
The name of the rose - نێوی گوڵی سوور
نووسینی : ئه‌لف . ئه‌لف
The name of the rose ( نێوی گوڵی سوور) رۆمانێکی به‌نێوبانگی "ئۆمبێرتۆ ئێکۆ" نووسه‌ری ئیتالیاییه که ساڵی 1985 ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕانسه‌وی "ژان ژاک ئانۆ" ئه‌م رۆمانه‌ی کرده فیلم .
دیاره خوێندنه‌وه‌ی رۆمان تام و چێژێکی هه‌یه و دیتنی فیلم تام و چێژێکی دیکه ؛ مه‌بستم ئه‌وه‌یه ئاماژه به‌وه بکه‌م که دیتنی فیلمه‌که له دوو سه‌عاتدا ، نابێته هۆی ئه‌وه‌ی رۆمانه‌که نه‌خوێندرێته‌وه . گێڕانه‌وه‌ی کامێرا له گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی داستانیی هه‌رکام تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه ؛ ئه‌وه‌ی فیلم ده‌یپێکی داستان نای ئه‌نگێوێ و به‌پێچه‌وانه‌ش ئه‌وه‌ی داستان ده‌توانێ پیشانی بدا و به خوێنه‌ری بدا فیلم ناتوانێ .
رۆمانه‌که و فیلمه‌که‌ش باس له ساڵه ڕه‌ش و ئه‌نگوسته چاوه‌کانی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست ده‌که‌ن . سه‌رده‌مێک که مرۆڤایه‌تی و زانست و ڕاستی و ڕووناکی و پاکی له ژێر سێبه‌ری قورسی کلیسادا بوون و مرۆڤایه‌تی و زانست ده‌ره‌تانی پشوودانێکی به ئازادییان بۆ نه‌مابۆوه . سه‌رده‌مێک که دین ببووه ئامرازێک بۆ خنکاندنی هه‌موو پێشکه‌وتن و ته‌نانه‌ت جوانی و ئه‌وینێک .
هه‌مووشتێک ده‌بوو به گه‌ز و میتری مامۆستا ئاینییه‌کان بپێورێ . کلیسا به هیچ بارێک ده‌ره‌تانی بۆ لێکۆڵینه‌وه و گه‌ڕان و پرسیار نه‌هێشتبۆوه . کلیسا ده‌یزانی لێکۆڵینه‌وه و گه‌ڕان و
پرسیار له ئاکامدا داوێنی خۆیان ده‌گرێته‌وه ؛ بۆیه به هیچ بارێک وه‌ک له فیلمه‌که‌دا ده‌بینین ئه‌و ئیجازه‌یه به ویلیا‌م نادرێ که هه‌موو دیو و داڵانه‌کانی ئه‌و کلیسایه ببینێ و بپشکنێ . ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ سه‌رسه‌ختی و پێداگریی ویلیا‌م بۆ گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه ڕوبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه - بۆ ئه‌وه‌ی کلیسا به ڕوواڵه‌ت به دژی زانیاریی نێوی نه‌زڕێ - داوێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی له ئاخرین داڵاندا بۆ ده‌نێنه‌وه ؛ تاکوو به مه‌ره‌دی هه‌موو ئه‌وانه پچێ که وه‌دوای پرسیاره‌کان که‌وتوون و هێڵه سوور و حه‌رامه‌کانیان به‌زاندووه .
کلیسا به ئاشکرا ده‌ڵی که ئێمه ده‌بێ پارێزه‌ری زانست بین . زانستێک که به بڕوای ئه‌وان به کۆتایی گه‌یشتووه و که‌س بۆی نییه و ناتوانێ وشه‌یه‌کی پێ زیاد و که‌م بکا . ئه‌رکی کلیسا ده‌ست به‌سه‌ردا گرتن و ئاگاداری کردن له‌و زانسته‌یه .
کلیسا ده‌بێ ئه‌و ئه‌رکه‌ی به ئه‌ستۆ بێ که ئه‌و زانسته به پێخۆر و به ده‌ستنده بخاته به‌رده‌ستی مرۆڤه‌کان و له هه‌ر کوێیه‌ک که به پێویستی بزانێ ، بۆیان زیاد بکا و له هه‌ر جێگایه‌کیش پێویست بێ ، لێیان بگرێته‌وه .
ئه‌مه ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی فیلمه‌که‌یه ؛ پێكه‌نین و زانیاریی ، حه‌رامه‌کانی ئه‌و سیستمه‌ن . پێکه‌نین و زانیاریی بۆیه له به‌ر چاوی کلیسا حه‌رام و بڤه‌ن بڕوا و ئیمانی مرۆڤه‌کان سست و لاواز و بن کۆڵ ده‌که‌ن .
