خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی:
پیاوێكی شه‌پقه ڕه‌شی پاڵتۆ ڕه‌شی پێڵاو شین
بریا کاکه‌سووری :
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ناوه‌رۆکی رۆمانه‌که بکه‌ین ، ناوه‌رۆکی رۆمانه‌که له سه‌ر کۆچ و کۆچبه‌ری ساغ بۆته‌وه . ئه‌م ناوه‌رۆکه به تایبه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه بابه‌تێکی زۆر گرینگه ؛ چونکه به‌شێکی زۆر له نه‌ته‌وه‌ی ئێمه مه‌جبوور به کۆچ کردن بۆ وڵاتانی دیکه کراون ؛ هه‌ر بۆیه بابه‌تی کۆچ و دیازپۆرا و دوورکه‌وتنه‌وه بۆته کێشه‌یه‌کی گرینگی کورد . که‌وابوو ڕاگه‌یشتن به وه‌ها بابه‌تێک به تایبه‌ت له لایه‌ن که‌سێکه‌وه که خۆی له دڵی ئه‌و کێشه‌یه‌دا ژیاوه زۆر گرینگه .
ناوه‌ندی ئه‌م رۆمانه که‌سایه‌تییه‌که به ناوی مامۆستا فه‌ره‌یدوون که له کوردستان مامۆستای قوتابخانه‌یه و له ئاکامدا وڵات به جێ دێڵێ و ده‌ڕوا له وڵاته ئوروپاییه‌کان ده‌گیرسێته‌وه . به‌ڵام مامۆستا فه‌ره‌یدوون که خاوه‌نی ماڵ ومنداڵه ناتوانێ ئه‌وان له گه‌ڵ خۆیدا ببا و له‌وێ چاه‌ڕێی ئه‌وه ده‌بێ که ماڵ و منداله‌که‌ی که له تورکییه‌وه به ڕێی قاچاخدا ڕه‌وانه‌ی ئوروپا ده‌کرێن ببینێته‌وه ... به ده‌وری که‌سایه‌تی مامۆستا فه‌ره‌یدووندا چه‌ند که‌سایه‌تی دیکه هه‌ن که به‌عزێکیان ده‌وری زۆر و گه‌وره‌یان پێدراوه و بوونه که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی و هێندێکیشیان دێن وده‌ڕۆن و که‌سایه‌تی لاوه‌کین . یه‌که‌م که‌سێکی که مامۆستا فه‌ره‌یدوون له ده‌رێ هاتووچۆی له گه‌ڵی هه‌یه ڕۆژیاره ؛ ڕۆژیار که‌سێکه که ساڵیانێک له‌وه پێش چۆته ئوروپا و له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ده‌رس خوێندن چووه ، به‌ڵام ئێستا تووشی نه‌خۆشی بووه و کار وپێشه‌ی بۆته خه‌وتن . که‌سێکی دیکه‌ش هه‌یه به نێوی محه‌مه‌د که ژن برای فه‌ره‌یدوونه و هاوڕێی ڕۆژیاره ، بڕیاره تانیا هاوسه‌ری فه‌ره‌یدوون له کوردستانه‌وه پچێته لای محه‌مه‌د و فه‌ره‌یدوون بچی له‌وێ بیان با . که‌سایه‌تییه‌کی دیکه‌ش هه‌یه به نێوی نه‌جیب ڕه‌واندزی ؛ نه‌جیب ره‌واندزیش هه‌ر تووشی نه‌خۆشی بووه . ئه‌گه‌ر ڕۆژیار بۆته مرۆڤێكی خه‌و خه‌وی و تووشی فه‌رامۆشی بووه نه‌جیب ره‌واندزی (موعتاد) بووه و به جۆرێکی تر تووشی ته‌مبه‌ڵی و خه‌وخه‌وی بوه ؛ محه‌مه‌دیش دیسان له لایه‌کی دیکه‌وه گیرۆده‌ی ژیانێکی دووپاته بووه و به ڕۆژدا ته‌نیا ده‌چێته کار و دێته‌وه و سه‌ری قاوه‌خانه‌ی چینییه‌کان ده‌دا و هه‌مووی ژیانی له جه‌غزێکی به‌رته‌نگدا دووپات ده‌بێته‌وه ؛ به‌و جۆره ئه‌ویش هه‌ر نیوه نه‌خۆشه و شتێکی وای لێ نابینین که نیشان بدا چالاک و سه‌رزیندووه وهۆیه‌کی وا نییه نیشان بدا به جۆرێک له گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه جیاوازی هه‌یه . من جۆری نیشان دانی ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌م پێ به هێز بوو ؛ بۆ نموونه رۆژیار که زۆر که‌م قسه ده‌کا و ته‌نانه‌ت له یه‌ک دوو ڕسته زیاتر نادوێ ، که‌سایه‌تییه‌که‌ی زۆر باش نیشان دراوه . به‌ڵام به داخه‌وه هه‌ر له چه‌ند به‌شی هه‌وه‌ڵدا رۆژیار ده‌بینین و دوایی نازانین چی به‌سه‌ردێ ....

