ماڵاوا رۆژانی خۆشی جه‌هه‌ننم
بریا
نزیك به ده، ده‌ی ته‌واو نا، نۆ و په‌نجا و سێ ده‌قیقه له ماشێن داده‌به‌زێ، یانی بیست و چوار سه‌عات و حه‌وت ده‌قیقه پێش كاره‌سات. چاویلكه‌یه‌كی ره‌ش، پرچێكی درێژ و ریشێكی پڕۆفسۆری. نزیك به چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك ره‌ق له قه‌راغ جاده‌كه ده‌وه‌ستێ، ته‌ماشایه‌كی هه‌موو دووكانه‌كانی ئه‌مبه‌ر و به‌ر ده‌كا، دوای نۆ ساڵ و چه‌ند مانگ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هیچ كوێ ئاڵ‌و‌گۆڕێكی وای نه‌كردووه؛ له‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به دیاره‌وه‌یه هه‌مووی ده‌ناسێته‌وه. وا نوقمی ناو دیمه‌نی دووكان و جاده‌كه‌یه، به ئاسته‌میش ئاگای له‌و كه‌سانه نییه وا دێن و ده‌چن. دێته‌وه سه‌رخۆ و له‌و به‌ره‌وه قاوه‌خانه‌كه‌ی كامووسا به‌دی ده‌كا. (سبه‌ینێ له‌وێ قه‌رارت بۆ دیاری َكردووه.) له‌به‌ر ماشێنه‌كان، ته‌ماشایه‌كی ئه‌م سه‌ره‌و‌سه‌ر ده‌كات و دوای ئیستێك و ره‌تبوونی چه‌ند ماشێن، ده‌په‌ڕێته‌وه.
له سه‌ر لێواری حه‌وزی به‌ر قاوه‌خانه‌كه كیفه‌كه‌ی داده‌نێ و به قه‌راعه‌ت هه‌ڵده‌تروشكێ. شێری ئاوه‌كه باده‌دا، به ئیشتیا ده‌م‌و‌چاوی ده‌شوا. هه‌ڵده‌ستێته پا، له بیری چووه له‌به‌ر مه‌بادا پشت بكاته قاوه‌خانه‌كه یا چاویلكه‌كه له چاو كاته‌وه. به قۆڵی ئاوه‌كه‌ی ده‌م وچاوی داده‌ماڵێ و چاویلكه‌كه‌ی له چاو ده‌كاته‌وه. به پێپلیكانه‌كاندا سه‌رده‌كه‌وێ، هه‌ست به هیچ خۆف و خه‌ته‌رێك ناكات؛ ته‌نانه‌ت به ئاسته‌میش نه‌ترساوه، ئه‌رخه‌یانه كه‌س نایناسێته‌وه. ده‌چێته ژوورێ و له پشت مێزێك روو به ده‌رێ داده‌نیشێت. كه‌سێك لای سه‌ماوه‌ره‌كه‌یه و به‌حاڵ شێوه‌ی ده‌كا. (نه‌خشه‌ت بۆ كێشاوه به فارسی قسه بكات.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داوای چاییه‌ك ده‌كا بیر له‌و كه‌سه ده‌كاته‌وه، كه چایه‌كه‌ی بۆ داده‌نێ ئه‌وسا دڵنیا ده‌بێ خۆیه‌تی، لوقمانه منگنی هاوڕێی. چزه‌یه‌ك به دڵیدا دێ؛ پێی‌وابوو ره‌نگی گۆڕابێت. له پشته‌وه تێیڕوانی، شان و ملی پان و كورته‌باڵا. هه‌تا ده‌گاته‌وه پشت مێزی سه‌ماوه‌ره‌كه چاوی له سه‌ر لانابات. چیها شتی له بیر كرا‌و و مردووی له پڕ لێ‌زیندوو ده‌بێته‌وه (بۆ یه‌كه‌م جار هه‌موو ئه‌و قه‌ول و به‌ڵێنانه‌ی وا قه‌رار بوو له‌و چیرۆكه‌دا به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، نایه ژێر پێ و ئاواتی خواست بتوانێ و هه‌ستێ بچێ به ئیشتیای دڵ له‌گه‌ڵ لوقمان ده‌ست بكات به قسه كردن، ئاخر دوای نۆ ساڵ و چه‌ند مانگ ئه‌وه یه‌كه‌م ئاشنا بوو كه ده‌یدیت. تۆ پێت وانییه ده‌بێ دوایی بڕێكی به سه‌ردا بێی؟ چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و قاره‌مانه ئاوا دڵناسك و به‌ڵێن له‌رزۆك بێ ئه‌و كاره‌ساته‌ی وا ده‌بێ سبه‌ینێ كات‌ژومێری ده به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، به‌ڕێوه ناچێت.) ناوقه‌دی ئیستیكانه‌كه ده‌گرێ و ده‌ست ده‌كا به هه‌ڵسووڕاندنی. ته‌ماشایه‌كی ده‌كا و بزه‌یه‌كی سووك دێته سه‌ر لێوی. (لێره‌دا پێت وایه ده‌بێ له دڵی خۆیدا بڵێ:« جا ئه‌وه ئێستا بیهێنی و روو به ڕوو داینیشێنی و وه‌كوو جاران له‌گه‌ڵی ده‌ست بكه‌یت به گاڵته‌وگه‌پ و باس و خواس.») ده‌ست ده‌با قه‌ندانه‌كه دێنێته پێشێ و كوڵۆقه‌ندێك هه‌ڵده‌گرێ، چاوێك به قاوه‌خانه‌كه ده‌گێڕێ، چه‌ند دانه شۆفیر و شاگرد شۆفیر هه‌ر یه‌ك له سه‌ر میزێك دانیشتوون. له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قوم نیگای ده‌باته‌وه ده‌رێ بۆ سه‌ر جاده و ماشێنه‌گه‌وره و چكۆله‌كان. (لێره‌دا پێت وایه ده‌بێ ته‌زێكی‌تر به له‌شیا بێت و چاوێك له كیفه‌كه‌ی بكات. به بڕوای تۆش وانییه؟ ده‌بێ دیسان ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی له زه‌یندا وێنا بكاته‌وه، دیسان قوڵپی ره‌نج و ژانی ئه‌و چه‌ند ساڵه؛ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ویش چێژێكی شیرین و خۆشیش، ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی ئه‌و جاده‌یه‌دا به به‌رچاوی سه‌دان كه‌سدا وه‌كوو گۆشتی حه‌یوانێك بیئه‌نجنێ.) ئیسكانه‌كه‌ی دانا و چاوێكی له كاتژومێره‌كه‌ی كرد، تازه ده و بیست‌وچوار ده‌قیقه بوو. ده‌ست ده‌داته كیفه‌كه‌ی و ده‌چێ پووڵی چایه‌كه ده‌دا. (بۆت دیاری كردووه جارێ هه‌ر به فارسی قسه بكات.