![]()
فلاش فیکشێن و چیرۆکی چه‌ند وشه‌یی
( میراتی سووک کراوی چێخۆف)1
سه‌یدقادر هیدایه‌تی
"من هه‌وڵ ده‌ده‌م به پێی شێوازی "کێوی سه‌هۆڵین" بنووسم . کێوی سه‌هۆڵ له هه‌شت به‌ش حه‌وت به‌شی له ژێره‌وه‌یه و ته‌نیا به‌شێكی به دیاره‌وه‌یه ." ئه‌و قسه‌یه‌ی هێمینگوێی که زۆر که‌س پێیانوایه نوخته گۆڕانێکی گرینگ بوو له چیۆکنووسیدا ، به ئاشکرا باس له‌وه ده‌کا که کورتبڕینه‌وه و چڕ و پڕ گوتن ئه‌رکی پێویستی چیرۆکی مۆدێرنه .
هێمینگوێی یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که لایه‌نگری کورت‌بڕی(ایجاز) بوو و رسته‌کانی به رسته‌ی تێلێگرافی ناسراون . کورت‌بڕی وه‌ها له رۆمانی پیره پیاو وده‌ریادا له‌به‌رچاو گیراوه که لابردنی رسته‌یه‌ک له‌وانه‌یه رۆمانه‌که تووشی که‌موکووڕی بکا . هه‌ڵبه‌ت هێمینگوێی خۆی شوێنی له چیرۆکی چێخۆف وه‌رگرتووه و چێخۆف تێکه‌ڵێکی وریایانه‌ی گۆگۆل و تۆگنێف و مووپاسانه. سوننه‌تی چیرۆکی چێخۆفی دوای هێمێنگوێی له ئامریکا به تایبه‌ت له ئامریکای باشوور درێژه‌ی پێدرا و چه‌ندین ده‌نگی گرینگی وه‌ک سالینجێر و کاروێر و بارتێلمی لێ که‌وته‌وه .
چیرۆک تا چ ڕاده‌یه‌ک کورت بێ هه‌ر چیرۆک ده‌مێنێته‌وه ؟
کورت‌بڕی له نێو ده‌سته‌واژه‌ی "کورته‌چیرۆک"دا به شێوه‌یه‌کی(بالقوه) هه‌یه . ئاشکرایه که یه‌کێك له تایبه‌تییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کورته چیرۆک کورت بوونی ئه‌و ژانره‌یه . هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و کورت بوونه باس و ده‌مه‌قڕه‌ی زۆری لێ که‌وته‌وه ؛به‌جۆرێک که هێندێک له ره‌خنه‌گران که‌وتوونه ئه‌و چاڵه هه‌ڵه‌یه‌ی که ئه‌ژماری تایبه‌تییان بۆ وشه‌کانی کورته چیرۆک داناوه . وه‌ختێک بتهه‌وێ به شێوه‌یه‌کی لێکۆڵه‌رانه به دوای وشه‌ی کورته چیرۆکه‌وه له نێو فه‌رهه‌نگه‌کاندا بگه‌ڕێی ؛ ده‌بینی زۆربه‌یان ئه‌ژمارێکی تایبه‌تییان بۆ وشه‌کان دیاری کردووه و مه‌علوومیش نییه چ پێوانه‌یه‌کیان بۆ ئه‌ژامه‌رکه‌یان هه‌یه ؛ هه‌ر بۆیه بۆ پێناسه‌کردنی کورته چیرۆک له 1500 وشه‌وه هه‌تا 17000وشه ناکۆکی ده‌بینرێ ! که‌وابوو ئه‌ژمار و راده‌ی وشه پێوانه‌یه‌کی زۆر سوننه‌تیه و به کاری ئه‌وانه دێ وا به کیله وته‌رازوو رۆمان و کورته‌چیرۆک هه‌ڵده‌سه‌نگێنن! هیچکام له ره‌خنه‌گره جیددییه‌کانی وه‌ک یان وات ، میخاییل به‌ختین ، لۆکاچ و... بۆ هه‌لسه‌نگاندنی چیرۆک یان جودا کردنه‌وه‌ی کورته‌چیرۆک له رۆمان ڕاده‌ی وشه‌یان به هێند نه‌گرتووه .
زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران دوو چوارچێوه‌ی گه‌وره بۆ داستان قایل بوون : رۆمان ، کورته چیرۆک . جاری وایه رۆمانێک زۆر کورت و که‌مه وه‌ک کونده کوێر و ئائۆرا و پیره‌پیاووده‌ریا . جاری واشه چیرۆکێک زۆر درێژ ده‌بێته‌وه وه‌ک ''ڕووداوێک له کاتی ڕاو"ی چێخۆف؛ که‌وابوو راده‌ی وشه‌کان ناتوانێ پێوانه‌یه‌کی جێگای متمانه بێ بۆ کورته چیرۆک و رۆمان و به‌گشتی داستان ؛ چونکه رۆمانی زۆر کورت هه‌یه و کورته‌چیرۆکی زۆر درێژیش هه‌یه ! ئه‌وه‌ی رۆمان له کورته‌چیرۆک جودا ده‌کاته‌وه ساختاری تایبه‌تی هه‌ر کام له‌وانه .
له ساڵی 1960 بۆ ئێره‌وه شه‌پۆلی مینیمالیسم سه‌ری هه‌ڵدا . ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ر‌نجه ئه‌وه‌یه که دروشمی سه‌ره‌کی مینیمالیسته‌کان که "که‌میش زۆره"بوو به مانای هه‌رچی کورت کردنه‌وه نییه به‌ڵکوو به مانای ئه‌وه‌یه که هیچ شتێکی زیادی له چیرۆکدا نه‌بێ ! به داخه‌وه زۆر که‌س له‌م دروشمه خراپ حاڵی بوون وپێیان وایه چیرۆکی مینیمال چیرۆکی چه‌ند رسته‌یی و چه‌ند وشه‌یی یه !
به دوای ئه‌واندا و به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی 80ی زایینی بۆ ئێره‌وه به تایبه‌ت له ڕۆژنامه‌کان و دواییش له ئێنتێرنێتدا هه‌وڵێکی سه‌رسووڕ هێنه‌ر بۆ کورت کردنه‌وه‌ی چیرۆک ده‌بینرێ . به جۆرێک که هه‌ر تاقمێک نێوێکیان داناوه و وه‌ک دیاره ئه‌و نێوسازییه هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه: فلاش فیکشێن ، سادێن فیکشێن ، میکرۆ فیکشێن ، مینیمال فیکشێن ، سکێچ فیکشێن ، فیکشێن پۆست کارد و چیرۆکی په‌نجاوپێنج وشه‌یی و ... ده‌یان نێوی دیکه. هه‌مووش خۆیان به میراتگریی مینیمالیسته‌کان وبه تایبه‌ت هێمینگوێی ده‌زانن .
ئاشکرایه که سه‌رده‌می نوێ (سه‌رده‌می ئینتێرنێت و ریکلام و خێرابوون ) سه‌رده‌می مه‌سره‌ف و خۆراکه کاتییه‌کانه و له‌و نێوه‌دا ئه‌ده‌بیاتیش که‌وتۆته به‌ر ئه‌و لافاوه‌ی له چرکه ساتێکدا به په‌له خۆراکێکی کاتی بۆ مه‌سره‌فی ڕۆژانه به‌رهه‌م بێنێ و خێرا ئه‌وه مه‌سره‌ف بکرێ تاکوو به‌رهه‌مێکی نوێتر به‌رهه‌م بێ و به‌و جۆره ته‌نیا پرۆسه‌یه‌کی مه‌سره‌ف و له بیرچوونه‌وه و ده‌ردان ده‌بیندرێ ...
