
چه‌ند کورته چیرۆک ؛ ره‌زا عه‌لی پوور
و. له فارسییه‌وه: نووسه‌ر
ژنێک و دوو منداڵ
له‌به‌ر خۆمه‌وه ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر بۆ رزگاربوون له ته‌نیایی بڕۆم و له شاره‌که‌ی خۆمان ژن بێنم و بیهێنم بۆ ئێره، ژنه‌که‌م ئه‌پرسێ ئه‌م شاره بۆ ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه؟ منیش ئه‌ڵێم ئاخر تۆ چووزانی گه‌وره‌یه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ته‌نیا دووسێ گه‌ڕه‌کی ئه‌م شاره ئه‌زانم تاکوو ژنه‌که‌م ببه‌م و له‌وێ بیگه‌ڕێنم.
کاتێ ژنم هێنا ئه‌توانی له په‌نجه‌ره‌ی دووکه‌ڵاویی ماڵه‌که‌وه گوێ له فیکه‌ی به‌رز و به‌رده‌وامی پاپۆڕه‌کان بگرێت وسه‌یری هه‌ڵمه شیرییه‌که‌یان بکات له توێی هه‌وره‌کاندا، “فێری ئه‌که‌م شاری گه‌وره هه‌وری گه‌وره‌ی ئه‌وێ”.
دوایی ئه‌توانێ له‌گه‌ڵ ژنی خاوه‌ن ماڵ بڕوات بۆ بازاڕی ئاسه‌ف و نان و میوه بخاته سه‌به‌ته‌که‌یه‌وه. ئه‌توانێ له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ گوڵه‌کانیدا قسه بکات و له مه‌تبه‌خه‌که چاوه‌ڕوانی من بکات هه‌تا ماندوو و دووکه‌ڵگرتوو له “بارئه‌نداز” بگه‌ڕێمه‌وه.
ژنه‌که‌م له دووکه‌ڵ و فیکه‌ی پاپۆڕ، له هه‌ور و گوڵ و بازاڕی “ئاسه‌ف” ماندوو ئه‌بێت و ئه‌ڵێ بێتاقه‌تی دایکی بووه به‌ڵام من نامه‌وێ بێ تاقه‌ت بێ، هه‌ربۆیه بڕیارمان دا منداڵمان ببێ.
ئێستا که بیر ئه‌که‌مه‌وه ئه‌ترسم منداڵی یه‌که‌میشمان هه‌ست به‌ته‌نیایی بکا، بۆیه بڕیارمان داوه منداڵی دووهه‌میشمان ببێ.
ئه‌وه خه‌ریکی چیت
زووکه ژنه‌که‌ت بدۆزه‌وه
هه‌رکام له هاو ته‌مه‌نه‌کانی من بۆخۆیان بوون به که‌سێک، منیش سه‌ره‌تا ئه‌مویست ببمه وه‌رزشکار به‌ڵام له‌به‌ر جه‌سته‌ی لاواز و زۆرشتی تر رام گۆڕا و ویستم بڕۆم بۆ هه‌نده‌ران. نه‌کرا.
بۆ ماوه‌یه‌ک دوکانی سه‌عاتفرۆشیم دانا، خۆ دووکانیش نه‌بوو، بێجگه له‌وه تێکه‌ڵ بوونی له راده‌به‌ده‌ر له‌گه‌ڵ کات و مێژوو خه‌ریک بوو خه‌مۆکی ئه‌کردم. بۆ ده‌ربازبوون له خه‌مۆکیی کاری، بوومه عه‌تر فرۆش. دوکانم نه‌کرده‌وه، ته‌نیا سندووقێکی جوانی پڕ له عه‌ترم هه‌ڵگرت و به کۆڵانه‌کانا گه‌ڕام و هاوارم کرد: “عه‌تر، عه‌تری ئه‌نتیکه، عه‌تری تازه، عه‌تری عه‌تر” زیاتر له گه‌ڵ ژن و کچدا مامه‌ڵه‌م هه‌بوو. ژنه‌که‌م له یه‌کێک له رۆژانی عه‌تر فرۆشتندا په‌یدا کرد. کتوپر له ماڵ هاته‌ده‌ر و عاشقی یه‌کتر بووین. کاتێ یه‌که‌م منداڵمان له دایک بوو، ژنه‌که‌م وتی ئه‌بێ بڕۆمه په‌یسه‌ر کارێکی تر . ئه‌یوت ژنان عاشقی ئه‌م عه‌ترانه ئه‌بن و تۆش جێی متمانه نیت.
