
كێ‌و پێویسته تا كه‌سێ تیا بمرێ
خوێندنه‌وه‌ی«قاڵییه‌ك ده‌ناسم له هه‌رچی گوڵییه‌تی ماندووه»
هووشیار بابایی
«بۆ درووستكردنی داهاتوو ئه‌بێ ته‌ئویله‌كانی رابردوو فه‌رامۆش بكه‌ین» نیچه
شیعر دیارده‌یه‌كه به‌رده‌وام بگۆڕ و هه‌رده‌م به پێی گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له بزووتندایه و ئه‌مه‌ش له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی شیعره و له راستیدا، شێوه رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ زمان و فۆرم و... دا له‌گه‌ڵ نه‌بزی كۆمه‌ڵگا له پێوه‌ندیدایه. له سه‌رده‌می ئه‌فلاتوونه‌وه هه‌تا ئێستا ئه‌و چه‌مكانه‌ی حه‌قێقه‌ت، جوانی و خه‌یر، راستی، هه‌ستی‌ناسی و ئه‌خلاقیات باسی كراوه، به‌لآم هه‌ركه‌سێ و به شێوه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به‌م چه‌مكانه هه‌ڵوێستی خۆی بووه، بۆ وێنه ئه‌فلاتوون باس له‌وه ئه‌كا كه شیعر لاسایكردنه‌وه‌یه له سروشت و سروشتیش خۆی سێبه‌رێكه له عاله‌می مۆسۆڵ (عالم موسول) و به‌م پێیه شیعر لاساییكردنه‌وه‌یه‌كه له لاساسیكردنه‌وه‌یه‌كی تر و شاعیران دوو پله له پێش واقێعیه‌تدان و ئیدی نابێ به شاعیران باوڕ بكه‌ی و له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بینی ویرجینیا ووڵف نووسه‌ری به ناوبانگی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ڵێت: «هونه‌ر لاساییكردنه‌وه له سرووشت نییه و ته‌نانه‌ت نوسخه‌ی دووهه‌می سرووشتیش نییه به‌ڵكوو له‌و پیسی‌یه هه‌ر ئه‌و یه‌ك نوسخه‌یه به‌سه» هه‌روا كه ده‌بینین شێوه رووبه‌روو بوونه‌كان له گۆڕاندان و ئه‌گه‌ر بێین باس له‌و ره‌وته‌ی كه له ئه‌فلاتوونه‌وه هه‌تا ئێستا ده‌ستیپێكردووه بكه‌ین جێگه‌ی ئه‌م وتاره نییه و ئه‌وه‌نده‌ش باس كراوه ئیدی ده‌بێته دووپاتكردنه‌وه.
له ساڵی 1970به‌م لاوه، روانگه‌گه‌لێكی ره‌خنه‌گرانه سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌وانه بنه‌ماشكێنی، فێمێنیسم و ده‌روونشیكاریی لاكانی و هه‌موو بۆچوونی قوتابخانه‌ی نوێیان- كه به ماوه‌ی نیو سه‌ده زاڵ بوو- خسته مه‌ترسییه‌وه. ره‌خنه‌گرانی پاش بنه‌ماخوازی شێوه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی نوێ كه ئه‌ڵێ مانای ده‌ق له ئه‌ساسدا ئه‌بێ له خودی ده‌قه‌كه‌دا بۆی بگه‌ڕێی، وه‌لا ناوه و بۆچوونێكی تیۆریکی نوێیان سه‌باره‌ت به ماهیه‌تی ره‌وتی خوێندنه‌وه و هه‌روه‌ها ده‌وری خوێنه‌ر خسته‌گه‌ڕ و نوێترین ره‌خنه له‌م رووه‌وه، مێژووخوازیی نوێیه كه ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ش له راڤه‌ی كۆمه‌ڵناسانه و كولتووری كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه هه‌موو ره‌خنه‌گران له‌كاتی راڤه‌ی ده‌ق ئه‌بێ به راشكاوییه‌وه بڵێین چ بیروڕایه‌كیان هه‌یه.
