

پڕووست؛ مسافیری نووسین
عه‌لی غوڵامعه‌لی
تۆ له نێو داوی
قووڵترین قوژبنه‌كانی وجوودتدا،
هه‌ڵده‌كشێی به‌ره‌و لووتكه...
«پۆل سێلان»
1-
گه‌ڕان به شوێن زه‌مانی له کیس چوو»1 حه‌كایه‌تی میوانی دڵێكی شێته. سه‌فه‌ری بێ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌رگه و حه‌یرانی وشه‌ی به‌رده‌ستی نووسه‌ر. خه‌ونی بێ‌زمانی نووسینێکی شاراوه‌یه له پشت نووسراویه‌کی ئاشکرادا و له ژێر سێبه‌ری هه‌زاران كه‌سایه‌تی ده‌مامك له چاوه‌وه. خه‌منامه‌ی ئێستایه كه دوێنێ به‌جێ‌ده‌هێڵی و ده‌بێته سبحه‌ینێ.
له «گه‌ڕان...»دا ژیان چركه‌یه‌کی ونه. بیرمانه كه ئیزنی گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه و بیره‌وه‌ری وا له ڕۆمان ده‌كا كه زۆرجار ته‌نیا له ژێر دێڕی "فه‌لسه‌فه‌ی ماهییه‌تدا" ده‌توانێ بژی؛ یانی حكومه‌تی سرووشت پێش له خولقانی رۆمان، به سه‌ر وشه‌یدا زاڵ بووبێ. نووسه‌ر بۆ دیتنه‌وه‌ی كۆمپوزیسیۆنی نائاشنای «گه‌ڕان...»، نووسین وێڵ ده‌كا له نێو ته‌نیایی و ئێره‌یی و شه‌یدایی، دڵه‌ڕاوكێ و خه‌م و كۆیله‌ییدا. پێنووسی ده‌خاته به‌ر ده‌ستی سێبه‌ری بیره‌وه‌ری جیهانی واقیع و بۆ دیتنه‌وه‌ی دووباره‌ی شوێنه راسته‌قینه‌كانی ژیانی، خه‌یاڵ ده‌گرێته باوه‌ش: كۆمبره، ئیلییر، بالبه‌ك و.... بێ‌گومان ئه‌م شوێنانه هه‌موو نیشانه‌ی وڵاتانێكن كه ره‌مبازێنی بیر و هه‌ستی نووسه‌ریان دیوه.
نووسه‌ری «گه‌ڕان...»_ پڕووست_ كاریكاتۆری پشت‌شكاوی خه‌ونه‌كانیه‌تی که گێڕه‌ر _ماڕسێل_ ئاگادارانه جوگرافیای تایبه‌تی ژیانی دێنێته نێو ده‌روونی وشه و نووسراوه‌وه و هه‌موو خه‌ونه ون‌بووه‌كانی ده‌هێنێته‌وه بیری.
خوێنه‌ر وێڵه له نێو پاژه ون‌بووه‌كانی جیهانی مه‌تنه‌وه و زۆر جار خۆی له بیر ده‌باته‌وه؛ ئایا خۆێنه‌ره یان گێڕه‌ر؟
وه‌بیر هێنانه‌وه له «گه‌ڕان...»دا له دوو زه‌مانی جیاوازدا خۆ وه‌ده‌ر ده‌خات:
1. زه‌مانی خه‌یاڵی نووسین وه‌ك دنیای تایبه‌تی نووسه‌ر.
2. زه‌مانی واقیع بۆ گێڕانه‌وه كه چیرۆكێكی تایبه‌ت به خۆی ده‌خوڵقێنێ.
زه‌مان له «گه‌ڕان...»دا به هه‌رمان ده‌گا و تا ئه‌به‌د له هات و چۆی زه‌ینی خوێنه‌ردا ده‌مێنێته‌وه. دایمه وه‌بیر ده‌هێندرێته‌وه و له بیر‌ده‌چێته‌وه به‌ڵام قه‌ت به ته‌واوه‌تی نانووسرێ یان ناخوێندرێته‌وه.
زه‌مانی «گه‌ڕان...» پێش خوڵقاندنی نووسراوه، وێرانی بۆ نووسین دیاری ده‌كا؛ وێرانی ئه‌خلاق، جنسییه‌ت، خووخده‌ی باوی نێو كۆمه‌ڵ، ئه‌شق و ته‌نانه‌ت مه‌رگ.
نووسه‌ر به هۆی زه‌مانی «گه‌ڕان...»ه‌وه، له حه‌قیقه‌ت ده‌گه‌ڕێ و ئه‌و پێوه‌ندییه _زه‌مان و حه‌قیقه‌ت_ زه‌مانێكی له كیس چوو دێنێته‌وه بیرکه بۆ دیتنه‌وه‌ی نه‌نووسراوه‌کانی كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێ. له ئاکامدا ئه‌و زه‌مانه له ده‌ست چووه، به هۆی نووسین و نووسراوه‌وه ده‌بیندرێته‌وه. به كورته «گه‌ڕان...» یانی (بیچمێكی تایبه‌ت بۆ «گه‌ڕان...» دانه‌ڕشتراوه كه بكرێ باش گردوكۆ بكرێت):
منداڵیی گێڕه‌ر _ماڕسێل _ ،گه‌ڕان به نێو كۆمبره و تێپه‌ڕاندنی منداڵی، ناسینی ئه‌وینی "سووان" و "ئۆدت"، چیرۆكی ئاشق بوون به "ژیلبێرت سووان"، ناسینی "ئاڵبرتین"، ماشقه‌ی ئه‌هوورایی قه‌راغ زه‌ریا، باڵبه‌ك و دیمه‌نه‌كانی، دڵ‌دان و دڵ‌شكان، دۆستایه‌تی "سن‌لۆ"ی وه‌فادار، هاوجنس‌خوازی "بارۆن دۆشارلۆس"ی به فیز و هه‌وا، "مادام دوگرمانت"ی له‌وه‌ند، میوانیه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كان، حه‌كایه‌تی "دریفووس"، ئێره‌یی، بێ‌ئۆقره‌یی، دابڕان، سه‌فه‌ر، چیرۆكی نۆكه‌رانی ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندان، ئه‌مه‌گی "فرانسواز"، ته‌نیایی، هونه‌ر، سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه، چاند، خه‌ون و ماخولیا، شه‌ڕ و شه‌م و ئه‌وینی بێ‌ئه‌نجام، نه‌قاشی و مێعماری و....
