خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی حه‌وتوو
|
|
سه‌لاح محه‌مه‌دی:
وڵامی به‌ڕێز دڵسۆز:
سه‌باره‌ت به باسی کورتیله و کورته چیرۆک که کاک سوله‌یمان زۆرپێداگریی له سه‌ر ئه‌کا. یانی به هێماوه ئه‌یه‌وێ(ته‌لویحه‌ن) تێمان بگه‌یه‌نێ که چونکه تریفه کورتیله‌یه(داستانک)، و که‌سیش ئه‌وه‌ی بۆ که‌شف نه‌کراوه، که‌وابوو ئه‌و لاوازی و که‌م و کووڕییانه‌ی له تێبێنی و ره‌خنه‌کاندا باسی لێ کراوه تریفه ناگرێته‌وه و تێبینییه‌کان پێویستیان به پێداچوونه‌وه‌یه؛ یانی هه‌ر ئه‌و ئاکامه‌ی پێشتر به وته‌یه‌کی دیکه عه‌زرم کردن!!
به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه تریفه کورتیله‌چیرۆک(داستانک) نییه؛ به چه‌ند ده‌لیلی ساده و ئاشکرا و روون: له کورتیله چیرۆکا وشه ئه‌وه‌نده بنه‌ڕه‌تی و گه‌وره ئه‌بێته‌وه که له‌وانه‌یه بکوترێ یه‌که و واحیدی گێرانه‌وه‌یه. به‌ڵام له تریفه‌دا وشه ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی پێ نه‌به‌خشراوه و ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی نییه. مه‌سه‌له‌ن ده‌کرێ زۆر یه‌ک له وشه‌کان له تریفه‌دا لابچێ و ته‌نانه‌ت به رسته‌ش له‌و چیرۆکه لاببه‌ین، یان جێگۆڕکێ به رسته و به‌شه‌کان بکه‌ین به‌ڵام چیرۆک به‌وئاڵ وگۆڕ و لابردنه، گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌یه!! ئه‌وه یانی نووسه‌ر ئه‌گه‌ر ویستبێشی کورتیله‌چیرۆک(داستانک) بنووسێ یاسا و رێسا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی باش بۆ له‌به‌ر چاو نه‌گیراوه! کورتیله چێرۆک ته‌نیا قاش و له‌تێکی تێپه‌ڕی ژیانی که‌سایه‌تییه‌که، تریفه مه‌ودایه‌کی زۆری زه‌مانی له خۆ ده‌گرێ، چونکه به بێ ڕابردووی ئه‌و که‌سایه‌تی و ده‌سه‌ڵاته تریفه بێ مانا ده‌بێ. کورتیله چیرۆک زۆر له نه‌زیله و جۆک و نوکته نزیکه، به‌ڵام تریفه وانییه. کۆتایی کورتیله چیرۆک کۆڵه‌که‌یه‌کی گرینگه، یانی بێ ئه‌و کۆتایییه کورتیله‌چیرۆک بێ مانا و بێ مه‌فهووم ده‌بێ. به‌ڵام تریفه وا نییه، کۆتایییه‌که‌ی لابه‌ی چیرۆکه‌که نارووخێ. ئه‌بێ به هه‌ڵه‌نه‌چین و ته‌نیا به هۆی که‌م بوونی چیرۆکه‌که‌وه، پێمانوانه‌بێ که کورتیله چیرۆک یانی ئه‌وه‌ی که راده‌ی وشه‌کان کورت وکه‌م بن!! بۆ نووسینی کورتیله چیرۆک ئه‌شێ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه له به‌رچاو گیرابێ.
به بڕوای من ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌و به‌ڕێزانه بیکوتبایه تریفه کورتیله‌چیرۆکه ئه‌وده‌م هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره رووی ئه‌دا و پێشموایه که‌سانێکی وه‌ک سه‌یدقادر و کابریا و و کاک عه‌لی غوڵامعه‌لی ئه‌وه‌نده‌یان چیرۆک خوێندۆته‌وه و ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌زموون هه‌یه بتوانن کورتیله چیرۆک له کورته چیرۆک جودا بکه‌نه‌وه!! وه‌ک دوو سێ جار راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له تێبینییهکانا باسیان کردووه- تریفه کورته چیرۆکێکی ناته‌واوه که هێشتا جێگای کار کردنی ماوه. به هه‌ڵاتنیش له قه‌واره‌ی کورته‌چیرۆکه‌وه بۆ کورتیله چیرۆک ئه‌و لاوازیانه داناپۆشرێن.!
نموونه‌ش بۆ چیرۆکی رێئالی هێمایین زۆره، به تایبه‌ت ئه‌م سه‌بکه له سه‌رده‌مه تاریکه‌کاندا بره‌وی زۆر بووه. ئیساک بابل، ئیوان بونین، باشویس سینگر، ژیل پیرۆ و... ئه‌و شیوازه‌یان به لوتکه گه‌یاندووه. مه‌به‌ستیشم له‌وه‌ی که کوتبووم به ته‌ساموحه‌وه له گه‌ڵ چیرۆکه‌که جووڵاونه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌بوو که خودای نه‌خواسته بێ حورمه‌تی به برای به‌ڕێزم بکه‌م و ببمه هۆی روشاندنی هه‌ستی ناسک و روح پیرۆزی، به‌ڵكوو ئه‌و ره‌خنه‌یه ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئازیزانێک که ره‌خنه‌که‌یان به شیوه‌یه‌کی روون نه‌نووسیوه؛ رێک و راست مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو که ئه‌گه‌ر راسته‌خۆتر ره‌خنه‌که‌یان ئاراسته بکردایه، ئه‌و کێشه‌یه به‌دی نه‌ده‌هات. مه‌سه‌له‌ن کاک بریا له قالبی پرسیاردا ره‌خنه‌که‌ی ئاراسته کردووه! بۆ؟ کاک عه‌لی و کاک تایر خۆیان لێ بواردووه و کاک ره‌حمانیش زۆرتر له جیاتی ره‌خنه تانه وته‌شه‌ری هاویشتووه؛ به‌ڵام له کولدا ئه‌وه گه‌یێنراوه که ئه‌و چیرۆکه ئه‌یتوانی ته‌واوتر و باشتر بێ...
سلێمان دڵسۆز:
بۆ به‌ڕێز سه‌لاح محه‌مه‌دی
ره‌نگه له‌وه‌دا كه هه‌ڵه‌ی زانستی كه‌وتبێته ناو تێبینییهكهمهوه هه‌ق به جه‌نابت بێت. به‌ڵام بۆ ئه‌وه كه ریسی هه‌موو بۆچوونه‌كانم كردبێته‌وه خوری، له‌گه‌ڵتدا نیم. من وه‌ك خوێنه‌رێك، نه‌ك نووسه‌ری ئه‌و چیرۆكه، له باره‌ی فۆرمی تریفه‌وه رای خۆم ده‌ربڕیوه و گوتوومه: "ئه‌گه‌ر ... تریفه بكه‌وێته خانه‌ی كورتیله چیرۆكه‌وه، پێموایه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆی هه‌بێ و هه‌موو ئه‌و رایانه‌ی به پێوانه‌ی كورته چیرۆك له تریفه‌یان روانیوه، پێویستیان به پێداچوونه‌وه ده‌بێت."
هه‌روه‌ك دیتمان هه‌موو هاوڕێیان وه‌ك كورته چیرۆك تریفه‌یان خوێندبۆوه و ئه‌وه‌ش ببووه هۆی ئه‌وه‌ی له رووی كورتبڕی و فه‌زا و كه‌سایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تری چیرۆكه‌وه پێوانه‌یان، قالبی كورته چیرۆك بێ نه‌ك كورتیله چیرۆك.
دڵنیام ئه‌گه‌ر هاوڕێیان تریفه‌یان وه‌ك كورتیله چیرۆك وه‌رگرتبا، خوێندنه‌وه‌كه‌یان جیاواز ده‌بوو.
له باره‌ی فۆرم و ساختاری چیرۆكه‌كه‌شه‌وه من گوتوومه: "... ئه‌وی ئاوڕی كه‌می لێ درایه‌وه لایه‌نی ساختاریی چیرۆكه‌كه‌یه." پێم وایه ئه‌وه كه‌مێكی فه‌رق هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌نابت ده‌ڵێی": كاك سوله‌یمان ده‌ڵێ باسی ساختاری چیرۆكه‌كه‌یان نه‌كردووه."
ئه‌وجار كاكی خۆم، من هه‌رگیز ئیدیعای ئه‌وه‌م نه‌كردووه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌م كردبێ و گوتوومه به نیسبه‌ت خۆمه‌وه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بووه.
له‌باره‌ی فیعله مهنفییهكانیشهوه دیسان ده‌ڵێم من تا ئێستا چیرۆكێكم نه‌دیوه سه‌رتاپای به كرداری مه‌نفی داڕێژرابێ و ته‌نیا كردارێكی موسبه‌ت (كرداری "ده‌مێنینه‌وه" له دوا رسته‌دا) له هه‌مبه‌ر په‌نجا و چه‌ند فیعلی مه‌نفیدا كه‌ڵه‌وه‌كێشی بكات.
وا دیاره پێشتر له‌و چه‌شنه چیرۆكه به ته‌غاران نووسراون و من لێی بێئاگام و زۆر تامه‌زرۆم چه‌ند دانه‌یه‌كی وا ببینم. خۆ ئه‌گه‌ر جه‌نابت ئه‌و زه‌حمه‌ته‌م بۆ بكێشی له چاكه‌ت ده‌رناچم.
كاكی برا! دیسانیش من هیچ ئیدیعایه‌كم نییه و هه‌میشه پێموایه له حاڵی ئه‌زموونكردن و تاقیكردنهوهدام. تریفه‌ش به ده‌قێكی بێ خه‌وش نازانم.
نازانم بۆ ده‌بێ هاوڕێیان به چاوپۆشیكردنهوه (ته‌ساموح) تریفه‌یان خوێندبێته‌وه؟ تۆ بڵێی من و تریفه خێرمان پێ بشێ؟
سه‌لاح محه‌مه‌دی:
وڵامێک بۆ به‌ڕێز دڵسۆز
سه‌ره‌تا ئه‌وه بڵێـم که به بڕوای من تێبینییه‌که‌ی کاک سوله‌یمان جگه له یه‌ک دوو هه‌ڵه‌ی زانستی و دووپات کردنه‌وه‌ی قسه‌کانی به‌ڕێزان هیچی وای بۆ تریفه و بۆ بۆچوونه‌کانی تریفه پێ نه‌بوو!
کاک سوله‌یمان وه‌کوو نووسه‌ری چیرۆکی تریفه له هه‌وه‌ڵه‌وه ئه‌ڵێ من به‌هاگوزاری(؟) له سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه ناکه‌م؛ گه‌چی له ئاخریشا هه‌موو تێبینی و ره‌خنه‌کان ده‌کاته‌وه خوری و ده‌ڵێ :"پێویستیان به پێداچوونه‌وه هه‌یه"!!
ته‌واوی گله‌یی و قسه و ره‌خنه‌ی کاک سلێمان له سه‌ر هه‌مووی بۆچوونه‌کان ئه‌وه‌یه که بۆچی باسی ئه‌و شته‌یان نه‌کردووه که من وه‌کوو نووسه‌ر مه‌به‌ستم بووه و له زه‌ینی منی نووسه‌ردا بووه و بۆچی که‌شف نه‌کراوه!! به تایبه‌ت"ویستم له فه‌زایه‌كی ته‌واو رێئالدا به یارمه‌تی سیمبۆلاوی كردنی كاره‌كته‌ر و ماتریاله‌كانی ناو چیرۆك و به كه‌مێك زێده‌ڕه‌وی له گه‌وره‌تركردنه‌وه‌ی شاخه سه‌هۆڵینه په‌نهانه‌كه‌ی هێمێنگوای و دواجار به سوود وه‌رگرتنی به‌ربڵاو له كرداری نه‌رێنی (فعل منفی) ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تیی تێمی چیرۆكه‌كه بده‌م."
به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه له تێبینی زۆربه‌ی دۆستاندا باسی ئه‌و شتانه کراوه و سه‌یره کاک سوله‌یمان نه‌یدیوه: بۆ نموونه وه‌ختێک سه‌یدقادر ده‌ڵێ "چێرۆکێکی رێئالیستی نوێی هێمایینه" کاک عه‌لی غوڵامعه‌لی ده‌ڵێ چیرۆکێکی رێئالی هێماییه؛ ئه‌وه یانی چی؟؟! زۆربه‌ی بۆچوونه‌کان له مریه‌م خانم و کاک بریاوه بگره هه‌تا دوایی، له سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و چیرۆکه لایه‌نه‌کانی ژێر ده‌قی خوڵقاندووه و زۆر کورت و موخته‌سه‌ره و هه‌موو شتێکی نه‌نووسیوه و ئه‌وه لایه‌نی باشی چیرۆکه‌که‌یه کۆکن. به بڕوای من کاک سوله‌یمان ئه‌گه‌ر به باشی ئاگاداری تێئۆری داستان بوایه، ئه‌و قسانه‌ی نه‌ئه‌کرد. چونکه هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان رێئالی هێمایین له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی کردووه که هاتووه تۆزێکی سه‌مبۆل تێکه‌ڵاوی کاره‌کته‌ره‌کان له زه‌مینه‌یه‌کی رێئلادا کردووه نییه! ئه‌وه دووپات کراوه‌ی وتراوه‌کانه!! تازه ئه‌و به‌وجۆره چیرۆکه‌که‌ی مه‌سنووعی نیشان داوه، بڕێک سه‌مبۆلی له گه‌ڵ که‌مێک فه‌زا هێناوه و له زه‌مینه‌یه‌که‌ی فڵاندا تێکه‌ڵاو یه‌کی کردوون!! ئایا ئه‌وه میکانیکی نیشان دانی پرۆسه‌ی نووسینی چیرۆک نیشان نادا؟!