سه‌ید قادرهیدایه‌تی :
به بۆچوونی من ئامانجی سه‌ره‌کی فه‌رهاد پیرباڵ گێڕانه‌وه‌ی داستانه ؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که فه‌رهاد پیرباڵ نووسه‌رێکه به ته‌واوه‌تی ، رۆح و گیانی داستانی ده‌رک کردووه . یانی بێ ئه‌ملاولا له جیاتی مانۆردان و خۆ خه‌ریک کردن به فه‌لسه‌بافی و فه‌زل فرۆشی و قسه‌ی گه‌وره کردن و تێۆری ده‌رخواردی خوێنه‌ردان ، داستان ده‌گێڕێته‌وه و له گێڕانه‌وه‌ی داستاندا به‌ڕاستی لێهاتوو و پسپۆره . پیرباڵ به بێ ئه‌وه‌ی خۆی له ژێر چه‌مک و مه‌فهوومه گشتی و ڕووناکبیرییه‌کاندا بشارێته‌وه ، بابه‌ت و شته ئاسایی و ساکاره‌کانی ژیان ده‌کاته هه‌وێنی داستان . گه‌یشتن به‌م جێگایه یانی به‌وه‌ی که نووسه‌ر توانایی گێڕانه‌وه‌ی داستان له خۆیدا به دی بێنێ و گرینگتر له‌وه‌ش ئاگاداری ئه‌و تواناییه‌ی خۆی بێ و به‌و باوه‌ڕ ومتمانه‌وه شت بنووسێ ، زۆر گرینگه . زۆر گرینگه نووسه‌ر به‌و ڕاده‌یه بگا که هه‌موو شتێک له داستانه‌که‌یدا وه‌ها بتوێنێته‌وه که ببێته هه‌وێنی داستان . زۆرێك له رۆمان و داستانه کوردییه‌کان به جێگای گێڕانه‌وه‌ی داستان پڕن له فه‌لسه‌فه و تێوۆریی و ناتوانن ئه‌و ماکانه له داستاندا ده‌روونیی بکه‌ن و به کورتی داستان نین . یان له هه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردنی بایه‌خه زل وگشتییه‌کانی وه‌ک حه‌قیقیه‌ت و زه‌مان و هوییه‌تدا رۆحی داستانیان له بیرده‌چی و داستان له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه بخاته چوارچێوه‌ی جه‌غزی کایه‌ی خۆیه‌و‌ه ده‌که‌وێته په‌ڕاوێزی فه‌لسه‌فه و کۆمه‌ڵناسی و بابه‌ته تیۆریکه‌کانه‌وه . سه‌ربه‌خۆیی داستانی کوردی جاری وایه به هۆی وتار گێڕانه‌وه و تیۆری گێڕانه‌وه ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه . ئه‌گه‌رئه‌و کارانه وه‌ک تاقیکاریی ونوێکاری وئه‌زموونێکی تازه‌ش بکرێ بێ گومان ده‌بێ به جۆڕیک بێ که سه‌ربه‌خۆیی داستان وه‌ک داستان بپارێزرێ .
ئێمه له به‌رهه‌مه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵدا به هیچ جۆرێک ئه‌وه نابینین که خۆی به تیۆری و فه‌لسه‌فه و وتاره‌وه هه‌ڵبواسێ ، به‌جۆرێک که داستان بکه‌وێته په‌ڕاوێز و سه‌ربه‌خۆیی داستان بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه ، که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و داستانه . مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که پیرباڵ ده‌توانێ توخم وماکه‌کانی داستان وه‌ها پێکه‌وه گرێ بدا که له نه‌هایه‌تدا داستان به‌دی بێ نه‌وه‌ک وتار و گوزارش و مێژوو.. به‌داخه‌وه زۆر رۆمان وداستانی ئێستای کوردی له به‌ر ئه‌وه‌ی که ناتوانن ماکه غه‌یری داستانییه‌کان بخه‌نه خزمه‌تی داستانه‌وه جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆکی داستان له به‌ین ده‌به‌ن . یانی داستان نووس ئه‌گه‌ر به پێی بارودۆخی داستانه‌که‌ی پێویست بوو که‌ڵک له فه‌لسه‌فه ، مێژوو ، سیاسه‌ت و هه‌رشتێکی دیکه‌ی غه‌یری داستانیی وه‌رگرێ ده‌بێ له نه‌هایه‌تدا بتوانێ ئه‌وانه بخاته خزمه‌تی ساختاری داستانه‌وه و له نێو داستاندا ده‌روونیان بکا . رۆمان وچیرۆکه‌کانی پیرباڵ ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و گێڕانه‌وه‌ی داستانه و له وه‌ش گرینگتر له نێو گێڕانه‌وه‌ی داستاندا به دی هێنانی فۆرمی نوێ بۆته ئامانجێکی سه‌ره‌کی ؛ یانی فه‌رهاد پیرباڵ داستان نووسێکه که به‌رده‌وام ده‌یهه‌وێ جیاوازی خۆی به تاقی کردنه‌وه‌ی کاری تازه نیشان بدا .
ئێستا من به‌و پێشه‌کییه‌وه دێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بزانین فه‌رهاد پیرباڵ به‌یارمه‌تی چ که‌ره‌سته و تێکنیک گه‌لێکی داستانییه‌وه توانیویه‌تی له‌م رۆمانه‌دا فۆرمێکی تایبه‌ت به‌دی بێنێ . ئه‌م رۆمانه کۆمه‌ڵێک ورده‌کاری جوانی داستانی تێدایه که حه‌تمه‌ن دواتر هاوڕێیان باسی ده‌که‌ن به‌ڵام چه‌ند تێکنیکی گشتی و به‌رچاوی تێدا ده‌بینرێ وه‌ک : ته‌علیق( وه دواخستن ، یان چاوه‌ڕوان ڕاگرتن) ؛ دووپات بوونه‌وه ؛ هاوته‌ریب کردن(مۆنتاژموازی) .
