کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه چیرۆکی "قه‌ڵا"
به‌شداربووان: ره‌حیم عه‌بدلره‌حیمزاده، بریا کاکه‌سووری، سه‌یدقادرهیدایه‌تی، سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده
"قه‌ڵا"
کۆمه‌ڵه‌چیرۆک
نووسه‌ر: حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی
تیراژ 2000
پیتچن: عه‌تا به‌رفی
بڵاوکراوه‌ی: چاپه‌مه‌نی"پژوهنده" تاران
چاپ 1377
سه‌یدقادرهیدایه‌تی:
سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێم که به هۆی ئه‌وه‌ی کۆچیرۆکی "قه‌ڵا" به‌رهه‌می سه‌رده‌م و ده‌ورانێکی تایبه‌ته و له نێو سوننه‌تێکی تایبه‌تی چیرۆک نووسییه‌وه نووسراوه، خوێندنه‌وه‌ی قه‌ڵا ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی کاک حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی نییه، به‌ڵکوو به جۆرێک ده‌توانین بڵێین تا راده‌یه‌ک خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕه‌وته چیرۆک نووسییه‌یه. به‌شێکی زۆر له لاوازی و سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌و چیرۆکانه به‌ستراون به‌و سوننه‌ته چیرۆکییه‌وه که له نێوان ساڵه‌کانی 1373تا 1378له له چیرۆکی کوردی وبه‌تایبه‌ت له بۆکان به‌دی هات. کۆچیرۆکی قه‌ڵا سه‌ر به‌و ڕه‌وته‌یه که ده‌کرێ بکوترێ هه‌م ده‌سکه‌وتی زۆر باشی بووه و هه‌م خه‌ساری تایبه‌تی خۆشی هه‌بووه. به‌شێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی قه‌ڵا ده‌کرێ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ڕه‌وته چاو لێ بکه‌ین و دیاره به‌شێکی زۆریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵ و توانایی تاکه که‌سیی نووسه‌ره‌که‌ی. زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆک نووسانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا هه‌وڵیان ده‌دا به‌و شێوازه تایبه‌ته چیرۆک بنووسن هه‌م شوێنیان له‌و ره‌وته گشتییه وه‌رده‌گرت و هه‌م وه‌ک تاکه‌که‌س شوێن و شه‌قڵی تایبه‌تی خۆشیان دیاربوو.
من به‌و وته‌وه دێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بزانین کۆچیرۆکی قه‌ڵا به گشتی خاوه‌نی چ تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێکه؛مه‌به‌ستم ئه‌و تیکنیک و ماکانه‌یه که نووسه‌ر وه‌ک ئۆگرییه‌کی داستانی له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا به دووی سه‌قامگیربوونیانه‌وه بووه : له باری ساختارییه‌وه ئه‌و چیرۆکانه هه‌موویان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بچنه‌وه نێو ئه‌و ڕه‌وته داستانییه‌ی که له نیوان ساڵه‌کانی 373-1378 له بۆکان به‌دی هات. ته‌نانه‌ت ئه‌و چیرۆکانه‌ش که ناگونجێ له‌و فه‌زایه‌دا بن ئه‌و هه‌وڵه‌یان بۆ دراوه که له ئاکامدا بچنه‌وه نێو ئه‌و ڕه‌وته. یانی هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکێکی تایبه‌تی ده‌روونی خێرا، به بگێڕه‌وه‌ی یه‌که‌م که‌سی تاکی که‌م دیالۆگ به دی بێ که به‌رده‌نگ(مخاطب) به باشی بۆی قووت نه‌چێ و فه‌زایه‌کی ته‌م و مژ و ئاڵۆزی ببێ (ئه‌وانه به کورتی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ره‌وته چیۆکه نوێیه بوون) له قه‌ڵادا ده‌بینرێن. هه‌ر وه‌ک کوتم ته‌نانه‌ت ئه‌و چیرۆکانه‌ش که ناگونجێ له وه‌ها فه‌زایه‌کدا بن ئه‌و هه‌وڵه‌یان پیوه دیاره. دووهه‌مین تایبه‌تمه‌ندی زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆکانه ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر زۆر ئۆگریی ئه‌وه‌یه که بگێڕه‌وه(راوی) زوو زوو بگۆڕێ وگۆڕینی به‌رده‌وامی بگێڕه‌وه له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا ده‌بینرێ و دوایی باسی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ین که ئه‌و تێکنیکه له کام چرۆکدا سه‌رکه‌وتوو بووه و له کوێشدا بۆته هۆی نامیزان کردن و لاواز کردنی چیرۆک. سێهه‌مین تایبه‌تمه‌ندی، کورت‌بڕی و ئیجازه، چیرۆکی "چه‌واشه"نه‌بێ زیاتر له ده لاپه‌ره‌یه ئه‌وانی دیکه زۆربه‌یان که‌متر له شه‌ش په‌ڕن و ئه‌وه‌ش نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر ئۆگریی کورت بڕی و ئیجازێکی زۆره و دواتر باسی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ین که ئه‌و ئیجازه له کامه چیرۆکدا سه‌رکه‌وتووه و له کام چیرۆکیشدا بۆته هۆی ناته‌واو بوون وسه‌قه‌ت کردنی چیرۆک. چواره‌مین تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌یه که نوووسه‌ری ئه‌م کۆچیرۆکه زۆر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا که بۆ ده‌وڵه‌مه‌دن کردنی چیرۆکه‌کانی خۆی له حه‌قایه‌ت و گێرانه‌وه کۆنه‌کان که‌ڵک وه‌رگرێ و به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆچیرۆکه ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی ئاگایانه کاری له سه‌ر ئه‌و گێڕانه‌وانه کردووه و ده‌کرێ ئه‌م خاڵه وه‌ک خاڵێکی به‌رچاو و زه‌ق له کۆچیرۆکه‌کدا بخوێندرێته‌وه. هه‌روه‌ها زه‌مانی هه‌مووی چیرۆکه‌کان ڕابردووه و شوێنیش له یه‌ک دوو چیرۆک نه‌بێ لادێ ودێهاته. ئه‌وچه‌ند خاڵه زۆرتر وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی داستانی و تیکنیکی به‌رچاوی ئه‌و کۆچیرۆکه بوون، به‌ڵام وه‌ک ناوه‌رۆک بابه‌تێکی که ده‌کرێ وه‌ک ئۆگرییه‌کی نووسه‌ر نیوی بێنین که له چه‌ندین چیرۆکدا هاتۆته‌وه و به شێوازی جۆراوجۆر باسی کراوه شه‌ڕ له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته. له چه‌ندین چیرۆکدا و به شێوازی جۆراوجۆر تێمی شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانێ له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دووپات بۆته‌وه، شه‌ڕی کوڕ له گه‌ڵ باوک ، دوو برا پێکه‌وه یان شه‌ڕ له گه‌ڵ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره یان به‌ربه‌ره‌کانێ له گه‌ڵ سیستمێکی فکری و...