ماڕسێل وه‌ك كۆیله‌ی ده‌ستی خۆزگه‌ی پاش دڵته‌نگی، له نێوان به‌رزه‌خی هه‌زاران نێو و یاددا ماوه‌ته‌وه. له شه‌قام و سووچی دیواران خۆی مات ده‌دا و چاو له به‌ختی ده‌گێڕێ كه جار له سێبه‌ری به‌له‌ری خاتوونێكی ره‌شپۆشدایه، جار له نیگای كیژێكی قه‌راغ زه‌ریا و تاوێكیش له له‌نجه‌ی ژنه دێهاتییه‌كی نێو مه‌زرا. پڕووست ده‌نووسێ: «هیچ شتێ وه‌ك ته‌مه‌ننا نابێته هۆی ئه‌وه‌ی وا ده‌ته‌وێ بیڵێی یان بیکه‌ی، له‌وه نه‌چێ وا ده‌یڵێی یان ده‌یکه‌ی!»
هه‌ر ئه‌وه‌نده من ئه‌و قسه‌یه ده‌گێڕمه‌وه، هه‌زار و یه‌ك ره‌نگی شه‌رم ده‌گۆڕێ ماڕسێل، بزه‌ی دێتێ پڕووست و كڵاوه لاره‌كه‌ی سه‌رسه‌ری لارتر ده‌كاته‌وه و برۆیه‌كیشی هه‌ڵدێنێ.
2-
"دره‌نگه، زه‌مان به فیڕۆ مه‌ده!" کێیه وشیارت ده‌کاته‌وه؟ بارۆنێكی هه‌رزه‌ی كۆسه؟ خاتوونێكی به فیز و هه‌وا؟ میوانانی ده‌وره میوانیه‌كی پڕ له هه‌وه‌س و نیگا؟ لاوێكی باڵابه‌رزی ئاشق؟ سۆزانییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند؟ جه‌نگه‌ڵێكی چڕ‌وپڕ؟ خه‌ونێكی ئاڵۆز؟ دایه‌گه‌وره‌یه‌كی پیر یان له‌تێك كولیچه‌ی "پتیت مادلن"؟
ماڕسێل ده‌بینم كه په‌نا ده‌باته نێو باوه‌شی شازاده كچانی ته‌نیاییه‌وه و پڕووستیش له‌به‌ر چاومه كه له‌سه‌ر سنووری دڵۆڤانی جینگڵ ده‌دا.
«گه‌ڕان...» زۆرتر له هه‌موو شتێ به ئه‌وین دووباره‌خوێنی ده‌كردرێ.
«ئه‌شقی سووان»ه كه وه‌ك بایه‌كی فێنك، قه‌تارقه‌تارێن به وشه‌ی هزری من ده‌کا و من چاوم له زاتی په‌رده‌پۆشی ده‌قووچێنم. نووسین له بیربردنه‌وه‌ی خۆته. پڕووست نیگای ئه‌وین له چاو بڕكێنه‌ی ماڕسێلی منداڵدا ده‌چێنێ و هه‌ر ئه‌وه‌یه كه تا ئاخرلاپه‌ڕه، ماڕسێل ئه‌سیری سووڕان و سووڕمان و سووربوون و سووتان ده‌كا. چ وێڵه نیگای خوێنه‌ر به شوێن ئۆخژنی دڵی ماڕسێلدا! که‌ی به هێمنی ده‌گا ئه‌و ئه‌وینداره به‌سته‌زمانه؟
كام لاپه‌ڕه‌ی «گه‌ڕان...» هه‌یه كه چاوی چاوه‌ڕوانێكی، تێدا ون نه‌بووبێ؟ "ئه‌وینی سووان" دیتن و دیناوی خه‌نه‌ییترین ئه‌شقه. سووان ته‌نیا كاتێ له ره‌نجی ئه‌وینی ئۆدت ده‌توانی رزگاری بێ، كه ئه‌وی لێ‌دوور بێته‌وه. ئه‌وده‌مه كه ئه‌وین كاڵ ده‌بێته‌وه و ئا‌شقی ورده ورده ون. تا له‌به‌ر چاوم بێ، کۆیله‌م.
فه‌رامۆشی ئه‌وین له بڕوای پڕووستدا، ته‌نیا به هۆی دوور كه‌وتنی دڵداران له یه‌ك ده‌قه‌ومێ. له دێداری نێوان ماڕسێل و ژیلبێرت سوواندا، ئه‌و باوه‌ڕه ئاشكراتره. دوور ده‌بیه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵدار ئاشقتر كه‌ی، به‌ڵام بێ‌ئه‌شق ده‌مێنیه‌وه! پڕووست باس له ره‌وان‌ناسی ئه‌وینی كه‌سایه‌تیه‌كانی «گه‌ڕان...» ده‌كا و لایه‌نی ده‌ره‌وه و جه‌سته‌یی ئه‌وین زۆر له‌به‌ر چاو ناگرێ. ئه‌شق كاتێ له ماڕسێل یان كه‌سایه‌تیه‌كانی دی‌دا ده‌بێته بوركان، كه ته‌مه‌ننای له‌ش و باوه‌ش به ئه‌نجام گه‌یشتبێ. به‌ڵام له كتێبه گه‌وره‌كانی پێش ئه‌و، وه‌ك ئاناكارنینای تۆلستۆی، ئاگری ئه‌وین تا كاتی تێكه‌ڵ بوونی له‌ش به گڕه و پاش ئه‌و ورده ورده ده‌كووژێته‌وه. بڵێی له نێوان هه‌موو به حورمه‌تان و هه‌روه‌ها شاربه‌ده‌رانی هه‌رزه‌كاریش دا، كه‌س هه‌بێ كه به‌شێك له ئه‌وینیداری خۆی له لاپه‌ڕه‌یه‌كی «گه‌ڕان...»دا نه‌هاتبێته‌وه به‌رچاو؟ كام ئه‌وینی ئه‌وڕۆ ده‌توانێ له ژێر سێبه‌ری ئه‌وینی سووان و ئۆدت، سن لۆ و ڕاشێل، ماڕسێل و ئاڵبرتین، مادام دوگرمانت و پرنس دوگرمانت، بارۆن دوشارلۆس و ژۆزفین و مۆڕێیلدا، نه‌بێ؟ بۆ خوێنه‌ر ده‌توانێ تێکه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئه‌شقه جۆراوجۆره بێ و ته‌نانه‌ت ببێته هاوزاتیشیان؟ شایه‌د چونكێ خوێنه‌ری «گه‌ڕان...» پرسیاری ئه‌وین له دڵی خۆی ده‌كا نه‌ك له گێڕه‌ری گه‌ڕان.
