تبليغاتX
www.rwana.com -

  

 

 

 

 

شێعر: مێکانیزمی تێک بەزینی پەیڤ و کردە

خوێندنەوەی دەفتەری " قاڵی یەک دەناسم لە هەرچی گوڵی یەتی ماندووە"

       ڕەهبەر مەحموودزادە        

 

(1)

دەسپێکی باسەکە بە پرسیارێکەوە گرێ دەدەین و پرسیارەکەش بە چەخماخەی ڕوون کردنەوەیەکەوە دادەگیرسێنین: ڕستەی ئەمری هەمیشە دوو لایەنی هەیە. لایەنی یەکەم ئەوەیە ئەمر دەکات و لایەنی دووەم ئەوەیە ئەمری پێ دەکرێت.

چامەی  قاڵی یەک دەناسم لە هەرچی گوڵی یەتی ماندووە/ بەیان نامە بە دوو مانا ،(یەکەم دەفتەری شێعری بڵاو کراوەی ڕەزا عەلی پوور) بە سێ ڕستەی ئەمری و ڕستەیەکی شێوە تێبینی یەوە دست پێ دەکات:

موڕەبەعێ دابنێ

لەسەری دانیشە

بیر لە لۆرکا بکەرەوە

ئیسپانیا

یانی

        گا

ماهییەتی ڕستەگەلێکی لەم چەشنە لە سەرەتای چامەیەکی لەم دەستە چۆن دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت؟ "سێسامی واڵابە" ئەوە ڕستەی ئەفسووناوی ناو ئەفسانەیەکی شەرقی یە کە بەهۆیەوە دەرگا داخراوەکان دەخرێنە سەرپشت. ئەو ڕستەیە لە یەک کات دا پەیڤە چونکە دەگوترێت  و کردەشە چونکە کارێک دەکات واتە دەرگا داخراوەکان دەکاتەوە. لەسەریەک ئەو رستەیە کارگوتەیە یان گوتەى کردەکى یە. ئەو زاراوەیە هی فیلسووفی قوتابخانەی ئاکسفورد "ئاستین"ە. ئاستین دەڵێت هەندێک ڕستە هەن کە پرسی ڕاستی یان ناڕاستی نایان گرێتەوە. ناکرێت بڵێی ڕاستن یا ناڕاستن چونکە لەڕاستی دا شتێک ناڵێن یان گوزارشێک ناکەن کە گوتنەکەیان یان گوزارشەکەیان ڕاست بێت یان ناڕِاست. ئەو ڕستانە کارێک دەکەن. کەواتە دەکرێت بڵێین کارەکەیان بەجێ یە یان بێ جێ یە. ئەم ڕستانەی خوارەوە لەم دەستەن:

من بەڵێنیت پێ دەدەم کە ....

من بەرعۆدە دەبم کە ...

من پێت ڕادەگەیێنم کە...

ڕەخنەگرە ئەدەبی یەکان زۆر ژیرانە تیۆری ئاستینیان قۆستەوە. تۆمەز لە پانتایی ئەدەبیش دا پرسی ڕاستی یان ناڕاستی، هەڵدەپەسێردرێت. ئێمە لە کاتی هەڵسەنگاندنی ڕستەی ناو شێعرێک، سەبارەت بە ڕاستی یان ناڕاستی یەکەی لێکۆڵینەوە ناکەین بەڵکوو دەمانهەوێت بزانین چۆن ئەو ڕستەیە لەگەڵ بەشە ناودەقی یەکانی دەور و پشتی هاوئاهەنگە. لە پلەی یەکەم دا نامان هەوێت بزانین ئەو ڕستەیە چی دەڵێت. گەرەکمانە بزانین ئەو ڕستەیە چی دەکات. کەواتە دەقی ئەدەبی لە گشتایەتی خۆی دا وەکوو کارگوتەیەک وایە. بە گوتەیەکی تر، دەقی ئەدەبی ئەو دۆخەی دەستی بۆ ڕادەدێرێت، دۆخێکی لەپێشدا هەبوو نیە، بەڵکوو هەر بەو دەست ڕاداشتنە دەی خوڵقێنێت. دەستی ئەدەب دەستێکی ئەفسووناوی یە. ج.هیلیس میلێر دەڵێت:

 

