
کافکا
سیروان حه‌میدی
فیلمی کافکا ده‌رهێنانی، ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریکایی "ستیوێن سودێربێرگ"ه، له ساڵی 1991 دا. بێجگه له سێکانسی گه‌یشتنی کافکا بۆ ناو قه‌ڵای شاره‌که به شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی سازکراوه. ئه‌م فیلمه له سه‌ره‌تاوه نیشانی ده‌دا که له‌وه زیاتره هه‌ر ته‌نیا ژیاننامه‌ی "فڕانتێس کافکا" نووسه‌ری گه‌وره‌ی خه‌ڵکی چێک بێ. له‌م فیلمه‌دا به ئافراندنی فه‌زاگه‌لێک که له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان و ڕۆمانه‌کانی کافکادا به‌رچاو ده‌که‌ون، ده‌توانێت یه‌کێک له‌و کارانه بێ که ئێمه به جیهانی کافکایی ئاشنا ده‌کا.
فیلمه‌که سه‌ره‌تا به شه‌قامێک که به‌ره‌و قه‌ڵای شار ده‌چێت ده‌سپێده‌کات، چه‌ن په‌یکه‌ر له‌مبه‌ر و به‌ری شه‌قامه‌که نیشان ده‌درێت به‌ڵام ته‌نیا په‌یکه‌رێکه که به روونی به‌رچاوده‌که‌وێت و به ئه‌نقه‌ست زه‌ق بۆته‌وه. په‌یکه‌ری پیاوێکی خاچ به‌ده‌سته که به ئه‌نگووستی شایه‌تمانه‌ی ئاماژه به قه‌ڵاکه ده‌کات. له جێگه‌یه‌کدا خوێندوومه‌ته‌وه که سودێربێرگ ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر شتێک له‌م فیلمه‌دا بینرا و لێی تێنه‌گه‌یشتن، ئه‌مه گرفتی ئێوه‌یه، ئێمه بێگومان مه‌به‌ستێکمان هه‌بووه. لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ر له‌م په‌یکه‌ره که ده‌توانێت پیاوێکی ئایینی بێت و ئاماژه به قه‌ڵاکه ده‌کات، چ بێ؟ له وتووێژێکدا که کافکا له‌گه‌ڵ ئانارشیسته‌کاندا له شوێنی خۆشاردنه‌وه‌یاندا ده‌یکات، ده‌ڵێت: که‌واته دوژمن ئه‌مه‌یه، پۆلیس و کاربه‌ده‌ستانی ئاڕشیڤ، یاسا و ئایین، ڕه‌نگه ئێوه ئه‌وان بڵێن. ئه‌م په‌یکه‌ره‌ش ده‌تــــــــوانێت هێمای ئایین بێت و یه‌کێک له‌و دوژمنانه‌ی ئاناڕشیسته‌کان؛ که هاوردنی" ئێدوارد روبه‌ن" وه‌ک ئانارشیسـتێک، که دواتر ئاشکـــــراده‌بێت، له‌وێدا ڕه‌نگه ئه‌م داخوازییه بســــــــه‌لمێنێت.
