|
تێبینی:
|

ئیسلام و دێموکراسی؛ دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌ر یان یه‌کانگیر
محه‌مه‌د فازڵ هاشمی
له سوێدییه‌وه: که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه
زۆرێک له خه‌ڵک گومانیان له‌وه هه‌یه که بتوانرێ ئیسلام له‌گه‌ڵ گه‌لسالاری و ژیانێکی مۆدێڕن‌دا یه‌کانگیر بکرێت. به‌ڵام هه‌موو شتێک ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که زۆرینه‌ی شارۆمه‌ندانی وڵاتانی موسوڵمان، دێموکراسی به‌سه‌ر شێوازی دیکه‌ی به‌ڕیوه‌به‌ریدا په‌سه‌ند ده‌ده‌ن.
یه‌کێک له پرسیاره سه‌ره‌کییه‌کانی باسگه‌لی تایبه‌ت به ئیسلام ئه‌وه‌یه که داخوا ئیسلام چۆن و تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ دێموکراسی‌دا ده‌گونجێ. زۆرن ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ناو ڕیزه‌کانی ئیسلامه‌وه و به تایبه‌ت له‌ناو گرووپه په‌ڕگیر و سوننه‌تییه‌کاندا ئه‌و بیرۆکه‌یه به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه. ده‌سته‌ڵاتداره ئۆتۆکرات و ئاوهڵبهنده سه‌له‌فییه‌کانیان له وڵاتانی موسوڵمان نشیندا، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه کۆکن که دێموکراسی مه‌کرێکی ڕۆژئاواییه و له‌گه‌ڵ ئیسلامدا نایه‌کانگیره. به‌هانه‌کان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه زۆر و جیاوازن.
هێندێک له‌وانه ده‌ڵێن قانوونه‌کانی ئیسلام له وته‌کانی خودا هه‌ڵێنجراون و ئه‌مه‌ش وا ده‌کا پله‌یه‌کی باڵاتریان له مه‌کره داهێنراوه مرۆییه‌کان هه‌بێ. هه‌ندێکی دیکه‌ش ده‌ڵێن دێموکراسی به گوێره‌ی ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و سیاسیی وڵاتانی موسوڵمان دانه‌ڕێژراوه. له‌ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌دا زانایانێکیش هه‌ن که له ڕوانگه‌ی کلاسیک ـ مێژوویی ـ یه‌وه ده‌ڕواننه مۆدێڕنه؛ واته دێموکراسی و ئیسلام به دوو به‌ستێنی نایه‌کانگیری هه‌تاهه‌تایی تاریف ده‌که‌ن.
پڕۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی World Values Survey ( پڕۆژه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ که له 1980وه تا ئێستاش به‌رده‌وامه) پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕوانگانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌سه‌لمێنێ و پیشانی ده‌دا که زۆرینه‌یه‌کی ته‌واوی دانیشتوانی وڵاته موسوڵمانه‌کان په‌سه‌ندی دێموکراسی ده‌ده‌ن به سه‌ر شیوازه‌کانی دیکه‌ی به‌ڕێوه‌بردندا. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که پێیانوایه هه‌ندێ کێشه له دێموکراسیشدا هه‌ن.
زیاترین ڕێژه‌ی پهسهندکهرانی دێموکراسی له میسر و به‌نگلادێشن (98%) و دوابه‌دوای ئه‌وان مه‌راکیش ( 96%)، ئوردون و تورکیا (90%)، ئه‌لجه‌زایر (88%)، ئێڕاق (85%)، عه‌ره‌بستانی سعوودی ( 74%)، ئهندهنووزیا (71%) و ئێران (70%). ڕاپرسی به‌راوردکراو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ نموونه له سوێد 94% پیشان ده‌دا.