 لە ڕوانگەى منەوە ڕستەکانی سەرەتای دەقە ئەدەبی یەکان خاوەنی هێزێکی تایبەتن. ئەم ڕستانە لە حوکمی ڕستەی "سێسامی واڵابە" دان کە ئاسۆی ڕۆنراوی دەق لەبەر چاوی خوێنەر ڕادەخەن. هەربەتەنیا چەند وشەیەک بەسە هەتا بڕوا بەو جیهانە تازەیە بێنین و باوڕی پێ بکەین بەو شێوەیە دەبین بە بینەری فروسماو و سێحر لێ کراوی جیهانێکی مەجازی.(1)

 

 موڕەبەعێ دابنێ 

    لەسەری دانیشە

ئەو موڕەببەعە ئەو جیهانە مەجازی یە یە کە بەردەنگ لە ناوی دا دادەنیشێت و قەرارە لە ناوی دا بفروسمێت. گوتمان ڕستەی ئەمری دوو لایەنی هەیە.لایەنە ئەمرپێ کراوەکە ئەوا بۆ بیرکردنەوە لە لۆرکا یان جیهانی لۆرکا یان بڵێین لە جیهانی مەجازیی شێعری لۆرکا و بە گشتی بۆ بیرکردنەوە لە جیهانێکی مەجازیی شێعریی لە ناو موڕەببەعێکی خۆکرد دا بۆ دانیشتن بانگهێشتن دەکرێت. لایەنی تری ڕستە ئەمری یەکە، ناترسێت کەوشەکانی لە دێڕێک دا دابکەنێت و پاڵتاوەکەی بە حەرفێکی نیشان دراوەوە  هەڵاوەسێت و کڵاوێکی نەبوو بکاتە سەر نوقتەیەکەوە. جیهانی هاوبەشی بوێژی ئەمر و بەرەدەنگەکەی جیهانێکی ئینتزاعیی زمانیی - هەندەسی یە. هەندەسی یە چونکە دیاردەکانی لە چەشنی مورەببەع و موکەععەب و حەجم و عەدەد و موسەللەسن و نیسبەتی نێوان ئەو دیاردانە لە ڕەگەزی نیسبەتی وەک مساوی بوون و موازی بوون و ... شتی لەم چەشنەن.

کێ منی سواری هەنگاوەکانم کرد؟

ئەوەندە لە باڵندەی مساوی دا قەدەم ئەفڕم

ئەم برۆ باڵندە ئاسایەم

لە سێبەری

-کلاسیک وەک دەڵێ-

درەختی قژما

نیشتووەتەوە

باڵندەی مساوی وەک دیارە تەعبیرێکە لە برۆ. ئەو تەعبیرە لەناو جیهانێکی هەندەسی دا خوڵقێندراوە.

فڕۆکەکان بە هێندەسەی مناڵیما

 دێن و دەچم

دایکم ئەبێ بە عەسرەکانیا بگری

شەوبۆــ کان

لەگریانەکانیا

لە هیندەسە سادەکەیا مونتەزرن

 

لەو جیهانە هەندەسەیی یەدا، هەندەسە بە هەموو ئینتزاعێکەوە کە تێی دایە، هێندەی گۆرەوی بەرهەستە.

       

 لە گوشەی شەوێکتا

  -: دامبنێ هیندەسە و گۆرەوی یەکانم بشۆم

 

بەڵام زمانیی بوونی ئەم جیهانە، شایەد حاڵی زۆرترە.

"ئەوپەڕەکەی مردنم دالێکە ڕاخراو"

یان ئێوارەکان لە نوونێک دا

 گیرفانی کراسەکەم، قووڵتر بشۆم

لەو دێڕانە دا، "دال" وشەیە و حەرفیشە. وشەیە بە مانای دەلالەت کەر و  حەرفە بەشێوەی (د). ئەو حەرفە ئەگەر ڕاخرێت شێوەی (ــــ) بەخۆوە دەگرێت وەک دارەبازی مردوو،بۆیە دەڵێت مردنم دالێکە ڕاخراو .لێرەدا شکڵی وشەکان بوونە بە مایەی ئیلهامی شاعیر."نوون" وشەیە و حەرفە و وێنەشە. وشەیە بە شێوەی "نوون"، حەرفە بە شێوەی (ن) و وێنەیە بە شێوەی قووڵایی شتێکی وەک تەشت. لێرەدا حەرفی (ن) دەشۆردرێت. هەروەک چۆن هەندەسەش وەکوو گۆرەوی دەشۆردرێت.شاعیر خەریکی شوتنی ئەو جیهانە زمانیی – هەندەسی یەیە. شاعیر لێرەدا وەکوو سۆهراب تاوانبار ناکرێت بە حوکم دەرکردن (چشم ها را باید شست/ جور دیگر باید دید). خۆی هەر بە شێعرەکانی خەریکی شوتنەوەی جیهانی زمانیی ــ هەندەسیی شێعرەکانیەتی.