ئێستا قاوه‌خانه‌م هه‌یه، له‌گه‌ڵ ژنێک ودوو منداڵ. کوڕه گه‌وره‌که‌م ویستی ببێ به وه‌رزشکار به‌ڵام له‌به‌ر جه‌سته‌ی لاواز و زۆر شتی تر رای گۆڕا و ویستی بڕوا بۆ هه‌نده‌ران. به‌ڵام دووکانی سه‌عات فرۆشیی دانا. خۆ دووکانیش نه‌بوو. جیا له‌وه خۆ خه‌ریک کردن به کات و مێژووه‌وه خه‌ریک بوو خه‌مۆکی ئه‌کرد. هه‌ر بۆیه سندووقه قه‌دیمیه‌که‌ی منی هه‌ڵگرت و بوو به عه‌تر فرۆش. ئێستا له کۆڵانه‌کاندا عه‌تری قه‌دیمی به کچان و ژنان ئه‌فرۆشێ و بۆ هه‌ندێکیشیان به هه‌رزان دایئه‌نێت. ژنه‌که‌م ئه‌ڵێ ده‌رامه‌تی نییه به‌ڵام من ئه‌زانم خه‌ریکه به دوای ژنه‌که‌یدا ئه‌گه‌ڕێ.
رۆژانێک له ره‌نگی نه‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌که
هه‌رکه هه‌تاو بدا له نه‌رده‌ی ناوه‌ڕاستی په‌نجه‌ره‌که، سوره‌یا زه‌نگ لێ ئه‌دا و به‌و کلیله‌ی پێیه‌تی دێته ماڵه‌وه.
هه‌میشه سه‌ره‌تا ئه‌چێته مه‌تبه‌خ، ده‌رگای سه‌لاجه‌که ئه‌کاته‌وه، خۆراکه‌کانی تێ ئه‌خا ، پێوه‌ی ئه‌دا، دوو پاکه‌ت جگه‌ره له‌سه‌ر ئۆپێنی مه‌تبه‌خه‌که دائه‌نێت و سه‌ماوه‌ره‌که هه‌ڵئه‌کا. پاشان دێت و له‌سه‌ر موبله‌که‌ی ته‌نیشتم دائه‌نیشێ، ده‌ستم ئه‌گرێت و به‌ره‌و روخسارم ئه‌نووشتێته‌وه، گۆنام ماچ ده‌کات. ئه‌ڵێ ئه‌مڕۆ ئه‌بێ ریشت بتاشی.
پاره‌که ئه‌خاته ژێر دۆشه‌کی ویلچێر(1)ه‌که‌مه‌وه.
به‌ده‌م قسه‌وه مانتۆکه‌ی دائه‌که‌نێ.
ئه‌ڵێ کابرا ژن و منداڵی بوو.
ئه‌ڵێ کابرا ئه‌گه‌ر منداڵمان ببوایه هاوته‌مه‌ن ئه‌بوون.
ئه‌ڵێ کابرا نێره‌که‌ر بوو.
ئه‌ڵێ کابرا هاوته‌مه‌نی باوکم بوو.
ئه‌ڵێ کابرا نه‌خۆشینی بوو.
ئه‌ڵێ کابرا نه‌یده‌توانی.
کاتێ قسه‌کانی ته‌واو ئه‌بێ جگه‌ره و چا دێنێ. پاشان ئه‌ڕوا بۆ حه‌مام.
وه‌سواسی هه‌یه. پێشتر نه‌یبوو. خاولییه‌کی سپیی له خۆی ئاڵاندووه. پووزی قاچی ره‌ش و شین هه‌ڵگه‌ڕاوه. دێت و له قه‌نه‌فه‌که‌ی رووبه‌رووما رائه‌کشێ.
ماوه‌یه‌که هه‌رکه زه‌رده بگرێ کوڵمی لۆچی تێ ئه‌که‌وێ. ئێسته ته‌نیا چاو دائه‌گرێ.
ئه‌خه‌وێ.
خه‌وتووه.
مۆبایله‌که‌ی جه‌ره‌س لێ ئه‌دا. ئادره‌سه‌که ئه‌نووسێ.