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سپاسی لێ ده‌كا، ناوی ئه‌وێی لێ ده‌پرسی، دوایه ده‌ڵێ ئێره چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی تێدایه؟ كاتێ لوقمان پێی‌ده‌ڵێ سێسه‌د، خۆی ده‌دا له كووچه‌ی عه‌لی چه‌پ و به سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌ڵێ كه ئه‌و چوار دووكانه سێسه‌د ماڵ چۆن ده‌بێ. پێی خۆشه له‌گه‌ڵ لوقمان سه‌ری قسه دامه‌زرێنێ. ته‌ماشایه‌كی ده‌كا، به پێكه‌نینێكی ساكارانه‌وه و وه‌كوو بیهه‌وێ شتێكی زۆر گه‌وره‌ی به ئاسانی پێ‌بسه‌لمێنێ، جوابی ده‌داته‌وه ئه‌وه ئاواییه‌كه نییه، به پێكه‌نین و منگه منگه‌وه به‌ره‌و درگاكه ده‌یداته دوای خۆی. له‌وێ به‌ره‌و ئه‌و جاده‌یه‌ی هه‌ڵده‌كشێ بۆ ئاوایی ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه تێی ده‌گه‌یه‌نێ كه ئاوایی له سه‌رێیه. سه‌ری بۆ لای دووكانه‌كان وه‌رسووڕاند و پێی‌كوت ئه‌وانه دووكانه‌كانی ئاوایین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناوه‌وه ده‌ست ده‌كاته‌وه به قسه كردن كه ئه‌ندازیاری شیركه‌تێكه، بۆ زه‌وییه‌كی باش ده‌گه‌ڕێ بۆ یه‌كێ له گه‌ڵاڵه‌كانی شیركه‌ت. جوابێكی وای پێناداته‌وه و حه‌واڵه‌ی ناو ئاوایی ده‌كا. (ئێستا دوای ئه‌وه ده‌ته‌وێ چ‌بكا؟ ده‌ته‌وێ بچێ بۆ كوێ؟ ئه‌مه‌ی شتێكی زۆر روون و ئاشكرایه، ده‌ست ده‌داته كیفه‌كه‌ی، هێشتا یه‌كجار زۆری ماوه بۆ كاتی دیاری كرا‌و، بیست و چه‌ند سه‌عات. ده‌ته‌وێ بچێ بۆ شار؟ ئه‌و شاره‌ی وا ساڵێك و چه‌ند مانگ ده‌رسی تێدا خوێند و پێش ئه‌وه‌ش سه‌دان جار سه‌فه‌ری ئه‌وێی كردبوو. زۆر ده‌مێكه‌یه نه‌یدیوه یان ئاخری چی ده‌كا؟ خۆ ره‌نگه زاتیش نه‌كات به‌ره‌و ئاوایی سه‌ره‌وژوور بێته‌وه. چونكه هه‌ركه‌س بێت ره‌نگه ترسێكی هه‌ر به دڵدا بێت، به‌شكم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تووشی هیچ كسپه و ناڕه‌حه‌تییه‌ك نه‌یه‌ت، ره‌وانه‌ی شاری بكه‌یت. هه‌ر نه‌بێ له‌وێ خۆی به شتێكه‌وه خه‌ریك ده‌كا. هه‌ر چوار شه‌قام بسووڕێته‌وه له‌وه باشتره بچێ بۆ ئاوایی و ئه‌مه هات و كه‌سێ ناسییه‌وه، ئه‌وسا ره‌نجی ئه‌وچه‌ند ساڵه‌ی تۆ به زایه ده‌چێ. ئه‌وه‌ش نه‌بێ ئه‌مه دار و به‌رد نییه - هه‌ر چه‌ند تۆ واده‌زانی زۆر له‌مانه پته‌وتر بێت - شایه‌د خۆی دۆڕاند و به چه‌رخ و خولێك وا دڵی نه‌رم بوو هه‌موو هێز و توانایه‌كی كه تۆ پێت داوه دابڕووخێت. هه‌ر به‌شكم خودا بكات بینێیه دڵییه‌وه و بچێ له‌و به‌ری جاده‌كه‌وه به‌ره‌و شار ده‌ست له ماشێنێك هه‌ڵبێنێ و هه‌تا ئێوارێ، یان قه‌یچیده‌كا با هه‌تا سبه‌ینێ له شار به شتێكه‌وه خه‌ریك بێت. ره‌نگه ئه‌مه باشترین كار بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌مان سه‌ر بگرێ.) له پێپلیكانه‌كانی قاوه‌خانه‌وه دێته خوارێ و به‌ده‌م رێوه ته‌ماشای سه‌رێ و خوارێ ده‌كا. له پڕ ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌وا بچێ سه‌یرێكی سه‌ر چۆم و پرده‌كه‌ی خوار دووكانه‌كانه‌وه بكات (ره‌نگه ئه‌مه تا ئێره باشترین رێ و شوێن بێت) به ده‌م سه‌رنج دانه‌وه داده‌گه‌ڕێ و له په‌ستا له خاوه‌ن دووكانه‌كان ورد ده‌بێته‌وه؛ به‌عزێكی بیردێته‌وه و شێوه‌ی به‌عزێك ده‌كا، به‌ڵام هه‌تا لێیان ره‌ت نه‌بێ بیری نایه‌ته‌وه كه كێ بوون. به كۆڵێ بیره‌وه‌ری و خه‌یاڵاتی دوور و نزیكه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ره‌وخوارییه‌كی به‌ره‌و چۆم ده‌ڕوا. جارجار شه‌قێ له زیخ و به‌ردێكی سه‌ر رێگا هه‌ڵده‌دا. نزیك ده‌بێته‌وه؛ سه‌رێ و خوارێ هه‌ر وه‌ك ساڵان، هێندێك داربی، چنار و گزیچار، زیخ و كه‌نده‌ڵانی هه‌ڵدڕ هه‌ڵدڕ. هێندێك له سه‌ر په‌رژینی پرده‌كه، كه تا ئه‌و به‌ر په‌نجا شه‌ست میتره راده‌وه‌ستێ، گێژ و وێژ به‌ره‌و كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر رێده‌كه‌وێ. ماشێن گرمه‌گرم و هاڕه هاڕ دێن و تێده‌په‌ڕن. ده‌گاته ئه‌و به‌ر و به سه‌ر هێندێك زیخ و خۆڵ و چاڵی و به‌رزیدا ده‌گاته داوێنی كێ‌و، ئیستێك ده‌گرێ و چاوێك له سه‌رێ ده‌كا؛ رژد و تووڕه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه ساڵان بیری لێده‌كرده‌وه، شێرێكی گه‌وره‌ی هه‌میشه بێ‌دار كه هه‌میشه‌ی خودا چاو زیت له رووبه‌ڕووی ده‌ڕوانێ. كیفه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ساوده‌س ده‌كا و رێده‌كه‌وێته‌وه. هێدی هێدی هه‌نگاوه‌كانی ده‌گوێزێته‌وه و هه‌ڵده‌كشێ. جار جار راده‌وه‌ستێ و چاوێك له خوارێ ده‌كا، به‌ڵام حه‌ولی ئه‌وه‌یه‌تی زوو بگاته سه‌ر ئه‌و ته‌قته‌قه سپییه‌ی وا به ئیشتیا به سه‌ر ئاوایی‌دا ده‌ڕوانێ و ساڵان هه‌میشه له‌وێ داده‌نیشتن. هاسكه هاسكی پێده‌كه‌وێ. خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و له‌وێ، له‌سه‌ر ته‌قته‌قه سپی و سافه‌كه‌ی ساڵان بۆی درێژ ده‌بێ؛ هه‌ر چوار په‌لی به ته‌واوه‌تی به‌م لاو لادا لێك بڵاو ده‌كاته‌وه. چاویلكه‌كه‌ی به ئه‌سپایی له‌و لاوه داده‌نێ. گه‌رمای ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ و هیلاكی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ته‌واوی گیانی ده‌خاته سه‌ر ئاره‌ق. نه‌یزانی دوای چه‌نده هه‌ستا سه‌ر قن، له پشته‌وه هه‌ر دوو ده‌ستی كرده كۆڵه‌كه و به دڵێكی پڕ له ئاسووده‌یی و تامه‌زرۆییه‌وه ده‌ستی كرد به روانین له دوور و نزیك. له یه‌كه‌م نیگادا چه‌نده‌ها ماڵ و ده‌زگای سه‌یر و تازه‌ی دی. ئه‌مه یه‌كه‌م ئاڵ‌و‌گۆڕێك بوو كه به سه‌ر ئاوایی هاتبوو. چاوێكی دی گێڕا، نه‌یزانی بۆ چ ماڵێك چاو بگێڕێ. نیگای دێته‌وه سه‌ر جاده و دووكانه‌كان، دیسان له‌وێوه ده‌م و ده‌ست به دارستان و باغه‌كانی ناو شیوه‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕا كه له سه‌ره‌وه ئاوایی ده‌كا به دوو كه‌رته‌وه. هه‌تا ئه‌وسه‌ری داره‌كان ده‌ڕوانێ، دیسان دێته‌وه خوارێ و سه‌ر جاده‌كه‌ی ئاوایی كه به شانی شی‌و و دارستانه‌كه‌دا هه‌ڵكشا بوو، چه‌ند كه‌س به‌ره‌و سه‌رێ و خوارێ و دوور و نزیك له یه‌كتری جووڵه‌یان ده‌هات. ده‌ڕوا و ده‌گاته سه‌ر قوتابخانه‌كه‌ی ده‌وره‌ی منداڵییان كه دیاره ئێستاش چۆڵ و داڕووخاوه. په‌نجێره‌داره‌كان ره‌نگ شینه‌كانی ئه‌و وه‌ختانه‌ی هه‌روا پێوه‌یه. ته‌زوویه‌كی هه‌زار پاته‌ی رابردوو، گریانه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی ئاره‌زووی له‌و ناوه‌دا هاته‌وه یاد، ئه‌وه هه‌ر ئازاری بیری تیژی منداڵی نه‌بوو ئه‌وه‌ی وا قه‌تی له‌بیر نه‌ده‌چۆوه. چاوی له سه‌ر ئه‌و په‌نجێرانه به مۆله‌ق ده‌وه‌ستن، دڵی پڕ ده‌بێ و ئه‌و كات و ساته‌ی وه‌ك هه‌زاران جاری‌تر له به‌ر چاو زیندوو ده‌بێته‌وه. له سه‌ر له‌به‌ر كردنی شێعری «قه‌ل و رێوی»(1) زیندانی كرابوون، سوێندی پێشتری نه‌جیب‌خانمی مامۆستا بوو، هه‌ركه‌س نه‌یكات بۆ نیوه‌ڕۆ زیندانی ده‌كرێ و بۆ نه‌هار ناچێته‌وه. درگای وانه‌كه‌یان پێوه‌دا ئاسایی بوو، له‌وبه‌ره‌وه بۆی دانیشتبوو، به‌ڵام كاتێ ده‌نگی درگاكه‌ی سه‌ر حه‌وشه هات ره‌نگی تێكچوو، له سه‌ر جێگاكه‌ی هه‌ستا، هه‌موو بێده‌نگ و مات، كه ته‌قه‌ی درگای حه‌وشه هات و زانی داخرا ده‌ستی كرده گریان و زیاده له هه‌موویان هاته لای ئه‌مه‌وه وه‌كوو له ترسی كاره‌ساتێكی گه‌وره په‌نای بردبێ بۆ پیاوێكی گه‌وره ئاوا له په‌نای دا گریابوو؛ ئه‌م دڵخۆشی دابۆوه و په‌نجه‌كانی گرتبووه ده‌ست و بۆ ئه‌وه‌ی ژیری كاته‌وه له په‌ستا گوشی بوونی و ماچی كردبوون. راده‌چه‌نێ، نیگای ده‌م و ده‌ست گه‌یشته ئه‌و سه‌ری ئاوایی. ماڵێكی دوو نهۆمی به‌رز، به‌رز چونكه له سه‌رووی هه‌مووی ئاواییه‌وه بوو. بڕێك چاوی گێڕا و له‌و ده‌وروبه‌ره كه‌سی نه‌هاته به‌رچاو، دڵته‌نگ سیغاره‌كه‌ی ده‌رهێنا و دانه‌یه‌كی هه‌ڵكرد. دیسان نیگای كه‌وته‌وه چه‌رخ و خول، ماڵی زۆر كه‌سی ناسییه‌وه به‌ڵام ئه‌خت و چاری كرد دڵی رازی نه‌بوو ته‌ماشایه‌كی ماڵی خۆیان بكات.
