
Metamorphosis*
حوسێن شێربه‌گی
بڵێي بارام بووبێت؟ ئه‌وه ئاراي چه‌ند شه‌وه هه‌داداني له‌م گه‌ڕه‌ك وكۆڵانه هه‌ڵگرتووه. به كۆڵاندا، به سه‌رباناندا، به شه‌قامدا راده‌كات وسه‌گه‌ل بانگ ده‌كات. تێكه‌ڵ سه‌گه‌ل ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وانيش به حه‌په‌حه‌پ شار ده‌ته‌قێنێ «به چاوي خۆم ديم له‌و سه‌ري كۆڵان ده‌ركه‌وت‌بارام بوو؛ له نێوه‌ڕاستي كۆڵان كه‌وڵي گۆڕا! قه‌ڵافه‌تي گۆڕا و، بوو به‌سه‌گ!»
- جا شتي وا چۆن ده‌بێ؟ كێ ديويه‌تي! درۆ و ده‌له‌سه و خۆڕافه‌يه.درۆيه درۆ. جا يه‌كێك درۆ، دووان درۆ، سيان درۆ؟ چه‌ند كه‌س درۆده‌كه‌ن؟!!!
كابرا سوێند ده‌خوا، ده‌ڵێ به چاوي خۆم ديتوومه! كه‌م به‌دكرده‌وه وبه‌دفه‌ڕ بوو؟!
* * *
- كاك بارام خۆت له‌به‌ركه‌وه، وه‌ره با بڕۆين.
ئێوه كێن و، له‌گه‌ڵتان بۆ كوێ بێم؟
- پياوي خواين ده‌تبه‌ينه‌وه بۆ ماڵي خۆت!
- ماڵي خۆم ئێره‌يه؛ به كاغه‌ز و قه‌باڵه ماڵي خۆم ئێره‌يه.
- ئێره ئه‌مانه‌ت و عه‌جاله‌تي بوو. هاتووين بتبه‌ين، له ماڵي خۆت‌نيشته‌جێت كه‌ين. بگره له گۆڕ و گۆڕيچه‌ت هاوين و گۆڕه‌وشارت ده‌ين.
- تاوانم چيه؟
- ئيمڕۆ ئه‌و سه‌يزاده پيرو سه‌غيرباره‌ت ناهومێد گه‌ڕانده‌وه.
«راست له كات و ساتي ته‌واو بووني ئه‌ركي رۆژانه‌دالێم‌وه‌ژووركه‌وت. پير و كز و كه‌نفت و ره‌شتاڵه، جل و سيپاڵ كۆن و شڕ وچڵكن، كۆڵێك شاڵ به نێو قه‌ده‌وه له خۆڕا خوێن تاڵ بوو. هه‌ر به‌چاوپێكه‌وتني خه‌م و خورپه رژايه ناخمه‌وه! چيت ده‌وێ دايكه؟
پرێسكه‌يێك پڕ له سجيل و كاغه‌زي نايه به‌ر ده‌سم و: بيكه بۆ خاتري‌خوا كارم راست‌بێنه، سه‌غير بارم، ئه‌م گشته هه‌تيو و چه‌تيوه‌م به ريشه‌وه‌بووه!
- كاتي ئه‌رك و ئيشي رۆژانه ته‌واو بووه دايكه.
- كوڕه له رێي خوا، بێكه‌سم... به خوا كارم راست بێني، وه‌ك حه‌ج‌كردن وايه؛ بێباوكن... سه‌ييدي ئه‌ولادي...
- هه‌يهۆ، هه‌يهۆ!!! من ده‌ڵێم نێره، ئه‌و ده‌ڵێ بيدۆشه. دايكه كاتي ئه‌رك‌و ئيشي رۆژانه ته‌واو بووه، ته‌واو، ته‌واو، بۆ نافامي؟!
- براله له رێي خوا، هه‌ژارم، سه‌ييد زاده‌م، هه‌تيو بارم...
- خانم ده‌رده‌كه‌وي يان به...