هه‌ر بۆیه له‌و فه‌زا مه‌سره‌فی و خۆراکه کاتییانه‌دا له ژێر دروشمی خێرابووندا فلاش فیکشێن(چیرۆکی برووسکه‌ئاسا)به دی دێ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان وه‌ک رێکلامێکی چه‌ند ئانی ئه‌گه‌ر فریا که‌وتن چاوێکی پێدا بخشێنن و هه‌مووشتێک له گه‌ڵ بروسکه‌یه‌ک تێپه‌ڕ ببێ ، تاکوو دواتر سادن فیکشێن (چیرۆکی کوتوپڕ ) به دی بێ و دوای ئه‌ویش ....
وا هه‌ست ده‌کرێ هه‌موو هه‌وڵ و په‌له‌پرووزه‌ی ته‌له‌ویزیۆن و ڕۆژنامه و سایت و وێبلاگه‌کان راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ بۆ ئه‌وه‌یه که مرۆڤی سه‌رده‌می دنیای ئێلێکترۆنی خوو بگرێ به (سه‌تحی) بوون و کاتی بوون و باز دان به‌سه‌ر هه‌موو شته‌کاندا . به جۆرێک که ئه‌و نێوه قه‌به و گه‌ورانه وه‌ک سه‌رپۆش و ڕووبه‌ندێکن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ‌ڤ ، ڕه‌سه‌ن له ناره‌سه‌ن و پاک له پیس و ئه‌سڵ له به‌ده‌ڵ لێک نه‌کاته‌وه ، تاکوو دواتر مرۆ‌ڤ خوو به خواردنی جۆره خۆراکێکی کاتی پیس و بێ تام بگرێ که هێشتا ئه‌وی ته‌واو قووت نه‌داوه خۆراکێکی دیکه جێگای گرتۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێستا له وێبلاگ و ڕۆژنامه و سایته‌کاندا وه‌ک نووسراوه‌ی چه‌ند وشه‌یی به نێوی فلاش فیکشێن و میکرۆ فیکشێن و ... وه‌ک چیرۆک ده‌رخواردی خوێنه‌ر ده‌درێ ، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به کورت‌بڕی(ایجاز) وه‌ک تێکنیکێکی ره‌سه‌نی چیرۆک که هه‌ر له گۆگۆل ه‌وه هه‌تا کافکا و بێکێت هه‌وڵیان بۆ دا و ته‌نانه‌ت هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به مینیمالیسمی ده‌یه‌ی 60ی زایینییه‌وه نییه .به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌و ره‌وته نیشان ده‌دا ئاکام و دواکه‌وتی چێخۆف و هێمێنگوێی یه !
ئه‌م هه‌وڵه چه‌ند وشه‌ییانه زۆربه‌یان ته‌رح(sketch) یان هه‌وێنێکی خاو و نه‌گووراوی چیرۆکن . چونکه چیرۆک وه‌ک پێكهاته‌یه‌ک له زمان و که‌سایه‌تی و گێڕانه‌وه و فه‌زا و دیالۆگ و ڕووداو ناتوانێ له چه‌ند ڕسته‌دا به‌دی بێ و ئه‌گه‌ریش به‌دی بێ یان ته‌رحه یان نوکته و قسه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده‌یه یان چیرۆکێکی ناته‌واو و ئیفلیج کراوه .
له‌و شێوازه نووسینه‌دا که له هه‌موو بارێکه‌وه جیاوازی هه‌یه له گه‌ڵ کورته چێرۆک به هۆی کورت بوونی له ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه ، نووسه‌ر مه‌ودای نییه که‌سایه‌تی و فه‌زا و ڕووداو و ... بخوڵقێنێ و ته‌نیا خوێنه‌ر به‌وه فریو ده‌دا که نێوێکی سه‌ڵتی لێ ببێته که‌سایه‌تی و چوار رسته‌ی لێ ببێته گێڕانه‌وه !! ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رهه‌م هێنانی به‌رهه‌می سه‌تحی و بێ تام . ئه‌گه‌ر نووسراوه‌یه‌ک نه‌توانێ به ناخی که‌سایه‌تی و فه‌زا و ڕ‌ووداودا ڕۆچێ یان چیرۆک نییه یان زۆر کاتی ده‌بێ و کورتیله ته‌مه‌نێک ده‌کا و به‌سه‌ر ده‌چێ .