(لێره‌دا ره‌نگه نه‌ك ئاكارێكی باش نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه نه دڵی بۆ باوكی و دایكی، هه‌ر سێ خوشكه‌كه‌ی و جه‌مشیدی برای لێنه‌داوه به‌ڵكوو ره‌نگه ئاكارێكی زۆریش خراپ بێ. به‌شكم هه‌ر نه‌بێ چاوێك له ماڵ خۆیان بكات كه ره‌نگه له‌گه‌ڵ هه‌موو شته ناخۆشه‌كان بیره‌وه‌رییه‌كی خۆش و به كه‌ڵك بۆ خوێنه‌ران بگێڕێته‌وه. تازه هه‌ر شتێكیش بێ دایك و باوك و خوشك و برا چ لێده‌كه‌ی؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌مه‌ی زۆر كه‌م به دڵدا هاتبێ كه بڵێی چی‌یان لێهاتبێ یان نه‌هاتبێ، بڵێی گه‌وره بووبێتن یان ئێستا له كوێ بن؟)
نیگای دێته‌وه سه‌ر جاده و ماشێنه‌كان، (ئاوا باشتره، با بڕێك بێته‌وه سه‌ر جاده و ماشێن و شت، قه‌یناكات با نوقمی ناو ئه‌و ئازار و ژانانه‌ی بێته‌وه وا نۆ ساڵ و چه‌ند مانگ له‌مه‌و پێش وێڵیان ببوو.) (نۆ ساڵ و چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر منداڵێكی پازده ساڵان بێ هیچ پرس و رایه‌ك سواری ماشێن بێت، رێگای شوێنێكی نادیار بگرێته به‌ر و ئێستا و ئێستاش كه‌س نه‌زانێ چی لێهات و بۆ كوێ چوو.) (دیاره ئێستا ده‌بێ ته‌واو ده‌ر‌فكر بێت و سووتووی سیغاره‌كه‌ی گه‌یشتۆته نیوه و له بیری چووه مژێكی لێ‌بدا.) یه‌كه‌م جار له سه‌ره‌تای ساڵی یه‌كه‌می ناوه‌ندی دا ئه‌مه‌ی بۆ هاته پێشێ، مامۆستایه‌كی تازه، بڕێكی سه‌رنج دابوون، هێندێك ئه‌مسه‌ره‌وسه‌ر هاتووچووی كردبوو، له سه‌ره‌خۆ پرسی بووی ئێوه بران؟ ته‌ماشایه‌كی یه‌كیان كردبوو، به خۆشحاڵییه‌وه كوتبوویان، نا! ئه‌و ساڵه به‌وه زۆریش دڵخۆش ببوو كه له‌گه‌ڵ فه‌رهاد ئاوا لێك ده‌چن. یه‌كه‌م نامه‌ی دوای پێنج ساڵ بۆ نووسیبوو (دوا رۆژانێكی زۆر هێناته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چیبكات و چی بنووسێ، دایك و باوكێكت پێ ساز كرد و پێت نووسی: دایكم هه‌میشه تۆی پێ فریشته‌ی رزگاری باوكمی. هه‌میشه ناوی تۆی له بیره میرزا سه‌عی ده‌رزی، گوایه ئه‌و سایانه ماڵمان له سنه بووگه، ئێژێ خوا یار بێ رێمان كه‌فته ئه‌وێ سه‌رێك له ماڵ ئێوه ئه‌ده‌ینۆ. میرزا شه‌فیعی باوكیشم هه‌میشه یادت ئه‌كا. هه‌میشه له بیریه‌تی كه چۆن له‌و كاتی كاره‌ساته‌دا فریایان كه‌وتووی و له ژێر ماشێنه‌كه ده‌رتهاوردوونه‌تۆ، هه‌میشه له بیری ئه‌وه‌دایه به دیارییه‌كی باشه‌وه بێنۆ خزمه‌تتان. سڵاوی هه‌موو بنه‌ماڵه ئه‌گه‌یێنن و خواتان له‌گه‌ڵ.) (ئه‌مه یه‌كه‌م نامه بوو پێت نووسی، دوای ئه‌وه هه‌تا سێ ساڵی‌تر سه‌ری هه‌ر دوو مانگ نامه‌یه‌ك و لێت كرده دابێكی به‌رده‌وام و نه‌پساوه. جاری وابوو به ئیشتیای دڵ پێت چڕ ده‌كرده‌وه و له ده‌س میرزا شه‌فیعی باوكی هه‌زاران سكاڵات پێده‌نووسی. جارانێكی زۆر هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ما ده‌نگی قووڕه قووڕی گریانه‌كه‌ی تێبخات. له زۆربه‌یاندا وه‌كوو په‌نا بۆ باوكێكی خۆشه‌ویست و دڵسۆز به‌رێت ئاوا باسی رۆژه ره‌شه‌كانی خۆی بۆ ده‌كرد. جارجار ته‌نانه‌ت هه‌موو شه‌رم و حه‌یات پێ فڕێ ده‌دا و باسی بچووكترین و شاراوه‌ترین قسه‌كانی دڵیت پێده‌نووسی. به‌ڵام هه‌ر له هه‌وه‌ڵه‌وه ده‌بوو هه‌رگیز ناوونیشانێك نه‌نووسێ. ئه‌وه‌ش قه‌ت بۆی نه‌بووه داغێك یانی تۆ نه‌تهێشت بۆی ببێته غه‌مێك یان ئازارێك كه بزانێ جوابی ئه‌و نامانه چین یان چی نین، یان هه‌ر ده‌گه‌نێ یان نا. چه‌ند جارێك له كاتی نووسیندا بیرت پێ له‌وه ده‌كرده‌وه ئه‌وه هات و ئه‌و مردبێت، ئه‌ی ئه‌و نامانه كێ ده‌یانخوێنێته‌وه؛ به‌ڵام دیسان به سه‌ر ئه‌وه‌شدا به دڵ گه‌رمییه‌وه ده‌ستت پێده‌كرد به نووسین و له باسی رۆژه ره‌ش و بێكه‌سی و بێ ده‌ره‌تانه‌كانی، هه‌تا سه‌دان پێچ و په‌نا و گله‌یی و گازنده‌ت له ده‌س رۆژگار و ده‌وروبه‌ر پێده‌نووسی. هه‌ر نه‌بوایه تاریكی شه‌وێكت بۆ ده‌كرده بیانوو، شتێكت هه‌ر بۆ په‌یدا ده‌كرد و سه‌رت پێده‌كرده نووسین.) بێ ئه‌وه تامێك له سیغاره‌كه بزانێ حه‌وای ده‌دا، ده‌ست ده‌با دانه‌یه‌كی‌تر داده‌گیرسێنێ. لاقه‌كانی هه‌ڵده‌كێشێ و چوارمشقی داده‌نیشت. دیسان نیگای ده‌كه‌وێته‌وه ناو ئاوایی، هه‌ر كۆڵان و درگایه‌ك به‌سه‌رهاتێكی دووری وه‌بیردێنێته‌وه. چه‌ند مژ له سیغاره‌كه‌ی ده‌دا و ده‌كه‌وێته‌وه بیری كاتژومێره‌كه‌ی، بۆته دوازده و سی و چه‌ند ده‌قیقه. به هیوایه نیوه‌ڕۆش بچێته‌وه لای لوقمان شتێكی ئاسایی بخوات. ده‌كه‌وێته بیری شه‌و، ته‌ماشایه‌كی قاوه‌خانه‌كه ده‌كا، وه‌بیری دێته‌وه كه ده‌بێ دیوه‌كانی پشته‌وه‌ی هه‌ر مابێ. بیری ده‌ڕوا بۆ لای كامووسای باوكی لوقمان، زۆربه‌ی وه‌خت له‌گه‌ڵ شۆفیره‌كان له‌وێ ئاره‌قی ده‌خوارده‌وه و تریاكیان ده‌كێشا، ئه‌مان له سه‌ر دیواره‌كانه‌وه ته‌ماشایان ده‌كردن و دوایه ده‌ستیان ده‌كرد به به‌رده‌بارانی حه‌وشه و حه‌ساری قاوه‌خانه. له خۆی پرسی بڵێی مابێ؟ (لێره‌دا بێ ئه‌وه‌ی ئیزن له تۆ وه‌ربگرێ دیسان ئاوات ده‌خوازێ بیتوانیایه بچێته‌وه به ئیشتیای دڵ له‌گه‌ڵ لوقمان دانیشێ و هه‌واڵی یه‌ك به یه‌كی ئاوایی لێبپرسێ.) روو به‌وێ ئه‌ژنۆكانی هه‌ڵده‌پێكێ و چه‌ناگه‌ی ده‌نێته سه‌ر، ئه‌و هه‌وایه لێره‌دا بڕێك سه‌رخۆشی ده‌كا و بزه‌یه‌ك دێته سه‌ر لێوی «لوقمان تۆ شه‌ڕه‌فت هه‌تا سه‌ت، یه‌ك دوو سێیه‌كم بۆ بكه. باشه تا په‌نجا! ده‌ی تۆ گیانی ... ئه‌و لوقمانه. نازانی چه‌نده بیری ئه‌و شێیانه‌تم كردووه.» شێیه‌كانی نیوه‌ی هه‌ڵده‌كشانده لووتییه‌وه و هه‌ر ئه‌وه زۆر جار ئه‌وی ده‌كرده قسه خۆشترین كه‌سی قوتابخانه. باشترین شتی لوقمان ئه‌وه بوو گوێی له شا و خونكاریش نه‌بوو، هه‌میشه به ئیشتیای دڵی خۆی قسه‌ی ده‌كرد و هه‌میشه كوڕه‌كان به ئیشتیای دڵی خۆیان پێده‌كه‌نین. ته‌نانه‌ت زۆرتر هه‌ر بۆخۆشی كوڕه‌كان هێندێك جار كه ده‌یزانی پێیان خۆشه، شته‌كانی دووپات ده‌كرده‌وه. چاوی ده‌بڕێته قاوه‌خانه‌كه و به زیندوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و شتانه وه‌ك ئه‌وه وایه رۆحی ختیلكه بده‌ن. ته‌واو هه‌وایه‌كی خۆش و سیحراوی و منداڵانه. ئه‌و ساڵه‌ی ئه‌و رێگایه‌یان بۆ ئاوایی قیله‌تاو كرد خۆشترین كایه‌یان ته‌ڕاتێنی هه‌ڵاتن له ناو ئاواییه‌وه بۆ سه‌ر جاده بوو، ده‌س دان له ئه‌ستۆنێكی چه‌ند میتری كه له مه‌یدانی قه‌راغ جاده بۆ ناو ئاوایی سازیان كردبوو. پیره‌كان هه‌تا له‌وێوه سه‌رده‌كه‌وتنه سه‌رێ وه‌خت بوو گیانیان ده‌رچێ و ئه‌وان دوای سی چل جار دیسان رژدتر و سه‌رخۆش‌تر ده‌بوون. به‌فر و سه‌رما، با و بۆران و هیچ شتێك نه‌یده‌توانی ئه‌وان له‌و به‌زمانه‌ی خۆیان دوور خاته‌وه. نیوه‌ڕوان كه‌م وابوو بچنه‌وه سه‌ر سفره و نان بخۆن، هه‌تا ئێوارێ ده‌یان بابۆڵه كه‌ره و په‌نیر ده‌هات و هه‌ر دانه‌ی له به‌ینی چه‌ند كه‌سدا دابه‌ش ده‌كرا. رۆژێ چه‌ند كه‌ڕه‌ت به په‌له ده‌چوو نانێكی له ناندێنه‌كه ده‌ردێنا و به هه‌ڵاتن ده‌چووه سه‌ر كووپه‌ی َپه‌نیره‌كه وا هه‌میشه له حه‌وشه له چاڵیان ده‌گرت. هه‌میشه وه‌كوو خۆشترین خوارده‌مه‌نی گازیان لێ ده‌گرت و گووپیان لێ باده‌دا. ده‌ستی برد سیغارێكی‌تری داگیرساند و به دڵێكی پڕه‌وه نیگای برده سه‌ر ماڵی خۆیان، چه‌ند ماڵێكی تازه‌ی ده‌وروبه‌ر دیواری حه‌وشه‌كه‌یان شاردبۆوه، په‌نجیره‌كان هه‌ر ره‌نگی ئه‌وێ ساڵان و زۆری چاو خوردكرده‌وه به‌ڵام كه‌سی له ناو دیوه‌كاندا نه‌هاته به‌رچاو. ئه‌ژنۆكانی هه‌ڵداو ده‌ستێكی له ده‌ورییان ئاڵاند، ئانیشكی ئه‌و ده‌سته‌یكه‌ی نا سه‌ر ئه‌ژنۆی و سیغاره‌كه‌ی به لای دمیه‌وه راگرت. دیسان سووتووه‌كه درێژ و درێژتر بۆوه. هه‌رچی كرد چاوی له په‌نجێره‌ی دیوه گه‌وره‌كه بۆ هه‌ڵنه‌كه‌ندرا. ماڵێكی هه‌میشه پڕ و قه‌ره‌باڵغ. كوورش‌خان كۆنه‌به‌گێكی دڵئاوا، ئه‌هلی تفه‌نگ و ڕاو و جۆرابێن، هه‌میشه‌ی خودا ده‌وری پڕ له میوان. دیوی جمه‌ی بێت و قه‌ره‌ته‌په و گرمه‌گرم. له په‌ستا له گه‌رمه‌ی كایه و به‌زمدا هاوار‌كات شه‌وكه‌ت خانم فریا كه‌وه له‌وه ده‌چێ میوانه‌كان وه‌خته ته‌ڵخیان لێبگوزه‌رێ. كچێ هاده‌ی فریامان كه‌وه! زۆر شه‌و هه‌تا به‌ری به‌یان ماڵ جمه‌ی بێت و پڕ بێت ته‌نانه‌ت له خه‌ڵكی ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ر. هه‌میشه بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وانه چه‌ند كه‌سی راوچی شاری له دوانیوه‌ڕۆوه له‌وێ بن. كوورش‌خان هه‌میشه به‌وه سه‌رخۆش‌تر بێت و شه‌وكه‌ت خانمیش جارێك له جاران نه‌ڵێ: ئا..ه... ماڵت نه‌شێوێ كوورش‌خان ئه‌مه ماڵه یان كاروانسه‌را؟! سه‌عی ده‌رزیش هه‌تا نیوه‌ڕۆ له‌به‌ر ده‌ستی دوكتۆری ئاوایی دابێت و له عه‌سر به‌ولاوه هه‌ر چۆنێك بێت له‌گه‌ڵ كوورش‌خان یه‌ك بگرن و تاڵ یان شیرین رایبوێرن. ئه‌مانه به‌زمی سه‌ره‌تایی ژیانیان بێت و ته‌نیا رۆژێك چییه لێك دڕدۆنگ نه‌بووبێتن. له رۆژانی هه‌واخۆشی و بێتاقه‌تیدا یا له‌گه‌ڵ كوورش‌خان و شه‌وكه‌ت‌خانم له سه‌ر سه‌ربانی قه‌ڵابن و شه‌وكه‌ت خانمیش له نێوه‌ڕاستیانه‌وه، یان ئه‌گه‌ر كوورش‌خان نه‌بووبێت خۆی و خێزانی و شه‌وكه‌ت‌خانم و له به‌ینی هه‌ر دووكیانه‌وه روو به ئاوایی و چۆم و كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر تووی تروكاندبێ، قسه‌ی بۆ كردبێتن و ته‌سبیحی گێڕابێت. ئه‌مانه له ناو شاره‌دێیه‌كی ئاوادا هێنده ئاسایی بووبێت وه‌كوو نه‌خش و فه‌ڕش، وه‌كوو به‌هار و گوڵ، وه‌كوو زۆرشتی باشی‌تر له یه‌ك