دیسان بۆ زمانیی بوونی دیاردەکانی ناو جیهانی شێعر، شایەدی دیکە لە بەردەست دایە:

باوەڕکەن

ناترسم

لەم دێڕەدا کەوشەکانم

دابکەنم

دووکەڵی جگەرە

لەپەڕانتیزێکی گشتیدا"ڕێ" بخەم

ئەوپەڕەکەی مردنم "دال"ێکە بەروپشت

ئەگەر کارمان بەو پەرانتێزە گشتی یە نەبێت کە دووکەڵی لێ ڕێ دەخرێت ــ و پێم وایە ئەو پەرانتێزە دوو لێوی کابرای جگەرەکێشەــ "ڕێ"ش لەم بەشەدا وەکوو دال و نوونی بەشەکانی پێشوو وشەیەکی چەندقاتە: حەرفی (ڕ) یە و وشەی ڕێگایە.

تێکەڵەی هەندەسی و زمانی لەم بەشەی خوارەوە دا بە باشی لەپاڵ یەک دا وەدیاردەکەوێت:

ئەکرێ موکەعەبێک دابنێی

لە سەری بوەستی

ئێستا دێڕێک لە ملتەوە بئاڵێنە

بەمردن خۆ دەستت

خۆ دەستت بە مردن کە ئەگا

 

بۆیە دەڵێم تێکەڵەی هەندەسی و زمانی لەم بەشەدا بە باشی خۆی دەنوێنێت چونکە بەردەنگ بۆ ئەوەی دێڕ (دیاردەیەکی زمانی) لە ملی بئاڵێنێت، پێی پێشنیار دەکرێت موکەععەبێک (دیاردەیەکی هەندەسی) دابنێت. بەڵام باسەکە هەر لێرەدا کۆتایی پێ نایێت. پێشنیارکەرەکە هەر بە تەنیا پێشنیار ناکات. بە کردەوە یاریدەی پێشنیارپێ کراوەکەش دەدات هەتا چاکتر بتوانێت وەسەر شتێک بکەوێت و دەستی خۆی بگەیێنێتە شتێکی تر، دەڵێت:

بە مردن خۆ دەستت

خۆ دەستت بە مردن کە ئەگا

لەم دوو دێڕانە،دێڕی پێشتر لەناو دێڕی دوایی دا هەیە. ئەو دێڕە سەرەتایی یە بۆیێ هاتووە هەتا پێشنیارپێ کراوەکە چاکتر بتوانێت پێی هەڵگەڕێت و لێی سەرکەوێت. ئەو کۆپلەیە، بایی دێڕێک بڵیندتر کراوەتەوە، وەک نەردیوانێک کە پلەیەکی زیاتری بۆ داندرابێت. ئەو دێڕەش هەر کاری موکەععەبەکە دەکات و یاریدەی کەسەکە دەدات هەتا بتوانێت پتر خۆی هەڵکێشێت و باشتر بتوانێت دەستی بە شتی مەبەستی بگەیێنێت. موکەععەب شتێکی هەندەسی یە و دێڕ شتێکی زمانی یە، دیسان گەیشتینەوە تێکەڵەکەی گۆرین. بەڵام سەبارەت بەو بەشەی شێعر، ناکرێت باسی بابەتێکی تر نەکەین. ئەگەرچی لەوانەیە جێگای ئەم باسە ئەم شوێنەی وتارەکەمان نەبێت. ئەویش بریتی یە لە ڕەگەی بەهێز بەڵام شاردراوەی تەنز لەم شێعرەدا. لەم بەشەدا پێشنیار بە کەسێک دەکرێت کە موکەععەبێک دابنێت و لە سەری بوەستێت هەتا دێڕێک لەملی بئاڵێنێت. تەنانەت پیشنیارکەرەکە بۆخۆی دێڕێکیش دادەنێت هەتا وێڕای موکەععەبەکە دەستی پێشنیار پێ کراوەکە باشتر بە مردن بگەیێنن. بەڵام هەر دوای ئەو دێڕانەیە کە خوێنەر دەزانێت مردنێک لەگۆڕێ دا نیە. ئەو پەل کوتانە بۆ گەیشتن بە مردن نیە، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە تاقەیەکی بڵیندە:

بە مردن خۆ دەستت

خۆ دەستت بەمردن کە ئەگا

تاقەکە چی تیایە؟ هیچ!

