جندۆکه‌کانی زه‌ینی پاشه‌به‌ره‌یه‌کی نێره‌مووک
یان
چ ـ ـ ـ چغه چاره‌نووس
عه‌لی غوڵامعه‌لی
چ ـ ـ ـ چاوم كار له ئاور ده‌كا. شوومی هه‌زار ك ـ ـ ـ كوندم به نێوچاوانه‌وه‌یه؛ “كونده‌كوێرم!”
دایكم كه چاوم لێده‌كا مات ده‌بێ. ئه‌سته‌غفیڕوڵڵا! له‌سه‌ر تووی من له خه‌ونێكی شه‌یتانیدا تێكه‌ڵاو سه‌گی “مچه‌ی پاسه‌بان” ببوو. ده‌ڵێ له‌سه‌ر من ئیشتیای گۆشتی قه‌له‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر دارقه‌یسی ك ـ ـ ـ كردووه؛ “قه‌له‌ڕه‌شه‌م!”
باوكم هه‌موو جارێ كه چاوم‌لێده‌كا، چاوی بار هه‌ڵده‌گرێ. د ـ ـ ـ دووشكه باوكم بێ!
ده‌بێ ك ـ ـ ـ كچ بم، به‌ڵام نه‌نكم كه ڕقی لێم‌هه‌ڵده‌ستێ، پێم‌ده‌ڵێ: ”كا حه‌مه ساڵه!“
كاكم نامدوێنێ.
باپیره‌م زـ ـ ـ زۆری دڵ پێوه بووه زینده‌به‌چاڵم بكات. نه‌یوێرا، ده‌نا خراپتری به‌سه‌ر ده‌هات. هه‌میشه بۆ خه‌ڵكی ده‌گێڕاوه:
”له‌گه‌ڵ له دایكبوونی ئه‌و دێڵه سه‌گه عه‌مته‌ره‌یان سه‌د و یه‌ك ده‌نكی ته‌سبێحه قه‌زوانه‌كه‌م به هه‌وره تریشقه پچڕاند. هه‌ر له دایكبوو، ئاسمان كپ بوو؛ شه‌یتان قرقێنه‌ی دا به‌سه‌ر مالێماندا. خودای گه‌وره بمان‌پارێزێ له چاوی شوومی ئه‌و سه‌رمازه‌ڵه‌یه!“
به هه‌زارم گـ ـ ـ گه‌رمژه‌ی منداڵی به ده‌م وچاوه‌وه‌یه. قژی سه‌رم سوور‌سووره؛ “سووری چاومارم!”
ده‌ڵێن له له‌دایكبوونی منه‌وه گوڵه‌باخ و یاسه‌كانی ح ـ ـ ـ حه‌وشه‌مان گوڵیان‌نه‌داوه." بێ به‌ره‌که‌تم!"
شه‌وی له دایكبوونی من، هه‌موو ماڵی ئێمه، تێكڕا خه‌ونێكیان بینیوه و كه‌س نه‌یوێراوه بۆ كه‌سی بگێڕێته‌وه. هه‌رچه‌ند پێشی غه‌زه‌بی خودا زۆرجار به هیچ ناگیرێ به‌ڵام سبحه‌ینێی ئه‌و شه‌وه نه‌نكم مریشكه ره‌شه‌یه‌كی سه‌ربڕیوه و له‌گه‌ڵ تۆزێك مه‌ندێی و به‌نێكی شه‌ش‌گرێ له چاڵی ناوه؛ ڕۆنی قرچاوی تێکه‌ڵ قازیاخه‌شی به‌سه‌ردا ڕشتووه.
ده‌ڵێن بۆنی خۆڵه م ـ ـ ـ مێشم لێدێ. م ـ ـ ـ ماڵ‌كاو‌ل‌كه‌ره‌م!
٭ ٭ ٭
ب ـ ـ ـ باوكم باپیره‌ی بلیمه‌تمی، زۆر جێگایان برد: حه‌وزی گ ـ ـ ـ گوناحانی خانه‌قای “كاكه‌شێخ”، سه‌رئاوی حه‌وزی خه‌ونی “كابرای داوێن پاک”، نێو جه‌زبه‌ی ده‌روێشانی خه‌لیفه‌توڵڵا، سه‌ر گ ـ ـ ـ گۆڕی شه‌هیده كێل‌درێژه‌كان، نووشته و دووعای سه‌یدی بێ نێو. به‌ردی به به‌ردی زۆر كێلی قه‌بره‌وه نا، ن ـ ـ ـ نه‌یده‌گرت ن ـ ـ ـ نه‌یده‌گرت؛ به‌رده‌بوونه‌وه به‌رده‌كان!
له‌بیرمه ساڵێكیان ره‌فێقه سمێل‌زه‌رده‌كه‌ی باپیره‌م دابووی له‌سه‌ری، ئه‌و كه ته‌شریفی موباره‌كی هاته‌وه ماڵێ، ڕوو له باوکم فه‌رمووی:” خۆکاکه مه‌لاده‌ناسی؟! گۆیا خه‌ونێکی دیوه و ئێستا ئه‌و هه‌تیوه كه‌ره ئاشقی خه‌ونه‌كه‌ی بووه. له‌م رۆژگاره‌دا پیاو ده‌بێ وشیار بێ خه‌ونه‌كانی گه‌وجی نه‌كه‌ن!“ وـ ـ ـ وشیار نه‌بوو باپیره‌م، گه‌وجی كرد خه‌ونه‌كه‌ی. یه‌ک دا به دوو گه‌وج بوو باپیره‌م!