ره‌حیم عه‌بدولره‌حیمزاده:
من پێم وایه ،هه‌ر وه‌ک سه‌ید قادریش به جوانی و درووستی ئاماژه‌ی پێ‌کرد، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا له سه‌ر کۆمه‌ڵه چیرۆکێک ده‌دوێین که هی که‌سێکی تایبه‌ته، باسی ره‌وتێکی فه‌رهه‌نگیش ده‌که‌ین که هاوکات به‌ره‌و پێش ده‌چن. له‌و ساڵانه‌دا شه‌پۆلێکی چیرۆک‌نووسی به تایبه‌ت له شاری بۆکان و له نێو تاقمێکی تایبه‌تدا خۆی نیشان دا که هێندێ جیاواز بوون؛ هه‌ر چه‌نده به بڕوای من ئه‌م شه‌پۆله زۆر زوو ته‌واو بوو، بێ ئه‌وه‌ی له راستیدا به ئامانج و ده‌سکه‌وتانه‌ی خۆی بگات. ئه‌وڕۆ که دوای مه‌ودایه‌کی زه‌مانی ئاوڕ ده‌ده‌ینه‌وه لێی ده‌ڕوانین هێندێک شت، هێندێک تایبه‌تمه‌ندی خۆیان له‌و ره‌وته‌دا ده‌رده‌خه‌ن؛ که پێموایه جێی باس و سه‌رنج و لێکۆڵینه‌وه‌یه. ره‌نگه کتێبی قه‌ڵا بیانوویه‌کی زۆر باش بێ بۆ ئه‌م ئاوڕ دانه‌وه‌یه، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی به راستی له‌و شه‌پۆله‌دا بووه و به‌دیهاتوون. دیاره له به‌رده‌وامی باسه‌که‌ماندا و شیکردنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کان زیاتر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه باس ده‌که‌ین، که سه‌یدقادریش بڕێکیانی باس کرد . به‌ڵام وه‌ک کۆمه‌ڵه چیرۆکی قه‌ڵا دوو مه‌سه‌له‌ی زۆر ئاسایی یانی دژایه‌تی زۆر ئاسایی له نێو کتێبه‌که‌دایه. که ئه‌ویش دژایه‌تی قاره‌مان له گه‌ڵ خۆی و له گه‌ڵ که‌سێکی دی و دژایه‌تی دووهه‌م دژایه‌تی دوو فه‌زای شار و لادێ یان دوو سه‌بک و شێوازی ته‌وسیفی و ریئاڵ له په‌نای دوو شێوازی خه‌یاڵێ و زه‌ینی.
یانی ئه‌م دژوازییه به ته‌واویی له ناو دوو توێی کتیبه‌که‌دا ده‌بیندرێ و به‌رچاوه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له خوێندنه‌وه‌ی قه‌ڵادا هه‌ستم پێ‌کرد ئه‌وه بوو، که نووسه‌ر به کام لادا رۆییشتبایه‌ته پێشه‌وه ده‌یتوانی کۆمه‌ڵه چیرۆکێکی زۆر به هێزتر به‌دی بێنێ.