هه‌ڵبه‌ت پێکه‌نین و زانیاریی نه‌ک هه‌ر له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست به‌ڵکوو له هه‌موو سیسته‌م و ئیدئۆلۆژییه تۆتالیتێر و دیکتاتۆره‌کاندا تا ئه‌و ڕاده‌یه باش بوون که بۆ ده‌سه‌ڵات هیچ زه‌ڕێکیان نه‌بێ .
میخاییل باختین که خۆی له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی ستالین‌دا ژیاوه پێی وابووه که "پێکه‌نین و شادی و کارناوال فه‌زایه‌ک به‌دی دێنن تاکوو داهێنان به‌دی بێ و ڕێگای ڕزگاری و ئازادی له ده‌ست ده‌سه‌ڵاته ڕه‌سمی و باوه‌کان ئاسانتر بێت و له سیستمه دیکتاتۆرییه‌کاندا باشترین ئامراز بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ شادی و پێکه‌نینه ؛ پێکه‌نین دژی زوڵم و ڕموزنی و دوگماتیسمه ."
سیستمه ڕووگرژ و مۆنه‌کان له پێکه‌نین و شادی و جه‌ژنی خه‌ڵکی ئاسایی و له ته‌نز و به گاڵته‌گرتنی نوسه‌ران و شاعیران و زانیاری ڕووناکبیران ترساون ؛ بێتوو له‌و ڕاده‌یه‌ی خۆیان دایده‌نێن تێ بپه‌ڕێ ، مه‌ترسییه‌کی بنه‌ڕه‌تییه بۆ ئه‌وان و دام و ده‌زگایان .
له کلیسایه‌ک له باکووری ئیتالیا به دوو سێ ڕۆژ جارێک که‌سێک ده‌کوژرێ ، دوای ماوه‌یه‌ک که ڕاده‌ی کوژراوه‌کان زۆر ده‌بێ و کلیسا بۆی داناپۆشرێ ، هه‌واڵ به کلیسای گه‌وره‌ی واتیکان ده‌گاته‌وه و کشیشێک به نێوی ویلیا‌م خه‌ڵکی باسکرویل ده‌نێرن تاکوو له‌و ڕووداوانه بکۆڵێته‌وه و ئاو به ئاوردا بکرێ و نێوی کلیسا به خراپه نه‌زڕێ .
له‌م سه‌فه‌ره‌دا ویلیا‌م شاگردێکی مێرمنداڵی به نێوی ئۆدسۆ له گه‌ڵه و فیلمه‌که له چاوی ئه‌و‌ه‌وه ره‌وایه‌ت ده‌کرێ .
ویلیا‌م زۆر زوو ده‌زانێ که ئه‌و قه‌تڵ و کوشتاره خۆفناکانه په‌یوه‌ندییان به کتێبخانه‌یه‌که‌وه هه‌یه که ده‌بێ کتێبی قه‌ده‌غه و قاچاخی تێدابێ و ته‌نیا کشیشه کتێبداره‌که‌ی ئه‌وێ(یورج) به‌و نهێنی و ڕازه ده‌زانێ و هه‌زاران فێڵ و ته‌ڵه‌که سه‌ر یه‌ک ده‌نێ تاکوو ویلیا‌م ئه‌و نهێنییه که‌شف نه‌کا و ئه‌گه‌ر که‌شفیشی کرد داوێکی وه‌های بۆ بنێته‌وه که به سه‌ره‌وه پێوه بێ !
به‌ڵام ویلیا‌م له لایه‌که‌وه هه‌م هه‌ست و کارامه‌ییه‌کی پۆلیسییانه‌ی هه‌یه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه خۆی تینووی زانست و زانیارییه و ده‌یه‌وێ حه‌قانه‌ت ڕوون بێته‌وه ، کۆڵ نادا و سووره له سه‌ر گه‌ڕان و پشکنین و لێکۆڵینه‌وه ...
لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه وتوێژێکی نێوان کشیشه کتێبداره‌که‌ی کلیسا (یورج) له‌گه‌ڵ ویلیا‌م ، که به بۆ چوونی من گرێ پووچکه‌ی قه‌تڵ و ته‌نانه‌ت ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی به‌سه‌رهاته‌که‌ی تێدا ده‌بینرێ .
یورج : له کاتی شادی و پێکه‌نیندا ڕوخساری مرۆڤ وه‌ک سه‌روچاوی مه‌یموونی لێ دێ .