ئه‌و شێوازه نووسینه ( مه‌سێیج فیکشێن و فلاش فیکشێن و...)ته‌نیا وه‌ک جۆک و قسه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده له کۆتاییدا ته‌زووییه‌کی باریک و کاتی و زووتێپه‌ڕ له خۆی به جێ دێڵێ و به‌س ؛ توانایی به جێ نه‌هێشتن و به‌رنه‌دانی خوێنه‌ری نییه .
پێویسته ئه‌وه‌ش بگوترێ که کورت بڕینه‌وه و که‌م کردنه‌وه و هه‌رجۆره ته‌مهیدێکی دیکه ده‌بێ له خزمه‌تی چیرۆکدا بێ و سه‌ربه‌خۆیی چیرۆک نه‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه . له‌م ته‌پوتۆزی گێژه‌ڵووکه‌ی مه‌سرفی ئێنتێرنێتییه‌دا که به نێوی چیرۆکی چه‌ند وشه‌یی و چیرۆکی کوتوپڕ و... ساز کراوه ئه‌وه‌ی به ئاشکرا ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه خودی چیرۆکه . نابێ گه‌وهه‌ری چیرۆک (چیرۆک بوونی چیرۆک) به هیچ نرخ و به هیچ جۆرێک ته‌نانه‌ت به تایبه‌تمه‌ندی هاوچه‌رخیش- که خێرابوون و مه‌سره‌فی یه‌ک له‌دوای یه‌که- بفرۆشرێ .
ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌رنجی کورته‌چیرۆکه‌کانی چێخۆف ، کافکا ،هێمێنگوێی و بۆرخێس بده‌ین له نێو کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌کانی ئه‌واندا به‌شێک وه‌ک (ته‌رح و ته‌مسیل و حه‌کایه‌ت ) جودا کراونه‌ته‌وه ؛ ئه‌م راستییه ئه‌وه ده‌رده‌خا که نابێ ته‌رح و ته‌مسیل و حه‌کایه‌ت و قسه‌ی خۆش و نوکته له گه‌ڵ چیرۆک تێکه‌ڵ بکرێن و زۆربه‌ی ئه‌م شێوازانه با جیران و خزم و دراوسێی چیرۆکیش بن به‌ڵام چیرۆک نیین .ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بیندرێ زۆر له‌وانه‌یه هه‌ر ته‌مسیل و ته‌رح بن ، ئێستا به‌و نێوه تازانه‌وه هاتبێتنه بازاڕ و دووکانیان دانابێ !
بۆ نموونه چه‌ند وشه له چوارتوێێ په‌یام(مه‌سێیج)ێکی موبایل به بێ ئه‌وه‌ی توانیبێتی تۆسقاله‌زه‌رره‌یه‌ک له ماکی چیرۆک نزیک بێته‌وه که‌ی ده‌توانێ له پێرستی چیرۆکدا جێبگرێ و به نێوی مه‌سێیج فیکشێن و به بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌رده‌م سه‌رده‌می خێرابوون و تێپه‌ڕبوون و مه‌سره‌ف و له بیرچوونه‌وه‌یه له په‌نای چیرۆکی کافکا و بێکێت و بۆرخێس ه‌وه دانرێ!!!
به‌رداشی مه‌سره‌ف و خۆراکه کاتییه‌کان له هه‌وڵدایه رۆحی مرۆڤی وا بهاڕێ که ئیدی که‌س له ڕووی هه‌ڵنه‌یا یان نه‌وێرێ بڵێ من برایانی کارامازۆف ده‌خوێنمه‌وه ؛ یان من پروست ده‌خوێنمه‌وه یان من دۆن کیشۆت ده‌خوێنمه‌وه ؛ چونکه ئه‌وانه هیچیان له 1000لاپه‌ڕه که‌متر نین و مل ناده‌ن ببنه خۆراکێکی کاتی و خوینه‌ر له برووسکه و فلاشێکدا که‌میان کاته‌وه !