له‌م رۆمانه‌دا چاوه‌ڕوان راگرتنی خوێنه‌ر که به ته‌علیق مه‌شهووره به باشترین شێوه که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه . ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م کورته رۆمانه‌دا تا کۆتایی هه‌ر چاوه‌ڕێین بزانین به‌سه‌رهاتی مامۆستا فه‌رره‌یدوون و به‌تایبه‌ت تانیا و دوو منداڵه‌که‌ی مامۆستا فه‌ره‌یدون چی به سه‌ردێ . نووسه‌ر زۆر وریایانه توانیویه‌تی داستانه‌که‌ی وه‌ها دریژه پێ بدا به بێ ئه‌وه‌ی گرێ پووچکه‌کانی داستانه‌که له لای خوێنه‌ر بکرێنه‌وه ، خوینه‌ر تامه‌زرۆیانه پاشماوه‌ی داستانه‌که ده‌خوێنێته‌وه . له هه‌ر داستانێکدا به تایبه‌ت ئه‌و داستانانه‌ی که له نێو خۆیاندا گرێ دروست ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر نووسه‌ر وریا نه‌بێ و گرێکان زوو بدۆڕێنێ و خوێنه‌ر بتوانێ پاشماوه‌ی داستانه‌که هه‌ڵدا ، هیچ تامه‌زرۆییه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی نامێنێ . فه‌رهاد پیرباڵ له‌م داستانه‌دا ئاگاداری ئه‌وه هه‌یه که له‌م به‌سه‌رهاته ساکار وساده‌یه‌دا ئه‌گه‌ر به باشی که‌ڵک له تێکنیکه‌کانی گێڕانه‌وه وه‌رنه‌گرێ ، له‌وانه‌یه به‌رهه‌مێکی زۆرئاسایی لێ ده‌رچێ . هه‌ر بۆیه هه‌وڵ ده‌دا به که‌ڵک وه‌رگرتن له تێکنیکی چاوه‌ڕوان راگرتنی خوێنه‌ر چیرۆکه‌که‌ی قۆناخ به قۆناخ بگێڕیته‌وه . به‌ڕاستی ته‌علیق ئه‌وه‌نده به‌هێزه که خوێنه‌ر زۆر به دڵه ته‌په‌وه هه‌ر چاوه‌ڕوانه بزانێ ئاخریه‌که‌ی چ ده‌بێ .
تێکنیکی دووهه‌م که دووپات بوونه‌وه‌یه و ده‌توانم بڵێم یه‌کێک له‌و تێکنیکانه‌یه که پیرباڵ زۆر ئۆگریه‌تی و له چه‌ندین کاری‌دا که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوه و لێره‌شدا به تایبه‌ت له ژیانی محه‌مه‌ددا که تووشی ژیانێکی دووپاته‌ی وه‌ڕه‌زهێن و ماشێنی بووه هاتۆته‌وه .
تیکنیکی دوایی هاو ته‌ریب کردنه به‌و مانایه که نووسه‌ر دوو ژیانی جیاواز که پێویسته له شوێنێکدا پێک بگه‌ن هه‌ر کام له له هێڵیکدا بگێڕێته‌وه . ژیانی مامۆستا فه‌ره‌یدوون له سه‌ر هێڵیک و ژیانی محه‌مه‌د له سه‌ر هێڵێکی دیکه ده‌گێڕدرێته‌وه . به پێی ناوه‌رۆکی رۆمانه‌که و بارودۆخی ژیانی ئوروپا و یه‌کتر نه‌دیتنی محه‌مه‌د وفه‌ره‌یدوون هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تێکنیکه زۆر وریایانه کراوه . دوو هێڵی هاوته‌ریب نیشانده‌ری شتێکی بێ بڕانه‌وه و به‌رده‌وام و دووپاته‌ن که له گه‌ڵ ژیانێکی ئوتوماتیکی ماشێنی له غوربه‌ت زۆر به باشی یه‌کتر ده‌گرنه‌وه .
شتێکی دیکه‌ی که دڵنیا نیم بتوانین نێوی تێکنیکی لێ بنێین جۆرێک قۆناخ به قۆناخ گێڕانه‌وه و ده‌ست به ده‌ست بوونه که زۆرتر له به‌شی قاچاخ چییه‌کاندا ده‌بینرێ . که دوو شت وه‌بیر من دێنێته‌وه یه‌کیان چیرۆکه فۆلکلۆره‌کانه که له‌واندا یه‌کێک له پاڵه‌وانه فه‌رعییه‌کان چه‌ند شت به پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی ده‌دا که له داهاتوودا قۆناخ به قۆناخ کاری پێیان ده‌بێ یان چه‌ند ڕاسپارده‌ی پێ ده‌سپێرێ که دوای بڕینی ئه‌و قۆناخانه ئاوا بکا وئاوا بڕوا و ... دووهه‌میان وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی سینه‌مای گانگێستیرییه . من پێموابێ فه‌رهاد پیرباڵ ویستوویه درووست بوونی مافیا قاچاخه‌کانی کورد نیشان بدا . ڕواڵه‌تی پیاوێکی شه‌پقه‌ڕه‌شی پاڵتۆره‌شی پێڵاو شین رواڵه‌تی که‌سایه‌تییه مافیاییه‌کانی نێو فیلمه گانگێستێرییه‌کانه . هه‌ر چه‌ند به‌سه‌رهاتی ئه‌م داستانه به به‌راورد له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ن فیلمه‌کانی ئیسکۆرسیزی یان زڕ باوکی کاپۆلۆ زۆر ساده و ساکاره و له گه‌ڵ ئه‌وان به‌راورد ناکرێ . یانی ئه‌و پێچه‌ڵاوپێچێ و گرێ پووچکانه‌ی ئێمه له سینه‌مای گانگیستیریدا ده‌یبینین لێره‌دا ته‌نیا وه‌ک ده‌سپێک ستارته‌که‌ی لێدراوه . سووژه‌ی داستانه‌که سووژه‌یه‌کی ساده‌یه و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی پیرباڵ به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌دا کردوویه داستان . شایه‌د ئه‌وه هه‌وه‌ڵ داستانی کوردی بێ که دروست بوونی گانگێستێر یان مافیا و که‌سایه‌تی گانگێستیری نیشان بدا . ته‌نانه‌ت نێوی رۆمانه‌که " پیاوێکی شه‌پقه‌ڕه‌شی پاڵتۆ ڕه‌شی پێڵاو شین" کابۆیی و گانگێستێرێک ده‌خاته زه‌ینی خوێنه‌ره‌وه و پێموابێ ئه‌وه ئه‌نقه‌ستێکی له پشته‌وه بووبێ . هه‌ر وه‌ک ده‌زانین هۆکاری بره‌وی فیلمی گانگێستێری به تایبه‌ت له فه‌رانسه و ئیتالیا ئه‌وه بوو که ئه‌و ئیمکاناته به نووسه‌ر یان ده‌رهێنه‌ر ده‌دا که به هۆی قاچاخ و له نێواندا بوونی پووڵ و دڵه کوته و دڵه‌ته‌په و خۆشاردنه‌وه له پۆلیس و هه‌روه‌ها خه‌یانه‌ت و ژێر پێ خاڵی کردنی که‌سه‌کانی مافیایه‌کدا به‌سه‌رهاته‌که زۆر پێچه‌ڵاوپێچ بکاته‌وه . به‌ڵام له به‌شێکی ئه‌م کورته رۆمانه‌دا ئێمه هه‌موو ئه‌وانه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی و ساکار ده‌بینین .
