
لاولاو
عه‌لی غوڵامعه‌لی
له ئێوارێیه‌كدا په‌رده‌ی ره‌شم به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كاندا دا. نه‌یده‌زانی بۆ وا ده‌که‌م. پێم كوت: ناتوانم، ئیدی ناتوانم بنووسم. پێی كوتم: تۆ ده‌زانی لێره كتێبی مێژوویی وكۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌مووكتێبێك زۆرتر ده‌فرۆشرێت؟! به‌ینێكه ده‌ڵێی من هی وڵاتێكم كه جگه له خۆم که‌سی تێدا نییه. كوتی: كه‌س تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی شێعریشی نه‌ماوه چ بگا به چیرۆك. چاوم قووچاند. وشك هه‌ڵگه‌رام. كوتی: ده‌بێ حه‌وتووه‌كه‌ی دی كتێبه‌كه‌ت بێته‌ده‌رێ. كوتم: ده‌بێ برۆم. كوتی: بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ وه‌دی بێ، ده‌بێ قه‌ت رانه‌وه‌ستی، ئێمه‌ش هه‌ر ده‌بێ بنووسـین: باسی رۆیشتن مه‌که!
ته‌م و ته‌ریكی.
كوتی: چاوه‌رێین بێی و به دیداری كتێبه‌كه‌ت شاد بین. ئه‌و كوتی، به‌ڵام من نه‌چووم. ماوه‌یه‌ك زۆر زووتر له‌وه‌ی من بیناسم ئه‌و چووبوو. کاتێ من ناسیم ساڵیانێکی زۆر بوو گه‌رابۆوه. زۆریان كوت:" ره‌فیقایه‌تی مه‌كه!" نه‌ده‌كرا! ئه‌ویش ده‌ینووسی، منیش. كوتی: "نیچه" ده‌ڵێ: " زۆرتر گۆره‌پانی شه‌رێك بووم تاكوو مرۆڤێك"، خۆ تۆ هێشتا شه‌ریشت نه‌دیوه! كوتی: رێبوارێ ده‌ڵێ:" کاتی نه‌نووسین وه‌رن با له بن هه‌تاوا درۆ بكه‌ین نه‌کا خوداناکه‌رده چیرۆک ون که‌ین!" كوتی: باش وایه نه‌ختێ به ته‌نیا بی.
كوتم: ده‌رۆم. كوتی نه‌رۆی باشتره، وابزانه چووی. كوتم: ده‌بوو زانیبام پشتم به‌رده‌ده‌ی به‌جێم دێڵی. كوتی: چت نووسیوه؟
نامۆیی.
خۆزگه ته‌واوی شار ئاوێنه بووایه. كوتی: چیرۆكێكی نوێم نووسیوه وه‌ره با بۆت بخوێنمه‌وه. چاوم لێ‌كرد. پێكه‌نیم. گریا. به‌رقه‌وه لێوم كرۆشت. كوتی: بۆ ماوه‌یه‌كیش بێ ده‌ست بكه‌وه به خوێندنه‌وه. به ددانم نینۆكه‌كانمم قرتاند. كوتم:وه‌ک تۆ نیم، بێ گومان ئه‌من ناگه‌رێمه‌وه. كوتی: خه‌ونێكمت بۆ بگێرمه‌وه: له ماڵێ بووم. تۆش له په‌نامه‌وه. سه‌یری رووبه‌رگی كتێبه‌كه‌مت ده‌كرد. نێوچاوانت تێک نابوو. ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشتبووی. بۆنی عوود وڵاتی هه‌ڵگرتبوو. له‌به‌ر چاوم باڵت گرت، دوو باڵی سپی. ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ك وڵاتی پر كردبوو." ده‌لێیده‌ن، لێیده‌ن، لێیده‌ن، مۆسیقای شادوومانی ..." رووت لێ وه‌رگێرام. چاوم پر بوو له فرمێسك. هه‌ڵفری. فری فری، قه‌ل فری پێت نایه سه‌ر هه‌وره‌كان: "قاسپه قاسپی كه‌و دێت..." ده‌گریام. پێده‌كه‌نی. گرمه‌ی هه‌ور دێ، شریخه‌ی دڵی من. باڵیان کردی. له هه‌ورکانه‌وه به‌ر بوویه‌وه. له‌گه‌ڵت دوونیایه‌ک په‌پووله باری. ترسام، زریكاندم. تۆ شین بووی. به لق و باڵات وڵاتت داگرت. ئیشتیای جگه‌ره‌م كرد. وه‌ك كارگ له په‌ناتا شین ببووم. ده‌ستم له‌نێو ده‌ستتدا. له‌عه‌رز هه‌ڵیانکه‌ندین. لێک دابراین.
غوربه‌ت.
