عازیه‌تباری کوڕێکی بێ‌ناونیشان
تاهیر حامیدی
دایکی پێی کوتبوو نابێ هێنده به نینۆک چێوه‌خرتێی زیپکه‌کانی سه‌رووچاوت بده‌ی ئه‌ینا جێی چنگه‌کانت هه‌تا داهاتوویێکی دووریش له‌سه‌ر روومه‌ته بێخه‌وشه‌کانت ده‌مێنێته‌وه و ناحه‌زت ده‌کا؛ به‌ڵام ئه‌م، سه‌ره‌تێکی وه‌بیر نه‌ده‌هاته‌وه ته‌نانه‌ت بیری له جوانی و ناشیرینی خۆی کردبێته‌وه و گاهه‌یه به ده‌گمه‌نیش خۆی له ئاوێنه‌دا بینیبێ. ئه‌م زیاتر له نێو ئه‌و خشته کاڵ و نه‌برژاوانه‌ی چینی دیواره سواخنهدراوهکانی شارۆچکه لاڕێکه‌ی خۆی ده‌ستێکی به کاکۆڵه سوورباوه‌کانی خۆیدا دێنا و لۆچی پاتۆڵه ناوفه‌ک شۆڕ و ده‌لنگ کورته‌که‌ی به‌سه‌ر ناوقه‌ده شووش و باریکه‌که‌یدا دابه‌ش ده‌کرد. هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و دیواره به خشت هه‌ڵچندراوانه‌ی وا دایکی، خه‌ون و خولیا و رواڵه‌تی ئه‌میشی له نێویاندا له سیقاڵدراوترین ئاوێنه‌کانی دونیا گه‌ش و روونتر ده‌بینی له‌گه‌ڵ کۆچی ئه‌و بۆ خوێندن له به‌رینترین شاری باوه‌شی ئه‌و سنووره‌ی وا شارۆچکه‌که‌ی ئه‌میشی له ئامێز گرتبوو، گرێ درا.
سه‌رقاڵی مانگه‌کانی سه‌ره‌تای نیشته‌جێ بوون له‌وێی ببوه چوون و گه‌ڕانه‌وه و هه‌نگاوبژێر کردنی شه‌قامه کورت مه‌وداکه‌ی نێوان زانکۆ و خه‌وگه. هاتووچۆ به نێو چینی ماشینه سه‌رله‌دووی یه‌ک ناوه مان گرتوه‌کان چاوه خومار و کزه‌کانی ئاواڵه‌تر و پانتای روانینیانی به‌رینتر ده‌کرد. به شانه‌چرکێ خۆی به نێو چین و لۆی هه‌ناسه قورقوشماویه‌کاندا ده‌کرد و ئه‌گه‌ر قومێک فێنکایی له ره‌هه‌ندی نسرمی داڵانه‌که‌ی زانکۆی وه‌گیر ده‌هات وایده‌زانی سه‌رکه‌وتنێکی سه‌ربه‌رزانه‌ی وه‌گیر که‌وتوه. له سه‌ره‌تادا زیاتر له هه‌موو شوێنێک خۆی ده‌کوتا بۆ نهۆمی ژێره‌وه‌ی ریزه پێپلیکانه‌کان و هه‌ڵپچڕینی کتێبێک، نووسراوه‌یێک، له‌تکه کاغه‌زێک یان ورد بوونه‌وه له پێنووسێکی کردبوه ئاکاری هاوڕێی ته‌نیاییه‌کان. زۆری خایاند هه‌تا وه‌ک سه‌رجه‌می خوێندکاره‌کانی دیکه له به‌ره‌چاودا و به لێشاو و ئارخه‌یانی له‌وه‌ی که‌س نیه به بۆڵه و ورته‌یێک له به‌سته جگه‌ره‌که‌ی هه‌ڵڕوانێ و ورده بۆڵه‌یێک دایچڵه‌کێنێ، سه‌رکۆنه‌یێک بکرێ یان لۆمه و تف و له‌حنه‌تێکی ئاوقه ببێت؛ به دزیه‌وه و تاقه خۆی، ساکه‌که‌ی شانی به رێک‌وپێکی له سه‌ر ڕان داده‌نا و به متمانه‌ی چۆڵ و هۆڵی هۆده‌که، جگه‌ره‌یێکی داده‌گیرساند و به نیانی دووکه‌ڵه خه‌سته ده‌مکێش کراوه‌که‌ی ساغ و سه‌لیم و بێ هه‌ڵهاویشتن بۆ قاری سیپه‌لاکه سوورخونه‌کانی، حه‌وا ده‌دایه ده‌ره‌وه. نیگای چاوه دایمه نزمه‌کانی حه‌وا که‌وتن و زیت و زه‌قتر له جاران به‌ره‌و ژوور هه‌ڵده‌کشان و پێده‌چوو تازه به‌ینێک بووبێت به زۆریش بێت شانه لاوازه‌کانی هه‌ڵبهێنێت و خۆی له ده‌قی رێک و پێکیێکی ئه‌وتۆ بدات. جه‌ڕومه‌نگه‌نی چۆکه له‌رزۆکه‌کانی توند و تۆڵ ده‌کرده‌وه و نه‌یده‌هێشت له کاتی پیاسه و رێ پێواندا وه‌کوو جاران بنووشتێنه‌وه و بۆ که‌سیش ده‌ربکه‌وێت سه‌ره‌تێک له به‌رفراوانی پاتۆڵێکی فشوفۆڵدا به‌ره‌ڵڵا کرابێتن و خۆیان به‌و چه‌شنه ویستبێتیان بچه‌مێنه‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی هه‌موان تێنه‌ده‌کۆشا بۆ ده‌ربڕینی رسته‌یێک، تۆ بڵێ تاقه پیتێکی بێ قابیله‌تیش بووبێت ده‌می تهنگوترشهوه بکات و ئاوی ئه‌و زنجیره رستانه له زاری وه‌ربدات وا دایکی به جۆرێکی دیکه نه‌قڵ و به‌سه‌رهاته خه‌وئاسا و خه‌ماڵوه‌کانی بیره‌وه‌ری و سه‌ربورده خۆڵه‌مێشیه‌کانی خۆیی پێیان گێڕابێته‌وه. شه‌وانی کپوکڕی سه‌رما قورسه‌کانی شارۆچکه‌که‌ی سه‌ره‌تی منداڵی و مێرمنداڵیه‌که‌ی له گرتووخانه‌ی نێوان ئه‌و دیواره پان و به‌رینانه‌ی به‌ربه‌ستی سه‌رما و تۆف له ژێر چاوه‌دێری به‌به‌زه‌یی ده‌لاقه له عه‌رز به‌رز و چاو نووقاوه سڕ پۆشه‌کانی ژووری ماڵه‌که‌یان به سووته‌مه‌نی کۆڵه‌پووشی دیرۆکه ئه‌فسووناویه‌کانی دایکی داده‌گرسا. تازه تێده‌گه‌یشت دایکی بۆ ده‌ربڕینی هه‌سته ناسکه‌کانیشی بووبێت ده‌بوایێت ده‌م باریکه‌وه نه‌کات، لێو هه‌ڵنه‌قورتێنێت، ده‌نگ نزمه‌وه نه‌کات، چاو کز نه‌خه‌وێنێت، سنووری پیته هاوده‌نگه‌کان پێکه‌وه تێکه‌ڵ نه‌کات و به گه‌رمای هه‌ناسه به رواڵه‌ت بێبه‌زه‌ییه‌کانی، له خه‌ونی سه‌رمابردوویی دایانچڵه‌کێنێت و میراتی زمانه وشک و ره‌قه‌که‌ی خۆی بخاته کۆشی ئه‌مانیشه‌وه. بیره‌وه‌ری چاولێکنانی ئاسمانه دڵڕه‌قه هه‌ورپۆشه‌که‌ی ساڵانی رابوردووی له بیر نه‌ده‌چوه‌وه. کۆڵانه لیپاولیپ له به‌فره‌کانی سبه‌ینانی بریقه‌داری ئه‌وسات هه‌لی بۆ ده‌ڕه‌خساندن به بێ چاوه‌دێری و ئیزنی خانه‌خوێ له‌م سه‌ربانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌ربان له په‌ینجه له‌ڕولاوازه‌کانه‌وه لێژ ببنه‌وه حه‌ساری جیرانه‌کان و هاوماڵه‌کانیان به چاو هه‌ڵنه‌بڕین له هاتوچۆیان ترس و خۆفی خۆ پاراستن نه‌خه‌نه دڵیانه‌وه و ئه‌مان چه‌لێک له‌م به‌ر و چه‌لێک له‌وبه‌ر به دهمههڵماڵینه رزگار له هه‌موو رێزمانه‌کان، هه‌ناسه‌جاڕێک هه‌ڵمی گه‌رم، تێکه‌ڵی سه‌رما بێ سووته‌مه‌نیه‌که‌ی ژوور و هۆده‌کان بکه‌ن.