كاڵابێتنه‌وه. ده‌یان‌گێڕاوه ده‌ڵاڵییان بۆ یه‌كتری كردبوو هه‌تا ئه‌و ژنانه‌یان ساز كردبوو. منداڵی ئه‌ویان ئه‌وه‌ی‌تریان ناوی بنێت. منداڵه‌كانیان وه‌ك یه‌ك بنه‌ماڵه پێكه‌وه بن و ده‌رو ژووریان كردبێ. به ده‌م خه‌یاڵاته‌وه سووتووی سیغاره‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر ئه‌ژنۆی. به ده‌م ئاخێكه‌وه ته‌ماشایه‌كی كاتژومێره‌كه‌ی كرده‌وه، دیسان به‌راوه‌ردێكی شته‌كانی كرد، ئه‌و لیباسه سوورانه‌ی كه ده‌بوو سبه‌ینێ بۆ كاره‌ساته‌كه له‌به‌ری بكات، ته‌ورزینه‌كه‌ی له ژێره‌وه ده‌رهێنا و دیسان بڕێك له ده‌ستیا ئه‌م باره‌وباری كرد. ئه‌وه‌ی وا ده‌بوو سبه‌ینێ بیكات، له زه‌ینیدا دووپاته و هه‌زارپاته بۆوه. یه‌كه‌م دانه و له نه‌كاو، به مووه‌كه‌ی له ئانیشكی ده‌ستی
راست یان چه‌پی بدا. وابێت به ته‌واوه‌تی ئه‌و ده‌سته‌ی بخاته لاوه. دوایه بیبردایه‌ته سه‌ر جاده‌كه و هه‌روا به ده‌م رێوه به‌و لیباسه سوورانه‌وه یه‌ك به‌و سه‌ره‌وسه‌ری هه‌موو دووكان و قاوه‌خانه‌كان هاواری بكردایه من و فه‌رهادی كوڕی تۆ بۆ ده‌بێ له یه‌ك بچین؟ پلاستیكه‌كه‌ی وا له ده‌مه‌كه‌ی خستبوو ده‌رهێنا و دیسان هێندێك قامكی لێدا؛ پلاستیكه‌كه‌ی كرده‌وه به سه‌ریا و له جێگاكه‌ی خۆی تاقه‌تی كرده‌وه. نائومێدانه درگای كیفه‌كه‌ی داخست و به هێمنی هه‌ستا پا، بڕێك خۆی كێشاوه، دانه‌وی چاویلكه‌كه‌ی له چاوی كرد، ده‌ستی دا كیفه‌كه و به‌ره‌و خوارێ داگه‌ڕا. خه‌یاڵاوی به سه‌ر پرده‌كه‌دا په‌ڕیه‌وه، به به‌ر دووكانه‌كاندا هه‌ڵگه‌ڕا و به دزی و ئاشكرا سه‌رنجی زۆربه‌یانی دا.
گه‌یشته‌وه به‌ر قاوه‌خانه‌كه، لاقه‌كانی به نۆبه نا سه‌ر لێواری بڵندی حه‌وزه‌كه و هه‌ر دوو ده‌ره‌لنگی ته‌كاند. ده‌م و چاوی شت و سه‌ركه‌وته سه‌رێ، زۆر خۆمانه سڵاوی كرد و كیفه‌كه‌ی له سه‌ر چوارپاچكه‌یه‌ك دانا؛ به پێكه‌نینێكی دۆستانه‌وه به‌ره‌و لای لوقمان چوو، ده‌ستی نا نێو ده‌ستیه‌وه و به فارسی لێی پرسی ناهار چی‌یان هه‌یه. ئه‌وه‌ی دیتی چاك یان خراپ كه‌بابی له هه‌موویان پێ‌خۆشتر بوو. ده‌یویست سۆراخێكی باوكیشی بزانێ، لێی پرسی كه چه‌ند قاوه‌خانه و غه‌زاخۆری تێدایه؛ چه‌ند دانه‌ی ناو برد، زۆر كاری به‌وان نه‌بوو. ده‌یویست پرسیاری ئه‌وه‌ی خۆیانی لێبكات، جوابی داوه ئه‌وێ هی باوكیه‌تی، كه‌متر له‌وێ ده‌بێ، بڕێك پیر بووه. دوای نان خواردن سیغارێكی ده‌رهێنا به ئیشتیا ده‌ستی كرد به مژلێدانی. له‌و كاته‌دا بوو كه گرینگ نه‌بوو بیر له چی بكاته‌وه، به‌ڵام ئاگای لای ئه‌وانه‌ی وا ده‌هاتن و ده‌چوون نه‌مابوو، ده‌نگێكی ئاشنا هات، وه‌كوو له خه‌ودا بێت ئاوا بوو، كه سه‌ری هه‌ڵێنا یه‌ك به خۆی راچڵه‌كی. گیپه و سه‌ری به ته‌واوه‌تی سپی ببوو. راست رووی كرده لای لوقمان، ئاگای لێ‌بوو دوای چاك و خۆشی كوتی سبه‌ینێ دێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه ده‌ستی به‌رز كرده‌وه و ئاماژه‌یه‌كی به كاتژومێره‌كه‌ی كرد، كه رووی وه‌رگێڕا بوو بگه‌ڕێته‌وه كوتی ئه‌رێ سبه‌ینێ ده‌گاتێ، ئه‌گه‌ر گه‌یشت یان ته‌له‌فوونێكم بۆ بكه یان ره‌وانه‌ی بكه بێت بۆ بێهداری. هه‌تا له چاو ئاوا بوو چاوی لێنه‌تروكاند. دوای تاوێك هۆشی هاته‌وه به‌ر و سیغارێكی‌تری داگیرساند. به ده‌م سیغاركێشانه‌وه هه‌ستا چووه به‌ر ئاوێنه‌كه. ده‌ستێكی به سه‌ریا هێنا چاویلكه‌كه‌ی هێندێك ده‌ستكاری كرد و سه‌ری ته‌واو برده به‌ر ئاوێنه‌كه و بڕێك ته‌ماشای ده‌م و ددانی كرد. گه‌ڕاوه پووڵه‌كه‌ی دانا و هه‌واڵی جێگای شه‌وی پرسی. ده‌یزانی دیوه‌كانی پشته‌وه هه‌یه. ماڵئاوایی لێ‌كرد و به‌ره‌و ئاوایی وه‌ڕێكه‌وت. پاش سه‌د هه‌نگاوێك به ناو داره‌كاندا داگه‌ڕا بۆ سه‌ر شیوه‌كه و پاش به‌ینێك دایه بن دارێك و بۆی درێژ بوو. كه وه‌خه‌به‌ر هات كاتژومێره‌كه‌ی چوار و بڕێكی نیشان ده‌دا. هه‌ستا سه‌ر قن و ته‌ماشایه‌كی ئه‌م لا و لای كرد. سیغارێكی داگیرساند و وه‌ڕێكه‌وته‌وه، هێنده رۆیشت هه‌تا گه‌یشته ئاخرین ماڵه‌كانی ئاوایی. به ده‌ستی راستا هه‌ڵگه‌ڕا. كه گه‌یشته سه‌ر راستیه‌كه، راست رووی كرده ماڵی ئاره‌زوو، بێ هیچ ترس و خۆفێك چه‌ند جاری له درگا دا، چاوه‌ڕوان بوو ئێستا راست خۆی بێ درگا بكاته‌وه یان دایكی به‌و باڵا به‌رزه‌یه‌وه و ئه‌و زه‌نگی ده‌نگه خۆشه‌یه‌وه كه هه‌میشه‌ی خودا له خۆی ده‌پرسی چۆن شووی به باوكی كردووه. له دڵه‌وه حه‌زی كرد دایكی نه‌بینێ، ترسی ئه‌وه‌ی بوو پیری ئه‌و پرچه ره‌شانه‌ی سپی كردبێ، ئه‌و پێسته سپییه‌ی چرچ و به‌رزی ئه‌و باڵایه‌ی تێكدابێ، ئه‌و كاتانه شاژنی ئاوایی و خۆشی باش به‌وه‌ی ده‌زانی، هه‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌نده‌یكه‌ی جوانتر ده‌كرد.
