
فڕین و گه‌شتێک به ئاسمانی شیعری "ساماڵ"دا
قادر عه‌لی‌خا
زۆر که‌ونار و له‌مێژینه‌یه سه‌ره‌تاکانی تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه، ده‌بێ بڵێم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دانانی یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی مرۆڤ له‌سه‌ر خاک، یه‌که‌م هه‌ست‌کردن به زبربوونی خاک و تیژبوونی دڕوو ڕه‌ق‌بوونی به‌رد، ئه‌وکاته‌ی مرۆڤ بۆ پێدانانه سه‌ر خاک به‌شوێن جێگا نه‌رمه‌کاندا گه‌ڕاو بۆ نووستن و سانه‌وه چاوی به‌دوای شوێنه نه‌رمه‌کاندا گێڕا، ئه‌و مرۆڤه‌ی یه‌که‌م خواردنی‌ناسی یه‌که‌م داهێنه‌ره، ئه‌و که‌سه سه‌ره‌تاییانه‌ی حاڵه‌ته ده‌روونیه‌کانی خۆیانیان ناسی و هه‌ستی ڕق و به‌زه‌یی و ئه‌وین و ئێره‌ییان دیاری کرد به‌شدارن له پڕۆسه‌ی تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، مرۆڤایه‌تیش قه‌رزداری ماندووبوون و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یه، به‌پێی ڕه‌وتی زه‌مان و هه‌ل‌ومه‌رجی ژیان کاروانی تازه‌گه‌ری له‌جووڵه نه‌که‌وتووه، به‌ڵکوو به‌وپێیه هه‌نگاوی ناوه و له بره‌و پێشکه‌وتن‌دا بووه، شێوه‌ی بژیوو جۆری پۆشاک و شوێنی نیشته‌جێ‌بوون شان‌به‌شانی سه‌رده‌م گۆڕان و باشتر و ته‌یار بوون، له چاخی به‌ردینه تووشوو، ئه‌شکه‌وته سڕ‌و سارده‌کانه‌وه، داکشانه پێده‌شته زنوێره‌کان ڕۆخی ناوه ساف و سازکاره‌کان، له چادرنشینی و کۆچ‌ڕه‌ویه‌وه گوازتیانه‌وه بۆ شار و ویلانشینی، ئه‌مانه هه‌موویان ده‌چنه پڕۆسه‌ی گۆڕان و نوێ‌بوونه‌وه، هه‌ر ئه‌و تازه‌بوونه‌وه و کراژ خستنه‌شه که بۆته هۆی مانه‌وه‌ی به‌شه‌ر و گونجان له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی گۆڕانی ئاو و هه‌وا و شوێنی نیشته‌جێ‌بوونه‌کانیان‌دا، ورده ورده که مرۆڤ راست و چه‌پی خۆی ناسی و نیاز و پێداویستیه‌کانیشی په‌ڕه‌ی سه‌ند، ئه‌وانیش به‌پێی جۆر و چه‌شنی خۆیان لق‌وپۆپی تایبه‌تیان لێکه‌وته‌وه، ڕاوکردن، وه‌رزێڕی و ئاژه‌ڵداری، ژیانی نێو خێران و گونجان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و ده‌وروبه‌ردا، ئه‌مانه هه‌موویان پێناسه‌ی خۆیان بۆ دیاری‌کرا، هه‌ر به‌و پێیه‌ش چوونه نێو ریزی یاساکانی ژیانه‌وه، دیاره بێ‌که‌ره‌سه‌ی وته‌و هزر ئه‌م گۆڕانه ئه‌سته‌م بوو پێک‌بێ، ئه‌ندێشه و په‌یڤ ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی شانۆی گۆڕانن، ئه‌وانیش ـ‌په‌یڤ و ئه‌ندێشه‌ـ له‌م پرۆسه‌ی گۆڕانه‌دا هه‌م ده‌ورگێڕ و مامۆستا بوون، هه‌م قوتابی و بینه‌ر، به‌پێی سه‌رده‌م ئه‌وانیش کامڵ بوون‌و و په‌ره‌یان سه‌ند، زمان ئیمپراتۆریه‌ت و نه‌ته‌وه و له‌شکری لێکه‌وته‌وه، هزریش ده‌یان مه‌کته‌بی فکری و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی پێک‌هێنا، زمان بوو به دایکی نه‌ته‌وه و ئه‌ندێشه‌ش بوو به هه‌وێنی پێشکه‌وتن و چرای ڕووناکی‌ده‌ر و ڕێبازی ژیانی مرۆی رووناک کرده‌وه، ئه‌ندێشه و فه‌لسه‌قه بوونه‌ته ڕێبه‌ر و له ده‌یان ڕوانگه و به‌رجه‌وه‌نه‌وه روانیویانه‌ته پانتایی ژیان و شیکاری و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆریان بۆی هه‌بووه، هه‌مووشیان بێ‌ڕێبوار و خوازه‌ر نه‌ماونه‌ته‌وه، هه‌ر له ئاتێن، پێته‌ختی ئه‌ندێشه و فه‌لسه‌فه، به ده‌یان جۆره مه‌کته‌بی لێکه‌وته‌وه، هه‌رکامیان به شێوه‌ی بۆچوونی خۆیان له ژیان و گه‌ردوون دواون، که دیاره کۆی ئه‌و هزر و بۆچوون و لێدوانانه‌ش یارمه‌تی پێشکه‌وتن و ناسینی مرۆڤ‌یان داوه بۆ خۆناسین و ئاشنابوون له‌گه‌ڵ ڕه‌مزوڕازه‌کانی گه‌ردوون‌دا، ئێستاش زۆربه‌ی وته‌کانیان چرا و پرده‌بازی ژیانن بۆ ئێمه دانیشتوانی سه‌ر عه‌رز له هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا.
له سه‌ره‌تاوه نوێگه‌ری هه‌نگاوه‌کانی به ئارامی و له‌سه‌ره‌خۆ هه‌ڵدێناوه، گۆڕانه‌کان زۆر هێور و به شێنه‌یی ڕوویان ده‌دا، به‌ڵام به‌پێی هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی گۆڕان، جێ‌هێشتن و دانانی ڕه‌وڕه‌وه، ڕه‌وتی هه‌نگاوه‌کانی خێراتر و تۆکمه‌تر بوون، به‌پێی پێداویستیه‌کانی مرۆڤیش ورده ورده زانستی نوێش له‌دایک‌ده‌بن و دێنه هه‌رێمی بوونه‌وه، داری زانست ره‌گاژۆ ده‌کا و وه‌چه‌ی تازه سه‌ر ده‌ردێنێ، هه‌رکام له‌و لق‌وپۆیانه که‌سایه‌تی زۆر بیرمه‌ند و هۆشیاریان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه و له به‌ستێنی کاره‌که‌یاندا خزمه‌تی شایانیان به هاونه‌وعه‌کانیان گه‌یاندووه، زۆرجار گیانیشیان ناوه‌ته پێناو ڕێباز و کاره‌که‌یان، «سوقرات و ئه‌دیسۆن» به‌رچاوترین مرۆڤه‌کانی ئه‌و کاروانه‌ن.
