
چا ! چایه‌کی گه‌رم
عه‌زیز مه‌حموودپوور
كێ ده‌یكوت وه‌ختایه‌ك من، تاقانه كوڕی دایكم، به ماندوویی خۆ به ژوورێ‌دا ده‌كه‌م و ده‌ڵێم: «دا دایه چایه‌كم بۆ بێنه» ئه‌و ئاوام جواب ده‌داته‌وه و دوایه‌ش كه هه‌ر باسی ناكرێ و ته‌نانه‌ت له زه‌ینی هیچ كه‌سێكی ره‌شبینیشدا ناگونجێ و هه‌ر وه‌ك بۆ ره‌ییس دادگاشم گێڕاوه، شایه‌د به هۆی زایه‌بوونی عه‌قڵ له‌و چركه‌ساته . . . یان . . . یان چی؟
یانی شته‌كه وا بوو كه ته‌نانه‌ت ره‌ییس دادگاش دوودڵ نه‌بێ له‌وه‌ی شێت بووم و له‌وانه‌یه له داهاتووشدا دووپاتی كه‌مه‌وه و ئاوا به سانایی حوكمم بۆ ببڕێته‌وه؟ من ئه‌لعان ده‌یڵێم و له قیامه‌تیش قسه‌م ناگۆڕدرێ كه به زمانێكی ره‌وان و ئاسایی وه‌ختایه‌ك یه‌كجار ماندوو بووم،خۆم به ژوورێ‌دا كردووه و به دایكمم كوتووه: «دایه چایه‌كم بۆ بێنه» ئاخر هه‌تا ئه‌و وه‌خت قه‌ت شتێكی وا نه‌هاتبووه گۆڕێ هه‌تا من بزانم ده‌بێ چۆنی له‌گه‌ڵ رووبه‌ڕوو ببمه‌وه.
هه‌موو كه‌س ده‌زانێ من دایكمم یه‌كجار خۆش ویستووه و ره‌ییس دادگاش هه‌تا ئێره له گه‌ڵمدا بوو. به‌ڵام وه‌ختایه‌ك ده‌مكوت: «له‌وانه‌یه دایكم هۆشی له سه‌ر خۆی نه‌مابێ یان له گه‌ڵ كه‌سێك ده‌مه‌قڕه‌ی بووبێ» ده‌نا چۆن له جیات «چا» لیوانێكی «ئاو» بۆ هێناوم و دوایه‌ش كه دووپاتم كردۆته‌وه: «دایه چایه‌كم بۆ بێنه» چووه لیوانێكی «دۆ» بۆ هێناوم و پاش ئه‌وه‌ی به شێنه‌یی به دایكمم كوتووه: «من دۆ ناخۆم، چایه‌كم بۆ بێنه» هه‌ر پێم وابووه دایكم گاڵته‌م پێده‌كا. كه‌چی وه‌ختایه‌ك هاتۆته‌وه قاپێك «ماست»ی به ده‌سته‌وه بووه و من به حاڵ بۆ وه‌ی دایكم دڵمه‌ند نه‌بێ ده‌نگم هه‌ڵێناوه و كوتوومه:« دایه گیان! چا ده‌خۆم چا . . .» ئه‌ویش چووه جامێكی «ماستاو» بۆ هێناوم و من كه یه‌كجار ماندوو بووم و تاسه‌ی چایه‌كی گه‌رم جار له گه‌ڵ جار پتر جاڕزی كردووم،هێندێك ددانم لێك سووه و كوتوومه: « چا !!» و دیومه دایكم ره‌نگی هه‌ڵبزركاوه و به په‌له چووه تاوه‌یه‌كی پڕ له "هه‌ڵوا"ی هێناوه و له پێشمی داناوه و من ده‌ستم له‌رزیوه و ده‌نگم گڕ بووه و ده‌ستم كردووه به سمێڵ كرۆشتنی خۆم، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌نگم ئاوێته‌یه‌ك بووه له رق و نه‌فره‌ت و خۆشه‌ویستی و پاڕاومه‌ته‌وه: «چا . . . چایه‌كی گه‌رم». كه‌چی وه‌ختایه‌ك گه‌ڕاوه‌ته‌وه چه‌قۆیه‌كی ده‌سكداری بۆ هێناوم و من كه شایه‌د له‌و وه‌خته‌دا چاوم بۆته گۆمی خوێن، سه‌رشێتانه ده‌سكی چه‌قۆكه‌م له ده‌ستمدا كوشیوه و له سه‌ر دڵیم كوتاوه و نه‌ڕاندوومه: «چا . . . چا . . . چایه‌كی گه‌رم» و دایكم له باوه‌شمدا تواوه‌ته‌وه، هه‌ستم كردووه چاوی پڕ بووه له خۆشه‌ویستی و له حاڵێكدا خوێن به زاریدا هاتۆته ده‌رێ، به لاچاومدا نووساوه، تینی خوێنه‌كه‌ی هه‌ڵمی چایه‌كی گه‌رمی وه‌بیر هێناومه‌وه.
ته‌واوی ئه‌مانه‌م زۆر به شێنه‌یی و له سه‌ره‌خۆ به بێ ئه‌وه‌ی شتێكم بواردبێ بۆ ره‌ییس دادگا گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه بوو كه وه‌ختایه‌ك كوتی: «تۆ تاوانباری و ئاخر قسه‌ت له بێگوناهی خۆتدا چییه و ئاخر ئاواتت چییه» من ته‌نیا كوتم: «چا . . . چایه‌كی گه‌رمم ده‌وێ» ره‌ییس دادگاش هه‌ر جارێكی كه دووپاتم ده‌كرده‌وه پێی وابوو مه‌به‌ستم بێگوناهی یان چه‌قۆ و شتی دیكه‌یه، هه‌ر بۆیه‌ش تووڕه بوو و حوكمی دا پاش چوار رۆژی دیكه له دارم ده‌ن.
ئه‌مڕۆ دووهه‌م رۆژه و من له ئاره‌زوی چایه‌كی گه‌رمدا ته‌واوی سللوله‌كانی له‌شم ده‌ناڵێنن، ئه‌وه شایه‌د سه‌ده‌مین یان هه‌زاره‌مین جاره ده‌ركه‌ی زیندان ده‌كوتم و داوای چا ده‌كه‌م كه‌چی هه‌ر جاره‌ی شتێكم بۆ دێنن. هه‌تا ئاخر جار كه پێیان وایه مه‌به‌ستم داره و دوو كه‌س دێن و بن باڵم ده‌گرن و په‌تی سێداره‌م له مل ده‌كه‌ن و دوایه‌ش به تاسه‌ی خورادنی چا . .. چایه‌كی گه‌رم، گه‌رم وه‌ك هاڵاوی خوێنی دایكم ده‌ست ده‌كه‌م به لاقه‌فرتێ.
مه‌ودا ؛ وێبلاگی عه‌زیز مه‌حموودپوور