پێموایه له هه‌ر کام له‌و چیرۆکانه‌دا ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵاو به فه‌زایه‌کی لادێیی ده‌بین، یان ده‌چینه فه‌زایه‌کی ته‌سیفی تر و رێئالتر ؛ نووسه‌ر زۆر زۆر سه‌ر که‌وتووتره. هه‌ر چی فه‌زا ده‌چێته نێو جادوویی و خه‌یاڵییه‌وه،وابزانم داستانه‌کان له کزی ده‌ده‌ن که هێندێ هۆکاریش له‌و شته‌دا هه‌یه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که زمان له‌و داستانانه‌دا زمانێکی زۆر زۆر پاراوه، کۆردییه‌کی زۆر په‌تی به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانێکی لادێیی پێوه‌یه له گه‌ڵ زمانی شاری نایه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌وه وای کردووه چیرۆکه‌کان نه‌توانن له گه‌ڵ ئه‌و زمانه شارییه پێوه‌ندی دروست بکه‌ن. به پیچه‌وانه‌وه‌ش وه‌ختی ده‌چییه نێو فه‌زای چیرۆکی لادێیه‌وه ده‌بینی به ته‌واوی له‌گه‌ڵ فه‌زای داستانه‌که گونجاوه ؛ له فه‌زای خه‌یاڵیدا پێموایه نووسه‌ر تووشی جۆرێک (ته‌مسیل په‌ردازی) ده‌بێ. به پیچه‌وانه له گه‌ڵ چوونه ناو فه‌زای وا که پێویستی به په‌سنی وردبینانه‌تره پێموایه چیرۆک بو خوێنه‌ر له به‌ر دڵان و خۆشتر و شیاوتر ده‌بێ؛ بۆ وێنه چیرۆکی مانگ ئه‌و فه‌زایه‌ی زور پێوه دیاره جیا له به‌شی ئاخری چیرۆک که له نه‌کاو فه‌زایخه‌یاڵی دێته نێو سه‌ر جه‌می چیرۆکه‌که‌وه ئه‌و کاته‌ی گه‌زیزه له په‌نجه‌ره‌وه دێته ده‌رێ به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌فڕێ. هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته له چیرۆکی نچیردا ده‌بینین یانی فه‌زا به ته‌واوی فه‌زای وێنه و ناسیاوه که بۆ خۆێنه‌ر ته‌وسیف ده‌کرێ و زور وردبینانه فه‌زا سازی بۆ کراوه. من خوم به ته‌واوی له فه‌زای چیروکه‌که جێم خوش کردیوو و له‌گه‌ڵی ده‌چوومه پیشێ وه‌لی .... بۆ وێنه له چیرۆکی سیهه‌مدا یانی چیرۆکی ڕێبه‌ندان... فه‌زا به گشتی فه‌زایه‌کی زه‌ینی و خه‌یاڵی به خۆوه ده‌گرێ و ئه‌و فه‌زا زه‌ینی و خیاڵییه جێ ناکه‌وێ و ته‌نیا بۆ نووسه‌ر مانای هه‌یه، یانی خودی مه‌نتیقی چیرۆک نییه منی خوێنه‌ر رازیده‌کا به‌وه‌ی رووداو و هه‌ڵکه‌وته‌ی چیروکه‌که `قه‌بول که‌م، به‌لکوو کاتێک له ده‌ره‌وه‌ی چیرۆک خه‌ریکه هانم ده‌دا به‌ره‌و ئه‌و شته، پێموایه هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هێندێک که‌مایه‌سی له نێو چیرۆکدا بێته ئاراوه. یانی پێموایه له شوێنێک که بۆ لای ئه‌و فه‌زا به‌رچاو و هه‌ستیاره ده‌چێ، چیرۆکه‌کان سه‌رکه‌وتووترن و ئه‌و جێیه‌ی ده‌چیته سه‌ر ته‌مسیل کاره‌کان ده‌مێننه‌وه؛ هه‌ڵبه‌ت له گه‌ڵ هێندێک هۆ کار که دوایی ئاماژه‌یان پێده‌که‌م.
سه‌یدقادر:
من له گه‌ڵ ئه‌و به‌شه له قسه‌کانی کاک ره‌حیمدا هه‌م که ده‌ڵێ چیرۆکه‌کان به پێی دوو فه‌زای زه‌ینی و ریئالیستی دژایه‌تی تێدایه؛ به‌ڵام پێموانییه به‌و جۆره بێ که ئه‌و کوتی چێرۆک ئه‌گه‌ر به‌ره‌و فه‌زایه‌کی لادێیی ده‌چێ به هێزتر و سه‌ر که‌وتووتره، به‌ڵام له فه‌زایه‌کی شاری یان خه‌یاڵیدا لاواز ده‌بێ و ده‌روه‌ستی نایه. به بۆچوونی من له‌و شوێنانه‌دا که چیرۆک ساختارێکی یه‌کده‌ست و ڕێکووپێکی هه‌یه چیرۆکه‌که به‌هێزتره و ناتوانی ئه‌و حوکمه به سه‌ر هه‌موو چیرۆکه‌کاندا بسه‌پێنین که له هه‌رکوێدا به‌ره‌و فه‌زای شار بڕوا لاواز و له هه‌رکێیه‌ک به‌ره‌و فه‌زای دێ بڕوا به هێز ده‌بێ. چونکه زۆر چیرۆکی به‌هێزی تێدایه که له فه‌زی دێ‌دا ڕووی داوه. کاک حه‌مه‌ده‌مین له سه‌ر ده‌مێکدا ئه‌و چیرۆکانه‌ی نووسیوه که دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانێی سوننه‌ت و مودێرنیته له ده‌روونی زۆربه‌ی نووسه‌ره‌کاندا تازه سه‌ری هه‌ڵدا بوو.