یان شاخی سه‌هۆڵینی هێمێنگوێی! ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆکه‌دا نه‌کرێ و نه‌گونجێ و جێگای نه‌بێ باسی بکرێ سه‌بکی هێمێنگوێیه! وه‌ک سه‌ید له خه‌ڵوه‌تخانه‌دا باسی کردبوو، سه‌بکی شاخی سه‌هۆڵین و تێلێگرافیی هێمێنگوێی سفه‌ته‌کان له رسته‌دا ده‌سڕێته‌وه و گێڕانه‌وه فۆرمێکی تایبه‌ت به خۆوه ده‌گرێ؛ که زۆر دووره له سه‌بکی (واقعگرایی نمادین) له تریفه‌دا. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی کاک سوله‌یمان ئه‌وه‌یه که بیه‌وێ بڵێ هه‌مووشتێکی له‌و چیرۆکه‌دا نه‌نووسیوه، ده‌ی دۆستان چه‌ندین جار به وته‌ی جۆراوجۆره‌وه یه‌ک به خۆیان بانگه‌وازیان کردووه: که له‌م چیرۆکه‌دا لایه‌نه‌کانی ژێر ده‌ق خوڵقاوه و ئه‌وه‌ش لایه‌نی به‌هێزی چیرۆکه‌که‌یه!! به‌ڵام ته‌نیا باسی ئه‌و فێعله مه‌نفییه نه‌کراوه!! ئه‌ویش به ڕای من ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر نه‌یتوانیوه وه‌های زه‌ق بکاته‌وه که وه‌به‌رچاو بێ و ته‌نیا و ته‌نیا بۆ‌ته ته‌وه‌هومێک بۆ نووسه‌ر!! به جۆرێک که به‌ڕێزیان پێیانوایه تاقیکارییه‌کی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌نجام داوه، له حاڵێکدا به تۆن و ته‌غار له‌و جۆره چیرۆکه‌ی ئه‌و نووسراوه؛ که‌وابوو شایه‌د ئه‌و تاقیکاریه، بۆ نووسه‌ر ئه‌زموونێکی زۆر تازه بێ، به‌ڵام له به‌ستێنی چیرۆکدا زۆر ناسراو و ئاسایییه و ناسینه‌وه‌شی بۆ خوێنه‌ری چیرۆک – چ بگا به نووسه‌ر و ره‌خنه گر- زۆر ئاسانه.
کاک سوله‌یمان ده‌ڵێ باسی ساختاری چیرۆکه‌که‌یان نه‌کردووه!! باشه وه‌ختایه‌ک کاک بریا ده‌پرسێ " ئایا چیرۆکی تریفه گه‌یشتۆته چیرۆکێکی ته‌واو یان له حاڵه‌تی گه‌ڵاڵه(طرح) دا ماوته‌وه؟ " و دواتر سه‌یدقادر و کاک ره‌حمان و کاک عه‌لی و‌ڵامیان داوه‌ته‌وه، ئه‌وه باسی ساختار نیه، چیه؟ کارمان به سه‌ر راستی و ناراستی تێبینێه‌کانه‌وه نییه. وه‌ختێک کاک ره‌حمانی سۆفی ده‌ڵێ "دار و لاشیپانی چێو به‌ستی خانووی چیرۆکه‌که توندوتۆڵ دا نه‌به‌سراوه." ئایا ئه‌وه باسی ساختار نیه؟؟!! وه‌ختێک سه‌ید ده‌ڵێ: فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که هێندێک شتی که‌مه و جێگای ده‌ست تێوه‌ردان و کار کردنی ماوه؛" ئه‌وه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ باسی ساختار نیه؟! وه‌ختێک کاک عه‌لی غوڵامعه‌لی ده‌ڵێ "بابه‌تی تریفه کۆنه، به‌ڵام داڕشتنی نوێیه هه‌ر چه‌ند خوێنه‌رهه‌ر ده‌توانێ یه‌ک جیهانی تێدا ببینێته‌وه." ئایا ئه‌وه باسی ساختار نیه؟! روونی نه‌کردۆته‌وه مه‌به‌ستی له ساختار چێیه . چونکه وه‌ختێک له بازنه‌ی چیرۆک دا ده‌کوترێ ساختار، پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. شایه‌د به‌ڕێزان بڕێکش به ته‌ساموحه‌وه ته‌ماشای چیرۆکه‌که‌یان کردووه ده‌نا له‌و جۆره چیرۆکه له‌مێژه تاقی کراوه‌ته‌وه و هیچ شتێکی تازه و نوێی تێدا نه‌بوو؛هه‌ر ئه‌و ته‌ساموح و هێدی قسه کردنه بۆ‌ته هۆی ئه‌وه‌ی نووسه‌ری به‌ڕێز که‌مێک چاوه‌ڕوانی(توقع)ی بچێته بان.
له کۆتاییدا پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌م که من چیرۆکی تریفه‌م پێ ناخۆش نه‌بوو،هه‌رچه‌ند زۆریش به‌هێز و ناوازه وده‌گمه‌ن نه‌بوو، ئاسایی و مامناوه‌ندی؛ به‌ڵام تریفه نابه‌ستم به تێبینیه‌که‌ی کاک سوله‌یمانه‌وه.
سپاس بۆ هه‌موو لایه‌ک
سلێمان دڵسۆز:
وێڕای سڵاو و سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و هاوڕێ ئازیزانه‌ی تریفه‌یان خسته ژێر زه‌ڕه‌بینی سه‌رنج و ره‌خنه‌كانیانه‌وه.
گه‌لێ ساتمه و سهرسمدانی خۆمم له چیرۆكنووسیدا لێ ئاشكرا بوون، به بوونی ئه‌و كه‌مووكه توانا هونه‌رییه‌ی خۆمه‌وه نازیم و، زۆرتان لێ فێر بووم.
بیر و ڕاكان جیاواز و هه‌ندێ جار دژ به‌یه‌ك بوون. له جیاتی ئه‌وه‌ی بههاگوزارییهك بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و بۆچوونانه بكه‌م و تێبینیی خۆم له باره‌ی هه‌ندێ له‌و بیر و ڕایانه ده‌ربڕم كه قسه‌م له‌سه‌ر هه‌ن، لای خۆمه‌وه رێزی هاوبه‌ش له هه‌موویان ده‌نێم و هه‌ر هه‌موویان به هه‌ند ده‌گرم. به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌موكووڕی و لاوازییهكانیان ده‌ستنیشان كردوون. داوای لێبوردنیش له‌و كه‌سانه ده‌كه‌م نه‌یانتوانی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه ببه‌ستن و تریفه ئازاری دان.
له رووی تێم و فه‌زا و كه‌سایه‌تی و ... به زیادیشه‌وه تریفه شه‌ن و كه‌و كرا. به بڕوای من ئه‌وی ئاوڕی كه‌می لێ درایه‌وه لایه‌نی ساختاریی چیرۆكه‌كه‌یه.
تریفه به نیسبه‌ت خۆمه‌وه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بوو. وه‌ك ده‌شزانین هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری شكست هێنانی هه‌یه. تاقیكه‌ره‌وه هێنده‌ی چاو له ئاسۆی سه‌ركه‌وتن ده‌بڕێت ئه‌وه‌نده‌ش خۆی بۆ ده‌ره‌نجامه‌كانی شكست ئاماده ده‌كا. دیاره مه‌قووله‌ی سه‌ركه‌وتن و شكستیش شتاقیان له كه‌شی رێژه‌یی بوون به‌ده‌ر نین.
بۆیه‌ش ده‌سته‌واژه‌ی "به نیسبه‌ت خۆمه‌وه"م له‌و ریزه رسته (په‌ره‌گراف)ی سه‌ره‌وه‌دا به‌كار هێنا، چونكه دڵنیا نیم ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه پێشتر له‌سه‌ر ده‌ستی چیرۆكنووسانی دیكه ئه‌نجام نه‌درابێ. به هه‌ر حاڵ من یه‌كه‌م جار بوو تخوونی وه‌ها شێوازێك ده‌كه‌وتم.
من زۆر ده‌ستكاریی چیرۆك ده‌كه‌م و جاری وایه هێنده‌ی ده‌گۆڕم و ده‌ست تێوه‌ر ده‌ده‌م، له‌گه‌ڵ نوسخه‌ی یه‌كه‌می نووسینه‌كه‌م به حه‌وت پشتیش ناگه‌نه‌وه یه‌ك. زۆر جاریش هه‌بووه چیرۆكێكم خرا كردووه و فڕێم داوه.
تریفه یه‌كێك له‌و ده‌گمه‌ن كارانه‌یه كه له یه‌ك دانیشتن‌دا نووسیومه و دوایه‌ش كه‌مترین ده‌ستكاریم كردووه. ئه‌و تاقیكردنه‌وه نوێیه‌ی باسم كرد له‌وه‌دایه كه ویستم له فه‌زایه‌كی ته‌واو رێئالدا به یارمه‌تی سیمبۆلاوی كردنی كاره‌كته‌ر و ماتریاله‌كانی ناو چیرۆك و به كه‌مێك زێده‌ڕه‌وی له گه‌وره‌تركردنه‌وه‌ی شاخه سه‌هۆڵینه په‌نهانه‌كه‌ی هێمێنگوای و دواجار به سوود وه‌رگرتنی به‌ربڵاو له كرداری نه‌رێنی (فعل منفی) ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تیی تێمی چیرۆكه‌كه بده‌م.
ئه‌وه‌ی دواییان كه‌مێك تووشی دڵه‌ڕاوكه‌ی ده‌كردم كه نه‌كا ئه‌و خۆ به‌ستنه‌وه‌یه به كرداری مه‌نفی چیرۆكه‌كه تووشی ده‌ستكرد بوون و بێزاریی خوێنه‌ر بكات؟
له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئازیزاندا تا ده‌هات پتر سه‌رم سوڕ ده‌ما كه هیچ كه‌س باسی ئه‌و تێكنیكه‌ی ـ كه به‌بڕوای خۆم بڕبڕه‌ی پشتی چیرۆكه‌كه‌یه ـ نه‌ده‌كرد. ئاخۆ تێكنیكێكی هێنده ئاشنا و به‌كارهاتوو بوو كه خوێنه‌ران پێشتر پێی راهاتبوون؟ ئاخۆ ئه‌و تێكنیكه وا له ناو ساختاری چیرۆكه‌كه‌دا توابۆوه به‌ر چاوی خوێنه‌ری خۆی نه‌یا؟
پێم سه‌یر بوو باسی هه‌موو لایه‌نێكی مانایی و فه‌زا و داڕشتن و زمان و تێمی تریفه كرا و هیچ كه‌س له رووی ساختاره‌وه بۆچوونی ده‌رنه‌بڕی كه به بڕوای خۆم تاقیكردنه‌وه‌كه‌م له‌وێدا بوو.
ئاخۆ تریفه له ئاستی گه‌ڵاڵه‌دا ماوه‌ته‌وه؟ وێڕای رێزی زۆرم بۆ بیروڕای هاوڕێیان له‌و باره‌وه من پێموایه تریفه به هه‌موو پێودانگه‌کانی داستان، كورتیله‌یه. وه‌ك ده‌شزانین ساختاری كورتیله چیرۆك به ته‌واوی له هی كورته چیرۆك جیایه. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی من راست بێ و تریفه بكه‌وێته خانه‌ی كورتیله چیرۆكه‌وه، پێموایه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆی هه‌بێ و هه‌موو ئه‌و رایانه‌ی به پێوانه‌ی كورته چیرۆك له تریفه‌یان روانیوه، پێویستیان به پێداچوونه‌وه ده‌بێت.
حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی:
بێچم و فۆڕمی چیرۆک شتێکی دووره زه‌ین و شێواو نییه، با وه‌کوو به هۆی ئیجاز و کورتبڕینه‌وه‌ی بگێڕه‌وه له تاریفات و دووانهکانیدا؛ فۆڕمێکی یه‌کلایه‌نه‌ی له که‌سایه‌تییه‌کان نیشانداوه و قسه‌کردنی هێندێکی خستۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی بگێڕه‌وه(راوی) و ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کۆمه‌ڵێ وتووێژی نێوان باوکی و تریفه‌مان له ره‌وتی چیرۆکه‌که‌دا هه‌یه، ته‌نیا به هۆی بگێره‌وه و له وه‌ڵام دانهوهکاندا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که تریفه چ هه‌ڵوێست و بیر وڕایێکی بووه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه کچ له دووجێدا نه‌بێ قسه‌کانی نایه‌ته روو له حاڵێکدا جیاوازی نێوان ئه‌و و باوکی یان ئه‌و و کفنپۆشان و ماسی فرۆش به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ و له‌وانه‌یه وه‌ك نوێنه‌رێک له کچانی پلاکارت به ده‌ستیش به حیساب بێ؛ با بزانین ئه‌م جیاوازیییه له چێدایه و چ هه‌میه‌تێکی هه‌یه.
