له‌و ئه‌وینه بترسه وا به‌ره‌و رووت دی!
(رۆژنووسێك له‌سه‌ر رۆمانی «لائورادیاس»ی كاڕلۆس فۆئێنتێس)
عه‌لی غوڵامعه‌لی
ئایا پیاوه‌تی مه‌رگ، ژنایه‌تی ئه‌وینی پێ‌ده‌شاردرێته‌وه؟ ئایا شۆڕش ده‌توانێ خه‌ون و ئه‌وین بزر كات؟ بێده‌نگی دڵی هونه‌رمه‌ندێک یان ئه‌ویندارێک، چه‌نده له یه‌ك نزیكن؟ هه‌وه‌س پاش ئه‌وین دێ یان ئه‌وین پاش هه‌وه‌س؟ هونه‌ر سنووری بێ‌نێوی كام مڵکی ئه‌ویندارییه؟ مێژوو په‌رده‌پۆشی كام خه‌ون و هه‌ناسه و دڵه‌كوته‌یه؟ «لائۆرادیاس» لێواولێوی ئه‌م پرسیارانه‌یه.
له لائۆرادیاسدا، نائاگایی له چۆنیه‌تی گه‌یشتن، گرینگتره له نیزیك بونه‌وه، بۆیه چاوی رۆمان، دایمه له‌سه‌ر په‌نجێره‌ی ته‌ڕی دڵدارییه.
دیترۆیت 1999:
گێڕانه‌وه‌ی ژیانی هه‌تاهه‌تا تاریك و لێڵی شارێك كه تێییدا شه‌و له شه‌و ده‌زێ. دیترۆیت بۆ لائۆرادیاس، ده‌روونێكی ترساوه‌كه دڵه‌كوته‌ی ئه‌وینی تێدا جێ‌نه‌بۆته‌وه. سه‌ره‌تای رۆمان حه‌كایه‌تی شارێكی نه‌دیده‌یه كه نه‌ك ته‌نیا «ریبرا»ی نه‌قاش، به‌ڵكوو نووسه‌ریش له بۆتكه‌كانیدا، جگه له شه‌رابی یاد و ئابجۆی دڵته‌نگی چی ده‌ست كه‌وت نابێ. دیترۆیت چیرۆكی ژنانی كرێكاری قژكورت و لێوپانه كه له كه‌شی شۆڕشخوازی كرێكاری‌دا ئه‌وینیان لێ ون بووه، هه‌ناسه‌ی دیترۆیت یانی دیتنه‌وه‌ی سیحری له‌شی فاشه ڕه‌ش پێسته‌كان، یانی ئاواتی میرمنداڵانی قه‌راغ زبڵ و زیل، یانی بۆگه‌نیوی نێو ده‌ماری موعتاده ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان تێكه‌ڵ نه‌فه‌سی بێ‌حه‌یای شار، دیترۆیت یانی ئه‌و شه‌قامه پڕ له ته‌نیایییانه‌ی كه هه‌زاران نێوی جۆراوجۆر و مێژووی له‌ت و كوتی نه‌ته‌وه‌یه‌كی كڵاولاری تێدا ونه. دیترۆیت یانی خه‌یاڵی نه‌قاشێكی هه‌میشه مه‌ستی ماركسیست كه له 1932دا وێنه‌ی 43 مردووی زیندوو ده‌كێشێته‌وه، كه دوای 35 ساڵ - له 1967-دا به كوژراوی زیندوو ده‌بنه‌وه.
كاته ماكۆ 1905:
ئه‌و كاته‌ی "كۆسیما كۆلسێن" تازه بووكی 22 ساڵانه‌ی ئاڵمانی، چوار قامكی به ئه‌نگوستیله‌ی ده‌ستی به زه‌ربی چاو و دڵی "سالار پاپانتێلا" داتاشرا، تێگه‌یی كه له خانه‌قای دڵیدا هه‌میشه جێگه‌ی مرادێكی ون‌بوو، ده‌مێنێته‌وه.
سالاریش هه‌تا ئاخر چوارناڵی ئه‌سپه سه‌رشێته‌كه‌ی گوێی هه‌ر له ئاهه‌نگی پییانۆی ئه‌و چوارقامكه بردڕاوه بوو كه له نێو كڵاوه‌لاره‌كه‌ی سه‌رسه‌ریدا، "شۆپه‌ن"یان لێده‌دا. دایه‌گه‌وره‌ی داوێن پاكی لائۆرادیاس (گوسیما كۆڵن) _ بێ‌ئه‌وه‌ی بیه‌وێ _ هه‌تا مه‌رگیش نه‌یتوانی هه‌ناسه‌ی پیاوانه‌ی ئه‌و سواره‌ی وا ده‌ستی داتاشی له بیر بكات.
