سێبه‌ر
|
|
یه‌لمار سوێدربێرگ
وه‌رگێڕان له سوێدییه‌وه: که‌ریم تاقانه
نازانم داخۆ ژیانم خۆش ده‌وێ یان ڕقم لێیه‌تی؛ به‌ڵام به هه‌موو ویست و هه‌وا و هه‌وه‌سێکمه‌وه توند خۆمم پێیه‌وه هه‌ڵواسیوه. نامه‌وێ بمرم. نا، نامه‌وێ بمرم: نه ئه‌مڕۆ و نه سبه‌ینێ، نه ئه‌مساڵ و نه ساڵی داهاتوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جارێکیان چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا خه‌ونێکم دیت که وای لێ‌کردم ئاره‌زوو بکه‌م قه‌ت له دایک نه‌بوومایه.
*
- - - به ته‌نیا چوومه شه‌قامێکی بێده‌نگ و چۆڵ و هۆڵ. ڕۆژێکی پێش به‌هار بوو که زووتر به‌فر ده‌توایه‌وه، دڵۆپه دڵۆپی ئاو که له سه‌ربانه‌وه ده‌تکایه خواره‌وه، له به‌ر خۆره‌تاوه‌که‌دا ده‌دره‌وشایه‌وه. گۆمی بریقه‌دار له سه‌ر شه‌قامه‌که‌دا ساز ده‌بوو که شین ده‌چۆوه و له سه‌ر سه‌ربان و دووکه‌ڵکێشه‌کانی ماڵه‌کاندا ئاسمانێکی به‌هاریی که‌مڕه‌نگ ده‌بریسکایه‌وه. ئه‌و هه‌وا به‌هارییه که هه‌ڵمده‌مژی، به‌لامه‌وه ئارامبه‌خش و ده‌رمانی ئه‌و خه‌مه نهێنییه بوو که له‌م کاته‌دا ڕۆحمی ته‌نانه‌ت له خه‌ونیشدا ژه‌هراوی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ستم به نیگه‌رانییه‌کی دیاریکراو ده‌کرد. داخۆ ئه‌من به‌ڕاستی ته‌نیا بووم؟ هه‌ستێکم هه‌بوو که که‌سێک به ته‌نیشتمدا تێپه‌ڕی، به‌ڵام به‌ڕوونی نه‌مبینی کێیه، چونکه ئه‌و به‌رده‌وام نیو هه‌نگاو له دوای منه‌وه ده‌مایه‌وه؛ کاتێکیش جارێکیان ڕووم وه‌رچه‌رخاند تا ڕوخساری ببینم، دروست له‌و ساته‌دا خه‌ریک بوو فنگی ده‌کرد و به‌و شێوه‌یه به ده‌سته‌سڕێک که با هه‌ڵیده‌وه‌شاند، به‌شی زۆری روخساری خۆی شارده‌وه. له‌پڕ هه‌ستم کرد و چوومه به‌ر خۆره‌تاوی شه‌قامه‌که. ئاخر ده‌کرا ئه‌وه سێبه‌ره‌که‌م بێ که له‌و ڕێگا سپییه‌دا دوام که‌وتووه. من بۆ خۆم له‌و هه‌وا به‌هارییه‌دا تۆزێک هه‌ڵامه‌تم تووش ببوو و مشه‌م ده‌هات، ده‌سا سێبه‌ره‌که‌شم بۆچ وای لێ نه‌هاتبێ؟
پێشتر به هۆی سێبه‌ره‌که‌مه‌وه قه‌ت هه‌ستم به شه‌رمه‌زاری نه‌کردبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تۆزێکی ئازار دام. ده‌سکێشی نوێ و جل و به‌رگم هه‌بوو؛ به‌ڵام سێبه‌ره‌که‌م خۆڵه‌مێشی و بێڕه‌نگ بوو و هه‌ژار وه‌پێش چاو ده‌هات. بۆچ دروست له‌م ڕۆژه خۆر‌تاوه‌دا ده‌بوو دوام بکه‌وێ که ده‌چووم تا کچه دڵخوازه‌که‌م ببینم؟
دڵبه‌ره‌که‌م هاته پێشوازیم، پرشنگی ده‌دا و ده‌می به پێکه‌نین بوو. به‌ڵام شتێکیش وه‌ک دڵۆپه فرمێسکێک له چاویدا ده‌بریسکایه‌وه. دوو گوڵی به ده‌سته‌وه بوو. یه‌کێکیان په‌مه‌یی و ئه‌وی دییان سوور بوو. گوڵه په‌مه‌یی‌یه‌که‌ی پێ دام؛ به‌ڵام سووره‌که‌یانی، که ساقه‌که‌ی پڕ بوو له دڕک، له لای مه‌مکیدا شارده‌وه.
لێم پرسی:
_ بۆچی ئه‌و گوڵه سووره‌شم پێ ناده‌ی؟
وه‌ڵامی دایه‌وه و بزه‌یه‌کی هاتێ:
_ جارێک نا.
له خه‌ونه‌که‌دا وام هاته پێش چاو که گاڵته‌جاڕییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ بزه‌ی ژنه‌کانی لیوناردۆ٭دا وه‌ک یه‌کن.
ویستم قۆڵی بگرم به‌ڵام ئه‌و له‌به‌رانبه‌ردا ده‌ستی گرتم. ئیدی وه‌ک دوو منداڵ ده‌ست له نێو ده‌ست به شه‌قامه‌که‌دا به‌ره‌و خوار شۆڕ بووینه‌وه. به ئانقه‌ست لێگه‌ڕام به‌و لایه‌دا بڕوا که سێبه‌ر‌ه‌که‌می لێ بوو، ئه‌وجا پێی پێدا نا و نه‌ما.