خه‌به‌رێك نه‌بوو دیسان له درگای داوه مابۆوه به فارسی قسه بكات یان به كوردی هیچ خه‌به‌رێك نه‌بوو. سه‌رێكی هه‌ڵێنا بۆ ناو حه‌وشه و دیسان چه‌ند جاری لێداوه. ئاخری له‌ولاتره‌وه په‌نجێره‌ی روو به حه‌وشه‌ی دوو نهۆمه‌كه كراوه و پیرێژنێك سه‌ری هێنا ده‌رێ: میرزا گیان كارت به كێیه؟ به فارسی به جۆرێك كه حاڵی بێت ناو و شۆره‌تی ئه‌وانی پێكوت. پیرێژن به ده‌س و سه‌ر هه‌ڵته‌كاندن و چه‌ند جار له سه‌ر یه‌ك پێی راگه‌یاند كه رۆیشتوون. كه ماڵیان لێره نه‌ماوه. قرچه‌یه‌ك له ناو ده‌روونییه‌وه هات و به‌ری چاوی بۆ هێندێك تاریك بوو. كاس و وڕ كه‌وته سه‌ر كوێره رێگاكه‌ی كه بۆ پشت ئاواییه‌وه ده‌چوو. دیسان به ده‌م رێوه سیغارێكی داگیرساند و ورده ورده ده‌ستی كرده گریان. هات بگه‌ڕێته‌وه و بزانێ ماڵیان چووه بۆ كوێ. له كام گه‌ڕه‌كی شارن، به‌ڵام به‌وه خۆی رازی كرد شه‌و له‌گه‌ڵ لوقمان دا به جۆرێك باسی بكات. گه‌یشته شیوه‌كه، داگه‌ڕا بۆ سه‌ر ئاوه‌كه و ده‌م و چاوی شت و چه‌ند مستیش ئاوی خوارده‌وه. دانیشته سه‌ر عه‌رزه‌كه و دیسان ده‌ستی كرده‌وه به گریان، چاویلكه و كیفه‌كه‌ی له‌و لاوه كه‌وتبوون. به تووڕه‌یی هه‌ستا لیباسه سووره‌كان له به‌ركات و وه‌كوو جه‌لادێكی سوورپۆش بچێت له ماڵه‌وه بیهێنێته ده‌رێ له ناوه‌ڕاستی ئاوایی و پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی ئاوایی لێ‌كۆكرده‌وه هاوار بكات و به سه‌ریدا بگوڕێنێ كه بۆچی ده‌بێ ئه‌و و فه‌رهادی كوڕی هێنده لێك بچن. ئه‌وسا ده‌ست بكات به ئه‌نجن ئه‌نجن كردنی. كیفه‌كه‌ی كرده‌وه، شه‌ڵواره‌كه‌ی ده‌رهێنا و له پێی كرد، به‌ڵام وه‌كوو له ناخه‌وه هاوار له خۆی بكات كه ناتوانێ، ئاوا بوو، دایكه‌نده‌وه و چه‌پاندیه‌وه ناو كیفه‌كه. چاویلكه‌كانی كرده‌وه چاوی و به په‌له وه‌ڕێكه‌وته‌وه، ویستی بچێ سواری ماشێن بێت و بگه‌ڕێته‌وه. به ده‌م ڕێوه وه‌كوو شێت و شت هاواری كرد: ده‌گه‌ڕێیته‌وه؟! بۆ كوێ؟ بۆچی؟! بۆ لای حاجی بابا؟ ده‌ته‌وێ دڵی ئه‌و خۆش كه‌یت؟ وه‌جاغی ئه‌و ڕۆشن كه‌یته‌وه؟ نائومێدی نه‌كه‌یت؟! ببیته كوڕی و ئه‌و هه‌موو ماڵه به تۆ ببڕدرێ؟ باشه! باشه! به‌ڵام جارێ بچۆوه لای ئه‌و پیرێژنه! بچۆ خۆمانه له‌گه‌ڵیدا بدوێ و بزانه ئاره‌زوو! وه‌كوو هۆشی لای خۆی نه‌مابێ ده‌نگی دیسان به‌رزتر كرده‌وه ئه‌رێ! ئه‌رێ! بزانه ئاره‌زوو ئه‌و كچه‌ی وا له ترسی ئه‌و ته‌نیاییه ده‌گریا و تۆ ده‌سته‌كانیت ده‌گوشی و ماچت ده‌كرد و دڵخۆشیت ده‌داوه. له‌و پیرێژنه تكا بكه، بپاڕێوه، من نازانم چۆن به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بووه... نازانم شایه‌د چوار منداڵیشی هه‌بێ، شایه‌د نه‌شمابێت! شایه‌دیش ئێستا و نۆ ساڵه چاوه‌ڕوانی تۆ بێت.