نيوه‌ي شاڵه‌كه‌ي له قه‌دي كرده‌وه و، به‌سه‌ر عه‌رزه‌كه‌دا رايكێشا: خوام‌هانيه تكا...
پرێسكه و سجيلم بۆ حه‌وا دا‌و، به‌ره‌و ده‌ركي ژوور رۆييم‌و، هه‌رام‌كرد: مام عه‌لي من رۆيشتم، ئه‌م ژنه‌ش ده‌ركه...»
- بێتوو له‌گه‌ڵتان نه‌يه‌م چ ده‌بێ؟
- به شه‌پ ده‌تبه‌ين!
- جا پياوي خوا و ئه‌وه‌نده ماقووڵ؟ ئاگاداري ده‌مت به له تۆ زۆرماقووڵترين! په‌نجه‌ره‌ي به‌رو كۆڵانم كرده‌وه‌و، به ئه‌سپايي خۆم له كۆڵان‌هاويشت.
هه‌ركه لاقم گه‌ييشته سه‌ر عه‌رز، گورج راست‌بوومه‌وه و، رامكرد. ده‌م‌له‌سه‌ر پشت كه‌وتنه سه‌رم و، قاويان كرد: بيگرن... بيگرن.
به‌و نيوه شه‌وه شارشڵه‌قا. خه‌ڵك له ماڵ هاتنه ده‌ر و، كۆڵان و شه‌قام‌له‌به‌ر حه‌شيمه‌ت جێگه‌ي ده‌رزي هه‌ڵاويشتني نه‌بوو. خۆي له نێوئاپۆره‌ي خه‌ڵكدا مه‌ڵاس‌دا. نه‌يانناسيه‌وه، نه‌يانديته‌وه...
- ئه‌رێ كاكه چي بووه؟ دزيان ره‌پێ ناوه.
- نا، نا، نه‌وه‌ڵا. دزيه‌كه‌ي نه‌كردبوو، ويستبووي به ديواردا هه‌ڵگه‌ڕێ،پێيان زانيوه!
- نه‌خێر وانيه. له‌و گه‌ڕه‌ك ماڵێك نه‌خۆشيان ده‌بێ، سه‌گه‌كه‌يان‌لووراندوويه. سێحه‌ب ماڵ سه‌گي ره‌پێ ناوه. ئاخه لووره‌ي سه‌گ له‌نزيك ماڵه نه‌خۆش به‌دشومه. شار تا نێوه‌شه‌و قه‌ره‌باڵغ بوو. بارام تارووناكي به‌يان به كۆڵاندا راي كرد. له‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵ گزنگه‌كاندا ئۆقره‌ي‌گرت و به‌ره‌و ماڵ بۆوه. نان و چايێكي خوارد و به‌ره‌و ئيداره‌كه‌ي چوو.كاتێك گه‌يشته ژووري ئيداره‌كه‌ي قسه‌و باس دامه‌زرابوو:
ئه‌رێ هيچ ئاگاتان له هه‌راو هورياي ئه‌مشه‌و بوو؟
- دزيان گرتبوو، به كۆڵانێك حه‌شيمه‌ت ده‌يانكوتا.
- نا، بۆيان نه‌گيرا بوو، له ده‌ستيان رايكردبوو، بۆي ده‌گه‌ڕان.
- كوڕه برا بۆ خاتري خوا دزي چي؟ سه‌گێك لووراندبووي، ره‌پێيان‌نابوو، ئاخه له‌سه‌ر لووره‌ي سه‌گ و شارێك بشڵه‌ژێ؟ نه‌خێر سه‌گه‌هاربوو، خه‌ڵكي ده‌گه‌زي!
كت و پڕ قاله‌ي هاوكارم رووي كرده من و: ئه‌ي تۆ بۆ هيچ ناڵێي؟چۆني بۆ ده‌چي؟ وتم: شه‌وێ ناساخ بووم! هه‌ر له ئێواره‌وه ده‌رك وپه‌نجه‌ره‌م داخست و به جێوبان كه‌وتم. ئاگام له هيچ نه‌بووه.