له سه‌ره‌تادا قه‌ڵاکه به شێوه‌یه‌کی ترسناک له نێو ته‌م و مژدا ده‌بینین، دوو ده‌نگ دێت، یه‌کیان ده‌نگی مۆسیقای ناوه‌رۆکی فیلمه‌که‌یه، (مۆسیقای فیلمه‌که هینی کڵیڤ مارتینێزه) تێکه‌ڵ به کاته ترسێنه‌ره‌کان ده‌بێت، دووهه‌میش ده‌نگی کالیسکه‌یه‌که به‌ره‌و قه‌ڵا ده‌بزوێت، رۆبه‌ن خۆی له‌م کالیسکه ده‌شارێته‌وه که به لای ئه‌وه‌وه ده‌توانێت نه‌هێنییه‌کی ئاشکرا بکات. ڕۆبه‌ن هه‌ڵده‌ستێت و ده‌س ده‌کات به هه‌ڵهاتن. جارجار بۆ دواوه ئاوڕ ده‌داته‌وه به‌ڵام که‌سی به دواوه نیه. له چه‌ن کۆڵان تێده‌په‌ڕیت تا وه‌کو له سه‌ر دیواری یه‌کێک له کۆڵانه‌کان وێنه‌ک ده‌بینێ. وێنه‌ی جادووگه‌رێکی سپی پۆشه پێده‌که‌نێت؛ ڕه‌نگه به‌و. وه‌ک بڵێت بۆ کوێ هه‌ڵدییت؟ به‌ره‌و هه‌ر لاێه‌ک بچیت ئێمه له‌وێین. پاش تۆزێکی تر هه‌ڵاتن ده‌گات به وێنه‌ی پیاوێکی ماندووی شپرزه که هه‌م ده‌توانیت باری ده‌رونی رۆبه‌ن نیشان بدات هه‌م نزیک بونه‌وه‌ی له مه‌ترسی مه‌رگ. دوای ئه‌و وێنه‌ش چاوێک ده‌بینین که ڕۆبه‌ن له ته‌نیشتیدا ده‌وه‌ستێت و پاشان هه‌ڵدێت. نموونه‌ی ئه‌م چاوه له‌نێو قه‌ڵاکه‌شدا جارێکی‌دی ده‌بینی، چاوی سیهه‌م که‌س که له هه‌موو نه‌هێنییه‌ک ئاگاداره و هه‌موو شته‌کان ده‌بینێت؛ یان لانی که‌م ده‌بێت نه‌هێنیه‌کانی لێ بشارێته‌وه. جاری دووهه‌میش که له نێو قه‌ڵاکه‌دایه سه‌یری هه‌ڵهاتنی کافکا ده‌کات وه‌ک بیه‌وێت پێی بڵێت ئه‌وه لێره‌ش هه‌ڵاتی ئاخری هه‌ر ده‌دۆزرێیته‌وه.
نموونه‌ی ئه‌م نیگاه سێهه‌مه له یه‌کێک له کتێبه‌کانی "سلۆڤی ژیژک" دا له‌باره‌ی هه‌ندێک له فیلمه‌کانی هیچکاکه‌وه به‌ناوی(له ڕوانینی ترسێنه‌ری ئه‌ودا له‌ناو چونم دیار بوو)نیشان دراوه که ئاماژه به یه‌کێک له ناودارترین شانۆنامه‌کانی "ڕاسین "به ناوی "فادێر" ده‌کات. له‌م شانۆنامه‌دا فادێر هاوسه‌ری تسیۆسی پاوشا عاشقی هیپۆلیتۆسی کوڕی شا که له ژنی پێشوی ده‌بێت. له کاتێکدا که تسیۆس دێته ناوه‌وه فادێر حاڵه‌تی توڕه‌یی و شڵه‌ژاوی ئه‌و به ئاشکرابونی نه‌هێنیه‌خه‌یانه‌تکارانه‌که‌ی خۆی تێده‌گات و ڕقی لێ هه‌ڵده‌ستێت، تێگه‌یشتنێک که له کۆتایدا ده‌بێته هۆی له ناوچونی فادێر. ئێمه ئه‌م حاڵه‌ته له "نامه‌ی دزراو"ی "ئێدگار ئالێن پۆ"دا ده‌بینین؛ له‌و کاته‌ی وا خێزانی شا عاشقی وه‌زیره‌که‌ی ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌م چاوه‌ی ناو فیلمی کافکا له چه‌شنێکی تره و شایه‌تی په‌یوه‌ندیێکی خه‌یانه‌تکارانه و له‌هه‌مان کاتیش‌دا عاشقانه نییه. رۆبه‌ن له شوێنێکی تاریک‌دا ده‌یه‌وێت بحه‌سێته‌وه ده‌ستــــی پیاوێکی گـــول که هێمای ترس و دژه عه‌قڵه ده‌یگرێت و ده‌یکوژێت.
