شه‌و
سه‌ید قادر هیدایه‌تی
هوبووت
ئه‌و کاتانه‌ی خه‌یام ده‌خوێنییه‌وه ، له قه‌فی سمێڵت ده‌گه‌ڕێی زۆر بێ ، شۆڕشۆڕ تاکوو وای لێبێ بتوانی جۆلانێیه‌کی لێ هه‌ڵبه‌ستی . لێی هه‌ڵده‌به‌ستی .
له ژووره‌که‌تدا خه‌وتووی .
له پڕ بانگت ده‌که‌ن .
هه‌را ده‌که‌ی : کێ بوو؟
ده‌نگ نابیستی .
سه‌رت له په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌کێشییه ده‌رێ : کێ بوو؟
که‌س نابینی .
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بڕوانی، ملت درێژ ده‌که‌ی ، درێژ درێژ به قه‌ت دارێک . دارێک بۆ هه‌قلی مه‌قۆ .
به منداڵی وه‌ختێک له به‌ر ئاوێنه ڕاده‌وه‌ستای وه‌ها له ئاوێنه‌که ده‌چوویه پێشێ ، چاوتان له چاوی یه‌ک و گلێنه‌تان له گلێنه‌ی یه‌ک ده‌درا . چاوت له ڕه‌شه‌وه ده‌هات. بیرێکی قووڵ و تاریک . ده‌کشایه‌وه دواوه . چه‌مۆله‌یه‌کت لێ ده‌نا چه‌مۆڵه و ئاوێنه ئاوێته‌ی یه‌ک ده‌بوون. سه‌رت له گێژه‌وه ده‌هات خلۆر ده‌بوویه‌وه نێو تاریکاییه‌کی به‌سام ...
ته‌نیا که‌وتوویه‌وه . هه‌موو له چینی دیوارێکدا سه‌ریان پێکه‌وه ناوه و تۆ له بیرت د‌ێ دایکت ده‌یکوت "به‌ردی خڕ له هیچ دیوارێکدا گیر نابێ "؟
له هیچ دیوارێکدا گیر نابی و له جۆلانێ و هه‌قلی مه‌قۆش به‌ر ده‌بییه‌وه خوارێ ...
شاده و ئیمان
له ژووره‌که‌تدا ڕاکشاوی . پێت خۆشه سه‌رماوقولانجێک بده‌ی . ته‌ق ،ته‌ق له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ت ده‌ده‌ن . ده‌ڵێی نه بات دیوه و نه بۆران . باوه‌ڕ ناکه‌ی که‌س ده‌ستی بگاته ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه .
"گوێـم زرینگاوه‌ته‌وه "
دێی سه‌رماوقولانجه‌که‌ت بده‌ی ، ته‌ق ، ته‌ق له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ت ده‌ده‌نه‌وه .
"له‌م سێ نهۆمه‌ش له کۆڵم نابنه‌وه"
دێته‌وه بیرت : " دێن با‌نگم ده‌که‌ن تاکوو له گه‌ڵیان بچمه ده‌ره‌وه‌ی شار . به زۆری گۆرانیم پێ ده‌ڵێن تاکوو پێی هه‌ڵپه‌ڕن و که‌یفی پێ بکه‌ن . تا گۆرانیم پێ ده‌ڵێن گۆرانیم پێ ده‌ڵێن و له‌وه‌ولا به هه‌موویان شوێنم ده‌که‌ون : ئاوێنه له من چه‌مۆڵه له تۆ . ئاوێنه له من چه‌مۆڵه له تۆ ..."
ته‌ق ، ته‌ق له شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ت ده‌ده‌نه‌وه .
بێجگه له‌وان کێ ئه‌وه‌نده حوجه ده‌ستی بگاته ئه‌و په‌نجه‌ره بڵینده ؟"
دێی به په‌له بچی دوو چه‌مۆڵه له سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی دیوه‌که‌ت بکێشییه‌وه ، تاکوو به‌شکم له کۆڵت بنه‌وه و ده‌ست به‌ردارت بن .
سه‌ر هه‌ڵدێنی و یه‌ک به‌خۆت داده‌چڵه‌کێی : شه‌و ده‌بینی .
شه‌و ده‌بینی ئه‌مجاره‌یان بێ راسپارده و نێردراو ، بۆ خۆی هاتووه . ده‌یهه‌وێ بێ شه‌رت و شۆ قامکت هه‌ڵێنی و ده‌مت داچه‌قێنی و ئیمانی پێ بێنی: فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی فڕی ڕۆژ فڕی فڕی ڕۆژ فڕی و له حاڵێكدا که قامکت هه‌ر به حه‌واوه و ده‌مت داچه‌قاندبێ خه‌وت لێ بکه‌وێ و ئه‌ویش به ئیشتیای خۆی ...
له پڕێکدا بروسکه‌یه‌ک به گیانتدا د‌ێ و به دڵتدا د‌ێ : "ئه‌رێ بۆ بیر له زه‌رده‌ی خۆراوا نه‌که‌مه‌وه؟"
هه‌ڵده‌ستی دوو به‌رد به ده‌سته‌وه ده‌گری و له په‌ستا به‌رده‌کان له‌یه‌ک ده‌ده‌ی :"هه‌ی ته‌خته ته‌خته ته‌خته ئێواره‌یه و بێ وه‌خته ..."
بانگ ده‌دا ...
قیامه‌ت
ئاڵبۆمه‌که‌ت دێنی ته‌ماشای وێنه‌ی له داردانی خۆت ده‌که‌ی . له سه‌ر داری هه‌قلی مه‌قۆوه سه‌رت له بن میچی وێنه‌که توند بووه و لاقه‌کانت شۆڕ بوونه‌وه خوارێ .
دوو چه‌مۆڵه له سه‌ر قوڵکایی چاوت کێشراونه‌ته‌وه و گلێنه‌کانت ده‌رپه‌ڕیون . په‌تی دار وه‌ها له ملت توند بووه ده‌ڵێی هه‌زار ساڵ ته‌نیا پێچی خواردووه و پێچی خواردووه هه‌تا گه‌یشتۆته ملت ...
هه‌ڵده‌ستی ژووره‌که‌ت وه‌به‌ر شه‌پ ده‌ده‌ی . داری به سه‌ر به‌رد و به‌ردی به سه‌ر داره‌وه ناهێڵێ...
به په‌تی جۆلانێ ، داری هه‌قلی مه‌قۆکه له په‌نجه‌ره‌که‌وه شۆڕ ده‌که‌یه‌وه خوارێ .
دوو چه‌مۆڵه‌ش له سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ت ده‌کێشییه‌وه ...
۱۳۷۷-۱۳۷۵
خه‌ڵوه‌تخانه ؛ شه‌ونووسی سه‌یدقادر هیدایه‌تی