درۆیه‌ک بۆ چوارشه‌ممۆی داهاتوو
عه‌زیز مه‌حموود پوور
ڕاسته هه‌م بابم و هه‌میش دایكم سه‌د جاریان به گوێدا چپاندووم درۆزن دوژمنی خوایه، به‌ڵام هیچ كام له‌م قسانه نه‌بوونه هۆی ئه‌وه خۆم له‌م دوژمنییه بپارێزم. دڵنیام بێت‌و به شێنه‌یی بنج و بناوانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه شی كه‌مه‌وه حه‌قم ده‌ده‌نێ كه بۆچ ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌بوو ڕاست بڕۆم درۆم كردووه، ئاخر من له‌و كه‌سانه‌م قه‌تم پێ خۆش نه‌بووه وه‌ختایه‌ك له مه‌دره‌سه‌ڕا ده‌چمه‌وه ماڵێ دوو سه‌عات دانیشم خه‌ریكی ده‌رس نووسینه‌وه بم. هه‌ر بۆیه‌ش مه‌جبوور بووم درۆ بكه‌م و كه‌س نه‌زانێ بۆ خۆم ده‌زانم قه‌ت ڕازی به‌م درۆیانه نه‌بووم، به‌ڵام وه‌ك ڕۆژ عه‌یانه و حه‌وجه‌ی به كوتن ناوێ كه جووڵانه‌وه‌ی شووڵی موعه‌للیمه‌كه‌م هانم ده‌دا باشترین و بێ‌عه‌یبترین درۆی دنیا بدۆزمه‌وه. قه‌ت نه‌بووه من درۆیه‌ك بكه‌م و بڕوام پێ نه‌كه‌ن.
گه‌ڵاڵه‌ی یه‌كه‌م درۆم له پاش نیوه‌ڕۆیه‌كی چوارشه‌ممۆدا داڕشت كه به‌یانییه‌كه‌ی هه‌تا نیوه‌ڕۆ له گه‌ڵ براچكۆلهكهم كایه‌م كردبوو، براكه‌م وه‌ك تۆپه‌ڵێك لۆكه نه‌رم و خرپنه و هه‌ر كه‌س بیبینێ وه‌ك من پێی خۆشه هه‌تا نیوه‌ڕۆ كایه‌ی له گه‌ڵ بكا و له بیری بچێته‌وه ده‌رسه‌كانی بنووسێ. من كایه له گه‌ڵ برا چكۆله‌كه‌م له ده‌رس نووسینه‌وه پێ خۆشتره، هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ختایه‌ك موعه‌لیمه‌كه‌م لێی پرسیم: «بۆ ده‌رست نه‌نووسیوه؟» كوت‌وپڕ ئه‌و بیره شه‌یتانییه به مێشكمدا تێپه‌ڕی و كوتم: «له به‌ر ئه‌وه‌ی برا چكۆله‌كه‌م مردبوو.»
ئه‌ویش بڕوای پێ كردم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌مزانی درۆم كردووه به‌ڵام به هیچ كلۆجێ ژیر نه‌ده‌بوومه‌وه، ئێوارێ وه‌ختایه‌ك رۆیشتمه‌وه و چاوم به ڕوومه‌ته شه‌قار شه‌قاره‌كانی دایكم كه‌وت، بۆم مه‌علووم بوو برا چكۆله‌كه‌م كه وه‌ك تۆپه‌ڵێك لۆكه نه‌رم و خرپن بووه، سه‌ماوه‌ری كوڵاتووی به سه‌ردا رژاوه و مردووه.
ئه‌مڕۆش كه‌باش لێم ڕوون نییه چ ڕۆژێكه له گه‌ڵ دایكم هاتووین بۆ سه‌ر قه‌بران. به كوڵ له سه‌ر گۆڕی براچكۆلهكهم و بابم كه ته‌نیا دوو مانگیان مه‌ودا بوو ده‌گرین. دایكم به تاسه‌وه باوه‌شی پێدا كردووم و نازانێ هه‌ر له‌م ڕۆوه كه نازانم چ رۆژێكه له بیری درۆی چوارشه‌ممۆی داهاتوو دام، درۆیه‌ك كه كه‌س نه‌توانێ دوودڵ بێ له ڕاست بوونی . . .