به بۆچونی من ئه‌م رۆمانه هه‌رچه‌ند تیکنیکی زۆر به‌هێز و گونجاوی تێدایه و به‌سه‌رهات زۆر به ڕاوێژێکی خوشه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه به‌ڵام به داخه‌وه له کۆتاییدا به تایبه‌ت ئه‌و فه‌سڵه‌ی نووسه‌ر به کرده‌یه‌کی پۆست مۆدێرنیستی کوتوپڕ دێته کایه‌وه ، رۆمانه‌که به ناته‌واوی ده‌یهێڵیته‌وه و زه‌ربه‌یه‌کی توند له‌و رۆمانه ده‌دا . به جۆرێك که ده‌بێته هۆی نامیزان بوون وته‌نانه‌ت لاواز کردن و نائاسایی کردنی رۆمانه‌که ؛ ئه‌و به‌شه واده‌کا که کێشه‌ی که‌سایه‌تی له رۆمانه‌که‌دا ساز بێ : تانیا که ده‌بوو له‌م رۆمانه‌دا که‌سایه‌تی بێ ، ته‌نیا له ئاستی نێوێکدا ده‌مێنێته‌وه و ده‌توانم بڵێم که‌سایتییه‌کی لاواز کراوه . ئێمه پرۆسه‌ی گۆڕان و به‌جێهێشتنی رابردووی مامۆستا فه‌ره‌یدوون له مامۆستایه‌که‌وه تا ئه‌ندامێکی مافیایه‌کی قاچاخ ده‌بینین و به‌پێی خۆش کردنی به‌ستێن وزه‌مینه‌ی داستانه‌که بۆمان قووت ده‌چێ که غوربه‌ت و ده‌ربه‌ده‌ری وژیانی په‌نابه‌ریی که‌سێک وه‌ها دێفۆرمه بکا که له مامۆستایه‌که‌وه ببێته ئه‌ندامی ده‌سته‌یه‌کی قاچاخ . به‌ڵام ئێمه که له سه‌ره‌تاوه هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین که بزانین ژیانی تانیا (وه‌ک که‌سایه‌تییه‌ک) چی به‌سه‌ر دێ و ئاخری به کوێ ده‌گا ، له کۆتاییدا به هاتنه کایه‌ی نووسه‌ر فۆرمووله‌که ده‌شێوێ . دوای بیست فه‌سڵ و به‌ش ره‌وتی گۆڕان و دووربوونه‌وه له رابردووی مامۆستا فه‌ره‌یدوون و بوون به پیاوێکی شه‌پقه ڕه‌شی پاڵتۆ ڕه‌شی پێڵاو شین زۆر به باشی ده‌روونی کراوه ، به‌ڵام تانیا له دووسێ لاپه‌ره‌ی کۆتاییدا ئه‌ویش به گوتنی دووسێ ڕسته‌ی شوعاراوی زه‌ق و لایه‌نگرانه له ژنێکی خۆماڵی به ئه‌مه‌گه‌وه ، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی سوننه‌تیه‌ه‌وه دێ و له ئوروپا ده‌بێته که‌سایه‌تییه‌کی دۆڕاو و شوو به پیاوێکی سوئێدی ده‌کا!؟ ئه‌وه‌ی که تانیا چۆن و دوای چ ئاڵ‌وگۆڕێک ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردێ ده‌روونی نه‌کراوه و به‌ستێن وزه‌مینه بۆ ئه‌و ئاڵ و گۆڕه خۆش نه‌کراوه . له هه‌مووشتێک سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که به یه‌ک دوو گاڵته‌ی فه‌ره‌یدوون و نووسه‌ر که ڕاوێژێکی سوننه‌تی پیاوسالارانه‌شی پێوه‌دیاره ئه‌و گۆڕانکارییه ته‌نیا وه‌ک کارێکی سووک وچرووکی له خۆ گۆڕاوانه نیشان ده‌درێ !
به بۆچوونی من ئه‌و فه‌سڵه به ڕواڵه‌ت نوێیه‌ی کۆتایی کتێبه‌که ، گه‌وره‌ترین زره‌به‌ی بۆ لاواز کردن له چیرۆکه‌که داوه . نووسه‌ر ته‌نیا بۆ کۆتایی دان به داستانه‌که و زۆر نابه‌جی دێته کایه‌وه و وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵ هه‌موو گرێ پووچکه و شوێنه نادیاره‌کان بۆ خوێنه‌ر ده‌کاته‌وه . لانی که‌م ده‌توانم ئه‌وه بڵێم که نووسه‌ر زۆر زوو به بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێ که‌سایه‌تییه‌کانی کامڵ بن به‌تایبه‌ت تانیا و به بی ئه‌وه‌ی بهێڵێ ره‌وتی داستانه‌که‌ی به ته‌کامول بگا و زۆر ئاسایی گه‌شه بکا و له جێی خۆیدا ته‌واو بێ ، زۆر به په‌له‌پڕووزه چیرۆکه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی ده‌سکرد به ئاکام گه‌یاندووه .

حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌ممه‌دی :
من به گشتی رۆما‌نه‌که‌م پێ خۆش بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌تا فه‌سڵی کۆتایی زۆر تامه‌زرۆیانه به دووی جاره‌نووسی که‌سایه‌تییه‌کاندا ویڵ بووم ؛ به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و فه‌سڵه‌ی ئاخر ئه‌وه‌نده ناخۆش و کوتوپڕ بوو وه‌ک ئه‌وه وابوو له پڕدا په‌رداخێک ئاو بکه‌ن به ته‌پڵی سه‌رتدا . له باری زمانییه‌وه هیچ که‌م وکه‌سرییه‌کی نه‌بوو . هه‌ر وه‌ک سه‌یدقادر باسی کرد له چه‌ندین تێکنیک بۆ شکڵ گرتنی رۆمانه‌که‌ی که‌ڵکی وه‌رگرتووه . به باشی که‌ڵکی له دووپات بوونه‌وه و هاوته‌ریب کردن گرتبوو ؛ هه‌روه‌ها به باشی که‌ڵکی له شێوازی نامه نووسین بۆ به‌ره‌و پێش چوونی به‌سه‌رهاته‌که گرتبوو . نامه نووسین که له زۆربه‌ی رۆمانه ئوروپاییه‌کاندا که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه لێره‌شدا ببووه که‌رسته‌یه‌ک بۆ به‌ره‌و پش بردنی به‌سه‌رهات و ڕازاندنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه و هه‌ر وه‌ها ریتمی یه‌کسانی گێڕانه‌وه‌ی به قازانجی چه‌ند لایه‌نه کردنی رۆمانه‌که گۆڕیبوو. هه‌روه‌ها به باشی که‌ڵک له دیالۆگ وه‌رگیرابوو دیالۆگه‌کان توانیبوویان له تان وپۆی داستانه‌که‌دا جێگیر بن و دیالۆگی ده‌سکرد وناله‌بار نه نوێنێ .
به‌ڵام له بابه‌ت گێڕانه‌وه دا : له محه‌مه‌ددا یه‌که‌م که‌سه و له فه‌ره‌یدووندا بگێڕه‌وه دووهه‌م که‌سی به‌رده‌نگه( دوم شخص مخاطب) له دوو جێ‌دا ئه‌و ڕه‌وته‌ی گۆڕیوه که پێموابێ هه‌ڵه‌ی کردووه . له لاپه‌ره‌ی 90 و لاپه‌ڕه‌ی که‌ی دیکه‌م ئێستا له بیر نه‌ماوه ؛ به‌ڵام له دوو جێ‌دا ئه‌و هه‌ڵه‌ییه‌ی کردووه . له هه‌موو به‌شه‌کاندا بۆ هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان گه‌ڕان و به دوای پرسیارچووندا هه‌یه . فه‌ره‌یدون به دوای خێزانی‌دا ده‌گه‌ڕێ . محه‌مه‌د ده‌گه‌ڕی به دوای ئه‌و خۆشییه‌ی له ده‌ستی داوه . ره‌واندزی به دوای ژیانی ڕابردوویدا ده‌گه‌ڕێ و به‌وجۆره گه‌ڕان وه‌ک ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌کی هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان پێکه‌وه گرێ ده‌داته‌وه ...
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده:
ئه‌م ڕۆمانه زیاتر باسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مرۆڤی کورد له گه‌ڵ ڕۆژاوا ده‌کا ؛ به تایبه‌ت له گه‌ڵ ئوروپا . له‌م ڕۆمانه‌دا شوێن دانانی ئوروپا له سه‌ر مرۆڤی کورد زۆرتر به خراپ زانراوه و لایه‌نه خراپه‌کانی پتر گه‌وره کراونه‌ته‌وه . پێموانییه ئوروپا یه‌گجار ئاوا خراپ بێ . له‌م رۆمانه‌دا ڕابردووی که‌سه‌کان پێش ئه‌وه‌ی بچنه ئوروپا زۆر باش و ئیدئال بووه به‌ڵام هه‌ر که هاتوونه ئوروپا تووشی نه‌هاتی و تێدا چوون و شکه‌ست هاتوون . ئه‌و جۆره ته‌ماشا کردنه یه‌ک لایه‌نه‌یه پێموابێ زۆر دووره له راستی و واقعیه‌ت ؛ چونکه هه‌ر هیچ نه‌بێ زۆر که‌سمان دیتوه له ئوروپا گه‌شه‌یان کردووه ؛ ئوروپا ته‌واوی هه‌ر خراپ نییه . هه‌ڵبه‌ت پیرباڵ ته‌نیا ئوروپا مه‌حکوم ناکا به‌ڵکوو به گشتی ئینسانی کوردیش مه‌حکوم ده‌کا ؛ کورده‌کان هه‌میشه خه‌وتوون و هیچ ئامانج و مه‌به‌ستێکیان بۆ ژیانیان نییه .
شامحه‌مه‌دی :
له‌م رۆمانه‌دا کورده‌کان دوو ده‌سته‌ن : تاقمێکیان پێش ئه‌وه‌ی بێنه ئوروپا هه‌ر خه‌و خه‌وی بوون یان بۆ بارودۆخێکی وا ده‌گه‌ڕێن که ته‌مبه‌ڵی و نه‌کرکاری خۆیانیان تێدا په‌ره پێ بده‌ن . تاقمی دووهه‌م تێکه‌ڵ قاچاخ ومافیا ده‌بن . هه‌ر وه‌ک باس کرا له به‌شی قاوه‌خانه‌که‌دا نووسه‌ر توانیویه فه‌زایه‌کی پۆلیسی و گانگێستێری بخوڵقێنێ .