- ئه‌ي برا! بێقه‌زابيت، جوان مه‌رگي نه‌بێ، ناساخي هه‌ر ده‌بێ ده‌بێ...
پشووم سوار بووبوو. دڵم خوێني لێده‌تكا. زه‌نازه‌نا و قسه و باسي‌هاوكاران وه‌ك چه‌كوش به سه‌رمدا ده‌كوترا. هه‌ر نه‌مده‌زاني ده‌ڵێن چي؟هه‌ر نه‌مزاني ئه‌ورۆژه چ گوترا!!!
كاتي رۆيينه‌وه‌ي ماڵ گه‌يشت. هه‌ر من مابووم. ئه‌ويش نازانم بۆچي‌دواكه‌وتبووم؟
له پڕ جه‌حێڵێكي سه‌ر ڕووت و ده‌م ڕووت خۆي به ژووردا كرد.
- ئاغا ده‌بووري ئه‌م نامه‌يه بۆ ئيداره‌ي ئێوه‌يه؟
- ئيداره كاتي ته‌واو بووه. سبه‌ينێ وه‌ره‌وه.
- ئاغا پياوي چاك به، پياوه‌تي بكه و كارم وه‌ڕێخه. شه‌ش رۆژه وێڵي‌دواي ئه‌م كاغه‌زه‌م.
- پێم‌گوتي كاتي ئيش‌كردني رۆژانه ته‌واو بووه.
- ئاغايه‌تي بكه‌و، به ئاغايي خۆت كارم راست‌بێنه. سه‌ربازم، ده‌بێسبه‌ي له پادگان بم.
- تۆ به‌شه‌ري؟ بۆ قسه حاڵي نابي. كات ته‌واو بووه. ده‌رده‌كه‌وي يان‌به‌شه‌پ ده‌رت‌كه‌م؟ مۆڕه‌يه‌كي تاڵي لێكردم و، به‌ره‌و ده‌رگا رۆيي: سه‌گي‌هاره، سه‌گي هار! ده‌ك هاربي.
له جێي خۆم ئيشك بووم. كاتێ هاتمه‌وه خۆ، له ماڵه چۆڵ وهۆڵه‌كه‌مدا به جێوبان كه‌وتبووم. تاريكان وه‌سه‌ر وڵات كشابوو.راسته‌وه بووم، شتێك ساز كه‌م.
- كاك بارام ئه‌و ده‌ركه بكه‌وه كارمان پێته.
- ئێوه كێن و چيتان ده‌وێ؟
- پياوي خوداين و هاتووين بتبه‌ين بۆ دادوه‌ري.
- دادوه‌ري چي؟ چيم كردووه؟
- له قه‌باڵ مووچه‌ي ئه‌مڕۆدا بايه قرانێكت كار نه‌كردووه. ته‌نانه‌ت كاري‌ئه‌و كوڕه لاوه‌شت جێبه‌جێ نه‌كرد.
- ئه‌و لاوه راست كاتي ته‌واو بووني ئه‌ركي رۆژانه هاتبوو «چاوم به‌ده‌رك و په‌نجه‌ره‌دا گێڕا!» زۆر باشه، له دادوه‌ريدا وڵام بده‌وه.
- وڵامم به ئێوه داوه‌ته‌وه، بۆيان بگێڕنه‌وه. «به‌ر ده‌رك و پشت‌په‌نجه‌ره‌كانيان گرتبوو.»
- ئێمه دادوه‌ري ناكه‌ين، زووكه با بڕۆين. ده‌نا به زۆر دێينه ژوور وده‌تبه‌ين! ده‌ققه‌يه‌ك مۆله‌ت بده‌ن، خۆم له‌به‌ر كه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵتاندا دێم.
دوو سه‌ندووقم هێنا به‌ر كڵاورۆژنه‌ي ژوور و، به وێدا چوومه‌سه‌ربان. سه‌ربان وسه‌ربان بۆي ده‌رباز بووم. له‌و سه‌ري ريزه ماڵ هه‌ركائاوڕم داوه، به شوێنمه‌وه بوون. بازم دا كۆڵان و رام كرد.
