
بابم پیاوێکی سه‌یره
عه‌زیز مه‌حموودپوور
خه‌ڵك واده‌ڵێن و منیش هه‌ر پێم وایه بابم پیاوێكی سه‌یره. ده‌ست كورته، به‌م حاڵه‌ش به هیوایه . . .
ئاخر دایكم چوار ساڵه عومری خودای كردووه. ئێمه سێ سه‌ر خێزانین. من و خوشكم و بابم كه پێم وایه بێت‌و نه‌خشه‌كه‌ی سه‌ر بگرێ و پووڵێكی بكه‌وێته ده‌سته‌وه، سه‌ر له نوێ ژن ده‌خوازێت. به‌ینێكه كێچ كه‌وتۆته كه‌وڵی و حه‌جمانی لێ هه‌ڵگیراوه.
ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری حه‌وشه ده‌كا و له به‌ر خۆیه‌وه ده‌بۆڵێنێ: "بیست و یه‌ك رۆژی به‌سه و ئه‌و وه‌خت ورده ورده . . ."
كه‌س نازانێ كێ له به‌ری هه‌ڵخوێندووه و ئاوا له‌ونی لێ گۆڕیوه،ده‌نا پیاوێكی وه‌ك بابم بۆ ده‌بێ ئه‌وه‌ی پووڵی هه‌یه‌تی ـ با زۆریش نه‌بێ ـ بیدا به چوار هێلكه مریشكی لاری و به نۆبه بیانخاته بن مریشكێكی سه‌ر به‌كڵاوه وبه هیوا بێ ببن به جوچكه و جوچكه‌كانیش ببن به كه‌ڵه‌شێر و دواییش . . .
دوایه‌كه‌شی بۆ كوتن نابێ و بۆم ده‌ركه‌وتووه بابم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وای شتێك له كه‌لله‌ی بدا تازه وا به هاسانی ده‌ست به‌ردار نابێ. ئاخر ئه‌وه حه‌ڤده رۆژه هێلكه‌یه‌كی خستۆته بن مریشكه‌كه و ئاراوقارای لێ‌هه‌ڵگیراوه. چوار رۆژی ماوه هێلكه‌كه بترووكێ و چاوی بابم روون بێته‌وه. كه‌چی مریشكه‌كه هێلكه‌كه‌ی به دندووك كون كرد و به كوركه‌كورك هه‌ڵفڕییه سه‌ر دیواری حه‌وشه. بابم به قامك هێلكه‌كه‌ی قه‌ڵاشت و ده‌ڵه‌مه‌یه‌كی بۆگه‌ن و خوێناوی به سه‌ر عه‌رزه‌كه‌دا بڵاو بۆوه. هێلكه‌كه پیس ببوو. ناعیلاج هێلكه‌یه‌كی دیكه‌ی خسته ژێر مریشكه‌كه و چاوه‌ڕوان مایه‌وه.
من ئێستاش بۆم روون نه‌بۆوه، بابم چۆناوچۆنی لێك دابۆوه. ئه‌و ده‌یكوت: " بێت‌و پاش بیست و یه‌ك رۆژی دیكه هێلكه‌كه بجووقی و جووچكه‌كه سه‌ر وه‌ده‌ر نێ، وه‌ك رۆژ ئاشكرایه ورده ورده گه‌وره ده‌بێ و ده‌بێ به كه‌ڵه‌شێرێكی لاری و دوایی ده‌توانم . . ."
به‌ڵام ئه‌وانه هه‌موو خه‌یاڵاتی ئه‌و بوون و قه‌تیش دوایی نه‌ده‌هات.