له‌گه‌ڵ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی مرۆ بۆ نووسین و هاتنه‌ئارای وشه و وێنه‌ییه‌کان و سه‌رهه‌ڵدانی هێڵه بزماریه‌کاندا، زمانی نووسین هاته کایه‌وه، زمان و نووکی خامه بوو به دووهه‌مین زمانی مرۆڤ، هه‌ر ئه‌وه‌شه ئێمه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵ په‌یڤه جوانه‌کانی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی، سه‌دان و هه‌زاران ساڵ به‌ر له ئێمه ژیاون ده‌ژین و سوود و که‌ڵکیان لێ‌وه‌ر ده‌گرین و ده‌یانکه‌ینه چرای ڕێی شه‌وگار و قه‌ڵای کاتی ته‌نگانه‌مان، زمان و چاوی نووسین، داهێنانه‌کانی کردنه به‌ڵگه و، یارمه‌تی پاراستنی‌دان.
وته به‌نرخه‌کان سه‌ره‌تا له سنگی ده‌ست‌نووسه به‌ردینه‌کاندا و پاشانیش چه‌رم و قاقه‌زه‌کاندا پارێزران، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیه‌کی زۆری گه‌یانده ئێمه‌ش بۆ چێژ و سوود وه‌رگرتن له هزر و ئه‌ندێشه‌ی رابردووه‌کانمان، وته‌و وشه‌و په‌یامه ژیرانه‌کانی فه‌لسه‌فه و دێڕ به دێڕ، به‌ند به به‌نده شیرینه‌کانی شێعری پێشینیان، زمانی خامه ئه‌زبه‌ر کردن و پاراستنی و به ئێمه‌ی گه‌یاند.
باس له ڕیازی و فه‌لسه‌فه و بواره جواروجۆره‌کانی‌تر و هه‌رچی نوێگه‌ری له‌و بوارانه‌دا کراوه له‌گه‌ڵ وتاره‌که‌ی من یه‌ک ناگرن، ئه‌وان به‌جێ دێڵین و کاکڵی باسه‌که‌مان ده‌سپێرینه ئه‌ده‌ب، مه‌لی خامه‌که‌مان له‌سه‌ر چڵی زێڕین و هه‌ستی پاک و سۆزی شیرینی شێعر ده‌نیشێنینه‌وه، باس له‌و دونیا جوان و بێگه‌رده له زمانی کوردی‌دا ده‌که‌ین و له‌وێشه‌وه ئاوڕێک ده‌ده‌ینه‌وه له پڕۆسه‌ی گۆڕان و نوێ‌بوونه‌وه له شێعری شاعیرێکی نوێخواز و هاوچه‌رخمان‌دا، که بێ‌شک پانتاییه‌کی هه‌راوی له هه‌رێمی شێعری ئه‌وڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بۆخۆی داگیر کردووه.
له زمانی کوردی‌دا سه‌ره‌تا گۆڕانه‌کان له زاراوه‌کانه‌وه ده‌ستی پێکرا، کۆرپه‌ی شێعری کوردی چه‌ن جارێک ده‌ست به‌ده‌ست کراو دایه‌نی گۆڕی، هه‌ر سه‌رده‌مه و زاراوه‌یه‌ک شانی‌دا به گۆڕان و پێگه‌یاندنی ئه‌م کۆڕپه ساوایه، هه‌رکامیانیش ئه‌رکێکی زۆریان له‌گه‌ڵ کێشا و خزمه‌تی شایانیان پێ‌کرد، سه‌رده‌مێک زاراوه‌ی کرمانجی له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌قێی ئه‌یران و مه‌لای جه‌زیری و ئه‌حمه‌دی خانی‌دا، شێعره به‌نرخه‌کانی جه‌زیری و مه‌م‌وزینی خانی ده‌سکه‌وتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌وه‌ڵ و تێکۆشانی ئه‌وانن، ماوه‌یه‌کیش هه‌ورامی و که‌ڵهوری، له‌ژێر کاریگه‌ری پێنووسی بێسارانی و مه‌وله‌وی و خانادا، دیوانی بێسارانی و خوسره‌و و شیرینی خانا ده‌سکه‌وتی ماندووبوونی ئه‌وانن بۆ ئه‌ده‌بیاتی کوردی، له زاراوه‌ی سۆرانیشدا له‌به‌ر تیشکی هزری ناڵی و کوردی و سالم و مه‌حوی‌دا، دیوانه شێعری ئه‌م شاعیرانه پێناسه‌ن بۆ ناساندنی ڕۆحی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی، دوای سه‌قامگیربوونی زاره‌وی سۆرانی و پشت‌ئه‌ستوور بوون به پاشخانه شێعریه‌که‌ی ناڵی ومه‌حویه‌وه ئه‌مجاره گۆڕان له بایه‌ت و زمان و فۆرمیش‌دا په‌ره ده‌ستێنێ. گۆران له باشوور و سواره‌ش له ڕۆژهه‌ڵات ده‌بنه ماک و هه‌وێنی گۆڕانی شێعر و شێواز، و به‌ستێنه‌کانی سه‌ر ڕێ وه‌لا ده‌نێن و هه‌نگاو ده‌نێنه هه‌رێمی تازه‌گه‌ری و په‌رژین و له‌مپه‌ره‌کان تێک‌ده‌شکێنن، ڕه‌هه‌ندێکی‌تر لێده‌ده‌ن و موتیڤه‌کانی شێعر ده‌گۆڕن، شێعر له‌وه به‌ملاوه له فۆڕم و زمان و نێوه‌رۆک‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ، جل‌وبه‌رگی نوێ له‌به‌ر ده‌کا و به زمانی سه‌رده‌م ده‌دوێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕانه نه‌بایه به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم "گه‌شتێک له هه‌ورامان"ی گۆران هه‌رگیز وا جوان ده‌رنه‌ده‌هات، ئه‌و هه‌موو وێنه جوانه به‌و زمانه قوورسه‌ی پێشتر نه‌ده‌نووسرا و سواره‌ش نه‌یده‌توانی خه‌وه‌به‌ردینه به زمانی غه‌زه‌ل بنووسێ، نه‌ک بڵێم زمانی غه‌زه‌ل زمانێکی ناحه‌ز و قوورسه نا به‌ڵام زمانی غه‌زه‌ل بۆ غه‌زه‌ل جوانه و زمانی خه‌وه‌به‌ردینه‌ش بۆ خه‌وه‌به‌ردینه. ئه‌گه‌ر پێشتر که‌لێن و که‌سایه‌تیه‌کانی زمانی کوردی به وشه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی و زیادی پڕکرانه‌وه.