ئه‌م پشتیوانییه به‌رفراوانه له دێموکراسی له وڵاتانی موسوڵماندا، که له‌سه‌دا نه‌وه‌دی هاووڵاتیانیان دین زۆر به گرینگ ده‌زانن، ده‌بینرێ. ئه‌م ڕێژه‌یه له وڵاتی نموونه‌دا که ئاماژه‌ی پێکرا ( سوێد) ته‌نیا له سه‌دا یازده‌یه.
ئه‌و پشتیوانییه به‌هێزه بۆ مۆدێڕنه، سه‌ره‌ڕای جیاوازیگهری و ته‌ریکخستنه‌وه‌ی حه‌شیمه‌تی چه‌ند ملیۆنی موسوڵمانانی دانیشتووی ئه‌ورووپا له‌لایه‌ن خۆجێییه‌کانه‌وه، به ڕوونی هه‌ست پێده‌کرێ. زۆرینه‌ی ئه‌وانه (موسوڵمانانی دانیشتووی ڕۆژئاوا) له ده‌ست دیکتاتۆرییه مه‌زهه‌بی یان سهکولارهکان هه‌ڵاتوون؛ یانیش په‌نایان هێناوه‌ته به‌ر ئه‌ورووپای کراوه و دێموکراتیک و ئاماده‌ن فۆڕمێکی نوێ به ژیان و ڕێکاره‌کانی ژیانیان بده‌ن. هه‌ندێ له‌وان ناسنامه‌ی ئایینی خۆیان ده‌ست لێ به‌رناده‌ن و ڕووکاره کولتوورییه‌کانیان ـ یان وه‌ک خۆی یانیش به هه‌ندێ جیاوازییه‌وه ـ ده‌پارێزن. زۆربه‌ی موسوڵمانان جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان پیرۆز ده‌که‌ن، هه‌ر وه‌ک چۆن مه‌سیحییه‌کانیش کریسمس پیرۆز ده‌که‌ن. زۆریش له‌وانه وه‌ک باقی شارۆمه‌ندانی دیکه ده‌ژین، له چالاکییه جۆراوجۆره‌کانی هاووڵاتیان و ده‌نگدانه سه‌رانسه‌ری و هه‌رێمییه‌کاندا به‌شداری ده‌که‌ن. ئه‌م گرووپه زۆرینه‌ی موسوڵمانانی ڕۆژئاوا له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌رچه‌ند ئه‌و چالاکییانه زۆرتر ناڕێکخراو و به بێده‌نگی ڕوو ده‌ده‌ن.
ئیسلامۆلۆژی فه‌ڕانسه‌یی Gilles Kepel ئومێدێکی زۆری به موسوڵمانانی له‌دایکبووی ئه‌ورووپا هه‌یه که له دێموکراسییه ڕۆژئاواییه‌کاندا خوێندوویانه و گه‌وره‌بوون. ناوبراو پێیوایه ئه‌وانه به‌شی خۆیان له ڕوانگه ئه‌ورووپییه‌کان وه‌رگرتووه و هه‌ڵگری ئه‌و پڕۆژه‌ی دێموکراسییهن که خۆیان له ناو پێشوهچوونهکانیدا ده‌ژین. ئه‌و لاوه دێمۆکراسییارانه ده‌توانن ته‌ریککه‌وتنه‌وه، لهدهروههێشتنهوه، ڕه‌یسیزم (نه‌ته‌وه‌په‌رستی)، ڕادیکاڵیزم و سه‌له‌فیزم تێک بشکێنن. ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌توانن نموونه‌یه‌کی ئه‌رێنی بن بۆ دیکه‌ی لاوانی وڵاتانی موسوڵمان و دروستکه‌ری پرده‌کانی بڵاو کردنه‌وه‌ی بیری دێموکراسی خوازیش بن.
هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌شدا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بخه‌ینه ناو باس که هه‌ر له سه‌ره‌تای ئاشنابوونی موسوڵمانانه‌وه له‌گه‌ڵ بنه‌چه فکرییه ئهرووپییهکاندا، باسگه‌لێک له‌سه‌ر یه‌کانگیرکردنی به‌ها دێموکراتیکه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، له‌ناو بیریاره موسوڵمانه‌کاندا له گۆڕێ‌دا بووه.