گوێم لێ‌بوو، ده‌ياننه‌ڕاند: بيگرن، لێيده‌ن، بيكوژن، سه‌گه هاره،سه‌گه هار...
ده‌رك و په‌نجه‌ره‌ي هه‌موو ماڵان كراوه. جه‌ماوه‌ر رژانه كۆڵان وشه‌قام.
به هه‌ر كوێ دا ده‌ڕۆييم، خه‌ڵك تفيان به‌سه‌ر و گوێلاكمدا ده‌كرد.
- تف له رووت غايه‌ن، مووچه و مواجب وه‌رده‌گري و كار ناكه‌ي.
- تف، تف، تف، ئه‌وه‌ي ده‌يخۆي له شيري سه‌گ پيستره، سه‌گه هار!
- نامري؟ روو ناتگرێ؟ سه‌ريش هه‌ڵدێني؟ تف له رووت، تف، تف،تف!!!
ده‌رباز بووم بۆ كۆڵانێكي ديكه. هه‌ر ئه‌م به‌زمه بوو، ده‌يانناسيم.رۆييمه شه‌قامێكي ديكه. هه‌ر ئه‌م به‌زمه بوو: تف، تف، تف.
له‌گه‌ڵ پۆلێك سه‌گ تێكه‌ڵ بووم و، به راكردن ئه‌م سه‌راو سه‌ري شارم‌كرد. نه جارێك و نه دووان. تاكه‌ي؟...
نازاني كه‌ي گه‌ڕابوويه‌وه بۆ ماڵێ؟ به جێوبان كه‌وتبووي. كاتي‌چوونه ئيداره له رووت هه‌ڵنه‌ده‌هات له ماڵ ده‌ركه‌وي، پێت وابووله‌گه‌ڵكوو بچيته ده‌رێ، ته‌واوي حه‌شامه‌ت تفبارانت ده‌كه‌ن.
ئه‌رێ جێگه‌ي سه‌ر سووڕمان نه‌بوو؟ به نێو ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌دائه‌ڕۆيشتي و كه‌س كاري پێت نه‌بوو! ده‌تگوت كه‌س ناتناسێ و، كه‌س‌چي نه‌ديوه و چي نه‌بيستووه. هه‌وه‌ڵ كه‌س بووي گه‌يشتيه ئيداره،هاوكاره‌كان يه‌ك يه‌ك و دوو دوو په‌يدا بوون. باس باسي كچێك بوو كه‌له ده‌ست باب و براكه‌ي خۆي ئاور تێبه‌ردابوو. ببڕاي ببڕ كه‌س باسي‌هه‌ڵاو هاواري شه‌وێي نه‌كرد. تۆ گوێ قوڵاغي قسه و باسيي دوێشه‌وبووي، به‌ڵام نه‌كرا و نه‌كرا، ئه‌و باس و خواسه هه‌ر نه‌كرا.
بۆ خۆشم نازانم چۆن بوو كه تاكوو ده‌ميان نه‌به‌ستم و راكێش راكێش‌نه‌يانبردم، هه‌ستم به هيچ نه‌كرد. ده‌ستيان تێدا بوو. هاوكاره‌كان به‌قسه‌يان گرتم، خافڵانديانم. ئه‌وه بۆيه خۆيان له قه‌ره‌ي نه‌قڵي شه‌وێنه‌دا. چه‌نده هاوارم كرد، كه‌س نه‌هاته هاوارم. پياوي دادوه‌ري به زۆربرديانم. ژووري دادوه‌ري زۆر چكۆڵه بوو. تاريك و باريك و ته‌نگه‌به‌ر.ده‌مميان كرده‌وه. له‌سه‌ر چرپايه‌ك رايانكێشام و، ده‌ست و لاقيان به‌ستم.دادوه‌ر مۆمێك به ده‌سته‌وه هاته ژوور سه‌رم:
- تاكوو سێ ده‌ژمێرم، ده‌بێ له‌گه‌ڵكوو وتم سێ پڕ به‌م ژووره بڕشێيه‌وه.