نوقتە سەری خەت

 

تراژێدیاکە دەبێت بەکۆمێدی و ئامادەبوونی تەنز لە شێعردا ڕادەگەیێندرێت.

 

(2)

بەر لەوەی لەبەشی سێهەمی ئەم وتارە دا جارێکی تر بگەڕێمەوە سەر دوو لایەنی ئەو ڕستە ئەمری یانەی لە سەرەتای شێعردا بەرەوڕوویان دەبینەوە، بە بیانووی قسەکردن لە وشەی چەندقاتی وەکوو "ڕێ" و "نوون" و "دال" باسێکی تر دەهێنمەگۆرێ. باسی زێدەدێترمینیزم (overdetermimism) یان (تعین مفرت). وێ دەچێت ئەو زاراوەیە یەکەم جار لە لایەن فرۆیدەوە بەکار هێندرابێت. زێدەدێترمینیزم یەکێک لە تایبەتمەندی یەکانی خەونە. داڕشتەی خەون بە چەشنێکە کە چەندین بیر کێشەکێ (تداعی) و چەندین ڕووداو و چەندین وێنە دەخاتە سەریەک و دەیانکاتە یەک وێنە. وەک ئەوەی ئیمە بیچمی کەسێکی وەک (ئەلف) لە خەون دا ببینین و هەر لەو خەونەدا بەناوی کەسی (ب) بانگی بکەین و پێمان وا بێت ئەو کەسە، (پ)یە. خودی فرۆید بۆ ئەم حالەتە نێگاتیڤ یان فیلمێکی وێنەگری بە نموونە دەهێنیتەوە کە چەندین جار وێنەی پێ هەڵگیرابێت و هەموو وێنەکان کەوتبنە سەریەک. خەون لە ڕوانگەی فرۆیدەوە لە سۆنگەی ئەم زیدەدێترمێنزمەوە راڤەهەڵگرە. ڕاڤەکار دەبێت بتوانێت وێنە بەسەریەک دا کەوتووەکان بە جوانی لە یەک جودا بکاتەوە و دوایێ پێوەندی ئەم وێنانە بەیەکەوە بدۆزێتەوە و بەم چەشنە خەونەکە راڤە یان شی بکاتەوە.

ئایا دەکرێت نموونەی زێدەدێترمینیزم لە دەقی ئەدەبیش دا دەست نیشان بکرێت؟ لە دەقی ئەدەبی دا نەک هەر وێنە و ئیماژەکان بۆیان هەیە بکەونە سەریەک،بگرە جاری وایە ڕاوێژ (لەحن)ی گوتەکانیش دەکەونە سەر یەک. تەنانەت جاری وایە وەجهی ڕێزمانیی ڕستەکانیش دەکەونە سەر یەک. بڕواننە ئەم ڕستەی خوارەوە لە شێعرێکی یوونس ڕەزایی دا:

ــ تکایە شاخ!/ بە بەر چاوی هەمووانەوە میژووت بڵیندە؟

ئایا بە شێوەیەکی قەتعی بۆمان یەکلا  دەکرێتەوە کە وەجهی ڕێزمانی ئەو ڕستەیە تکاکارانەیە یا پرسیارکەرانە؟ ڕاستی یەکەی ئەوەیە کە ئەم دوو وەجهە کەوتوونەتە سەریەک. هەر بۆیە بە شێوەیەکی نائاسایی دوو نیشانەی سەرسوڕمان و پرسیار لە دەربڕینێک دا هاتوون.