ئه‌وینداری «گه‌ڕان...» زۆرجار نزیكه له پارانۆیا. ئه‌ویندارانی «گه‌ڕان...» ماشقه فاشه‌كانیشیان له وه‌همی پاكترین خاتوودیناندا ده‌بینن. سه‌فه‌ری شێتانه‌ی ئه‌شقی «گه‌ڕان...» دۆن كیشۆتیه. بۆ دۆنكیشۆتانی زه‌مانی ون بووی ئه‌وین، هه‌موو قه‌حبه‌كان، شازاده دۆلسینیادل تۆبۆسوون. ئه‌وان دڵدارانیان وا ده‌بینن كه ده‌یانه‌وێ بیبینن. ئه‌وان په‌نابه‌ری ستایشی خێوی ده‌ستکردی ئه‌شقی زه‌ینی خۆیانن، نه‌ك ئه‌شقی نێو زه‌مانی واقیع. ئه‌وان ئا‌شقی خه‌ونی شه‌یتانین(واتا خه‌ونێك كه به‌خشه‌نده‌ی چێژ و مه‌یل خودی خه‌وبینه‌ره، نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی وا دێته خه‌یاڵه‌وه و خه‌ونی پێوه ده‌بیندرێ). ته‌مه‌نناكانی گێڕه‌ری«گه‌ڕان...»، ماخولیایانه له له‌نجه‌ی ژنێكی دێهاتیه‌وه به‌ره‌و شه‌پۆلی له‌شی شازاده خانمێكی به ته‌مته‌راقه‌وه ده‌چێ و له‌و ڕه‌وته‌د،ا زه‌مان به‌جێ‌ده‌هێڵێ و له‌سه‌ر هێڵێكی نادیار لانكه ده‌كا.
داخوازی ئه‌وینداری «گه‌ڕان...»، دوورییه له كۆمه‌ڵ و جه‌ماوه‌ر و له یادكردنی خووخده‌ی ئاسایی سه‌باره‌ت به ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی.
زۆر جار ئه‌وینی «گه‌ڕان...» چه‌شنێك "شیفته‌گییه." شیفته‌گی زه‌ینی پڕووست جۆراوجۆره:
له که‌سایه‌تی«فرانسواز» نۆكه‌ری بنه‌ماڵه‌ی ماڕسێلدا، ئه‌م شیفته‌گییه، په‌سیۆنی خزمه‌ت كردنه و وه‌فاداری. له ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌میشدا هاوتای ئه‌م چه‌شنه ئه‌وینه: «ئێستیوێنز» نۆكه‌ری ئاغای ئه‌مریكی رۆمانی «پاش ماوه‌ی رۆژ»ی "كازۆئیشی گۆرۆ"یه. ئه‌ویش وه‌ك فرانسواز بۆ كاره‌كه‌ی - كه هه‌موو شتێکیه‌تی- خووخده‌ی جیاواز داده‌ڕێژێ. ئه‌و له‌به‌ر شیفته‌گی به خزمه‌ت كردن؛ ئه‌شقی «میس كۆنتین» _ته‌نیا كه‌سێك كه ده‌توانێ ئاڵ‌و‌گۆڕی به سه‌ر ژیانیدا بهێنێ_ یان ته‌نانه‌ت ساته مه‌رگی باوكی له یاد ده‌كا. بۆچی؟ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیفته‌گی خزمه‌ت كه چه‌شنێك ئه‌وینه بۆ ئه‌و، نیزامێكی بۆ داڕشتووه كه له هه‌موو شته ئه‌خلاقی و ئاساییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ،بۆ ئه‌و گرینگتره. که‌سایه‌تیه‌کانی گه‌ڕان له‌م ئه‌شقه جیاوازه‌یاندا، له خۆیان بزرن و زۆر جار نزیكن له ئه‌شقی خۆبه‌خت كه‌رانه، كه پله‌یه‌ك سه‌رتره له په‌سیۆن. له‌م ئه‌شقانه‌دا "من" له بیر ده‌برددرێته‌وه و مه‌جنوونی و ته‌مه‌ننا به ئه‌وین، مرۆڤایه‌تی، ئه‌خلاق، شوێن و مه‌قام پێشێل ده‌كا. هه‌ر بۆیه ئه‌وین، بارۆن دۆشاڕلۆسی به‌فیز وكه‌بكه‌به- له ئه‌وینی هاوجنس‌خوازیدا- ده‌کاته لاره‌ملێكی بێ‌پۆز و هه‌وا كه ته‌نانه‌ت هۆوییه‌تی خۆی له بیر بردۆته‌وه. دۆشارلۆس به‌رچاوترین وێنه‌ی مه‌زڵوومی ئه‌وینی تراژیكی سه‌رده‌مه.
به وته‌ی «میرفندرسكی» ژیانی ئه‌وینداری «گه‌ڕان...» وه‌ك شانۆ وایه. له «گه‌ڕان...»دا هه‌موو شتێ ته‌یاره بۆ ده‌ورگێڕان. «گه‌ڕان...» شانۆی هونه‌ره و جوانی، دڵه و ته‌مه‌ننا، سروشته و چاو، سیاسه‌ته و مرۆ، شه‌ڕه و مێژوو، خه‌ونه و ئاره‌زوو، بیرمانه و واقیع، ره‌نجه و شادی. شانۆی ئه‌وینی نووسه‌ره له بۆسه‌ی زه‌مانێكی به‌فێڕۆدراودا! كه‌سایه‌تیه‌کانی نێو «گه‌ڕان...» ئا‌شقی نه‌دیده‌كان ده‌بن، هه‌ر بۆیه ئه‌وینی «گه‌ڕان...» نه ئه‌وینی "ئامۆر و كۆرتووای" سه‌ده‌ی ناوه‌ندییه (هه‌ستێك که ژنی گه‌یاندۆته پله‌ی په‌رستش) و نه ئه‌وینی لیبراتیناژ (ژنان ئامرازی له‌زه‌ت و سه‌رقاڵی پیاوان بوون)سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی فه‌ڕانسه.
ئه‌وینداری له نێو «گه‌ڕان...» دا بێ‌ئازار و ره‌نج بێ‌مانایه. ئه‌وینی «گه‌ڕان...» نه‌خۆشییه و بێ‌به‌هره‌یه له شادمانی. ئێره‌یی، خاڵی وه‌سه‌تی ئه‌وینی نێو "گه‌ڕان"ه. ئێره‌ییه كه له «گه‌ڕان...»دا ته‌كسیری ئه‌شق ده‌كا؛ جا چ له نیگای سووری ئۆدت دا یان له له‌نجه‌وفیزی راشێل، چ له نازوئازاری ئاڵبرتین و چ له دووره‌په‌رێزی ژیلبێرت دا.