- ئاخه خۆ رشانه‌وه به ده‌ست خۆم نيه.
- به ده‌ست خۆت نيه؟ ده‌ي باشه، با به ده‌س ئێمه بێ. ئێمه ده‌زانين‌چۆنت بڕشێنينه‌وه، وه‌ك جه‌كي ماشين شتێكي نايه ژێر سه‌رم و، سه‌رمي‌بڕێك هه‌ڵێنا. مۆمه‌كه‌ي نايه ژێر سه‌رم. به ئاوري شقارته‌كه‌ي مۆمي‌داگيرساند. مۆم داييسا و چڵه‌موويێك چيه له قژم هه‌ڵنه‌پڕووژا! پێستي‌سه‌رم هه‌ر باكي نه‌بوو. هه‌ر گه‌رم دانه‌هات. ئێسكي سه‌رم هه‌ر هيچ!به‌ڵام... ئاخ... ئاخ... مۆخم ده‌كوڵێ، ده‌كوڵێ. مۆخم قوڵته قوڵت له نێوكه‌ڕاكه‌ي سه‌رمدا ده‌كوڵێ... ئاخ ئه‌وا سه‌رم كه‌وته سووڕانه‌وه وخولانه‌وه... وه‌ي وه‌ي وه‌ي... ئاخ... مێشكي سه‌رم له چاومه‌وه‌فيشقه‌ي كرد. له كونه لووتمه‌وه خوێن و مۆخ داچۆڕا. ئاخ رشانه‌وه،ده‌رشێمه‌وه: دادوه‌ر... هۆۆۆ... دادوه‌ر. ده‌ڕشێمه‌وه. وه‌ره رشامه‌وه. ديارنيه. ده‌بێ رۆيشتبێ. مۆم له ژێر سه‌رمدا هه‌روا ده‌سووتێ... ئاخ... هه‌رپه‌رۆش ده‌كه‌م و ده‌ڕشێمه‌وه، ژووره‌كه له رشاوه‌ي خۆم پڕ بووه... نوقمي‌رشاوه‌ي خۆمم، رشاوه گه‌يشته سه‌ر سنگ و هه‌موو له‌شم. يه‌ك به خۆم‌هاوار ده‌كه‌م و ده‌پاڕێمه‌وه، تكا، پاڕانه‌وه... جنێودان... له نێو رشاوه‌ي‌خۆمدا نوقم ده‌بم. له رشاوه‌ي خۆم ده‌خۆم و ده‌ڕشێمه‌وه... هه‌ميسان...هه‌ميسان.
چه‌نده‌ي كێشا؟ هه‌ستم كرد دادوه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه. له ژوور سه‌رم‌راوێستاوه. مۆمێك به ده‌سته‌وه. دوو كه‌س له‌م‌به‌ر و ئه‌وبه‌ري شانه‌كانم‌چاويان بڕيوه‌ته ده‌مي دادوه‌ر: بيبه‌نه‌وه.
- بيبه‌نه‌وه و هيچي ديكه.
ده‌ست و لاقم ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر كه‌سه‌و قوڵێكم ده‌گرن و، له چرپاكه‌ده‌مبه‌نه خوارێ. راكێش راكێش له ژووري دادوه‌ري ده‌مبه‌نه ده‌رێ.يه‌كيان به‌وي ديكه ده‌ڵێ: بيڵێم؟ مه‌يڵێ... ده‌يڵێم... مه‌يڵێ... بيڵێم؟بيڵێ:
- جه‌نابي كاك بارام به بێشيريني و مزگێني ره‌نگي ئه‌م كاغه‌زه نابيني!
- كاغه‌زي چي؟
- ئه‌م كاغه‌زه بۆ تۆيه. هه‌واڵێكي خۆشي تێدايه. بێ مزگێني ناتده‌مێ.
- هه‌واي گاڵته له كه‌لله‌ي داوي؟ خۆزگه‌م به دڵي خۆت؟
- گاڵته‌ي چي، جه‌نابي كاك بارام؟
- ئه‌ي شيريني و مزگێني چي؟
- شيريني و مزگێني هه‌واڵي نێو ئه‌م نامه‌يه. ده‌با له زباني خۆمي‌ببيستي:
«كاك بارامي كوڕي بارام!... له‌گه‌ڵ رێز‌و سڵاوي گه‌رم و گوڕوتايبه‌تدا، دڵسۆزي ئێوه له به‌جێهێناني ئه‌رك‌و ئيشي ئيداره جێگه‌ي‌رێز و سوپاسه. به پێي ئه‌م نامه‌يه جه‌نابت له‌مڕۆوه ده‌بيه سه‌رۆكي‌ئيداره. كاتژمێر دووي راست له شاره‌واني چاوه‌ڕوانتين. جێگري‌به‌رپرسي پارێزگا.»
سه‌عات دووي راست له ده‌ركي شاره‌وانيه‌وه ده‌ڕۆيه ژوورێ. راست‌روو ده‌كه‌يه ژووري شاره‌وان. به‌رده‌سته‌كه‌ي له پشت ده‌رگا پێت ده‌ڵێ:جه‌ناب، رايانسپارد پێتان راگه‌يه‌نم ته‌شريف به‌رنه ژوورێ و چاره‌كه‌سه‌عاتێك چاوه‌نواڕبن.
ده‌ڕۆمه ژوور. هۆڵێكي باريك و زۆر دوور و درێژه‌و، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو شۆڵه به ديواره‌وه داييسێن. حيزه‌رووناكايي‌يه‌ك هۆڵي‌داگرتووه. تاقه مێزو كورسي‌يه‌ك له نێوه‌ڕاستي هۆڵدايه. بۆنێكي سه‌يرژووري ئاخنيوه. ده‌ڵێي بۆني ئێسكه سووتاوه. شۆڵه‌كان به دووكه‌ڵكردن داييسێن. چاوه‌كانم ده‌برژێنه‌وه. سه‌رنجێكي ئه‌مسه‌راوسه‌ري هۆڵده‌ده‌م، ئه‌وه‌ندي چاو هه‌ته‌ر ده‌كا هۆڵ درێژه‌و ئه‌وه‌نده‌ي بۆ ئه‌و سه‌ربڕواني باريك ده‌بێته‌وه‌و تاريك ده‌بێ. تاكوو ده‌بێته تاريكانێكي‌سامناك. زه‌نده‌قداري ده‌وێ زه‌نده‌قي نه‌چێ. ئێسكه‌له‌ت و په‌يكه‌ري‌سپي و فه‌سفۆري له نێو تاريكاييدا دێن و ده‌چن و قاقا لێده‌ده‌ن.شه‌قه‌شه‌قي وێك كه‌وتني ددانه‌كانيان ده‌نگ ده‌داته‌وه. له نێو ده‌م وچاوياندا شۆڵه داييسێ. جار‌و بار يه‌كيان گڕ ده‌گرێ و زريكه‌و هاواري‌رۆژه رێيه‌ك ده‌ڕوات. له‌ناكاو هه‌موويان لێك به‌رده‌بن، به دار‌و به‌ردومست و شه‌پ لێك راده‌كێشن.
- تۆ تاوانباري... تۆ فريوت دام... خه‌تاي تۆ بوو.. به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و من‌دێن. لێم نێزيك ده‌بنه‌وه بازنه‌يه‌ك به ده‌وره‌مدا ساز ده‌كه‌ن و ده‌وره‌م‌ده‌ده‌ن، زێده له چل په‌نجا په‌يكه‌ر و ئێسكه‌له‌ت ده‌بن. له چاوياندا شۆڵه‌داييسێ و له مۆخيانه‌وه گڕ هه‌ڵده‌ستێ. به كۆڕ هاوار ده‌كه‌ن:
- تۆش وه‌ك ئێمه... تۆش تاوانباري... تاوان... تاوان... تۆش.