پێش نوێژی به‌یانی رۆژی سێزده‌ی مانگی حه‌رام، باپیره‌م كه كه له خه‌و رابوو ـ راچه‌نی ـ هه‌موو گیانی ئاره‌قه بوو و ده‌له‌رزی. خۆی و هه‌وله و کیسه و ڕیشۆڵی چوو بۆ حه‌مامی حاجی نادر. که له حه‌مامی گه‌ڕه‌ك گه‌ڕاوه، زمانی نه‌ده‌گه‌ڕا. نه‌نکم تووره‌که‌ی ده‌ستی لێ وه‌رگرت و ئه‌و هێنده برسی و هیلاك بوو ده‌رجا به رۆنی زه‌نگه‌وه، شه‌ش هێڕه‌ماسی پیشاوی هه‌ڵشێلا و به سێ هێشوو ترێ رـ ـ ـ ره‌شه‌ی ڕه‌زی کوێخا حه‌سه‌نه‌وه هاڕی.
ئێمه هه‌موو بۆ نوێژی به‌یانی ب ـ ـ ـ به‌خه‌ب ـ ـ ـ به‌رین. باپیره‌م بۆ جاری دووهه‌م خه‌ونی دیبوو كه بۆته سه‌گه‌كه‌ی باوکی و بووكه‌كه‌ی ـ دایكی من ـ خۆی تێهه‌ڵده‌سوێ.
[مچه‌ی پاسه‌بان و سه‌گه‌که‌ی پێش له‌دایک بوونی من مردبووبوون.]
باپیره‌م شادیمان دێنێ و هه‌روا كه چ ـ ـ ـ چۆكی ده‌له‌رزێ شه‌ش جار له سه‌ر یه‌ك به ئاوی سارد ده‌سنوێژ ده‌گرێ وله ئاخردا ده‌پشمێ به ت ـ ـ ـ تاق. نوێژ ده‌كا به‌ڵام ده‌ست ناگرێ وده‌ستی هه‌ر به به‌ر گیانییه‌وه ده‌بێ و چاوی هه‌ر له دایكم![ یانی بووكه‌كه‌ی]
با ئه‌وه‌شتان پێ بڵێم كه له گه‌ڕه‌كدا، گه‌وره‌ی ماڵی ئێمه یانی مچه‌ی پاسه‌بان ـ باوکی باپیره‌ی من ـ پیاوێكی چاوپاك و پیاوچاك بوو و سه‌گێکی بووه که ده‌ڵێن بۆ به‌سفه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سه‌گی ئه‌سحابی که‌هف.
٭ ٭ ٭
پێشتریش باپیره‌یان له خه‌ونێكی به‌ربه‌یاندا گوێی تێوه‌ببوو كه یه‌كێك پێی گوتبوو له قیامه‌ت حه‌شری به ره‌نگی سه‌گه‌سووره‌كه‌ی ده‌كرێ، چونكێ خه‌ونی وای به بووكه‌كه‌یه‌وه دیوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هێما نادیارانه، له مانگی حه‌رامی ئه‌و ساڵه‌دا، كۆتره‌باریكه‌یه‌ك له نێوه‌ڕاست حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان مندار ببۆوه، كچی قه‌یره‌یان ئاوێنه‌یه‌كی شكاندبوو، جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆ پێڵاوه‌كانیان به پێیان ته‌نگ ببۆوه، پاچه‌كه‌یان كه‌وتبوو به‌سه‌ر پێمه‌ڕه‌یان‌دا، پشیله میزی كردبۆ سه‌ر وركه‌نانیان و دایكیان خه‌ونی به په‌رده‌ی کچێنییه‌وه بینیبوو.
دایكی هه‌راسی به باوكی هه‌ڵگرت:
” ده‌بێ لێره بڕۆین! لێره دا بۆمان نایه. دوو جاره ئه‌و مه‌شاك به‌ده‌سته نوورانییه دێته خه‌ونمه‌وه و ده‌فه‌رمێ مه‌باله‌كه‌مان ڕاست له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌وه. ئه‌م جاره‌یان فه‌رمووی بێتوو ئه‌و نه‌ورۆزه له‌و ماڵه بنووین واو و واـ ـ ـ“
به قسه‌ی نه‌کرد باوکم. له‌وێ ماینه‌وه و خودا نێوچاوانی به غه‌زه‌به‌وه گرێ داین.
٭ ٭ ٭
راست ئێوارێی س ـ ـ ـ سێزده رۆژ دوای سێزده‌ی مانگی حه‌رام، ده‌مه‌و نوێژی شێوان باپیره‌م پاش خه‌وی عه‌سر، چووه بن داره گه‌وره‌كه و لاقێكی هه‌ڵێنا و وه‌ک باوکم ده‌ڵێ عه‌ینی سه‌گه‌كه‌ی باوکی خۆی هه‌ڵداشت.