زانای موسوڵمان "ئهلئهفگانی" له ناوه‌ڕاستی 1800 ـه‌کاندا باسی له‌وه ده‌کرد که: " کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگه موسوڵمانه‌کان، ته‌نیا له ڕێگای وه‌رچه‌رخانه‌وه به‌ره‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قانونمهندکراوی ئه‌وروپاییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. ئه‌م ڕیفۆرمه سیاسییانه له درێژخایه‌ندا، چۆن له ئه‌ورووپا کردیان، پێشوه‌چوون له بواری ژیانخۆشیدا بۆ ئێمه‌ش دروست ده‌که‌ن."
زۆرێک له ڕیفۆرمیسته موسوڵمانه‌کان هه‌وڵیانداوه له ناو خودی ئیسلامدا پشتیوانه بۆ بۆچوونه‌کانیان بدۆزنه‌وه. ئه‌وان به ئاماژه‌کردن به چه‌مکی "شوورا" که له قورئاندا هه‌یه و به زه‌قکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "ئیجماع" که به نۆبه‌ی خۆی له شیکردنه‌وه حقووقییه‌کانی ئیسلامی‌دا باسی لێکراوه، دیانویست بیسه‌لمێنن که ئیسلام پارلهمانتاریسم و ده‌سته‌ڵاتی زۆرینه پاته‌وپات په‌سه‌ند ده‌کات. ئه‌و باسه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه و بیرمه‌ندان ده‌یانه‌وێ به قوڵایی ئه‌و یهکانگیرکردنهدا ڕۆبچنه خوارێ. ئه‌وانه‌ی ئێستاش، ڕاست وه‌ک بیرمه‌ندانی کۆن، جیاوازیی ده‌خه‌نه به‌ینی یه‌ک: حورمه‌تگرتن له دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ و دوو: سیاسه‌ته ده‌ره‌کییه چه‌په‌ڵه‌کانی هه‌ندێ وڵاتی ڕۆژئاوایی. ئه‌وه‌ی دووهه‌میان بۆچوونێکی گشتگیره له ناو شارۆمه‌ندانی وڵاتانی موسوڵماندا. لێکۆڵینه‌وه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن که نۆ له ده‌ی ئه‌وان (شارۆمه‌ندانی وڵاته موسوڵمانه‌کان) هه‌ستێکی زۆر نه‌رێنییان (نێگاتیڤ) هه‌یه له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی ئه‌مریکا له ڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌و وێناکردنه هه‌روه‌ها پشتئه‌ستووره به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌نستیتۆی "زۆگبهی" که له نێو شارۆمه‌ندانی وڵاتانی دۆستی ئه‌مریکادا کردوویه‌تی.
بیرمه‌ندی ئێرانی عه‌بدولکه‌ریم سرووش ـ له‌دایکبووی 1945ـ (نووسه‌ری وتاره‌که ناوبراوی به فه‌یله‌سووف به‌نێو کردووه- وه‌رگێڕ) ده‌نووسێ که دێموکراسی گه‌رانتییه بۆ ئاسایشی حقووقی، ئازادی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. هه‌روه‌ها له دێموکراسیگهلدا ئه‌رکی تاکه‌که‌سه بڕیار له‌سه‌ر فۆڕم پێدان به ناسنامه‌ی ئایینی خۆی بدا، به بێ ده‌ستوه‌ردانی ئۆتۆریته‌ی مه‌زهه‌بی و ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌و فۆڕم پێدانه‌دا. ئه‌و وه‌ک دیارده‌یه‌کی جیهانی چاو له دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کا و پێی وانییه گرێدانی ئه‌وانه به یه‌ک خه‌ڵک یان نه‌ته‌وه‌وه شتێکی ڕاست بێ. ئه‌وانه بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تین به گشتی و ئینسان ئه‌و مافانه‌ی هه‌یه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئینسانه نه‌ک شتێکی دیکه. هیچکه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه، به پشتبه‌ستن به جیاوازییه مه‌زهه‌بی و ئیدۆلۆژیی، یان دیکه‌ی جیاوزییه‌کان، ئه‌و مافانه بۆ خه‌ڵک به ڕه‌وا یان ناڕه‌وا بزانێ یانیش پێشێلیان بکا.