له ته‌مه‌ننای دامركاوی "ئاندره"وه تا ره‌فێقایه‌تی سن لۆ، زاتی ئێره‌ییه كه هه‌ڵده‌ته‌كێندرێ و ته‌نانه‌ت دوای پشكنینیش ده‌دۆزرێ. ئه‌و ئێره‌ییه‌یه كه ئه‌وینی «گه‌ڕان...» جیاواز ده‌كا له ئه‌شقی "پرنسس دوكلر"ی "مادام دولافایت"، یان رازی دڵی "مادام دۆمپادۆری" ماشقه‌ی لویی پانزده و "خانمی كامیلیای" "دۆما"ی كوڕ.
ره‌نگبێ جاروبار هه‌رزه‌گی عه‌شقی مادام بواری یان ئاناكارنینا، توانیبێتی بێته نێو زاتی چه‌شنه ئه‌وینێكی «گه‌ڕان...»ه‌وه، به‌ڵام بێ‌گومان ڕازی ئه‌وینی «گه‌ڕان...» ونه، نه‌خۆشێكی سه‌ره‌مه‌رگه كه چركه به چركه وه‌ك گێڕه‌ر و نووسه‌ری له سه‌فه‌ری نووسین و مه‌رگ دایه.
3-
"من"، له «گه‌ڕان...»دا له زه‌مانه جۆراوجۆره‌كاندا خۆی ده‌نوێنێ، ده‌پشكوێ و پاشان به هۆی زه‌مانی تازه‌وه، هه‌ڵده‌پڕوكێ و هه‌میسان مه‌نێكی دیكه له دایك ده‌بێته‌وه. مه‌نه‌كانی «گه‌ڕان...» چوار جۆرن:
1. تاك (نووسه‌ر وه‌ك مرۆیه‌كی دونیای واقیع)
2.خوڵقێنه‌ر (نووسه‌ر به چه‌شنێك تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بیه‌وه)
3.كه‌سایه‌تی خوڵقاوی نووسه‌ر به‌ڵام ژیاوه زه‌ینی خوێنه‌ر.
4. گێڕه‌ر (جێگری باوه‌ڕی نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر)
ئه‌و چوار "من"ه له زه‌مانه جۆراوجۆره‌کانی «گه‌ڕان...»دا، دایمه له هاتووچۆ دان: [ماڕسێل پروست، پرووست، ماڕسێل، ماڕسێل _ پرووست].
شه‌به‌نگی پیرۆزی ئه‌وینه كه سێحر ده‌خاته نێو زاتی ئه‌و مه‌نانه‌وه و خوێنه‌ر تێكه‌ڵاویان ده‌كا. ماڕسێل كه زۆر جار له كه‌سایه‌تیه‌كی تایبه‌ت نیزیك ده‌بێته‌وه، له لاپه‌ڕه‌كانی «سدووم و عه‌مووره» و «ئه‌سیر»دا زۆر به ئاشكرا نه‌خۆشێكی ده‌روونیه. هیچ پشكنین و ئازارێك ئه‌و رازی ناكات. مازوخیستیكه له دڵداریدا.
له ڕاستیدا، "من"ی «گه‌ڕان...»، ئه‌م چه‌شنه ئه‌وینه‌ی پێویسته. برین و كولاندنه‌وه‌ی. هه‌ر ئه‌و ئازاره نهێنیانه‌ن كه «ئینترمیتانیس دووكر» دێنه ئاراوه:
چونكێ مرۆ خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی تایبه‌ت به خۆی نییه _ شتێكی هه‌میشه‌یی و نه‌گۆڕ _ كه وایه ناشكرێ خاوه‌ن ئه‌وینێكی تایبه‌ت بێ و بۆ ئه‌به‌د وه‌فاداری ئه‌وینێك بمێنێ.
مه‌رگ، وه‌فا له ئه‌ویندا ده‌شواته‌وه و جودایی، ئه‌وین كاڵ و بزر ده‌كات. ئه‌وینی منه‌كانی «گه‌ڕان...»، وه‌ك ده‌ماسه‌نجێكی جیوه‌یی دایمه له هه‌ڵكشان و داكشاندایه و ئه‌وه به هۆی شتێكه‌وه‌یه كه هاوده‌مایه له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوون و داچوونی دڵێكی شێت. به مانایه‌کی که: باسی ته‌ناوبی‌دڵ ده‌که‌ین. له «گه‌ڕان...»دا ته‌ناوبێ دڵه، كه دایمه ئه‌وین له‌به‌ر درگای نیگا، چاوه‌ڕوان راده‌گرێ. ئه‌و ته‌ناوبه له ئه‌وینی ژن بۆ ژن یان پیاو بۆ پیاو زۆرتر له‌به‌ر چاوه تا ئه‌وینی ژن بۆ پیاو یان به پێچه‌وانه پیاو بۆ ژن.
ماڕسێل له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا یه‌كێك عه‌موره‌یی بوونی ئاڵبرتینی بۆ بدركێنێ _ كه دوكتور كۆتار سه‌ر به مۆر باسی لێده‌كا _ بۆخۆی به زۆر هاوجنس‌خوازیی ئاڵبرتین به خۆی ده‌سه‌لمێنێ و دایمه ئازاری پێوه ده‌بینێ. ماڕسێل (كه‌سایه‌تی مازوخیستی ئه‌و منه)، بۆ پرسیاری پڕ له گومانی داڕشتراوی زه‌ینی خۆی، یه‌كه‌م وه‌ڵامده‌ره. ئه‌ویش وه‌ڵامێك كه ئازاری بدات. بۆ وێنه ده‌ست له كه‌مه‌ر خستنی ئاندره و ئاڵبرتین یان سڵاوی ئاڵبرتین له دوو ژنی جڵف و سووك، بێ‌هیچ گومانێك، هاوجنس‌خوازی ئاڵبرتینی بۆ ده‌سه‌لمێنێ. چونكێ نووسه‌ر، ئه‌و منه‌ی وا په‌روه‌رده كردووه كه بۆخۆی وه‌ڵامی شكه‌كانی خۆی بداته‌وه نه‌ك كه‌سێكی كه.
ئه‌وینی ئه‌و "من"انه وه‌ك نه‌خۆشی رۆماتیسم وایه. نه قه‌ت چاك ده‌بێته‌وه نه قه‌ت ئۆقره و ئۆخژنیشی هه‌یه. پڕووست ده‌نووسێ: ئه‌وین تا ده‌رد و ره‌نجی زۆرتر بێ، قووڵ و بێ‌بن‌تره و مه‌لێی لێ‌خۆشتره!