ب ـ ـ ـ باپیره‌م پاش میزه‌كه‌ی، هه‌وه‌ڵ مات بوو. تاسا. پاشان ورته‌ی هات. یه‌كجێ به پڕتاو له ماڵێ چ ـ ـ ـ چووه ده‌ر و به فه‌ڕغوونێك قوڕه‌سووره‌وه گه‌ڕاوه. س ـ ـ ـ سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو.ده‌ستی كرد به قوڕشێلان و به ق ـ ـ ـ قوڕه‌سووره سه‌گێكی سووری كلك‌پان و بێ‌چاو و لووتی دروست كرد. پاشان دانیشت و هه‌ژده هه‌ژده قسه‌ی بۆ كرد. عوزرمایی لێدێناوه که ئه‌و هه‌موو ساڵه له بیری کردووه. ئاشقانه چ ـ ـ ـ چاوی تێبڕی. باپیرم ـ حه‌مه شێتی تووتک ـ كاری سه‌یری زۆر ده‌كرد بۆیه باوكم له پێشدا هێنده‌ی گوێ نه‌دا ئاکاری سه‌یری. سبحه‌ینێیی ئه‌و ڕۆژه باپیره‌م ورده‌ورده له‌جیات پرخه‌پرخ، كه‌وته قوروسكه‌قوروسك. وای لێهات ئیدی ق ـ ـ ـ قسه‌ی نه‌ده‌كرد. ته‌نیا به‌رامبه‌ر به سه‌گه‌كه‌ی داده‌نیشت و فكری ده‌ڕۆیی. باوكم ده‌یكوت: ”لێیگه‌ڕێن بیری سه‌گه‌كه‌ی باوکی ده‌كا، با بۆ خۆی به ته‌نیا بێ. چاک ده‌بێ!“ كه‌س به ق ـ ـ ـ قه‌ت باوكم كوڕی چاك نییه بۆ باوكی.
من نه‌بێ که ڕازداری د ـ ـ ـ دایکمم که‌س نازانێ دایكم چونکێ له‌و سه‌گه‌ی باوکی باپیره‌م ده‌ترسا بۆیه بێ ئه‌وه‌ی بێڵێ كه‌س بزانێ به دزیه‌وه شه‌وێك ده‌رمانداوی كرد. گۆیا سه‌گه‌که دایمه به شوێن ده‌رپێی دایکمه‌وه بووه. ئه‌و ده‌میش باپیره‌م حه‌وتوویه‌ک حاڵێ تێک چووه. باوکم هه‌میشه ده‌ڵێ باپیره‌م سه‌گه‌که‌ی باوکی له باوکی خۆشتر ده‌ویست و سه‌رێک بۆ خۆی ڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێ خۆشه‌ویستی به‌ڕاست ڕۆڵه!
خۆزگه هه‌ر به قسه كردن له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كه‌ی نه‌جاتیمان هاتبا! س ت ـ ـ سێزده رۆژ پاش نه‌گبه‌تی سهگپهرهستی، له‌گه‌ڵ نوێژی نیوه‌ڕۆیه‌ک باپیره‌م س ـ ـ ـ سووجده‌ی برده به‌ر سه‌گه‌كه‌ی. باوكم چاوی بووه ق ـ ـ ـ قاشوولكه. هه‌موو ده‌رجا ئه‌شهه‌دوومان هێنا و گازمان له لێومان گرت. باوكم هه‌ر تۆبه و نه‌نكم خوداگیان گوومان خوواردی بوو. به‌ڵام کێ ده‌ره‌قه‌تی چ ـ ـ ـ چاره‌نووس هاتووه تا ئێمه بێین و غه‌زه‌بی خودا یه‌ك به دوای یه‌کدا به‌سه‌رمان داباری.