نووسه‌ر و شاعیری ئه‌م سه‌رده‌مه به وشه‌ی کرمانحی و که‌لهووری و هه‌ورامانی و موکریانی پڕیان ده‌کاته‌وه، ئه‌م کاره‌ش زمانی کوردی توکمه‌تر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کا و هه‌موو توانایی ئه‌و زمانه ده‌رده‌خات، سه‌یفول‌قوزات هه‌ر به‌و پێیه بوو به مامۆستای شاعیرانی موکریان و هه‌وێنی کۆماری له‌م دوو سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا، به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خوێندن و نووسین و خوێنده‌وار بوونی توێژه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ و هه‌ست به به‌رپرسیایه‌تی کردنی لاوانی ئه‌م سه‌رده‌مه به زمانی زگماکی، زۆر شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره و باش هاتنه مه‌یدان بۆ خزمه‌ت‌کردن به وشه و په‌یڤی زمانی کوردی، که کاره‌کانیان له هه‌موو بواره جۆراوجۆره‌کانی شێعر و چیرۆک و مێژو و به‌گشتی هه‌موو ژانره‌کاندا به‌رچاوه و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که من وتاره‌که‌م ته‌رخان کردووه بۆ کاره‌کانی ئه‌و و له‌سه‌ر نووسراوه‌کانی ئه‌و چڕ ده‌بمه‌وه، «ساماڵ«ی شاعیره، که پێم‌وایه کاره‌کانی له‌و بواره‌دا، بواری تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه، جێگای سه‌رنج و لێ‌ورد بوونه‌وه‌ن، تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر گۆڕان و نوێ‌بوونه‌وه له زمان و فۆرم و نێوه‌رۆک له شێعره‌کانی ئه‌ودا، «ساماڵ» زۆر هێور و له‌سه‌ره‌خۆ پڕۆسه‌ی گۆڕانی ده‌ست‌پێکردووه، هه‌نگاوه‌کانی زۆر له‌سه‌ره‌خۆ و به‌شێنه‌یین، په‌له‌بڕوزی و هه‌ڵپه‌یان پێوه دیار نیه، قۆناغ به قۆناغ هه‌ستیان پێده‌کرێ، خوێنه‌ر تووشی سه‌رلێ‌شێواوی و ئه‌زمه ناکه‌ن، له هه‌ر قۆناغێک‌دا جێ‌پێی خۆی پته‌و کردووه و هه‌نگاوی دوایی هاوپشتوه، پڕۆسه‌ی نوێ‌بوونه‌وه‌ی به ئارامی گرتۆته‌به‌ر، که له هزرێکی سه‌قامگیر و دوور له هه‌ڵه‌شه‌ش هه‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا که زۆر که‌س یه‌کشه‌وه ده‌یان قۆناغ و مه‌کته‌بی شێعریان بڕیوه، بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بده‌نه‌وه سه‌ر هیچ کامێکیان، هه‌ر سه‌رپۆڕت لێیان‌داوه و ڕۆیشتوون، ئه‌وه‌ی به ده‌ستیانه‌وه هاتبێ هاتووه ده‌نا به‌توونیان به‌خشیوه، خۆشیان به سه‌ره ده‌زانن بێ ئه‌وه‌ی که‌س دان پێدا نابێتن، ئه‌م به‌ره قارجیکیانه، هه‌ر له‌خۆڕا هه‌ڵتۆقیون، ئاگادار نین له‌وه‌ی که ئه‌مه مێژووه که مه‌کته‌ب و قۆناغه‌کان دیاری ده‌کا، به دڵنیاییه‌وه «ناڵی» به شێعره‌کانی خۆی نه‌کوتووه شێعری مه‌کته‌بی «ناڵی». سه‌یفول‌قوراتیش پێی وانه‌بووه مامۆستای شاعیرانی موکریانه.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاشنا بین له پڕۆسه‌ی گۆڕان و نوێ‌بوونه‌وه له شێعره‌کانی «ساماڵ»دا دونیای شێعری ئه‌م هۆزان وانه دابه‌شده‌که‌ن به‌سه‌ر چه‌ن قۆناغی جیاوازدا.
1ـ ئه‌و شێعرانه‌ی له گۆڤاره‌کاندا هه‌ن به‌ڵام له کتێبه‌کاندا جێیان بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه.
2ـ هه‌ر هیچ ته‌نیا.
3ـ تابووت،
له هه‌رکام له‌و قۆناغانه‌دا شێعرێک یان دوو شێعر دێنێته گۆڕێ، «هه‌ر هیچ ته‌نیا» و «تابووت»[1].
یه‌که‌م ـ شێعری ناو گۆڤاره‌کان
«با پێت‌بڵێم
ئه‌وینی تۆ
وه‌ک شه‌پۆله و
منیش به‌ردی قه‌راغ رۆبار
ده‌ترسێم بڕۆم جێت بێڵم
له باوه‌شت نه‌گرێ که‌نار»
ئه‌مه شێعرێکی زۆر ئیحساسی و کاڵه، مۆسیقه‌ی زمانی و فۆرمی نووسین و زمانی دربڕین له‌م شێعره‌دا هیچ تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه‌یه‌کی تێدا به‌دی ناکرێت، به زمانێکی ڕووت و بێ‌گرێ په‌یامێکی ڕووت‌کراوه و ئاشکرا ده‌نێته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر، ئیتر جێی‌ڕامان بیرکردنه‌وه بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه، خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یبینێ و ده‌یبیستێ هه‌ر ئه‌وه‌یه، ئه‌مه به‌تاڵترین شێعری شاعیره له وێنه و لایه‌نه هونه‌ره جوانکاریه‌کانی شێعر، ته‌نیا دوو وێکچواندنی ساده نه‌بێ، شتێکی‌تری تێدا به‌دی ناکرێ،
«ئه‌وینی تۆ وه‌ک شه‌پۆله»
«منیش به‌ردی قه‌راغ رۆبار»
ئه‌وین = شه‌پۆڵ
منیش = به‌رد
ته‌مه‌نی شێعری ئه‌م ده‌ورانه‌ی شاعیر زۆر کورته، ئیتر له‌مه به‌ولاوه پێ‌ده‌نێته‌وه هه‌رێمی تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه‌وه، به واژه و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ شێعره‌کانی ده‌ڕازێنێته‌وه، موسیقه نوێ‌کانی ڕۆحی شێعر سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌مانه په‌یامی سه‌رهه‌ڵدانی شاعیرێک ده‌ده‌ن به خوێنه‌ری شێعری کوردی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بواره جۆراوجۆره‌کانی تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه تاقی ده‌کاته‌وه، له تێک‌شکانی فۆرمی و لادان له یاسای باوی زمانی نه‌ترساوه، هه‌وڵی داوه بۆ گۆڕینی یاسای په‌یڤین له زمانی شێعره‌کانیدا،
دووهه‌م: «هه‌ر هیچ... ته‌نیا!»