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده :
به راستی ئه‌و به‌شه‌ی رۆمانه‌که له نێو رۆمانی کوردی‌دا به شیکی دره‌وشاوه و زۆر تایبه‌ته ؛ به‌ڵام من ره‌خنه‌یه‌کیشم لێی هه‌یه . ئه‌و جێگایه‌ی قاچاخچییه‌که قسه بۆ محه‌مه‌د ده‌کا ؛ هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و قسه و فه‌لسه‌فه بافییانه بۆ قاچاخچییه‌ک زۆر ئاسایی نییه ؛ یان لانی که‌م من قاچاخچی ئاوا ڕووناکبیرم نه‌دیوه .
بریا کاکه‌سووری :
نووسه‌ر قاچاخ چییه‌کانی زۆر بێ غه‌ل و غه‌ش نیشان داون . ئه‌وانی کردۆته پردێکی زێڕ له نێوان کوردستان و ئوروپا . بۆ وێنه گه‌یلان گارانتی زۆر ده‌ست و دڵ پاک و راست ودروسته . ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی باش و پاکیان پیشان بدا له کۆتاییدا مامۆستا فه‌ریدوونیش ده‌کاته قاچاخچی .
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیمزاده :
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه نووسه‌ر نییه که که‌سایه‌تییه‌کانی پاک نیشان ده‌دا به‌ڵکوو که‌سایه‌تییه‌کان له رۆمانه‌که‌دا خۆیان پاک و باش نیسان ده‌ده‌ن ؛ ئه‌وه‌ش ئاساییه ؛ خۆ ئه‌وان خۆیان خراپه‌ی خۆیان ناڵێن .ئه‌وان خۆیان له حیزبه‌کای کوردستانێش پێ باشتره .
بریا کاکه‌سووری :
به بڕوای من ئه‌وه نووسه‌ره ئه‌و کاره‌ی کردووه ؛ هه‌ر وه‌ک کورده‌کانی ئوروپا ڕه‌ش وخراپ نیشان ده‌دا ؛ قاچاخچییه‌کان خاوێن و دڵاوا نیشان ده‌دا .
سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
من له ڕاستیدا پێموایه ئه‌و ڕۆمانه بۆ ئه‌وه نووسراوه که ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئینسانی کورد و ڕۆژاوا نیشان بدا ؛ که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووسه‌ر بۆ ئه‌وه بووه ئوروپا یان ڕۆژاوا زۆر یه‌ک لایه‌نه مه‌حکوم بکا . ئه‌و بۆچوونه زۆر له باسی "رۆژاوابردوویی"(غرب زدگی) جه‌لالی ئالی ئه‌حمه‌د ده‌چی که چل په‌نجا ساڵ له‌وه پێش له ئێران هێنایه گۆڕ و زیاتر له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو و ژیاندنه‌وه‌ی سوننه‌ت پێداگری ده‌کرد و یه‌ک لایه‌نه به گژی ڕۆژاوا و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانیدا ده‌چوو .

ڕه‌حیم عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
من باسه‌که‌م له دوو ڕوانگه‌وه باس ده‌که‌م . له‌م رۆمانه‌دا چه‌ند شتی باش ڕووی داوه و چه‌ند هه‌ڵه‌ش هه‌یه . ئه‌م رۆمانه رۆمانی که‌سایه‌تییه . هه‌ر وه‌ک ده‌زانین یه‌کێک له خه‌ساره‌کانی داستانی کوردی ئه‌وه یه که له به‌دی هێنانی که‌سایه‌تیدا گرفتی گه‌وره‌مان هه‌یه ؛ به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا هه‌وڵی پیرباڵ بۆ به‌دی هێنانی که‌سایه‌تیزۆر به‌رچاوه ؛ پێموایه له‌م بواره‌شدا سه‌رکه‌وتووه . ئیتر که‌سایتی وه‌ک جاران هه‌میشه رووناک‌بیر نییه به‌ڵکوو له هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای تێدایه . دوهه‌مین هه‌نگاوی پیرباڵ له‌م رۆمانه‌دا تێکنیکه . له کاره‌کانی پێشووی نووسه‌ردا تێکنیک زۆر ڕووه‌کی (سطحی) بوو ؛ به‌ڵام لێره‌دا تێکنیک چۆته تان وپۆی رۆمانه‌که و له (ساختار) و ستراکتووری رۆمان‌دا جێگیر بووه . یه‌کێک له تێکنیکه جوانه‌کانی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه که بۆ نیشان دانی سه‌رگه‌ردانی و سه‌رلێشێواوی که‌سایه‌تییه‌کان به‌رده‌وام ئادره‌س نیشان ده‌دا . سێهه‌مین هه‌نگاوی باشی پیرباڵ له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه که به‌سه‌رهات له به‌ستێنێکی مێژوویی دیاریکراودا ڕووده‌دا و ڕووداوه مێژووییه‌کان پاڵپشتی چیرۆکه‌کانن . ئه‌و کاره له ئه‌ده‌بیاتی نوێی کوردی‌دا کارێکی ده‌گمه‌نه ؛ پێشتر زۆرتری ڕووداوه‌کان له چیرۆکی نوێی کوردی‌دا ئینتزاعی بوون ؛ وه‌ک کاره‌کانی شیرزاد حه‌سه‌ن و به‌ختیارعه‌لی و به گشتی زۆربه‌ی چیرۆکه کوردییه‌کان . فه‌رهاد پیرباڵ ویستویه‌تی له‌و ئینتزاع کردنه‌وه‌یه خۆی بپارێزێ . بۆ وێنه شه‌ڕی ئێران وعێراق له ژیانی زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه ، باسی که‌رکووک ، شه‌ڕی براکووژی و...