4-
زۆر فاكتوری ئه‌وینداری نێو «گه‌ڕان...» نزیكه له ئه‌وینی "لولیتای ناباكۆف". به‌ڵام زاتی ئه‌شق له هه‌ر کامێکیاندا، جیاوازه. جێگری ئه‌وین له‌هه‌ر دووك رۆمانه‌كه‌دا، دڕدۆنگی، دڵ‌پیسی و ئێره‌ییه. "هۆمبێر" كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی رۆمانی لولیتا، كاتێ دێته‌وه ماڵێ _ دیوی هۆتێلێكه _ و سوواو و سپیاوی لولیتا ده‌بینێ، شێت ده‌بێ و سادیستانه لیباسی به‌ری كیژ داده‌دڕێ، جێ خه‌وه‌كه‌ی ده‌شێوێنێ و به شوێن حوزووری نامۆیه‌كه‌وه، ته‌نانه‌ت گیانی خۆشه‌ویستی ده‌پشكنێ و پاشان له تووڕه‌یی و ئێره‌ییه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا، بێ‌خه‌به‌رانه ده‌چێته پاڵ لولیتا. ئه‌و كاری به دڵی دڵداری نییه به‌ڵام ده‌یهه‌وێ به خۆی بسه‌لمێنێ كه توانای ساحه‌ب بوونی له‌شی لولیتای هه‌ر هه‌یه. ئه‌وین له دڵی دڵداری هۆمبێردا
_عه‌ینی ئاڵبرتین له «گه‌ڕان...»دا _نادیار و مردووه. ره‌قیبه‌كانی هۆمبێر و ماڕسێل، دایمه دیارن به كرده‌وه‌ی نادیاریان؛ چونكێ له واقیعدا، رووداوی خه‌یانه‌ت ته‌نیا له زه‌ینی نه‌خۆشێک دا ده‌قه‌ومێ. بۆ وێنه: كابرای ژن و مناڵداری پشت په‌نجێره‌ی وه‌تاغی هۆمبێر و لولیتا یان ژنانی جۆراوجۆری ئاشنای ئاڵبرتین. ماڕسێل و هۆمبێر له خه‌ودا زۆرتر له هه‌موو وه‌ختێ، ئا‌شقی دڵداریانن؛ چونكێ دڵنیان كه له‌و ده‌مه‌دا ته‌نیا سیمای خۆیان سێبه‌ر ده‌خاته سه‌ر روخساری دڵداریان. ئه‌وان هه‌میشه نائاگان له خه‌ون و ئاره‌زووه‌كانی خه‌یاڵی خۆشه‌ویسته‌كانیان.جیاوازی سه‌ره‌كی ئه‌وین له‌و دوانه‌دا- هۆمبێر و ماڕسێل - له‌وه‌دایه كه ته‌مه‌ننای هۆمبێر به هه‌وه‌سه ده‌ست پێده‌كا و ئاره‌زووی باوه‌ش تینووی راده‌گرێ؛ به‌ڵام ماڕسێل له‌و چه‌شنه ئه‌وینه هه‌ڵدێ و ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی ئاڵبرتین له ماچێك خۆی ده‌پارێزێ، ئه‌و توونیتر نابێ به‌ڵكوو ره‌وانی جۆرێك هێمنی تێوه‌دێ و هه‌ر ئه‌و هێمنییه، تاقه‌تی ده‌داتێ تا زه‌مان باوه‌شی ئاڵبرتینی بۆ ده‌كاته‌وه.
ئه‌وینی هۆمبێر به پێچه‌وانه‌ی ماڕسێل، دڵداری له‌گه‌ڵ نه‌مفیه‌كانه2 و پێش حكوومه‌تی ئه‌وین، ئه‌شقی شه‌هوه‌ته. هۆمبێر ته‌نانه‌ت دیتنی خه‌یانه‌تی به‌ر چاوی لولیتاش، له هه‌وه‌سی ئاگردانی باوه‌شی ئه‌وی جیا ناکاته‌وه. مه‌جنوونی هۆمبێر تێكه‌ڵاو فێڵ و درۆیه بۆ كردنه‌وه‌ی قفڵی باوه‌شی لولیتا _ ئاشق بوون به دایكی لولیتا بۆ زۆرتر دیتنی كچه‌كه‌ی _ به‌ڵام ماڕسێل؟!
هۆمبێر له داهاتووشدا ده‌توانێ جێگه‌ی لولیتا بدات به نه‌مفیه‌كی كه. ئه‌و توانیویه بۆ ته‌مه‌ننای هه‌وه‌سی، له بێهۆشی ده‌وای موخه‌دیردا، له‌شی دڵداری له باوه‌ش بگرێ، به‌ڵام ماڕسێل له ئه‌وینێكی به‌هه‌شتی و نامومكیندا، تامه‌زرۆی لادانی په‌رده‌ی سه‌ر ره‌وانی دڵدارییه‌تی، نه‌ك په‌رده‌ی له‌شی. شه‌یدایی ماڕسێل پێش هه‌موو شتێ، ناموومكینانه‌یه. ئه‌وینی ماڕسێل له عه‌ینی حوزوردا، وه‌همه. بۆ وێنه دیالۆگی فیلمی «ئه‌سیر»ی شانتاڵ ئاكرمه‌ن _ که له‌سه‌ر به‌رگی ئه‌سیری «گه‌ڕان...» ساز كراوه _ ده‌هێنینه‌وه:
سیمۆن _ ماڕسێل _ له ئاریان _ ئاڵبرتین _ ده‌پرسێ:
_ نوقمی چی؟ بیر له چی ده‌كه‌یه‌وه؟ [پڕ له دڕدۆنگی]
_ هیچ، هه‌ر تۆ، بێجگه له تۆ ئه‌گه‌ر بیرم له شتێك كردباوه، ده‌تزانی، مه‌گه‌ر نا؟ [زۆر هێمنانه]
گوێتان گرت له حوزووری ناموومكینی ئه‌وین!
«ماڵ ئه‌وا خوشكی سه‌رمه‌دی فریشته‌كان،
ده‌نگه نامۆكان
بانگه‌وازی دووری منت لێده‌كه‌ن!»