هه‌ر هیچ.... ته‌نیا! یه‌که‌مین به‌رهه‌می کتێبی شاعیره و بیست و حه‌وت شێعری کورت و درێژی له ئامێز گرتووه، ئه‌مه به‌شێکه له هه‌وڵه‌کانی شاعیر بۆ سه‌رکێشانه نێو پانتایی تازه‌گه‌ری و هاوته‌ریب‌بوون له‌گه‌ڵ کاروانی نوێ‌بوونه‌وه، هه‌وڵی‌داوه و هه‌نگاوی گوێزتوه‌ته‌وه، شێعره‌کانی خاوه‌ن ئاهه‌نگ و مووسیقای ده‌روونین، ڕه‌نگ و بۆی تازه‌بوونه‌وه به سیما و زمانی شێعره‌کانیه‌وه دیار و به‌رچاوه، ره‌مزه‌کانی زمان چڕترو کامڵ‌برتر و شاراوه‌ترن، بۆ ده‌ست ڕاگه‌یشتنی خوێنه‌ر به ئه‌وانه ده‌بێ پێست و تۆخ بشکێ و توێژه‌کانی ده‌ره‌وه وه‌لانرێن، ئه‌مه‌ش کاری خوێنه‌ر گران ده‌کا، به‌ڵام به‌رهه‌می مانایی له‌و نووسراوه‌نه‌دا شیرین‌تر و به‌تام‌تر.
«هه‌راسان»
خۆم له تۆزی خه‌ون و
باوێشک
ده
ته
کێ
ن
م
ڕکه‌ی مێژوو
له گرێژنه‌ی دزێو ده‌به‌م و
په‌ڕه‌وازه‌ی جوانی ده‌بم
هه‌راسانم
ئاسمانێک
له بناره‌ی په‌نجه‌ره ڕاهه‌ڵمده‌گرێ
من سواری ئه‌سپی ئه‌ستێره‌یه‌کی هه‌راسانم
به عیشقی هه‌ڵفڕینه‌وه.... داده‌گیرسێم
من ئاوه‌ڵدوانه‌ی سووتانم
سووتانی من...
پرسیاری هه‌ڵوه‌رینی گوڵێکه له ـ‌با‌ـ
سوێندخواردنی دڵۆپه‌یه‌که بۆ ده‌ریا
دیمانه‌یه‌کی میشکه له‌گه‌ڵ دڵ....
ئه‌مه سه‌ره‌تای شێعرێکی مه‌زن و درێژه به‌نێوی «هه‌راسان» و ده‌روازه‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی کتێبه‌که‌شه، ئه‌م شێعره هاواری ڕۆحێکی وه‌زاڵه‌هاتووه له ده‌ست ناکه‌سانی وجه و رۆسته‌م، جه‌سته‌یه‌کی ئازارچێشتووه له ده‌ست قه‌مچیه‌کانی ڕۆژگار، گه‌مارۆ دراوه به ناشیرینی و دزێوی، سه‌ره‌تای شێعره‌که ئه‌وه‌ی خۆی لێده‌دزێته‌وه خه‌ون و باوێشکه، دونیای خه‌ون و له‌جێدا که‌وتن و ده‌سه‌وه‌ستانیش هۆیه‌ک و فاکته‌رێکی گرینگه بۆ پاشکه‌وتن و جێ‌مان، جێمانیش ده‌بێته هۆی دوورکه‌وتنه‌وه له کاروانی جیهان و دوور که‌وتنه‌وه له کاروانیش ئاواره‌بوونه له سه‌حرای بیرویشکی نه‌زانی و ته‌نیایی‌دا، ئه‌وانه‌ش ده‌بنه پاڵنه‌رێک بۆ بزربوون و تواندنه‌وه و له‌ناو چوون.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م شێعره‌وه و له ده‌روازه‌ی کتێبه‌که‌دا په‌یام و به‌رامه‌ی نوێ‌بوونه‌وه به ڕووی خوێنه‌ردا ده‌ڕژێ، زمانی شێعره خاوه‌ن ستایلێکی نوێ‌یه، ئه‌م شێعره ده‌ستمان ده‌گرێ و ده‌مانباته هه‌رێمی تازه‌گه‌ری ساماڵه‌وه، به دابه‌شکردن و لێدوان له سێ دێڕی سه‌ره‌تایی ئه‌م شێعره بۆمان ده‌رده‌که‌وێ چ گۆڕانێک له هۆزانی ئه‌م شاعیره‌دا ڕووی داوه، ئاستی گۆڕانی فۆرم و زمان له کوێ‌دایه.
ئه‌لف
خۆم له تۆزی خه‌ون و
باوێشک
ده
ته
کێ
ن
م
وردکردن و به‌تۆزکردنی وشه‌ی ده‌ته‌کێنم به‌و شێوه‌ی که له سه‌ره‌تاوه دوو پیت دوو پیت و پاشان به وێنه‌ی یه‌ک پیت یه‌ک پیت وێنه‌که‌مان به هێزی وشه بۆ ده‌کێشێته‌وه، له ئه‌ندێشه و بیری خوێنه‌ردا جێ‌ده‌گیری ده‌کا، له ته‌کاندنی هزر و بیری خۆی له تۆزی خه‌ون و باوێشک، به‌م وێنه ڕوانین و هه‌ستی خوێنه‌ر زیاتر ئاماده ده‌بێ بۆ وه‌رگرتنی په‌یامی نێو کاکڵی شێعره‌که و هه‌ستی شاعیر، خوێنه‌ر به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌ی ده‌ته‌کێنم به‌ڕه‌و ڕوو بێ، وێنه‌ی تۆز و وردبوون و ته‌کاندن هه‌ست پێده‌کات، وشه و وێنه له‌باری سایکۆلۆزیه و زیاتر ه له رۆحی مرۆڤدا جێ‌ده‌گرن، وه‌ک ده‌نگ و ڕه‌نگ به یه‌که‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ت و به‌ڵگه‌یه بۆ نوێ‌بوونه‌وه له مۆتیڤه‌ی نووسین و لادانه له یاسایه‌یڕه و کراوه‌کانی به‌رێ، له‌ت‌وپه‌ت بوونی ئه‌م وشه‌یه وێنه‌ی پرژ و بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆزی خه‌ون و باوێشکه به‌ره و عه‌رزی و خاوێن بوونه‌وه، هه‌ڵاتنه له‌ده‌ست په‌نگ خواردنه‌وه و بۆگه‌ن‌بوون، ئه‌مه هه‌ر لایه‌نی شێعری ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو به‌شێکه له باوه‌ڕی شاعیره، که په‌ل‌داوێته‌وه نێو لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریه‌کانیشه‌وه، سه‌ر له‌به‌ری بواره‌کانی ژیان ده‌گرێته‌وه، کاتێک بواری ڕۆشن‌بیری و زمانی شێعری و بازنه‌ی پێوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئێمه سه‌رده‌مێکی زۆر له شوێن و ئاستێک‌دا خه‌تیس ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه هه‌موو ئه‌و به‌شانه پێویستیان به نوێ بوونه‌وه و گۆڕان هه‌یه، فاکته‌ری گۆڕانیش گوتاری نوێ و زمانی نوێ و په‌یامی نوێی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرانه‌یه، ده‌بێ ڕیشه‌ی ئه‌م په‌یام و هه‌سته شۆڕبێته‌وه بۆ‌نێو ده‌ماره‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ، که‌ئه‌ویش هێزی نه‌ترسان و نه‌پرنگانه‌وه و له‌مپه‌رشکێنی ڕۆشن‌بیری ده‌وێ ، ئه‌مه فۆڕم و نۆرمی نووسین بێ، شێواز و په‌ینی بێ، یان یاسا و ڕێسا نا سه‌ره‌مییه پواوه‌کانی سه‌رده‌م، ئه‌وه ئیمان‌هێنانی شاعیره به گۆڕانی وه‌رزه‌کان و هه‌ره‌س هێنانی شووره و له‌مبه‌ره‌کان، ده‌ستی خوێنه‌ریش ده‌گرێ و ڕایده‌سپێرێت که سه‌ر بکێشێته نێو ئه‌م هه‌رێمه پاقژوو دڵۆڤانه.