تریفه و کۆڕی کچان، له جه‌نگه‌ی ههنگامهکهدان، نه له باری عه‌قڵی و نه له باری جه‌سته‌یییه‌وه له‌گه‌ڵی یه‌کناگرنه‌وه. ناتوانن ببنه به‌شێک له‌م ڕێپێوانه. ئێستا تریفه وه‌ک نوێنه‌رێک له‌م ده‌سته‌یه به‌ڕاستی له دنیایێکی جیاوازدایه ئه‌و له‌و گشته شلووقاییه هه‌ڵبڕاوه و سه‌رنجی داوه‌ته ده‌سته ماسییێک که له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه دوایین په‌له‌قاژه‌کانی مردنیان ده‌که‌ن. پێیوایه له که‌مئاویدا خه‌ریکن قڕیاندێت. هه‌ڵوێست ده‌گرێ. دیه‌وێ هه‌ر چۆنێکه هێندێکیان بکڕێ، له حه‌ولی رزگار کردن و پاراستنیاندایه. بۆ رازی کردنی باوکی به ده‌میه‌وه پێده‌که‌نێ .
بگێڕه‌وه له فکر و زکری شتێکی دیکه‌دایه، دڵه‌ڕاوکه‌ی له په‌ستا پتر ده‌بێ؛ ده‌زانێ مه‌ودای نێوانیان چیها دووره. هه‌رچه‌نده که به ته‌واوی له بیری چۆته‌وه، داخوازییه‌کانی ئه‌و په‌یوه‌سته به دنیایه‌کی منداڵانه‌ی هه‌ره پاقژ و جوانه‌وه. هه‌ر بۆیه له سه‌ر داواکه‌ی خۆی سووره و ئه‌مجار له رزگارکردنی سه‌رجه‌م ماسیه‌کان ده‌دوێ. باوکی ئیتر بێده‌نگ نابێ. باسی که‌مده‌ستی و کرێخانوو...تووڕه بوون:
- بۆ تێ ناگه‌ی؟! تازه ناژێته‌وه...ڕاوچی...!
بابی به نابه‌دڵی مه‌زنده‌ی هه‌موو ماسیه‌کان ده‌کات. تریفه بۆ مردنی ماسیه‌کان شین ده‌گێڕێ. ناتوانێ مه‌رگی بوێ، چون هێشتا مێشکی، دڵی ئاماده‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م بابه‌ته نین. نه تریفه و نه ئه‌و کچانه‌ی پڵاکارتی "نامانخوازییان" به ده‌سته‌وه‌یه، له‌و دنیا ناسراوه‌ی گه‌وره‌کان دانین و دژوازییێکی بنه‌ڕه‌تییان له‌گه‌ڵی هه‌یه. که‌وایه بگێره‌وه ناتوانێ حاڵی بێ. به یه‌قین هێشتا له خۆشی حاڵی نییه. ره‌نگه له بیره‌وه‌ریه‌کانیدا که له شه‌ڕه لۆمه‌ی یه‌کتریدان، به‌وه گه‌ییشتبێ شه‌ڕێکی له ده‌رووندایه. ده‌بێ له خۆی بپرسێ لێره چ ده‌که‌م؟ بۆ له پشت ئه‌و هه‌مووه سه‌روسه‌کوتانه‌دا له چڕوچاوی هاوکاره‌کانی ده‌گه‌ڕێ؟ هه‌ڵبه‌ت هیچ له‌وانه په‌شیمانییه‌ک له کرده‌وه‌کانی خۆیدا نابینێ. به‌ڵام ده‌ترسێ باره‌که‌ی له‌وه‌ی که هه‌یه قورس‌تر بێت. له خۆی ده‌پرسێ لێره چ ده‌کا؟ تریفه‌ی بۆ هێناوه؟ بڵێی بۆ ئه‌وه نه‌بێ که‌سانێک بیبینن؟! یان هاتووه شتێک له چاوی هاوکاره‌کانیدا ببێنێ. هاتووه تا بزانێ چه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ کفن پۆشه‌کان جیاوازی هه‌یه.
له‌و باوه‌ڕه‌دام که چیرۆکی"تریفه" له‌گه‌ڵ ده‌رخستنی توانایییه‌کانی بڕێک دژوازی له ئاکار و وتاری که‌سایه‌تییه‌کاندا به‌جێدێڵی که جێی پرسیارن.
1- بگێڕه‌وه(راوی) به پێی وته‌کانی پێشووی ده‌بوو له‌و بۆنه‌یه‌دا نه‌بێ.
2- تریفه ده‌بێ بزانێ که ماسی، جگه ئاو پێخوریشی پێویسته.
3- هاتوچووی ئاو به گوێچکه‌ی ماسیدا نه به تریفه ده‌بیندری و نه به باوکی تریفه.
4- قیژاندنی کچانی "نه‌مانخواز" یا نه‌قیژاندنیان نیشانه‌ی قه‌بووڵکردنی باروو دۆخه‌که یا به پێچه‌وانه‌وه نییه، چون کوتمان له هیچ بارێکه‌وه یه‌کناگرنه‌وه.
5- زۆربه‌ی مامۆستاکانیش هه‌ر به قه‌د بگێڕه‌وه خۆیان نیشانداوه.
ئه‌م خاڵانهبهدیهاتووی تێک چوونی مه‌نتیقی داستانییه. که‌سایه‌تی ده‌بێ هه‌ڵگری وزه و توانایێک بێ که پێی دراوه، ده‌نا دژایه‌تی دێته‌گۆڕێ وپرسیار درووست ده‌کات.
سه‌لاح محه‌مه‌دی:
وڵامی به‌ڕیز قازی:
به بڕوای من ئه‌و ده‌لیلانه‌ی به‌ڕێز قازی ئاماژه‌یان پێ کردووه، هه‌موو ده‌لیلن بۆ به کۆتایی گه‌یشتنی چیرۆکه‌که، نه‌ک بۆ داخراویی کۆتایی چیرۆکه‌که! له ئاشکراش ئاشکراتره که چیرۆک ئاخری هه‌ر ده‌بێ له جێگایه‌کدا کۆتایی پێ بێ و ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌لیقه و توانایی و وریایی نووسه‌ر که له کوێدا کۆتایی به چیرۆکه‌که‌ی بێنێ. کراوه بوون به مانای ئه‌وه نیه که چیرۆک به‌ره‌ڵا بکرێ و چیرۆک نووس له خۆوه له شوێنێکدا، به ئاکامی بگه‌یه‌نێ!! کۆتایی داخراو یانی کۆتایییه‌ک که خوێنه‌ر له‌و ئاکامه‌ی که چیرۆک نووس بۆ چیرۆکی دیاری کردووه ناتوانێ لا بدا و هیچ ڕێگایه‌کی دیکه‌ی جگه له‌و یه‌ک ڕێگایه له‌به‌ر نیه. یانی به جۆرێک نووسه‌ر کۆتایی چیرۆک به ئاکامێکی دیاری کراوی بێئهملاولا و موتڵه‌ق ده‌گه‌ینێ، ئه‌وه‌ش یانی نووسه‌ر زۆردارانه ئاکام و کۆتایی داده‌سه‌پێنێ. به‌ڵام کۆتایی کراوه یانی کۆتایییه‌ک که چیرۆک ته‌نیا به ڕواڵه‌ت و له سه‌ر کاغه‌زه‌که به کۆتایی ده‌گا و له زه‌ینی خوێنه‌ردا هه‌ر به‌رده‌وامه و خوێنه‌رانی جۆراوجۆر ده‌توانن خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و ڕێژه‌یییان بۆی هه‌بێ. ئێستا با بزانین کۆتایی تریفه به‌و پێیه کراوه‌یه یان داخراو؟ ڕێژه‌یی(نسبی)یه، یان موتڵه‌ق؟
" ده‌مێنینه‌وه من و تریفه و عه‌رزی ته‌ڕی پڕ له پووڵه‌كه‌ی ماسی." لێره‌دا ته‌نیا به ڕواڵه‌ت و له سه‌ر کاغه‌زه‌که چیرۆکه‌که کۆتایی پێ هاتووه، دوای ئه‌وه‌ش له زه‌ینی خوێنه‌ردا ئه‌م چیرۆکه هه‌ر دریژه‌ی هه‌یه و تریفه و باوکی دوایی چیان به سه‌ردێ؟ و چ ده‌که‌ن و... له‌وانه‌یه من به جۆرێک له زه‌ینی خۆمدا بیخوێنمه‌وه و به ڕیگایه‌کدا بڕۆم، که‌سێکی دیکه‌ش ڕیگایه‌کی دیکه بگرێته به‌ر و... ئه‌وه یانی کۆتایی کراوه.
مریه‌م قازی :
سه‌باره‌ت به تێبینییه‌که‌ی کاک سه‌لاح محه‌مه‌دی:
کاک سه‌لاح فه‌رموویه کۆتایی چیروک داخراو نییه، من به چه‌ند هۆی سه ره‌کی پێموایه که داخراوه و ئه‌وه‌ش له نرخی چیرۆکه‌که که‌م ناکاته‌وه:
1- تریفه و بابی ده‌چنه بازاڕ و له پاش سه‌رتا و کوتایی چیروک به چاو ئه‌بینن 2- ماسییه‌کان سه‌ره‌تا زیندوون و له پاشان هه‌موو ده‌مرن ئیتر بۆی نییه درێژه به ژیان بده‌ن تا بتوانن درێژه به چیرۆک بده‌ن. 3- له‌سه‌ره‌وه ڕا که رێپێوانی جه‌ماوه‌ری و ماسییه‌کان کۆتای‌یان پێهاتووه بۆی نییه ئاخاوتنی تریفه و باوکی و هه‌روه‌ها بیره‌وه‌رییه‌کانی بابه‌که سه‌باره‌ت به ئه‌م ئامۆژگارییانه‌ی هاوکاره‌که‌ی چیتر دریژه‌ی هه‌بێ. ئه وانه‌ش شهقامهرێیهکن که چیروک به ئاکام ده‌گه‌یه‌نن.
سپاس
عه‌لی غوڵامعه‌لی:
1- تریفه چیرۆکێکی ڕێئاڵی هێمایی( واقع گرای نمادین)یه که له لایه‌که‌وه له‌به‌ر چاوی نوووسه‌ر و خوێنه‌ر و به گشتی بنیاده‌مه‌کانی نێو چیرۆکه‌که ده‌قه‌ومێ و ڕوو له واقیعی کۆمه‌ڵگایه و له لایه‌کیش هێمایییه و بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی، له نه‌ماد که‌ڵک وه‌رگیراوه. ڕووداوه واقیعیه‌کان که دێنه به‌رچاو نیشایه‌کن بۆ ترس، ئازادی، دیکتاتۆری و چۆنیه‌تی به‌سه‌ربردنی ژیانی ده‌ستکردی نێو چیرۆکه‌که. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م چه‌شنه داستانانه(که بۆ وێنه گیله مه‌ردی بوزوورگ عه‌له‌وی، ڕکه‌ی سادقی چووبهکم له بیره) ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ری تایبه‌تیش جگه له خوێنه‌ری گشتی ده‌توانێ چێژی لێ ببات. چێژی خوێنه‌ری تایبه‌ت ئه‌وه‌یه وه‌شوێن ئاماژه‌کان ده‌که‌وێ و بنه‌مای نه‌مادینی چیرۆک شتی تازه‌ی ده‌داته ده‌ست و هه‌ر کام له‌و هێمایانه( ئاو، ماسی، کفنپۆش، ئۆکسیژێن و ... ) به‌ره‌و جیهانی نه‌ناسراوه‌ی هزرێکی تازه‌ی ده‌بات. بۆ وێنه وشه‌ی "ماسی" که هه‌شت نۆجار دووپات ده‌بێته‌وه ده‌توانێ ببێته هێمای هیوای جوانی و ژیانی سه‌ربه‌خۆ، له که‌ش و هه‌وایه‌کی مه‌ترسیدار و کۆمه‌ڵێکی به‌ستراودا. منداڵ وه‌ک هیوای ڕزگاری و کفن پۆش وه‌ک وه‌یشوومه‌ی ترس و منی گێڕه‌ڕ وه‌ک دیلێکی پڕ له قین و ....
2- نووسه‌ر حه‌ولی داوه به قاڵبی چیرۆکێکی ڕێئاڵی پڕ له ئاماژه، مه‌به‌ستی خۆی له ژیڕ لایه‌یه‌ک له هێمادا بشارێته‌وه. ده‌کرێ بڵێین گێڕانه‌وه‌که هونه‌رییه، به‌ڵام بۆشی هه‌یه ترس یان ڕه‌چاوگرتنی باروودۆخی ئێستایه‌ک که تێیدا ده‌ژی و تێیدا ده‌گێڕێته‌وه به ئانقه‌ست دووچاری ئه‌و چه‌شنه گێڕانه‌وه‌یه‌ی کردبێ. هه‌ر ئه‌وه‌شه که ئه‌و خۆ پاراستنه، که‌م و کووڕی داوه به هێندێک شتی وه‌ک فه‌زا و زمانی داستان. هه‌ر چۆنێک بێ نووسه‌ر جێگای ڕاڤه‌ی بۆ خوینه‌ڕی هێشتۆته‌وه و نه‌ی ویستووه پارووکه به دوو ده‌ست ده‌رخواردی خۆێنه‌ر بدات. ئه‌وه‌ش که ئه‌و چیرۆکه ته‌نیا هی وڵاتێکی دیکتاتۆرییه به لای منه‌وه شتێکی ئه‌وتۆ نییه و بێتوو توانیبێتی له خۆیدا ته‌واو بێ، له هه‌ر که‌ش و هه‌وا و سه‌رده‌مێکدا ده‌توانێ جێی خۆی بکاته‌وه.3 - که‌م نووسین و کورت نووسین به هۆی دیالۆگ و زوو تیپه‌ڕبوون له ڕووداوه‌کان( ڕێپێوان، ده‌روونی نووسه‌ر. ماسی کڕین، ماسی نه‌کڕین، کفن له‌به‌رکردن، ڕێژه‌ی چوار و نیوه‌کان، نه‌بوونی ئۆکسیژێن، کچۆڵانی پلاکارد به ده‌ست، به‌فر نه‌بارین، شوعاردان، شوعار نه‌دان، داهاتووی منداڵان و ...) باری لاسه‌نگی داوه به تریفه و ده‌کرا ئیقتسادی وشه، ده‌وڵه‌مه‌ندترانه چاو لێکردرابا.
4- تریفه شه‌ڕی قاره‌مانه باشه ئاشکراکانه له گه‌ڵ که‌سایه‌تییه نهێنییه خراپه‌کان که ته‌نیا به هۆی هێماکانه‌وه وه‌ده‌ر ده‌که‌ون. ئامرازی سه‌ره‌کی ئه‌م شه‌ڕه‌ش ماسییه. ماسی و ژیانی نێو ئاوی و ئۆکسیژێنی پێویستی، له بازنه‌یه‌کی پڕ له ژیانی وه‌ک ئاودا، په‌یتاپه‌یتا مانا ده‌ده‌ن به چیرۆکه‌که. زۆر که‌س له وڵاتی پڕ له ئۆکسیژێندا ده‌ژی و بێخهبهر ده‌یباته سه‌ر، به‌ڵام زۆر که‌س ئه‌و ئۆکسیژێنه به‌شیان ناکات و ئه‌مه ڕازی ئه‌و چیرۆکه‌یه و ئۆکسیژێنی ئاویش ڕه‌مزی دژایه‌تی نێوان باش و خراپی کۆمه‌ڵانی تریفه.
5- بابه‌تی تریفه کۆنه، به‌ڵام داڕشتنی نوێیه هه‌ر چه‌ند خوێنه‌رهه‌ر ده‌توانێ یه‌ک جیهانی تێدا ببینێته‌وه. ئه‌وه‌شه که هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یخوێننه‌وه له ئاخردا دێنه سه‌ر یه‌ک دێڕ و فه‌زای یه‌ک کۆمه‌ڵگای فاشیستی دێته پێش چاویان. نووسه‌ر به‌شوێن په‌یامێکه‌وه‌یه و له حه‌ولدا بووه بۆ چۆنیه‌تی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه؛ بۆیه‌ش هێندێک له خوێنه‌ران ئاکامێکی یه‌ک ده‌ست بۆ چیرۆکه‌که دابین ده‌که‌ن و له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌واندا به هۆی که‌ش و زه‌مانی چیرۆکه‌وه، خۆێنه‌ر ناعیلاج له قهبووڵکرنی یه‌ک کۆتایییه. هه‌ره‌ها ناوی چیرۆکه‌که‌ش- "تریفه"- دێته هانای ئه‌و به یه‌ک ئاکام گه‌یشتنه بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه؛ چونکێ ئه‌و چه‌شنه چیرۆکه سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تیانه چ ئه‌سیری شوعار بن یان نه‌بن، له کۆتاییدا هه‌میشه به ته‌مای تریفه‌یه‌کن.
6- بژی بۆ کاک سوله‌یمان و چاوه‌ڕوانی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانیم.
سه‌لاح محه‌مه‌دی:
وڵامێکی کورت بۆ به‌ڕیزان قازی و سۆفی!
به بڕوای من چیرۆکی تریفه هه‌ر وه‌ک به‌ڕێزان کاکه‌سووری و حامیدی و هیدایه‌تی ئاماژه‌یان کردووه، چیرۆکێکه که به‌هێزی و لاوازییه‌کانی به خۆیه‌وه‌یه و هیچیان حاشایان لێ ناکرێ. منیش هه‌ر پێموایه که ئیجاز و کورت بوونی چیرۆکه‌که زه‌ربه‌ی لێداوه و بۆ‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و رووداو و به‌سه‌رهاته‌که به باشی به ته‌کامول نه‌گه‌ن. له‌و نێوه‌دا من له‌گه‌ڵ تێبینی و بیروڕای به‌ڕیزان مریه‌م خانمی قازی و کاک ره‌حمانی سۆفیدا نیم. به‌ڕێز قازی ده‌ڵێ کۆتایی چیرۆکه‌که نه‌تیجه‌ی ئه‌خلاقی چیرۆکه‌که‌یه. چیرۆک نایهه‌وێ وتارێکی ئه‌خلاقی به‌دی بێنێ هه‌تاکوو خۆی مات بدا تا له کۆتاییدا هه‌موو شتێک به ئاکمێك (ئه‌ویش ئه‌خلاقی!) بگه‌یه‌نێ. به پێچه‌وانه‌ی وته‌که‌ی مریه‌م خانم- وێڕای ڕێز بۆ بیر و بۆچوونه‌که‌ی- کۆتایی ئه‌م چیرۆکه به هۆی ئه‌وه‌ی کراوه‌یه(یانی بازه)، پێشگیریی له‌وه ده‌کا که خوێنه‌ر نه‌تیجه و ئاکامێکی ئه‌خلاقی تایبه‌تی لێ وه‌ربگرێ. هه‌ر ئه‌و کۆتاییه کراوه‌یه و شێوازی به‌رخوردی نووسه‌ر له ده‌قدا وای کردووه که به‌ڕێزکاک ره‌حمانی سۆفی نه‌توانێ چێژ له چیرۆکه‌که وه‌ربگرێ و ته‌نانه‌ت لێی حاڵی بێ! یانی کراوه بوون و یه‌ک لایه‌نه نه‌نووسین و دیکتاتۆرانه نه‌نووسین بۆ‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ڕیز سۆفی له چیرۆکه‌که حاڵی نه‌بێ! به‌داخه‌وه ئێمه زۆرتر ئه‌و بابه‌ته راست و ویشک و یه‌ک لایه‌نانه‌مان پێ خۆشه که هه‌مووشتێک دیکته بکه‌ن و ئه‌وه گرفتێکی ده‌روونییه که له نه‌ستی به‌کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا هه‌یه و بێپهیوهندییش نیه له گه‌ڵ بابه‌تی ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆریه‌ت که لێره‌دا جێی باسی نیه.
به راستی گرفتی ئه‌و چیرۆکه نه ئاڵۆزییه و نه ناڕێک و پێکی زمانی! به پێچه‌وانه‌وه له باری زمانییه‌وه زۆر رێک و پێک و ره‌وان و پاراوه و ناوه‌رۆکه‌که‌شی زۆر ئاشکرا و روونه! به بڕوای من ئه‌وه‌ی که بۆ‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ڕیز سۆفی له‌و چیرۆکه ساده و ساکاره حاڵی نه‌بێ، ئه‌وه‌یه که ئه‌و ناتوانێ ددان به هه‌بوونی چه‌ندین شێواز(سبک و ستیل)ی جۆراوجۆری چیرۆک دابنێ و زۆر سوننه‌تیانه چوارچێوه‌یه‌کی بۆ خۆی له زه‌ینی خۆیدا بۆ چیرۆک داناوه و پێی وایه که هه‌رچی له گه‌ڵ ئه‌و پێوانه و مێعیاره‌ی ئه‌و هاته‌وه، چیرۆکه؛ ده‌نا ئه‌گه‌ر نه‌هاته‌وه، چیرۆک نییه! له حاڵێکدا ره‌خنه‌گر نابێ سه‌لیقه تاکه‌که‌سییه‌کانی خۆی به سه‌ر چیرۆکدا دابسه‌پێنێ. به بۆچوونی من هه‌ڵه‌ی به‌ڕێز سۆفی له‌وه‌دایه که نه‌هاتووه چیرۆکه‌که له شێوازی خۆیدا هه‌ڵبسه‌نگێنێ و له‌و زه‌مینه‌یه‌دا ره‌خنه‌ی بکاته‌وه. شایه‌د سه‌بکێکی تایبه‌تی چیرۆک نووسین له گه‌ڵ سه‌لیقه‌ی ئه‌و یه‌ک نه‌گرێته‌وه و ئه‌وه زۆر سروشتییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێمه ته‌واوی شێوازه‌کان فیدا بکه‌ین بۆ جۆرێکی تایبه‌ت و هه‌موو چیرۆک له جۆرێکی که ئێمه پێـمان خۆشه ته‌قلیل بده‌ین، ئه‌وه به دووره له خوێندنه‌وه‌ی بێ لایه‌نگرانه و به دووره له کارێکی زانستی و ره‌خنه‌یی؛ شایه‌د بتوانین ته‌نیا وه‌ک بیر و بۆچوونی تاکه‌که‌سی خۆمان ده‌ریبڕین که زۆر جێگای ڕیزه، به‌ڵام قسه‌ی من ئه‌وه‌یه که ئه‌و تێبینی و ڤیرو ڕایه‌ی به‌ڕیز سۆفی به دووره له خوێندنه‌وه‌یه‌کی بێ لایه‌ن و ره‌خنه.
به‌ڕیز سۆفی زۆر سوننه‌تیانه پێیوایه که ناکرێ که‌سایه‌تییه‌ک له گه‌ڵ خۆی و ده‌روونی خۆیدا بدوێ، ناکرێ باس له زه‌ینیات و ده‌روونی خۆ بکا و ناکرێ به خه‌یاڵ بگه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه. چونکا هه‌موو وێنه‌کانی ئه‌و بۆ ئاڵۆزیی ئه‌و چیرۆکه له‌وجۆره‌ن، یان که‌سایه‌تییه‌که له گه‌ڵ خۆی ده‌دوێ، یان له زه‌ینی خۆیدا له گه‌ڵ رفێق و هاوکاره‌که‌ی ده‌دوێ، یان راسته‌وخۆ له گه‌ڵ تریفه ده‌دوێ یان له زه‌ینی خۆیدا له گه‌ڵ تریفه ده‌دوێ. ئه‌و تێکه‌ڵی زه‌ین و واقیعه بۆ هه‌رکه‌سێک پێش دێ و زۆر سروشتییه و له زۆر چیرۆکی شاکاری جیهانیشدا که‌ڵک له‌و شێوه‌یه وه‌رگیراوه. جودا له‌وه زانینی ئه‌وه‌ی که له کوێدا تاک بێژی ده‌روونییه و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌دوێ و زه‌ینییه و له کوێدا راسته‌خۆ و واقعیه، زۆر ساکار و ساده‌یه و به‌دیهییه و ته‌نیا که‌مێک وردبوونه‌وه‌ی ئاسایی ده‌وێ و به‌س، نووسه‌ریش به یارمه‌تی گیومه و نیشانه‌کان دیاری کردووه.
وه‌ک به‌ڕێزانی دیکه ئاماژه‌یان کردووه نه‌نووسینی هه‌مووشتێک به جۆرێک له جۆره‌کان ڕێز گرتنه له خوێنه‌ر و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی چیرۆک ئه‌وه‌یه که به پێی توانای خۆی لایه‌نه شاراوه و نادیاره‌کانی ده‌ق بخوڵقێنێ. ئه‌و چیرۆکه و سووژه و بابه‌ته‌که‌ی وه‌ک به‌ڕیز حامیدی وتویه‌تی ئه‌وه‌نده زیندووه که من پێم سه‌یره به‌ڕێزسۆفی بۆچی به ئاڵۆز و ته‌ماویی ده‌زانێ؟ ته‌واوی ئه‌و نموونانه‌ی ئه‌و هێناویهتیوه هیچی جێگای گیردان و ره‌خنه گرتن نین، جگه له دانه‌یه‌کیان نه‌بێ؛ ئه‌ویش سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که‌یه، شایه‌د تاقمێک ببن و نه‌زانن چوار و نیو جۆرێک ئوتومۆبیل که سه‌ربازه‌کان سورای ده‌بن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش زۆر جێگای گیردان نیه چونکه کوتیه‌تی سه‌ربازه‌کان سواری ده‌بن!! و به‌هه‌رحاڵ ده‌کرا ئاماژه‌یه‌ک به ماشین بوون بکرێ و ئێشتاش که نه‌کراوه، هیچ نه‌بۆته هۆی ئاڵۆز بوونی چیرۆکه‌که!!
به کورتی و به کوردی من پێموایه ئه‌و تووڕه بوونه‌ی به‌ڕێز سۆفی له‌و چیرۆکه له لایه‌که‌وه ته‌نیا له‌و چیرۆکه نیه به‌ڵکوو له هه‌موو چیرۆکه نوێ کانه ، چونکه ئه‌و به‌جۆرێک تانه و ته‌شه‌ر له‌و چیرۆکانه‌ش ده‌دا و نووسه‌ریش نه‌سیحه‌ت ده‌کا!! له لایه‌کی دیکه‌وه جۆرێک سه‌پاندنی رایه!
هه‌ر وه‌ک کوتمان تریفه بێ گرفت و بێ لاوازی نیه، به‌ڵام گرفتی ئه‌و چیرۆکه هیچکام له‌و نموونانه‌ش نین وا به‌ڕیز سۆفی باسیان ده‌کا. به‌ڵکوو لێره‌دا ئیدی گرفت له زه‌ینیه‌تی به‌ڕێز سۆفی دایه؛ یانی ئه‌و پێی وابووه ئه‌م چیرۆکه چونکه به‌ڕێزیان لێی حاڵی نه‌بوون، ئاڵۆزه و جونکه ئاڵۆزه که‌وابوو مه‌ته‌ڵۆکه!! مه‌ته‌ڵۆک ئه‌و وشه‌یه بوو که ره‌خنه‌گره سوننه‌تیه‌کانی چیرۆکی کوردی، کردیانه گۆپاڵێک بۆ کوتانی چیرۆکی نوێی کوردی و به‌رهه‌ڵستکاریی له به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره نوێگهرایییهکهوه.
ره‌حمان سۆفی:
تریفه جوانه. جا، چ ناوی کچۆڵه‌یه‌ک بێ ، یان تریفه‌ی مانگه‌شه‌و و ئه‌ستێره.
"كابرا له‌به‌ر ئه‌و كفن پۆشانه ی به سواری چوار و نیوی سه‌ربازی مانۆڕ ده‌ده‌ن، هۆشی به‌سه‌ر ماسیه‌كانه‌وه نییه."
ئه‌مه یه‌کم به‌نده که گۆیا چیرۆک بێژ به خوێنه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
لام وایه که‌ره‌سه‌ی گرینگی چیرۆک،(زمان)ه. به‌داخه‌وه زمانی ئه‌م چیرۆکه ڕێک و ڕه‌وان نییه. بۆ نمونه: ڕوون نییه. که "کفن پۆش به سواری چوار و نیوی سه‌ر بازی یانی چی" ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که کابرا به‌و هۆیه‌وه هۆشی به سه‌ر ماسیه‌کانه‌وه نه ماوه. ده‌کرێ ساده‌تر بنووسین "كابرا له به‌ر ئه‌و كفن پۆشانه هۆشی به سه‌ر ماسیه‌كانه‌وه نییه" هه‌م ڕوونه که هۆی چییه، کابرا هۆشی به سه‌ر ماسیه کانه‌وه نه‌ماوه. هه‌م ژیر بێژانه‌یه.
"من بۆ ماسی كڕین نه‌هاتوومه بازاڕ. "
بێ زانیاری پێشوو نازانین کێ یه توڕه‌یه و ده‌ڵێ "من بۆ ماسی کڕین نه هاتوومه بازاڕ."
"نا كچم، ماسیه‌كان تینوویان نییه. نابینی ئاوه‌كه به گوێچكه‌یاندا دێته‌وه ده‌ر؟"
نازانم که‌ی کچه‌که پرسی یان گوتی ماسیه کان تینویانه. بێجگه له‌وه‌ش دیسان نازانین کێیه که بۆ کچکه‌ی ڕوون ده‌کاته‌وه که ماسی ئاو به گوێچکه‌یدا دێته ده‌رێ.
"پێده‌چێ ئاوی نێو ته‌شته‌كه ئۆكسیژنی كافی تێدا نه‌مابێت."
ئه‌م پێده‌چی، ئاوی نێو ته‌شت ئۆکسیژنی کافی تێدا نه مابێ کێ ده‌یڵێ؟ ئه‌گه‌ر کچۆڵه‌که‌یه منداڵ وا قسه ناکا. یانی ئاشکرا نییه کێ و کێ پێکه‌وه وتووێژ ده‌که‌ن بۆ ده‌بێ چیرۆک بێژ ڕوون و ڕه‌وان قسه نه‌کا !؟
"ئه‌و كچۆڵانه‌ی پلاكاردی پڕ له داخوازی مردنیان هه‌ڵگرتووه قیژه‌یان به دڵی مامۆستاكانیان ده‌رنایه و، چیدی ده‌ست و په‌نجه‌یان گه‌رم نین."
لێره‌دا چیرۆک بێژ بابه‌تێکی دیکه دێنێته گۆڕێ. دیارده‌ی چیرۆکه که ماسی یه به‌ڵام تێ ناگه‌ین بۆ کچۆڵان پلاکاردی پڕ له داخوازی مردنیان هه‌ڵگرتووه!
"مه‌ترسه ناخنكێن."
دیسان قسه گۆڕدراو، نازانین چی، یان کێ ناخنکێن. ڕوونیش نییه كه کێ به كێ ده‌ڵێ مه‌ترسه.
"پێی ناڵێم خه‌ڵك ئێستا ماسیی زیندوو نه‌بێ نایخۆن."
به كێ ناڵێی؟ سه‌رنج ڕاکێشه. من له شارێک ده‌ژیم له که‌ناری ده‌ریا. لێره خه‌ڵکه‌که‌ی گۆشتی ماسی زۆر ده‌خۆن. خۆشم ماسیم زۆر پێ خۆشه و زۆریشی ده‌خۆم. نه‌م دیوه خه‌ڵک ماسی زیندو بخۆن. به‌ڵام چیرۆک بێژ ده‌فه‌رمێ زیندوو نه‌بێ نایخۆن. سه‌یره، نا ؟
"په‌نجه‌م رامه‌كێشه كچم، ناتوانین زۆر لێره گیر بین. نا، بۆ ناو تونگه‌ی شووشه نین."
له‌م وته‌یه‌دا، وا ده‌رده‌که‌وێ که یه‌کێک به کچه‌که ده‌ڵێ ده‌ستم ڕامه‌کێشه، به‌ڵام دیسانیش ڕوون نییه کێیه. دایک یان باوک؟
"وه‌كوو ئه‌و تریقتریق پێناكه‌نم. وا دیاره من حاڵی نابم."
کێ وه‌ک ئه‌وی دیکه تریق تریق پێناکه‌نێ یان کێ پێده‌که‌نێ، و یان خۆی به خۆی ده‌ڵێ دیاره من ناحاڵیم.
"ئه‌وساڵ له‌و رۆژه‌دا به‌فر نابارێ. شوعاربێژه‌كان یه‌ك و دوو نین. كه‌س له كه‌س حاڵی نابێ."
له پڕێکدا چیرۆک بێژ/ یان چیرۆک نووس مه‌وزوعه‌که ده‌گۆڕێ، و ده‌رباره‌ی به‌فر و شوعاره‌وه کۆمێنتار ئه‌دا. ده‌شفه‌رمێ که‌س له که‌س حاڵی نابێ. وه‌ک فارس گوته‌نی "مه‌حشه‌ره"
"هه‌شت رۆژی پتر بۆ كرێ خانوو نه‌ماوه. خۆ به قسه‌ی تریفه نییه. ئه‌و هه‌موو پووڵه له كوێ بێنم ؟ بۆ تێناگه‌ی؟ تازه ناژینه‌وه. واش نه‌بێ، پێتوایه راوچییه‌كی دی نایانگرێته‌وه؟"
وا ده‌رده‌که‌وێ کابرا مووچه خۆره و کرێنشینیشه. له بیری کرێ خانوو دایه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه تریفه ماسیه‌کانی مردوون تازه ناژینه‌وه. داوای ماسی دیکه ده‌کا. کابراش ده‌ڵێ پووڵی نییه و له کوێ بێنێ به‌ڵام چی ڕاوچی دیکه ده‌یانگرێته‌وه. ئه‌ی بابه، ده‌ته‌وێ بڵێی چی و باسی چیده‌که‌ی؟
"بۆ ملپێچهكهت نه‌هێناوه؟ بڵێ نه‌ساغ بووم. درۆ نییه. ئه‌دی سه‌رمات نه‌بووه؟"
لێره‌دا تێده‌گه‌ین که یه‌کێک له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی ئه‌دوێ فێری ده‌کا که به درۆیه‌ک خۆی له‌و کاره‌ی که ده‌بوو بیکا بدزێته‌وه. چونکه سه‌رمای بوو.
"ئه‌وه كه هه‌موو ساڵێ له‌و رۆژه‌دا منداڵه‌كانت نه‌خۆش ده‌بن تۆزێك نائاسایی نییه؟ "
لێره‌شدا وادیاره که یه‌کێک له‌گه‌ڵ یه‌کێکی له خۆی باڵاده‌ستتر ده‌رگیره. من نازانم ئه‌م چیرۆک نووسه بۆ خوێنه‌ر له لقێکه‌وه ده‌با بۆ چڵێکی دیکه. ئه‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ی له چییه و ده‌یه‌وی چ به خوێنه‌ر بڵێ بۆچی و مه‌به‌ست چییه ؟!
"كفن پۆشه‌كان ناناسم. یانی به كفنه‌وه نایانناسمه‌وه. سه‌ر و چاوی هه‌ندێكیان له پشت سه‌روكڵاو وشان و شه‌پیلكی ئه‌وانی دیكه‌وه دیار نییه. هاوكاره‌كانم نابینم."
دیسان وادیاره که کاکی چیرۆک نووس گه‌ره‌کییه به خوێنه‌ر بڵێ ئه‌وه‌کابرایه له نێو خه‌ڵکێکی زۆردا کفن پۆشه‌کان ناناسێته‌وه. و هاوکاره‌کانی خۆشی نابینێ هه‌ر ده‌ڵێی له به‌ر خۆیه‌وه وڕێنه ده‌کا. نازانم له دنیای پڕ له چرمه‌سه‌رێی مه‌سره‌فی ئه‌مڕۆدا کێ تاقه‌تی هه‌یه ئه‌م جۆره ورده فه‌رمایشتانه به دڵ بسپێرێ.
"له‌سه‌ر یه‌ك هه‌مووی به چه‌ند ؟"
ئێستا دیسان بابه‌ت گۆڕدرا له وڕێنه کردنی کابراوه باز ئه‌دا بۆ شت کڕین. ڕوون نییه ئه‌م باز بازۆکێیه بۆ چی باشه ؟!
"كابرا هێشتا چاوی لێ نه‌كردووم:"
یانی چی کێیه له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ کابرا هێشتا چاوی لێ نه‌کردووه ؟
"بێ كێشان نابێ."
"تۆ كارت به‌وه نه‌دابێ."
ڕه‌نگه لێره‌دا تێ بگه‌ین که دوو کابرا قسه‌ی کڕین و فرۆشتنی ماسی ده‌که‌ن
"تۆ نیگه‌رانی داهاتووی منداڵه‌كانی خۆت نیت. تۆ به ته‌نیا چت پێناكرێ. ئێمه‌ش وه‌ك تۆ ئه‌و وه‌زعه‌مان به دڵ نییه. به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده ئاقڵین خۆمان نه‌كه‌ینه گای قه‌شان. خۆ به پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمێك لێمان كه‌م نابێ."
"كۆمارت له دانیشگا وه‌رنه‌گیرا. تریفه‌ت بۆ بۆنه‌كان ئینشا نانووسێ. له موسابه‌قاتدا به‌شداری ناكه‌ن. نایه‌ڵی بێنه ده‌وره‌ی ئاماده‌گی به‌رگری. نایه‌نه رێ پێوان. تاسه‌ر خاوه‌نی سه‌ری خۆت نابی."
"فۆرمه‌كه پڕ ناكه‌یه‌وه؟ نایه‌ی بۆ رێپێوان؟ زیاده مووچه...؟ تۆ وه‌ته‌نی خۆت خۆش ناوێ؟ "
کابرای سێیه‌م کابرای یه‌که‌م ئامۆژیاری ده‌کا، و ده‌ی ترسێنێ و ده‌فه‌رمێ که به ته‌نیا هیچی پێ ناکرێ. باش وایه نیگه‌رانی داهاتووی منداڵه‌کانی بێ. من وا، تێده‌گه‌م که کاکی چیرۆک نووس ده‌یه‌وێ بڵێ کابرای کارمه‌ند به‌و شێوه‌یه ده‌خرێته ژێر گوشاره‌وه. ده‌ڵێ ئه‌ویش ئه‌و وه‌زعه‌ی به دڵ نییه، به‌ڵام ئاقڵه و نایه‌وێ خۆی بکاته گای قه‌شقه، وا باشه کۆڵ بدا و فۆڕم پڕ کاته وه.
"خۆی نه‌بوو؟ ئه‌و هاوكاره‌ی هه‌رگیز له سه‌ركۆنه‌كردنم ماندوو نابێت:
دیسان وڕینه‌ی کابرا و گله‌یی له هاوکاره‌که‌ی که سه‌رکۆنه‌ی ده‌کا.
" سێ ماسی له ناو نایلۆنی سپی و ناو ته‌رازووش دا له جینگڵ دان ناوه‌ستن."
"بابه بۆچی ئه‌و كابرایه به ئاوه‌وه نه‌یبردنه‌وه؟ تا ده‌گه‌نه‌وه ماڵێ نامرن؟"
بابه‌ت گۆڕدرا گه‌ڕاوه ، بۆ لای ماسی
"مه‌گری كچی خۆم."
کچه‌که بۆچی ده‌گری بۆ ماسی، یان شتێکی دیکه؟ تۆ بڵێی ئه‌م چیرۆک بێژه کایه به خوێنه‌ر بکا. ئه‌م بازییه بۆ چی باشه کاکی چیرۆک نووس؟!
"پاره‌ی قه‌د نه‌كراو ده زاركی گیرفانی پانتۆڵی كابراوه ناچێت. ئه‌و ناوه كه‌سی لێ نه‌ماوه. نه كفن پۆش، نه ماسی فرۆش و نه ته‌شته زه‌به‌لاحه پلاستیكیه‌كه."
"ده‌مێنینه‌وه من و تریفه و عه‌رزی ته‌ڕی پڕ له پووڵه‌كه‌ی ماسی."، "بڵندگۆكان نه‌ڕه‌یان نایه. كفن پۆشه‌كان ئیتر كفنیان له به‌ردا نییه. له‌به‌ر ئاپۆره من و تریفه چیدی ماسییهكانمان لێ دیار نین. ئێستا ئیدی ماسییه‌كان پشوویان سوار نییه." "
به‌گشتی چیرۆکێکی ئاڵۆزه. نێوه‌رۆک ته‌ماوییه. دار و لاشیپانی چێو به‌ستی خانووی چیرۆکه‌که توندوتۆڵ دا نه‌به‌سراوه. که‌سایه‌تی داڕشتنێکی لێڵ له فه‌زا یه‌کی ئاڵۆزدا. مه‌تڵه‌ب ڕوون نییه. خوێنه‌ر تێناگا مه‌به‌ست چییه. ئه‌گه‌ر چیرۆک نووس گه‌ره‌كیه ئامانجێک بپێکێ، کاری چیرۆکبێژ ئه‌وه نییه که مه‌ته‌ڵۆک بۆ خوێنه‌ر داهێنێ، لێیبخوازێ که بۆی هه‌ڵێنێ. ئه‌گه‌ر چیرۆک نووسێک پێی وابێ که چیرۆکی ئه‌مڕۆیی، ده‌بێ وابێ، ئه‌و چیرۆک نووسه پێویسته، که زیاتر چیرۆکی گه‌لوری بخوێنێته‌وه. به‌شکوو باشتر له چیرۆکی ( مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن) بگا. ئه‌گه‌رمه‌به‌ستی نیشان دانه، نه ڕوون کردنه‌وه، منیش نیشان دانم پێ باشتره له ئامۆژیاری. به‌ڵام چۆن نیشاندان مه‌به‌سته، نه‌ک بازی کردن و مه‌ته‌ڵ داهێنان بۆ خوێنه‌ر.
وه‌کو پێشینیان گوتویانه ئه‌مه "په‌خشانێکی جوانه" یان چه‌ن بیرۆکه‌ی پچڕ پچڕ، و نه وه‌ک یه‌که. ئه‌م چیرۆک بێژه کاره‌کته‌رێکی ساخ و سڵامه‌تی نییه.
وێده‌چێ نه‌خوشی سکیزۆفڕێن بێ، و له دنیایکی تایبه‌تی خۆی دا، ئه‌ژی.
فێبرڤاری 2010
سه‌یدقادرهیدایه‌تی:
" تریفه" چیرۆکێکی رێئالیستی نوێیه که زۆر ئاماژه‌یی و هێمایی ده‌ست پێده‌کا و ته‌واو ده‌بێ. هه‌ر وه‌ک کاک تایر ئاماژه‌ی کردووه تایبه‌تیی سه‌ره‌کی ئه‌و چیرۆکه ئه‌وه‌یه که فه‌زا و که‌سایه‌تی و رووداو و به‌سه‌رهات و زۆربه‌ی ماکه داستانییه‌کانی به ره‌مز و کورته ئاماژه و هێما، به‌دی دێن. ته‌نانه‌ت رسته‌کان زۆر کورتن و زۆربه‌ی پاراگرافه‌کان یه‌ک هێڵین و پاراگرافێکی دوور و درێژی تێدا نابیندرێ؛ ئه‌و ره‌مز و هێما و ئاماژانه بوونه هۆی به‌دی هاتنی فه‌زایه‌کی تایبه‌ت و ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که نووسه‌ر زۆر به پارێزه‌وه ده‌ستی بۆ ئه‌و سووژه و بابه‌ته بردووه. ئه‌و هه‌ستاری و و پارێز و ئاماژه‌یی بوونه، زۆر جێگای باس و لێدوانه؛ هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کردووه کاک بریا پێیوابێ که ئه‌و چیرۆکه له ئاستی ته‌رح و گه‌ڵاڵه‌دا ماوه‌ته‌وه؛ یان لانی که‌م بۆی بۆ‌ته پرسیار.
چیرۆکی تریفه بۆ منێک که ئه‌و فه‌زا و بارودۆخه ده‌ناسم و تێیدا ژیاوم و وه‌ک ماسییه‌کان له به‌ر که‌م بوونه‌وه‌ی ئۆکسیژێن تێیدا که‌وتوومه هه‌ناسه بڕكێ، چیرۆکێکی به‌هێزه و ئاماژه‌یی بوونه‌که‌ی قووڵتری کردووه و لایه‌نه‌کانی ژێرده‌قی به جوانی به‌دی هێناوه و ڕێزی بۆ زه‌ینی چالاکی خوێنه‌ره‌که‌ی داناوه و هه‌موو شتێکی نه‌نووسیوه؛ بۆ خوێنه‌رێك که بۆ خۆی له‌و فه‌زا و بارودۆخه‌دا ده‌ژی و له‌گه‌ڵی ئاشنایه، وه‌بیر هێنانه‌وه‌شی ناوێ، ته‌نیا سووکه ئاماژه‌یه‌ک یان هێمایه‌ک به‌سه، تاکوو بیناسێته‌وه و که‌سایه‌تییه‌کان له زه‌ینیدا وێنا(مجسم) بن؛ له‌و رووه‌وه تریفه سه‌رکه‌وتووه و چیرۆکێکی ته‌واوه. به‌ڵام ئایا وه‌ختێک من خۆم بخه‌مه جێگای که‌سێکی که له‌و بارودۆخه‌دا نه‌ژیاوه و له‌گه‌ڵی ئاشنا نییه، ئایا دیسان ئه‌و تام و چێژه له‌و چیرۆکه وه‌رده‌گرم؟ بۆ وێنه منێک که له وڵاتێکی دیکه‌م و له‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌دا نیم و نه‌بووم، ئایا به‌لامه‌وه ئاسایییه که ئه‌و که‌سه بۆچی به دژی ئه‌و سیسته‌مه ده‌جووڵێته‌وه و هه‌ڵوێست ده‌گرێ؟ ئه‌و منداڵانه بۆچی له کێبهركێدا به‌شداری ناکه‌ن و ئه‌و کابرایه بۆ ئه‌و فۆرمه پڕ ناکاته‌وه و بۆچی تا سه‌ر خاوه‌نی سه‌ری خۆی نابێ و گرفتی چییه و ئه‌و کفنپۆشانه کێن و ئه‌و ڕێپێوانه چییه و بۆچی ده‌کرێ و به گشتی ئه‌و هۆکاره‌ی که بۆ‌ته هۆی ئه‌و رووداوانه چییه؟ ئایا بارودۆخ و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌که گرفتیان هه‌یه؟ یان که‌سایه‌تییه‌که؟ ئایا ئه‌و که‌سایه‌تییه له ده‌روونه‌وه نه‌خۆشه یان نا ئانارشیست و دژ به هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێکه؟ یان نا، خه‌باتکار و دژ به داگیرکه‌ر و دژ به زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه؟ ئه‌وه‌ی که ئێستا هه‌ڵوێستی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی بۆ ئێمه ئاسایی کردووه، ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌زانین ئه‌و که‌سایه‌تییه ته‌نانه‌ت کێیه و له گه‌ڵ چ ده‌سه‌ڵات و سیستێمێک به‌ره‌و ڕووه و ده‌سه‌ڵات وسیستێمه‌که‌ش ده‌ناسین؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که بۆ خوێنه‌رێکی بیانی نه ده‌سه‌ڵاته‌که وه‌ک سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆر له چیرۆکه‌که‌دا نیشان دراوه و نه که‌سایه‌تییه‌که وه‌ک خه‌باتکار.
ئاشکرایه که نووسه‌ر، سووژه و بابه‌تێکی زۆر هه‌ستیار و دژوار و مه‌ترسیداری هه‌ڵبژاردووه. ئه‌گه‌ر به وردی باسی هه‌مووی ئه‌و شتانه‌ی بکردبایه ئایا ئه‌وده‌م چیرۆکێکی زه‌قی سه‌رسه‌ریی به‌دی نه‌ده‌هات؟ ئایا ئه‌وده‌م نه‌ده‌بووه درێژدادڕی و شیکردنه‌وه‌ی شیکراوه‌کان(توضیح واضحات)؟ ئایا سووژه و بابه‌تی ئه‌م چیرۆکه له‌وانه نییه که ئه‌گه‌ر نووسه‌ر زۆر وریا نه‌بێ، له‌وانه‌یه بکه‌وێته داوی چیرۆکێکی ئیدئۆلۆژیکی و لایه‌نگرانه‌وه؟ به‌و پێیه ده‌توانین له لایه‌که‌وه بڵێین که کاک سلێمان دڵسۆز بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له خه‌سار و نه‌خۆشی ئیدئۆلۆژیک بوون و درێژ دادڕی و لایه‌نگرانه نووسین و سه‌رسه‌ری بوون، بپارێزێ سه‌رکه‌وتوو بووه. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه ئایا ئه‌و کاره نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که نه‌توانێ زۆر سه‌ربه‌خۆ و خۆ بژی‌و(خود بسنده) بێ؟ یانی نه‌توانێ وڵامی زۆر پرسیار له ده‌روونی خۆیدا بداته‌وه و بۆ وڵام دانه‌وه به زۆر شت، مه‌جبوور بین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بارودۆخی تایبه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که؟ وه‌ک ئاماژه کرا به بڕوای من ئه‌و بارودۆخه تایبه‌ته له چیرۆکه‌که‌دا نه‌نوێندراوه و نیشان نه‌دراوه، یان لانیکه‌م هێما و ئاماژه‌کانی چیرۆک، ده‌ره‌قه‌تی ساز کردنی ئه‌و فه‌زا و به‌ستێن و زه‌مینه‌یه نه‌هاتوون که روودانی ئه‌و رووداو و باسانه تێیدا ئاسایی بێ. چیرۆک پێویسته به مه‌نتقێکی تایبه‌ته‌وه جیهانێکی تایبه‌ت بۆ خۆی ساز بکا؛ به جۆرێک که هه‌موو شتێکی به خۆیه‌وه بێ و مه‌جبوور نه‌بین بیلکێنین به شتی دیکه‌وه؛ واته خۆ بژی‌و و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ر بێ. ئه‌وه به مانای نیه‌کردن و نکووڵی له سپی خوێنی و توێژه نادیاره‌کانی ژێره‌وه‌ی ده‌ق نییه؛ چونکوو سپیخوێنی(سفیدخوانی) و خوێندنه‌وه‌ی توێژه نادیار و نه‌نووسراوه‌کانی ژێره‌وه‌ی ده‌قیش ده‌بێ له ململانێ و دیالۆگی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا ساز ببێ؛ یانی ده‌بێ ده‌ق ئه‌و هه‌ودایه بدا به ده‌سته‌وه و هه‌ست و بیری خوێنه‌ر بکێشێته ناخ و قووڵایییه نادیاره‌کانی خۆی و خوێنه‌ریش ده‌بێ ئه‌وه‌نده بوێر و به‌پرسیار(کنجکاو)بێ که به دوای ههوداکاندا هه‌موو قوژبن و سووچه مه‌ترسیدار و تاریک و پێچه‌ڵاوپێچه‌کان بگه‌ڕێ.
ئه‌وه راسته که نووسه‌ر بۆ خۆش کردنی فه‌زا و گێڕانه‌وه‌ی رووداو و داڕشتنی که‌سایه‌تی و... پێویسته ده‌ست به وشه‌وه بگرێ و به که‌مترین وشه و ئاماژه و هێما و وێنه، زۆرترین کار بکا؛ بێلایه‌نیی نووسه‌ر و ئیدئۆلۆژیک نه‌بوون و درێژ دادڕی نه‌کردن و هێشتنه‌وه‌ی به‌شه سپییه‌کان بۆ زه‌ینی خوێنه‌ر و خوڵقاندنی توێژه نادیاره‌کانی ژێر ده‌ق، هه‌مووی ئه‌وانه بایه‌خه باشه‌کانی چیرۆکی سه‌رده‌من که له‌م چیرۆکه‌دا ده‌بیندرێن و ره‌چاو کراون؛ به‌ڵام ئایا له‌م چیرۆکه‌دا به بێ یارمه‌تی وه‌رگرتن له ناسیاویی و زانیارییه‌کانی زه‌ینی خوێنه‌ر، ئاماژه و وێنه و هێماکان به ته‌نیا ده‌توانن ئه‌و فه‌زا و بارودۆخه وێنا بکه‌ن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نیشان بده‌ن و وڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره‌کانی خوێنه‌ران بن؟ ئایا به بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه بناسێ و زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگا و بارودۆخ و که‌سایه‌تیانه‌وه هه‌بێ، ده‌توانێ به ئاماژه و به توێژه‌کانی ژێر ده‌ق و سپی خوێندنه‌وه، به‌وه بگا که ئه‌و که‌سایه‌تییه چ گرفتێکی هه‌یه و ناکۆکی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات چییه و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چۆن و چییه؟ ئایا "تریفه" بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش که له‌و بارودۆخه‌دا نه‌ژیاون و نایناسن هه‌ر خۆ بژی‌و و سه‌ربه‌خۆیه و ده‌توانێ وڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو گرفت و پرسیاره‌کان بێ؟
به گشتی و به روونی من پێموانیه که ئه‌م چیرۆکه له ئاستی ته‌رح و گه‌ڵاڵه‌دا مابێته‌وه، به‌ڵام پێشموایه که فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که هێندێک شتی که‌مه و جێگای ده‌ست تێوه‌ردان و کار کردنی ماوه؛ هه‌ڵبه‌ت به هۆی ئه‌وه‌ی سووژه و بابه‌تی چیرۆکه‌که وه‌ک ئاماژه کرا سیاسی - کۆمه‌ڵایه‌تییه، خۆش کردنی به‌ستێن و فه‌زای پێویست، نابێ به نرخی شوعار دان و ئیدئۆلۆژیک بوون و لایه‌نگرانه نووسین ته‌واو ببێ. ئاشکرایه به راده‌ی خۆش کردن و دابین کردنی فه‌زا و ئه‌تمۆسفێری پێویست، که‌سایه‌تی چیرۆکه‌که‌ش زیاتر هه‌لیان بۆ ده‌ره‌خسێ و باشتر دادڕێژرێن و کامڵتر له کڵ دێنه ده‌ر؛ فه‌زای که‌م و(ناکافی) و به‌رته‌نگ و به‌ستێنی خۆش نه‌کراو، ده‌ره‌تان له گه‌شه کردنی ئاسایی به‌سه‌رهات و که‌سایه‌تی و رووداوه‌کانیش ده‌گرێ...
هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ کاک سلێمانی خۆشه‌ویست ده‌خوازم.
تاهیر حامیدی:
چیرۆکی "تریفه" باسێکی زیندووی هێناوه‌ته گۆڕێ. زیندوو به‌و مانایه‌ی، ئه‌و رووداوانه‌ی وا بوونه‌ته پێخۆری نووسین زۆر لێمان نزیکن. هه‌رچه‌ند ناخی رووداوه‌که یانی ئه‌و جۆره رێپێوان ساز کردنه به درێژایی چه‌ند ده‌یه له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا ده‌بیندرێ و بۆ هه‌موو که‌سێک بۆ‌ته رووداوێکی ئاشنا.ناوه‌رۆکی چیرۆک باسێکی سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆ گرتووه به‌ڵام وه‌ک خاڵێکی به‌هێز، نووسه‌ر توانیویه‌تی خۆی له دروشم‌دان بپارێزێ. که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی چیرۆک پیاوێکی کارمه‌ندی ده‌وڵه‌ته وا دژ به ره‌وتی زاڵ به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ئاکاره فه‌رمییه‌کانی ده‌زگای ئیداری هه‌ڵوێستی گرتووه. ئه‌و ئاکاره دژه باوانه‌ی ئه‌و بریتین له: 1- له رۆژی به‌ڕێوه چوونی رێپێوان و کاروباری کۆکردنه‌وه‌ی منداڵانی قوتابخانه‌دا پێیان ده‌نوێنێ، منداڵه‌کانی نه‌خۆش که‌وتوون و ناهێڵێ بچن بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وانه 2- خۆی ناخاته نێو ئه‌و رێک خراوانه‌ی وا باو بووه و هه‌مووی کارمه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ ناوێکیش بێت فۆڕمێکی بۆ پڕ ده‌که‌نه‌وه و به قه‌رار، داهاتووی خۆیان و منداڵه‌کانیان به به‌شداری نه‌کردن له‌و رێکخراوه میلیشیایه‌دا تووشی کێشه ناکه‌ن. ئه‌م له به‌شداری کردن هیچ، ته‌نانه‌ت له پڕکردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌کانیشیان خۆی ده‌بوێرێ. 3- ناهێڵێ تریفه بۆ بۆنه‌کان ئینشا بنووسێ. ناهێڵێ له کێبڕکێکاندا به‌شداری بکات. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه "کۆمار"ی کوڕی له دانیشگا وه‌رنه‌گیراوه. 4. خۆشی له رێپێواندا به‌شداری ناکات.
کورت‌بڕی و زمانی ره‌مزی چیرۆک بۆ‌ته هۆی ئه‌وه‌ی شیکاری له‌سه‌ر بکرێت و له‌وانه‌شه له زۆر جێگادا شیکردنه‌وه‌کان له یه‌ک نه‌چن و هه‌ڵوێستێکی جۆراوجۆر بگرن. نووسه‌ر به‌و کورتبڕیه خاڵێکی به‌هێزی بۆ چیرۆکه‌که ته‌رخان کردووه هه‌تا خوێنه‌ر له جه‌غزێکی به‌رینتردا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ق بکات. به‌ڵام له بڕێک جێگا پێویست بوو بڕێک زیاتر تیشک بخاته سه‌ر که‌سایه‌تییه لاوه‌کییه‌کان و تۆزی وه‌هم له روخساریان داماڵێ. بۆ وێنه له له شوێنێکدا ده‌ڵێ: "ئه‌و كچۆڵانه‌ی پلاكاردی پڕ له داخوازی مردنیان هه‌ڵگرتووه قیژه‌یان به دڵی مامۆستاكانیان ده‌رنایه و، چیدی ده‌ست و په‌نجه‌یان گه‌رم نین". که‌سایه‌تی مامۆستاکان ده‌بوایه زۆرتر ده‌ربکه‌وتایێ. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر راسته‌وخۆ له‌سه‌ر باسی سه‌ره‌کی ده‌قه‌که بیر و بڕوای مامۆستاکان لێک بداته‌وه ده‌بێ پێملی ئه‌و حوکمه ببین که سه‌رجه‌می مامۆستاکانی ئه‌و کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگای پڕوپاگه‌نده‌ن که‌چی له واقیعی کۆمه‌ڵگای ئێستادا وا نیه!!! ئه‌وه هه‌ڵه‌یێکی به‌رچاوه که ره‌ش یان سپی له هه‌ر چینێکی کۆمه‌ڵگای ئێستا بڕوانین. هه‌ر به‌و جۆره‌ی خودی چیرۆک ره‌ش یان سپی له رووداوه‌که‌ی نه‌ڕوانیوه؛ لێره‌شدا ده‌بوو خۆی به‌و حوکمه قه‌تعیه‌وه نه‌به‌ستبایه‌ته‌وه. به واتایێکی دیکه مامۆستاکانیشی به ته‌واوی خستۆته نێو جه‌غزی دام و ده‌زگای ده‌سه‌ڵات.
وه‌ک پێشتر باسمان کرد ره‌ش یان سپی نه‌بینینی که‌سایه‌تییه‌کان وه‌ک خاڵێکی به‌هێزی چیرۆک وایه. نووسه‌ر نه‌یهێشتووه که‌سایه‌تیی سه‌ره‌کی چیرۆک وه‌ک قاره‌مانی حه‌کایه‌ته که‌وناراکان بکه‌وێته نێو خه‌رمانه‌یێک له بێ نوقسانی؛ لێره‌دا هاتووه باوک و منداڵه‌که‌ی خۆیی وه‌ک دوو به‌ره له په‌نای یه‌ک داناوه و له نێوان به‌راورد کردنی روانگه‌ی ئه‌و دووانه سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌که ره‌شایی و سپیایییهکانی هه‌ر دووکیانی پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندووه. له پێش دووکانی ماسی فرۆشتندا به‌ره‌ی پێشوو به شوێن ماسی مردوودا ده‌گه‌ڕێ و زه‌ینی لای مردوویی که‌ش و هه‌واکه‌یه، به‌ڵام له به‌رانبه‌ری ئه‌ودا تریفه‌ی کچی وه‌ک نوێنه‌ری به‌ره‌ی تازه بیری لای ماسی زیندوو و ژیانه. له لایێکی دیکه‌وه رێگای بۆ خوێنه‌ر کردۆته‌وه که پرسیار بکات: ئه‌رێ بڵێی ئاکاری ئه‌و پیاوه بۆ به‌رگری کردن له منداڵه‌کانی و ره‌ش کردنی داهاتوویان له ره‌هه‌ندی تێڕوانینی خۆی بۆ باته‌که کارێکی دروست بێت؟ بڵێی خۆشی هه‌ر رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی له ماڵی خۆیاندا نه‌بێ؟ ده‌سه‌ڵاتێک وا به بۆنه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی خۆیه‌وه له سه‌ر پڕ نه‌کردنه‌وه‌ی فۆڕمێک به‌رگریی له زانکۆ چوونی لاوێک ده‌کات و داهاتووی ده‌فه‌وتێنێ، خۆ ئه‌و باوکه‌ش بۆ‌ته نمووده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زاڵه به‌سه‌ر منداڵه‌کانی خۆیدا و بۆ گه‌یشتن به ئارمانجه‌کانی سه‌ره‌تی لاوی خۆی خه‌ریکه داهاتووی منداڵه‌کانی خۆی له سه‌ر پڕکردنه‌وه‌ی فۆڕمێک ده‌فه‌وتێنێ؛ به‌ڵام ئه‌مجار به له‌ون و شێوازێکی دیکه‌وه.
له کۆتاییدا کوتنی بابه‌تێکی دیکه‌ش به پێویست ده‌زانم: ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی وا نووسه‌ر له‌گه‌ڵ نیشانه‌کان له نێو ده‌قدا کردوویه‌تی ده‌بێ به وردبینی و له رووی مه‌نتیقه‌وه بووبێت. لێره‌دا دوو نیشانه‌ی به‌رچاو وا گرینگایه‌تیێکی ئه‌وتۆیان هه‌یه بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌ق و لێکدانه‌وه، گیوومه ( " " ) و ته‌قه‌ڵه (-). له رێی دانانی ئه‌و دوو نیشانه‌وه ده‌بێ رسته‌کان بووبێتن به سێ جۆر رسته. 1- ئه‌وانه‌ی وا بێ نیشانه‌ن، ده‌بوایه بریتی بن له‌و رستانه‌ی وا تاکبێژی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی چیرۆکیان له خۆ گرتووه و هه‌رواشه. یان ده‌توانین بڵێین له زه‌ین و ده‌روونی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی چیرۆکدا راده‌بوورن و زۆریان سه‌باره‌ت به کاتێکن له رابوردوودا. 2- ئه‌و رستانه‌ی وا ته‌قه‌ڵیان (-) له به‌رده‌مدا دانراوه و ده‌بوایه بریتی بن له‌و رستانه‌ی وا وه‌ک وتووێژ وان، یان وڵامی باوکه‌یه به منداڵه‌که‌ی. 3- ئه‌و رستانه‌ی وا له نێو گیوومه‌دان و ده‌نگی ئه‌وانه‌ی تێدا ده‌بیسرێت وا له ده‌ره‌وه‌ی جه‌غزی باوک و کچه‌که‌دان و زیاتر بیرهوهرییهکن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ رابوردوو. هه‌مووی ئه‌وانه له ده‌نگێکدا هاوبه‌شن و ئه‌ویش ده‌نگی که‌سانێک ده‌ده‌ن وا خه‌ریکی لێپرسینه‌وه و گیر و گازن.
له بڕێک جێگادا سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێ و له‌وانه‌یه ئه‌و مه‌نتیقه پچڕابێ. بۆ وێنه له‌و رسته‌یه‌دا وا ده‌ڵێت: " ـ بۆ ملپێچهكهت نه‌هێناوه؟ بڵێ نه‌ساغ بووم. درۆ نییه. ئه‌دی سه‌رمات نه‌بووه؟" به دانانی ئه‌و نیشانه‌ی ته‌قه‌ڵه‌ی سه‌ره‌تای رسته واده‌زانی وتووێژێکی نێوان باوک و کچه‌که‌یه‌تی یان وڵامی پرسیارێکی منداڵه‌که‌یه به‌ڵام بێژه‌ره‌که‌ی ده‌نگی هیچیانی لێوه نایه و زۆر نامۆیه!
له جێگایه‌کی دیکه‌دا وا ده‌ڵێ: " "فۆرمه‌كه پڕ ناكه‌یه‌وه؟ نایه‌ی بۆ رێپێوان؟ زیاده مووچه...؟ تۆ وه‌ته‌نی خۆت خۆش ناوێ؟بڵندگۆكان نه‌ڕه‌یان نایه. كفنپۆشهكان ئیتر كفنیان له به‌ردا نییه. له‌به‌ر ئاپۆره من و تریفه چیدی ماسییهكانمان لێ دیار نین. ئێستا ئیدی ماسییه‌كان پشوویان سوار نییه." دانانی گیوومه دوو رسته‌ی جۆراوجۆری پێکه‌وه به‌ستۆته‌وه. له رسته‌ی هه‌وه‌ڵی نێو گیوومه‌که‌دا قانوونه‌که‌ی سه‌رێ وه‌دی دێت و ده‌نگی پرسیارکه‌رێک ده‌دات به‌ڵام له رسته‌ی دواییدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و تاکبێژیهی وا که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی چیرۆک له هه‌وه‌ڵه‌وه هه‌تا ئاخر بێ نیشانه ده‌نگی خۆی له ده‌نگه‌کانی دیکه جیا ده‌کرده‌وه. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌و نیشانه‌ی گیوومه‌ی ئاخره په‌ڕیوه‌ته خوارێ و ده‌بوایه له کۆتایی رسته‌ی ههوهڵدا دابنرایه.