دەقی ئەدەبی لەباری هەبوونی تایبەتمەندی زێدەدێترمنیزمەوە وەکوو خەون وایە و راڤەهەڵگر بوونەکەشی هەرلەم سۆنگەیەوەیە. ئێمە لە سەرنج دان بە وشەکانی "ڕێ" و "نوون" و "دال"دا شاهیدی نموونەیەک لەو زێدەدێترمینیزمە بووین. دەکرێت بڵێین هەر بە گشتی کارکردی  خوازە لە ئەدەب دا بریتی یە لە رێ خوش کردن بۆ پێک هاتنی ئەم زیدەدێترمینیزمە. نالی دەڵێت:

 

دەم هەمدەمی غونچێکە نەپشکووتووە هێشتا

با کەشفی نەکرد بەرگی عەترپۆشی گوڵی ڕووت

 

لە رێکەوەندی غونچێکی نەپشکوتوودا دو وێنە کەوتوونەتە سەریەک. وێنەی غونچە و وێنەی زارێکی وەکوو غونچە. هەروەک چۆن لە وشەی "با" دا دوو وێنەی "شنەبا" و "هەناسەی یار" کەوتوونەتە سەریەک. ئێمە لە تەعبیرەکانی "باڵندەی مساوی" و "پەرانتێزێکی گشتی"دا شاهیدی ئەو وێنە یان ئەو مانا بە سەریەک دا کەتووانە بووین. هەر لە سەرەتا و لە خوێندنەوەی ناوی چامەکەدا، ئاماژەیەک بۆ ئەو زیدەدێترمینیزمە هەیە: بەیان نامە بە دوو مانا. بەیان نامە دەتوانێت بە مانای مانیفێست بێت.ئەگەر وابێت وەک هەندێک ڕەخنەگر ئاماژەیان پێ کردووە، دەقی شێعرەکە خۆی دەبێت بە مانیفێستی خۆی. بەڵام ئەگەر بەیان وەکوو ناوێکی تایبەت چاو لێ بکەین بەیان نامە دەبێت بە هاوشێوەی وشەیەکی وەکوو شانامە.واتە نووسراوەیەک کە لەسەر شەرەفی شا نووسرابێت یان شەڕەف نامە واتە نووسراوەی شەڕەف  خان.

دیارە دۆزینەوەی ئەو زێدەدێترمینیزمە لە وێنەکان و تەعبیرەکان دا کارێکی سانایە. بەڵام لەچامەی "بەیان نامە بە دوو مانا"دا زێدەدێترمینیزم لە ڕاوێژ (لەحن)ی گوتەکانیش دا وەبەر چاو دەکەوێت.

تۆپێک لە مناڵیما، نایلۆنە و نایلۆنەو

لە ناو نایلۆنەی خەت خەتا بوو

لەم بەشەی سەرەوەدا ڕاوێژی گێڕانەوەی بیرەوەری یەکی سەردەمی منداڵی لەگەل ڕاوێژی گۆرانی یەک دا تێکەل بوونە یا باشترە بڵێین ئەو دوو ڕاوێژانە کەوتوونەتە سەریەک. لەم بەشەی خوارەوەدا شاهیدی کەوتنە سەریەکی ڕاوێژی گۆرانی لەگەڵ ڕاوێژی تەنز دەبین:

گەلاوێژ کڵاوێ خارجی لەسەرما

گەلاوێژ لیباسێ سەربازی لەبەرما

 شەوێک ئەبم بە هێندەسە

 لە سینەتا

شەوێک ئەبم بە مەخمەسە

 شەوێک ئەبێ ئاوم بکەی

 پڕ بە ڕەزا قاوم بکەی

 

لەو ڕەوتی تێکەل بوون و بە سەریەک دا کەوتنە، ڕاوێژی تەنزاوی و ڕاوێژی مەنتیقیش لەیەک نامێننەوە و پێکەوە دەربڕینێکی تەنزاوی-مەنتیقی ساز دەکەن:

تۆ وتت: بڕێ دار سەوز ئەبن بۆ ئەوەی سەوز ئەبن

من وتم: بڕێ با-بایان دێ بۆ ئەوەی با-یان بێ...

من ئەڵێم: بڕێ وا وایان دێ، بۆ ئەوەی وایان بێ.

وا هەست دەکرێت ئەو زێدەدێترمینیزمە رواێژی یە بەتایبەت لە کاتی بەکارهێنانی ڕاوێژە تەنزاوییەکە، لە هەندێک شوێن دا نەختێک زێدەرویی تێ دا کراوە ، بۆ نموونە لە دێڕی دوایی ئەم بەشە:

پڕم دەکەن لە خراپێ

ئەتلێمەوە بە خەڵتانێ

ئای لە منی فاڵوێرانێ

ئەوە دەنگی حەیرانە کە لە دێڕى دوایی دا بەهۆی وشەی فالوێرانێ دەشێوێندرێت. دیارە نەفسی شێوانەکە خراپ نیە بەڵکوو چۆنیەتی یەکەی تا ڕادەیەک لەزەوق دەدات.