ب
«ڕکه‌ی مێژوو»
«له گرێژه‌نه‌ی دزێو ده‌به‌م و»
له یه‌که‌م هه‌نگاوی داوی هه‌ستان به ئاگاهاتن، پاش پاقژبوونه‌وه له تۆزی خه‌ون و باوێشک و ئیمان‌هێنان به په‌یامه‌کانی گۆڕان، شان ده‌داته به گرێژه‌نه‌ی دزێوی مێژوو، مێژووی خه‌ون و باوێشک و وه‌ستان، ئه‌م وه‌ستانه له بواری ئه‌ده‌ب گوتار یان کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌ت، یاخود هزریه‌ته په‌نگ‌خواردووه‌کانی داب‌و کولتووره سواو و نا سه‌رده‌میه‌کانی سه‌رده‌م‌دا، ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی مێژووی که‌ڵک لێ‌وه‌رگرتنیان به‌سه‌ر چووه و هیچ کاراییه‌کیان نه‌ماوه، ئیتر سه‌ر ناسوێته خاکی به‌ر ئه‌و ده‌رکه پواوانه و له گرێژه‌نه‌یان ده‌بات، پاسه‌وانی و پارێزگاری له هزری پووچ و دابی پووا و چه‌ق به‌ستوو ناکات.
ـ ج ـ
«په‌ڕه‌وازی جوانی ده‌بم»
که خۆی له تۆزی خه‌ون و باوێشک ده‌ته‌کێنێ و ڕکه‌ی دزێوی مێژوو له گرێژه‌نه ده‌با، له ئاسمانی ئازادی‌دا باڵه‌کانی ده‌کاته‌وه و ده‌فڕێ، به‌ره‌و هه‌رێمی شه‌نگی و جوانی په‌ره‌وازه ده‌بێ و ناوه‌ستێ. چوونه نێو دونیایی جوانیه‌کانیش که هه‌رێمی تازه‌گه‌ری و نوێ‌بوونه‌وه‌یه، ئاشنابوونه له‌گه‌ڵ سرووده‌کانی جوانی و هه‌ناسه بۆن‌خۆشه‌کانی ژین، ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ ئامرازی نوێ و په‌یڤی نوێ و هزری نوێ، دیاره جوانی هه‌ر چاو و برۆ و باڵای جوان نیه، مه‌لی جوانی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو که‌لێن و قوژبنه‌کانی ژین‌دا کێشاوه، هه‌رێمه‌کانی جوانی ڕه‌نگاوڕه‌نگن، جێژه‌کانی جوانی جۆراوجۆرن، ئامێزی جوانی ئاواڵه وفراوانه، به‌قه‌ت ره‌نگ و بۆنی هه‌موو گوڵه‌کانی دونیا، له دونیای فه‌لسه‌فه‌دا که پانتای وردبینی و تیژبینیه و هه‌موو شیکاری و نوێ‌کاریه ورد و ئه‌سته‌مه‌کانی ژیان له‌و به‌ستێنه‌دا کراون، هیچ که‌سێک نه‌یتوانیوه بڕیاری کۆتایی له مانای جوانی بدات، ده‌روازه‌ی ئه‌م پرسیار و وڵامه‌یان ئاواڵه و له‌سه‌ر پشت هێشتووه‌ته‌وه، زه‌وق و هه‌ستی مرۆڤی سه‌ده و چاخه‌کان مانای جوانیان گۆڕیوه، هه‌رکه‌س به‌پێی بۆچوونی خوی‌و و مه‌زاقه‌کانی سه‌رده‌م لێی‌دواوه، هه‌ر نه‌ته‌وه و تاکێکیش به‌پێی زه‌وق و چێژی خۆیان تاریفێکیان لێ‌کردووه، شاغیه‌کان جوانیان له لچ و لێوی ئه‌ستوور و له‌شی خاڵ‌لێکوتراوی سه‌وز هه‌ڵگه‌راودا ده‌دیت، یۆنانیه‌کان له سیمای جوانی لاوان‌دا و ڕێک‌وپێکی په‌یکه‌ره‌ی داتاشراوی ئارام و بێده‌نگی‌دا ده‌دیت، ڕۆمیه‌کانیش جوانیان له نه‌زم و شکۆ و هێزدا پێناسه ده‌کرد، کاتێک منداڵه ڕه‌ش‌پێسته‌کانی که‌ناره‌کانی ئه‌فریقای ڕۆژئاوا «ڕیچارد برنن»یان به ڕووتی دیت هاواریان کرد «شا ئه‌و پیاوه سپی پێسته هه‌ر له مه‌یموون ده‌چێ، ده‌یاره ئێمه‌ش پێمان وایه ئه‌وان هه‌ر له گووریلێکی ڕه‌ش ده‌چن، ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌م باسه ئاراسته‌ی «ولتر» بگرێ ده‌ڵێ هه‌ردووکیان راست ده‌که‌ن
هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا، ئه‌فلاتوون ده‌ڵێ: «ڕه‌گ و هه‌وێنی چاکه له یاسای جوانیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ»
«گوتیه»ش ده‌ڵێ:
«هه‌موو شتێک له فه‌وتان و گۆڕان‌دایه، ته‌نیا ئه‌وه هێزی هونه‌ره راز و ڕه‌مزی هه‌رمان و نه‌توانه‌وه ده‌ناسێت .
ماک و مانای جوانی له ئه‌ندێشه و شێعری «ساماڵ»دا فڕینه، فڕین و ڕه‌ها بوون، ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ رۆحی رووناکی و له‌ش‌ئازادی‌دا، ئه‌و جوانی و گه‌شه‌ی ژین له فڕین‌دا ده‌بینێت، ده‌بێ ئه‌مه لێک‌دانه‌وه‌ی هه‌موو هاوجیله‌کانی بێت،
«مه‌ودای من و هه‌راسانی
تۆی تۆ....
ئه‌ی سه‌ماکه‌ری چه‌مه‌رییه نمینیه‌کانی رۆحی من!