به‌یانی رۆژی بیست و یه‌كه‌م من و خوشكم و بابم، به دیار مریشكه‌كه‌وه هه‌ڵكورماین. بۆیه خۆم و خوشكیشم ڕه‌گه‌ڵ ده‌خه‌م، چونكین دڵه‌خورپه‌ی بابم كاری كردبووه سه‌ر ئێمه‌ش. جا بۆیه نه‌مانده‌توانی سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی هێلكه‌كانی ئه‌و بێ‌لایه‌ن بین. وه‌ختایه‌ك مریشكه سه‌ربه‌كڵاوه‌كه له سه‌ر هێلكه‌كه هه‌ستا و جیقنه‌یه‌كی سه‌وزی فڕێ دا و سه‌رمه‌ستانه خۆی راوه‌شاند، ئێمه سه‌رنجمان په‌ڕییه سه‌ر هێلكه‌كه و من و خوشكم كوته‌كوتی دڵی بابمان ده‌بیست، پاش ماوه‌یه‌ك هێلكه جووقا و ئێمه تووكه نه‌رمه‌كانی سه‌ریمان دی وا هێندێك زه‌ردێنه‌ی پێوه نووسا بوو. جوچكه‌كه خۆی لێك‌كێشاوه و توێكڵه‌كه‌ی له به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاند. بابم جگه‌ره‌یه‌كی داگیرساند و چوو له سه‌ر لێواری حه‌وزه‌كه‌ی نێوه‌ڕاست حه‌وشه رۆنیشت. چاوی بڕییه جووچكه‌كه وا خۆی له بن باڵی مریشكه‌كه‌دا شاردبۆوه. من ده‌مزانی پرسیارێكی سامناك دڵی بابم رێك ده‌كوشێ:
ـ "بڵێی جووچكه‌كه نێر بێت؟"
ده‌یكوت: " به‌سیه‌تی حه‌وتوویه‌ك تێپه‌ڕێ هه‌تا بۆم مه‌علووم بێ."
بۆی مه‌علووم بوو. جووچكه‌كه مێ بوو، هه‌ر چه‌ند ئێستا چنگێك په‌ڕوپۆی نه‌رم بوو، به‌ڵام ئه‌و بێڕه‌حمه به ته‌واوی هێزه‌وه له دیواری حه‌وشه‌ی راكێشا و ئێستاش خوێنه‌كه‌ی هه‌ر به‌وێوه‌یه.
مریشكه‌كه‌ش له تاوان به بابمدا هه‌ڵپڕژا. ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی شلوێ ببێت هێلكه‌ی سێهه‌مینی نایه بن مریشكه‌كه و چاوه‌ڕوان مایه‌وه. بابم پێی وابوو چاره‌نووسی ماڵی ئێمه و ئه‌م هێلكانه لێك گرێ دراون و بێت‌و ئه‌م جاره‌یان سه‌ر نه‌گرێ . . .
به‌ڵام نیگه‌رانی ئه‌و له خۆڕابوو، چونكین هه‌ر پاش بیست و یه‌ك رۆژی دیكه هێلكه‌كه جووقا و پاش حه‌وتوویه‌ك بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌یان ده‌بێته كه‌ڵه‌شێرێكی لاری و ده‌توانێ . . .
كه‌چی نه‌یتوانی. هه‌ر چه‌ند جووچكه كه‌ڵه‌شێره‌كه خڕه‌كه ببوو و لۆقی درێژی دیار كه‌وتبوون، به‌ڵام نیوه‌ڕۆیه‌ك من و خوشكم چاومان به بابم كه‌وت كه له ته‌نیشت حه‌وزه‌كه زۆڕه‌زۆڕ ده‌گری. جووچكه كه‌ڵه‌شێره‌كه كه‌وتبووه حه‌وزه‌كه‌وه و خنكابوو. بابم خه‌تای خسته ئه‌ستۆی مریشكه سه‌ربه‌كڵاوه‌كه، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ری بڕی و بۆ شه‌وێ خواردمان. له به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌وه بابم وه‌ك مریشك ده‌كوركێنێ و له سه‌ر هێلكه‌ی چواره‌م هه‌ڵنیشتووه. جارجار كه نان و ئاوی بۆ ده‌به‌م، له‌و قوژبنه تاریكه‌دا ده‌یبینم باڵی لێك فش كردۆته‌وه و پێی خۆش نییه زۆری لێ نزیك ببمه‌وه.
من و خوشكیشم چاوه‌نواڕی جووقانی ئه‌و هێلكه‌یه‌ین و حه‌جمانمان لێ هه‌ڵگیراوه.