ئه‌و شتانه‌ی وا له‌سه‌ره‌وه گوترا پێشه‌کییه‌ك بوون بۆ باس كردن له‌سه‌ر كتێبه شیعری ره‌زا عه‌لی پوور (قاڵییه‌ك ده‌ناسم له هه‌رچی گوڵیه‌تی ماندووه) ، ره‌نگه زه‌رووره‌تێكیش نه‌بوایه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه (هه‌رچه‌ند به كورتی) باسم كردایه، به‌لآم به داخه‌وه ئه‌و ده‌قه شیعرییه كوردیانه وا نووسراون هه‌میشه به دوو جۆر له سه‌ری مامه‌ڵه‌یان كردووه، ده‌سته‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌كی سوننه‌تییان بۆ راڤه‌ی ده‌قه‌كه هه‌یه و زۆرتر به شوێن ژیانی شاعیره‌كه‌دا رۆیشتن و هێگل وته‌نی ده‌روونناسیی كۆڵفه‌تیان له‌به‌ر گرتووه. ده‌سته‌یه‌كی دیكه ئه‌و كه‌سانن وا مانای ده‌ق ته‌نیا ناو خودی ده‌قه‌كه ده‌بینن و باوه‌ڕیان نییه كه شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌وه بتوانێ یارمه‌تییه‌ك به تێگه‌یشتنی ده‌ق بدا، به‌لآم له‌م وتاره‌دا ئه‌مانه‌وێ له لایه‌كه‌وه له خودی ده‌قه‌كه كه‌ڵك وه‌ربگرین و له لایه‌كی دیكه‌وه بافت و بنه‌مای ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه شاعیرتێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه بخه‌ینه به‌ر باس. له راستیدا، ئه‌مانه‌وێ بزانین شاعیر چلۆن له‌گه‌ڵ زماندا مامه‌ڵه‌ی كردووه و چه‌نده له‌و پتانسییه‌له زمانییه‌ی خه‌ڵكی قسه‌ی پێده‌كه‌ن كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. ئایا چه‌ندایه‌تی و ته‌كه‌سور (Plural) و... بۆ ناو ده‌قه‌كه هاتووه؟ چلۆن پراكتیزه كراوه‌ته‌وه؟ ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئاوڕێك له‌و توخمانه‌ی ناو ئه‌م ده‌قه بدیته‌وه ئه‌بینی كه ناتوانی خۆت ته‌نیا به‌و ده‌قه شیعرییه ببه‌ستییه‌وه و چاوپۆشی له پانتای ده‌ره‌كی ده‌قه‌كه بكه‌ی و پێویسته خۆت له قه‌ره‌ی كۆمه‌ڵگا و كوولتووری شاعیر بده‌ی.
هه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبی «قاڵییه‌ك ده‌ناسم له هه‌رچی گوڵییه‌تی ماندووه» لادان له نورم و ئێستاندارده‌كانی زمان، فۆرم و مانا له لایه‌ن شاعیره‌وه به‌رجه‌سته ئه‌بێته‌وه، واته ره‌زا لێره‌دا گیانبه‌خشی ئه‌دا به قاڵی و ئه‌یه‌وێ له رۆچنه‌ی ئه‌م قاڵییه‌وه بڕۆاته ناو دڵی ماندووییه‌وه و ئیدی بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده فه‌زا دراوه كه له جیاتی قاڵی هه‌ر شتێكی تر دابنین و ره‌نگه ئه‌م قاڵییه هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بێت كه شاعیر له ناویدا ئه‌ژی و ئه‌مه كۆمه‌ڵگایه وا له‌و ئه‌قڵه باوه ماندووه. من نامه‌وێ بێم و راڤه‌ی ئه‌م دێڕه بكه‌م به‌لآم ئه‌مه‌وێ بڵێم كه ئه‌م دێڕه خاوه‌نی چه‌ندین ته‌ئویلی جۆراوجۆره و به‌م شێوه‌یه هه‌ر خوێنه‌رێ بۆ خوێ ئه‌ئویلێكی هه‌یه.