شوبیرت
5-
له نێو لاپه‌ڕه‌كانی" گه‌ڕان..."دا ونی؛ گوێ راده‌گرێ بۆ هاژه‌ی ئه‌و تاڤگه سه‌یر و ره‌نگینه كه له ده‌روونته‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. وێڵی له‌ت و كوته‌كانی زه‌مانی، ئه‌سیری ئه‌به‌دییه‌تی تواشا. هه‌ر تواشایه‌ك، وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێ. له «گه‌ڕان...»دا، گرینگ چۆنیه‌تی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه نه‌ك چۆنیه‌تی رووداوه‌كان. هه‌ر ئه‌وه‌شه كه «جوانیناسی په‌زیرش» به‌دی دێنێ: چۆن دوێنێكه بهێنیه نێو ئه‌وڕۆ و هه‌رمانی كه‌ی. له «گه‌ڕان...»دا خوێنه‌ره‌كه ته‌رحی تایبه‌تی رۆمان داده‌ڕێژێته‌وه، ساختاری ده‌داتێ و سه‌ر له نوێ ده‌ینووسێته‌وه. ئه‌وه‌ش كاتێ ده‌قه‌ومێ كه دوای ساڵه‌ها به هۆی جوانیناسی په‌زیرشه‌وه بتوانی وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌یه كه «گه‌ڕان ئایا رۆمانه و بۆ رۆمانه»؟
ز‌مانی «گه‌ڕان...» ز‌مانی نووسینی پێش خۆی ده‌شكێنێ و به وته‌ی "ژورژباتای" باس له ئه‌زموونی ده‌روونی خۆی ده‌كا. زمان له پشت و شه‌كانه‌وه، ئاهه‌نگ و ئاوازێكی نوێی رسته‌یی ده‌خوڵقێنێ؛ كه ته‌نانه‌ت له كۆپله‌ی چه‌ن لاپه‌ڕه‌ییش دا، ون نابێ.
زمان نه‌خشه‌ی «گه‌ڕان...» نیشان ده‌دات و وه‌ها خوێندنه‌وه تێكه‌ڵ ته‌نیایی خوێنه‌ر ده‌کا که به وته‌ی "رێكۆر" شادومانی راسته‌قینه‌ی نێو «گه‌ڕان...» كه‌شف كات و بدۆزێته‌وه.
شاراوه‌یی کرده‌وه و ئاکاری به ته‌مته‌راقی گه‌ڕان و ز‌مانی نهێنی ده‌ق، له زۆر جێ‌دا، ژیانی تایبه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندان ئاگادارانه ده‌كاته گاڵته‌جاڕ. بۆ وێنه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ێ "پرنسس دوپاڕم" دێت بۆ دیده‌نی بنه‌ماڵه‌ی دوگرمانت: پرنسس دوگرمانت له به‌خێراتن كردنیاندا، دوو سێ پلیكان له سه‌ریه‌وه راده‌وه‌ستێ؛ تا بیسه‌لمێنێ كه له‌وان پله به‌رزتره!
زمان له رووخاندنی كه‌سایه‌تی هاوجنس‌خوازانه‌ی بارۆن دۆشارلۆسدا، هه‌میسان ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌گرێته‌وه ئه‌ستۆ. ره‌وایه‌تی خزانی پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بارۆن له كاخ و قه‌سره‌وه به‌ره‌و میوانیی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌تا فاحیشه‌خانه‌ی پیاوانی هاوجنس‌خواز و قامچی خواردنی، هه‌رچه‌ن له چوارچێوه‌ی ته‌رحێكی ئاشكرادا نییه، به‌ڵام تاڵه و وێرانگه‌ره. پڕووست زۆر نووسه‌رانه، دایمه له پشت ئه‌و زمانه تاڵه‌وه، دیاره و قاقای پێكه‌نینی هه‌میشه دێته گوێ. كاتێ دایكی ماڕسێل بۆ یاریده‌ی زگ و زای كڵفه‌تێكیان، فرانسواز ده‌نێرێت كه فه‌رهه‌نگ بخوێنێته‌وه به‌ڵكوو باشتر كاره‌كه ببه‌نه سه‌ر؛ نۆكه‌ری پیر له خوێندنه‌وه‌دا، وه‌ها تێكه‌ڵاو ئازای ژنان له كاتی زاوزێدا ده‌بێت و ده‌گڕێ، كه له بیری ده‌چێته‌وه قه‌راره یه‌کێک منداڵی بێت؟
ده‌بیستن قاقای نووسه‌ر له پشت وشه‌كانه‌وه!
ز‌مانی ده‌روونی «گه‌ڕان...»، ز‌مانی باوی رۆمانی كلاسیك یان رۆژه‌زاری سه‌رده‌می نییه.
ز‌مانی ئافریده و تایبه‌تی نووسه‌ر، هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كان له ژێر چه‌تر و میحوه‌رێكدا كۆ ده‌كاته‌وه و رسته به رسته ده‌ق بۆ كه‌شفی رازی نهێنی نووسین ده‌باته پێش. ز‌مانی ده‌روونی «گه‌ڕان...» رۆژه‌زاری كه‌سایه‌تیه‌كان ده‌كاته ئه‌ده‌بی و ده‌یهێنێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ز‌مانی ناپه‌یدای رۆمانه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و كاره له‌گه‌ڵ ز‌مانی پڕ له ته‌مته‌راقی ئه‌شڕافیش ده‌كا. ئه‌و زمانه ره‌نگبێ هیچ شتێكی تایبه‌ت نه‌خوڵقێنێ؛ به‌ڵام بێ‌گومان شتێكی ون‌بووی توانیوه زیندوو كاته‌وه و ئه‌وه به خوێنه‌ر بڵێ كه ئه‌و رووداوانه هه‌موو ده‌توانن راسته‌قینه‌یه‌ك بن كه له بیر چوونه‌ته‌وه. زیندوویی ئه‌و زمانه بیره‌وه‌رییه‌كی "فۆئینتێس"م وه‌بیر د‌هێنێته‌وه:
نووسه‌رێكی مه‌كزیكی له موژولییایشلێكی‌دا، به گوڕه و هه‌راوه ده‌یكوت: نه‌كا رۆژێك پڕووست بخوێننه‌وه! چونكێ بێ‌گومان تووشی فه‌ساد و خه‌راپه ده‌بن و ته‌مه‌ننای ده‌روونی وشه به‌ره‌و تامه‌زرۆیی فه‌حشاتان ده‌با!»
نووسینی وێران کردووه پڕووست!!
ز‌مانی «گه‌ڕان...» نیازی به هه‌ست نییه چونكه ده‌بیندرێ و ده‌بیسترێ. له‌ودا، گوێ ده‌بێته چاو و چاو ده‌بێته دیتن و دیتنه‌وه. بیرمانی له‌سه‌ر یه‌ك، ئیزنی وه‌ستان له ز‌مانی «گه‌ڕان...» ده‌ستێنێ. "بنیامین" ده‌ڵێ: «رووداوێك كه وه‌بیر بهێندرێته‌وه ناته‌واوه، چونكێ كلیلێكه بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی رووداوانی دی.»