ئه‌ڵێ به‌یانی دێم، سه‌عاتێک 20 هه‌زار تمه‌ن.
(1) عه‌ره‌بانه‌یه‌که بۆ که‌م ئه‌ندامان
ئه‌مڕۆ قه‌راره باوکم بکوژم
ئه‌و کاته‌ی جله‌کانی ئه‌گۆڕێ، کێرده‌که ئه‌که‌م به که‌له‌که‌یا و جوان جوان هه‌ڵی ئه‌سووڕێنم. خوێن له ژێرکراسییه‌که‌یه‌وه فیچقه ئه‌کات و ئه‌ڕژێ به‌سه‌ر سه‌رامیکه که‌که‌ئۆییه‌کانا و پاشان له ناوه‌ڕاستی ژووره‌که‌دا ئه‌که‌وێ.
ئه‌مڕۆ قه‌راره سه‌عات 4ی سه‌رله به‌یانی ئێعدامم که‌ن.
ئازه‌ر ئه‌ڵێ هه‌ر باوه‌ڕ ناکه‌م.
سه‌ریان پاک تاشیوم.
مه‌لیحه ئه‌داته پڕمه‌ی گریان.
جله‌کانم داناوه بۆ ئازه‌ر و مه‌لیحه.
ئه‌مڕۆ ئه‌بێ خاوه‌ن خوێنه‌کان(1) بێن. دایکم دێت. خوا بکا فه‌رزاد و فه‌رزانه‌ش بێنێ. ئه‌مڕۆ قه‌راره که‌سێک بکوژرێ.
دوکتۆر حه‌به ره‌نگاوره‌نگه‌کان ئه‌کاته له‌پی ده‌ستی و ئه‌ڵێ ئه‌مانه ئه‌توانێ سوکنای بکا، به‌ڵام مه‌هێڵن بیری بترازێت و تا ئاخری درێژه‌ی پێ با، زوو زوو بانگی که‌ن.
هه‌موو شتێک لێره‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که بابه جله‌کانی ئه‌گۆڕێ و وه‌سوه‌سه ئه‌بم کێرده ده‌سک سپییه‌که ( به وته‌ی لێپرس) به ئه‌نقه‌ست و به پێی پیلانی داڕێژراو ( دیسان به وته‌ی به‌پرس) به لا که‌له‌که‌یا بکه‌م. پاشان ئه‌گاته ئه‌وێ که دایکم ته‌نافه‌که ئه‌خاته ملم و به‌تانییه‌که لائه‌دا و به چرپه ئه‌ڵێ فاتێ گیان گوڵه‌که‌م هه‌سته، ئێسته بابه گیانت دێته‌وه.
(1) مه‌به‌ست که‌سانی نزیکی کوژراوه‌که‌یه.
ژیانی ده‌گمه‌نی ئه‌و
کۆته‌که‌م ئه‌خه‌مه سه‌ر پشتیی کورسییه‌که، هه‌ر له جێی جارانی خۆی. چاوه‌ڕوان ئه‌بم بێت و بڵێ: تو خوا ببوورن، ئه‌مڕۆ سه‌یاره‌م ده‌ست نه‌که‌وت.
دێت و ئه‌ڵێ: سه‌لام، ببوورن، به‌خوا ئه‌مڕۆ سه‌یاره‌م....
هه‌ر ئێستا ئه‌وی دیکه دێته ژوور و ئه‌ڵێ: خاڵۆ، دۆسیه‌که‌ی...
له ده‌رگا ئه‌دات و به‌دۆسیه‌یه‌کی سووره‌وه دێته ژوور و ئه‌ڵێ: خاڵۆ ئه‌م دۆسیه‌ی...
ئێستا قاوه‌چیی داییره چام بۆ ئه‌هێنێ.
ئه‌یهێنێ.
کاتژمێر10 ژنه‌که‌م ته‌له‌فۆن ئه‌کا و ئه‌ڵێ: من ئه‌رۆم بۆماڵی...
: جه‌نابی مودیر خێزانتان له ته‌له‌فۆندا چاوه‌ڕوانه...
سه‌ره‌تا زۆرم بۆ دژوار بوو به‌ڵام ئێستا ماوه‌یه‌که خه‌ریکم رادێم، راهاتووم به‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هیچ شتێکی تازه نه‌بم به‌ڵام دیسان هه‌ندێ شت هه‌ن، شتی سه‌رنجراکێش و نوێ.
