیویه‌تی به ته‌واوه‌ت جیاوازه و هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌جارێک ده‌هری کردووه. چیدی نه‌یتوانیوه درێژه به خه‌یاڵاتی بدا و لێی وابووه گوێی له ده‌نگی بانگه. چاوێکی له‌سه‌عاته‌که‌ی کردووه و ئاوای کوتووه : «پێموایه ده‌بێ بانگی عه‌سر بێ.» هه‌رچه‌ند وه‌بیری نه‌هاتبۆوه چه‌ن ساڵه سه‌ری به مزگه‌وتدا نه‌کردووه، به‌ڵام پێی وابووه ده‌بێ داگه‌ڕێته خوارێ. دڵنیا نه‌بووه له‌وه‌ی نوێژی له‌بیر ماوه، به‌ڵام دڵنیا بووه له‌وه‌ی ده‌بێ داگه‌ڕێته خوارێ و خۆ به مزگه‌وتێکدا بکا و ده‌سنوێژ بگرێ. داگه‌ڕابووه خوارێ و هه‌ر له‌م داگه‌ڕانه‌دا له گه‌ڵ ئاوه‌ڵه‌که‌ی ئاشناببوو؛ ئه‌و که‌سه‌ی بۆ یه‌که‌م جار توانیبووی هێندێک ده‌رده‌دڵی له‌گه‌ڵ بکا. مانگێک ماوه‌یه‌کی زۆره بۆوه‌ی ئاڵ و گۆڕی گه‌وره‌ی تێدا ڕوو بدا. جا بۆیه به هێندێک چاوپۆشییه‌وه ده‌کرێ بڵێی ئه‌و گۆڕانه له ڕواڵه‌تی میرزاهاشمدا به‌دیهاتبوو. له‌م ماوه‌یه‌دا میرزاهاشم به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ڕوحیشی خه‌به‌ردار بێ یان لانی که‌م بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بیری لێ بکاته‌وه، ڕیشی دانابوو. ئه‌و وه‌ختایه‌ک به‌م شته‌ی زانیبوو که پرسیارێکی تازه خه‌ریک بوو له مێشکیدا چه‌که‌ره‌ی ده‌دا و ده‌یویست قه‌ڵافه‌تی خۆی له‌م حاڵه‌ته‌دا له ئاوێنه‌دا ببینێ و دیبووی ڕیشی وه‌ک په‌ڵه گه‌نمێکی له واده‌ی دورینی لایدابێ و به‌سه‌ر یه‌کدا شکابێته‌وه زه‌رد ده‌کاته‌وه. سه‌ری سووڕ مابوو له‌وه‌ی هه‌تا ئێستا نه‌یزانیوه ڕیشی هاتووه و ده‌بێ بیتاشێ. جامێک ئاوی کوڵاتووی هێنابوو و بوخچه ڕیشه‌که‌ی کردبۆوه و تیغی خستبووه سه‌رقۆتراشه دوازده‌تمه‌نیه‌که‌ی. به‌ر ڕیشه‌گوڵدۆزیکراوه‌ی هه‌ڵبه‌ستبوو و فڵچه‌ی خستبووه ئاوه گه‌رمه‌که‌ی به‌ر ده‌ستی و به شێنه‌یی به‌سه‌ر ڕیشی داهێنابوو. هاوکات له‌گه‌ڵ خشه‌خشی فڵچه له‌سه‌ر ڕیشی، خه‌یاڵ هه‌ڵی گرتبوو و له‌خۆڕا ڕدێنی ئاواڵه‌که‌ی هاتبۆوه یاد و ده‌هاته‌وه یادی که چۆن هه‌موو جارێ ئاواڵه‌که‌ی به ڕه‌زامه‌ندییه‌وه له‌و ڕیشه زه‌رده‌ی ئه‌وی ڕوانیوه و بزه‌ی هاتۆتێ. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م وێنه زه‌ینییه ده‌ستی به فڵچه‌که‌وه سارد کرده‌وه و به‌په‌له به‌ر ڕیشه‌که‌ی داماڵی و ڕدێنی ویشک کرده‌وه. هه‌رچه‌ند زۆر که‌م وابوو کارێک هه‌تا سه‌ر به ئاکام بگه‌یه‌نێ، به‌ڵام واش نه‌بوو کارێک به نیوه چڵی بێڵێته‌وه؛ جابۆیه له ته‌نگه‌ی گران هات و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و ڕۆی. ئه‌وه پیشه‌ی ڕۆژێک و دوانی میرزاهاشم نه‌بوو، به‌ڵکو هه‌روه‌ختێکی چه‌ن هه‌ستی جیاواز و جۆراوجۆر له ده‌رونیدا تێک ده‌گلان ئه‌و سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرت و ده‌ڕۆیشت. له لای خۆی تام و چێژی ئه‌م سه‌رهه‌ڵگرتنه له‌وه‌دا بوو که