ئاسایی بوو شه‌وانه له خه‌وگه‌ی هاوزمانه‌کانیدا قه‌ره‌بووی قوڕوقه‌پی رۆژانی خوێندنگه و سووچنشینیهکانی سه‌ر پۆلی ده‌رس بکاته‌وه. دوایین ریزی پۆل هێلانه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌و، حه‌شارگه‌یێکی چاک بوو بۆ کۆترێکی راوه‌دوونراو. گمه‌ی غه‌ریبی ئه‌م له حه‌شارگه ده‌ری ده‌په‌ڕاند و زیاتر له سی سه‌ری چاوده‌رپه‌ڕیو ملیان وه‌رده‌سووڕاند و شانه‌چرکێی تفه له گه‌روو گیراوه‌که‌ی بۆ جارێکی دیکه‌ش بوایێ ئیزنی ده‌م هه‌ڵپچڕینی پێ نه‌ده‌دا، ده‌یبوغزاند و خۆشی، که‌نه‌فتی و ملکزی له پشکنینی ئه‌و هه‌موو گوێچکه سیخوڕ و پاسه‌وانه‌چاوه بێ به‌زه‌ییانه وا چاوپۆشیان له هه‌ڵه‌ی تاقه سه‌روژێرێکی وته‌کانی نه‌ده‌کرد هه‌ڵیده‌کورماند. بزه‌یێکی دزێو له سیله‌ی چاوه چه‌توونه‌کانیانه‌وه هورووژمی ده‌کرده سه‌ری و چۆن ده‌بێت چاوه‌ڕوانی دڵه‌خورپێی ته‌ریکی و که‌مایه‌سیێکی بهجێوڕێی بۆ نه‌کرێت؟!
بۆی فێنکی شیله‌ی دارقه‌زوانه برینداره‌کانی زێده‌که‌ی خۆی بوو یان بنێشته خۆشه‌ی په‌رتووکه کۆن که‌وتوه‌کانی کتێبخانه‌ی خوێندنگه؟ به تازه‌یی بێت یان به جه‌سته هوڵوه‌ریوه په‌ڕه زه‌ردبوه‌کانیانه‌وه، ببوونه خانه‌خوێیه‌کی دڵاوای هه‌موو رۆژه‌یی و گڕوگاڵێکی دایمه‌وده‌رهه‌مه‌یی دڵخۆشی کرده ئه‌وێ و چاویان لێ ترووکاند، بزه‌یان خسته سه‌ر لێوه ته‌ماویه‌کانی، رایانکێشا، پاشان به‌ستیانه‌وه به سووچی ئارانی سه‌کۆیێکی په‌ڕکه‌وتوو؛ هه‌موو رۆژێک په‌لکێشیان کرد، راماڵیان دا و نه‌یانهێشت له‌وه زیاتر هه‌ست به نامۆییێکی ملشۆڕ بکات. تازه خه‌ریک بوو به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌یشت له هه‌رکوێ بته‌وێ راوه رفێقی خۆت بکه‌ی، قۆڵی کوڕانه‌ی بۆ هه‌ڵده‌ماڵیت و چاوه‌ڕوانی رێکه‌وت نه‌بوون چ په‌نجه‌یێک بێ ده‌ست و مشتاق ناهێڵێته‌وه!
کۆبوونه‌وه، چایی وه‌سه‌رنان و بادانی یه‌ک له شوێن یه‌کی جگه‌ره‌ی هه‌واڵانی شه‌وانی خه‌وگه له هه‌موو چه‌شنه قسه‌یێک که‌لاوی ده‌کرد. زیاتر له هه‌موو شتێک باس باسی سه‌ربورده‌ی رۆژی رابردوو بوو و ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی تاقه‌تاقه‌ی خوێندکاران له ماوه‌ی رۆژی رابردوودا له روانگه‌ی خۆیانه‌وه ده‌یانگێڕاوه. گه‌رمای گێڕانه‌وه‌ی مشتومڕه‌کانی نێو پۆل، تێکگیرانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ مامۆستا و باقی خوێندکاران، پێدا هوڵخوێندنه رقاویه‌کان، ئوستوور بوونی شاده‌ماری مله‌کانیان، هه‌ڵپه‌ڕینیان له قسه به‌رز و نزمه‌کانی باقی ئه‌وانه‌ی وا ته‌باییان له‌گه‌ڵ وته‌کانیان ده‌رنه‌ده‌بڕی، ده‌بوه شه‌وچه‌ره‌ی شه‌وگاره درێژه‌کانی ئه‌وێ و تاوه پڕگڕه‌کانی وه‌تاغه هه‌ڵماویه‌که هانی کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌کانی ده‌دا له‌و تۆفه سه‌یره‌دا سینگه رووته‌کانیان بکه‌نه له‌مپه‌ری فێنکایی. بریقه‌ی چاوه‌چه‌توونه‌کانی ئه‌و، له گۆمی ئه‌م هه‌را و هه‌ڵڵامه‌دا له چاوی هه‌موان به گه‌شه‌و نه‌شه‌تر ده‌ینواند و کوڕی خۆیی ده‌ویست پێبزانێ ده‌نگ نێریه‌که‌ی زیاتر هی ئه‌وه‌یه سه‌رانسه‌ری ئه‌و رۆژه به‌و زمانه‌ی دواوه وا ئه‌گه‌ر ئه‌م له سه‌ر لێواری له ئاورکه‌وتن، خۆ له ئاوی کوڵاتوو خستن، کایه به کلکی مارێکی چزاوی کردن و ته‌نانه‌ت وه‌به‌ر پیلی عیزراییل که‌وتنیش ببوایێ، دایکی نه‌یده‌توانی ده‌م هه‌ڵپچڕێت و رسته‌یێک چیه تاقه پیتێک به سه‌ر زاردا بێنێت. هه‌راوهه‌ڵڵامه ورده‌ورده به‌ره‌و هێدی بوونه‌وه داده‌به‌زی و له‌گه‌ڵ داخستنه‌وه‌ی په‌نجێره‌کان له حه‌یبه‌تی سه‌رما، له‌رزی دواباسی شه‌وچه‌ره ده‌شکایه نێو کۆڕ، لاقه‌کان له چوار مشقی بوون ده‌ترازان، یه‌که‌یه‌که تراو ده‌بوونه‌وه له سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت، جگه‌ره‌ی تازه داده‌گیرسان و که‌ش و هه‌وا ده‌گۆڕایه سه‌ر باسی کچانی به قیزوبێزی هاوپۆل.