ئایا ئه‌و بازاڕه مه‌سره‌فی و کاتییه دیجیتاڵییه‌ی ئێستا هه‌ر تاوی له ژێر ناوێکه‌وه ده‌یهه‌وێ خوێنه‌ر خوو به ئیبتزال بگرێ ، بێ حورمه‌تی کردن به میراتی چێخۆف و هێمینگوێی نییه ؟!
له به‌ر ڕێزی سێروانتێس و چێخۆف و کۆندرا بۆ سه‌ردێڕی دووهه‌می ئه‌م وتاره میراتی سووک کراوی چێخۆف م نووسی! سه‌ردێڕێک که که‌مێک بۆنی دڵساردی و نائومێدی لێدێ . به‌ڵام هه‌ستێک پێم ده‌ڵێ ئێستاش ماون ئه‌و ده‌ستانه‌ی ده‌توانن به‌یداخی ئه‌ده‌بیاتی ره‌سه‌ن ڕا بگرن و نه‌هێڵن میراتی چیخۆف و کافکا و بۆرخێس سووک بکرێ .
میلان کۆندرا له وتاری زۆر به‌نرخی "میراتی سووک کراوی سێروانتێس"دا ده‌ڵێ :
"...خۆرکه‌ی که‌م بوونه‌وه(تقلیل) به‌رده‌وام ژیانی به‌شه‌ر ده‌خۆ‌نه‌وه ... تایبه‌تمه‌ندی کۆ‌مه‌ڵگای هاوچه‌رخ وه‌هایه که به شێوازێکی دڵته‌زێن ئه‌و وه‌یشوومه‌یه ده‌پارێزێ : ژیانی ئینسان له پیشه‌یه‌کی کۆ‌مه‌ڵایه‌تیدا که‌م و کورت ده‌بێته‌وه . یان مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له چه‌ند ڕ‌ووداودا چڕ ده‌کرێته‌وه که له ته‌فسیرێکی دوژمنانه‌دا ئه‌ویش دیسان که‌متر ده‌بێته‌وه . ژیانی کۆ‌مه‌ڵایه‌تی له خه‌باتی سیاسی‌دا که‌م و کورت ده‌کرێته‌وه و خه‌باتی سیاسیش ته‌نیا به‌ربه‌ره‌کانێی دوو زل هێزی ...لێ ده‌مێنێته‌وه . ئاوه‌ها ، مرۆ‌ڤ له گێژاوی که‌م بوونه‌وه‌دا گیری کردووه ”…
ئه‌گه‌ر جاڵجاڵۆکه و خۆرکه‌ی ته‌قلیل تا دوێنێ بوو به دزییه‌وه وه‌ک ئیدئۆلۆژی و سانسۆر و... ناوه‌رۆک و هه‌ناوی به‌رهه‌مه‌کانی ده‌خوارده‌وه (وه‌ک کۆندرا ده‌ڵێ) ، ئه‌وڕۆکه به هۆی داوێکی به‌رینتر و به‌ربڵاوتره‌وه(داوی جاڵجاڵۆکه‌ئاسای ئێنتێرنێت و په‌یوه‌ندیی ئێلێکترۆنی و...) به ئاشکرا له ده‌رو ژووره‌وه به نێوی "ئه‌وپه‌ڕی پۆست مۆدێرن"ه‌وه هه‌م رۆح و هه‌م له‌شی به‌رهه‌مه‌کان ده‌خواته‌وه . به جۆرێک که به دوور نییه چیرۆکی یه‌ک وشه‌یی و چیرۆکێک به‌دی بێ ته‌نیا له نێوه‌که‌یدا چڕ بکرێته‌وه و زۆر گوستاخانه‌ش داخوازیی ئه‌وه بکا که له‌و یه‌ک وشه‌یه‌دا که‌سایه‌تی و ڕووداو و فه‌زا و گێڕانه‌وه و دیالۆگیشی تێدا گونجاوه !!!
۱-نێوی ئه‌م وتاره"میراتی سووک کراوی چێخۆف " له نێوی وتاری " میراتی سووک کراوی سێروانتش" ی میلان کۆندراوه وه‌رگیراوه .