نه‌یده‌زانی بۆ کوێ ده‌چێ، به‌ڵام ده‌یزانی بۆ جێیه‌ک ده‌چێ و ئه‌و جێیه زۆرتر دوندی کێوێک بوو که به ته‌پلۆسییه‌وه ده‌یڕوانی به‌سه‌ر شاردا. ئه‌م ڕوداوه- په‌شیمان بوونه‌وه له تاشینی ڕدێنی- بووه گریمانه‌یه‌ک له‌سه‌ر دڵی و دواییش که هه‌روا هاتوچۆی ئاواڵه‌که‌ی ده‌کرد، به بێ ئه‌وه‌ی بزانێ بۆ، ده‌یدی ڕیشی له په‌ستا په‌ره ده‌ستێنێ و په‌ره‌ده‌ستێنێ. ئه‌و وه‌ختایه‌ک به‌هه‌موو شتێکی زانیبوو که چووبووه به‌ر ئاوێنه و دیبووی بۆته خاوه‌نی عه‌جایب ڕیشێک؛ ڕیشێک که هه‌ژده سانت درێژه و شه‌ش سانت و نیویش پانه و هه‌ر جۆرێکی لێک داباوه شیاوی ئه‌وه هه‌بوو له خه‌نه‌ی بگرێ . هه‌ر بۆیه‌ش کیسه‌یه‌کی خه‌نه کڕیبوو و زۆر به شێنه‌یی حه‌وتووی دوو جاری له خه‌نه گرتبوو و به‌م جۆره زۆر به ئاسانی ببووه پیاوێکی ڕیش خه‌نه‌یی. به‌ڵام له ناکاو و به بێ ئه‌وه‌ی پاساوێک بۆ ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی هه‌بێ، ڕۆژێک غایله‌یه‌کی یه‌کجار ناخۆشی که‌وتبووه دڵه‌وه و هه‌ستی کردبوو ته‌واوی دڵخۆشیه‌کانی بوونه سنده گڵ و ئاوێکی گه‌رمیان چۆته پاڵه‌وه و خه‌ریکه ئارام ئارام ده‌توێنه‌وه. تووڕه ببوو و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتبوو. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی جارانی پێش‌و وه‌ختایه‌ک سه‌ری هه‌ڵێنابوو، دیتبووی له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵی سه‌لمانییه‌ک دانیشتووه و کابرای ده‌للاک چاوه‌ڕوانی قسه‌یه‌کی ئه‌وه هه‌تا ده‌ست به‌کار بێ و ئه‌و ئاوا دوابوو:«ڕیشم بۆ بتاشه.» هه‌ر ئه‌وه‌نده و ده‌للاک ده‌ست به‌کار ببوو. پاش ئه‌وه‌ی له ڕیشی ببۆوه، هێزێک که ئێستاش له که‌س مه‌علوم نییه چبووه میرزاهاشمی هاندابوو بڵێ:«سمێڵیشم.» کابرای ده‌للاک که پێی واببوو گوێی زرینگاوه‌ته‌وه، کوتبووی«به‌ڵێ؟» میرزاهاشمیش زۆر به ڕه‌وانی کوتبووی«به‌ڵێ، به‌ڵێ سمێڵیشم بۆ خشت خشت بکه.» و چاوی نابووه سه‌ر یه‌ک. له‌ڕووی هه‌ڵنه‌هاتبوو له ئاوێنه‌که بڕوانێ و پاش ئه‌وه‌ی ده‌للاک کوتبووی«مه‌باره‌ک بێ.» چاوی هه‌ڵێنا بوو و دیبووی ده‌للاک بزه‌یه‌کی فێڵاوی له سه‌ر لێوه. قرچه‌پێ هه‌ستابووه حه‌وا و ده‌ستی کردبوو به گیرفانیدا. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پوڵه‌که‌ی بۆ ده‌للاک بژاردبوو دیبووی کۆڵێک تووکی خه‌نه‌یی که‌وتۆته به‌ر پێی و شاگرد ده‌للاک خه‌ریکه به بێزه‌وه ده‌یانخاته سه‌تڵی ئه‌شغاڵه‌که‌وه. پووڵه‌که‌ی دابووه ده‌ست ده‌للاک و ده‌رپه‌ڕیبووه ده‌رێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چووبووه ده‌رێ، بایه‌کی فێنک وه‌چڕ و چاوی که‌وتبوو و هه‌ستێکی شیرینی په‌ستاوتبووه هه‌ناویه‌وه. باوی لاقی خۆشتر کردبوو و هه‌ستی کردبوو پرسیارێکی تازه زۆری بۆ هێناوه؛پرسیارێک که شیاوی ئه‌وه بوو بۆی بچێته به‌ر ئاوێنه و له قه‌ڵافه‌تی خۆی بڕوانێ.