گه‌یشته‌وه نزیك ماڵان، له‌م سه‌ری ئاواییه‌وه دووڕێیانێك، یه‌كیان ده‌چۆوه به‌ر درگای پیرێژن. رووی كرده ئه‌وێ، بۆی له درگاكه نه‌درا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له دوو نهۆمه‌كه‌ی ده‌ڕوانی، به ئه‌سپایی ره‌ت بوو. ته‌ماشایه‌كی پێشه‌وه‌ی كرد، كۆڵانێكی راست ده‌چوو بۆ پشت ئاوایی و ئیستێكی گرت، بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تریان كه ده‌چوو بۆ ناو ئاوایی، كه‌وته‌وه رێ. نه‌یده‌زانی چ‌بكا. بۆ یه‌كه‌م جار له هاتنه‌وه‌كه‌ی وه‌ڕه‌ز بوو. خودا خودای بوو زوو بگاته‌وه قاوه‌خانه. (بینێ دڵیه‌وه بچێ بۆ لای ماڵی خۆیان، ره‌نگه هه‌ر پا بنێته كۆڵانه‌كه‌یانه‌وه دایكی دڵی خه‌به‌ر بدا و به هه‌ڵاتن بێته ده‌رێ. ئه‌وسا به دیتنی دایكی هه‌موو شتێك بگۆڕێ. ره‌نگه دایكی به سیمای تێكشكاوی و پرچه سپییه‌كانیه‌وه نه‌یه‌ت و باوكی له‌به‌ر په‌نجێره‌كه‌وه چاوی تێببڕێ و دڵی خه‌به‌ر بدا، په‌نجێره‌كه بكاته‌وه هه‌رای لێبكات. ئه‌و ته‌نانه‌ت ئاوڕێك نه‌داته‌وه و به په‌له به‌ره‌و جاده‌كه داگه‌ڕێ. خودا خودایه‌تی زوو بگاته‌وه لای لوقمان و خۆی ئاشكرا بكات. هه‌تا بزانێ دایكی بۆچی وا پیر بووه. هه‌تا بزانێ ئه‌گه‌ر باوكی له‌و په‌نجێره‌وه بیزانیایه ئه‌وه، چی ده‌كرد؟ هه‌تا لێی‌بپرسێ بۆچی ئه‌ویان له‌به‌ر درگا و ئه‌ویان له‌به‌ر په‌نجێره له كۆڵان ده‌ڕوانن؟ ده‌گاته لای جاده‌كه، ئوتووبووسێك له دوور دێت، به دڵیا دێ ده‌ست هه‌ڵبێنێ، سوار بێت و بڕوا؛ به‌ڵام ده‌ستی بۆ به‌رز نابێته‌وه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی هێنده شلن ناتوانن به‌و بگه‌ن. هێندێك راده‌وستێ و له‌به‌ر قاوه‌خانه‌كان ده‌ڕوانێ، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه سبه‌ینێ سه‌دان ماشێن له‌مبه‌ر و به‌ره‌وه رابگرێ. به‌و ته‌ورزینه هه‌ر جاره‌ی شوێنێكی داتاشێ و ئه‌و سه‌ر جاده‌یه شه‌ڵاڵی خوێنی ئه‌و بكات، ئه‌وسا سه‌دان شۆفیر و شاگرد شۆفیر دابه‌زن و هه‌ر یه‌ك به جۆرێك له‌و كاره‌ساته بڕوانن و هه‌ر كه‌س به جۆرێك لێكی بداته‌وه. زۆریان له ئیسان بوونی خۆشیان بێزار بن، زۆریان هه‌تا ساڵانێكی دوور و درێژ هه‌تا كاتی پیری، هه‌تا سه‌ره مه‌رگیان ئه‌م كاره‌ساته‌یان له بیر نه‌چێته‌وه. سه‌دان جار له خه‌ویان راپه‌ڕێنێ و وه‌كوو شێت هاوار بكه‌ن و له‌و خه‌وه‌دا له به‌ری بپاڕێنه‌وه ئاوا نه‌كات، به‌ڵام ئه‌م سه‌رخۆش بێت به‌وه كه ئه‌و شۆفیرانه هه‌ر یه‌كه و وه‌كوو هه‌واڵنێرێك ئه‌و خه‌به‌ره به چوار قورنه‌ی وڵات‌دا بڵاوده‌كه‌نه‌وه. به‌وه دڵخۆش بێت ئه‌و هه‌واڵه خێرا ده‌گاته‌وه ئاوایی و هه‌موو خه‌ڵكی ئاوایی به ژن و منداڵ و گه‌وره و بچووكه‌وه هورووژم ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر جاده، ئه‌وسا لیباسه سووره‌كان له‌به‌ر داكه‌نێ و كڵاوه‌كه‌ی له سه‌ر لابات و خۆی به‌وان بناسێنێ. هاوار بكا ئه‌من ده‌مویست بزانم بۆچی من و فه‌رهادی سه‌عی ده‌رزی لێك ده‌چووین، به‌ڵام هه‌ر نه‌مزانی و هه‌میشه پێم وابوو ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵێكی به راستی كوورش‌خانی باوكم بوایه نه‌ده‌بوو به من و فه‌رهاد بڵێن سێوێكی قاش كراوین.
له پڕ وه‌ك گێژی لێهاتبوو، ورده ورده به‌ره‌و قاوه‌خانه‌كه هاته‌وه. هه‌ستی كرد نزیك رۆژئاوا بوونه، له پڕ به سه‌ریا هات بچێته‌وه لای لوقمان، به پێپلیكاندا سه‌ركه‌وت، به‌ره‌و لای لوقمان رۆیشت، زۆر ئاسایی سڵاوی لێ‌كرد، لوقمان باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد كوڕه فارسه‌كه‌ی نێوه‌ڕۆ بێت. كیفه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، به ده‌م لیباس داكه‌ندنه‌وه پێی ده‌ڵێی لوقمان گیان من سوهرابم ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ كاسه‌عید هات ئه‌م لیباس و ته‌ورزینه‌ی ده‌یه. به په‌له ماڵاوایی ده‌كا. خێرا راده‌كا بۆ سه‌ر جاده، ماشێنێك ره‌ت ده‌بێ و سواری ناكات، لوقمان له‌سه‌ر پێپلیكانه‌كان قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كا و هیچ نابیسێ. ئوتوبووسێك دوای هێندێك له‌و لاتره‌وه بۆی راده‌گرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵێ سوار بێت ده‌كه‌وێته‌وه بیری ئاره‌زوو، كه قه‌رار وابوو له لوقمان بپرسێ، چی لێهاتووه، ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه، سوار ده‌بێ و هه‌ڵده‌كشێ جێگایه‌ك بۆخۆی په‌یدا بكات، داده‌نیشێ، بۆ دواجار ته‌ماشایه‌كی چۆمه‌كه ده‌كا، مه‌شه‌دی ئه‌سكه‌ری بیر دێته‌وه « بێ كه‌سی له هه‌مووشت خۆشتره، نه غه‌می كه‌س بخۆی، نه كه‌سێك بێ غه‌مت بخوا، نه چاوه‌ڕوانی كه‌س بیت و نه كه‌س چاوه‌ڕوانت بێت. له هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌یه كه‌س نازانێ كه‌ی و له كوێ ده‌مری یا مردووی.» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیسان حه‌زی كرده‌وه بزانێ ئاره‌زوو چی لێهاتووه و له كوێ بێت؟ سه‌ری نا به شووشه‌كه‌وه، به ته‌واوه‌تی هه‌ستی كرد هه‌ر به راستی دایكی و باوكی له‌به‌ر په‌نجێره و درگاكه‌دا دیوه؛ دڵی پڕ بوو له ته‌نیایی و بێ‌ئاگا دوو فرمێسك به چاویدا شۆڕ بوونه‌وه، پڕ به دڵ ئاواتی خواست بزانێ بۆچی ئاوا پیر بوون. چاوه‌كانی توند توند نا سه‌ر یه‌ك و بڕێك ئاوی لووتی هه‌ڵكێشا سه‌رێ و به ئارامی كه‌وته بیری ئه‌وه‌ی له كوێ دابه‌زێ.
1_ «روباه و زاغ» یه‌كێ له شێعره خۆشه‌كانی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه.