زمان و گێڕانه‌وه له "پادشای ته‌نیایی"دا
جارێکی نووسه‌رێکی به‌ڕێز زۆر به تاسه‌وه پێی کوتم:خۆزگه‌م به خۆتان منداڵی شاری بۆکانن. ئێمه ئه‌وکات به‌رده‌وام کارمان ده‌کرد و هه‌ستمان به شتێکی وه‌ک گیروگرفتی زمانی نه‌ده‌کرد و له قسه‌ی ئه‌و به‌رێزه باش تێنه‌گه‌یشتم. به‌ڵام دوای ساڵانێک، کاتێ به‌ر‌هه‌مه‌کانی ئه‌وم خوێنده‌وه زانیم ده‌ردی ئه‌و چی بووه و چییه! که‌م وکووڕی زمانی له نووسیندا ده‌توانێ باشترین سوژه‌ش ناله‌بار بکات، راست وه‌ک په‌یکه‌ره‌یه‌کی جوان که گوێیه‌ک، باڵێک، یاخۆ سه‌ر کوڵمی رووشابێ.
ئێستاش که ئه‌م چیرۆکانه‌ی" پادشای ته‌نیایی" عه‌لی غوڵامعه‌لی ده‌خوێنمه‌وه له قسه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه زۆر باشتر تێده‌گه‌م. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر بۆ گریاندن و پێکه‌نینی خوێنه‌ر، بۆ نیشاندانی قووڵترین و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ترین بیرکردنه‌وه‌کان، ته‌نیاوته‌نیا که‌ره‌سه‌ی وشه و رسته و زمانه؛ که‌وابوو زمان کۆڵه‌که و ناوه‌ندی هه‌ر نووسینێکه.
عه‌لی غوڵامعه‌لی له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی پادشایی ته‌نیایی دا ئه‌م کاره‌ی کردووه؛ ره‌نگه نه‌گه‌یبێته ترووپکه به‌ڵام ورده‌کاری زۆر تێدایه، زمانێکی زۆر شێعراوییه وله زۆر جێگا ده‌ڵێی شێعر ده‌خوێنییه‌وه. دیاره مه‌نزووری سه‌ره‌کی ئه‌و له نووسین،هه‌رئه‌وه نه‌بووه شتێک بنووسێ ئێمه‌ی پێ سه‌رقاڵ بکا، به‌ڵکوو هه‌ست ده‌کرێ، له‌پێش هه‌مووشتێدا چۆنییه‌تی نووسین، داڕشتن و بیچم وسازاری[ساختار] هه‌ر چیرۆکێک، لای ئه‌و گرینگه. هه‌رئه‌وه‌ش وای کردووه هه‌رکام له‌و چیرۆکانه بیچم وسازارێکی سه‌خت ودژواریان هه‌بێ و به ئاشکرا خوێندنه‌وه‌یان کاری هه‌مووکه‌س نییه.
لێره‌دا چه‌ند چیرۆکێک له دوو روانگه‌ی گێڕانه‌وه‌و زمانه‌وه ده‌خه‌مه به‌ر باس؛ یه‌که‌م چیرۆک "ئێوارێیه‌ک وه‌ک خه‌ونی مه‌یموون": بگێڕه‌وه سێهه‌م که‌سی نادیار یان "زانای گشته"، که ته‌نیا ئه‌وه‌ی روو ده‌دا به ئێمه راده‌گه‌یه‌نێ وغه‌یری ئه‌وه، وه‌ک بگێڕه‌وه کۆن ونه‌ریتیه‌کان ده‌س له شته‌کانه‌وه وه‌رنادا، به ئیشتای دڵی خۆی بیروڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی به سه‌ر خوێنه‌ردا داناسه‌پێنێ؛ کرده‌وه و ئاکاری قاره‌مانی چیرۆک نانرخێنێ. به گشتی چیرۆکه‌کان راسته‌وخۆ ناگێڕدرێنه‌وه و باسه‌کان ناڕاسته‌وخۆن ولێکدانه‌وه و وه‌سه‌ریه‌ک خستنه‌وه‌ی چیرۆک، ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی خوێنه‌ر. یانی خوێنه‌رله‌م جۆره چیرۆکه‌دا که‌سێکی حازرخۆر و بێده‌سه‌ڵات نییه وته‌واوکردنی چیرۆک له‌ئه‌ستۆی ئه‌ودایه ودوایین بڕیار ئه‌و ده‌یدا. نووسه‌ریش به‌م به‌رپرسایه‌تییه ئاگاداره و ده‌زانێ خوێنه‌ری ئه‌وچیرۆکه‌ی ئه‌و، سڕه‌سه‌پۆله وگێله‌خوێنده‌وارێک نییه به‌ڵکوو که‌سێکی زۆرزانه، به روانین وهه‌ڵسه‌نگاندنێکی توندی ئه‌مڕۆییانه‌وه. هه‌ربۆیه له ته‌واوی ئه‌م چیرۆکانه‌دا هه‌ست به ئه‌و ترس و وشیارییه‌ی نووسه‌ر ده‌کرێ.
له خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌دا، سه‌ره‌تا چه‌ند که‌س بێئه‌وه‌ی نیشان بدرێن کێن، باسی ده‌نگۆیه‌ک ده‌که‌ن، که‌سێکیان کوشتووه و به دارێکه‌وه به‌ستوویانه‌ته‌وه وئاوریان داوه...، دوایه گێڕانه‌وه‌یه‌کی زۆر پچڕپچڕوشپرزه ده‌س پێده‌کا، بگێڕه‌وه دیار نییه کێیه، قامک ده‌په‌ڕێ،قسه‌ی جۆراوجۆر ده‌کوترێ. چه‌ند ناوی وه‌ک "نازناز"، "نه‌فیسه‌ی شه‌وچه‌له"،"شه‌مزێنی مه‌یموون" دێنه گوڕێ. قسه ده‌کرێ به‌ڵام بۆمان ناچێته‌وه سه‌ریه‌ک کێ بۆکێ قسه ده‌کا . نه‌یکوتووه ئه‌وانه کێن و له کوێوه هاتوون، رابردوویان چییه و ئێستا مه‌سه‌له وموشکیلیان چییه. ده‌نگێ دێ، باسی کوشتن ده‌کا، باسی زۆرشتیکه ده‌کا به‌ڵام هێنده ئاڵۆزوشپرزه‌یه، ته‌نانه‌ت وه‌ڕه‌زمان ده‌کا و ره‌نگه له نیوه‌شی دا بێزاربین وبه‌جێی بێڵین. ئاخریش ده‌یخوێنینه‌وه به‌ڵام به غه‌یری شه‌مزینی مه‌یموون نه‌بێ - ئه‌ویش زۆر که‌م- رابردووی هیچکام له‌و که‌سانه‌مان بۆده‌رناکه‌وێ که کێن؛ کوڕی کێن و دایک وباوکیان کێ بووه و چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌و چۆن ده‌ژین.
له خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌دا له هه‌مووی سه‌یرتر کۆتایی چیرۆکه، که‌سێک له دووکانه‌که‌ی شه‌مزین دایه، له ئێواره‌وه خشه‌ی دێ، لێی نزیک ده‌بێته‌وه، له ئاخری‌دا زامنداره‌که‌ی له ده‌ست ده‌ستێنێ و ده‌یچه‌قێنێته سه‌ر دڵی. که ئه‌و بکوژه هێنده شاراوه وله په‌ناووپه‌سیودایه نازانین کییه، به ئاشکرا تاپۆیه‌کی غه‌یبیه هه‌تا که‌سێکی تۆڵه ئه‌ستێنی ئازا‌و بوێر. به دووی کوژرانی ئه‌ودا، نه‌فیسه‌ی شه‌وچه‌له له ده‌ره‌وه سه‌ر ده‌نێ به شووشه‌ی دووکانه‌که‌وه، هاواری ئاور ئاور ده‌کا و ئێمه به سه‌رسامی به جێ دێڵێ؛ وڵامی ئه‌وه‌ی ئه‌و تاپۆیه کێ بوو وه‌کو زۆربه‌ی پرسیاره‌کانی که نادرێته‌وه.
**********
له گێڕانه‌وه‌ی نووسه‌ریشدا چیرۆک به‌و هه‌واڵه یان به‌و ده‌نگۆیه‌وه ده‌س پێده‌کا، به‌ڵام دوای ئه‌وه هه‌مووشتێک له زه‌ینی بگێڕه‌وه درێژه پێ ده‌ده‌رێ و ده‌یه‌وێ کوژراو و بکوژ و هۆی ئه‌و کاره‌ساته‌مان بۆ شی بکاته‌وه. له‌م ره‌وته‌دا نه‌فه‌ری سێهه‌میش دێته ناوه‌وه و به‌رپرسایه‌تی خۆی به‌ڕێوه ده‌با.
بۆچوونه ناو چیرۆکه‌که‌وه له ناوه‌کانه‌وه ده‌س پێ ده‌که‌ین. هیچکام له‌م ناوانه، ناوێکی ئاسایی نین، دیاره ناوی توژێکی تایبه‌ت له کۆمه‌ڵن، که زۆرتر وه‌ک لات و لووت وچه‌قۆکێش خۆیان نیشان داوه. ئه‌م چیرۆکه‌ش داستانی شه‌مزینی مه‌یموونه که وه‌ک نیشان دراوه، زۆرتر باسی زامنداره‌که‌یه‌تی هه‌تا بیروهزری، یانی ئه‌و ژیانێکی ده‌روونی نییه وله هیچ جێگایه‌کدا نابینین باسێکی قووڵی ده‌روونی بێته پێشێ، هه‌ر بۆیه ئه‌م چیرۆکه، رسته‌ی دوورودرێژی تێدانییه؛ رسته‌کانی توند‌و به‌په‌له‌ن، زمان له جه‌غزێکی تایبه‌تدا ده‌سووڕێته‌وه که ره‌نگه وشه‌کانی هه‌رزۆر که‌م بن.
شه‌مزین وه‌ک پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی، زۆرتر کاری به زامنداره‌که‌یه‌تی هه‌تا فکرکردنه‌وه. ئه‌و رۆژگارێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌و پڕکاره‌ساتی نه‌بووه؛ دیاره له سه‌ره‌تاوه که‌رقه‌وه بووه ورێی که‌وتۆته سه‌للاخانه وکوشتارگا، پیشه‌ی بۆته چه‌قۆ و سه‌ربڕین وخوێن. وێده‌چێ دوایه‌ش ده‌ور گۆڕاوه و بۆته نیشتمان په‌روه‌ر و زیاده له هه‌موو ده‌ورگێڕان وچالاکییه‌ک له لایه‌ن حیزبه‌که‌یه‌وه بۆته گونبڕی بیانییه‌کان وسیره‌تی له زاری ئاخنیون؛ تازه ره‌نگه له‌وێش زۆر مه‌ردئازا بووبێ وحیزبه‌که‌شی زۆری شایی پێی بووبێت، بۆیه به‌سه‌ر مه‌یته‌کاندا نه‌ڕاندوویه‌تی:" مه‌هێڵن ئه‌و گه‌وادبابانه له قیامه‌تیش تامی پیاوه‌تی بچێژن! ده‌بێ بزانن شه‌مزین عیزرائیلیانه نه‌ک خودای واحیدی قه‌هار!!"(لا15)
شه‌مزین ئاشقی نه‌فیسه‌ی شه‌وچه‌له‌یه و ئه‌و به ماشقه‌ی خۆی ده‌زانێ، له به‌رانبه‌ر ئه‌ودا به ته‌واوه‌ت غوروورێکی ئاشقانه‌ی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دڵڕه‌شیه، زۆر دڵناسکه. نه‌فیسه‌ش به‌ته‌واو مانا کچێکی رووهه‌ڵمادراوی چاپچی زۆرزانه که خۆی سالاره وسه‌د چه‌قۆ ده‌کا و یه‌کیان ده‌سک ناکا. ئه‌وجاره‌ی که ئه‌و " له به‌رامبه‌ر چه‌ک له‌شانانی قاوه‌خانه‌که‌ی عه‌به‌کۆڵ سمتی له‌راندبۆوه" شه‌مزین خۆی پێ نه‌گیراوه و شه‌پڵاغه‌یه‌کی لێداوه که نه‌یله‌نگێنێ، به‌ڵام پێچه‌وانه ده‌رهاتووه، نه‌فیسه لێی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ریدا قیژاندووه که ده‌یله‌نگێنێ و به که‌یفی خۆی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه چه‌ند شتی پێ کوتوه وێده‌چێ کلیلی هه‌موو چیرۆکه له‌وێدا بێ؛ هه‌ر بۆیه شه‌مزین سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ:" کوتیان ون بووه. کوتیان خۆی کوشتووه. کوتیشیان دیویانه که زامنداره‌که‌ی هه‌ر به ده‌سته‌وه بووه که پردی کۆنی به‌جێهێشتووه. "دوای ساڵه‌ها گه‌ڕابۆوه. دیبوویان که زامندار به ده‌ست راست چووبووه به‌ر ماڵی شه‌وچه‌له.(لا13)
ئه‌م ئه‌شقه بێ ئامانه که دوای ساڵه‌ها ده‌یهێنێته‌وه به‌ر ئه‌و درگایه گیرێکی تێدایه، هه‌ر بۆیه زۆرجار شه‌مزینه که کۆتا دێ و سه‌ری له حه‌نای نه‌فیسه داده‌خا و ته‌نانه‌ت سه‌ری خۆشی هه‌ده‌گرێ. ئه‌و گیره ده‌ڵێی له "پیاوه‌تی" شه‌مزین دایه؛ داوی شه‌پڵاغه‌که نه‌فیسه نه‌ڕاندبووی:" به‌تۆ چی کالانی بێ خه‌نجه‌ر!"(12) دوای ئه‌وه ده‌ڵێ" ده‌زانن تاپڕی به‌نێوبانگتان خۆی بێ فیشه‌که!"(لا12) ئه‌م دووڕسته هه‌ردووکیان "خوازه "ن که مه‌نزووری ئه‌وه‌یه شه‌مزین پیاوه‌تی تێدا نییه. له جێگایه‌کی دا ده‌ڵێ:"ده‌یله‌نگێنم چۆنم بوێ!من پیاوم ده‌وێ نه‌ک تووتنی گنخاو!(لا12)"
یان نه‌فیسه قۆڵ له ناو قۆڵی مه‌مه‌ل دا چۆته دووکانه‌که‌ی کوتبووی:"ببه‌خشن خاڵه‌ی دووکاندار گۆشتتان هه‌یه؟کوته گۆشتێکیش بێ به‌سمه!من ئاشقی په‌لی نه‌کوڵیوم!"(لا14) که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م"خوازنه" هه‌مووی ئاماژه‌ن به گرفتی سه‌ره‌کی شه‌مزین ده‌که‌ن .
له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌وینه‌ی شه‌مزین و ئه‌و گیره له پیاوبوونیدا، درێژه‌ی چیرۆک شتێکی تازه‌ی پێویست بووه ئه‌ویش هاتنی نازناز یان مه‌مه‌له. گیری سه‌رێکی شه‌مزینی ئاشق لێره‌وه ده‌س پێده‌کا؛ ره‌نگه له ده‌نیادا هیچ ئاشقێک ده‌س نه‌که‌وێ به‌وه رازی بێ ماشقه‌که‌ی ده‌ستی له ناو ده‌سی که‌سێکی دیکه‌دا بێ. که‌وابوو ئێستا ئه‌و ده‌بێ چ بکا؟ چونکه له‌ولاشه‌وه تاپڕی خاڵییه،تووتنی گنخاوه،و...
ئه‌م کێشه ده‌روونییه‌ی ئه‌و لێره‌دا نیشان دراوه که نه به قایم و قۆڵی ئه‌م لای هه‌ڵبژادووه نه ئه‌و لا، بێ ره‌حمانه به زامنداره‌که‌یه‌وه ناکه‌وێته دووی به‌ڵام وناشتوانێ هیچ نه‌ڵێ وهیچ نه‌کات؛ هه‌تا رۆژێک رێکه‌وت، رێی نازناز ده‌خاته به‌ر دووکانه‌که‌یه‌وه، ورده هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی لێده‌کا و ترس وخۆفێکی تازه دروست ده‌بێ، دیسان مه‌مه‌ل جارێکی که دێته‌وه و ئه‌مجار ئه‌و هه‌ڕه‌شه ده‌کا: ئه‌و به‌رخه شوانی چاکی ده‌وێ مامه، پێموانیه سه‌گت پێ بێ بۆشوانی!(لا15)
لێره‌شدا دیسان ئه‌و "سه‌گه" خوازه‌یه و هه‌رئاماژه به پیاو نه‌بوونی شه‌مزینه! یان" نه‌فیسه ئاشقی رژاندنی له‌نجه و پڕژاندنی هه‌وه‌س بۆ چاو ودڵی پیاوان بوو." بۆئه‌وه‌ی داخ له سه‌ر دڵی مه‌یموون دابنێ:" تۆنازانی ئه‌و سه‌ر چه‌وره چۆن پیاو هه‌ڵده‌گڵۆفێ!"(لا16) ره‌نگه هێنانه‌وه‌ی له په‌ستای ئه‌و هه‌موو تانه‌و ته‌شه‌رو ئه‌شکه‌نجه ناڕاسته‌وخۆیه بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ر جۆره کرده‌وه‌یه‌کی دڵڕه‌شانه‌ی شه‌مزین لای خوێنه‌ر به‌حه‌ق بنوێنێ.
مه‌مه‌ل سبحه‌ینێ وره ده‌نێته به‌ر خۆی و به به‌ردووکانی شه‌مزیندا باڵی لێ فش کردبوو. ئه‌و پێی ده‌ڵێ:"کۆتر!بۆ تالای ئه‌و قۆرغه‌م له‌گه‌ڵ نایه‌ی بزانی به کاری شوانی دێم یان نا؟مه‌ترسه قه‌پاڵت لێ ناگرم ، بێ ددانم!"(لا17)
نازناز هه‌ر له به‌ر دووکانه‌وه ئه‌ژنۆی ده‌شکێ ولاڵ ده‌بێ، له‌وێش هیچی بۆ ناکرێ. "به‌ته‌ما نه‌بوو بیکوژێ، ته‌نیا ده‌یه‌ویست چاوترسێنی کات وبه‌س. بۆ خۆی له خۆی تێکدا."(لا17)
ئه‌م رسته‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خا که دنیای بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ر"ره‌ش وسپی " نییه؛ ئه‌گه‌ر شه‌مزین بکوژ وقاتڵه هه‌میشه هه‌ر قاتڵ نییه، هه‌رچه‌ند غه‌نیم که‌سێک بێ ماشقکه‌ی لێ داگیرکردبێ."شه‌مزین له بیری نه‌ده‌هات قه‌ت بۆ که‌س هێنده گریا بێ!"(لا20) ره‌نگه دوایه‌ش تاپۆی ناو دووکانه‌که هه‌ر ویژدانی خۆیه‌تی له مه‌ستی ئێوارێدا بینی پێ گرتووه وله په‌ستا به دووکانه‌که‌دا خشه‌ی دێ، چونکه دڵنیایه له‌وه‌ی ئه‌و سووتاوه. خه‌یاڵاتی ترساوی کوتایی چیرۆک نا‌ره‌حه‌تیی ئه‌و ده‌روونه نیشان ده‌دا که هه‌ست ده‌کرا هێنده ره‌شه خاڵی سپی تێدا نییه به‌ڵام وانییه و خوێنه‌ر له‌وێدا ته‌واو به‌زه‌یی به داماوی و بێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پیاوه زاڵه‌مه‌دا دێ که ده‌سته سووتاو و ئێسکه ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی تاپۆ بۆ لای درێژ ده‌بن ده‌یانه‌وێ قوڕگی بگرن.ئاخریش زامنداره‌که‌ی له ده‌ست ده‌ستێنێ وده‌یچه‌قێنێته سه‌ر دڵی.
ئه‌م به‌شی ئاخره‌ی ، راسته له‌سه‌ر ره‌وتێکی ته‌واو ره‌ئالیسمی جادووییه و به ته‌واوه‌تی ئاشکرا نییه ونازانین کێ شه‌مزین ده‌کوژێ و دووکان ئاور تێبه‌رده‌دا؛ ئایا به‌ڕاستی رووحی مه‌مه‌لی نازنازه؟ ویژدانی پڕ له عه‌زابی شه‌مزینه؟ نه‌فیسه‌ی شه‌وچه‌له‌یه؟ به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ورده‌کاریانه و شارده‌نه‌وه ونادیارکردنی ئه‌و جێگا ئاسته‌مانه‌یه ئه‌م چیرۆکه‌ی کردۆته به‌رهه‌مێکی ئاوا که بتوانین باسی له سه‌ر بکه‌ین. ئه‌گه‌ر له جێگایه‌کدا به ئاشکرا بیکوتایه هۆی پێک نه‌گه‌یشتن شه‌مزین و نه‌فیسه ئه‌وه‌یه که شه‌مزین پیاو نییه ئه‌م چیرۆکه ئه‌و تام وچێژه هونه‌رییه‌ی نه‌ده‌بوو ...
بریا کاکه‌سووری
ده‌توانن لێره‌دا چیرۆکی ئێوارێیه‌ک وه‌ک خه‌ونی مه‌یموون بخوێننه‌وه .