له‌ژێر هه‌وره‌بارانی سه‌رمدا
سێبه‌ره‌که‌ت... ڕووناکییه
جوانیه‌که‌ت... ئازادییه
پێکه‌نینت... هه‌ڵفڕینه
هه‌ڵفڕینیش گه‌شه‌ی ژینه»
«ژین به رێزمانی ئیمپڕاتۆریه‌ت ده‌نووسن
ئێمه ڕێزمانی هه‌ڵفڕین ده‌زانین»
هه‌ر له‌ناو به‌شه‌کانی ئه‌م شێعره‌دا زۆر کۆپله و دێڕ هه‌ن ده‌گه‌نه سه‌ر لووتکه‌ی جوانی و دووندی شه‌نگی له ئامێز ده‌گرن، پڕپڕن له ڕۆحی شێعر و ره‌نگی شێعر و تامی شێعر و بۆنی شێعر، زمانی شێعری ده‌گاته ئاستێکی به‌رز، ئه‌م شادێڕانه نوێنه‌ری جوانی و تازه‌گه‌رین له شێعره‌که‌ی «ساماڵ»دا. غه‌رقن له هه‌ست و سۆزی شاعیرانه.
«به عیشقی هه‌ڵفڕینه‌وه‌دا ده‌گیرسێم»
«وه‌ره هێنده باڵ لێک‌ده‌ین
تۆفانی هه‌ڵفڕین هه‌ستێ»
«ئاسمان ماچێکی پێداوم
تامی ڕووناکی ده‌دا»
«هه‌وا پڕه له تلیاکی مردن»
«من له‌شی ڕووتی کچه ڕازێکی ده‌روونی خۆم دێوه
شه‌رم و حه‌یای لێ‌هه‌ڵگرتووم»
«تۆ ده‌نکه ته‌رزه‌یه‌کی له پشکۆی ده‌روونمدا
ره‌حمت بێ به‌م حه‌جمینی دڵم
پڕ... پڕ... پڕت کردووه له قریشکه‌ی چاره‌نووس
پڕ.. پڕ... پڕت کردووه له نووکه نووکی کابووس»
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ شێعرێک وه‌ک نموونه بۆ شکاندنی شه‌قڵی زمانی له شێعری «ساماڵ»دا بێنینه‌وه «ڕێگا» وێنه‌یه‌کی به‌رچاو و خاوه‌ن سه‌رنجه، ئه‌م شێعره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌باری فۆڕمه‌وه نوێکاری تێدایه خاوه‌ن مانای جوان و کاکڵێکی پته‌ویشه، هه‌روا سووک و ساده ڕکێف نادات، خوێنه‌ر ئاسان و بێ‌ماندووبوون ناتوانێت بچێته نێو تان‌وپۆی ته‌ندراوی شێعره‌که‌وه، به‌ڵکوو بۆ شرۆڤه و یه‌کخستنه‌وه‌ی تووشی ماندووبوون و مێشک گوێستن ده‌بێت، له سه‌ره‌تای ئه‌م شێعره‌دا به یارمه‌تی پیته‌کان چوار رێیانێک ده‌کێشێته‌وه، ئه‌م چوار ڕێیانه چوار وشه‌ی گه‌ڵا، خاک، باڵنده، شه‌هید له‌خۆ ده‌گرێ، به‌م پێیه شه‌قڵی نووسین ده‌شکێنێ و به وشه وێنه و، به‌هۆی وێنه‌وه په‌یام ده‌خوڵقێنێت، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشانه هه‌ر له‌سه‌ر ڕیتمی ئاسایی خۆیان بنووسرایه‌ن هه‌ر هه‌مان مانا قامووسیه‌که‌ی خۆیان به ئێمه به‌خشی بایه‌ت. به‌ڵام به هه‌ڵوه‌رین و له‌ت‌وپه‌ت بوونیان، ئه‌م وشانه یاغی ده‌بن و قاپۆڕ ده‌شکێنن، ده‌بنه داڵێک به چه‌ن مه‌دلوولی هاوته‌ریب و جیاوازه‌وه له به‌رامبه‌ر وشه‌ی باڵنده‌ی له‌ت‌وپه‌ت کراودا.
ب ـ ا ـ ڵن ـ ده = باڵ و سه‌رولاقی
هه‌ڵوه‌ری و ڕاوچییه‌که‌ی زاڵم
ش ه هی د = مرۆڤێک و ئه‌ندێشه‌یه‌کی له‌خوێن‌دا شه‌ڵاڵ و ئه‌قڵیه‌تێکی خوێن‌خۆر و مرۆڤ‌گه‌لێکی زۆردار.
گ ـ ه ـ ڵ ـ ا = سه‌رما و شه‌خته و هه‌ڵوه‌رین که ڕه‌مزی ئازار و ژان و ماکی جودایین.
خ ـ ا ـ ک = دابه‌ش‌بوون و ژینۆساید و تواندنه‌وه و داگیرکه‌ر، دابڕان و ته‌ره‌بوون.
«یه‌ڵماز» که به‌ر ده‌نگی ئه‌م شێعره‌یه هه‌موو لایه‌نه مه‌زڵوومیه‌ته‌کانی ئه‌م شێعره ده‌گرێته خۆی، له‌م چوار ڕێیه‌وه له هه‌رکامیانه‌وه بڕۆی ده‌گه‌یته ڕۆحی ئازارچێشتووی «یه‌ڵماز گۆنای»
«چرای کامه لاسه‌وز بێ
زووتر ده‌گه‌مه‌وه لات»
به هه‌رکام له‌و ڕێگایانه‌دا بڕۆی ده‌گه‌یته مه‌زڵوومیه‌ت، چوونکه هه‌ر چواریان سه‌مبولی مه‌زڵوومیه‌تن، ئه‌م شێعره‌ش هه‌ڵگری په‌یامی تازه‌بوونه‌وه‌یه له شێوازی نووسین‌دا، شکاندنی شه‌قڵی نووسین ده‌روازه‌یه‌کی نوێ ده‌کاته‌وه به‌ڕووی خوێنه‌ری شێعری کوردی‌دا، ئاشناشیان ده‌کات به به‌هره و توانا ناوه‌کی و ده‌رکیه‌کانی شێعر.
«ڕێگا»
ب
ا
ڵن
ده
ش ه هی د گ ه ڵ ا
خ
ا
ک
چرای کامه لا سه‌وز بێ
زووتر ده‌گه‌مه‌وه لات!
* * *
ئه‌گه‌ر ببی به باڵنده
هه‌موو جیهان هه‌ڵده‌فڕێ!
ببیه گه‌ڵا
هه‌موو جیهان سه‌وز ده‌بێ
ببیه شه‌هید
هه‌موو جیهان ده‌پشکوێ
ببی به خاک
هه‌موو جیهآن عاشق ده‌بێ!
سێهه‌م
ـ تابووت ـ
جێ‌ناگرم
نه له‌شوێن و
نه کات و
نه که‌سا
زه‌وی ده‌که‌مه تابووتنامه
تا که‌نداوی مه‌رگی منیش
خاڵی نه‌بێ
له نه‌وت و له ماسی
زه‌وی دێنمه سه‌ر سه‌کۆی وشه‌کان
هه‌تا بگریم
پێبکه‌نم
عاشق بم
هه‌ڵێم...