به‌بۆنه‌ی کورت‌بڕی و قرتاندنی زۆر یه‌ک له رووداوه‌کان؛ نیشانه‌کان رۆڵی سه‌ره‌کیان له ده‌قدا هه‌یه و یارمه‌تیده‌ری خوێنه‌رن بۆ کردنه‌وه‌ی گرێکان. به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو کورت‌بڕی و ههڵچۆڕاندنانهدا نووسه‌ر توانیویه‌تی په‌یوه‌ندیێکی ده‌روونی له نێوان خوێنه‌ر و که‌سایه‌تیه‌کانی چیرۆکدا ساز بکات و هه‌ست به ئاشنایییه‌کی ئه‌وتۆ ده‌که‌ی. وه‌ک هه‌وه‌ڵجار که چیرۆکێکی ئه‌م نووسه‌ره‌م خوێندبێته‌وه؛ "تریفه"م پێ کارێکی سه‌رکه‌وتوو بوو.
بریا کاکه‌سووری:
له یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه‌دا ده‌رده‌که‌وێ کاروداڕشتن و ته‌واوکردنی هی وه‌ستایه‌کی به‌ئه‌زموون و کارامه‌یه. ئه‌و به که‌مترین وشه و دێڕ، له رۆژێکی تایبه‌تی شارێک، تابڵۆیه‌کی ته‌واو و باڵانوێنی کێشاوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ند داوه‌ته‌وه به ده‌روونی که‌سایه‌تی چیرۆکه‌که. به‌ڵام له به‌شی سپی و نه‌نووسراوی ئه‌و چیرۆکه‌دا که نووسه‌ر به جێی هێشتووه و خستوویه‌ته پای خوێنه‌ر، ره‌نگه هێندێک قسه ولێکدانه‌وه هه‌بێ.
بگێڕه‌وه و ناوه‌ندی رووداوه‌کان، کارمه‌ندێکی ته‌مه‌ن ده‌وروبه‌ری په‌نجا ساڵه، که له‌و پیاوانه‌یه زۆر سه‌ربزێو و چاونه‌ترسه و راحه‌ت له‌گه‌ڵ پیاوانی پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات له شاره‌که‌ی ململانێدهکا. منداڵه‌کانی نانێرێ بۆ خۆپیشاندان و ناهێڵێ فۆڕم پڕکه‌نه‌وه و به‌رده‌وامیش سه‌رکۆنه‌ده‌کرێ: "تۆ نیگه‌رانی داهاتووی منداڵه‌كانی خۆت نیت. تۆ به ته‌نیا چت پێناكرێ. ئێمه‌ش وه‌ك تۆ ئه‌و وه‌زعه‌مان به دڵ نییه. به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده ئاقڵین خۆمان نه‌كه‌ینه گای قه‌شان. خۆ به پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمێك لێمان كه‌م نابێ." به‌ڵام هیچ ناو و نیشانه‌یه‌ک یان هیچ پیناسه‌یه‌کی سوننه‌تی نییه بۆ ته‌وسیفی ئه‌و که‌سه. ئه‌و له سێ قۆڵه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه قسه ده‌کا و چیرۆکه‌که‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه؛ یه‌که‌میان راسته‌وخۆ له باره‌ی شه‌قامه‌که و مانۆڕی کفنپۆشهکان، دووهه‌م به دیالۆگ و جوابدانه‌وه‌ی کچه‌که‌ی؛ سێهه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دواوه و باسی کێشه‌کانی رابردووی و په‌یوه‌ندی ئه‌م رۆژه و هه‌موو ژیانی خۆی له ناو بنه‌ماڵه و له‌گه‌ڵ هاوکارانی. باسی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندی ئه‌و ماسییانه‌یه له‌گه‌ڵ زه‌ینی کچه‌که‌یی و په‌یوه‌ندی زه‌ینی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژه‌تایبه‌ته‌یه؛ دوایه‌ش په‌یوه‌ندی کۆتایی نیوان ئه‌ودووانه‌یه. ماسییه‌کان لێره نیشانه‌ی پاکی و بێتاوانی و بێده‌سه‌ڵاتین و زه‌ینی ئه‌و منداڵه‌ش به پاکییه‌وه بیر له‌و بێتاوانییه ده‌کاته‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه خۆی بیر له تاوانه‌کان ده‌کاته‌وه. بیر له‌و هه‌موو بێره‌حمی و بێبه‌زه‌یی و دلڕهشیه ده‌کاته‌وه وا دیویه و به سه‌ری هاتووه، بیر له‌و هه‌موو سووکی و چرووکییه ده‌کاته‌وه وا له ده‌ورووبه‌رین. ئه‌و ده‌ڵێی له‌وناوه‌دا ئه‌و هاوکاره ترسه‌نۆکه ده‌بینێ وا قه‌ت له سه‌رکۆنه‌کردنی ماندوو نابێ: خۆی نه‌بوو؟ ئه‌و هاوكاره‌ی هه‌رگیز له سه‌ركۆنه‌كردنم ماندوو نابێت: "كۆمارت له دانیشگا وه‌رنه‌گیرا. تریفه‌ت بۆ بۆنه‌كان ئینشا نانووسێ. له موسابه‌قاتدا به‌شداری ناكه‌ن. نایه‌ڵی بێنه ده‌وره‌ی ئاماده‌گی به‌رگری. نایه‌نه رێپێوان. تاسه‌ر خاوه‌نی سه‌ری خۆت نابی."
ئه‌و له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی گه‌یشتوونه‌ته لای ماسیفرۆشێک و له قسه‌کردنی پێکه‌وه‌دا ده‌یگه‌یه‌نێ که ئه‌م ماسییانه هی ناو شووشه نین. له‌و به‌شه‌دا زۆر به‌جێ و هونه‌رمه‌ندانه به جوابهکاندا ده‌گه‌یه‌نێ که پرسیاره‌کانیش چی بوون. مه‌سه‌له‌ن خه‌ڵک ئێستا ماسی زیندوو ده‌خۆن، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ش نه‌یانگرتایه‌ن راوچییه‌کی دی ده‌یگرتن. ته‌نیا جارێ نه‌بێ پرسیاری منداڵه‌که نایه‌ته گوێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ: "بابه بۆچی ئه‌و كابرایه به ئاوه‌وه نه‌یبردنه‌وه؟ تا ده‌گه‌نه‌وه ماڵێ نامرن؟"
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م چیرۆکه هه‌روا ناچێته پێشێ، له زۆرجێگا زۆرشت ده‌که‌وێته روو و ئه‌وه له هونهریبوونی ئه‌و کاره که‌م ده‌کاته‌وه. ئێمه لێره‌دا ناتوانین ئه‌مه بشارینه‌وه که به ئاشکرا باسی ده‌سه‌ڵاتێکی تووتالیتێر و مانۆڕباز ده‌کرێ. ئه‌و ته‌نانه‌ت باسی به‌فر و ئه‌و مانگه ده‌کا که قسه‌ی تێدانییه کامه مانگه. ئه‌و به‌داخه‌وه وه‌ک کفنپۆشهکان دهنگههڵدێنێ و خۆشی ده‌که‌وێته شوعاردان. باسی فۆڕمپڕکردنه‌وه و داهاتووی منداڵه‌کان و به‌شداری نه‌کردن له‌و بیبیجانخانم و هاتوهووته زۆر ئاشکرا و شوعارییه. ته‌نانه‌ت ئالێره‌دا" ئه‌و كچۆڵانه‌ی پلاكاردی پڕ له داخوازی مردنیان هه‌ڵگرتووه قیژه‌یان به دڵی مامۆستاكانیان ده‌رنایه و، چیدی ده‌ست و په‌نجه‌یان گه‌رم نین." ده‌گاته روانینێکی بێره‌حمانه به هه‌موو مامۆستایه‌ک و واده‌نوێنێ که هه‌موو مامۆستاکانیان داخوازی هه‌ڵگرتنی ئه‌م پلاکارده پیس و پڕ له سووکایه‌تی به‌وان و به هه‌موو مرۆڤایه‌تین. یانی ئه‌وان هیلاک بوون و ئه‌وجۆره‌ی مامۆستاکانیان ده‌یانه‌وێ ناتوانن بقیژێنن و ده‌سیان توانایی و هێزی هه‌وه‌ڵی نه‌ماوه. به‌ڵام کۆتایی ئه‌م چیرۆکه زۆر خۆش و ته‌واو ته‌واو داپۆشراو و له‌ژێر په‌رده‌دایه و ره‌نگه زۆریه‌ک له که‌موکووڕیه‌کانی دیکه‌ی داپۆشیوه.
ئه‌م جۆره ئه‌ده‌بیاته‌ش بۆ هه‌موومان زۆر ئاشنا و نزیکه و بۆ وێنه زۆر به‌رهه‌مه‌کانی میلان کۆندڕا له‌م جۆره‌ن. یان دوایین رۆمانێک که من خوێندوومه‌ته‌وه "ته‌نیایی پڕ له هه‌را و هوریا" ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی هاوشاریی میلان کۆندڕا، بهۆمیل هه‌ڕاباڵ که ته‌واو ئه‌ده‌بیاتێکی سیاسی و له‌و جۆره‌یه. دووهه‌مین رۆمانیش که له تهواوکردنیدام، "وڵاتی هه‌ڵووچه سه‌وزه‌کان" هی خانمی هێرتا مولێره، دیسان هه‌ر له‌و جۆره ئه‌ده‌بیاته‌یه که باسه‌که‌یان دوور و درێژه. نموونه‌یه‌کی نزیکتر، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ساڵانه‌ی هوشه‌نگی گوڵشیری بکه‌ین بڵێی له کام په‌ڕی دابێ که به جۆرێک ئه‌م په‌یامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌رده ناخۆش و نامرۆڤانه‌ی- منداڵه‌کان به جێگای ئه‌وه‌ی فێری سه‌ربه‌ستی و ئینسانبوون و ... زیاده له هه‌موو به‌رگێکی جوان و رازاوه‌ی مرۆڤایه‌تی بییانکه‌ین به داوه‌ڵ و مانۆڕیان پێبده‌ین- تێدانه‌بێ؟ و به جۆرێک ئه‌وانه‌ی نه‌گه‌یاندبێ؟
له ئاخری ئه‌و چیرۆکه‌دا من پرسیارێکم بۆ هاته پێشێ که هیوادارم دۆستانی دیکه له سه‌ری بدوێن و ئه‌گه‌ر بکرێ منیش جوابێکم وه‌ده‌س بکه‌وێ؛ پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئایا چیرۆکی تریفه گه‌یشتۆته چیرۆکێکی ته‌واو یان له حاڵه‌تی گه‌ڵاڵه(طرح) دا ماوته‌وه؟
مریه‌م قازی:
زۆر جوان بوو. پرۆسه‌ی چیرۆک له مه‌ودای رێپێوانێکی جه‌ماوه‌ری و بۆچوونه‌کانی که‌سێک که به لاوه له ته‌نیشت ماسی فرۆشێک سه‌یری ئه‌م خۆ پیشاندانه ده‌کات و ده‌یه‌وێ هێندێک شت له‌م پێیه‌دا شی بکاته‌وه - داڕێژراوه. ده‌سه‌ڵاتی چیرۆک له دیالۆگێکی زۆر راستینوێن دایه، نێوان تریفه و باوکی که ئه‌زقه‌زا راوی داستانیشه و ئه‌م دیالۆگه له هه‌ر شوێنێک که پێویست بێ به‌ڕێوه ده‌چێ و ته‌نانه‌ت راویش وه‌لا ده‌نێ.
ئه‌م چه‌شنه چیرۆکانه نووسه‌رێکی باڵاده‌ستی پێویسته و متمانه به کاراکتێر و ئه‌سپاردنی کاره‌کان به ده‌ست ئه‌وان هه‌ر ئه‌و توانا و دڵنیایییه‌ی چیروکنووسه له کاره‌که‌ی خۆیدا. خۆبواردنی چیرۆک‌نووس له شیکردنه‌وه‌ی پرکه به پرکه‌ش هه‌ر به‌ڵگه‌ی ئه‌م ره‌وته باشه‌ی نووسه‌ره: (نا کچم ماسییه‌کان تینوویان نییه...) کت‌وپڕ پرسیاری پێش ئه‌م وڵامه له زه‌ینی خوێنه‌ردا ته‌رازوو ده‌کاته‌وه. نووسه‌ر حه‌ول ده‌دا ده‌ستکرد بوونی ئه‌م خۆ پیشاندان و روونکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و رابیته‌ی عیلله‌ت و مهعلولییه وه‌ک هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێسته و له هه‌موان به لای من جوانتر ئه‌م چه‌ند وشه‌یه :( ..پلاکاردی پرله داخوازی مردنیان..) که ئه‌وپه‌ڕی کاره‌ساته‌که‌یه: ژیانی تاقمێک له مردنی تاقمێکی‌تر دا ده‌ست بدا! و کفنیان به نیشانه‌ی ئاماده بوون بۆ ئه‌م مراندنه له به‌ردایه. به‌ڵام له کۆتایی چیرۆک ده‌رئه‌که‌وێ که له وه‌ها رهوتێکدا بۆی نییه که‌س بژی و هه موو تێدا ده‌چن.
نووسه‌ر به تێوه‌ردانی خوێنه‌ر له هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ژێر ده‌قی نووسراوه‌که توانیبووی مه‌به‌ست بگه‌یه‌نێ و پێویستی به وتار دانی هاوکاره‌که‌ی نه‌بوو به بڕوای من:(تو نیگه‌رانی داهاتووی...)
کوتایی چیروک به راستی دڵته‌زین و جوانه و نه‌تیجه‌ی ئه‌خلاقی چیروکه‌که‌یه. ده‌ست خۆش براکه‌م