خۆ له نیگای یه‌ک مڵاس دانی ئه‌و رۆژه‌یان خول و پێچێکی تێ‌یان ده‌خست. راوه‌دووی یه‌کنان و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به شوێن حه‌زه تراوه‌کاندا له ره‌هه‌ندی زانکۆ به‌ره‌و لاڕێترین قوژبنی ده‌بردن بۆ گۆڕینه‌وه‌ی نه‌رم و ئهسپاییترین به‌ڵێنه‌کانی بازنه‌ی ژیانیان و هه‌ر به‌و هه‌وایه‌ش گه‌رمای کۆڕ داده‌به‌زی و زۆر جار فرمێسکێکی ناموراد به‌ره‌و خوار تێکه‌ڵی ئه‌و دووکه‌ڵه خه‌سته ده‌بوو وا چاوی له چاو ون ده‌کرد و ئه‌ویش هێمن و بێ چرپه‌ی هه‌نگاوێک بێ ئه‌وه‌ی له کاتی ده‌لاقه داخستنه‌که‌وه وته‌یێکی به‌سه‌رزاردا هێنابێت؛ تۆزی دووکه‌ڵی ده‌کرده حه‌شارگه‌ی ده‌ربازبوون له‌وێ و به‌ره‌و وه‌تاغه چۆڵ و هۆڵه‌که‌ی خۆی راده‌خوشی.
ده‌ستم بۆ ده‌سته‌گیره‌ی دریای ژووره‌که‌ی برد. نه‌رمه‌ده‌نگ و جیڕه‌ی دریاکه هانی نه‌دا روویێک وه‌رسووڕێنێت و خۆی له ژێر پێخه‌فی خۆ گێل کردن ئاشکرا بکات. بێده‌نگیێکی زاڵی راسته‌قینه هه‌ناسه‌ی ژووره‌که‌ی وه‌ها پشووسوار کردبوو نه‌م وێرا سرته‌بانگێکیشی لێبکه‌م. خۆ به‌ژێر نوێندا کردن و چاو گه‌رم بوون هێنده‌ی نه‌خایاند که‌وتمه به‌ر تیشکی له‌رزۆک و به‌سامی شه‌وخه‌وه‌که و دووکه‌ڵی سیگاره‌که‌ی ئه‌و هه‌ناسه‌می سوار کرد. له درزی پێڵوه‌کانمه‌وه بینیم له سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت چۆکی هه‌ڵدابوو و ده‌ستێک له ئه‌نیشکه‌وه له‌سه‌ر چاوو ده‌ستێک پڕ له په‌پکه‌ی دووکه‌ڵ، ئه‌ژنۆی به هه‌وای چرکه‌چرکی باڵه‌ته‌پێی کاتژمێره دیواریه‌که سانه‌وه‌ی نه‌بوو. پاشه‌کشێمان به شه‌و ده‌کرد و هه‌ردوو به خه‌به‌ر و بێ کورته باسێک وه‌ک دوو گراوی نامۆ و نه‌ناس بێزی گۆڕانه‌وه‌ی تاقه حه‌رفێک پێکه‌وه، ده‌مانی هێنایه هێڵنج دان.
دوای سه‌ره‌تێکی زۆر له به‌سه‌رچوونی ئه‌و شه‌وه و شه‌وانێکی کوشنده‌ی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌ش، روومان لێک هه‌ڵماڵدراو و پێم وابێت که‌متر نهێنی هێشته‌وه بۆمی نه‌گێڕێته‌وه به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی هیچیان نه‌بوونه هۆی روونبوونه‌وه‌م و زنجیره‌ی به‌سه‌رهاته‌کانم بۆ وه‌سه‌ریه‌ک نه‌ده‌خرانه‌وه.
زۆری له مێرمنداڵیش تێپه‌ڕاندبوو لایه‌لایه‌ی شه‌وانه‌ی به‌ر له خه‌وتنی ببوه چنگ هه‌ڵپێکانی قورس و قایمی به‌هه‌ردوو ده‌ستی له جووته کچه شه‌رمن و سپیکه‌لانه‌کانی سه‌رسنگی دایکی. چ فێنکانێکی پڕ له بووژ و وزه‌یه کانیه مه‌یله‌وترشه به ڕواڵه‌ت و باس شیرینه‌که‌ی! هێشتا زۆری ده‌مێنێت ده‌ستی له گه‌رمای ره‌نگی هه‌موو سووراییه‌کان بترسێت سه‌ر له به‌یانیێک له ترپه‌ی هه‌نگاوه نه‌رم و به په‌له‌که‌ی دایکی داده‌چڵه‌کێت و پرسیار له دڵۆپ و گوڵه سووره‌کانی سه‌ر ده‌رپێیێکی هومایی، نیگای پڕ له خۆف و هه‌ڵه‌داوانی دایکی ده‌ست به ده‌سته‌گیره‌ی درگاوه به‌ره‌و خۆی وه‌رده‌گێڕێت و پێی حاڵی ده‌کرێت ده‌رزیێک له پێخه‌فیان که‌وتوه و لاقه بلووریه‌کانی دایه‌ی ئه‌نجنیوه.