*
به‌ڵام خه‌ون له زه‌مه‌ن خێراتر ده‌گۆڕێ.
ئه‌و شه‌قامه‌ی پێیدا ده‌چووین، له‌گه‌ڵ خانووه دارینه‌کان و باخچه‌کانی ئه‌ودیو حه‌ساره سووره‌کان، هه‌مان ئه‌وانه‌ی تاوێک پێش بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتێکی دیکه بوو، چونکه به‌فره‌که و ڕووباره بریقه‌داره‌کان که شین ده‌چوونه‌وه، هیچ شوێنه‌واریان نه‌مابوو. دنیا ببووه به‌هارێکی ڕاسته‌قینه. دارچنار‌ه‌کان به ته‌واوی بووژابوونه‌وه. دار گێلاسه‌کان له باخچه‌ی دراوسێکه‌ماندا خونچه‌ی گه‌وره گه‌وره‌یان کردبوو. له‌پڕیش تاریک داهاتبوو؛ ده‌روازه‌کانی ئه‌و خانووه چووکانه وه‌ک کونی ڕه‌شی نێو ته‌م و مژه نامتمانه‌کانی خه‌ون وه‌پێش چاو ده‌هاتن. پیره‌مێردێکیش که مه‌شخه‌ڵۆكه‌یه‌کی به ده‌سته‌وه بوو، به‌و ده‌ور و به‌ره‌دا ده‌چوو و لێره و له‌وێ چرایه‌کی داده‌گیرساند.
له نێو ده‌روازه‌ی خانووه‌که‌مدا ڕاوه‌ستاین. خانوویه‌ک که تێیدا وه‌ک منداڵ ژیام و ئێستاش له‌مێژ ساڵه هاوڕێ له‌گه‌ڵ شه‌قام و باخچه و دار گێلاسه‌کاندا له نێو چووه. له زه‌رده‌په‌ڕدا ڕاوه‌ستاین و چرپه چرپمان کرد و ده‌ستی یه‌کدیمان نه‌وازشت کرد؛ زه‌مه‌نیش له ماچێکدا نقوم بوو.
لێم پرسی:
_ ئه‌ی گوڵه سووره‌که؟ ڕه‌نگه سیس بوو بێ؟
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ نا، هێشتا سیس نه‌بووه. سه‌یری ئێره که، چه‌قیوه به سینگمدا و خوێنی لێ هێناوه. حه‌ز ده‌که‌م بیده‌م به تۆ. به‌ڵام ناوێرم. نا، ناوێرم!
چاوه‌کانی پڕ بوون له فرمێسک، دوایه ده‌ستی ڕاکێشا و گوڵه‌که‌ی له‌به‌ر ترووسکه‌ی ڕووناکیی زه‌رده‌په‌ڕدا، که له ده‌روازه‌که‌وه د‌ه‌ڕژایه ژووره‌وه، ڕاگرت. نه‌متوانی خۆم ڕابگرم، ده‌ستیم به هه‌ر دوو ده‌ستم گرت و ئه‌و گوڵه سووره‌م نووساند به ده‌ممه‌وه و ماچیم کرد.
سه‌رم گێژی خوارد و به‌رچاوم ڕه‌ش بوو و هه‌موو شتێکم بیر چۆوه. به‌ڵام کاتێک که هاتمه‌وه سه‌ر خۆم، ئه‌و که خۆشیم ده‌ویست، دوورتر له‌و چه‌ند ساته‌ی پێشوو، لێمه‌وه ڕاوه‌ستابوو. ڕوخساری بێ‌ڕه‌نگتر بوو و ئازارێکی به‌سوێی له سه‌ر ده‌خوێنرایه‌وه. ویستم خۆم نێزیک بکه‌مه‌وه، به‌ڵام تۆ سه‌یر، سێبه‌رێک خزایه نێوانمانه‌وه. خۆڵه‌مێشی و که‌مڕه‌نگ بوو و نیشانه‌ی نینۆکه‌کانی هه‌ژاریی پێوه دیار بوو. ویستم پاڵی پێوه بنێم و لای بده‌م، به‌ڵام ئه‌و له من به‌هێزتر بوو؛ له کاتێکدا من و سێبه‌ره‌که‌م زۆرانبازیمان بوو، خۆشه‌ویسته‌که‌م هه‌رچی زیاتر خزایه نێو زه‌رده‌په‌ڕی خه‌ونه‌که‌وه و وه‌ک سووچی ته‌مێکی بێڕه‌نگ له چاو ون بوو...
له ده‌روازه‌که‌وه چوومه ده‌ره‌وه و سێبه‌ره‌که‌ش دوام که‌وت. له ده‌ره‌وه چیدی به‌هار نه‌بوو، ئێواره‌زستان بوو، به‌فر تازه دای کردبوو و له‌ژێر ئاسمانێکی تاریک و خۆڵه‌مێشیدا سپی ده‌چۆوه، هێشتاش هه‌ر ده‌باری. ئه‌من چیدی هیچ دوژمنایه‌تییه‌کم له‌گه‌ڵ سێبه‌ره‌که‌مدا نه‌کرد، چونکه پیر و پشت‌چه‌ماو بووم و هه‌موو شتێکم بیر چووبۆوه.
1898
٭ مه‌به‌ست "لیوناردۆ دا ڤینچی"یه (1452-1519)، خاوه‌نی تابلۆی ناسراوی "مۆنالیزا". وه‌رگێڕ.
سه‌رچاوه:
Historieter, Hjalmar Söderberg