ئه‌و پیاوه که له چه‌ن جێگه‌ی فیلمه‌که‌دا نیشان ده‌درێت هێمای مرۆڤێکه که مرۆڤایه‌تی لێسڕاوه‌ته‌وه و لێیسه‌نراوه‌ته‌وه که به شێوه‌ێکی بێ ڕه‌حمانه و دڕندانه له ژێر ئامرازێکی مۆدێرندا، کاربه‌ده‌ستانی قه‌ڵاکه ده‌یکه‌ن به حه‌یوانێکی ئه‌وه‌ها دڕنده و بێ عه‌قڵ که تا ڕاده‌ێکی زۆر هێزێکی گه‌وره‌ی بۆ فه‌وتاندن و له ناوبردن هه‌یه. حه‌یوانێک که وه‌کو ئامرازێکی نه‌گریس و پۆخڵ بۆ به‌ڕێوه بردنی داخوازی و ئیراده‌ی ئه‌ربابه‌کان به‌کار ده‌گیرێن. سه‌ره‌تا وه‌کو مرۆڤێکی گول و چه‌په‌ڵ دێته پێش چاو و جووڵان و کرده‌وه‌ی هه‌ستی به‌زه‌یی و دڵسۆزی ئێمه به‌رانبه‌ر به خۆێ ده‌جووڵێنێت. ڕه‌نگه ئه‌و به‌زه‌یی پێدا هاتنه و له هه‌مان کاتیش‌دا ڕق و وه‌ڕه‌زیه‌ی ئێمه به‌رانبه‌ر به‌و بوونه‌وه‌ره بێ هه‌ست و سه‌یر و سه‌مه‌رانه هه‌مان ڕوانگه‌ی کافکا بێت به‌رانبه‌ر به ژیانی مۆدێرن؛ برۆکراسی مۆدێرن و ئینسانگه‌لێک که ئینسانیه‌تیان لێسه‌نراوه‌ته‌وه و له چه‌ن به‌رهه‌می، له‌وانه(مه‌سخ)دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
کاتێک کافکا ده‌چێته نێو قه‌ڵاکه، دوو که‌س کابراێک ده‌ڕفێنن، ده‌گه‌نه کافکاش ده‌یگرن و ده‌یبه‌ن. کافکاش چه‌ن لاپه‌ڕه کاغه‌ز، که وێده‌چێت دۆکۆمێنتی ئه‌وکابرا ئه‌سیره‌یه هه‌ڵیده‌گرێت و له گه‌ڵیان ده‌ڕوات؛ تا ده‌گه‌نه داڵانێک که له هۆڵی چاوه‌ڕوانی ده‌چێت، ئه‌و دوو که‌سه کابرا ده‌به‌نه ژورێکی تر و که‌سێک دۆکۆمێنته‌که له کافکا وه‌رده‌گرێ. ده‌نگی قیره‌وقیژه دێت. کافکا ســــــــه‌رسام گوێی راگرتووه، کابرایه‌ک ده‌ڵێت: که‌مــێک زۆره، وانییه؟ کافکــــــا داده‌چڵه‌کێت و ده‌ڵێت: وایه.
لێره‌دا وتووێژی نێوان کافکا و ئه‌و کابرایه ده‌هێنمه‌وه که پێم وایه پێویست به شیکردنه‌وه نه‌بێت؛ ده‌شتوانێت تۆزێک مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ر له هێنانی ئه‌و مرۆڤه له‌م فیلمه‌دا ڕوون بکاته‌وه. کابرا ده‌ڵێت: ده‌نگه که من ده‌گرێت! هه‌روه‌هاش بۆنیش. پاشان لێی نزیک ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت: تۆ هی ئێره نیت وایه؟
کافکا ده‌ڵێت: نه. من ده‌مه‌وێ بچمه به‌شی ئارشیڤی پزیشکی.
ئه‌و ده‌ڵێت: منیش هه‌ر ده‌چم بۆ ئه‌وێ و پێکه‌وه ده‌ڕۆن.