٭ ٭ ٭
دووشه‌ممه‌یه‌ك، خ ـ ـ ـ خوشكم له نێو حه‌مامه‌وه داوای ریشۆڵی كردبوو. دایكم له ماڵ نه‌بوو و وه‌ک هه‌میشه به‌رێی سه‌ره‌خۆشیه‌وه، بۆیه برای شیرینم له درز و كه‌لێنی درگای حـ ـ ـ حه‌مامه‌وه ڕیشۆڵی دابوو به دادم. هه‌ڵمی نێوحه‌مام گرتی و هه‌وه‌سی بۆنی ژنانه كردیه سێوێكی لاشین لاسوور و له خه‌وی ئێوارێ دا، پێش نوێژی عه‌سر، شه‌یتان زه‌فه‌ری پێبرد و هه‌موو ئاوی له‌شی گرت. خه‌ونی حه‌رام كردیه دڵۆپی شه‌رم. نه‌ڕـ ـ ـ ڕاندی و هه‌ڵاته حه‌وشه. که‌س نه‌یزانی خه‌ونه‌که‌ی چۆن بووه به‌ڵام ده‌له‌رزا كه هاته نێوه‌ڕاست حه‌وشه و هه‌موو دیتمان چۆن ئاو به پاتۆڵه‌که‌ی دا ده‌چۆڕاوه. ده‌گریا، ده‌یقیژاند و د ـ ـ ـ ده‌پاڕاوه. بن پێی وه‌ك حه‌وزی گوناحانی لێهاتبوو هێنده‌ی ئاو تێدا ڕاوه‌ستابوو. كون و درزی ح ـ ـ ـ حه‌وشه‌مان هه‌مووی گرت. به‌ڵام شه‌رم ده‌یتوانده‌وه و هه‌ر به عه‌رزیدا رۆده‌چوو؛ به ده‌م باوه ویشك ده‌بوو. پاش كورته وه‌ختێك ته‌نیا كه‌لله‌سه‌رێكی زه‌لامی لێماوه، پێسته‌یه‌ك،كراسێكی یه‌خه‌دار و ئیدی هیچی كه. به ن ـ ـ ـ نیوه‌شه‌و و به شه‌هیدی و بێ‌غووس ـ ـ ـ سڵ ناشتمان. ئاڵایه‌كی سه‌وزمان له‌سه‌ر قه‌بره‌كه‌ی چه‌قاند. شه‌هیدی ش ـ ـ ـ شه‌رم هه‌مووی به‌هه‌شتین. ئای كه دادم چی‌نه‌كرد. خۆی‌كوشت و بڕی. ده‌بێ خه‌ونی ئه‌و دووانه تێکه‌ڵاویه‌کی بووبێ ده‌نا بۆ هیچ کام له ئێمه وای نه‌کرد! حه‌و رۆژ و حه‌و شه‌و ژیر نه‌بۆوه. ناعیلاج دۆعانووسێكمان بۆ بانگ‌كرد.
ده‌مانه‌ویست ژیری كه‌ینه‌وه كوا ده‌مانزانی هه‌ڵده‌گیرێ!
دادم هێنده‌ی خۆی له لێفه و دۆشه‌گه‌كه‌ی هه‌ڵسووبوو، دایمه بۆنی ل ـ ـ ـ لێفه و دۆشه‌گی م ـ ـ ـ میزاوی لێده‌هات. هێنده ده‌ستی پیاوانی نێو خه‌ونه‌كانی مه‌مكیان هه‌ڵگڵۆفیبوو، مه‌مكی ده‌تكوت گووانی مانگا به‌شیره. هێنده‌ش له خ ـ ـ ـ خه‌ونه عه‌یبه‌كانیدا له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا یه‌كێك گوێی له ئاه و ناڵه‌ی بێ لێوی گه‌ستبوو رۆژی وابوو لێوی سێزده جار تۆخی به‌رده‌دا.
دادم به شه‌رمنی به نێوبانگ بوو.
دۆعانووسی که‌شیده‌سه‌وز تاڵێك ـ دووتاڵ ـ له قژی دادمی بڕی. خستییه په‌ڕۆیه‌كی سه‌وزه‌وه، فوویه‌كی به س ـ ـ ـ سه‌ردا كرد و به ده‌رزی له‌سه‌ر كه‌واكه‌ی چه‌قاند.له قه‌راغ مه‌مکی چه‌پی. باوكم مۆڕه‌مۆڕی بوو. ده‌ستی بێگانه هه‌رچه‌ند كابرایه‌كی پاكی وه‌ك ئه‌و دۆعانووسه‌ش بێ، قه‌ت نه‌چبووه سه‌ر سینگی ئافره‌تی ماڵێمان! به‌ڵام ژیربوونه‌وه و له‌شساغی خوشكم گرینگتر بوو. كه ده‌ستی كابرا له‌سه‌ر دڵی خوشكم درا، ئه‌و بووه پۆلوویه‌ك ئاگر و من هه‌زاران قاز و قورینگم دی كه له بن چارشێوه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵفڕین. كتوپڕ خوشكم له‌خۆبۆوه. ئه‌و شه‌وه نه لێوی گه‌ست و نه خۆی له دۆشه‌گه‌كه‌ی هه‌ڵسوو. تین و گه‌رمای له‌شی هه‌موو پیاوی خه‌ونه‌كانی له‌پڕدا كۆببۆه نێو گه‌رمای ده‌ستی ئه‌و دۆعانووسه‌وه. هه‌ر ئه‌وه تینه بوو كه سووری ه ـ ـ ـ ـ هه‌ڵگه‌ڕاند و ه ــ ـ ـ هێمنی پێدا و هێزی لێچنی و بێ هه‌ست‌وخوست به لایدا خست.
سبحه‌ینێ كه دایكم به خۆڕنین و ن ـ ـ ـ نه‌نكم به قووڕ له‌سه‌ر هه‌ڵسوون و باوكیشم به چه‌قۆوه له حه‌وشه دی، زانیم چی بووه. له ماڵێماندا و له هه‌موو خ ـ ـ ـ خوشكم و بیره‌وه‌ری و حه‌یاكانی، ته‌نیا نووشته‌یه‌ك و دووتاڵ له قژی به‌جێمابۆوه.
باوكم هه‌موو كۆڵانه‌كانی لێگه‌ڕا. له رووی هه‌ڵنه‌ده‌هات بڵێ كچه به حه‌یاكه‌ی هه‌ڵگیراوه بۆیه به‌دزییه‌وه پرسیاری شوێنی دۆعانووسه‌كه‌ی له خه‌ڵكی ده‌كرد. زۆریان سوێندیان د ـ ـ ـ ده‌خوارد به عومریان قه‌ڵافه‌تێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی باوكم باسی ده‌كردیان نه‌دیوه و زۆر كه‌سیش بزه‌یان به پرسیاره‌كه‌ی ده‌هات.