هه‌روه‌ها زانای ئایینیی ئێرانی، محه‌مه‌د موجته‌هید شه‌بسته‌ری ـ له‌دایکبووی 1936 ـ ده‌نووسێ: ئه‌وه‌ی دێموکراسی و ئۆتۆکراتی لێک هه‌ڵداوێرێ، فره‌بوونی بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و حورمه‌تی دوولایه‌نه‌یه له‌وان. شه‌بسته‌ری پێیوایه دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ هێمای وه‌کیه‌کیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تین و به‌هادارترین نۆڕمگهلێکن که له سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریدا ده‌بێ حورمه‌تیان لێ بگیرێ.
به‌ڵام بیرمه‌نده نوێیه‌کانی موسوڵمان پێیانوایه نابێ دێموکراسی ته‌نیا به‌و هه‌ڵبژاردنانه‌وه سنووردار بکرێ که به پێودانگی دێموکراسی په‌سه‌ند کراون؛ واته ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی له پاکستان، ئێڕاق، مه‌راکیش و تورکیادا به‌ڕێوه ده‌چن. له‌و هه‌ڵبژاردنانه گرینگتر بۆ دێموکراسی ڕیفۆرمی سیاسی، به‌هێزکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێفۆرمیزهکردنی "شه‌ریعه"یه که مافی هاووڵاتییه‌تی و دیکه‌ی ئازادییه‌کانی شارۆمه‌ندان بنپێ ده‌کا. ئه‌وانه پێیانوایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی قانوونه‌کانی شه‌ریعه له‌سه‌ر زانیاری و پێوه‌ندییه کۆمهڵایهییهكانی زه‌مانێکی کۆن داڕێژراون، ڕیفۆرمیزهکردنهکه به پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه‌تییه‌وه نییه.
لێکدانه‌وه تازه‌کان ته‌نیا به به‌نده عه‌شیره‌ییه‌کانی شه‌ریعه‌وه سنووردار نابن و ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ندانه‌ش ده‌گرنه‌وه که له خودی قوڕئانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. واته ئه‌وانه‌ش که به خودایی ده‌ژمێردرێن و تا ئه‌وسه‌ری ژیان به ڕه‌وا و سه‌رده‌ست زانراون. وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن، زۆربه‌ی ئه‌و "قانوون"ـانه به له‌به‌رچاوگرتنی ستروکتور و سوننه‌ته پێشمۆدێڕنه‌کان داڕێژراون.
نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و قانوون و ڕێکارانه ئه‌وانه‌ی له‌مه‌ڕ ژنانن، که به پێودانگی نۆڕمه مۆدێڕنه‌کان ژنان ده‌که‌نه شارۆمه‌ندی پله‌دوو و ده‌یانکه‌نه ئامانجی جیاوازی دانانی ڕه‌گه‌زییانه‌ی حقووقی. له ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه به‌نده‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌وانه بکرێ که نیوه‌ی میراتی پیاوێک به ژنان ڕه‌وا ده‌بینن، شایه‌دی دوو ژن به‌قه‌د شایه‌دی پیاوێک ده‌نرخێنێ، مافی جیابوونه‌وه‌یان سنووردار ده‌کا و مافی وه‌رگرتنی "بارته‌قای زوڵم لێکردن"یان ته‌نیا به نیوه‌ی هه‌مان مافی پیاوان ده‌زانێ و ... هتد. لێکدانه‌وه‌یه‌کی نوێ وا ده‌کا ئه‌و به‌ندانه‌ی شه‌ریعه که‌مڕه‌نگ بکرێنه‌وه و له‌گه‌ڵ قانوونگه‌لی مۆدێڕن‌دا یه‌کانگیر بکرێن.