بۆ ئێوه
بینه‌رانی هه‌میشه دانیشتووی نێو تابووت، مه‌لی نوێگه‌ری نێو هزری «ساماڵ» له شێعره‌کانی کتێبی، «تابووت»دا به هه‌ردوو باڵ ده‌فڕن، باڵی په‌یڤین و باڵی پێکهاته‌یی، هه‌نگاوی تازه‌بوونه‌وه لێردا گورج و پته‌وتر ده‌بێت.
به‌م دوو باڵه‌وه مه‌ڵی شێعری «ساماڵ» جوان و شه‌نگ‌تر ده‌نوێنێ و به‌ره‌و قۆناغی کامڵ بوون ڕێده‌بڕێت، که هه‌م جیهانی شێعری خۆی زیاتر پێده‌خه‌مڵێنێ و هه‌م له‌وێوه پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی بێ‌ساماندارتر ده‌کات.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌م کاروانه بم زوانه ناگاته سه‌رمه‌نزڵ و ده‌بێ له داهاتوودا پانتاییه‌کی فراوانی بۆ ته‌رخان بکرێت، چونکه تا ئه‌وێ پۆشته و په‌رداخ‌تر و مه‌زن و به‌رچاوتڕ ده‌بێ، له «تابووت»دا شێعره‌کان ته‌یارترن به لایه‌نه هونه‌ڕبه‌کانی شێعر، زمانی «هه‌ر هیچ ته‌نیا» به‌جێ ده‌هێڵێ و قۆناغێکی‌تر له پرۆسه‌ی نوێ‌بوونه‌وه ده‌ست‌پێده‌کات. خوێنه‌ر تووشی که‌متر کۆپله و دێڕێک ده‌بێ که له رۆحی ناسکی شێعردا نه‌توابێته‌وه، ئه‌وکاته‌ی که باسی گریان و خه‌م‌مان بۆ ده‌کات و چیرۆکی یادگاره تاڵه‌کانی ده‌روونی خۆی‌مان به هۆی چاوه‌شێداره‌کانیه‌وه بۆ ده‌گێڕێته‌وه به زمانێکی تازه و ناوازه ده‌دوێت.
«به‌رانبه‌رم.... دیوارێکه له کۆتاییتان...
با ـ ی دێ و
چاڵی چاوم
به یادگاره‌کان شێداره»
با ـ تابووت ـ سپی سوار ـ له شێعری تابووت‌دا به‌هێزترین وشه‌ن و ده‌ورگێڕی سه‌ره‌کی شانۆی شێعره‌که‌ن، خوێنه‌ر زیاتر له هه‌موو وشه‌کان چاوی به‌وان ده‌که‌وێ و به‌وان ئاشنا ده‌بێ، ئه‌م وشانه هه‌ر به ئانقه‌ست له لایه‌ن شاعیره‌وه زه‌ق و به‌رجه‌سته کراونه‌ته‌وه، ماکی په‌یام و ڕۆحی شێعره‌که‌ش هه‌ر له تویی ئه‌م وشانه‌دا حه‌شار دراوه، هه‌موو پێکهاته‌ی شێعره‌که‌ش له خزمه‌ت ئه‌وان‌دان.
یه‌که‌م ـ‌با‌ـ
که دوازده که‌ڕه‌ت له شێعره‌که‌دا هاتووه،
ـ باـ ڕه‌مزی ڕابردووه، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری ڕۆژه تاڵ و شیرینه‌کانه، به سواری ئه‌سپی ـ‌با‌ـ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێمی دوور و نزیکی بیره‌وه‌ریه‌کانی له‌م سه‌فه‌ره‌دا تووشی یادگاره خۆش و ناخۆشه‌کانی ژیانی ده‌بێ و له ئامێزیان ده‌گرێت، ئه‌و «منه»ی که خاوه‌نی پێکهاته‌ی هه‌موو شێعره‌که‌یه و ڕۆحی شێعره‌که له ژیانی ئه‌و ده‌دوێت، خودی که‌سایه‌تی شاعیر نیه، شاعیر گێڕه‌وه‌ی باسی ژیانی منێکه که ئه‌و منه نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. بیست و پێنج و ئه‌ی ڕه‌قیب دوو وشه‌ن که ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یین، ئه‌و باسی دوو چاوی که‌ژاڵ و باڵایه‌کی شه‌نگ و دڵڕفێن ناکات، له ڕابردووی ژیانی تاکه‌که‌سی خۆیدا، ئه‌وه‌ی ئه‌و لێی ده‌دوێ ڕابردوویه‌کی دوور‌و درێژه، به کۆمه‌ڵێک چیرۆکی تاڵ و شیرینه‌وه.
«بیره‌وه‌ری تاڵ مردن»
«به‌رانبه‌رم دیوارێکه له کۆتایی زه‌وی...
له ته‌خته سه‌هۆڵه‌کانی باکووره‌وه
تا...
گه‌رماوه‌کانی نه‌وت و ماسی
«نه خوا ده‌مکوژێ
نه بۆخۆم ده‌مرم»
ته‌نیا...
با ـ ی دێ
با ـ ی دێ و
ته‌رمی 20ه‌مین کوڕی ته‌مه‌نم له شه‌ڕ دێته‌وه»
بیره‌وه‌ری خۆش، له‌دایک بوون
«25ی مه‌ی ئه‌ی ڕه‌قیب
له‌دایک ده‌بم
ئه‌شقم له دڵ ده‌گه‌ڕێ و
تاکوو ئێوارێش نامرم»
له‌دایک بوونی ئه‌ی ڕه‌قیب له‌دایک بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌که، ئه‌ی ڕه‌قیب ڕه‌مزی ژیانه‌وه و به‌رخۆدانه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و خۆناسینه.
دووهه‌م ـ تابووت ـ
که به زمانی ـ با ـ چیرۆکی ڕابردوومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه تابووت ده‌کاته وێنه‌یه‌ک بۆ ژیانی ئێستا، ئه‌و که‌ش‌وهه‌وای که خۆی تێیدا ده‌ژی و هه‌ستی پێده‌کات، ئه‌و ژیانه‌ی که بۆنی نێو تابووت و ڕه‌نگی نێو تابووت ده‌دات، سواری تابووت بوون سه‌فه‌ره به‌ره‌و شاری مردن، چوونه بۆ هه‌رێمی فه‌وتان و بزربوون، نێو تابووت و ژیانێک له ته‌نگه‌به‌ری و دڵته‌نگی‌دا هه‌ردووکیان نزیکن له لێوی فه‌بر ـ گۆڕه وشاری قه‌بر و گوشاری ژیان به‌رانبه‌رن، له ڕوانگه‌ی شاعیره‌وه چوار مێخه کێشران له ژیاندا و درێژ بوون له ئامێزی تابووت‌دا مانایه‌ک ده‌به‌خشن، ئه‌ویش نه‌بوونه، ژیانێک باڵی فڕین و زاری هاوارت لێ‌ببه‌ستن، هه‌ر تامی مه‌رگ ده‌دات، وشه‌ی تابووت دوازده که‌ڕه‌ت له‌م شێعره‌دا هاتووه.
