
په‌ر لاگێرکڤیست
وه‌رگێڕان له سوێدییه‌وه: که‌ریم تاقانه
۱- به‌سه‌رهات
که‌شتییه‌ک به بادبانی ڕه‌شه‌وه هات و ویستی دوور بمبا. ئه‌منیش سوار بووم و زۆرم بیر لێ‌نه‌کرده‌وه. به دڵ ده‌متوانی گه‌شتێکی کورت ئه‌نجام بده‌م. گه‌نج و به‌ده‌ماغ بووم و تاسه‌ی ده‌ریام ده‌کرد. قه‌راخمان به‌جێ‌هێشت و خێرا له پشت سه‌رمانه‌وه له چاو ون بوو و بایه‌کی پاک که‌شتییه‌که‌ی به دڵنیایی‌یه‌وه بۆ پێشه‌وه برد.
خزمه‌تکاره‌کانی نێو که‌شتییه‌که که له‌گه‌ڵیان له پێوه‌ندیدا بووم، دژوار و جیددی بوون و ئه‌وه‌نده پێکه‌وه قسه و باسمان نه‌ده‌کرد. ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ، ڕۆژ و شه‌و به ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراودا سه‌ره‌مڕ هه‌ر چارۆکه‌مان هه‌ڵدا و که‌شتیمان لێ‌خوڕی. تووشی هیچ وشکایییهک نه‌هاتین. ساڵ له دوای ساڵ درێژه‌مان به ڕه‌وتی خۆمان دا. ده‌ریا کراوه، هه‌وا له‌بار بوو. هیچ وشکایییهک به‌رچاو نه‌که‌وت. له ئاکامدا پێم سه‌یر بوو، بۆیه له یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کانم پرسی که ئه‌وه بۆ وایه. ئه‌و وه‌ڵامی دایه‌وه ئیدی هیچ دنیایه‌ک بوونی نییه. دنیا له‌ناو چووه و نقومی بن ئاو بووه. ته‌نیا ئێمه ماوینه‌ته‌وه.
به‌لامه‌وه سه‌رنجڕاکێش بوو. هێشتا هه‌ر بادبانمان هه‌ڵده‌دا و لێمان ده‌خوڕی. ده‌ریا چۆڵ و هۆڵ بوو. هه‌وا بادبانه ڕه‌شه‌کانی پڕ ده‌کرد. هه‌موو شتێک به‌تاڵ بوو، ئه‌وه‌ی هه‌بوو قووڵایی ژێر پێمان بوو. ئه‌و کاته گه‌رده‌لوولێکی به‌سام هه‌ڵی کرد. ده‌ریا گرمه‌ی کرد و به‌ملا و به‌ولاماندا خرۆشا. ئێمه له تاریکیدا به‌ربه‌ره‌کانێمان ده‌کرد. گه‌رده‌لوول کۆڵی نه‌ده‌دا و تاریکییش هه‌روا. ئه‌مه ساڵ له دوای ساڵ درێژه‌ی هه‌بوو. هه‌وره‌کان باڵیان به سه‌ر بادبانه ڕه‌شه‌کاندا ده‌کێشا، هه‌موو شتێک ڕه‌ش و خاڵی و چۆڵ و هۆڵ بوو. له شه‌ودا به‌ربه‌ره‌کانێمان ده‌کرد، له ته‌نگانه و دڵه‌ڕاوکێدا، داماو و له‌ت و په‌ت بێ ئه‌وه‌ی بوێرین چیدی هیوادار بین.
له‌ئاکامدا گوێمان له ناڵه و گرمه‌ی که‌ڕ و کاسکه‌ری شه‌پۆله‌کان بوو. شه‌پۆلێکی گه‌وره و به‌هێز به‌ره و به‌رده‌دوورگه‌یه‌کی* فڕێ داین که له ده‌ریاوه ده‌رکه‌وتبوو. که‌شتییه‌که پارچه پارچه بوو. ئێمه خۆمان به به‌رده‌دوورگه‌که‌وه گرته‌وه. پارچه و په‌ڵاش و بادبانی دڕا‌و سه‌ر ئاوه‌که که‌وتبوون؛ ته‌نیا و ته‌نیا باوه‌شمان به زه‌وییه‌که‌دا کردبوو. سه‌ره‌نجام دنیا ڕووناک بۆوه و توانیمان به‌رچاوی خۆمان ببینین. ئه‌و به‌رده‌دوورگه‌یه‌ی ڕزگاری کردبووین، زبر و ناساف و ڕه‌ش بوو. ته‌نیا تاقه‌دارێکی لێ بوو که با ده‌یشه‌کانده‌وه. گوڵ و گیای لێ نه‌بوو. توند توند خۆمان مه‌لاس دابوو. به‌خته‌وه‌ر بووین. ڕوومه‌تمان نایه سه‌ر زه‌وییه‌که و له خۆشی‌دا گریاین. دنیا له ته‌رکی ده‌ریاوه دیسان سه‌ری هه‌ڵدابۆوه.
۲- ئه‌وین و مه‌رگ
ئێواره‌یه‌ک کاتێک که له‌گه‌ڵ دڵبه‌ره‌که‌م له ده‌ره‌وه بووم و به شه‌قامێکدا پیاسه‌مان ده‌کرد، له‌پڕ ده‌روازه‌ی ماڵێکی خه‌مداگرتوو - که گه‌یشتبووینه لای - کرایه‌وه و خواوه‌ندێکی عه‌شق* پێیه‌کی له تاریكی‌یه‌وه ده‌رکه‌وت. خواوه‌ندێکی چووکه‌ی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵکوو پیاوێکی گه‌وره و تێک سمڕاو بوو که سه‌ر تا پای له‌شی تووکن بوو. ئه‌و به‌و شان و باڵه تووکن و ئه‌ستووره‌یه‌وه که زۆرتر له که‌ماندارێکی دڵڕه‌ق ده‌چوو، سیره‌ی له من گرتبوو. تیرێکی هاویشت که له سینگم چه‌قی. پاشان لاقی برده‌وه ژوورێ و ده‌روازه‌ی ماڵه‌که‌ی - که له کۆشکێکی ناکامی تاریک ده‌چوو - له‌سه‌ر خۆی داخسته‌وه. ئه‌من بوورامه‌وه و که‌وتمه سه‌ر عه‌رز، دڵبه‌ره‌که‌م ڕێگاکه‌ی خۆی درێژه دا. پێم وا نییه ئاگای لێ بوو بێ که من که‌وتمه سه‌ر عه‌رز. ئه‌گه‌ر به‌وه‌ی زانیبا، بێگومان ڕاده‌وه‌ستا و به سه‌رمدا ده‌چه‌مایه‌وه و مشوورێکی ده‌خواردم. کاتێک که ته‌واو دوور که‌وته‌وه، توانیم تێبگه‌م که سه‌رنجی ئه‌وه‌ی نه‌داوه. خوێنه‌که‌م ساتێک به ئاوه‌ڕۆی جاده‌که‌دا به دوایدا چوو، به‌ڵام پاشان کاتێک که زیاتر بڕی نه‌کرد، ڕاوه‌ستا.
*به‌رده‌دوورگه: دوورگه‌ی تاشه‌به‌رد، تاشه‌به‌ردی ناو ئاو. وه‌رگێڕ.
چه‌ند دێڕ له‌باره‌ی په‌ر لاگێرکڤیسته‌وه
په‌ر فابیان لاگێرکڤیست (1891-1974) یه‌کێکه له شاعیر و چیرۆکنووسه هه‌ره دیاره‌کانی سوێد. ساڵێک له زانکۆی ئۆپسالا ده‌رسی ئه‌ده‌بیات و مێژووی هونه‌ر ده‌خوێنێ و دواتر واز ده‌هێنێ و سه‌فه‌ری دانمارک، فه‌رانسه و ئیتالیا ده‌کا. له‌و وڵاتانه‌دا چه‌ندین به‌رهه‌می به‌پێز ده‌نووسێ.
ساڵی 1930 ده‌گه‌ڕێته‌وه سوێد.. دواتر دیسانه‌وه له به‌هاری ساڵی 1933دا سه‌فه‌ری وڵاتانی میسر، فه‌له‌ستین و یوونان ده‌کا. په‌ر لاگێرکڤیست کاتێک که له‌و سه‌فه‌رانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، کورته ڕۆمانی "جه‌للاد" ده‌نووسێ که تێیدا به توندی هێرش ده‌کاته سه‌ر نازیسم و به گژی‌دا ده‌چێته‌وه.. ئه‌و کتێبه‌ی، یه‌کێک له‌و کتێبانه‌یه که به ده‌ستی نازیسته‌کانی ئه‌ڵمان ده‌سووتێنرێ. په‌ر لاگێرکڤیست له‌وه به دوا زیاتر خۆی بۆ خه‌بات دژ به دیکتاتۆری ئاماده ده‌کا.
ساڵی 1940 وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌کادیمیای سوێد هه‌ڵده‌بژێردرێ. ساڵێک دواتر له لایه‌ن زانکۆی یه‌ته‌بۆرییه‌وه دوکتۆرای ئیفتیخاریی له فه‌لسه‌فه‌دا پێ ده‌به‌خشرێ.
په‌ر لاگێرکڤیست له نووسینه‌کانیدا، بێ‌ئه‌وه‌ی خۆی دووباره بکاته‌وه، هه‌میشه ئه‌و پرسیاره ئه‌زه‌لییانه ده‌ورووژێنێ که هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی دنیاوه ختووکه‌ی ناخ و زه‌ینی مرۆڤیان داوه.
هێزی شه‌ڕ و ئاشتی، ئه‌هریمه‌ن و ئاهورامه‌زدا هه‌میشه له به‌رهه‌مه‌کانی په‌ر لاگێرکڤیست دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. ئه‌و پێی وایه شه‌یتان و خودا، ئه‌هریمه‌ن و یه‌زدان به بێ یه‌کدی هه‌ڵ ناکه‌ن و هه‌میشه‌ش هاوڕێیه‌تیی ژیان ده‌که‌ن.
په‌ر لاگێرکڤیست به ده‌یان کتێب و نووسینی له دوای خۆی به جێ هێشتووه. ڕۆمانی "باراباس"ه‌که‌ی وه‌کوو شاکارێکی که‌م‌وێنه‌ی هونه‌ری له جیهاندا حسێبی له‌سه‌ر ده‌کرێ.
ئه‌و ساڵی 1951 خه‌ڵاتی نۆبێلی له ئه‌ده‌بدا پێ‌ده‌به‌خشرێ. *
_____________________________________
سه‌رچاوه:
Onda sagor, Pär Lagerkvist, 1924
* ئه‌و زانیارییانه‌م له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه له‌م کتێبه وه‌رگرتووه:
Nobelpriset i Litteratur 1901-1982