له‌و کاته‌دا دوربینه‌که دێته ژوره‌که‌ی پشته‌وه و به‌شێک له‌و پرسیاره که کافکا بۆی دروست بووه وه‌ڵام ده‌داته‌وه. له‌وێ خانمی ڕاسمه‌ن، دۆستی ڕۆبه‌ن و یه‌کێکی دی له ئاناڕشیسته‌کان که ماوه‌یه‌ک بوو وون ببوون ده‌بینێ؛ که ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت. چه‌ن پرسیاری لێ ده‌که‌ن و له کۆتایدا ده‌یکوژن. ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وان و کابرا به کافکا ده‌ڵێت: له‌وێ چیان ده‌کرد؟ پیاوکه له وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ خۆده‌پارێزێ و ده‌ڵێت: له به‌ینی خۆماندا بێت، من لێره سوپێروایزه‌رم، مووچه‌ی منیش به قه‌د ئه‌وانی تره. به‌م وه‌ڵامه ده‌یه‌وێت باری خۆی سووکتر کاته‌وه. پاشان ده‌ڵێت: ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به که‌سانێکی کارامه‌تر بگه‌ن.
کافکا ده‌ڵێت: من له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم.
کابرا ده‌ڵێت: چی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که‌سێک ڕوبکاته شادی یان توڕه‌یی یان ڕه‌نگێکی خۆش بوێت. ڕوونه... هاوسه‌نگی کیمیایی؛ به‌ڵام له چ ڕێگه‌ێکه‌وه و تا چ ڕاده‌ێک؟ ئه‌مه زانستێکی پۆخڵه.
کافکا ده‌ڵێت: پێم وایه چه‌ن دانه له ناخالیسه‌کانیم بینی.
ئه‌و ده‌ڵێت: پێت وایه ئێمه نه‌ماندیوه؟ ئه‌وان ئه‌و کاره ده‌که‌ن وا پێیان ده‌سپێرن. کافکا: ئه‌مه ئه‌وان کارامه ده‌کات؟
کابرا: یه‌که‌م فسیۆلۆجی پاشانیش ئایدۆلۆژی.
پاش ماوه‌یه‌ک کافکا له‌گه‌ڵ ئه‌و کابرایه که ئاشکرا ده‌بێت دۆکتۆر مۆرناوه و پێشتر کافکا به‌ڵگه‌ی مردنه‌که‌ی دیوه، به‌ڵام نه‌مردووه‌و بۆ جێبه‌جێ کردنی بیره نه‌خۆشه‌کانی بۆ قه‌ڵاکه گوێزراوه‌ته‌وه. ده‌چنه ئه‌و ژووره‌ی که ئه‌م مرۆڤانه‌ی پێک هێناوه و له نزیکه‌وه ئه‌و ئامرازه که هێمای مۆدێرنیزاسیۆنه ده‌بینێت؛ ده‌حه‌په‌سێ و به دۆشداماویه‌وه ده‌ڵێت: من هه‌وڵم ده‌دا دێوه‌زمه بنووسم به‌ڵام ئێوه ئافراندوتانه.
پاش قسه‌وباسه‌که، ئه‌و بۆمبه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی ده‌ته‌قێته‌وه وده‌بێته هۆی خراپ کارکردنی ئامرازه‌که؛ ئه‌و ئینسانه که له سه‌ره‌وه کافکا به لێنزێک کاسه‌ی سه‌ری ده‌بینێت، که ئه‌م کاسه سه‌ره هێمای ئه‌قڵ و ئیراده‌یه، خۆی ڕزگار ده‌کات و مۆرناو هه‌ڵده‌واسێت و ده‌بێته هۆی کوشتنی. ته‌واو بوونی ئه‌و مه‌ترسیه تا ڕاده‌یه‌ک دڵخۆش که‌ره. به‌ڵام لایه‌نێکی تر هه‌یه که له‌گه‌ڵ کافکا زیاتر ده‌گونجێت؛ کافکا له‌خزمه‌تی هیچ لایه‌نێکی سیاسی یان تێرۆریستی‌دا نه‌بوو، ئه‌و بۆمبه‌ش له‌گـــــــه‌ڵ خۆیــــــــدا ده‌یبات ده‌توانێت هــــــــه‌مان زه‌ربه بێت که به کاره ئه‌ده‌بیه‌کانی له په‌یکه‌ری مۆدرنیته‌ی داوه.