تێكڕا له چه‌پڵه ده‌ده‌ن و ته‌قه‌ته‌قي وێك‌كه‌وتني ئێسكان هۆڵ پڕده‌كات و ده‌نگ ده‌داته‌وه. كت و پڕ له قاقايه‌كي بڵندو بێبڕانه‌وه ده‌ده‌ن وبه دوايدا قامێك ده‌ڵێن. چه‌پڵه لێدان قاقاكێشان... قاقا... چه‌پڵه...قاقا...
به‌ره‌و ده‌رگا راده‌كه‌م، داخراوه. له ده‌رگا رۆدێم: ئاسنه؟ پۆڵايه؟په‌يكه‌ر و ئێسكه‌له‌ت به هاوارو بگره‌و به‌رده به‌ره‌و من دێن. ته‌ماشايه‌كي‌كاتژمێره‌كه‌ي ده‌ستم ده‌كه‌م. چاره‌كه سه‌عات له ته‌واو بوونه. له پشت‌ده‌رگا ده‌كه‌وم. ئێسكه‌له‌ت ده‌وره‌م ده‌ده‌ن و قامێكي زۆر به سۆزتێده‌چريكێنن... هه‌وايه‌كي كۆن... كۆن و به سوز. دۆعايه‌كي مێژوويي‌به زباني زه‌ڕده‌شتي و بوودايي. له پڕ له پشته سه‌ر ڕا هه‌رام لێده‌كه‌ن:هه‌سته وه‌ره ئێره. ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه، كابرايه‌كي زه‌به‌ڵاحي تێكسمڕاو له‌پشت مێزێك دانيشتوه. به‌ره‌و ئه‌و ده‌چم و ده‌گه‌مه به‌ر مێزه‌كه‌ي.
- ئه‌و كاغه‌زه‌ي پێيان داي ده‌ري‌بێنه‌و بيخوێنه‌وه.
ده‌ست به گيرفانمدا ده‌كه‌م و كاغه‌ز ده‌ردێنم. ده‌يكه‌مه‌وه‌و ده‌ست‌ده‌كه‌م به خوێندنه‌وه:
«بارامي كوڕي بارام! كابرايه‌كي زۆر دووڕووي. زۆر غايه‌ن و بێبه‌زه‌يي. هه‌رگيز ئه‌ركي سه‌رشاني خۆت به‌جێنه‌هێناوه. دوو جارمان‌نارده شوێنت و نه‌هاتي. چونكوو زۆر زۆر به‌دفه‌ڕو به‌دكرده‌وه‌ي‌دادوه‌ري كراي بێ ئه‌وه‌ي بۆ خۆت له‌وێ بي. فه‌رمان درا له‌م كاته‌وه‌شێت و هار بي. سه‌گي هار عه‌مري چل رۆژه، به‌ڵام تۆ چل سه‌عاتيش له‌ژيانت نه‌ماوه.»