ناته‌واویی ز‌مانی «گه‌ڕان...» له هه‌میشه نووسینی نووسه‌ر و هه میشه له بیر هێنانه‌وه‌ی گێڕه‌ر و هه‌میشه خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر دایه. زمان، كه‌سایه‌تی تایبه‌تی «گه‌ڕان...»ه و نووسه‌ر بۆ دیتنه‌وه‌ی "نووسین"، هێزێكی میتافیزیكی ده‌دا به وشه. زمان له «گه‌ڕان...»دا ده‌زێت و ده‌مرێ و پاشان وه‌بیر ده‌هێندرێته‌وه. پڕووست ده‌ڵێ: «له زمان هه‌ر ئه‌وه‌م ده‌ویست. راستی بكاته خه‌ون و خه‌ون بكاته هه‌رمانێكی بێ‌بڕانه‌وه له نێو بیره‌وه‌ریه‌كانی ده‌قدا.»
شه‌به‌كه‌ی زه‌مان _ مه‌کانی هه‌میشه‌یی «گه‌ڕان...»، به هۆی ته‌كسیری جیهانه تایبه‌تییه‌كانی نووسه‌ره‌وه، به شوێن كه‌شفی ڕازه سه‌ر به مۆره‌كانی ز‌مانی ده‌روونی رۆمانه‌وه‌یه. ز‌مانی ده‌روونی «گه‌ڕان...» به وته‌ی "كۆندڕا": «ئه‌سیری شكڵ و چوارچێوه‌یه‌كه كه ده‌یهه‌وێ خوازه‌ی نادیاری خه‌یاڵه شاراوه‌كانی ماڕسێل وه‌ده‌رخات، نه‌ك بیروڕای پڕووستی نووسه‌ر.»
ته‌نانه‌ت زۆر جار تابڵۆی نه‌قاشی یان مێعمارییه‌ك كه له نێو رۆمانه‌كه‌دا باسیان لێده‌كردرێ، یارمه‌تیده‌ری ز‌مانی «گه‌ڕان...»ن.
"ناباكۆف" سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌ڵێ:
پڕووست له ته‌وسیفی ئه‌و نه‌قاشییانه‌دا، دوو هۆی هه‌بووه:
1. هونه‌ر، راسته‌قینه‌یه‌كی هه‌تاهه‌تاییه و هه‌میشه زیندوو.
2. ده‌كرێ قووڵ و بێ‌بنی جوانیناسی و جوان‌په‌ره‌ستی پڕووست له ژێر سێبه‌ری ز‌مانی نهێنی ده‌ق و ره‌نگی ئه‌و تابڵۆیانه‌دا شاردرابێته‌وه.
ز‌مانی «گه‌ڕان...» رێگایه‌ك بۆ خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه تا رێگای ون‌بووی نێو «گه‌ڕان...» بدۆزێته‌وه و بتوانێ جیهانێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌ی خۆی دورست كات.
6-
چاوم بڕیوه‌ته دیوێكی كه‌م نوور و تاریك و گوێم له ریكه پێنووسه له ژێر ده‌نگی بێ‌كۆتایی چكه‌چكی ئازارده‌ری شێره ئاوی ته‌نیاییدا، قسه‌ی "واڵتر بنیامین"م دێته‌وه بیر:
«رۆمانی پڕووست له زۆر شوێندا، گه‌ڕانه به شوێن شادی و گه‌شكه‌دا، نه‌ك بیره‌وه‌ری!»
نیزامی ئۆرگانیك و دووسه‌د كه‌سایه‌تییانه‌ی «گه‌ڕان...»، ساختارێكی بازنه‌یی هه‌یه. نیزامێك كه وه‌ك نه‌خشه‌ی به‌رده‌ستی مێعمار، هه‌ر تاوێ شتێكی لێ‌زیاد و كه‌م ده‌بێ. پڕووست مێعمارێكه كه نه‌خشه‌ی خانووی ده‌ق بۆ گێڕه‌ر ده‌كێشێته‌وه تا خوێنه‌ر بتوانێ له‌و نه‌خشه‌یه‌دا هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی سپی بدۆزێته‌وه و زۆر هاسان جێگای فیله‌سووف و نۆكه‌ر و ئه‌دیب و هاوجنس‌خوازێك بگۆڕێ. ده‌كردرێ له «گه‌ڕان...»دا جێگای كۆپله‌كان بگۆڕدرێ بێ‌ئه‌وه‌ی ساختار و ته‌رحی رۆمان تێك بچێ. ئه‌مه كارێكی نوێیه كه تا ئه‌و ده‌م له رۆمان‌دا نه‌كراوه. له «گه‌ڕان...»دا، بێ‌ئه‌وه‌ی هه‌وێنی ده‌ق بشێوێ، وێڕای ئاڵ‌و‌گۆڕی كۆپله‌یی، سه‌ربه‌ستی رسته‌یی هه‌ر ده‌مێنێ. یه‌كگرتوویی یه‌ک و نیو ملیۆن وشه‌یی ژێر په‌رچه‌می نیزامی ئۆرگانیكی بیره‌وه‌ری، تا ئه‌و راده‌یه به‌رچاوه كه كاتێ له ئاخری رۆمان‌دا، جێگای نووسه‌ر و گێڕه‌ر ده‌گۆڕدرێ و ماڕسێل _ پڕووست دێته ئاراوه، خوێنه‌ر تووشی سه‌رسووڕمان نابێ و جوان جیاوازیی نێوان دوو ده‌نگی گێڕانه‌وه‌ی «گه‌ڕان...»: - ماڕسێل و پڕووست- هه‌ست پێده‌كا؛ واتا ده‌نگی قاره‌مانی چیرۆك و ده‌نگی گێڕه‌ر. خوێنه‌ر لێی‌ئاشكرایه كه ئه‌وه‌ی له ئاخری ڕۆماندا ون ده‌بێ گێڕه‌ره و ئه‌وه‌ی دێته‌وه ئاراوه، قاره‌مانی چیرۆكه. خوێنه‌ر باش ده‌زانێ كه له لاپه‌ڕه‌ی ئاخردا خوێنه‌ر و قاره‌مان ده‌بنه یه‌ك كه‌سایه‌تی و زه‌مانی ون‌بوو، ده‌دۆزرێته‌وه.