وه‌ک ددان ئێشه‌ی حه‌وته‌ی رابردوو. له‌لایه‌که‌وه زۆر حه‌زم کرد. حسێبم کرد به‌م 24 ددانه‌ی که بۆم ماوه ئه‌گه‌ر له ره‌شبینانه‌ترین حاڵه‌تیشدا هه‌رکامیان دوو جار ژان بێن، من48 حه‌وته‌ی جیاوازم ئه‌بێت. واته رێک به‌قه‌د ته‌مه‌نی خۆم. هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌کانی تری له‌ش و نه‌خۆشینی تر هه‌ن که‌زۆر رۆژی جیاواز له‌گه‌ڵ خۆیان ئێنن.
رۆژێک زووتر له‌جاران هه‌ڵده‌سم و له‌جیاتیی ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌م له ژێر به‌تانیه‌که‌وه به‌ده‌نگی خه‌واڵوو پێم بڵێ “چا تێکه بۆ خۆت” منیش تێیکه‌م و به‌په‌له داگه‌ڕێم به‌ره‌و شه‌قامی”لاله”، له‌پێشدا جه‌ره‌سی کاتژمێره‌که لائه‌به‌م، دوایی میسواک ئه‌که‌م و به‌پێ رێ ئه‌که‌وم بۆ وێستگه‌ی پاس و ئه‌ڕۆم بۆ کلینیک.
بڕیارم داوه هه‌ر جاره‌و بۆ کلینیکێک بڕۆم. واته له ره‌شبینانه‌ترین حاڵه‌تدا 48 کلینیک و 96مرۆڤی تازه. یه‌کێک به‌ر له من و یه‌کێک دوای من.
هه‌ر زۆر به‌خته‌وه‌رین
شاترینج که‌ری نییه
تازه ده‌ستمان به‌یاری کردبوو که میترا وتی: “مات”. وتم خۆ هێشتا یارییه‌که ته‌واو نه‌بووه.
بێ پێشه‌کی وتی ئه‌زانی ماوه‌یه‌که ته‌له‌فون و نووکه‌ی سه‌یرم بۆ ئه‌کرێت؟ قژه درێژ و کراوه‌که‌ی خسته پشت ملیه‌وه و درێژه‌ی دا: تۆ و دایکیشم خۆتانی لێ گێل ئه‌که‌ن، به‌ڵام ئیتر ته‌واو بوو، “کیش و مات”م کردن.
چاوێکی داگرت و بێ ئه‌وه‌ی چاوی بترووکێنێ سه‌یری کردم. هه‌ر سۆسه‌ی هیچم نه‌کردبوو. دایه‌ش هیچی نه‌وتبوو. وتم چی ته‌واو بوو ئه‌بێ یاری بکه‌یت. مۆره‌کانی هه‌ڵڕشت و درێژه‌ی پێدا که ناوی “ئارش”ه.
شا و وه‌زیره‌که‌ی گرت به‌ده‌ستیه‌وه، قاچی خسته‌سه‌ر قاچ و وتی: هه‌م ئه‌میانه هه‌م ئه‌م. سه‌ربازێکی ره‌شم هه‌ڵگرت و وتم: بریا هه‌ر ئه‌مه بووایه. هات نقورچکم لێبگرێت، خێرا قاچم له قه‌نه‌فه‌که‌دا کۆ کرده‌وه. وتم یان ئه‌بێ یاری بکه‌یته‌وه یان به دایه ئه‌ڵێم. وتی حه‌تمه‌ن وا بکه، ئه‌م حه‌وته بریاره له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی بێت.
هاتن.
میترا رۆشت.
ئێستا مۆره‌کانم چنیوه.
من له یارییه‌که‌دا نیم. ئارش و میترا به‌رامبه‌ر یه‌ک دائه‌نیشن.
میترا ئه‌ڵێ مات. ئارش ئه‌ڵێ مات. من ئه‌ڵێم “پات”. ئارش ئه‌دا له ژێر ته‌خته‌ی شاترینجه‌که و ئه‌ڕواته ده‌ر. میترا قژه‌کانی به مۆده‌ی “کلک ئه‌سپی” به‌ستووه. ئه‌ڵێ که‌ره. به‌ئارش ئه‌ڵێ. پاشان به من ئه‌ڵێ، مینوو خۆزگه هه‌ر ئه‌و مۆره بووایه وا وتت. ئه‌ڵێم ئه‌ی چی؟ ئاماژه ئه‌داته ژێر مێزه‌که و ئه‌ڵێ: هیچ کوڕه، ئه‌و ئه‌سپه‌م به‌رێ.