ئه‌و لێکدانه‌وه نوێیه له‌وه‌ڕا ده‌ناسرێته‌وه که تێیدا به‌ڵگه ئیسلامییه‌کان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوویی چاویان لێ ده‌کرێ و به‌و پێیه له ڕوانگه‌یه‌کی کۆنتێکستیانهی مێژووییه‌وه لێکدانه‌وه‌یان له سه‌ر ده‌کرێ.
بیرمه‌ندی موسوڵمانی میسری نه‌سر حامید ئه‌بوزه‌ید ـ له‌دایکبووی 1943 ـ له لێکدانه‌وه‌ی خۆیدا له‌سه‌ر قوڕئان و "سوننه‌ت" له ته‌کنیکی ڕهخنهگرییانهی ستروکتورالیستی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ئه‌و له ده‌روازه‌ی مێتودێکی بهراوردکارییانهوه ده‌چێته ناو به‌ڵگه‌کانی ئیسلام و وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوویی چاویان لێ ده‌کا؛ به‌و شێوه‌یه ڕێگا بۆ کرانه‌وه‌ی وان له هه‌مبه‌ر لێکدانه‌وه‌ی نوێ‌دا ده‌کاته‌وه. به‌پێی ئه‌و مۆدێله پرسیاره‌که ئه‌وه نابێ که ئیسلام به گشتی فڕێ بدرێ یانیش کوێرکوێرانه لێکدانه‌وه کۆنه‌کان په‌سه‌ند بکرێن، به‌ڵکوو ده‌بێ مانا ڕووحییه‌کانی ئه‌و قانوونانه ببینرێن و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه هه‌نووکه‌ییه‌کاندا بگونجێنرێن.
خاڵی ده‌ستپێک ئه‌وه‌یه که زۆرینه‌ی به‌نده‌کانی قانوونه ئیسلامییه‌کان له سه‌رده‌می له‌دایکبوونی ئیسلامدا و له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ده‌ست نیشان کراوانه‌ی ساڵی 600 ـی زایینی‌دا نووسراون؛ ده‌کرێ بڵێین ئیسلام، به پێودانگی ئه‌وکات، کۆمه‌ڵێک ڕیفۆرمی له سیسته‌می کۆمه‌ڵگادا کردن که ئامانجیان باشترکردنی بواری ژیانی خه‌ڵک بوو. ئه‌و گۆڕانکارییانه له به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی پێش ئیسلامدا چاکسازی بوون. ژنان که هیچ مافی میراتیان نه‌بوو مافێکی سنوورداریان پێ درا، ئه‌مه وه‌ک چاکسازییه‌ک چاوی لێ ده‌کرێ و گۆڕانه‌کانی ئێستاش ده‌بێ به هه‌مان ڕووحه‌وه بکرێن، واته چاکسازی له قانوونه‌کاندا بکرێ. یه‌کێک له پێش مه‌رجه‌کانی ئه‌و چاکسازییانه ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مۆدێڕنی ئه‌وڕۆییدا بگونجێنرێرێن.
خاڵی ده‌ستپێک دیسان ئه‌وه‌یه که له ئیسلامدا کۆمه‌ڵێک ڕوانگه‌ی بنگه‌هی هه‌ن که خزمه‌تی ئامانجه به‌هاداره‌کان ده‌که‌ن ـ بۆ نموونه پارێزرانی وه‌ک یه‌کی و بایه‌خی مرۆڤه‌کان ـ ئه‌و ئامانجانه درێژخایه‌نن و تا ڕۆژه‌کانی ئهوڕۆشمان درێژ ده‌بنه‌وه؛ به‌ڵام فۆڕم و شێوازی ده‌سته‌به‌رکردنیان له کاتێکه‌وه بۆ کاتێکی دیکه جیاوازه و بۆیه‌ش ده‌بێ به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه ئێستاییه‌کان ڕێک بخرێن.