به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه باشانه که خاڵی به‌هێزی رۆمانه‌که بوون هێندێک هه‌ڵه‌ی تێکنیکی به‌رچاویشی تێدا ده‌بینرێ ؛ به تایبه‌ت له تێکنیکی مۆنتاژی هاوته‌ریب(مونتاژموازی)دا ؛ که باشتر وایه بڵێین مۆنتاژی یه‌کبڕ(مونتاژمتقاطع) . له مۆنتاژی هاوته‌ریبدا که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کان به مه‌به‌ست وچاره‌نووسێکی دیاریکراو ناگه‌ن ؛ وه‌ک دوو هێڵی هاوته‌ریب . به‌ڵام له مۆنتاژی یه‌کبڕدا له کۆتاییدا به چاره‌نووسێکی دیاریکراو ده‌گه‌ن و هێله‌کان به یه‌ک ده‌گه‌ن . له‌م رۆمانه‌دا خاڵی به یه‌کتر گه‌یشتنی محه‌مه‌د و فه‌ره‌یدوون تانیایه . به‌ڵام له کۆتاییدا ئێمه ته‌نیا چاره‌نووسی فه‌ره‌یدوون ده‌زانین چی به سه‌ر دێ و نازانین محه‌مه‌د به کوێ ده‌گا و چی به سه‌ر دێ .
ئه‌و ڕۆمانه چه‌ند که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی هه‌یه فه‌ره‌یدوون ومحه‌مه‌د وتانیا فه‌ره‌یدوون ده‌بێ به قاچاخچی ، تانیا شوو به کابرایه‌کی سوێدی ده‌کا ، ئه‌ی محه‌مه‌د چی به‌سه‌ر دێ ؟؟ ئه‌گه‌ر محه‌مه‌د که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی نه‌بوایه ئه‌و شته ده‌کرا ، به‌ڵام محه‌مه‌د که‌سایه‌تی سه‌ره‌کییه و چاره‌نووسی ده‌بێ به چی ؟ پێموایه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی تێکنیکییه . دووهه‌مین هه‌ڵه‌ی تێکنیکی ئه‌وه‌یه که فه‌زای رۆمانه‌که زۆر مۆدێرنیستییه که‌سایه‌تییه‌کان وجۆری که‌ڵک وه‌رگرتن له تێکنیک هه‌موو ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌م رۆمانه رۆمانێکی مۆدیرنیستییه ؛ به‌ڵام له کۆتاییدا رۆمانه‌که به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو ده‌که‌وێته فه‌زایه‌کی پۆست مۆدێرنیستییه‌وه و نووسه‌ر بۆ خۆی دیته نێو ده‌قه‌وه و ڕه‌وتی ئاسایی رۆمان به سه‌ریه‌کدا ده‌شێوێنێ . ئه‌گه‌ر بڕیار بوو کارێکی مۆدێرنیستی بێ ده‌بوو تا کۆتایی هه‌ر مۆدێرنیستی بمایه‌ته‌وه . ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که فه‌رهاد پیرباڵ نووسه‌رێکی پۆست مۆدێرنیستیه و نووسینی رۆمانێکی مۆدێرنیستیی تووشی سه‌رلێشێواویی کردووه . سێهه‌مین خاڵ باسی بگێڕه‌وه‌یه ؛ ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وه قه‌بووڵ بکه‌ین که ئه‌م رۆمانه رۆمانێکی مۆدێرنیستییه ده‌توانین هه‌ڵبژاردنی بگێره‌وه تووشی قه‌یران بکه‌ین . نووسه‌ر بۆ فه‌ره‌یدوون یه‌که‌م که‌سی هه‌ڵبژاردووه و بۆ محه‌مه‌د دووهه‌م که‌س ؛ پرسیار ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر محه‌مه‌دیش هه‌ر یه‌که‌م که‌س بوایه چ ده‌بوو ؟ دیسان دووپاتی ده‌که‌مه‌وه ئه‌م قسه‌یه‌ی من کاتێک دروسته که ئه‌م رۆمانه مۆدێرنیستیی بێ ؛ چونکه مه‌نتقی هه‌ڵبژاردنی بگێڕه‌وه له کارێکی مۆدێرنیستی و پۆست مۆدێرنیستییدا جیاوازییان هه‌یه .
سه‌یدقادر هیدایه‌تی :
به بۆچوونی منیش ده‌بێ هۆیه‌کی زۆر بنه‌ڕتی و پته‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی بگێڕه‌وه (راوی)له ئارادا بێ ؛ چونکه هه‌ڵبژاردنی بگێڕه‌وه ئه‌وه‌نده گرینگه که هه‌ر داستانێک یان هه‌ر به سه‌رهاتێک ته‌نیا ده‌کرێ بگێڕه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت بیگێڕێته‌وه ؛ یان ئه‌گه‌ر نووسه‌ر چه‌ند بگێڕه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی که بۆچی ئه‌وه‌یان یه‌که‌م که‌سه یان ئه‌وه‌یان دووهه‌م که‌سه ده‌لیل و هۆی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێ که ده‌قه‌که بتوانێ وڵامده‌ری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بێ .یانی نه‌کرێ مه‌سه‌له‌ن فه‌ره‌یدوون بکرێته دووهه‌م که‌س یان نه‌کرێ محه‌مه‌د بکرێته یه‌که‌م که‌س . بۆ وێنه کونده کوێری سادق هیدایه‌ت یه‌که‌م که‌سی تاکه ، ئه‌گه‌ر ئێمه بێین بیکه‌ینه دووهه‌م که‌س ئه‌سڵه‌ن ئه‌و رۆمانه رۆمان نامێنێ ! به‌ڵام کاتێک بتوانین بگێره‌وه‌ی هه‌ر داستانێک بگۆڕین و هیچ ڕوونه‌دا ئه‌وه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که هه‌ڵبژاردنی بگێڕه‌وه زۆر به وردبینی و تیبینییه‌وه نه‌کراوه .