ئێمە لە جێگایەکی تری ئەم چامەیەدا جارێکی تر تووشی دەنگی حەیران دێینەوە. ئەوجار بە وردەکاری یەکەوە:

وەڵڵاهی ئەگەر تۆم

 دوو دەری و پەنجەرە ببوایێ

 شیری حەوبرام لەسەر گەردنێ ماتل بێ

دوو ماچان وردەگرم

 لە زەردە گۆنایێ

 بە تۆ ئەمام

 ئەگەر دنیام بە خۆیەوە لێ قاتل بێ

های لە منی تا هەتایێ

 وای لە تۆیێ بێ وەفایێ

لەم بەشەدا دوو دەنگ پێکەوە تێکەل کراون. دەنگی پێرسۆناژی کچ (کچەحەیران) و دەنگی پێرسۆناژی کوڕ(کوڕە حەیران). دەنگە مێیەکە لەو شوێنەوە دەبیسترێت کە بەشی سەرەوە لە بنەڕەت ڕا لەوەڵامی دەنگێکی نێر گوتراوە. ئەم دەنگە نێرە بەر لەو بەشە ئاوا دەڵێت:

من حازرم پەنجەرە بم

 ئەگەر جارێ دەستەکانم

 بە پەردەییتا هەڵواسم

دیارە دەنگە مێیەکەش لەوەڵامی دا دەڵێتەوە ئەگەر تۆم دوودەری و پەنجەرە ببوایەی...هتد.

بەڵام لە دێڕەکانی "دوو ماچان وەردەگرم/ لە زەردە گۆنایێ"دا، ڕاوێژی دەنگەکە وێ دەچێت گۆڕابێت چونکە زەردەگۆنا، زۆرتر لە وەسفی کوڕە حەیران لە کچە حەیران دەچێت نە پێچەوانەکەی. بەڵام وردەکاری یە کە لە ڕێکەوەندی "بە تۆ ئەمام"دا دەبیندرێت. لەم دێڕە دا لە دەربڕینێکی باوی ناو حەیران و ئەدەبی فۆلکلۆری کەڵک وەرگیراوە. کوڕە حەیران دەڵێت:

بەژنت بە من بمێنێ بە داری عوودێ/ دەرسقا لە دەرکی شا و خوندکاران، لە دەروازەکەی کەونە تارانێ/  قامکت بە من بمێنێ بە کەڵەی فەڕەنگی/ ئەگەر کاتب و میرزا و خۆش خەت/ لەسەرکاغەزی مەرجانی دەستی دەکەن بەگێڕانێ

تەعبیری بە تۆ ئەمام، لە سەر بنەمای تەعبیری ... بە من بمێنێ ڕۆنراوە. ئەگەر تەعبیری ... بە من بمێنێ زۆرتر لە دەنگی کوڕە حەیران بۆ وەسفی کچەحەیران دا ببیسترێت، دیارە تەعبیری "بە تۆ ئەمام"یش دەبێت لەدەنگی کچ دا لەوڵامی وەسفی کوڕ دا ببیسترێت. شاعیر خۆی تەعبیری بە تۆ ئەمامی لەسەر بنەمای تەعبیری ... بە من بمێنێ داهێناوە.ئەوە نموونەیەک لە کەشفە زمانی یەکان و هەڵهێنجانی دەرەتانە شاردراوەکانی زمان لە لایەن شاعیری ئەم چامەیەوەن.

 

(3)

دیارە ئەو لایەنەی لە دێڕەکانی یەکەمی شێعردا ئەمری پێ دەکرێت، خوێنەر یان بڵێین خوێنەرێکی گریمانەیی یە. بەڵام با بزانین لایەنی یەکەم واتە ئەولایەنەی ئەمر دەکات کێ یە؟ لە لاپەڕەی 12 دا لە ناو نیشانەی [ دا ئاوا دەخوێننەوە:

[وابزانن من ڕەزا

باوەڕ کەن ماندوو بووم

ئەوەندە شاعێرم.]