كوتم: ده‌زانم ساڵه‌هایه ره‌فیقایه‌تی به پووشێكه. كوتت: نه‌رۆی باشتره. ئاسمانی چیرۆکی نوێم سوور و شین و زه‌رده، وڵات تێیدا ئاوێنه‌یه. تێیدا سێبه‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌وێته حه‌وزی ماڵی«شنۆ»وه. ده‌ورانده‌ورت ماسی سووری بچووک. ده‌ست له نێو ده‌ستی شنۆ دا له ئاوه‌كه دێیه ده‌رێ. به په‌له به شوێنتاندا دێمه ژوورێ. "ئاوێنه‌ی کیژی کافرۆش" له گیرفانی سیخمه‌ی شنۆ به‌ر ده‌بێته‌وه، لاولاوێ هه‌ڵده‌دا. ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌كی ژه‌نگاوی و سێبه‌ری نادیاری ئێوه له‌سه‌ر عه‌رزن. كوتم: جگه‌ره‌ت پێ نییه؟
ماندووم. كوتم: رۆیشتنی من وه‌ك تۆ نابێ، من ناگه‌رێمه‌وه. كوتی: ده‌چی چی ببینیه‌وه؟ هه‌موو دنیا له‌نێو كتێبه‌كاندایه. هه‌موو یه‌ک شتنێ یه‌کجۆرن.
ته‌نیایی.
كوتم: په‌رۆیه‌كی ره‌شم به سه‌ر هه‌موو كتێبه‌كانمدا داوه.مه‌یانده به‌که‌س، مه‌شیان سووتێنه. كوتی: ئه‌و خه‌ونه‌ی من چی ده‌گه‌یێنێ؟ كوتم: بۆیه رۆیشتی که بێیه‌وه و خه‌ونی وا ببینی؟ كوتی: جاری وایه هیواش پروپووچه. رۆیشتن ته‌نیا هیوای شیرینه. لاكه‌ی سه‌رم دێ. كوتی: ئه‌من له خاکی بێ ئه‌ستێره ده‌ترسم. كوتم: ته‌واوی شته‌كانم به په‌رۆیه‌كی ره‌ش داپۆشیوه، چاو له هیچیان مه‌كه. كوتی: ده‌بێ زۆرتر بخوێنینه‌وه. کوتم: دیوه‌كه‌م پر بووه له داپیرۆشك. عه‌رز، دیوار، بن میچـ ـ ـ شه‌وانه له‌به‌ر هات وچۆی ئه‌وان به‌سه‌ر له‌ش و ده‌موچاومدا خه‌وم نییه و به‌یانیانیش كه هه‌ڵده‌ستم ته‌واوی له‌شیان داپۆشیوم. ده‌قیژێنم و به ده‌ست ده‌یانته‌كێنم و هه‌ڵدێم. كوتی: به‌ینێكه هه‌موو كازوكووزی به‌یانیان خه‌ونی سه‌یرسه‌یر ده‌بینم. کوتم: ساڵه‌هایه خه‌و له چاومدایه. كوتی: دوێنێ‌شه‌و له خه‌ونمدا شاركه‌سی تێدانه‌بوو. وڵات بێده‌نگ و درگای هه‌موو ماڵێ ئاواڵه بوو. شه‌قام و كۆڵان پر له كاغزی دراو و پێنووسی شكاو، دارودیوار نه‌قاشی بوو: هه‌مووی تاوێك و ماڵێك و په‌نجێره‌ی جۆراوجۆر. تاق‌ولۆقیش چۆمێك و دوو سێ ماسی و چوار پێنج دار و دره‌خت. چوومه ماڵی ئێوه. له په‌نا وێنه هه‌ڵواسراوه‌كه‌ی شنۆ به دیواره‌وه، جێ گولله‌یه‌ك دیار بوو.
بێ که‌سی.