كتێبی «قاڵییه‌ك ده‌ناسم له هه‌رچی گوڵییه‌تی ماندووه» له چه‌ندین فه‌زا درووست بووه و هه‌ر فه‌زایه‌ك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی. له‌م كتێبه‌دا ره‌زا ده‌ست ئه‌داته گه‌مه‌یه‌كی زمانی و شاعیر خاوه‌ن كه‌لامێكی تایبه‌ت به خۆیه (Parole) و بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه شیعرییه ئه‌بێ زمانی شاعیره‌كه بدۆزینه‌وه. ئه‌م فره‌ده‌نگی و چه‌ند فه‌زاییه و... بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی شیعره‌كه له‌و یه‌ك‌ساختی و یه‌ك‌ده‌ستییه ده‌ربهێنێ و ئه‌كرێ بڵێین ئه‌زموونێكی نوێیه له شیعری كوردیدا. هه‌ڵبه‌ت نوێ به نیسبه‌ت شاعیرانی كوردی پێش خۆی چونكوو ئه‌م شێوه نووسینه شاعیرانی فارسی زمان كردوویانه و ئه‌بێ ئه‌مه‌ش بڵێم هه‌ندێ له شاعیرانی كوردی رۆژهه‌لآتی كوردستانیش خاوه‌نی ئه‌زموونگه‌لێكی نوێن و شیعره‌كانیان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌م شیعره به‌رچاوه ئه‌مه‌یه كه شاعیر سه‌ربه‌خۆییه‌كی تایبه‌تی ئه‌دا به وشه و هه‌ر وشه‌یه‌ك وه‌كوو خۆی سه‌یر ئه‌كا واته كاتێ ده‌ڵێت: «موره‌به‌عێ دابنێ له‌سه‌ری دابنیشه بیر له لۆركا بكه‌ره‌وه ئیسپانیا یانێ گا»ل 1 ئیدی ئه‌و موره‌به‌عه نه‌بووه‌ته قوربانی وشه‌یه‌كی تر و منی خوێنه‌ریش بیر له خودی موره‌به‌عه‌كه ئه‌كه‌مه‌وه و ته‌ئویلگه‌لێكی جۆراجۆری لێده‌كه‌مه‌وه.
به داخه‌وه زۆربه‌ی خوێنه‌ران نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌م ده‌قه شیعرییه به‌ڵكوو بۆ هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی وا به شێوه‌یه‌كی جیاوازتر نووسراون به‌رده‌وام ئه‌م پرسیاره ده‌كه‌ن: ئه‌م شیعره چی ئه‌ڵێ، واته ناوه‌رۆكی چییه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌بوا یاكوبسن وته‌نی ئه‌م پرسیاره له خۆیان بكه‌ن ئه‌م شیعره له چی پێكهاتووه، بۆیه په‌یام له‌گه‌ڵ شێوه‌ی به‌یاندا پێوه‌ندی هه‌یه. هه‌روه‌ها كه شكلۆڤسكی ده‌ڵێت: «فۆرمی نوێ، ناوه‌رۆكی نوێ ده‌خولقێنێ» و ئه‌مه‌ش ده‌زانین كه فۆرم، یارمه‌تی به دركی ناوه‌رۆك ئه‌دا، واته ئه‌گه‌ر شیعرێك فۆرمێكی شێواوی هه‌یه به‌و مانایه كۆمه‌ڵگای نووسه‌ر یان زه‌ینی خودی نووسه‌ر تووشی شێواوی و ئاشوفته‌یی بووه.
له‌م ده‌قه‌دا هه‌موو ده‌غده‌غه‌كانی شاعیر وه‌كوو نیشتمان، كۆمه‌ڵگا، سیاسه‌ت و ده‌غده‌غه‌ی جینسی و...تیدایه و شاعیر به نیسبه‌تی هه‌ركامیان هه‌ڵوێستی خۆی هه‌یه. و ته‌نانه‌ت تراژدیاكانی شاعیر له ره‌نگی تراژدیاكانی كۆمه‌ڵگا نییه و ره‌نگه لای كۆمه‌ڵگادا تراژدیا مه‌رگی كه‌سێ یان كۆمه‌ڵێ بێت به‌لآم بۆ شاعیر تراژدیا له‌م دێڕه: «رێگایه‌كم نییه بۆ نه‌ڕویشتن یان ماشینێك بۆ دابه‌زین» روو ئه‌دا. به‌لآم زۆرجار ئه‌م ده‌غده‌غانه سه‌ره‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی شاعیر تووشی گشتی بێژی بێت وئیدی ده‌قه‌كه له‌و پاژخوازییه دوور ئه‌بێته‌وه.