که مۆره‌کان ئه‌چنێ خێرا کیش و مات ئه‌بێ.
به فرانکۆ بڵێن هه‌ر نامه‌وێ
ئه‌دگاری ببینم
هه‌موویان دوو ده‌سته زیاتر نین. بۆ هه‌ندێکیان هه‌ر پێویست ناکا به‌ڵام دیسان لێ ئه‌یه‌م. من پاره وه‌رئه‌گرم لێ بده‌م، گرووپ یان ده‌سته‌ی دووهه‌م خێرا خۆیان ته‌واوی ئه‌که‌ن، به‌ڵام بڕێکیان ئه‌بێ من ته‌واوی بکه‌م.
“لوسیا” نازانێ من لێ ئه‌یه‌م، ئه‌یه‌وێ بڕوا بۆ لای “ئه‌و لاییه‌کان”. ئه‌مه زۆر خراپه.
له بیرم نایێ جاری یه‌که‌م له‌کام ده‌سته‌م دا، به‌ڵام چاکم لێدا.
به‌رپرسه‌که‌مان ئه‌وکات “گارسیا” بوو. وتی “ها پابلۆ لێدانه‌که‌ت قسه‌ی تیا نییه”.
جارێکیان له قه‌راغ زه‌ریا پیاوێکم بینی زۆر ئاشنا هاته به‌رچاوم. له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یا خۆی خستبووه به‌ر هه‌تاو. باش له بیرمه له ده‌سته‌ی دووهه‌م بوو. پێم سه‌یر بوو، وتی برایه‌کی دووانه‌ی بووه، رێک وه‌ک خۆی. چونکوو له‌م باره‌وه هه‌رگیز هه‌ڵه ناکه‌م، نابێ بیکه‌م. هه‌رچه‌ن زۆرن به‌ڵام هه‌مووم له‌بیره.
گارسیا ئه‌یوت “من لێ نه‌یه‌م که‌سێکی تر وا ئه‌کا، ئه‌گه‌ر خراپه که پێم وابێ وا نیه، من ئه‌بمه هۆی ئه‌وه که‌سێکی تر خراپ نه‌بێ”.
به‌رپرسه تازه‌که‌مان ناوی”گۆمێز”ه، ئه‌ڵێ: “ ها پابلۆ قسه‌ی تیا نییه، تۆ یارمه‌تییان ئه‌ده‌ی، که‌مێک زووتر “. به‌ڵام من حه‌ز ئه‌که‌م سه‌ره‌تا جوان ده‌م وچاویان بسپێرمه مێشکم، پاشان لێبده‌م.
دایکم ئه‌ڵێ: “لوسیا کچێکی باشه، یارمه‌تیی بده، ئه‌و ژنته”.
“چووه به‌ره‌و ئه‌ولاییه‌کان، ئه‌مه زۆر خراپه دایه”
من کارم نییه، خۆ من گولله‌ی خه‌لاس له ژنه‌کان ناده‌م.
ره‌نگه‌که‌سێک به په‌نجه‌ی ئاماژه فرمێسکه‌کانی بسڕێ
سه‌ره‌تا بۆیه‌کان ئه‌پژێنم پاشان به په‌نجه‌ی ئاماژه هه‌موو ته‌خته‌وێنه‌که هێڵ هێڵ ئه‌که‌م. وابزانم له “میکێل ئانژ” که خه‌ریکی تاشینی به‌ردێک بووه ئه‌پرسن چی ئه‌که‌ی؟ ئه‌ڵێ ئه‌سپێک له ناو ئه‌م به‌رده‌دا گیری کردووه ئه‌مه‌وێ ده‌ریبێنم
منیش خه‌ریکم به ترس و له‌ززه‌ته‌وه هه‌ر ئه‌م کاره ئه‌که‌م. ته‌نانه‌ت پێم خۆش نییه بڕۆمه باوه‌شی “کامی” و یاری به تووکی سه‌ر سینگی بکه‌م. ته‌نیا ئه‌مه‌وێ بزانم له‌سه‌ر ئه‌م ته‌خته، له نێو ئه‌م بۆیه و ره‌نگانه‌دا چی هه‌یه؟
کامی خه‌ریکه جگه‌ره ئه‌کێشێ، ئه‌ڵێم سووتووه‌که‌ی بڕژێنه سه‌ر ته‌خته وێنه‌که، به‌ڵام دێته پشتمه‌وه و ده‌ست ئه‌خاته سه‌ر سینگم. که سه‌ر ئه‌خاته سه‌ر شانم جگه‌ره‌که‌ی بۆنی ئاڵفی سه‌حرای لێ دێ. ئه‌ڵێ ئه‌مانه چین؟
ئه‌ڵێم سک و که‌مه‌ری ژنێکن که هه‌ست ئه‌کا “تاتار”ێکی بچووک له مێشکیا ئه‌گریێ.