كوتی: هه‌موو ده‌زانن كه ئێمه خزمی قه‌ڵه‌م، شه‌مچه، سمێڵ و پێكه‌نینین. هه‌ر دووكمان قاقامان كێشا. كوتی: شنۆ په‌یكه‌ره‌یه‌كی جوانی ساز كردووه. مانگ و گوڵدان و چه‌ك و چۆله‌كه‌یه‌ك وه‌ك لاولاو لێكهاڵاون. كوتم: ده‌بێ برۆم. كوتی: مه‌چۆ و چووم. وه‌بیرم هاته‌وه باپیره‌ی که‌سایه‌تیه‌کم بۆیه دڵی تۆقی، چونكی ئیدی خه‌ونی نه‌ده‌دی! گوایه شه‌وێ مانگ گیرا و ئه‌و هه‌رچی خه‌ونی هه‌یبوو، لێی‌ونبوو. چاوم پر بوو له ئاو. له‌سه‌ر سه‌رمه‌وه له بن وێنه‌یه‌ك نووسرا بوو: " نووسین یانی رزگاری." كوتم: نه‌ڵێی نه‌یكوت و رۆیی. شنۆ كه مرد له نه‌خۆشخانه به دایكمیان كوت: په‌نجا په‌نجایه، گولله‌یه ئیدی! دایكم ده‌یكوت: هه‌ر ئه‌وه‌ی قه‌تارێکی ئه‌ڵلاوه‌یسی بیست، چه‌كی كرده شانی و رۆیشت. كوتی و کوتم دێیه‌وه! کوتیان: مانه‌وه‌ی کاری دووعای چاکانه. كوتم: نووسه‌رێ ده‌ڵێ: "مه‌سیح كاتێ دێ كه ئیدی به كار نایه!" كوتی: مه‌چۆ! من هه‌ر به‌یانی رۆیشتم: بوولێڵه‌ی به‌یان! كوتی: خێزانه‌که‌ت؟ كوتم: ده‌ڵێ منداڵه‌كه‌مان نابێ له من بچێ! كوتی: كتێبه‌كانت؟ كوتم: لاپه‌ره به لاپه‌ره‌یان گه‌راوم به‌ڵام خه‌ونی هیچ لاپه‌ره‌یه‌کیان نه‌بۆته میوانم. كوتی: وێنه‌كانی دیوه‌كه‌ت؟ كوتم: هه‌نار و مه‌لافه سپیه‌كه‌ی نێو تابڵۆكه بده‌ن به "هیدایه‌ت"، هه‌رچی شریت‌وگۆرانیشه پێشكه‌ش به وێنه‌كه‌ی «گۆران». له پێش هه‌مووشتێكیش‌دا، وێنه‌كانی خۆم بسووتێنن که نه‌متوانی بیان سووتۀێنم. پێكه‌نی. گریام. وه‌بیرم هاته‌وه، دۆسته كچه‌كه‌ی تاكوو رقی لێی‌هه‌ڵده‌ستا، پێش له‌بیر بردنه‌وه‌ی، وێنه‌كانی ده‌سووتاند.
له‌بیرچوونه‌وه.
كوتی: نه‌تكوت چت نووسیوه؟ كوتم: به دایكم بڵێ هه‌موو به‌یانیه‌ك كه له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ، من خه‌ونی پێوه‌ده‌بینم. باران دایدابووێ ته‌رزه. کوتم: دڵم پێوه‌یه كه كچم بوو نێوی بنێن باران. كوتی: مه‌چۆ و چووم. من رۆیشتم ئه‌و هه‌ر ماوه. كوتی: به‌شوێن چیدا ده‌گه‌رێی؟ كوتم: دایكی ده‌ڵێ په‌نجا په‌نجایه، ئه‌و منداڵه‌مان باوكی هه‌بێ. پێكه‌نیم. گریا. كوتی: دانیشه و بنووسه. كوتم: بیستوومه ده‌ڵێن ژانی هه‌ركه‌س له ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا ده‌ست پێده‌كات. كوتی: ئێمه یانی نووسراوه‌كانمان، به‌جێیان مه‌هێڵه! كوتم: نووسه‌رێ ده‌نووسێ:" که ده‌تانه‌وێ من بناسن، خه‌ونه‌كانم ببینن." پێكه‌نی. گریام. كوتی: ئێمه ناتوانین نه‌نووسین! له‌وێش یه‌خسیری! كوتم: بێ گومان ئیدی نه‌ده‌ترسم ون بم، نه ده‌ترسم "با" بیرم ئاڵۆز كا. كوتی: شێعره ئاخره‌كه‌ی شنۆت بیستووه؟ كوتم: ده‌رۆم. كوتی: هه‌وه‌ڵ دێری ئه‌وه‌یه:" لێگه‌رێن با بێده‌نگ له‌گه‌ڵ فرمێسكی مانگ، باران ببارێ." ئه‌و كوتی و من رۆیشتم. كوتی: تا بنووسی كه‌مه. راوه‌ستام. په‌نجا رۆژ! هه‌رچیم كرد ئه‌و ژانه نه‌نووسرا. سێبه‌ره‌كه‌شمم به‌جێهێشت. هه‌ر له‌و جێگایه‌ی هه‌موو ئێواران راده‌وه‌ستام و جگه‌ره‌م داده‌گیرساند. له‌به‌ر قاوه‌خانه. له‌سه‌ر عه‌رزی درێژم كرد و نه‌مهێشت هه‌ستێته‌وه. كوتم: یادگاری من بێ له لاتان ... كوتی: نه‌نووسی، له‌وێش ناتوانی بمێنی! كوتی: مه‌رۆ! كوتم: باشه نارۆم و رۆیشتم. به دایكمیان كوت: په‌نجا په‌نجایه‌ێ گولله‌یه ئیدی! كوتی: هه‌تا بنووسی كه‌مه! كوتم: ناتوانم ئیدی ناتوانم ... له‌سه‌ر کێله‌که‌ی شنۆ نووسیویانه: " ئاوێنه‌یێ بشکێنن، با هه‌موو بزانن هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی نێو خه‌ون، دڵۆپه بارانێكی پێش كۆلكه‌زێرینه‌یه...
خه‌ونباز ؛ وێبلاگی عه‌لی غوڵامعه‌لی