من ده‌زانم خوشكم بوو به فریشته و چووه باوه‌ش خه‌ونه‌كانییه‌وه.
٭ ٭ ٭
د ـ ـ ـ ده‌ڵێن گه‌ڕه‌كی مچه‌ی پاسه‌بان له قه‌دیمه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی جندۆكان بووه، بۆیه له هه‌ر ماڵێكی دا ده ته‌سبێحی بزڕك هه‌ڵواسراوه. گوایه سێزده‌ی مانگی حه‌رامی هه‌موو ساڵێك جندۆكان دێنه ته‌نیا ح ـ ـ ـ حه‌مامی گه‌وره‌ی گه‌ڕه‌ك و چڵكی ساڵێك له خۆیان ده‌كه‌نه‌وه.
ده‌ڵێن هه‌ر كه‌س ئه‌و به‌یانییه بچێته حه‌مام، جندۆكان ده‌بینێ كه له نێو یان له قه‌راغ حه‌وزی گشتی حه‌مامه‌كه‌دا، ئاو به یه‌كتری‌دا ده‌كه‌ن و لاوێژه ده‌چڕن و لفكه ده‌كێشن و چ ـ ـ ـ چڵك به‌رده‌ده‌ن.
ده‌ڵێن هه‌مووی یه‌ك جۆرن، ژن و پیاویان له‌نێو دا نییه. ده‌نگیان وه‌ك هاژه‌ی”با“ وایه.
ده‌ڵێن هه‌ر كه‌س به‌یانی زووی ئه‌و رۆژه بچێته حه‌مام، جندۆكان به قه‌ڵافه‌تێكه‌وه خۆی پێ نیشانده‌ده‌ن، كه هه‌موو عومری به ئاواتیه‌وه بووه و له بیری‌دا. ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه نامۆ و ناخافڵه ئه‌و كه‌سانه ده‌كاته ئاشقی جندۆكان و ئه‌گه‌ر هه‌زار دووكه‌ڵی ئه‌سپه‌نده‌ریشی به‌سه‌ردا بگێڕن و چل نووشته‌شی له‌سه‌ر شان و پیل ده‌ن، تازه بێ‌كه‌ڵكه. گوایه له‌و رۆژه‌وه هه‌تا مه‌رگ له‌سه‌ر سفره‌ی ئه‌و كه‌س‌وماڵه، ده‌بێ قاپێكی فافۆن داندرێ كه گه‌نمی تێكراوه. لای خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك واباوه كه ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ی، جندۆكه گۆشتی ئازیزترینی مردووانت ده‌جاوێ. گوایه سه‌رده‌مێك تاك به تاكی خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه، یان ئاشقی جندۆكان بوون یان دۆستی خه‌ونی حه‌رام.
ده‌ڵێن ئێواره‌ی هه‌موو سێزده‌ی مانگی حه‌رامێك، هه‌موو خه‌ونه حه‌رامه‌كانی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك، له‌سه‌ر سیمای خه‌وبینه‌ره‌كانیان ده‌نیشێ.
ده‌ڵێن له‌و رۆژه‌دا هه‌ر كه‌س ترسی له هه‌ر خه‌ونێكی حه‌رامی له دڵدا بێ، جندۆكان قه‌پاڵ له چاره‌نووسی ده‌گرن و تا ئاخر عومری ده‌یكه‌نه دیلی ئه‌و ترسه‌ی.
ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ی نیوه‌شه‌وی ئه‌و رۆژه جندۆكان وڵات چۆڵ ده‌كه‌ن، هه‌موو خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك بن پێی زارۆك و ساواكانیان ختیلكه ده‌ده‌ن تا به‌ڵكو به ڕێ‌وشوێنی باپیره ترسه‌نۆكه‌كانیاندا نه‌ڕۆن.
ده‌ڵێن دوای سه‌عات دوازده‌ی شه‌وێ ئه‌و ڕۆژه ـ كه جندۆكان وڵات چۆڵ‌ده‌دكه‌ن و با ده‌خه‌وێ ـ گه‌ڕه‌ك هێمن ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌ختی “سێزده” ماڵ وردوخاش ده‌بێ و نه‌دامه‌تی داوێنیان ده‌گرێ.
٭ ٭ ٭
باپیره‌م هه‌وه‌ڵین پاسه‌وانی گه‌ڕه‌ك بوو. هه‌تا ئه‌وـ ـ ـ رۆژه‌ی باپیره به قاپێكی فافۆنی پڕ له گه‌نم و جیقنه‌وه كه‌وته كۆڵانان، خه‌ڵك هه‌رایان لێده‌كردین ”ماڵی مچه‌ی پاسه‌بان !“ به‌ڵام به دووای ئه‌و ڕۆژه‌وه بووینه: ”ماڵی مچه‌ی سهگپهرهستی ج ـ ـ ـ جیقنه‌خۆر!“
”باوكت سه‌ری پیری له‌جیات قوڕئان و ته‌حیات، جیقنه ده‌رخواردی منداڵان ده‌دا! له گه‌ڕه‌ك ده‌رتان ده‌كه‌ین به خودا.“ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك به باوكمیان كوتبوو. گوایه باپیره‌م بێژنگێكی جیقنه و گه‌نم كردبووه گیرفانی منداڵانه‌وه.