ویلیا‌م : خۆ مه‌یموون پێناکه‌نن . پێکه‌نین تایبه‌تی ئینسانه .
یورج : مه‌سیح قه‌ت پێنه‌که‌نیوه !
ویلیا‌م : ئه‌ی بۆ ئه‌ره‌ستوو کتێبی دووهه‌می شێعری بۆ کۆمێدی ته‌رخان کردووه ؟ و کۆمێدی به ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت ده‌زانێ ؟
یورج : تۆ ئه‌و کتێبه‌ت خوێندۆته‌وه ؟
ویلیا‌م : نا ، ئه‌و کتێبه‌یان ون کردووه .
یورج : نا ، ون نه‌بووه ، کتێبی وا قه‌ت نه‌نووسراوه ؛ خوا نایهه‌وێ شتی هیچ و پووچ بمێنێته‌وه ...
دوای ئه‌م وتوێژه‌یه ویلیا‌م په‌ی به‌وه ده‌با که یورج ده‌بێ ڕقێکی تایبه‌تی له‌و کتێبه بێ که کۆمێدی وه‌ک ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت ناساندووه و ده‌زانێ که ده‌بێ ئه‌و قه‌تڵانه‌ش له گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته و ئه‌و کتێبه‌دا په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بێ . هه‌موو هه‌وڵ و خۆخستنه ناو مه‌ترسیی ، بۆ ئه‌وه ده‌بێ که بتوانێ ئه‌و ڕاستییه وه‌ده‌ر ده‌خا که ئه‌وانه‌ی کوژراون به جۆرێک له جۆره‌کان لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و کتێبه‌یان هه‌ڵداوه‌ته‌وه ؛ لاپه‌ڕه‌که‌نی ئه‌و کتێبه ژه‌هراوی کراون چونکه سه‌ر له‌به‌ری ئه‌و کتێبه زانیارییه له باره‌ی پێکه‌نین و شادییه‌وه ...
کلیسا هه‌میشه وه‌ک پێشه‌نگێک تماشای ئه‌ره‌ستووی کردووه ؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له نێو ئه‌و هه‌مووه کتێبی کفر و دژی دینه‌دا بۆ کتێبی کۆمێدی ئه‌ره‌ستوو به‌و شێوه دڕندانه‌یه بۆ کوشتنی مرۆڤه‌کان که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه هه‌م کارێکی سه‌مبولیکه و هه‌م زۆر جێگای پرسیار و لێکۆڵینه‌وه‌یه .
کارێکی سه‌مبولیکه له‌وباره‌وه که پارێزه‌رانی ئایینه‌کان هه‌میشه له شادی و پێکه‌نین و جه‌فه‌نگ ، ترساون . هه‌میشه ویستوویانه خه‌ڵک خه‌م و په‌ژاره و ترسییان له دڵدا بێ . شادی و پێکه‌نین دژی سیسته‌مه ڕه‌سمیی و ماقووڵه‌کان بووه ، زۆربه‌ی ئایینه‌کان له سه‌ر ئه‌وه کۆک بوون که پێکه‌نین دڵ ده‌مرێنێ و ئیمان لاواز ده‌کا . ئه‌ره‌ستوو ئه‌و بلیمه‌ت و فیلسووفه گه‌وره‌یه نه‌ده‌بوو تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بێ و کتێبێک سه‌باره‌ت به هیچ و پووچ ترین ئاکاری مرۆڤ بنووسێ !
به‌ڵام له‌و ڕووه‌وه جێگای پرسیاره که یورج بۆ زیاده له‌و هه‌مووه کتێبه‌ی که سه‌باره‌ت به کۆمێدی نووسراون زیاتر له هه‌موویان له کتێبه‌که‌ی ئه‌ره‌ستوو ترساوه و ئه‌وی ژه‌هراوی کردووه ؟ بۆ ویستوویه ئه‌و که‌سانه بکوژرێن که دوای بڕینی ئه‌و هه‌مووه داڵان و دیوه خۆفناک و تاریکانه ئه‌و کتێبه ده‌خوێننه‌وه ؟ له فیلمه‌که‌دا ئه‌م پرسیارانه ماونه‌ته‌وه بۆ زه‌ینی بینه‌ری فیلمه‌که ؛ به‌ڵام له ڕۆمانه‌که‌دا ویلیا‌م ئه‌م پرسیاره له یورج ده‌کا :
ویلیا‌م : ئێستا پێمان بڵێ بۆ چی ده‌تویست له نێو ئه‌و هه‌مووه کتێبه‌دا ، ته‌نیا ئه‌م کتێبه بشارییه‌وه ؟...