خوێنه‌ر به وته‌ی ناباكۆف له «گه‌ڕان...»دا هه‌مبه‌ر به نووسه‌رێكی ده‌ره‌جه‌یه‌كه که هه‌م مامۆستای قوتابخانه‌یه، هه‌م ئه‌فسوونگه‌ره و هه‌م چیرۆكنووسێكی به توانا. یه‌كگرتوویی ئه‌م سێیانه، سه‌بكی «گه‌ڕان...» له سێ نه‌زه‌ره‌وه دابه‌ش ده‌كا:
1. دروست كردنی ته‌سویر وێڕای داڕشتنی ده‌قێكی پڕ له ئیستعاره.
2. هێزی ناوخۆیی رسته‌یی یان ته‌علیقی گێڕانه‌وه (هێنانی ده‌یان كۆپله له نێو كۆپله‌یه‌كی جیاوازدا)
3. جیاوازی نێوان كۆپله‌ی ته‌وسیفی و راوێژی ده‌ق.
سه‌بكی تایبه‌تی «گه‌ڕان...»، خالقی "پێش‌نیگا"یه و پڕووست پسپۆڕی خوڵقاندنی ئه‌و. كه‌سایه‌تییه‌كانی «گه‌ڕان...» به هۆی پێش نیگاوه هه‌موو له‌ت و كوت كراوانه ده‌خسترێنه پێش چاوی خوێنه‌ر و له ساختارێكی گه‌وره‌دا، دێنه‌وه باوه‌ش یه‌كتری. له‌و رۆمانه چوار هه‌زار لاپه‌ڕه‌ییه‌دا، قه‌ت هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك یه‌كجێ ناناسرێ. هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك، له زمان ده‌یان كه‌سایه‌تی تره‌وه، ئه‌خلاق و ئاكار و وتاری بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێ. روانگه‌ی پڕووست بۆ ناساندن دایمه نیسبییه و هه‌ر ئه‌وه‌شه كه چه‌شنه ته‌علیقێكی بێزاركه‌رانه بۆ «گه‌ڕان...» ده‌خوڵقێنێ و به وته‌ی"كازۆئیشی گۆرۆ" گێڕانه‌وه‌یه‌ك به سورعه‌تی سیفر ته‌رخان ده‌كا. چه‌شنه گێڕانه‌وه‌یه‌ک كه ئیزنی هێنانی ده‌یان چیرۆك له نێو رۆمانێكدا ده‌دا و له زۆر جێگه‌دا، چیرۆك ده‌وه‌ستێنێ و به ئانقه‌ست خوێنه‌ری پێوه ماندوو ده‌كات. ئاهه‌نگی رسته‌ی «گه‌ڕان...»، له‌زه‌تێكی تازه و نه‌چێژراو ده‌دا به ده‌ق. پڕووست سه‌باره‌ت به سه‌بكی نووسین ده‌ڵێ: «بۆ نووسه‌ر سه‌بك وه‌ك ره‌نگه بۆ نه‌قاش كه تكنیك و شێوه نییه، به‌ڵكه بینشی نه‌قاشییه.»
پڕووست له گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییدا، نه‌قاشێكه بۆ مردووان. واتا هه‌رواكه هوویه‌ت ده‌دا به كه‌سایه‌تییه‌كان، چۆنیه‌تیشیان لێ‌ده‌ستێنێ. به وته‌ی «رائۆڵ روئییز» ده‌رهێنه‌ری به‌رگی ئاخری «گه‌ڕان...» به فیلم:
«كه‌س به راستی «گه‌ڕان...»ی نه‌خوێندۆته‌وه. فه‌رامۆشی گه‌وره‌ترین جێ شوێنێ پڕووسته له‌سه‌ر زه‌ینی خوێنه‌ری «گه‌ڕان...». ئه‌و رۆمانه هه‌ر جارێ كه ده‌خوێندرێته‌وه، زۆرتر له بیر ده‌چێته‌وه!»
گێڕانه‌وه‌ی «گه‌ڕان...»، بیچمی سوننه‌تی رۆمانی شكاندووه و ناخودئاگایانه، داهێنانێكی نوێی خوڵقاندووه. بیچمێك به ئاهه‌نگی تایبه‌ت به نووسینێكی مسافیره‌وه كه به وته‌ی "ژان كۆكتۆ" ده‌ڵێی چاو له یاسای شه‌و و هه‌نگوین ده‌كا؛ واتا هه‌موو تاڵی و تاریكی وجوود له شادی و رۆناكیدا دیتنه‌وه.
«گه‌ڕان...» پازێلێكی رووخاوه كه حاسته‌مه خوێنه‌ر بتوانێ بێ دیناو و راڤه‌ی هونه‌ری تایبه‌تی، بیخاته‌وه سه‌ر شكڵی هه‌وه‌ڵی خۆی.
7-
له نێو خه‌وه‌نه‌كانتدا
چه‌ن رۆژێ خه‌وتووم و خه‌ونم بینیوه...
مارسێل دێت و ده‌چێت.
پڕووست كڵاوێكی قیتی له‌به‌داری له‌سه‌ر دایه و هه‌رواكه سمێڵی باده‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ وێنه‌ی یادگاری هه‌ڵبگرێ، ده‌ستی ناوه‌ته سه‌رشانی گێڕه‌ری.
گوڵه‌باخێكی سووری له گیرفانی لای چه‌پی كراسی ژیانی داوه و له په‌نا ئاخر كۆپله‌ی «گه‌ڕان...»، خه‌ریكی گاڵته له‌گه‌ڵ ئه‌وین و ئێره‌یی و مه‌رگه. پێده‌كه‌نێ و ده‌ڵێ: «بێ‌ئه‌وه‌ی بزانین، زۆرجار داهاتوو له ده‌روونمان دایه. زۆربه‌ی ئه‌و قسانه ده‌یكه‌ن و له درۆ ده‌چن، ره‌نگبێ باس له راستییه‌ك بكه‌ن كه له‌بۆسه‌مان دایه...»
دێت و ده‌چێ. دێت و ده‌چێ....
1. له وتاره‌كه بۆ نێوی رۆمانه‌كه، كه‌ڵك له كورته نێوی «گه‌ڕان...» وه‌رگیراوه.
له نێوی خودای جوانیه‌وه وه‌رگیراوه. به‌و كچه 9 تا 14 ساڵانه ده‌ڵێن زووستر له ته‌مه‌نی تایبه‌تی، جنسییه‌تی ژنانه وه‌ده‌رده‌خه‌ن.
سه‌رچاوه:
1.به‌رگه‌کانی گه‌ڕان...
.گۆڤاره ئه‌ده‌بیه‌کان
.پرووست. هێمینگێنز. سه‌حابی، نه‌شری ماهی
خه‌ونباز ؛ وێبلاگی عه‌لی غوڵامعه‌لی