دوای کۆتایی پێهاتنی قوتابخانه بێ چاو گه‌ڕاندن به حه‌سار و حه‌وش و بانی که‌سدا هه‌ڵاتن، چاو نه‌گه‌ڕاندن به شوێن ره‌فیقێکی هاوپۆل و ده‌ستله‌ملانی رێگای ئه‌وێ و ماڵه‌وه و پاشان ساکی کتێب به حه‌واوه و خۆ هاویشتنه سه‌ر کانیله به‌به‌ره‌که‌ته‌کانی دایه ده‌بێته چ باس و نه‌قڵ و شه‌وچه‌ره‌یێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره! شه‌وانی میوانی چوون، دڵیشی دانه‌ده‌چڵه‌کا کۆڕی خزم و که‌سوکاره هاوته‌مه‌نه‌کانی له ته‌گبیری کامه کایه و گه‌ڵاڵه‌یێکی دزێنین! شان به شانی دایه چوارمشقی و کار لێکردنی مێرده‌زمه‌ی خه‌و، رانه‌کانی دایه‌ی بۆ ده‌کرده سه‌رینێکی نه‌رم و نیان!
وه‌ک هه‌موو شه‌وێکی تر، شه‌که‌تی رۆژانی پڕله هاتوو چۆی ئه‌و شاره زه‌به‌للاح و پڕ له دووکه‌ڵه‌مان به کۆبوونه‌وه له وه‌تاغێک له کۆڕی هه‌واڵاندا له له‌ش راوده‌نا. مه‌ودای چه‌ند حه‌وتوو بوو ئه‌ومان له هیچ کۆبوونه‌وه‌یێکی پڕله هه‌را و وریا به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت و من نه‌بێت به بۆنه‌ی هاو وه‌تاغ بوونیه‌وه له نیوه شه‌ودا سووکه چاوێکم به جه‌سته به رواڵه‌ت خه‌وتوه‌که‌ی ده‌که‌وت، هیچیان بۆشایی ئه‌ویان به شتێکی گرینگ و نا ئاسایی لێک نه‌داوه و دایشیانی نه‌چڵه‌کاند. له‌سه‌ره‌تادا خۆدزینه‌وه‌ی شه‌وانه‌ی ئه‌و زۆر تووشی دڵه‌راوکێی نه‌کردم و به هه‌ستێکی غه‌واره‌ی سه‌ره‌تی تێپه‌ڕین له پله‌یێکی ته‌مه‌نی بۆ پله‌یێکی دیکه‌ی لاوی و ده‌سته و یه‌خه بوونی به‌ڕاستی ئه‌و له‌گه‌ڵ ژیانێکی راسته‌قینه و به‌ده‌ر له ئامانج خوازیه‌کانی مێرمنداڵی و سه‌ره‌تی تازه گرسانی هه‌ستیاریێکی خه‌واڵوو لێکم دایه‌وه؛ هه‌تا هه‌واڵی نه‌چوونه سه‌ر پۆلی ده‌رس خوێندن وه‌ک هه‌واڵێکی ناخۆش دایچڵه‌کاندم. به‌ره‌به‌ره هه‌موو، تێگه‌یشتن بوونه‌وه‌ره به‌رچاوه‌که‌ی جاران وه‌ک شه‌وه‌یێکی ته‌نیا و ته‌ریکی پاش نیوه‌شه‌وێکی ئاوس به باوگژه‌گژێکی خۆفاوی و هه‌ناسه‌سواری لێهاتوه و راوه‌ستان له سووچێکی چۆڵی حه‌ساری زانکۆ به سیگارێک له نێوان قامکه له‌ڕ و هه‌ڵکشاوه‌کانیدا له‌گه‌ڵ وه‌جووڵه‌جووڵ که‌وتنی قه‌ره‌وڵی چاوه‌کانی تێکه‌ڵ ده‌بوون و به په‌له له‌وێ دوور ده‌که‌وته‌وه. گورج و گۆڵی رۆیشتنه‌وه به‌ره‌و رێگای خه‌وگه هیچ له کڕوماتیه‌کانی نیوه‌شه‌وانی نه‌ده‌کاڵاوه. خه‌وتنه قورس و قۆڵه‌کانی ئێوارانی هاوکات بوو له‌گه‌ڵ جووڵه و گه‌مه و خواردنی کاتی شێوانی ئێمه و چرپه‌ی هه‌نگاوه‌کانی نیوه‌شه‌وانی ئه‌و تێکه‌ڵ به کرته‌ی قووت دانی به‌شه پێخۆره کۆن که‌وتوه‌که‌ی ئه‌گه‌ر به خه‌می بێده‌نگیه نائاساییه‌که‌ی ئه‌وه‌وه نه‌خه‌وتبایێم دامی نه‌ده‌چڵه‌کاند.
زۆری پێچوو هه‌تا ورده‌ورده و به شێنه‌یی، پچڕپچڕ و هه‌ر جار له شه‌وێکی کپ و ماتدا و به‌یناوبه‌ین تێم بگه‌یێنێت به‌ژنێکی به‌رز، هه‌نگاوێکی قورس، جه‌سته‌یێکی بۆشناغ، جووتێک چاوی تۆخی خومار و ترپه‌ی زمانێکی ناسک وه‌گه‌ڕی خستوه. له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌ڵوه‌داییه‌دا پۆلی ده‌رس و خوێندن ده‌بێته نوێنگه‌ی باسه پڕله گڕوگه‌رماکه‌ی ئه‌و. چه‌ند به شیرینی زانیبوو خۆی بۆ راوێژی رۆژانه‌ی مه‌یدانبازی سه‌ر کلاسی ده‌رس ته‌یار بکات و که‌ش و هه‌وای کۆڕی زانیاری له هه‌ر درگایێکه‌وه هه‌لی باس و وته‌ی بۆ ره‌خساند زمانێکی به وزه هه‌ڵسووڕێنێ، وه‌ک جاران خۆفی له هه‌ڵه‌وپه‌ڵه‌ی وته‌کانی خۆی نه‌بێت، وه‌ک گڕکانێکی به لرفه، زمان له دهقوفهقی شه‌رم و حه‌یا نه‌دات و له کۆتایی کۆڕدا پاش چۆڵ بوونی هۆڵی ده‌رس پێش به شۆڕه‌بی به‌ژنی به له‌ره و له‌نجه خۆشرهوتهکهی بگرێ و چاوترووکاندنێکی به عیشوه‌ی به واته‌ی ئافه‌رینێک بکاته باش ترین خه‌ڵاتی ده‌م لێکدان و عاره‌ق رژاندنه‌که‌ی رۆحی. ئه‌مه رۆژێک، دوان، سیان و چوار و چه‌نای چه‌ند رۆژ ده‌بێت درێژه‌ی هه‌بێت؟ که‌ی بێت و بتوانێ ته‌قته‌قه به‌ردی ئه‌م وشکه‌بواره پڕ له دڵه خورپه تێپه‌ڕێنێت و له دۆزه‌خی له دڵدا هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م رسته له قوڕگدا گیراوه ده‌رباز ببێت؟ له رهۆڵه‌ی بێ سریوه‌ی کاتی نان خواردنی خوێندکارانی زانکۆ ئه‌م داربووزه بێ گرێ و لقه چۆن داره پڕپیت و به به‌ره‌که‌ی به‌رانبه‌ری خۆی بکاته جیرانێکی لق و پۆپ تێک هاڵاو؟ خۆ ئه‌و له شاره به‌فرئاخنه‌که‌ی خۆیدا قه‌ت له له‌ره‌ی شۆڕه‌بیێکی هه‌ڵوه‌دای نه‌ڕوانیبوو به‌ڵام تازه به ره‌وت و له‌نجه‌ی ئه‌مدا تێده‌گه‌یشت هه‌ناسه هه‌ڵدان له ژێر شنه‌ی سه‌رسووکی شۆڕه‌بیدا چ به‌هه‌شتێکی بێ وێنه‌یه!