به گشتی ئه‌م ده‌قه خۆی خاوه‌نی ئایرۆنییه‌كی (irony) گه‌وره‌یه و زۆر جار ئایرۆنییه‌كه ره‌نگی ئایرۆنییه‌كی سوقراتی له‌خۆ ئه‌گرێ و شاعیر وه‌ك كه‌سێكی زاناخۆی له نه‌زانی و گێژی ئه‌دا و سه‌باره‌ت به بابه‌تێك وا خوێنه‌ره‌كه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كا، ئه‌وه‌نده ئه‌پرسێ هه‌تا خوێنه‌ره‌كه تووشی دوودڵی ئه‌بێ و به شێوه‌یه‌كی سرووشتیش پێ حاڵی ئه‌كا هه‌ر له راستیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی نه‌ئه‌زانی. بێجگه له‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه خاوه‌نی ئایرونی‌یه‌كه، فۆرمی كاره‌كه‌ش ئایرۆنییه‌كی تێدایه. كه سه‌یری ئه‌و دێڕ و فۆرمانه‌ی ناو شیعره‌كه ئه‌كه‌ی مرۆ ده‌خاته‌وه بیری چارلی چاپلین و واده‌زانی وشه‌كان وه‌كوو ڕێ رۆشتنی چاپلین ئه‌ونده چه‌وته سه‌ر له مرۆ ده‌شێوێنێ و وائه‌زانی چاپلین به گۆچانه‌كه‌یه‌وه به سه‌ر كتێبه‌كه‌دا رۆیشتووه و ته‌واوی ئه‌و دێڕ و وشانه‌ی شێواندووه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه كه به خوێنه‌ر ئه‌ڵێ له ده‌ستی ئینسانه‌كان ماندووه و نائۆمێد بووه و ته‌نیا رێگا و ئاڵترناتیو بۆ شاعیر گاڵته‌كردن به‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی كۆمه‌ڵگایه و ئه‌یه‌وێ به‌و ته‌شه‌ر و ته‌نزه، ده‌مامكێ بخاته سه‌ر نائۆمێدیه‌كانی.
خاڵێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه دژه سه‌نته‌رییه و ته‌واوی ئه‌و توخمانه وا له‌م ده‌قه شیعریه هاتوون هیچ كات حاڵه‌تیكی سه‌نته‌رییان به خۆوه نه‌گرتووه و شته‌كان به دوو ده‌سته‌ی خێر و شه‌ر دابه‌ش نه‌كراون. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر باس له حه‌قێقه‌ت ئه‌كرێ ئه‌و حه‌قێقه‌ته له نێوان چاكه و خراپه‌دا له دواخستندایه (تعلیق) و ته‌نانه‌ت مه‌دلووله‌كان، مه‌دلوولێكی به‌ر زیان موته‌عالی نین و ئه‌گه‌ر ئاماژه به‌و توخمانه‌ی عه‌قڵ، مرۆ، حه‌قێقه‌ت و... ده‌كا ئه‌مانه دوایین واتای ده‌ق نین.
له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م كتێبه ئه‌وه‌یه زۆر جار ئه‌بینی یه‌ك دێڕ له چه‌ند فه‌زای جۆراوجۆر دووپات ئه‌بێته‌وه. بۆ نموونه له‌م دێڕه: «ناترسم له‌م دێڕه‌دا كه‌وشه‌كانم دابكه‌نم» ل 2 و ل 61دا هه‌ر جاره و كاركردێكی جیاواز به‌و دێڕه ئه‌درێ واته ئیمكاناتێكی نوێ ده‌خاته به‌رده‌س خوێنه‌ره‌وه و فه‌زایه‌كی دیكه و هه‌ل و مه‌رجێكی دیكه‌ی ئه‌ڕه‌خسێنێ. یه‌كێكی تر له‌و ئیمكاناته ئه‌وه‌یه كه حاڵه‌تی وه‌ستاو ئه‌دا به فرمانێكی بگۆڕ، بۆ نموونه «ئه‌بێ جارێ تر پلیكانه‌كان بخه‌وم» ل 10 یان «په‌نجه‌ره‌كان هه‌ڕا بكه» ل 12 لێره‌دا فرمانی «بخه‌وم» و «هه‌ڕا بكه» له‌و رێزمانه باوه لائه‌دا و كاركردێكی نامۆته‌عارف به خۆیه‌وه ئه‌گرێ.