یورج : چونکه ئه‌م کتێبه فیلسووفێک نووسیویه ... بێتوو ئه‌م کتێبه له به‌ر ده‌ستی هه‌موواندا بوایه ته‌فسیر ده‌کراوه و مانای بۆ لێ ده‌دراوه و ئێستا ئێمه‌ش له‌دین وه‌رگه‌ڕاوان ده‌بووین .
ویلیا‌م : به‌ڵام ئێوه بۆ له پێکه‌نین ده‌ترسن ؟ ئایا پێتانوایه که ئه‌گه‌ر ئه‌م کتێبه‌تان له ناو برد پێکه‌نین نامێنێ ؟
یورج : نا ، [ له هه‌موو بۆچوونه کلیسایی و مه‌سیحییه‌کاندا ] پێکه‌نین به ئاکارێکی سووک و چرووک دیاری کراوه ... به‌ڵام له‌م کتێبه‌دا پێکه‌نین ئه‌وه‌نده مه‌زن وگه‌وره کراوه‌ته‌وه ، هه‌تا پله‌ی هونه‌ر هه‌ڵکێشراوه و پێکه‌نین بۆته باسێکی فه‌لسه‌فی و به‌م جۆره خه‌یانه‌ت به دین کراوه ...
ڕق و قینی یورج - که لێره‌دا نوێنه‌ری کلیسایه - له‌و کتێبه تاڕا‌ده‌یه‌ک بووه که نه‌ی ویستووه ئه‌و ده‌ستنووسه به شێوه‌یه‌کی ئاسایی له نێو ببا ؛ چونکه ده‌یتوانی زۆر ئاسان بیفه‌وتێنێ و که‌سیش نه‌زانێ ، به‌ڵام یورج به نه‌فه‌وتاندن و ژه‌هراوی کردنی کتێبه‌که ویستوویه مه‌ترسیدار بوونی و وه‌یشومه بوونی و دژه مرۆڤ بوونی ، بسه‌لمێنێ ! یورج دوای وه‌ده‌ست هێنان و دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستنووسه ، بۆته کتێبداری ئه‌وێ . ده‌بێ ئه‌و کتێبه چی تێدا بووبێ که ئاوا ڕق و قینی یورجی هه‌ستاندووه ؟!
یورج له‌وه دڵنیا بوو که ویلیا‌م دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه ژه‌هراوییه ده‌مرێ ، بۆیه هێشتبووی ده‌ستی پێی ڕابگا ! کاتێک ویلیا‌م به وریاییه‌وه بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی کتێبه‌که ده‌ستکێش له ده‌ست ده‌کا و ناکه‌وێته نێو داوه‌که‌ی یورجه‌وه ، یورج به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌که‌وه ئه‌و ئاخرین ده‌ستنووسه وه‌ده‌ست که‌س نه‌که‌وێ و ئه‌و خه‌یانه‌ته به‌دین بڵاو نه‌بێته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌وه بسه‌لمێنێ که ئه‌و کتێبه چه‌نده مه‌ترسیدار و دژ به مرۆڤه و ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنێ که ئه‌و قه‌تڵ و کوشتارانه هه‌موو به سۆنگه‌ی ئه‌و کتێبه دژه‌مرۆڤه‌وه بوون ، لاپه‌ڕه ژه‌هراوییه‌کانی کتێبه‌که لێ ده‌کاته‌وه و قوتیان ده‌دا...
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که به‌و کاره‌ی یورج ، ده‌رده‌که‌وێ که کاتێک مرۆڤه‌کان له چوارچێوه‌ی ئایین و ئیدئۆلۆژیدا قه‌تیس و دوگم ده‌بن ده‌توانن له پێناوی ئه‌و ئیدئۆلۆژییه‌دا هه‌موو کارێک بکه‌ن : بکوژن ، بسوتێنن ، ژه‌هراوی بکه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌و پێناوه‌دا خۆشیان بکوژن و ده‌رمانداو بکه‌ن . دوگم بوون له هه‌ر چوارچێوه‌یه‌کدا بێ ، بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی مه‌ترسیداره .