له‌م ماوه‌شدا بینانابینا بێده‌نگی و ماتیه‌که‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێده‌کرده‌وه و وه‌تاغمان لێ ده‌بوه گۆڕێکی دووکه‌سی و له پاش نیوه شه‌واندا پشته‌وقه‌فار له په‌نا شه‌وخه‌وێکی بێ‌تین چۆکێکی هه‌ڵدراو، لاقه‌که‌ی دیکه له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ، مه‌چه‌کێک له سه‌رچاو و سیگارێکی به تین سووکه درزێکی ده‌خسته نێوان پێڵوه تێکهاڵاوه‌کانم و سیله‌ی دزێنی چاومی به شوێن خۆیدا راده‌کێشا! هه‌ناسه هه‌ڵکێشانه ک‌ش و ماته‌کانی به جێی خۆی، هه‌ڵداشتنه‌که‌ی دوای ئه‌وه‌ی ببوه ئاور خۆشکه‌ری ژیله‌مۆ نهێنیه‌که‌ی ده‌روونم. هه‌رچه‌نده هه‌واڵانی دیکه‌ش ورده‌ورده له رووداوه‌که تێگه‌یشتبوون و نه‌یانده‌درکاند به‌ڵام به راوێژێکی گشتی ده‌مانویست له‌م به‌رزه‌که خۆڵه‌مێشیه ده‌رباز ببێت. هێنده به راستی و خه‌فه‌تباریه‌وه گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌م چیرۆکه پێچه‌ڵاوپووچه‌ی بۆ خۆی داڕشتبوو، هه‌تا خۆی له داهاتوودا سیحری ئه‌و ته‌لیسمه به‌ری نه‌دا و دڵۆپ دڵۆپ رووداوه‌کانی له نێو هه‌مواندا ته‌نیا بۆ من نه‌گێڕاوه، هیچمان نه‌مانوێرا پا بترازێنینه جه‌غزی سڕی و که‌ساسیه‌که‌یه‌وه.
له نێوان رایه‌ڵ و پۆکانی ئه‌م راخه‌ره ره‌نگاوره‌نگ و به باس و ده‌نگه‌دا هه‌موومان له سه‌ر ئه‌وه ساغ بووینه‌وه یه‌کێک له دۆسته هاوپۆله‌کانی خۆی وا زمانی نه‌ک له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌ڵکوو له گه‌ڵ کچه‌ی جادووباز، هاوشاری و زمان و نیشته جێی پێته‌ختی وڵات، یه‌کێک بوو ببێته تورنجی به‌رچاو و قسه‌کانی ئێمه ناڕاسته‌وخۆ به گوێی ئه‌و بگه‌یێنێت، رچه‌ی بۆ بشکێنێت، هانی بدات، پاڵی پێوه بنێت و له ئاکامدا نیانیه‌کانی زمانه‌که‌ی خۆی و ده‌ربڕینی به سرته و ورته‌ی کاتی حه‌ز و ئۆخژنی دڵدارانه‌ی به سه‌ر زاردا بێنێت. پتر له مانگێک کوڕه‌مان کرده که‌وڵیه‌وه. دوو هه‌یکه‌لی ناته‌با و لێک نه‌چوو. کوڕه به سووکه ریشێکی نووک تیژی به‌رچه‌ناگه و تایه قژێکی هاڵوز و هه‌ڵچوو، به‌ده‌م پیاسه‌ی نێو حه‌سار و ده‌رک و بانی زانکۆوه شان به شانی ئه‌و ده‌وری ده‌گێڕا و به‌و زمانه ده‌رسی ئه‌می داده‌دا وا قه‌ت دایکی ئه‌و نه‌یتوانی تاقه پیتێکیشی به رێک وپێکی به‌سه‌رزاردا بێنێت. هه‌ڵمی ئه‌و تراویلکه‌ی تێکه‌ڵ رۆحه غه‌واره‌که‌ی ده‌کرد وا نه‌یده‌زانی ئاخری به ته‌ڕایی ئاو ده‌سنوێژی ئارخه‌یانی ده‌گرێت یان له گێژاوی هه‌ڵه‌بووندا سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه. سووچ و تیژاییه‌کانی ئه‌و زمانه‌ی پێ سمی وا پێی فرچک درابوو، رووگرژیه‌کانی دایکی پێ لێک دابوه‌وه به‌ڵام خه‌مه زه‌رده‌که‌ی ژێر سپێنه‌ی چاوه‌کانی نه‌توانی پێ بسڕێته‌وه.
له‌ژێر ده‌قی شێعری رۆژێکی بارانیدا جیاواز له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌و رۆژانه‌ی وا به‌رانبه‌ر به کچه، له ره‌هه‌نده داپۆشراوه پڕ له دریاکه‌ی زانکۆ‌دا باسی حه‌قیقه‌ته تاڵه‌کانی نێو په‌رتووکه په‌ڕه‌زه‌رده‌کانیان کردبوو له ژێر چه‌ترێکی ساغ و سه‌لیمی بێ که‌ل و کوندا وه‌شوێن جادووی ژوانی شاژنی ئاواته‌کانی که‌وت. ده‌ستی هیوای سه‌رکه‌وتنم بۆ هه‌ڵهێنا، بزه‌ی سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر لێوه مه‌یله و خومه‌کانم که‌وت و له تاریک و لێڵه‌ی ژێر ئاسمانی سه‌رنراوه‌ی ئه‌و شاره دووکه‌ڵ و قورقوشماویه‌دا هه‌ستم به بۆنی جله خووساو و قژه داته‌پیوه‌کانی ئه‌و کرد به هه‌یبه‌تێکی شپڕێو و شانێکی داچۆڕاوه‌وه له ژێر نوێندا هه‌ڵده‌له‌رزێ و به مرواری ئاونگی سه‌ر روومه‌ته نادیاره‌کانی تابلۆیێک له سه‌ر قۆڵی دایمه داخراوی کراسه‌که‌ی بۆ بیره‌وه‌ریێکی ناموراد ده‌هۆنێته‌وه. گاهه‌یه به سواری چووبێت، به‌ڵام له‌وه‌یدا به پێیان گه‌ڕاوه شکی تێدا نه‌بوو!