 

لێرەدا دەنگ و سیمای شاعیر، هەم تاکە و هەم دیاریشە بەڵام دوو لاپەڕە دواتر لە ناو ئەم نیشانەیەدا لەگەل ئەم دەربڕینە بەرەوڕوو دەبینەوە:

[من پارکی تەقریبەن 1972 ژنێکم دەزانی

 سەرتاپا سوورێکی شەهوانی کە من بم لەبەردا

 کە دەڕۆی شۆستەکان تا ئەولای کووچەکە وەشوێنی دەکەوتین

 کتوپڕ زڕە زڕ... درگاکە و... دەکرامەوە رووت ئەبۆوە لە هەمبەر تەمەن و باڵایا

 ئەی خۆزگە نەک قاڵی پیاو ئەبووم

 ئیستاکەش عەزیەتی خەیاڵم کەدەکەم نایبینم

 نەک کاشی یان حەمام،

 ئاوێنەش بم چێم لە دەس دێ؟]

لەم چەند دێڕانەدا گێڕانەوە، یەک گێڕانەوەیە بەڵام سووژەی گێڕانەوە شکاوە و تەکسیر بووە. لە دێڕی یەکەم دا ڕاوی پارکە، لە دێڕی سێهەم دا ڕاوی کۆیە: شوستەکان، لە دێڕی چوارەم دا درگایە لە دێڕی شەشەم دا قاڵی یە. لە دێڕی دووهەم دا ڕاوی وەکوو پارک و شۆستە و درگا و قالی شتێکی بەرهەست نیە بەڵکوو چەمکێکە: سوورێکی شەهوانی. ئەگەر ڕاوی ناو قولاپی دووهەم لە گەل ئەوەی ناو قولاپی یەکەم بەیەک بزانین دەتوانین بڵێین ئەو دەنگەی لە سەرەتای شێعرەکە دا ئەمر بە خوێنەر دەکا دەنگێکی شکاو و تەکسیر کراوە کە دواتر لە ناو قولاپ دێتەدەر و لەناو کەش و هەوای شێعرەکەدا بڵاو دەبێتەوە. ئەو بۆچوونە تا ڕادەیەک بەهۆی دەقەوە پشت ڕاست دەکرێت. لە دوو شوێنی شێعرەکەدا دەنگە ئەمر پێ کەرەکە دەڵێت: لە یەکەوە تا من بژمێرە. لەم دێڕەدا لەجیاتی "من" هەر ژمارەیەک دابنێین، ئەو دێڕە ئاماژەی بۆ تەکسیری منی شێعریی دەبێت: دە، بیست، سەت و ... کە واتە هەر لە سەر ئەم بنەمایە جۆراوجۆری دەربڕین، جۆراوجۆری دەنگ و ڕاوێژ و جۆراوجۆری فۆڕم و دارشتە لەبەشە جوداجوداکانی ئەم شێعرەدا شتێکی چاوەڕوان نەکراو نیە و پاساوی بۆ هەیە.

ئەگەر جۆرێکی زێدەدێترمینیزم بریتی بێت لە بەسەریەک دا کەوتنی دوو دەنگی جوداواز،بڵاو بوونەوە و تەکسیر بوونی چەندین دەنگ لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دەق (نەک لە شوێنێک دا) بریتی یە لە فرەدەنگی.ئەم دوو بابەتە دەبێت جوداوازی یان لە نێوان دا دابندرێت.وەک نموونەیەکی تر بۆ فرەدەنگی دەبینین جارجار لەپال دەنگی حەیران و دەنگی گۆرانی و... دەنگێکی پیرۆزیش لەم شێعرەدا دەبیسترێت:

ئەمەیە قودڕەتی ئەو گەشتی خوێنانەی بۆ ئێمە

بڕۆن بە شوێن هەتاوێکدا کە بە پیاوەوە دەگڕێ یا ایهاالموئەنەس

هەڵبگەڕێن بە ناخی خۆتانا تا خەونی جەغزەکان، یا ایهاالموسەلەس

کەئاسمان زارێکی پێویست بوو بە ناوی خۆرەتاو

کەخۆر، پاڵێکی پێویست بوو، بەناوی خۆرهەڵات

کەزەوی قژێکی پێویست بوو لە جنسی گیا

لە شێعری کوردستانی ئێران دا پێشتریش نموونەی بەکارهێنانی ڕاوێژی کەلامی پیرۆز لەپاڵ دەربڕینێکی نامۆ و ناوەند لێ ستڕاوە دیتراوە:

سوێند بە دوو بەتڵی شەو/ من باریم لە کەروێشکەی سپی ژیانداو/...دەربیجەیەک/ خۆی پێ تەعاروف دەکردم/ بەرەو هەتاو/بە بەفر سوێند/دوو بەتڵی شەو ڕاشکاوە و/من لە جەغزی ئەم هاوینە سەرەڕوِیە دا / باریوم (یوونس ڕەزایی، بارانێک لە داس دا)

هەر لە درێژەی پڕۆژەی پێکهێنانی داڕشتەیەکی چەندفۆڕمی دا دەبینین هەروەک چۆن لەهەندێک بەشی ئەم چامەیەدا ئاراستەیەکی بنەماشکێنانە لەو دێڕانەدا دەدیترێت کە پێوەندییەکی مەنتیقی ــ لە چەشنی مەنتیقی ژیانی ڕۆژانە و کەلامی رۆژانە- تێیان دا بەدی ناکرێت، هەر ئاواش لە هەندێک بەش دا وەکوو شێعرێکی ئیماژیستی تووشی ئیماژی یەک لە دوای یەک دێین. بۆ هەردوو شێوە نووسین نموونە هەن:

شێوەی دەربڕینی بنەماشکێنانەی دوور لە مەنتیقی ژیان و پەیڤی ڕۆژانە:

واجبە ئەم دێڕە پڕ بکەم لە حەجمی شەڕەکان

 براکەم

 حەتمەن بە تەقە و خۆیەوە دەخەوت

من هێشتا بە لۆرکاوە نەخەوتبووم

 تا من و خوشکەکەم تێبگەین

 دیسانیش ئەو هەموو ساڵانە باخچەکەمان فرووغی گرتبوو.

 

        شێوە دەربڕینی ئیماژیستی:

کەمردن بە درێژاییشدا

 بەرەو سەر

 دایکمی دەگریاند،

 هەمیشە دەستی خۆی

ئەخاتە بەر دوعا

لەم ئیماژەدا دەستی بەرز بووەوەی دایک بە دارێک شوبهێندراوە کە لکەکانی بەرەو سەر ئاراستە کردبێت، هەڵبەت لەم وێنەیە دا، دووجار باوەڕە باوەکان بنەماشکێنی کراون. یەکەم لە بە ئەم ئەوکردنی ئاو و مردن دا. ئاو لە عەقڵی باو دا ڕەمزی ژیانە بەڵام لەم بەشەی شێعردا بەهاوشێوەی مەرگ دادەنرێت و هەروەک چۆن ئاو بەرەوسەر بە درەخت دا هەڵدەگەڕێت، ئاواش مەرگ بە بوونی دایک دا هەڵگەڕاوە. دووهەم لە ڕوانینی باودا، رەحمەت لە سەر ڕا بۆ خوار بە دەستی بۆ دوعا بەرز بووەوەدا دادەڕژێت، بەڵام لەم بەشەی شێعر دا، مەرگ لە خوار ڕا بۆسەر، دایک دەتەنێتەوە. لە بەشی دیکەش دا کەڵک لەوێنە ورگیراوە و ئاڕاستەی ئیماژیستی ڕەچاو کراوە.وەک ئەم ئیماژە: نەوت ئەکەمە ئیسترابی ئەم چرایەوە.

بەرچاوترین نموونەی شێعری چەندفۆرمی کە بەر لە چامەی "قاڵییەک دەناسم .." نووسرابێت چامەیەکە بە ناوی "دواییین چرکەکانی ژیانی چۆلەکەیەک" لە نووسینی کامبیزی کەریمی. لەم چامەیە دا پێکهاتەیەکی دراما ــ شێعر ــ پەخشان تان و پۆی تەونی چامەکەیان تەنیوەتەوە.

شێعری ڕەزا عەلی پوور موزاییکێکە یان بڵێین "مورەببەعێکە" لە ناو پێکهاتەی موزاییکی شێعری  کوردستانی ئێران دا.هەموو ئەو دەنگانە بەیەکەوە دیمەنێک لە جوغرافیای شێعری ئەمڕۆی کوردستانی ئێران پێشان دەدەن.

 

فروسماو: سیحر لێ کراو ــ افسون شدە

پەراوێز:

1-جوزف، هیلیس میلر،در باب ادبیات، ترجمە سهیل سمی،انتشارات ققنوس،1384،ل 35

 

+  87/11/10    rwane  |