لێره‌وه گرینگ‌ترین مه‌یدانه‌کانی موسوڵمانه‌تی ده‌بنه به‌ستێنه ڕووحییه‌کان. بیرمه‌ند عه‌بدولکه‌ریمی سروش ڕۆڵی دین وه‌ک ڕۆڵی گراماتیک بۆ زمان چاو لێده‌کا؛ ئه‌و پێیوایه گراماتیک ناتوانێ بڕیار بۆ ئینسانه‌کان بدا داخوا ده‌بێ چۆن بیر بکه‌نه‌وه، واته ناوه‌رۆکی بیرکردنه‌وه‌مان ده‌سته‌به‌ر ناکا. هه‌روه‌ها هیچ فه‌یله‌سووف و ئابووری‌زان و کۆمه‌ڵناسانیش دروست ناکا، به‌ڵکوو چوارچێوه‌یه‌که بۆ دان و ستانی ئه‌و ئینسانانه‌ی به هه‌مان زمان قسان ده‌که‌ن. دینیش به هه‌مان شێوه‌یه.
بیرمه‌نده ئیسلامییه نوێیه‌کان گونجاندن هه‌ڵده‌بژێرن نه‌ک فڕیدان. ئه‌وان پێیانوایه موسوڵمانه‌کان ده‌توانن سوود له جۆخینی فکریی ئه‌ورووپا ـ دێموکراسی و حورمه‌ت گرتن له مافه‌کانی مرۆڤ ـ وه‌ر بگرن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئیسلام وه‌ک دینێکی پێشکه‌وتوو، دینامیک و عه‌قڵانی بژمێرن که له‌گه‌ڵ ژیانێکی مۆدێڕن‌دا گونجا بێ ، که ده‌توانێ بناغه‌ی ناسنامه‌یه‌کی مۆدێڕنی ئیسلامی بێ.
ئه‌و ڕوانگه‌یه و ئه‌و پشتیوانییه هه‌راوه‌ی موسوڵمانان بۆ دێموکراسی نابێ وه‌ک ئاسیمیلاسیۆنێکی (توانه‌وه) ته‌واو و ئینکارکردنی خۆ چاوی لێ بکرێ. ئه‌و ڕوانگه تازه، تا ئێستاش ئیسلام وه‌ک بناغه بۆ ناسنامه‌یه‌کی مۆدێڕن چاولێده‌کات که ده‌رگاش بۆ نۆڕم، کۆنڤاسیۆن و سیسته‌مه جیهانییه‌کان ده‌کاته‌وه. ده‌بێ له‌به‌ر ئه‌و ڕووناکییه چاو له‌و پشتیوانییه به‌ربڵاوه‌ی موسوڵمانه‌کان بکرێ بۆ دێموکراسی.
ــــــژێدهرهکانـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1. نقد الخطاب الدینی؛ قاهیره 1992
2. Gilles Kepel, Kampen om islam, Atlas förlag 2006
3. محه‌مه‌د موجته‌هید شه‌بسته‌ری، نقدی بر قرائت رسمی از دین؛ بحرانها، چالشها و راه حلها؛ تهران 2000
4. محه‌مه‌د موجته‌هید شه‌بسته‌ری؛ تاملاتی در قرائت انسانی از دین؛ تهران 2004
5. عبالکریم سروش؛ مدارا و مدیریت؛ تهران 1997
ژێده‌ری وتار: پاشکۆی ئه‌ده‌بی ـ هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی DN ـی سوێدی ژماره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه 7ی فێڤریه‌ی 2006
* محه‌مه‌د فازڵ هاشمی مامۆستای زانکۆیه له به‌شی مێژوودا له زانکۆی ( ئومێئۆ)ی سوێد.