به ئه‌سپایی و له سه‌ره‌خۆ، خۆم لێ دزیه‌وه و له‌وه به‌دواش له‌ژێر بنمیچی ژوورێکدا سه‌رمان له‌سه‌ر سه‌رینی شه‌که‌تی نه‌کرد. رۆژانی زۆر ده‌ماندی وه‌ک هه‌موو که‌سێکی ئاسایی، به‌وره و له سه‌ره‌خۆ هه‌نگاوی هه‌ڵده‌گرت. له کات و شوێنی دیاریکراو و له جێی خۆی له ژێرخان و هۆڵ و هۆده‌کانی زانکۆ خۆی وه‌به‌ر چاو ده‌خست و له بازنه‌ی چوار و پێنج که‌سی هاو پۆله‌کاندا چایێکی گه‌رم و سیگارێکی داگیرساو ده‌مانی خسته نه‌رمه‌باس و ئه‌م پاو ئه‌وپا کردن، ده خوله‌ک زیاتری نه‌ده‌خایاند و بێ قاقاو چاوه‌چاوێکی تێکه‌ڵ به دڵه‌خورپێ و سه‌رمای جواناوێکی ناواده له سه‌ره‌خۆ ته‌په‌ی هه‌نگاوه قورس و قایمه‌کانی کاتی جودا بوونه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی جاران داینه‌ده‌چڵه‌کاندین.
ئه‌وی لێ به‌ده‌ر، باسی حه‌زه به له‌ززه‌ته‌کانی کۆڕی شه‌وانمان جلی غه‌ریبی له‌به‌ر داماڵی، مۆری نه‌ناسیاوی له نێوچاوانی یه‌که‌یه‌که‌مان پاک کرده‌وه، له کۆبوونه‌وه‌ی هه‌واڵانی هاوزمانی شه‌وانی خه‌وگه په‌ڕه‌وازه‌ی نێو شه‌قامه بێ وچانه‌کانی کردین. چینی کراسی بۆنه سه‌رخۆشکه‌ر و جۆراوجۆره‌کانی نێو کافه‌کانمان لادا، به‌سه‌ر جیڕه‌ده‌نگی پێپلیکانه دارینه به‌چرکه و له‌رزۆکه‌که‌یدا به‌ره‌و سووچی تاریک و لێڵه‌ی نهۆمه په‌ڕکه‌وتوه‌کاندا سه‌رکه‌وتین، بێده‌نگ و سرته، له سه‌ر دوو کورسی شانمان کرده کۆڵه‌که‌ی قورسایی یه‌کترین و چه‌نای چه‌ند جووت چاوی ترسه‌نۆک و چاو له دریا، ده‌ستمان به سه‌ر شلکێنه‌ی گه‌نجی حه‌زه داخراوه‌کاندا گه‌ڕاند، ده‌نگی گیتارێکی ره‌به‌ن کێشکی بۆ ده‌نگه حه‌زاوی و کزه‌کانمان داشت، لێومان به په‌رداخه نایلۆنه‌کاندا چزا و پاشماوه‌ی قاوه سارده‌وه‌بوه‌کانمان رووی لالووتیان لێمان هه‌ڵقرچاند. فیشاڵی ئاوه‌دانی و مه‌زنی شارۆچکه په‌ران په‌رانه‌کانی خۆمان به گوێی دانیشتوه چاو له‌ده‌م بڕیوه‌کانی په‌نا ده‌ستمانه‌وه چرپاند و له دوای لێژ بوونه‌وه به‌ره‌و نهۆمی خواره‌وه خۆمان به نێو سۆما کوێرایی داهاتوه‌که‌ی شه‌وقی شێواندا کرد. شه‌و له خه‌وگه وه‌ک جاران کۆڕمان بۆ نه‌به‌ست و هه‌ریه‌که و له سووچی تایبه‌ت به خۆیدا له نێو بیری قووڵ و تارێکی بیره‌وه‌ریه‌کانمان هاویشت.
له بیره‌وه‌ری هه‌مووماندا جێ ژوانی شارۆچکه‌کانمان خۆی له ژێر چه‌تری تاریکیدا مڵاس ده‌دا و ئه‌ویش به تاکی، هه‌ڵه‌شه‌یی و مله‌قوته‌وه له ترسی چاوه ده‌سکیسه‌کان خۆمان له ژێر تاوڵی کپ و سڕپۆشی تاریکایی ده‌هاویشت و لاڕێیانێکی دڵاوا ده‌بوه خانه‌خوێی کۆ بوونه‌وه‌ی به جووته‌مان به‌ڵام ئه‌ورۆژه زۆرمان وه‌ک له داوه‌تێکی به‌کۆمه‌ڵ بانگهێشت کرابێتین قۆڵ له نێو قۆڵ و شان به‌شان، جووته‌جووته به‌ره‌و گۆڕه‌پانه‌که‌ی ناوه‌زێڵی شار لێژ ده‌بووینه‌وه. هه‌تا به‌ره‌و خوار ده‌رۆیشتین زیاتر به مه‌یدانه‌که نزیک ده‌بووینه‌وه. گه‌رمای ده‌مه‌و هاوین گێژی کردبووین. په‌نجه‌کانم له سه‌رسکم هه‌ڵپێکابوو و جیرانه‌که‌ی ته‌نشتم ده‌ستی به قۆڵمدا کردبوو. زۆر له من کورته‌باڵاتر بوو و به بۆنه‌ی ئه‌وه‌شۆ شانی داچۆڕاندبووم. به پێچه‌وانه‌ی رۆژانی دیکه و پیاسه‌ی دووبه‌دووی ئێوارانمان هه‌ستم به خۆفێکی نائاسایی ده‌کرد. هه‌ر له یه‌که‌م پێچه‌وه سووڕمان دایه نێو مه‌یدانه‌که‌وه، شاڵاوی به‌چه‌پکه‌ی نیگام چوه سه‌ر منداڵێکی به رواڵه‌ت چه‌توون وا له ته‌نشتی رۆژئاوای مه‌یدانه‌که هه‌ر دوو ده‌ستی له سه‌ر سینگ هه‌ڵپێکابوو. ده‌یڕوانی بۆ چوار هه‌نگاو دوورتر له به‌رده‌می خۆی، که‌چی ئه‌گه‌ر جوان و به وردی بکه‌وتبایه‌تیته شوێن ره‌هه‌ندی نیگاکه‌ی، هه‌ستت پێده‌کرد له خاڵێکی زۆر دوورتر ده‌ڕوانێ. زایه‌ڵه‌ی تیشکی هه‌تاو وه‌ک نیگایێکی تامه‌زرۆ خۆی به نێو چاودا ده‌کرد و لق و پۆپه‌کانی له مێشکه‌وه ده‌ئاڵا. جه‌ماوه‌رێک خه‌ڵکی له ئه‌ژمار به‌ده‌ر، دووقۆڵی به ته‌نشتماندا تێده‌په‌ڕین و وریایی بۆ ئێمه باشتر بوو هه‌تا شانمان نه‌پچڕێنن! فه‌رنجیه خۆڵه‌مێش ره‌نگه‌که‌ی به‌رم له ئاره‌قه‌دا خووسابوو. هاوڕێ په‌نا ده‌ستیه‌که‌م درێژه‌ی به باسی خۆم و خۆی ده‌دا و له نێو هه‌زاره‌زیله‌ی ده‌ور و پشتماندا پچڕپچڕ ئاگام له قسه‌کانی بوو؛ ده‌تکوت شریتێکی کۆنه‌یه و نمی کێشابێت و به زۆری زۆرداری گوێی بۆ هه‌ڵبخه‌یت و له سه‌د وشه وشه‌یێکت بۆ ده‌ر بکه‌وێ.