ب ـ ـ ـ باوكم له‌بن داره گه‌وره بێ‌به‌ره‌كه‌ی حه‌وشه ـ وا سه‌گه‌كه‌ی له‌ژێر چه‌قابوو ـ قاپی فافۆنی له باپیره‌م س ـ ـ ـ ستاند.
ـ ئه‌وه چییه بابه؟
ـ حاجین و له مه‌كه‌وه ناردراون. دیاریان متفه‌ڕكه، گه‌وجه!
باوكم به دوو خڕكه‌به‌رد حاجی له‌ق ل ـ ـ ـ له‌قله‌قه‌كانی سه‌ر داره گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵفڕاند.
باوكم ناخافڵ په‌تی نێوان خودا و باپیره‌می پچڕاند.
له‌ونی لێگۆڕا باپیره‌م! دانیشته به‌رده‌م سه‌گه‌كه‌ی، و به سه‌ری موباره‌كی سوێندی خوارد هه‌تا نان و ئاوی بۆ تێكه‌ڵاو ئه‌و متفه‌ڕكه! نه‌كه‌ین، ده‌م له هیچ ش ـ ـ ـ شتێ نه‌دا.
ده‌می له هیچ نه‌دا. ماڵی ئێمه هه‌مووی هه‌روا لاسارن، ته‌نانه‌ت یه‌كمان تێدانییه له‌سه‌ر پشت بخه‌وێ، هه‌مووی له‌سه‌ر لاشان ده‌نوون.
ناعیلاج چێشتیمان تێکه‌ڵ جیقنه‌ی حاجی له‌ق ـ ـ ـ له‌قان کرد. پاش سێ رۆژ ن ـ ـ ـ نان و ئاو نه‌خواردن، سێ قاپی شۆرباو هێلكه و جیقنه خوارد. هینده‌ی خوارد تا ئاره‌قه‌ی كرد و هه‌ڵتووتا.
باوكم هه‌ر پیشی خوارده‌وه و له ماڵ وه‌ده‌رنه‌كه‌وت. باپیره‌م هه‌ر ئاگاشی نه‌ده‌كرد، نان و جیقنه‌ی خۆی ده‌خوارد و له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كه‌ی ده‌دوا. وڵاتمان ق ـ ـ ـ قوڕ و قه‌پ بوو هه‌تا بارانه‌سووره‌كه باری و من زانیم ده‌بێ شتێ بقه‌ومێ.
ئه‌و رۆژه باوكم دوای خواردنی چ ـ ـ ـ چاییه‌كی پڕڕه‌نگ، هه‌روا كه چاوی له ئاكاری باپیره‌م ده‌كرد، بووه پۆلوویه‌ك ئاگر. دووجاری ژێرپاتۆڵه جیره‌که‌ی، هه‌ڵكێشا و چووه چه‌قی رێگای باوکی و ده‌ستی لێ ره‌پ‌كرد و نه‌ڕاندی:
ـ به‌س ـ ـ ـ سه بابه! له تامت ده‌ركردووه!
ئه‌و قسه‌یه‌ی به ته‌واوی كرد و نه‌كرد و به قه‌ت به‌حری ورمێی ئاره‌ق ده‌ردا. چرن ده‌بێ کوڕ له باوکی وه‌رگه‌ڕێ؟ پاش ئه‌و قسه‌یه بوو كونی میزی باوکم گیرا و هه‌تا ئێستاش دایمه له مه‌بال ئاهوناڵه‌یه‌تی.
باپیره‌م تاسا. لاڵ بوو باپیره‌م.
له پاش ئه‌و قسه‌یه‌وه، هێدی و به دزییه‌وه سه‌ری ده‌نا دم گوێی سه‌گه‌كه‌ی و به قروسكه‌قروسكه‌وه ده‌یناڵاند:
ـ دنیا هه‌ر وا بێ‌سفه‌ته، ئه‌ی چۆن گه‌وره‌م!
جگه له‌و قسه‌یه ئیدی قسه‌مان لێنه‌بیست. ئـێسكی نێو چێشته‌كانی د ـ ـ ـ ده‌كڕووسانده‌وه و له‌بن داره‌بێ‌به‌ره‌كه ده‌چووه ده‌سبه‌ئاو. هه‌رچی هه‌رامان لێده‌كرد سه‌ری هه‌ڵنه‌دێنا.
نه‌نكم ده‌گریا و به هاواره‌وه د ـ ـ ـ ده‌یكوت: “باوكت حورمه‌تی گه‌وره‌ی ماڵێی شكاند ڕۆڵه!”. ده‌یكوت پیری به‌روه رووی ماڵی ئێمه‌وه دێ. باوكم پاش تووڕه‌بوونه‌كه‌ی زمانی له گۆ كه‌وتبوو.