ڕه‌حیم عه‌بدولڕه‌حیمزاده :
بابه‌تێکی دیکه‌ی که ده‌مویست باسی بکه‌م ئه‌وه‌یه که له‌م رۆمانه‌دا باسی سه‌ره‌کی سه‌رگه‌ردانیی رۆحییه ؛ به تایبه‌ت سه‌رگه‌ردانی مرۆڤی کورد له ئوروپا نیشان ده‌دا . ئێدوارد سه‌عید وه‌ک بیرمه‌ندێک باسی ته‌ره بوون ودیازپۆرا ده‌کا .ئه‌و پێیوایه ئه‌و ئینسانانه‌ی دوور ده‌خرێنه‌وه و شاربه‌ده‌ر ده‌کرێن هه‌میشه گه‌وره‌ترین گرفتیان ئه‌وه‌یه که ناتوانن له وڵاتی خۆیان جیا ببنه‌وه و تێکه‌ڵی وڵاتی نوێش نابن ؛ هه‌میشه هه‌ستێکی نۆستالژیکیان سه‌باره‌ت به وڵاتی خۆیان هه‌یه و ئه‌و هه‌سته به‌رده‌وام له گه‌ڵیانه و به‌ریان نادا . من پێموایه دوو ده‌سته کۆچبه‌ر هه‌ن : ده‌سته‌یه‌ک که تێکه‌ڵی وڵاتی تازه ده‌بن و ده‌توێنه‌وه . ده‌سته‌یه‌کیش که ئه‌و هه‌سته نۆستالژیکه به‌ریان نادا و تێکه‌ڵ نابن . پیرباڵ پێیوایه که هه‌ر دوو‌و ده‌سته‌که چاره‌نووسێکی ڕه‌شیان هه‌یه . هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و کوڕانه هه‌ر ده‌خه‌ون ئه‌ویه که گیرۆده‌ی نۆستالژی بوون : کورد ماونه‌ته‌وه بۆیه تێکه‌ڵی جوگرافیای نوێ نابن ؛ به هۆی خه‌وه‌وه له وڵاتی نوێ ته‌ریک ده‌بن وبه‌وجۆره خۆیان دوور راده‌گرن . ده‌سته‌یه‌کیش که تێکه‌ڵ ده‌بن پێناسه‌ی خۆ‌یا ده‌دۆڕێنن ؛ ده‌بنه مرۆڤگه‌لێکی سه‌یر که نه سه‌ر به‌م لان و نه سه‌ر به‌و لا ! بۆ نموونه تانیا له‌و ده‌سته‌یه که تێکه‌ڵ به وڵاتی نوێ ده‌بێ . به‌ڵام وه‌ک پێشتر ئاماژه کرا که‌سایه‌تی تانیا باش دانه‌ڕژاوه و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کانی دیکه بۆ گه‌شه‌کردن و گۆڕانیان کار کراوه ئه‌و کاره بۆ که‌سایه‌تی تانیا نه‌کراوه بۆیه کاتێک له کۆتاییدا باسی ئه‌وه ده‌کا که چۆته بزوتنه‌وه‌ی فێمێنیستییه‌وه زۆر شوعاراوی ده‌نوێنێ و ئێمه نازانین بۆچی ئه‌م ژنه له‌م فه‌رهه‌نگه‌ی خۆی ده‌ستی هه‌ڵگرتووه له فه‌رهه‌نگێکی دیکه‌دا تواوه‌ته‌وه ... من به پێچه‌وانه‌ی بیروبۆچوونی کاک سوله‌یمان پێموانییه که پیرباڵ فه‌رهه‌نگی ئوروپای به خراپ نیشان دابێ ؛ته‌ناه‌ت تاریفیشی ده‌کا . به‌ڵام ئه‌وه‌ی به خراپ نیسان دراوه ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی دوو فه‌رهه‌نگی رۆژاوا ورۆژهه‌ڵاته که زۆر یه‌ک لایه‌نه باسی ده‌کا و ڕه‌ش نیشانی ده‌دا ؛ با ئه‌و ڕاستییه‌ش له بیر نه‌که‌ین که له‌وانه‌یه حه‌ق به پیرباڵ بێ ؛ چونکه ئێمه له‌وێ نه‌ژیاوین و نازانین ژیانی ئه‌وێ چۆنه ...

سوله‌یمان عه‌بدول ره‌حیم زاده :
دروسته ئێمه له‌وێ نه‌ژیاوین ؛ به‌ڵام زۆر نموونه‌ی به‌رچاومان دیتووه که لێره هیچ نه‌بوون و له ڕۆژاوا توانیویانه توانا و هێزه‌کانی خۆیان که‌شف بکه‌ن و پێ بگه‌ن . هه‌ر دوور نه‌ڕۆین فه‌رهاد پیرباڵ بۆخۆی به‌رهه‌می ئوروپایه و له ئوروپا پێگه‌یشتووه . که‌وابوو نه‌ده‌بوو ئاوا یه‌ک لایه‌نه قه‌زاوه‌ت بکا .
ره‌حیم عه‌بدولڕه‌حیمزاده : به‌ختیار عه‌لی له وتارێکدا به نێوی کۆچ ، باسی ئه‌وه ده‌کا که ئه‌گه‌ر کۆچ بۆ خه‌ڵکی دیکه ناحه‌ز و دزێو بووه بۆ ئێمه‌ی کورد زۆر باش بووه . کۆچ ئێمه‌ی له گه‌ڵ دنیا وفه‌رهه‌نگی تر ئاشنا کرد و به بۆنه‌ی کۆچه‌وه فه‌لسه‌فه وزانست و...مان ناسی ؛ به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و لایه‌نه باشه‌ی کۆچی نه‌دیتووه . یه‌کێک له خاڵه باشه‌کانی نوسینی پیرباڵ لایه‌نی زمانی داستانه‌کانییه‌تی به تایبه‌ت له باری ڕاوێژه‌وه . زمانی ئه‌ده‌بی داستانی کوردی زۆربه‌ی وه‌خت بۆ راوێژی تایبه‌تی که‌سه‌کان گرفتی هه‌بووه به‌ڵام فه‌رهاد پیرباڵ له‌م رۆمانه‌دا تا ڕاده‌یه‌ک به سه‌ر ئه‌م گرفته‌دا زاڵ بووه و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌ر کام به راوێژی تیابه‌ت و زاراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان قسه ده‌که‌ن ...