گوێم لای ئه‌وو چاوم لای منداڵه‌که بوو. بزه‌یێکی سارد و سامناک به‌سه‌ر لێوه شینباوه‌کانیه‌وه هه‌ڵماسیبوو. ده‌تکوت به زۆر گوێیان پێ راگرتوه بۆ بیستنی حه‌قایه‌تێکی دووپاته و چه‌ندپات کراوه وا پیره‌مێردێکی میوان له شه‌وێکی زستاندا له ده‌وری قورسی ماڵه سارد و سڕه‌که‌یان کۆیانی کردۆته‌وه و ئه‌گه‌ر چاوه‌دێری که‌م ته‌مه‌ن بوون و خانه‌خوێیی و خۆشه‌ویستی دایک و باوک و سه‌رمای بێ به‌زه‌یی ده‌ره‌وه نه‌بوایێت به قیڕه‌یێک کۆڕی لێیان ده‌هاڵۆزاند و تێی ده‌قووچاند.
زوخورتمێکی له که‌له‌که‌م دا و ئاگاداری کردمه‌وه بیرم لای بێت و بێ ئاگاییه‌که‌ی منی به بایه‌خ نه‌دان بۆ قسه‌کانی خۆی لێک ده‌داوه؛ منیش به بزه‌یێکی ده‌ستکرد و تێکه‌ڵ به ترسه‌وه تمیشایێکیم کرد و ئاگاداری خۆمم به سه‌رجه‌می باس و قسه‌کانی له ده‌ستپێکه‌وه تا کۆتایی پێ راگه‌یاند!
تازه گه‌یشتبووینه نێو مه‌یدانه‌که و به شێنه‌یی بامان داوه به‌ره‌و لای چه‌په‌وه. له‌سه‌ر ڕێگه‌که‌ماندا کچ و کوڕێکی لاو قۆڵ له قۆڵی یه‌کدا و ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موومان بۆ سه‌یر هاتبوون. هه‌ر چوارمان نیگامان تێک هاڵا. تۆسقاڵێکی مابوو چاوم له چاوگه ده‌رپه‌ڕێت! ئه‌و کوڕه قژهاڵۆزه‌ی وا به سووکه ریشه‌که‌یه‌وه ویستمان ده‌رسی ئه‌وی پێ دابده‌ین ئێستاکه لێره شان به شانی کچه‌ی جادووباز به‌رانبه‌رمان به نه‌رمه بزه‌یێکی که‌سیره که‌وتوه‌وه هه‌ڵیانده‌سه‌نگاندین. هه‌ر گه‌یشتینه حاسیان، نیگام لێیان دزیه‌وه و گورج و گۆڵتر له چه‌ندێک له‌وه پێش به په‌نایاندا تێپه‌ڕیم؛ هاوڕێکه‌م وه‌ستاو ده‌ست و مشتاقی له‌گه‌ڵ کچه‌که کرد و به سه‌رێکی هه‌ڵهێنراوه‌وه، وه‌ک سرته‌یێک، چه‌ند وشه‌ی باراند به گوێی کوڕه‌که‌دا.
به قه‌د چه‌ند هه‌نگاو دوورتر له‌وان وێستابووم و سیله‌ی چاوم پێ دابوون. ئاگام لێ بوو ته‌نانه‌ت نه‌شیان پرسی بۆچی له‌گه‌ڵیان نه‌وێستام و چاک و چۆنیێکی ئاسایی و کورته باسێکی سه‌ره‌کیم له‌گه‌ڵیان نه‌کرد! زیاتر له‌وه‌ی به‌راو‌ردم کردبوو پێکه‌وه وێستان و قاقای پێکه‌نینیان وه‌ک هاژه‌ی به‌یناوبه‌ینی بای ئه‌نگوسته چاوێکی وه‌رزی به‌هار، پچڕپچڕ ده‌هاته گوێم. ترس له وه‌رگه‌ڕانی نیگای ئه‌و دوانه‌ی دیکه نه‌یهێشت بانگی لێبکه‌م. وه‌ڕه‌زیێکی سه‌یر رووی تێکردبووم. نه‌م ده‌زانی چۆن خۆم له‌و که‌ش و هه‌وایه ده‌رباز که‌م. ده‌سته‌کانم وه‌ک که‌ره‌سه‌یێکی سه‌ربار حه‌وانه‌وه‌یان نه‌بوو و نه‌مده‌زانی ده‌بێت چۆن له جموجووڵ و یه‌ک هه‌ڵگڵۆفین بیانحه‌وێنمه‌وه و ئۆقره بگرن! بۆ ده‌ربازبوون له‌و دڵه‌راوکێیه، ده‌بوایێ زه‌ینم بدایه‌ته شتێکی دیکه. سه‌رم هه‌ڵهێناو هه‌مدیسان چاوم به منداڵه‌که که‌وته‌وه. نیگای له چاو پێشتر بزێوتر و مه‌وداکه‌ی درێژخایێنتر له عه‌رز هه‌ڵچه‌قیبوو. قورسایی وه‌رزی ته‌نیایی وه‌ک مۆته‌که سوارسه‌ری شانه‌کانم ببوو. به بێ ئیزنی خۆم به‌ره‌و منداڵه‌که هه‌نگاوم هه‌ڵگرت. به نێو گرمه و بۆقی ماشینه‌کاندا له شه‌قام په‌ڕیمه‌وه و گه‌یشتمه به‌رده‌می. به سه‌ر سوڕمانه‌وه دیم چاویلکه‌یێکی ره‌شی له چاودایه و له‌وه‌یدا توانیومه له دووره‌وه ره‌هه‌ندی نیگا و چاوه‌کانی ببینم حه‌په‌سام. گابه‌ردێکی هه‌ڵچه‌قیو له رووبارێکی تووڕه و به قه‌ڵبه‌ز چه‌ندێک خۆفی هه‌راو وریای لافاو دڵی داده‌چڵه‌کێنێت ئه‌ویش ئه‌وه‌نده ئاگای له‌و شه‌قامه هارووهاجه بوو. هه‌ردوو قه‌راغی فه‌ره‌نجیه شۆڕه‌که‌ی به‌رم که‌وتنه نێو چنگم و هه‌ر به‌و توندیه‌ی وا گرتبوومن ده‌ستم به‌ره‌و خوار راپسکاند. هێواش ده‌ستم برده پێشه‌وه و چاویلکه‌کانم له چاوی داماڵی و وه‌ک هیچ رووی نه‌دابێت چاویشی لێم هه‌ڵنه‌هێنا. له زیندووبوونی دووشک بووم. ساتێک زانیم بایه‌خم پێنادات سه‌رم برده پێش و لووتم به لووتیه‌وه‌نا، هه‌ردووچاوم نا به چاوه‌کانیه‌وه و قووڵقووڵ لێم روانین. زۆر سه‌یر بوو! چاوم به داوه‌تێک که‌وت ده‌سته‌یێک مه‌ست به رووت و قووتی ره‌شبه‌ڵه‌کێکیان ساز کردبوو. شاییێکی به‌راستی ساز کرابوو و هه‌موویان، بێ ئه‌وه‌ی بزه‌یێکیان له‌سه‌ر لێو که‌وتبێت، به توندی هه‌ڵده‌په‌ڕان. زرمه‌ی پێیان مرۆڤی تووشی ترسێکی کوشنده ده‌کرد. مۆسیقای داوه‌ته‌که‌یان ته‌نیا ده‌فێکی دادڕاوبوو وا ده‌فژه‌نه‌که به چاوێکی داقڵیشاوه‌وه بێ ئه‌وه‌ی نۆتێکیشی له جێ و رێی خۆی دانابی خۆی له‌گه‌ڵ پا به عه‌رزدا کوتانه ترساویه‌کانی کۆڕی هه‌ڵپه‌ڕکێ رێک ده‌خست.