پاش کوژرانی رۆبه‌ن، ئێمه "پێناسه"ی کاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی بیمه و پێش هاته‌کانی کرێکاران ده‌بینین ده‌درێن له ئامرازێک که شێوه‌ی گیوتین ده‌دات. هه‌موو پێناسه‌کانی خۆیانی لێ ده‌ده‌ن. ته‌نیا یه‌کێک ده‌مێنێته‌وه که پێناسه‌ی ئێدوارد ڕۆبه‌نه. چه‌ن قوژبن و سووچی ئیداره‌که له سه‌ره‌وه نیشان ده‌درێت؛ له هه‌مان کاتدا ده‌نگی كافکا دێت که نامه‌یه‌ک ده‌نوسێت بۆ باوکی. ئه‌م نامه له چه‌ن به‌شی تری فیلمه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێده‌کرێت و فیلمه‌که‌ش هه‌ر به‌م نامه کۆتایی پێدێت.
سه‌ره‌تا وای بۆ ده‌چین که هه‌ر ئه‌و نامه‌یه که کافکا بۆ باوکی خۆی "هێرمان کافکا" نوسیویه‌تی و ئێستاکه به ناوی "نامه بۆ باوک" زۆر مه‌شهووره؛ به‌ڵام له ڕاستی دا هێچ کام له‌م وتانه‌ی ناو فیلمه‌که له‌و نامه‌دا نییه. هاوردنی ئه‌م نامه‌یه‌ش دوو لایه‌نی هه‌یه، یه‌کیان هه‌بوونی هه‌میشه‌یی ئه‌و ترسه‌یه که کافکا له باوکی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یبووه. لایه‌نه‌که‌ی تری ئـاماژه‌ێکه به "خوازه‌ی" ناوی باوک له سیســـته‌می فێکــری "ژه‌ک له‌کان"،ده‌رونشیکاری فه‌ره‌نسی. ناوی باوک، ناوێکی به‌ڵگه‌یی و سه‌لمێنه‌ره، که ده‌بێته هۆی دامه‌زرانی نه‌فسانی یاسا، به‌م مانایه ئاسۆیه‌ک پێک دێنــــێ که زمانــــــی په‌یڤین له چوارچێــــوه‌ی ئه‌ودا(باوک)که‌وشه‌ن ڕێژ ده‌بێت، چه‌ن هۆ و بۆنه‌ی پێویست بۆ هه‌بوونی ده‌روونی، یاسا پێک دێنێ، واته ناوی باوک خاوه‌ن هه‌بوونێکی سنوور داره، به‌م مانایه که به ڕێکخستنی یاسا ژیانی مرۆڤ گه‌مارۆ ده‌دات، به‌ڵام خۆی له ده‌روونه‌وه، ناتوانرێ ئابڵۆقه بدرێت. واته مرۆڤ ناتوانێت لێکۆڵینه‌وه‌ی ناوی باوک بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌ت و بناخه‌ی ژیانی مرۆڤی پێک هێناوه و ده‌سپێگه‌یشتنی مرۆڤ "به‌و"، کارێکی نه‌گونجاو و نه‌کراوه، به‌واتایه‌کی تر ناوی باوک به ڕێکخستن و ڕیزبه‌ندی یاسا وه‌کو ناوکۆی بنه‌ڕه‌تی نه‌فسانیات، خۆی له‌ده‌روونه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوکۆ به‌رقه‌رار ده‌بێت و هه‌بوونێک له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی نه‌فســـــــــانیات په‌یدا ده‌کات. وا دێتــــــه به‌ر چــــــاو کــه نــــــاوی باوک لـه‌گه‌ڵ هه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی (ناردنه‌وه‌ی)مێژوویی(حوالت تاریخی) له بیر و ڕای "هه‌یدگێر" دا نزیکی هه‌بێت. ڕوونه هه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی مێژوویی له‌گه‌ڵ مێژوو جیاوازی هه‌یه، مێژوو پێکهاته‌یه‌که له پێش هاته‌کان له سه‌ر بنه‌ڕه‌تی گرێدراوی زه‌مانی؛ به‌ڵام ئه‌م مانایه که باسی چۆنیه‌تی و سنووری یاسا ده‌کات، بناخه‌یه‌که که پێش هاته مێژوویه‌کان مانای خۆیان له‌و وه‌رده‌گرن، هه‌ر وه‌ها په‌ت و ده‌زویه‌که که پێش هاته مێژوویه‌کان، هه‌موویان به‌وه‌وه گرێ دراون. بێ ئه‌وه‌ی که خۆی له ده‌روونه‌وه بتوانێت ڕاسته‌وخۆ بکه‌وێته به‌ر لێکۆڵینه‌وه و له ناو ئاگایی ئێمه‌دا بگونجێت.