من ده‌زانم ئه‌و سه‌گه‌ی باپیره‌م زیندووه چونکێ رۆژێكی که من له بێتاق ـ ـ ـ قه‌تیان به‌ردم پێدا ده‌دا، سه‌ری هه‌ڵێنا و ملی خواركرده‌وه و به‌ره‌وڕووی من وه‌ڕی. به‌خودا وه‌ـ ـ ـ وه‌ڕی.
باوكم هێنده‌ی خه‌م خوارد و بیری له ك ـ ـ ـ كاره‌كه‌ی كرده‌وه، خه‌مه‌كه‌ی ته‌واو لێ گه‌وره بۆوه ـ ماڵی ئێمه هه‌مووی هه‌ر وان، كارێك ده‌كه‌ن جا بیری لێده‌كه‌نه‌وه! ـ پیری كرد خه‌مه‌كه‌ی.
به‌یانیه‌ك كه له خ ـ ـ ـ خه‌و هه‌ستا قژی، تاڵی ره‌شی تێدا نه‌مابوو. زۆر زوو ده‌م‌وچاوی چرچی تێكه‌وت و پشتی چه‌ماوه و وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌دساڵی بێ ددانی له زاردا نه‌ما. دایكم كه چاوی پ ـ ـ ـ پێكه‌وت، له خۆبۆوه. نه‌نكم گریا و هه‌میسان تۆبه، تۆبه!
ئیدی باوكم له ماڵێ نه‌چووه ده‌رێ. را ـ ـ ـ ڕازقی ڕزق خودایه. ئه‌گه‌ر كرێی دووكانه‌كانی باپیره‌م نه‌بایه له‌وانه‌بوو له برسان قڕمان هاتبا. باوكم ده‌هات و پیرتر ده‌بوو. رۆژێكیان له‌پڕدا باپیره‌م كه باوكمی دی ـ پاش ئه‌و هه‌موو بێده‌نگییه ـ رووی تێكرد و كوتی:”بابه گیان!“
باوكم چی بیست و باپیره‌م چی كوت؟ چۆن ده‌بێ باوك، كوڕی خۆی لێ ببێته بابه؟ خودایه تۆبه ت ـ ـ ـ تۆبه!
پاش ئه‌و فه‌رمایشته‌ی، هه‌ڵاته دیووه گه‌وره‌كه. ق ـ ـ ـ قوڕئانه به‌رگ‌سووره‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چووه مدبه‌ق. هه‌موومان حه‌و شه‌و و رۆژ گوێمان له خوێندنه‌وه‌ی سووڕه‌ی تۆبه بوو." ویتوب الله علی ما یشا‌ء" ح ـ ـ ـ حاشا له بیسمللایه‌ك! نه‌نكم ده‌گریا و ده‌یكوت: ”ئه‌سته‌غفیڕوڵڵا خودا گیان! چه‌نده‌م کوت ڕۆڵه؟ ده‌مزانی ئه‌وه‌ی بێ‌ده‌سنوێژ بچێته پاڵ ژنه‌كه‌ی، عاقیبه‌تی له‌وه باشتری نابێ!“
له درزی درگا و مدبه‌قه‌وه چ ـ ـ ـ چاومان له باپیره‌م ده‌كرد. هه‌موو گیانی خۆڵه‌مێش بوو و له قوڕئانه‌كه، ته‌نیا رووبه‌رگه سووره‌كه‌ی به ده‌سته‌وه مابوو.
من له‌گه‌ڵ ده‌نگی قوڕئانه‌كه‌ی باپیره سه‌گه سوورم ده‌دی كه فرمێسكی ده‌ڕشت!
باوكم وه‌ك شێت هه‌ر ئه‌ملاوئه‌ولایه‌تی.
هیچمان نه‌مان‌زانی باپیره‌ی بلیمه‌تمان ك ـ ـ ـ كه‌ی ونبوو. هێنده له بیری باوكم دا بووین ئه‌ومان هه‌ر له بیر چبۆوه.
به‌یانی رۆژی پێنج‌شه‌ممۆیه‌ك ـ سێزده‌ی مانگی حه‌رام ـ جێگای سه‌گه‌سوور له‌بن داره‌گه‌وره‌كه چۆڵ بوو.
دایكم به دزییه‌وه له‌م و له‌وی پرسی. سێ چوارێك سوێندیان خواردبوو كه سه‌گێكیان دیوه كه كابرایه‌كی هه‌موو گیان‌تۆزاوی به‌سه‌ر پشته‌وه بووه و خۆی داوه به‌نێو چۆمی‌دا. سوێندیشیان خواردبوو كه ن ـ ـ ـ نه‌یان‌دیوه بێته‌وه ده‌رێ.
نه‌مان‌وێرا به باوكم بڵێین باوكی خنكاوه. كوتمان هامووتا بووه وه‌ك زۆربه‌ی پیاوچاكان.