کامی لاملم ماچ ئه‌کا و سووتووی جگه‌ره‌که‌ی ئه‌ڕژێنێته سه‌ر ناو‌کی ژنه‌که که له بیبیله‌ی چاو ئه‌چێ. به په‌نجه‌ی ئاماژه ئه‌یسوومه‌وه، ئه‌یسووم. پاک نابێته‌وه.
به‌م بۆنی کازانۆڤایه‌وه
که‌س نازانێ گه‌نده‌ڵم
پێش ئه‌وه‌ی “نیما” بڕوا بۆ سه‌ربازی و من ناچار بم هه‌ندێ کار بۆ “مینا” خانم بکه‌م بۆچوونم له باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه زه‌لکاوێکی لیخن بوو که ته‌نانه‌ت له جله‌کانی پیاویشه‌وه دێته‌ده‌ر. وامئه‌زانی مرۆڤه فاسیده‌کان به‌شه‌وێک هه‌موو موڵک و سامانیان له کیس ئه‌چێت و نه‌خۆشینی پێست ئه‌گرن.
ئه‌م بۆچوونه‌م هی دووساڵ له‌وه پێش بوو، واته 19ساڵان.
هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه برێ که‌س بڵێن ئه‌و شته له ئه‌فلام کارتۆن ئه‌چێت، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت ئه‌وه بیر کردنه‌وه‌ی من بوو و دیاره بیرکردنه‌وه‌کان ئه‌وه‌نده‌ش راسته‌قینه نین.
“مینا” خانم وتی بڕۆین بۆ شانۆ.
وتم: ok.
به‌یانی سه‌یری پێستی خۆمم کرد، ساغی ساغ بوو.
مینا وتی وه‌ره جێژنی له‌دایک بوونی نیمایه. چووم. ته‌نیا بوو. ته‌نیا بووین. زه‌نگمان دا و دایکی وتی وه‌ره جێژنی میلادمان بۆگرتووی.
نیما چوارمانگی تر سه‌ربازییه‌که‌ی ته‌واو ئه‌بێ. هاوڕێکانم ئه‌پرسن: “ئه‌م عه‌تره‌ی له خۆتت داوه ناوی چییه؟”
باوکم ئه‌ڵێ: “بۆ خۆی بووه به پیاو”.
دایکم ئه‌ڵێ: “قۆز بووه”.
نیما دێته‌وه.
مینا وتی رێک وه‌ک نیمای. هه‌ربۆیه ئه‌توانم له‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌م بۆسینه‌ما، شانۆ، یان ته‌نانه‌ت هوتێل و سه‌فه‌ر.
به وته‌ی هه‌مووان “من که‌وتوومه‌ته زه‌لکاوی فه‌ساده‌وه”
به‌ڵام بۆنی کازانۆڤام لێ دێ.
نیما دێته‌وه.
مینا وتی”ئه‌وه‌ی باشه نیما خۆشی ئه‌وێیت”.
منیش چاو دائه‌گرم و ئه‌ڵێم “منیش مینا و نیمام خۆش ئه‌وێ”.