ناوی باوک مه‌به‌ست و باسێکی بنه‌ڕه‌ت دانه‌ر و گیان به‌خش و ژیان به‌خشه به مرۆڤ و خۆی ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سنووره و خاوه‌ن دو تایبه‌تمه‌ندیه؛ یه‌که‌م، ده‌سمان پیێ ناگات. دوهه‌م، دووپات بوونه‌وه‌یه‌که گۆڕانی به سه‌ردا نایه‌ت، به‌م مانایه که جێگایه‌که‌ی هه‌میشه‌یی و بێ گۆڕانه، هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه چۆنیه‌تی هه‌وه‌ڵ جاری خۆی.
وه‌ک له فیلمه‌که‌دا ده‌یبینین دوای ئه‌وه‌ی کافکا له قه‌ڵاکه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ڕوات بۆ ئیداره، پێی ده‌ڵێن به‌ڕێوبه‌ر کاری پێته. به‌ڕێوبه‌ر پێی ده‌ڵێت دو نامه‌م بۆ هاتووه یه‌کیان تۆی بۆ قه‌ڵا بانگ کردووه، دوهه‌مینیشیان کوتویانه نامانه‌وێ، نه‌ێت. کافکا ده‌ڵێت نه‌یانگوتوه بۆ چی؟ ئه‌و ده‌ڵێت بانده‌سته‌کانی من ناچار نین به من و تۆ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌و. کافکا ده‌ڵێت من وام بیر ده‌کـــــــرده‌وه ئه‌مرۆ له‌گه‌ڵ ڕۆژانی دی جیاوازه. ئه‌و ده‌ڵێت نه، بۆ ده‌بێ جیاواز بێت.
ئه‌و کاته‌ش که ده‌شگه‌ڕێته‌وه ژووری کاره‌که‌ی به‌رده‌سته‌کانیان گۆڕیوه و دوو به‌رده‌ستی تریان پێ داوه و چیرۆکه‌که دوپات ده‌بێته‌وه.
له فیلمه‌که‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ چه‌ند ئاوه‌ڵدووانه ڕوبه‌ڕو ده‌بینه‌وه که ڕه‌نگه زۆر بایه‌خی پێ نه‌ده‌ین به‌ڵام بۆ ڕوونبونه‌وه‌ی فیلمه‌که پێویستن. ئه‌مانه هێمای دو ژیانن له یه‌ک که‌سدا، یه‌کیان ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وه له به‌رانبه‌ر به مرۆڤه‌کانی تر له ده‌ره‌وه، له‌وانه په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوکاران و کاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی و ته‌واو بڕۆکرات؛ یان هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تر له کۆمه‌ڵگای مۆدێ!ندا. ژیانی دوهه‌میش، که ژیانی که‌سیه‌تی و دوور له کۆمه‌ڵگایه، مرۆڤ ده‌خزێته سووچی ته‌نیایی خۆی و ئێدی ناچار نیه ڕووبه‌ند بدا به ڕوویدا. له جێگاێه‌ک له فیلمه‌که‌دا کافکا به دوو به‌رده‌سته‌که‌ی خۆی، که به بۆنه‌ی چونه‌سه‌رێی پله‌ی و پایه‌ی، پێیان ده‌ڵێت: وا بیر ناکه‌نه‌وه که دوو ژیانی هیچ ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنێکی نه‌بێت؟ ئه‌وان ده‌ڵێن: نه. ئه‌ویش ده‌ڵێت: خۆزگه‌م به خۆتان، ئێره‌یتان پێ ده‌به‌م. ئه‌م وتووێژه ئێمه زیاتر له کافکا نزیک ده‌کاته‌وه. کافکایه که له ژیانی ناو ئیداره‌ی بیمه‌ی پێش هاته‌کانی کرێکاران و مرۆڤێک له خزمه‌تی برۆکراسی (کافکا به هۆی باش ئیش کردنه‌وه چه‌ن جار پله‌یی چوه‌ته سه‌ره‌وه) وژیانی نووسه‌رێکی ته‌نیا که بۆ خۆی ده‌نووسێت، وه‌ک له فیلمه‌که‌دا که ئانارشیسته‌کان داوای یارمه‌تی لێ ده‌که‌ن، ده‌ڵێت: ئه‌من خۆم ده‌نووسم، ته‌نیا بۆ خۆم. له جێگایه‌کدا "گۆستاو یانۆش" نووسه‌ری کتێبی وتووێژ له‌گه‌ڵ کافکا، ده‌ڵێت: خۆ ئێوه ناتانه‌وێت له‌م کاره‌تان ده‌س هه‌ڵبگرن؟
کافکا: بۆچی نه؟ ئاواتم ئه‌وه‌یه ڕۆژێک وه‌کو جوتیارێک یان پیشه‌وه‌رێک بڕۆم بۆ فلستین.
یانۆش: یانی ده‌ته‌وێ لێره هه‌موو شتێک وێڵ که‌یت؟
کافکا: هه‌موو شتێک! تا بتوانم ژیانێک په‌یدا بکه‌م که مانای هه‌بێت و هه‌روه‌ها به هێمنی و به جوانی تێپه‌ڕێت.
زۆربه‌ی کاره‌کانی کافکا له‌م فیلمه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. له‌وانه ده‌توانیین به "مه‌سخ"و"کۆشک" ئاماژه بکه‌ین. ئه‌م فیلمه‌ش چیرۆکێکی تره له چه‌شنی چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی کافکا، که هه‌بوونی "جێرمی ئایرۆنز" رۆڵی کافکا ده‌گێڕێت بیانوویه‌که بۆ نیشان دانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه و هه‌ر وه‌ها ناسینی ئه‌و جیهانه‌ی ناو فیلمه‌که، له هه‌مان کاتیش‌دا جیهانی ئه‌مرۆ.
هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌تادا کوتم له فیلمه‌دا زیاتر له‌گه‌ڵ بیر‌و ڕۆحی کافکادا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه تا ته‌نیا ژیاننامه‌که‌ی. چه‌ن جار په‌ل ده‌هاوێته سه‌ر چه‌ن ڕووداو که له ژیاننامه‌کانی کافکا دا به‌رچاو ده‌که‌ون، به‌ڵام لێره‌دا تۆزێک له باری مێژوییه‌وه گۆڕانکاریان به سه‌ردا هاتووه. له‌وانه جیا بوونه‌وه له "فلیتسه"ی ده‌سگیرانیه‌تی؛ پاش دوو جار نامزه‌دی به ڕاسمه‌ن ده‌ڵێت: پاره‌که لێی جیا بوومه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها خوێن هێنانه‌وه‌که‌ی و نه‌خۆشینی سیل یان ده‌رده باریکه، که له کۆتایی فیلمه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێده‌کرێت. له ڕاستیدا نه‌خۆشینی سیل به‌رله جیابوونه‌وه‌ی بۆ دووهه‌م جار له‌گه‌ڵ "فلیتسه"دا ده‌گرێت و ڕه‌نگه یه‌کێک بێت له هۆکانی ئه‌م جیا بوونه‌وه‌یه. شتێکی تریش هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، کافکا دۆستێکی به‌ناو ڕۆبه‌ن یان بێزڵبه‌ک نه‌بووه. "ماکس برۆد" و "فلیکس وێلچ" دوو دۆستی ڕاسته‌قینه‌ی بوون که کافکا به برۆد ده‌ڵێت دوای من هه‌موو ده‌سنووسه‌کانم له ناو ببه. به‌ڵام له فیلمه‌که‌دا ئه‌م داخوازییه به بیزڵبه‌ک ده‌ڵێت. بیزڵبه‌ک کوڕێکی به‌رد تاشه که به‌ڕێکه‌وت له‌گه‌ڵ کافکا دا ئاشنا ده‌بێت؛ ئه‌و کاته‌ی کافکا له کاباره دێته‌ده‌ره‌وه و سه‌یری قه‌ڵاکه ده‌کات پێی ده‌ڵێت: وه‌کو زۆربه‌ی شته‌کان، قه‌ڵاش ده‌توانێت خه‌یاڵی ئه‌فسانه‌یی بێته به‌ر چاوو. به‌ڵام ته‌نیا له دووره‌وه. پاشان ناوی خۆی پێده‌ڵێت. بێزڵبه‌ک ده‌ڵێت: ببوره ئه‌گه‌ر ده‌متوانی په‌یکه‌رم درووست ده‌کرد، هونه‌رمه‌ند که‌سێکه له به‌ر کاره‌که‌ی شتێکی پێبده‌ن. کاره‌کانی ئێوه زۆر ده‌نگی داوه‌ته‌وه. کافکا ده‌ڵێت: به‌ڵێ، له ده‌ره‌وه ده‌نگی داوه‌ته‌وه.
بیزڵبه‌ک: له‌ڕاستیدا ده‌نگدانه‌وه‌ی له ده‌روونه‌وه‌یه.
پاش تۆزێک بیزڵبه‌ک ده‌ڵێت ئه‌و چیرۆکه‌م خۆش ده‌وێت که له باره‌ی کۆڕی سزادانه‌وه‌یه؛ بزماره‌کان له ده‌روونی ئه‌و مرۆڤه‌دا دادگه‌ری هه‌ڵ ده‌که‌نن. پاش ماوه‌یه‌ک کاربه‌ده‌ستانی ئاگایی وه‌کو هێمای دادگه‌ری دێن و کافکا له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕۆبه‌ن. ڵێپرسین و هه‌موو کرده‌وه‌یان شێوه‌ێکی شانۆیی به خۆیه‌وه گرتووه. ته‌نیا کارێک که ده‌یکه‌ن به‌رئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کانه. ئه‌و کاته‌ی که کوژرانی ڕۆبه‌ن به هۆی خۆ کوشتن و خنکان له چۆمدا، باس ده‌که‌ن و هه‌ر وه‌هاش مردنی ڕاسمه‌ن؛ که پێشتر کوتمان له ناو قه‌ڵاکه دا بوو، ئه‌ویش هه‌ر به خۆ کوژی ناو ئه‌به‌ن، به‌ڵام کافکا به دزییه‌وه سه‌یری ده‌سی ده‌کات و کونێکی تێدا ده‌بینێت که له قه‌ڵاکه‌شدا له سه‌ر ده‌سی که‌سێکی تر بوو. بزیه‌کی تاڵ ده‌یباته‌وه‌و ده‌ڵێت: خۆ کوژی، وایه.
جارێکی تر کافکا له زمانی ڕاسمه‌نه‌وه به پۆلیسه‌کان ده‌ڵێت پۆلیس به شتێکی جیاواز له حه‌قیقه‌ت بایه‌خ ده‌دات، که هه‌مان ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کانه.
له‌م کتێبانه که‌ڵک وه‌رگیراوه:
1- "مبانی روانکاوی فروید و لکان" ؛ بڵاوکراوه‌ی نه‌ی .
2- "نامه به پدر" وه‌رگێرانی فه‌رامه‌رز بێهزاد ؛ بڵاوکراوه‌ی خاره‌زمی .
3- "گفگو با کافکا" گوستاو یانوش ؛ وه‌رگێڕانی فه‌رامه‌ز بێهزاد؛ بڵاوکراوه‌ی خاره‌زمی.