ره‌حیم:
ببورن من ئه‌سڵه‌ن قسه‌که‌م به‌و مانایه نییه که هه‌ر چیرۆکێ خه‌یاڵی بێ حه‌تمه‌ن مودێرنه. به لای منه‌وه چیرۆکی نچیر به‌ته‌واوی مودێرنه. یانی به‌و مانایه نییه هه‌ر چی فه‌زا رێئالیستی بێته‌وه حه‌تمه‌ن فه‌زایه‌کی سوننه‌تییه و ئه‌گه‌ر خه‌یاڵاوی بێت ته‌واو چیرۆکێکی مودێرنه. من ئه‌و دوو چیرۆکه‌م بۆ نوێنه باس کرد یانی مانگ و نچیر هه‌ر دوویان مودێرنن. به‌ڵام زیاتر فه‌زایه‌کی به‌ر چاو و بێ پێچ و په‌نایان تێدایه تا فه‌زایه‌کی خیاڵی.
سه‌ید قادر :
ئه‌وه ئاساییه ، شه‌ڕی دوو شێوازی چیرۆک نووسی به ساختاری چیرۆکه‌کانه‌وه دیاره یانی له‌وانه‌یه چیرۆکنووسیش له‌وه‌دا مابێته‌وه ئاخۆ ده‌بێ چێرۆک ساختارێکی مودێرنی بێ یان رێئال. له لایه‌که‌وه سروشتییه و له لایه‌کیشه‌وه زۆر روون و ئاشکرایه که نابێ ببێته هۆی سه‌قه‌ت بوونی چیرۆک و ئه‌م دژایه‌تییه له بڕێ شوێندا چیرۆکی بوونی چیرۆکی له به‌ین بردووه. دیسانیش من له سه‌ر ئه‌و بڕوایه نیم که بڵێم ئه‌و چیرۆکانه‌ی به‌ر چاو و ئاساییترن قه‌ویترن. له‌و جێگایانه‌ی چیرۆک‌نووس له نێوان دژایه‌تی دوو شێوازی چیرۆک نووسیدا ماوه‌ته‌وه، چیرۆک لاوازتر بووه . بۆ وێنه چیرۆکی هه‌راسان یه‌کێکه له چیرۆکه به‌هێزه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه، چونکه گێڕانه‌وه یه‌کده‌ست،ساختارێکی یه‌کده‌ستی هه‌یه و خۆی له‌وه ڕزگار کردووه که نوێ بێ یان سوننه‌تی. له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا چیرۆکه به‌هێزه‌کان ئه‌وانه‌ن که له زمان هه‌وه‌ڵ که‌سی تاکه‌وه‌ن و زه‌ینین و ساختارێکی نوێیان هه‌یه وه‌ک هه‌راسان، مانگ و نچیر و قه‌ڵاو دوو سێ چیرۆکی دیکه‌ش ...
ره‌حیم :
من پێموایه ده‌توانین سێ ده‌سته‌ی دیاریکراو له‌و چیرۆکانه ببینینه‌وه ، ده‌سته‌یه‌ک هه‌ر ئه‌و داستانانه‌ن که فه‌زایه‌کی روون و به‌ر چاو و ریئالیستیان هه‌یه و پێشتریش باسمان کردن. ده‌سته‌یه‌ک ئه‌و چیرۆکانه‌ن که به ته‌واویی فه‌زایه‌کی خه‌یاڵی و زه‌ینییان هه‌یه وه‌ک چیرۆکی دۆڵپا که به ته‌واوی ئه‌و فه‌زایه‌ی پێوه دیاره، له گه‌ڵ چه‌ند داستانێکی دیکه که رووداو له که‌شێکی ده‌رونیدا ده‌گوزه‌رێ وه‌ک چیرۆکی قه‌ڵا نچیر و رێبه‌ندان و ... ئه‌مجاره کێ کوشتی. ده‌سته‌ی سێهه‌م ئه‌و داستانانه‌ن که له فه‌زایه‌کی ده‌روونیدان بێ ئه‌ڤه‌ی نه‌خشێک له ته‌خه‌یولی پێوه دیار بێت خودی چیرۆکی قه‌ڵا یه‌کی له‌وانه‌یه. با لێره‌دا ئه‌وه‌ش زیاد که‌م ئه‌و چیرۆکانه‌ی کاک حه‌مه‌ده‌مین که تێکه‌ڵاو به ئه‌فسانه‌و فولکلۆر ده‌بن گه‌لێ سه‌رکه‌وتوون یانی کاتێ له فه‌زای فۆلکلۆڕ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ زۆر یه‌کگرتوو و به هاڕمۆنی ده‌بێ له گه‌ل سه‌ر جه‌می داستانه‌کان. به‌ڵام من له گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکانه گرفتم هه‌یه که له گه‌ڵ سازدانی فه‌زایه‌کی خیاڵی سه‌مبول سازی ده‌کات ،که زۆر جاران ناتوانێ مه‌نتێقی داستان بپارێزێ .
سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیمزاده:
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ له بابه‌ت چیرۆکه‌کانی کاک حه‌مه‌ده‌مینه‌وه بڵێم ،وه‌ک دۆستان ئاماژه‌یان پێ‌کرد له هه‌ر چیرۆکێک‌دا له‌وانه‌یه دوو رچه هه‌بێ یانی کاتی خوێندنه‌وه‌ی داستانه‌کان له نیوه‌یدا به سه‌ر رچه و رێگه‌یه‌کی دیکه‌دا ده‌که‌وی که ئه‌وه که‌مێک خوێنه‌ر له چیرۆکه‌کان دوور ده‌خاته‌وه. کاتێ له سه‌ر فه‌زایه‌کی په‌سنی و ته‌وسیفی ده‌روات ،فه‌زایه‌کی خه‌یاڵیش ده‌کاته‌وه که تێکه‌ڵاوێکه له‌حه‌قایه‌ت و فۆلکولۆری کوردی و ده بێته هۆی سه‌ر لێشێوانی خوێنه‌ر. ئه‌مه له چه‌ند چیرۆکێک‌دا هه‌یه وه‌ک له مانگدا ده‌بینین چه‌ند چه‌ته‌یه‌ک به سه‌ر دێ‌دا ده‌ده‌ن و قاره‌مان به هه‌موو په‌سنی قاره‌مانانی رێئال کوت و پڕ ئه‌و حاڵه‌ته نائاساییه‌ی لێده‌بینین: له‌و په‌نجه‌ره‌وه به‌و شێوه‌یه هه‌ڵده‌فڕێ که ئه‌وه ده‌بێته هۆی سه‌ر سووڕمان؛ هه‌ر چه‌ند بڕێکیش له ژێر کاریگه‌ری سه‌د ساڵ ته‌نیایی و ریئالیسمی جادوویی دایه. دوایی پێم خۆش بوو باسی خاڵێکی به‌هێز بکه‌م له‌و کۆمه‌ڵه‌چیرۆکه‌دا: ته‌وسیفاتی زۆر ورد و باش له سروشت ده‌کا که پێوه‌ندییان هه‌یه به حاڵات و هه‌ل و مه‌رجی رۆحی و ره‌وانی که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه ، وه‌ک له چیرۆکی نچیردا په‌سنی سروشت له گه‌ڵ ده‌روونییاتی قاره‌مان به ته‌واوی یه‌کگرتوویی هه‌یه. چون ئێمه ده‌بینین له چیرۆکه‌کاندا قاره‌مان رێگه‌یه‌ک ده‌بڕێ و فه‌زا رێکه‌یه‌کی دیکه .که‌واته ته‌وسیف له چیرۆکه‌کانی کاک حه‌مه‌ده‌میندا له خزمه‌تی که‌سایه‌تیدان و زمان حاڵی قاره‌مانه‌کانن که ده‌بنه هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی، نه‌ک زیاده نووسی ..به‌ڵام شتێک که ئازارم ده‌دا به داخه‌وه کۆتایی چیرۆکه‌کانه، بۆ ۆێنه چیرۆکی مانگ که جیا له‌و دوو فه‌زا دژوازه چیرۆکێکی سه‌ر که‌وتووه. به هێنانه‌وه‌ی ئه‌م رسته‌یه که من خۆشم ده‌ویست و کو‌ڕه‌که‌م ده‌یپه‌ره‌ستێ هیچ به چیرۆکه‌که زیاد ناکات. به داخه‌وه له زۆربه‌ی داستانه‌کاندا نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ئاوێ به ئاگردا بکا و کۆتایی به چیرۆکه‌که بێنێ. یانی کارێک بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ش نه‌بایه چیرۆکه‌کان سه‌ر که‌وتووتر ده‌بوون.
سه‌ید قادر:
ئێوه به قسیه‌کی گشتی کوتتان که زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان له نێو ئه‌و نایه‌کده‌ستییه‌دان، به بڕوای من ،هه‌موویان وانین، چیرۆکه‌کانی (خنجێر، قه‌ڵا، دۆڵپا، هه‌راسان) له‌وانه‌ن که ساختارێکی زۆر یه‌کده‌ستیان هه‌یه و سه‌رکه‌وتووش بوون. توانیویانه فه‌زایه‌کی ده‌روونی به‌دی بێنن که خۆیان ده‌رباز بکه‌ن له‌و کێشه ساختارییه‌ی له نێوان کۆن و نوێ‌دا هه‌یه. به‌ڵام چیرۆکی وه‌ک قه‌ڵا،مانگ ،رێبه‌ندان ئه‌و گرفته‌یان پێوه دیاره . باسی کۆتایی چیرۆکه‌کان کرا که هێندێکیان به زۆریی ته‌واو کراون. من پێشتر باسم کرد که یه‌کێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م چیرۆکانه کورتبێژی و ئیجازه که ئه‌و ئیجازه له هێندێک له چیرۆکه‌کاندا ئه‌وه‌نده له راده‌به‌ده‌ر ده‌بێ که شوێنی باش دانانێ . شایه‌د هۆی ئه‌وه‌ی که بۆ نووسه‌ر گیرۆده‌ی ئیجازێکی له راده‌به‌ده‌ر بووه بگه‌ڕيێته‌وه بۆ بارودۆخی فه‌رهه‌نگی ئه‌و سالانه‌ی که ئه‌و چیرۆکانه‌ی تێدا نووسراوه ئه‌و ده‌م یه‌کێک له‌و وتانه‌ی به‌رده‌وام دوو پات ده‌بۆوه ئه‌وه بوو که چیرۆک ده‌بێ شوعاراوی نه‌بێ و له درێژ دادڕی و زه‌ق نووسیش خۆی بپارێزێ . ئه‌و جۆره وتانه کارێکی کردبوو که نووسه‌ری هان ده‌دا شتێک بنووسێ که زۆر به ئاسانی کۆد و ره‌مزه‌کانی نه‌کرێنه‌وه و نووسینی چیرۆکی دژوار و دره‌نگ قووت چوو ببووه ئه‌رزش و بایه‌خێک. هه‌ر بۆیه چیرۆک نووس له ترسی کرانه‌وه‌ی ده‌ستی چیرۆکه‌که‌ی و له ترسی درێژداڕی چیرۆکی وه‌ها ده‌گوشی که به‌و باردا ده‌که‌وته‌وه خوارێ. له کۆمه‌ڵه چیرۆکی قه‌لادا پێموایه ئه‌و ئیجاز و کورت بڕینه‌وه‌یه زیانی به چیرۆکه‌کان گه‌یاندووه و نه‌ی هێشتووه له‌وه پتر درێژتر و فره‌وانتر بن. له‌لایه‌کی دیشه‌وه پێچانه‌وه و شاردنه‌وه‌ی زیاده له حه‌د زه‌برێکی دی‌که‌ی له چیرۆکه‌کان داوه. زۆر پێویست نه‌بووه،له چیرۆکی ئا‌غادا ئه‌و هه‌مووه گۆڕانه له گێڕانه‌وه‌دا به‌دی بێ. ده‌کرا به زمانێکی زۆر ساکار و ته‌نزاوی نووسرابا که سه‌رکه‌وتووتریش ده‌بوو،با چیرۆکێکی رێئال بوایه؛ ئیدی پێویست نه‌بوو ئه‌ونده به ئانقه‌سته دژوار و پێچه‌ڵاوپێچ بکرێ. خۆ پێویست نییه هه‌موو چیرۆکێک ده‌روونی بێ . پێموایه هه‌وڵێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌کان هه‌موویان ده‌روونی و نوێ بن . به‌عزه که‌سایه‌تییه‌ک پێویست ناکا ده‌روونی بێت. یان جاری وایه هه‌ڵبژاردنی زمانێکی ته‌نز پڕ به پێستی که‌سایه‌تیه‌که و چه‌لی واشه ده‌روون کاوی پێویسته. بۆ وێنه چیرۆکی باران که منداڵانه‌یه دیسان تووشی ئه‌وه هاتووه پێچه‌ڵاو پێچ و نوێ بکرێ و راوی بۆ بگۆڕی. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هه‌ر چیرۆکێک فه‌زای تایبه‌ت و زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و پێویست نییه هه‌موویان به ئاقارێک بچن. له چه‌ند چێرۆکێکدا وه‌ک باستان کرد ده‌یه‌وێ پاش پێشه‌کی هێانه‌وه بچێته ناو چیرۆکه‌که‌وه وه‌کو نچیر و چه‌واشه .ئه‌مه‌ش له کورته چیرۆکدا زۆر مه‌نتقی نییه ،من له سه‌ره‌تاشدا باسی ئه‌وه‌ی که چیرۆک‌نووس به پێی ئۆگریی به تێکنیکی بگێڕه‌وه(راوی) گۆڕان له چه‌ند جێ‌دا تووشی گرفتی کردووه.
ره‌حیم :
ده‌مه‌وێ باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زۆرگرینگ له چیرۆکه‌کاندا بکه‌م .وه‌ک ئاماژه‌ی پێ کرا ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ک له فۆلکلۆر و ئه‌فسانه وجودی هه‌یه؛ وه‌ک نووسه‌ر خۆیشی له به‌رایی کتێبه‌که‌دا باسی کردووه. دیاره ئه‌و حه‌وله حه‌ولێکی ئاگایانه بووه و به وشیاریه‌وه کراوه. من پێموایه خاڵێکی زۆر گه‌وره هه‌یه که ره‌نگه زۆر چیرۆک نووسی دیکه‌ش بتوانێ وه‌ک ئۆلگویه‌ک که‌ڵک له‌و ئه‌زموونه وه‌رگرێ،ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کاک حه‌مه‌ده‌مین نایه ئه‌فسانه له‌نێو چیرۆکه‌که‌یدا دوو پات کاته‌وه. یانی کت و مت ئه‌و ئه‌فسانه‌یه بێنێت بیخاته نێو چیرۆکه‌که‌یه‌وه و که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێ به‌ڵکوو دێت ساختاری ئه‌فسانه وه‌رده‌گرێت. یانی ئه‌وه‌ی که وه‌ک ماک و هه‌وێنی ئه‌فسانه‌یه و چۆنیه‌تی گێڕا‌نه‌وه‌ی وه‌رده‌گرێت و ده‌ی هێنێته ناو چیرۆکه‌کانیه‌وه . ئه‌و چیرۆکانه‌ی که ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان تێدایه ده‌توانین بڵێین که زۆر سه‌ر که‌وتوو بوون بۆ نموونه چیرۆکی دۆلپا ده‌توانێ شتێک بێت له‌و ده‌سته‌یه یانی به که‌ڵک وه‌رگرتن له توخمی ئه‌فسانه‌یه‌ک که له ناوچه‌ی خومان هه‌یه دێنێ بێچمی چیرۆکه‌که داده‌ڕێژێ و له عه‌ینی حاڵ‌دا له‌جێی ئه‌وه‌ی گێرانه‌وه‌که وه‌ر گرێ ساختاره‌که‌یان وه‌رده‌گرێت. جا به پێی ئه‌وه، چیرۆک سازده‌کاته‌وه و سه‌ر له نوێ ده‌یخوڵقێنێ . من پێموایه له درێژه‌ی باسه‌که‌ی پێشوومدا ئه‌گه‌ر عونسوری خه‌یاڵ له ناو چیروکدا که قه‌راره حه‌تمه‌ن حوزوریان ببێ، هه‌ر چه‌نده له‌و باوه‌ڕه‌دام که ناشیه‌وێت ،له زور یه‌ک له کاره‌کاندا پێموایه ئه‌گه‌رئه‌و خه‌یاڵه زۆر بایه و بۆ لای فه‌زای فۆلکلۆریک و ئه‌فسانه‌یی بچوبایه زۆر زیاتر سه‌رده‌که‌وت. وه‌ک چیرۆکی رێبه‌ندان که یه‌کێکه له چیرۆکه ناسه‌رکه‌وتووه‌کانی ئه‌و کتێبه؛ ده‌بینین ده‌قیقه‌ن ئه‌و گرفته پێش هاتووه یانی عه‌ینی چیرۆکه ره‌وایه‌تیه‌کانی ئه‌فسانه و ئوستووره هاتۆته نێو چیروکه‌کانه‌وه یان مه‌سه‌له‌ن وێنه‌یه‌کی به‌ر چاو له خودی کتێبه‌که بێنینه‌وه مه‌سه‌له‌ن قاره‌مانه‌که‌ی باس له‌وه ده‌کا له‌و رۆژه‌وه‌ی که نێر و مێ سواری که‌شتییه‌ک بوون. ئه‌مه ئیدی به شێوه‌یه‌کی زۆر رووت و شوعاری باسی داستانی نوح ده‌کا ؛ بێ ئه‌وه‌ی زه‌روره‌تێکی له نێو ئه‌و داستانه‌دا هه بێ ، گێرانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌یی نه‌بۆته به‌شێک له ساختاری چیرۆک به‌ڵکوو به‌شێکه له ناوه‌رۆکی داستان که به بڕوای من جێ نه‌که‌وتووه.