٭ ٭ ٭
له‌وه‌تی باپیره‌م بێ‌سه‌روشوێن بووه، نه‌نكم رۆژی لێشێواوه. به چ ـ ـ ـ چوارشه‌ممانه ده‌چێته حه‌مام. به دووشه‌ممه نێنووكی ده‌كا. سه‌دو یه‌ك نووشته‌ی به‌خۆیه‌وه ه ـ ـ ـ هه‌ڵواسیوه. هه‌ر فوو و بیسمللایه‌تی. سه‌گێكی له په‌ڕۆ سازكردووه و رۆژی سه‌دجار ده‌رزی‌ئاژنی ده‌كا.
ئێواریه‌كی چوارشه‌ممه له حه‌مام گوایه ئه‌وانگه‌ل ده‌ستیان لێوه‌شاند. ئیدی هه‌تا مرد نه‌چووه حه‌مام. بۆگه‌نی كردبوو كه م ـ ـ ـ مرد. سه‌گه په‌ڕۆكه‌ی له نێوه‌ڕاست حه‌وشه كه‌وتبوو. باران ده‌باری و ڕه‌نگی ده‌داوه. س ـ ـ ـ سوورسوور. كه‌واكه‌ی له‌به‌ری‌دا ڕزیبوو. كه‌س نه‌یتوانی بیشوا. نه‌یانشت. زێوانه‌كه به خێری خۆی دوور له قه‌بران، نایه چاڵێکه‌وه.
”خودایه خراپتری نه‌كه‌ی!“ دایكم ده‌ڵێ.
هه‌موو رۆژێ باوكم ده‌چێته بن داره‌گه‌وره‌كه و بانگی باپیره‌م ده‌كا. ڕوو ده‌کاته ئاسمان و ده‌م داده‌پچڕێ. چاو ده‌گێڕی بۆ سه‌گه‌كه‌ی. جارجاره‌ش س ـ ـ ـ سه‌رهه‌ڵدێنێ و چاو له جێگای حاجی له‌قله‌قه‌كان ده‌كا.
ماڵێكی چۆڵ‌وهۆڵه. كه‌س درگامان ناكوتێ.
باران كه ده‌بارێ جێگای سه‌گه‌كه‌ی باپیره‌م ده‌بێته قووڕاوێكی س ـ ـ ـ سوور، عه‌ینی سپێنه‌ی چاوی باوكم.
٭ ٭ ٭
که گه‌یشتمه سه‌ری خۆی وه‌ردابوو له قووڕه‌سووره و وه‌ك س ـ ـ ـ سه‌گ ده‌وه‌ڕی. پێم وایه ده‌یویست خۆی بكاته سه‌گه‌كه‌ی باوكی.
باسی باوكم ده‌كه‌م. تا به هه‌ڵبه‌زهه‌ڵبه‌زی من، دایكم به خه‌به‌ر هات، باوكم كه‌وتبۆوه سه‌ر پشت و هه‌ناسكه‌هه‌ناسكی بوو.
قووڕه س ـ ـ ـ سووره باوكمی خنكاند. نه‌مان‌برده قه‌بران. دایكم ده‌ڵێ ماڵ ده‌بێ پیاوی تێدابێ.
دایكم مریشكێكی باڵ‌ڕه‌شی سه‌ربڕی و خوێنه‌كه‌ی له خۆڵی بن داره گه‌وره‌كه هه‌ڵسوو. سه‌ری مریشكه‌كه و برژۆڵ و ئه‌گریجه‌كانی خۆشی له‌گه‌ڵ ته‌رمی باوكم له حه‌وشه چاڵ كرد.
باوكم له‌بن داره‌گه‌وره‌كه‌ی حه‌وشه، له جێ ش ـ ـ ـ شوێنی سه‌گه‌كه‌ی باپیره‌م نێژراوه.
ئێستا ساڵه‌هایه من و دایكم درگ ـ ـ ـ گامان له خۆمان گاڵه‌داوه.
دایكم وه‌ک سه‌گه‌كه‌ی باپیره‌م ـ به قه‌ڵافه‌تی باوكم ـ س ـ ـ ـ سه‌گێكی سازكردووه. له په‌ڕۆ كۆنه‌كانمان. ده‌ڵێ ئاوا ئاو و باران نایشواته‌وه.
چاو و برۆی سه‌گه‌كه وه‌كوو باوكم وایه.
دایكم هه‌ر به ته‌مایه رۆژێك ـ ره‌نگه سێزده‌ی مانگی حه‌رامی ساڵێكیان ـ ئه‌وانگه‌ل له ماڵی ئێمه وه‌ده‌ركه‌ون و چاره‌نووس حه‌یا بیگرێ.
من ئه‌و سه‌گه‌م زـ ـ ـ زۆر خۆش ده‌وێ. هه‌میشه كایه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م. پێی ناڵێم چ ـ ـ ـ چغه و ئه‌ویش پێم‌ناوه‌ڕێ. شه‌وانه كاتێ من ده‌نووم، دایكم ده‌چێته پاڵی و ده‌ست له ملی ده‌كا و بۆی ده‌دوێ و به شه‌رمه‌وه ماچی ده‌كا و له ئامێزی ده‌گرێ ....
من ده‌زانم خ ـ ـ ـ خودا خۆشی ده‌وێین، ده‌نا بێ ئه‌و س ـ ـ ـ سه‌گه من و دایكم له‌و ماڵه چۆڵه‌دا به ته‌نیا چ ـ ـ ـ چمان كردبایه!