له‌م شیعره‌دا باس له جیاوازی و مه‌ودای نێوان دووبه‌ره‌یه كه هه‌ر كامیان و به شێوه‌یه‌ك سه‌یری دیارده‌كانی ده‌ورووبه‌ری خۆیان ئه‌كه‌ن. دووبه‌ره كه له زمانی یه‌ك تێناگه‌ن. به‌ره‌یه‌كیان له هه‌لومه‌رجێكی ناله‌باری سیاسی و كۆمه‌لآیه‌تی ژیانیان تێپه‌ڕكردووه (ئه‌م به‌ره‌یه ئه‌كرێ باوك دایك، كۆمه‌ڵگایان هه‌ر شتێكی تر بێت) و باوه‌ڕیان به‌م سه‌رده‌مه نییه و هێشتا به شێوه‌یه‌كی سوننه‌تی سه‌یری ژیان ئه‌كه‌ن. بۆ نموونه كاتێ ئاماژ به‌م دێڕه ئه‌كه‌ی: «جا تۆ خوا رۆژنامه‌كه‌ی پیاوه رادوێكه‌م وه‌سه‌تی دونیایه» ل 30 ئه‌بینی كه ئه‌و به‌ره‌یه هێشتا باوڕیان به نوێ بوون و به‌ره‌و پێش چوون و ته‌نانه‌ت مه‌ده‌نییه‌تی كۆمه‌ڵگا نییه‌و كه‌ره‌سه‌كانی سه‌رده‌می نوێ به هیچ ده‌زانن. شاعیر زۆر جار خوێشی له نێوان سوننه‌ت و مۆدێڕن‌دا گیری كردووه و له‌و دێره: «ئه‌گه‌ر بڵێم باران رۆمانتیكه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ئاپارتمان قه‌تاره‌كان جێم ئه‌هێڵن» ل 54، شاعیر رێگه‌ی پاش و پێشی لێگیراوه و زۆر جار سه‌یری ولآته‌كی ئه‌كا كه هێشتا به‌و شێوه رۆمانتیكیه سه‌یری ده‌ورووبه‌ر ئه‌كه‌ن بۆ نموونه: «ئه‌گه‌ر بڵێم باران رۆمانتیكه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ئا ئه‌م ولآته ولآتی كورده» ل 55 ئه‌مه‌ش به‌و مانایه شاعیر ئه‌یه‌وێ له‌و نورمانه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌رباز بێ، به‌لآم ئه‌مه كۆمه‌ڵگایه به‌ری پێده‌گرێ. كه سه‌یری ئه‌و دیالۆگانه‌ی ناو ده‌قه‌كه ده‌كه‌ی كاتێ ده‌ڵێت: «كێ‌و پێویسته تا كه‌سێ تیا بمرێ به‌رد لازمه تا كه‌سێ هه‌ناسه‌ی پێ ته‌حوێل با» شاعیر به هاوردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگه له ناو شیعره‌كه‌یه‌وه ئه‌یه‌وێ ئه‌مه پیشان بدات كه ئه‌و شه‌ڕ و شۆڕانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا له لایان كه‌سایه‌تییه ساسییه‌كانه‌وه به شتێكی سرووشتی له قه‌ڵه‌م ئه‌درێ و به‌م بیانووه هه‌موو كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌نه قوربانی بۆچوونی خۆیان.
شاعیر بڕێ‌جار ئه‌بینێ خوێنه‌ره‌كه‌ی له ده‌قه‌كه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه به پرسیارێ كه له خوێنه‌ر ده‌یكا هه‌مدیسان خوێنه‌ر دێنێته سه‌ر هێڵ و به‌م شێوه ناهێڵێ خوێنه‌ره‌كه، خوێنه‌رێكی خونسا بێت. زۆرجاریش له دێڕێكی وه‌ك: «ره‌خنه‌ی من له‌م شیعره سێ شته، یه‌كێكیان بۆ ره‌زا ئه‌وه‌نده مردنه و من منه و ئاماده...» ل 59 ره‌زا خۆی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی، خۆ ئه‌بینێ یان منی شاعیر له ده‌ره‌وه ده‌خاته به‌ر پرسیاره‌وه.