سه‌یدقادر:
به بۆچوونی منیش نووسه‌ر له‌و جێگایانه‌ی ده‌چیته ناو ئه‌و به‌ستێنه‌وه که تێدا خاراوه(وه‌ک به‌ستێنی کاره فلکلۆرییه‌کان) خسه‌رکه‌وتووتره. له‌و جێگایانه‌ش چیرۆک به له زمانی یه‌که‌م که‌سی تاکه‌وه ده‌گڕدرێته‌وه و ساختارێکی یه‌کسانی هه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی نا به‌جێ بگێڕه‌وه و فه‌زا بگۆڕدڕێ سه‌ر که‌وتووتره وه‌کوو چیرۆکی قه‌ڵا و هه‌راسان و خه‌نجێر و ئه‌مجاره‌یان کێ کوشتی. له‌و چیرۆکانه‌دا ئه‌گه‌ر بگێره‌وه به‌ر ده‌وامی ده‌گۆرێ له چێگای خۆیدا که‌ڵک له‌و تێکنیکه وه‌رگیراوه و به شێوه‌یه‌کی زه‌ق و به‌ر چاو نا گۆرێ .
بریا کاکه سووری :
من یه‌که‌م جار که له گه‌ڵ کاکه‌مینه دانیشتم چیرۆکی خوێنده‌وه به حه‌قیقه‌ت عاشقی زمان و گێرانه‌وه‌و ئه‌و هه‌مووه ،زه‌ریفکاری و ته‌سویری بوونه بووم . له‌م کتێبه‌دا زمان خۆی نیشان داوه له دوو چیرۆکدا زمان وه‌ک ئێوه‌ش ئاماژه‌تان پێ‌کرد له خزمه‌تی رواله‌ت و ناوه‌رۆکی داستاندایه‌له هه‌ر دوو چیرۆکه‌که‌دا کێشه‌ی براکوژییه وه‌ک خه‌نجێر و ئه‌مجاره کێ کوشتی، که هه‌ر دووکیان باس له برا کوژی ده‌که‌ن و داستانه‌که به راست ده‌رونیه وه به راستی خوێنه‌ر کات به کات له گه‌ڵ چیرۆکه که ده‌چێته‌پێشێ، جیاواز له‌وه‌ی که قه‌ره‌مان و که‌سایه‌تی دهردێکیئاسایی نییه،ده‌ردێکی زۆر سه‌ره‌کی،کوشتن و له ناو بردنی براکه‌ی ده‌ردێکی زۆر ریشهییو قووڵه، دووهه‌م هه‌رچه‌ند کوشتنی براکه‌یه‌تی کوشتنه‌که‌یان له‌سه‌ر دوو شتی جیاوازن،ئه‌مجاره کێ کوشتی باس له نامووس ده‌کا،شتێکه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خۆش ویستنی ژنێک که له نێوان ئه‌م دوو برایه دایه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌و ده‌ردی براکوژییه له‌و دوو چیرۆکه‌دا به راستی به باشی ده‌روونی کراوه.
بابه‌تێکی دیکه که به‌داخه‌وه چه‌ند چیرۆکی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌ی لاواز کردووه و که ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێک که له‌وانه‌یه بتوانین بڵێین یه‌کێک له تیابه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که چیرۆک نووس پێیوابوو چیرۆک ده‌بێ له خزمه‌تی شتێکی ده‌ره‌کی وه‌ک بیروباوه‌ڕی چیرۆک نووس یان هه‌ست و سۆزی چیرۆک نووس یان هه‌ر بیروباوه‌ڕێکی دیکه‌دا بێ.به داخه‌وه به‌وجۆره که‌ڵک وه‌رگرتن له داستان له چه‌ند جێگای ئه‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا ده‌بینرێ بۆ نموونه چیرۆکی مانگ. له‌م چیرۆکه‌دا سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕی نووسه‌ر به سه‌ر قاره‌ماندا له حاڵه‌تی تاکه‌که‌سی ده‌هێنێته ده‌رێ و گشتی ده‌کا...
سوله‌یمان:
له‌وه‌دا که ئه‌وسه‌ردمه ئاوا بووه که ئه‌ده‌بیات بکرێته که‌رسته‌یه‌ک بۆ راگه‌یاندنی بیرباوه‌ڕێکی تایبه‌ت بووه هیچ شکێک نییه و به‌ڵام من پێموایه هه‌موو نووسه‌ره‌کان هه‌میشه حه‌ولیان ئه‌وه بووه که بیروبروای خۆیان بدرکێنن و ئه‌وه‌ش له خۆیدا بابه‌تێکی خراپ نییه به‌ڵام کاتێك ئه‌وه ده‌بێته بابه‌تێکی گرفتساز له چیرۆکدا که چیرۆک وه‌ک شوعاری لێ ده‌ر بێت و به شێوه‌یه‌کی ئیدئۆلۆژیکی بۆ ته‌بلیغ و ڕاگه‌یناند له چیرۆک که‌ڵک وه‌ربگیرێ . ده‌نا که‌س نووسه‌ر به‌وه مه‌حکوم ناکا که بۆچی بیروباوه‌ڕی خۆی خستۆته ڕوو، ده‌رخستنی بیروباوه‌ڕ ئه‌گه‌ر وه‌ک ته‌بلیغ و شوعارێک نه‌بێ له خۆیدا گرفتێكی ئه‌وتۆی نییه. شه‌ڕ وئاشتی تۆلستۆی به‌یاننامه‌یه‌که به دژی شه‌ڕی فه‌رانسه و رووس. گه‌وره‌یی شه‌ڕ وئاشتی تۆلستۆی له‌وه‌دایه که نه‌بۆته شوعار یانی ئێمه نابینین که تۆلستۆی بێ ناپلئۆن مه‌حکوم بکا ئه‌وه له حاڵێکدایه که شه‌ڕ وئاشتی به‌رهه‌مێکی ئیدئۆلۆژیکه.
ره‌حیم:
من پێم وایه مه‌به‌ستی به‌رچاو لێره‌دا ئه‌وه یه که له ئاخری زۆر به‌ی چیرۆکه‌کاندا نووسه‌ر خۆی مه‌جبوور ده‌کا (نه‌تیجه گیری) پکا،دروست به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وشته‌ی که سه‌یدقادر کووتی که بۆیه‌وای لێ ده‌کا که چیرۆکه‌که موبهه‌م بێت، پێم وایه هه‌ڵاتنێکه له‌وشته چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌و نووسه‌رانه به‌وه تاوانبار ده‌کران که که‌س له چیرۆکه‌کانیان حاڵی نابێ، من پێموایه کاک حه‌مه‌ده‌مین ده‌یهه‌وێ له‌و شته هه‌ڵێ و به ئاکام گه‌یندنێکی که نووسه‌ر بۆخی به ئاکامی ده‌گه‌ینێ ده‌یهه‌وێ بڵێ که ئه‌م چیرۆکه باسی چی ده‌کا. زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان له سه‌ره‌تادا له فه‌زایه‌کی پڕ له پرسیار و ته‌ماوی و بولێڵدا ده‌چنه پێشێ به‌ڵام له کۆتایی داستاندا نووسه‌ر دێ هه‌موویان ڕوون ده‌کاته‌وه و ئاو به ئاگردا ده‌کا و جوابی هه‌موو پرسیاره‌کان ده‌داته‌وه..
بریا:
ئه‌وشته‌ی که باسم کرد به‌و مه‌به‌سته نه‌بوو که بڵێم زۆر زه‌ق بیروباوه‌ڕی خۆی داسه‌پاندووه نا به خۆشییه‌وه له یه‌ک دوو چیرۆکدا نه‌بێ ئێمه نابینین نووسه‌ر تووشی شوعاری کردن و به که‌رسته‌کردنی چیرۆک بووێ،ئه‌و قسه‌یه‌ی سوله‌یمانیش ته‌یید ده‌که‌م که هه‌ر هونه‌رێک به شێوه‌ێه‌ک په‌یامێکی تێدایه، بێ گوومان رۆمانی جه‌نگ و سۆڵح دژی شه‌ری فه‌ڕانسه و روسه یان زۆر به‌رهه‌می که ئه‌و ستانه‌ی تێ دایه که زۆر جێ حاشالێ کردن نیه، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که کووتم به سوره تی شوعاڕ نه‌بوو، بۆ وێنه کووتم له ئا‌غادا ئه‌و شته‌ی تێ دایه که له خودی ڕێبه ندانه‌وه تۆ تاماشای ده‌که‌ی شتهاێک دێنێته‌وه که شه خسی نیه،باس له شتێک ناکا که له زه‌وقی خۆێنه‌ر بدا،دسان ئه‌وه‌ش نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که من بڵێم لاوزییه‌که.تایبه‌تمه‌ندیێکه که هه‌موو ئه‌و شتانه مان له‌گه‌ڵ بووه...
تێبێنی:
لێره‌وه باسه‌که به‌ره‌و شی کردنه‌وه‌ی شه‌پۆلی چیرۆک نووسی ساڵه‌کانی 1373-1378 ده‌ڕوا و به جۆرێک له کتێبی قه‌ڵا دوور ده‌که‌وێته‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی که ڕوانه به ته‌مایه کۆڕێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌و باسه دابنێ درێژه‌ی باسه‌که‌مان قرتاند...