له چرکه‌ی ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه
تا...
پاییزترین هه‌نگاوی ـ با ـ
له ساتی بێ‌کات ژمێره‌وه
تا...
له‌دایک بوونی من و
دووتوێ بوونی ڕیشه‌کانی ڕه‌گه‌زی من
هیچم له دڵانیه هیچ
جگه له خه‌وی نێو تابووت و
زیاره‌تی خۆڵ»
کاتی دڵته‌نگی
بازوه دارینه‌کانی تابووت ده‌مگوشێ
ج ـ سپی سوار
وشه‌ی سپی سواریش نۆ که‌ڕه‌ت له‌م شێعره‌دا هاتووه. به‌ڵام ئه‌و به‌و زمانی خوتبه له ئه‌رکه‌کانی سپی سوار نادوێت، باسی شان و باهۆ و هێز و وره‌ی ناکات، له په‌یڤی شیرین و زمانی ئاگرینی نادوێت، جه‌ماوه‌ر هان‌نادات بۆ پێشوازی و به‌پیره‌وه‌چوونی، ئه‌و ته‌نیا ئه‌وکاته‌ی له به‌رانبه‌ر گژه‌گژی بای نه‌هآتی و ژیانی تابووتی‌دا وه‌ستاوه، سپی سوار بیر خۆی‌و و خوێنه‌ره‌کانی ده‌خاته‌وه، سپی سوارێک به جل‌وبه‌رگی سپی و ئه‌سپی سپیه‌وه، هێمایه بۆ خه‌ون و ئاواته‌کانی شاعیر، ئه‌و له ژیانی نێو تابووته‌وه ده‌ڕوانێته خۆشی و ئاواته‌کانی ڕابردوو، ئامێزیش ده‌گرێته‌وه بۆ خولیا و خه‌وه‌کانی له داهاتوودا، با دیلی ده‌ستی مه‌رگ و تابووتیش بێ، سپی سوار ئاوێنه‌یه‌که ئاواته سه‌وز و سووره‌کانی شاعیر ده‌نوێنێت، ده‌فته‌رێکه هێوای داهاتووی ئه‌وی تێدا نووسراوه، هه‌ر به‌و ئاواته شه‌وه ده‌ستی سپی سواری ئومێدی ده‌گرێ و مل به فه‌وتان نادات، ژیان به‌و هیواوه خۆشه، بێ بوونی هیوا کێ باری ئازاره قورسه‌کانی ژیانی پێ هه‌ڵده‌گیرێ؟
«له وڵاتی ـ‌هه‌ێ‌ڕۆ‌ـ . بارانه‌وه
تا...
خشت به‌خشتی مێعماری خوێن
هیچم به‌رنه‌که‌وت هیچ
جگه له تۆفانی ترپه‌ی سم و
سپی سوارێک له دووره‌وه...»
« ـ‌با‌ـ ی ـ دێ و
با ـ ی دێ و
به ده‌نگی ڕه‌وه‌ی سپی سوار
من هێشتا هه‌ر زیندووم»
له به‌شێک له شعره‌کانی کتێبی «تابووت»دا شاعیر به زمانی فه‌لسه‌فه ده‌دوێ و به باڵی فه‌لسه‌فه ده‌فڕێ، هێنانه‌وه‌ی نێوی شێخ ئیشڕاق و ڤیساغوورس و هه‌لاج و شۆکه‌رانه‌که‌ی سوقڕاتی نه‌مر هه‌ریه‌که و به‌جۆرێک باس له ئه‌ندێشه و فیکری ئه‌م مرۆڤه ئازا و بلیمه‌تانه ده‌که‌ن، که هه‌ریه‌که و خاوه‌ن ئه‌ندێشه و هزرێکی تایبه‌تن و جێ‌په‌نجه‌یان له نوێ بوونه‌وه و کامڵ‌بوونی مرۆڤایه‌تیدا دیاره.
ئه‌م وتاره هه‌موو که‌لێن و قوژبنه‌کانی شێعری «ساماڵ» له‌خۆی ناگرێت، گه‌ڕان به‌نێو پانتایی ئه‌و سه‌رزه‌مینه به‌رینه‌دا پشووی درێژ و هێزی زۆری گه‌ره‌که، ده‌بێ بۆ هه‌ریه‌ک له بواره‌کانی شێعری ئه‌و، ڕه‌هه‌ندێکی تایبه‌ت لێ‌بدرێت و هه‌ر له‌و جه‌غزه‌شدا لێی بدوێی، ئه‌وه‌ی من باسم لێ‌کردووه ڕه‌وتی تازه‌گه‌ری له زمان و فۆرم له شێعره‌کانی ئه‌ودا بووه، زۆر به پارێزه‌وه ده‌ستم بردووه بۆ شرۆڤه‌کردنی مانایی شێعره‌کانی، مادام ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی وتاره‌که بۆخۆی په‌ل‌کێشی کردبێتم، ده‌نا من نیازم لێک‌دانه‌وه و ڕاڤه‌ی مانایی شێعره‌کانی ئه‌و نه‌بووه، هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ باس له‌سه‌ر گۆڕانی زمان و فۆرمی شاعیرێک بکه‌ین پێویسته هه‌ندێک ڕاڤه‌ی ماناییش بێنینه ئاراوه، چونکه زمان و فۆرمی نوێ شێواز و چۆنیه‌تی مانایی نوێشی دێنێته به‌رهه‌م، ئه‌وه‌ش یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات هه‌تا له شێواز و جۆری مانای ئه‌و زمانه شێعریه‌ش بگات، بۆ خوێنه‌ر هۆشیاریش هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه هه‌تا له‌گه‌ڵ زمان و شێوازی ڕه‌وته‌که ئاشنا بێ.
پێشم‌وایه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که بیانه‌وێ به چاو و زمانی ڕه‌خنه‌ییه‌وه بڕواننه ئه‌م دوو کتێبه بواری نووسین و جێی کارکردن بۆ ئه‌وانیش هه‌یه.
«شه‌ڕ»
بارینی خۆر
به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ماڵانێکی تازه سازدا
دایه مه‌مده به‌گورگێ
له زنجیره‌ی مناڵانێکی هه‌شت ـ نۆ ساڵاندا
کوت‌وپڕ
هه‌ڵاتنی فڕۆکه‌یه‌کی ڕه‌ش
له سووچی شینی ئاسمان
دایکانی برد
گورگی خاتیره‌یه‌کی سوور
باربنی دوو که‌ڵ
یان جه‌ده‌لێکی سیاسی
به‌سه‌ر که‌لاوه‌ی هه‌رێمێکی دیسان رووخاودا
سه‌رچاوه‌کان
مێژووی فه‌لسه‌فه «وێل‌دۆڕانت»، عه‌باس زه‌ڕیاب
سروه‌ی ژوماره 132-131
هه‌ر هیچ ته‌نیا، محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دی
تابووت، محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دی
[1] دووبه‌رهه‌می بڵاوکراوه‌کانی شاعیرن.