ئاگاي كرد ئه‌م كاغه‌زه‌ي به ده‌نگي بڵند خوێندۆته‌وه، هه‌ستي كردپه‌يكه‌ر و ئێسكه‌له‌ت گوێيان گرتبوو. بيستي هه‌موويان له پڕمه‌ي‌گريانياندا. گريان و هه‌وايه‌كي به سۆز: هه‌واي ئه‌ي‌ڕۆ، براڕۆ، ئه‌ي‌ڕۆ،براڕۆ. به‌ره‌و درگاكه گه‌ڕاوه. ده‌رگا ئاوه‌ڵا بوو. به‌وه‌نده‌ي يه‌ك و دوو له‌بيناي شاره‌واني چووه ده‌رو خۆي گه‌يانده سه‌ر شه‌قام. شه‌وو تاريكان وشه‌قامێكي چۆڵ و هۆڵ. هه‌ستي برسي‌يه‌تيه‌كي كوشنده ناخي‌هه‌ژاندبوو. له‌وبه‌ري شه‌قام چوار پێنج سه‌گ له بڕێك ئێسك و پرووسك‌ئاڵا بوون. هه‌ڕاي كردنێ، هه‌موو دووركه‌وتنه‌وه. ئێسك و پرووسك‌به‌ده‌ست و ده‌مه‌وه؟ ده‌گرێ و به‌ره‌و ماڵ به‌ڕێ ده‌كه‌وێ. له‌و سه‌ري‌شه‌قام ئاوڕ ده‌داته‌وه ته‌واوي سه‌گي ئه‌م شاره به شوێنيه‌وه بوون.رۆيشت و له بن ديواري ماڵه‌كه‌ي دانيشت. ده‌ستي كرد به ئێسك‌كڕووساندنه‌وه. ئه‌وان شه‌ش و تۆش يه‌ك، ده‌بنه حه‌وت ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گۆشت خواردن. له‌گه‌ڵكوو تێرتان خوارد، به‌ربوونه لووراندن. له هه‌مووكۆڵانه‌كاني شاره‌وه ده‌نگي لوره‌لورو سه‌گوه‌ڕ هه‌ستا. ده‌تگوت سه‌گه‌ل‌له‌م گه‌ڕه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ڕه‌ك قسان ده‌كه‌ن. وه‌ك شتێك له‌گه‌ڵ ئه‌ويان‌بوو، له قسه‌كانيشيان حاڵي ده‌بوو: «بێتوو بڕۆيه‌وه دێنه دووات. ده‌ركت‌پێده‌گرن. ده‌تبه‌ن و ده‌ڕۆن. دادوه‌ريت ده‌كه‌ن و مۆم له مۆخت‌داداييسێنن. ده‌تسووتێنن. باش وايه خۆت له‌م كۆڵان و شه‌قامه‌داحه‌شارده‌ي... نه‌ڕۆيه‌وه... راكه...»
به كۆڵاندا راده‌كه‌ي، گوێت لێيه: حه‌پ حه‌پ. به شه‌قامدا راده‌كه‌ي:حه‌پ حه‌پ... له‌وسه‌ري شاره‌وه ده‌نگيان ده‌گاته گوێت: حه‌پ حه‌پ...حه‌پ حه‌پ... راده‌كه‌ي: حه‌پ حه‌پ. ده‌چيه سه‌رباني ماڵه‌كه‌ت: حه‌پ‌حه‌پ. راده‌كه‌ي بۆ ئه‌و سه‌ر: حه‌پ حه‌پ... حه‌پ حه‌پ...
* * *
به‌و چاوانه‌ي خۆم ديم. سه‌ري سه‌ري بارام بوو، به‌ڵام گشت له‌شي،له‌شي سه‌گ بوو. ته‌ماشايه‌كي كردم و تێپه‌ڕي.
له‌م دوايانه‌دا حاڵي گۆڕابوو. بۆ خۆم ده‌مدي به حه‌په حه‌پ به كوڵان‌و شه‌قامدا رايده‌كرد. هه‌داداني نه‌بوو. ده‌ڵێن چۆته ماڵي قاله‌و په‌لاماري‌منداڵه‌كه‌ي داوه! چۆته كۆڵاني سه‌رۆكي ئيداره‌كه‌ي خۆي و هه‌شاوڵي‌بردۆته سه‌ر ژنه‌كه‌ي. هه‌مووي درۆيه. ده‌مگۆي به‌ڕه‌ڵاو بێكاره‌يه. ئه‌م‌قسانه خۆڕافه‌يه. شتي وانابێ. تا شتێك نه‌بێ دوو شت ناڵێن: بارام‌هه‌موو شه‌وێك ده‌بێ به سه‌گ.
* به ماناي مه‌سخ بوونه‌وه، ئاڵ‌و گۆڕي قه‌ڵاله‌ت له ئينسانه‌وه بۆ جانه‌وه‌ر.«له خۆڕافه‌ي كورده‌واري كه‌ڵك وه‌رگيراوه.»