تافی منداڵی خۆمم وه‌بیر هاته‌وه دایکم وه‌ک چیرۆکی پاش نیوه شه‌وان له ژێر پێخه‌فی دووکه‌سیمان ده‌یکوت: " له بیره‌وه‌ری منیش‌دا نیه به‌ڵام وه‌ک باوکم بۆمی گێڕاوه‌ته‌وه خه‌ڵکی گونده‌که‌مان له بیریانه، ئه‌وانگه‌ل له ناڵه‌ی نیوه‌شه‌ودا جار و بار شاییان ساز ده‌کرد. جارێکیان بۆ گه‌ڕاندنی داوه‌ته‌که‌یان ده‌چن به شوێن شاییگێڕێکی ناودێدا و به جل و به‌رگی خه‌وه‌وه بانگی ده‌که‌نه ده‌رێ و ئه‌ویش بێ ئیزنی خۆی وه‌ڕێ ده‌که‌وێت و هه‌تا به‌ره‌به‌یان شایی پێده‌گێڕن. وه‌ک خۆی دوایی باسی کردوه هه‌موو خه‌ڵکی ئاوایی له گه‌ڕی داوه‌ت، خواردن و خواردنه‌وه‌دا بینیوه و نه‌یوێراوه لێیان نزیک ببێته‌وه و چاک و چۆنیان له‌گه‌ڵ بکات. که خه‌ڵکی ناو گوند ده‌مه‌و به‌یان به شوێن چاوشدا ده‌گه‌ڕێن، له گه‌وڕێکدا ده‌یدۆزنه‌وه ده‌ستی له رۆچنی گه‌وڕه‌که هه‌ڵپێکراوه و شۆڕ بوه‌ته‌وه بۆ خوارێ."
به‌ڵام ئه‌مه به راستی بوو و شکی تێدا نه‌بوو هیچ له‌و چیرۆکه خه‌یاڵاویه‌ی دایکم ناچێت. له سووچێکی حه‌وشه‌ی داوه‌تدا، مێرمنداڵێکی شه‌رمن، واق وڕماو به نینۆکی ده‌ستی چه‌پی کایه‌ی به زیبکه‌یێکی سه‌ر روومه‌تی ده‌کرد. به بزه‌ی جارووباری سه‌ر لێویدا دیاربوو ئێشتیای له تێکه‌ڵ بوونیان هه‌یه‌و ئیزنی هه‌ڵپه‌ڕینی پێ نه‌دراوه.
خۆمم له گه‌ڕی شاییه‌که‌دا بینی. وه‌کوو هه‌موویان دڵگه‌ش و به ئه‌توارێکی چرووکه‌وه پێم به عه‌رزدا ده‌کوتا. درێژایی چاوه‌کانم له باتی ئه‌وه‌ی شان به‌شانی ئاسۆ بێ کۆتاییه‌کان بێت به‌ره‌و خوار داقڵه‌شابوو. به تووڕه‌ییه‌وه، خێراخێرا راسپێری ده‌فژه‌نه شێته‌که‌م ده‌کرد نه‌هێڵێ منداڵه‌که پا بترازێنێته بازنه‌ی هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌وه. پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی له‌و سووکه هه‌نگاوه وا بۆ پێشه‌وه هه‌ڵی ده‌گرت به‌ژنه شووشه‌که‌یی ده‌خسته له‌ره و زیاتر له هه‌موو شوێنێکی جه‌سته‌ی، پرچه سووره‌کانی وه‌ک ئاڵای به‌ر با ده‌خسته له‌ره‌له‌ر.
زیاتر له‌وه نه‌متوانی درێژه به تمیشا کردن بده‌م. به‌ده‌م زرینگه‌ی مسینه‌که‌ی نێو مێشکمه‌وه له‌ترێکم دا. به‌ده‌م سه‌رنگر بوونه‌وه ده‌رۆیشتم و بێ ئاگا له ده‌ور و به‌رم سه‌ره قورس بوه‌کانم راده‌وه‌شاند. دونیا‌م لێ ببوه بڵقی سه‌ر ئاو و کاتی په‌ڕینه‌وه له تارمایی رووباری به‌په‌له‌ی ئه‌و شه‌قامه بێ به‌زه‌ییه، خۆم وه‌ک ته‌خته‌ی سه‌ر ئاو دا به‌ده‌م ره‌وتی بێ ئامانی هات و هاواره‌وه.
جیڕه‌ی ته‌گه‌ری ماشینێک و به شوێنی‌دا بۆقی یه‌ک له‌سه‌ریه‌کی سه‌دان ماشین خه‌ڵکه‌که‌ی سڵه‌مانده‌وه. هه‌مووی حه‌شاماته‌که به‌ره‌و شه‌قامه لێژه‌که‌ی خواره‌وه هه‌ڵده‌هاتن و زیاتر له هه‌موویان دوو کچ و کوڕێک گورج و گۆڵتر ده‌بیندران؛ به‌ده‌م هه‌ڵات هه‌ڵاته‌وه فه‌ره‌نجیێکی خووساوی خۆڵه‌مێشییان پێشێل کرد و گه‌یشتنه سه‌ر له‌شی سارده‌وه‌بووی مه‌یتێک وا له باتی مردوو له چه‌ته‌یێک ده‌چوو خۆی بۆ تاڵانی، له کاروانێک مڵاس دابێت. هیچیان نه‌یانده‌ناسیه‌وه.