یادداشتی حه‌وتوو ڕووناک‌بیری سه‌ربه‌خۆ
سه‌یدقادر هیدایه‌تی
بارودۆخی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌دیهێنه‌ری جۆرێکی تایبه‌تی رووناک‌بیر بووه ؛ به بێ له به‌ر چاو گرتنی ئه‌و خاڵه شایه‌د باسی روناکبیریی خۆی بکه‌وێته‌وه نێو دا‌و و جه‌غزێکی ئینتزاعییه‌وه . به‌و جۆره هه‌ر جۆره باسێک سه‌باره‌ت به رووناک‌بیر ده‌بێ به له‌به‌رچاوگرتنی به‌ستێن وزه‌مینه‌ی مێژوویی کۆمه‌ڵایه‌تی بکرێ .
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه که کورد رووناکبیری نه‌بووه ، تاکوو ئێستا چه‌ند به‌ره‌ی رووناکبیریی هه‌بووه که هه‌ر کام که‌ڵکه‌ڵه‌ی تایبه‌تی خۆیان بووه . هه‌ڵبه‌ت به‌و تێبینییه‌وه که هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به پێی راده‌ی پێشکه‌وتویی خۆی رووناکبیری تایبه‌تی خۆی هه‌بووه . ناکرێ رووناک‌بیر له واقعی کۆمه‌ڵگای تایبه‌تی خۆی هه‌ڵکه‌نرێ و له گه‌ڵ چه‌مکی سه‌ڵت و ئینتزاعی "رووناک‌بیر" له زه‌ینی کۆمه‌ڵناس و فیلسووفه‌کاندا هه‌ڵسه‌نگێنرێ . هه‌موو ڕووناکبیران له به‌ستێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی - فه‌رهه‌نگی - سیاسی تایبه‌تدا سه‌ریان هه‌ڵداوه ؛ به جۆرێک که ئه‌وانیش شوێنیان له‌و به‌ستێنه مێژوویه وه‌رگرتووه و شوێنیشیان داناوه .
کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کان و نه‌بوونی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌ت و کێشه‌ی ناسنامه (هوییه‌ت) و نه بوونی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیان و وه‌دواکه‌وتوویی ئابووری فه‌رهه‌نگی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا جۆرێکی تایبه‌تی رووناکبیریی به‌دی هێناوه .
ئێمه ده‌توانین باس له چه‌ند به‌ره‌ی جیاوازی رووناک‌بیر بکه‌ین که هه‌رکام سه‌رقاڵی گیر و گرفتی تایبه‌تیی سه‌رده‌می خۆیان بوون.
ده‌توانم بڵێم هه‌تا پێش شۆڕشی ئێران زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری رووناکبیرانی کورد حیزبی بوون ؛ به‌و واتایه که هه‌وڵ دان بۆ کورد ، هه‌وڵ دان بۆ به‌دی هێنانی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌ت ، هه‌وڵ دان بۆ زمانی کوردی ، هه‌وڵ دان بۆ پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵگا له باری فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و به گشتی هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێک ته‌نانه‌ت بۆ شێعر و هونه‌ریش کاتێک مه‌شرووعییه‌تیان هه‌بوو که له چوارچێوه‌ی حیزبێکی سیاسی‌دا بکرابایه . به‌ڵام له دوای ده‌س هه‌ڵگرتنی مامۆستا"هێمن" له خه‌باتی چه‌کدارانه و هێنانه گۆڕی جۆرێکی تازه‌ی خه‌بات ، تۆوی سه‌رهه‌ڵدانی به‌ره‌یه‌کی تازه‌ی رووناک‌بیر چێندرا . ده‌س هه‌ڵگرتنی هێمن له خه‌باتی چه‌کدارانه خاڵێكی وه‌رسووڕان بوو بۆ بزاڤی ڕووناکبیریی کورد .
ئێستا دوای ساڵانێکی زۆر ده‌توانین باسی پێکهاتنی رووناکبیری سه‌ربه‌خۆ بکه‌ین که باوه‌ڕی به خه‌باتی بنه‌ڕه‌تیی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه و به هۆی ئه‌وه‌ی که به چاوێکی ئیدۆلۆژیکی و حیزبانه‌وه ناڕوانێته کۆمه‌ڵگا (واقعبین)تر و پلۆرال(plural)تره .
ڕووناک‌بیری سه‌ربه‌خۆ به داهێنان له بواره جۆراوجۆره‌کاندا ڕه‌خنه‌گری حیزب و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و سوننه‌ته ؛ وه‌ها ئه‌رکێکی سه‌خت و دژوار و پڕ مه‌ترسیدار پێویستیی به خۆ ته‌یار کردن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵی کۆمه‌ڵگا هه‌یه ؛ بۆیه ئێستا رووناکبیری سه‌ربه‌خۆ پتر له‌ته‌نیایی و تارماییدا به ناخی کۆمه‌ڵگادا ڕۆ چووه ...