وته‌یه‌کی نووسه‌ر له سه‌ر چیرۆکه‌کانی:
شاری گه‌وره، هه‌وری گه‌وره‌ی ئه‌وێ
“مه‌یل، مه‌یلی ئه‌ویدییه” لاکان
ئه‌م چیرۆکانه له بنه‌ڕه‌تدا به فارسی نووسراون و هه‌ندێکیشیان به فارسی بڵاو بوونه‌ته‌وه، هیچ چارێکم نه‌بوو جگه له‌وه‌ی به‌و زمانه بیاننووسم، چونکوو به‌رهه‌می ژیانی منێکی په‌راوێزی و “شارستانی”یه له مێترۆپۆلێکی سه‌یر و سه‌مه‌ڕه‌ی وه‌ک تاران، شارێکی بێ قاپ و بێ وێنه، تێکه‌ڵه‌یه‌ک له سوننه‌ت و مودێڕنیته، شاری فرسه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی هاوکات، شاری درووستکردن و پارێزگاری له ئایدیۆلۆژیا و هه‌روه‌ها شاری نیهیلیزم و پێبه‌ند نه‌بوون به هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌ک، شاری پارێزگاری له ئه‌خلاق و شاری فڕێدانی ئه‌خلاق له یه‌ک کاتدا، ره‌نگه به لای هه‌ندێ له‌وانه‌ی وا ساڵانێکه هاتووچۆی تاران ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت لێی ژیاون، ئه‌م جۆره باسکردنه له‌م شاره تا راده‌یه‌ک سه‌یر و نامۆ بێت یا خۆ پێیانوابێت ئه‌مه نیشانه‌ی نه‌دی بدیبوونی منه و ئه‌وانه خۆی سروشتی شاری گه‌وره‌یه و هه‌ر ئه‌بێ وا بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر “ئه‌مری ئاسایی” لابه‌رین، ده‌بینین ئه‌مجۆره سیفه‌تانه که ئه‌م شاره له خۆی کۆکردووه‌ته‌وه جێگه‌ی بیر لێکردنه‌وه و تێڕامانه و ئه‌بێ به بوێرییه‌وه سه‌یری خسڵه‌ته درنجئاساکه‌شی بکرێت. هه‌ڵبه‌ت وه‌ک وترا ئه‌مه به مه‌رجێک ئه‌و پارادۆکس و ژیانه جیاواز و دژ به‌یه‌کانه به بابه‌تێکی ئاسایی و سرووشتی نه‌زانین و وه‌ک ئه‌مرێکی مێژوویی و تایبه‌تمه‌ند بیری لێبکه‌ینه‌وه. ره‌نگه دانپیانانێکی ساده بێت که بڵێم یه‌که‌م ته‌جره‌به‌ی ژیان و مانه‌وه‌ی به ناچاری و به‌رده‌وامی من له‌م شاره‌دا له‌به‌ر دوو هۆکاری جیاواز له چاو سه‌ردان و مانه‌وه پێشووه‌کانم تۆفیری بوو؛ بۆ من سه‌ره‌تای نیشته‌جێبوون له تاران‌دا هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی ئه‌زموونی مودێرنێتیی مارشال بێرمه‌ن ( به وه‌رگێڕانه به سه‌لیقه‌که‌ی مه‌نسوور ته‌یفووری) که ئه‌و کتێبه بووه هۆی ئه‌وه‌ی به دیدێکی جیاوازتر سه‌یری شار و له‌وێشه‌وه ئه‌م مێترۆپۆله بکه‌م. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جاری دیکه وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکانی ئێران به شێوه‌ی تووریستی و رێبوارانه هاتبوومه تاران، نیشته‌جێبوونی یه‌کجاری ناچاری کردم بۆ پارێزگاری له نه‌فسیش بووبێت هۆشیارانه‌تر و وردتر سه‌رنج بده‌م و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی په‌راوێزی چۆن ده‌ست به گیرفانییه‌وه ده‌گرێت منیش هێواش و نه‌رمتر به‌ره‌و سه‌نته‌ر بڕۆم و هه‌وڵ له ناسینی بده‌م، ئه‌م هه‌وڵه که هه‌راسێکیشی له‌گه‌ڵدا بوو، بووه هۆی ئه‌وه‌ی به دیدێکی گوماناوی و _ نایشارمه‌وه_ هه‌ندێجاریش پاستۆڕاڵه‌وه (سه‌راپا