له کۆتاییدا ویلیا‌م و ئۆدسۆ که په‌شۆکاوی ئه‌وخۆکوژییه ترسناکه‌ی یورج بوون ، به په‌له ده‌یانه‌وێ پاشماوه‌ی ئه‌و کتێبه له فه‌وتان و نه‌مان ڕزگار که‌ن ، به‌ڵام چرا نه‌وتییه ده‌ستییه‌که‌یان لێ به‌ر ده‌بێته‌وه و کتێبخانه گه‌وره‌که ئاور ده‌گرێ و که‌س هیچی له گه‌ڵ ئه‌و سووتانه پێ ناکرێ و کلیساشی پێوه ده‌سووتێ ...
هه‌موو ئه‌و داڵان و هه‌زار به هه‌زارو قفڵ و درگا و پێچ و په‌نایانه بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبخانه‌یه و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ش بۆ ئه‌وه بوو که ئه‌و کتێبه ، که‌س نه‌ی خوێنێته‌وه و ئه‌وانه‌ش وا بوێری نیشان بده‌ن و بیخوێننه‌وه به سزای لێکۆڵینه‌وه و زانیارییه‌که‌یان بگه‌ن ؛ تاکوو ده‌ربکه‌وێ کلیسا چه‌نده مرۆڤ خۆشه‌ویست بووه !
به ڕاستی ئه‌م کاره سه‌مبولیکه وه‌ک داڵانه‌کانی کلیسا هه‌زار به هه‌زاره و ئه‌گه‌ر خوینه‌ر و بینه‌ر وه‌ک ویلیا‌م بتوانێ به داڵانه هه‌زار لایه‌ن و تاریکه‌کاندا ڕۆبچێ ده‌رده‌که‌وێ که چه‌ندین مه‌به‌ستی پێکاوه : کلیسا مرۆڤ دۆسته ، چونکه ئه‌و کتێبه وه‌یشوومه‌یه‌ی شاردۆته‌وه و نه‌یخستۆته به‌رده‌ستی ئینسانه‌کانه‌وه ! ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی له فه‌رمانه‌کانی کلیسا ده‌که‌ن و ده‌ست بۆ بڤه و حه‌رامه‌کان ده‌به‌ن قازانج ناکه‌ن . کلیسا پارێزه‌ری زانسته ! ئه‌مه ئه‌و مه‌به‌ستانه بوون که یورج به ئاشکرا پشتگیری لێ ده‌کردن .
کلیسا به‌و کاره‌ی چه‌ندین مه‌به‌ستی دیکه‌شی پێکاوه : پێکه‌نینێک که خۆیان ئه‌ندازه‌که‌ی دیاری نه‌که‌ن حه‌رامه . ئه‌ره‌ستوو که کۆمێدی به ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت ده‌زانێ قاتڵه و هه‌مو ئه‌و کوشتارانه له ئه‌ستۆی ئه‌ودایه ! زانستێکی کلیسا ته‌ئیدی نه‌کا دژ به مرۆڤایه‌تییه ! به‌ڵام ویلیا‌م له لێکۆڵینه‌وه پڕ مه‌ترسیه‌که‌یدا ڕووبه‌ند له‌سه‌ر ئه‌م ئاکارانه‌ی کلیسا هه‌ڵده‌ماڵێ و ئاشکرای ده‌کا که هه‌موو ئه‌وانه درۆیه‌ک بوون له ژێر چارشێوی کلیسادا حه‌شار دراون . ترس له پێکه‌نین و شادی ، ترس له زانیاریی و حه‌قیقه‌ت و ترس له‌وه‌ی مرۆڤه ئاساییه‌کان ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی کلیسا ده‌رێنن و کلیسا له لای خه‌ڵک له شان و شکۆ بکه‌وێ ، ببوونه هۆی ئه‌وه‌ی زانیاریی و شادی حه‌رام بکرێن ...
له کۆتاییدا پێویسته بکوترێ که مێعمارییه‌کی گوتیکی و هه‌زار به‌هه‌زار و نوورێکی ڕه‌ش و که‌سایه‌تیی ڕمووزن و سه‌یرو سه‌مه‌ره و فه‌زایه‌کی سارد و تاریک فیلمه‌که‌یان داگرتووه ، تاکوو به هه‌موو هێزێکه‌وه ترسێکی ده‌سکرد و جیددی بوونێکی به درۆی مه‌زهه‌بییانه بخه‌نه دڵی بینه‌ره‌وه ؛ به‌ڵام پێکه‌نین هه‌موو ڕه‌سمی بوون و جیددی بوون و ترسه به‌درۆکان تێک ده‌ڕووخێنێ و زانیاری ڕووبه‌ند له‌سه‌ر هه‌موو هه‌زار به هه‌زاره تاریکه ده‌سکرده‌کان هه‌ڵده‌ماڵێ ....