له‌م ده‌قه‌دا ئه‌بینین فره ده‌نگی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی كولتووری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ره‌و روو بێت به‌لآم من وه‌كوو خوێنه‌ری ئه‌م شیعره ناتوانم قه‌بوول كه‌م لێره‌دا شاعیر ئه‌م ده‌نگانه كه هێناویه‌ته ئاراوه خۆی كارێگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ریان نه‌بووه و به پێی ئه‌و شته‌ی وا رۆلان بارت ئه‌ڵێ «مه‌رگی نووسه‌ر، بووه‌ته هۆی دروستكردنی خوێنه‌ر» من له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ش نیم چونكوو له پشتی هه‌ر ده‌قێكه‌وه ئه‌مه نووسه‌ره خۆی قایم كردووه. هه‌روه‌ها بێكێت ئه‌ڵێ: «كه‌سێ ئه‌دوێ، گرنگ نییه كێ ئه‌دوێ» واته ئه‌و كه‌سه قسه ئه‌كا هیچ گرنگایه‌تییه‌كی نییه. ره‌نگه ئه‌مه له لایه‌كه‌وه دروست بێت به‌لآم لای من وایه گرنگه كێ ئه‌دوێ بۆ وێنه كاتێ شیعرێكی ولآتی لیتوانیا ئه‌خوێنمه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌زانم شاعیره‌كه‌ی لیتوانیاییه ره‌نگه ئه‌و شیعره ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر من كاریگه‌ر نه‌بێ چوونكو به ناسینی ولآتی شاعیره‌كه و زانینی كولتوور و كۆمه‌ڵگای ئه‌و شاعیره ئه‌زانی ئه‌و شاعیره چی كردووه. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ نموونه‌یه‌كی تر بهێنمه‌وه شاعیرێكی وه‌ك له‌نگستۆن هیۆز ئێمه به‌و بۆنه‌یه كه ئه‌م شاعیره ره‌ش پێسته‌و له‌و هه‌موو هه‌لآواردنه ره‌گه‌زییه شاعیر توانیویه ئاوه‌ها شیعرگه‌لێك بخولقێنێ. ئه‌گه‌ر بین و ئه‌مه له‌به‌ر چاو نه‌گرین شاعیرانی زۆر هه‌ن كه له‌و جوانتر شیعریان نووسیوه به‌لآم به قه‌د هیۆز جیهانی نه‌بوونه‌ته‌وه. له لایه‌كی تره‌وه، دونیا ئه‌وه‌نده بچووك بووه (Globalvillage) كه سه‌یری ئێنتێرنێت ده‌كه‌ی به سێرچ كردنی ناوی هه‌ر شاعیرێك ته‌نانه‌ت ناوی ئه‌و عه‌تره‌ی وا حه‌زی لێیه ئه‌یهێنێ.
له كۆتاییدا، ئه‌م شیعره رێگه به خوێنه‌ر ئه‌دا هه‌تا تێیدا كه‌شف و شهوود بكا و ته‌نانه‌ت ئه‌كرێ له‌سه‌ر دێڕ به دێڕی كونكۆڵی بكه‌ی و منیش به‌ش به حاڵی خۆم تا ئه‌و جێگه‌ی توانام هه‌بووه ئاماژه‌م به‌و چه‌ند خاڵه كرد هه‌رچه‌ند زۆریش له‌سه‌ر ئه‌و ته‌كنیك و ته‌مهیدانه‌ی ناو ئه‌م شیعره باس نه‌كرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هیوادارم ئه‌و چه‌ندایه‌تییه‌ی ناو ئه‌م شیعره هاتووه نه‌بێته چه‌ندایه‌تییه‌كی زاڵ و ئیدی ته‌واوی ده‌قگه‌لێكی تر وا ئه‌خولقێندرین له ژێر سێبه‌ری ئه‌م ده‌قانه فه‌رامۆش بكرێن ویتگێنێشتاین وته‌نی ئه‌م ده‌قه نه‌بێته زمانی زاڵ و ده‌نگه‌كانی دیكه له ژێر ركێفی ئه‌م ده‌نگانه خه‌فه بكرێن.