جیاواز له‌هۆکاری یه‌که‌م و هه‌وڵه‌که‌ی مارشال بێرمه‌ن) لێی رابمێنم و جۆرێکی دیکه قه‌زاوه‌ت و داوه‌ری ( به تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ده‌ڤه‌ره تایبه‌تی و خسووسییه‌کانه‌وه) بکه‌م. به‌رهه‌می لێکدران و تێک ئاڵانی ئه‌و دوو دیده جیاوازه لای من له ماوه‌یه‌کی سێ مانگه‌دا و له ته‌جره‌به‌یه‌کی تایبه‌تدا نزیک به 50 چیرۆکی کورتی لێکه‌وته‌وه به زمانی فارسی. هه‌ستده‌که‌م (باش، یان خراپ) باسم له هه‌ندێ شت کردووه و سه‌رنجی هه‌ندێ شتم داوه که _ به‌لای خۆمه‌وه_ نووسه‌رانی ئه‌م شاره که‌متر ئاوڕیان لێداوه‌ته‌وه، یان که‌متر بۆیان گرنگ بووه، له کاتی نووسینی ئه‌م ده‌قانه‌دا خۆم وه‌ک ئه‌و که‌سه غه‌واره‌یه ده‌بینی که به وته‌ی شکلۆفسکی زیاتر له دانیشتووانی که‌ناری زه‌ریا ده‌نگی زه‌ریا ده‌بیستێت و پێی سه‌یره. ئه‌مه نه‌ک به‌و مانایه شار و دیارده‌کانی ئوبژه بووبێتن و من وه‌ک سوبژه‌یه‌کی رێفلێکتیڤ سه‌رنجم دابێتن. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌کرێ من ته‌نیا وڵامده‌رێک بووبێتم بۆ ئه‌و دۆخه نمادینه و وه‌ک لاکان ده‌ڵێ وڵامم به‌و مه‌یله دابێته‌وه که ئه‌ویدی ( هه‌ڵبه‌ت نه‌ک تاک) داوای کردووه، واته هه‌وڵی من وه‌فادار مانه‌وه به‌و مه‌یله بووبێت.
دیاره هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باسی کرا به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له دایک بێت و هه‌موویان کاتێک نرخ وه‌رده‌گرن که له بۆته‌ی فوڕمێکی شیاو و تایبه‌تدا بتوێنه‌وه و له چیرۆکیشدا ره‌هه‌ندی گێڕانه‌وه‌ی درووست و به‌جێ ره‌چاو بکرێت. ئه‌گه‌ر ناوێک بدۆزمه‌وه ره‌نگه بتوانم بڵێم له باری چۆنییه‌تیی داڕشتن و فوڕمی به‌رهه‌مه‌کانه‌وه ئه‌کرێ هه‌ندێکیان به چیرۆکی مینی‌ماڵ و هه‌ندێکیان فلاش فیکشێن و هه‌ندێکیان به چیرۆکی s.m.s ی و message ی ناویان لێبنرێت، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر کورتبوونیان نییه ... هه‌وڵم ئه‌وه نه‌بووه هه‌موو پتانسییه‌ل و ئێنێرژیی چیرۆک له کۆتاییدا کۆ ببێته‌وه به‌ڵکوو له کورته چیرۆکدا وه‌ک شیعر، وشه‌کانیش گرنگن لێره‌وه ویستوومه “چیرۆکییه‌ت” له هه‌موو ده‌قه‌که‌دا بێت، له‌کاتی نووسین و ئێدیت کردنی چیرۆکه‌کاندا به‌رده‌وام ئه‌م وته‌یه‌ی “پاسکاڵ”م له بیر بوو که لی کۆتایی نامه‌یه‌کی درێژدا بۆ هاوڕێیه‌کی نووسیبووی “ببووره کاتم نه‌بوو نامه‌یکی کورتت بۆ بنووسم.” به‌ڵام هاوکات له بیری ئه‌وه‌دا بووم چیرۆک بنووسم و فوڕم و تێم پێکه‌وه یه‌کانگیر بن.
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌م چیرۆکانه کوردی نین و وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و ئه‌وه‌نده‌ش ده‌زانم با وه‌رگێڕه‌که‌ی خودی نووسه‌ره‌که‌ش بێت به‌ڵام نه‌متوانیوه دایانبڕێژمه‌وه و بیانئافرێنمه‌وه. هه‌وڵی ئه‌وه‌شم نه‌داوه، ته‌نیا هه‌وڵم ئه‌وه بووه وه‌ریانبگێڕم و به‌س.