وه‌فاداری به عه‌شقی نه‌دیده خۆشتره یان چاوقووچاندن له له‌زه‌تی له‌شت؟ دایه‌گه‌وره، ته‌نیا له‌شی به مێردی وه‌فادار ما؛ مێرده‌كه‌شی ته‌نیا پێستی سپی له‌شی ئه‌وی له بیرما. هه‌وه‌سی هه‌میشه‌یی كۆسیما ده‌نگ ده‌داته‌وه: «هه‌وه‌سی هه‌میشه توونیم، له‌بیرت ناكه‌م هه‌رگیزاو هه‌رگیز!!» هه‌وه‌س، ئه‌وینی شاردۆته‌وه. له لائۆرادیاس دا ئه‌وین بۆ خۆی له خۆی ونه.
لائۆرادیاس جوان له بیریه‌تی كه دایه‌گه‌وره‌ی گوتی:" ده‌بوو له‌وێ بایه‌ی و دیبات چ پیاوێك بوو، چ ره‌نگ و چ گڕێكی هه‌بوو!!" لاپه‌ڕه كه‌مه‌كانی سه‌باره‌ت به ئه‌وینی بزری ئه‌و «چیناكویی»یه (رێگری قه‌دیمی مه‌كزیك) له لائۆرادیاسدا چریكه‌یه و خه‌یاڵ.
ئه‌وینی سه‌ربه‌مۆری دڵی دایه‌گه‌وره به لائۆرا ده‌ڵێ: «ترسی ناوێ، بچۆ وه‌شوێن ئاره‌زووی دڵت كه‌وه، مه‌ترسه! به‌خت جارێك رێ به مرۆ ده‌گرێ و ته‌واو...» لائۆراش به ته‌واوی ته‌مه‌نی ئه‌وه‌ی له بیر ده‌مێنێ: به‌خت جارێك رێ به مرۆ ده‌گرێ... هه‌ر ئه‌وه‌شه كه له‌سه‌ر گۆڕی دایه‌گه‌وره‌وه، خه‌یاڵی هه‌ڵده‌فڕێنێ تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری ئاوات، تا 12 مه‌ی 1898، تا دیتنه‌وه‌ی خاتوونی په‌رده‌پۆشی جه‌نگه‌ڵ‌نشین، خاتوونێكی سه‌ده‌ف‌پۆشی پووڵه‌ك له‌مل، گواره له گوێ، خه‌زێم له لووت و پامۆره به پێ كه بۆنی ئه‌فسانه‌ی دایه‌گه‌وره‌ی لێ‌دێ. لائۆرا هاوار ده‌با بۆ باوه‌گه‌وره‌ی: «ژنێك له جه‌نگه‌ڵه!!» پیره پیاوی 66 ساڵانه‌ی گوێی له ده‌نگی بێ وه‌ته‌نی ئه‌وین ده‌بێ و چاوی له چاوی نه‌وه‌ی. ئه‌و پیره عاشقه، ده‌زانێ كه په‌ری نێو جه‌نگه‌ڵ، كۆسیمای 57 ساڵانه‌ی خێزانیه‌تی كه به شوێن لاویه‌تی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، با لاویه‌تیش ئیدی به شوێنی‌دا نه‌گه‌ڕێ. لائۆرا، باوه‌گه‌وره‌ی ده‌بینێ كه به شوێن چێژ و هه‌وه‌سی لاوییدا، ده‌ست به‌سه‌ر دیواره سپیه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا دێنێ.
براكووس سن كایه‌تانۆ (1920 - 1910):
"خۆزگه توانیبایه‌ت ئاشقی برای خۆت بی!" ره‌نگبێ زۆر جار لائۆرادیاسی 12 ساڵانه كه چاوی له «سانتیاگۆی» برای ده‌كرد ئه‌وه‌ی له دڵدا كوتبێ؛ بۆیه سه‌رده‌مایه‌كیش كه له‌شی كون كون و سپی‌پۆشی براكه‌ی بینی، به قینه‌وه مانای وشه‌یه‌كی له باپیره‌ی پرسی كه ببووه هۆی جودایی نێوان ئه‌و و ئه‌شقی منداڵی:
_ باوه‌گه‌وره «شۆڕشگێڕی» یانی چی؟
_ خه‌یاڵاتێكه كه ده‌بێ له سی ساڵیدا به‌جێی بهێڵی!
ته‌مه‌ن نه‌یهێشت سانتیاگۆ ئه‌و خه‌یاڵانه به‌جێ بهێڵێ و له نوامبری 1910دا له «براكووس» ته‌رمی كونكونکراویان خسته نێو شه‌پۆلی ئاوه‌وه. سانتیاگۆ _ شاعیری لاو _ به مه‌رگی خۆی گه‌وره‌ترین شێعری خۆی نووسی:
«تکایه له ده‌م وچاومی هه‌ڵمه‌كه‌ن!»
شێعر له چاوی سانتیاگۆوه له دایك ده‌بوو نه‌ك له دڵیه‌وه، بۆیه خه‌می نه‌دیتنی پاش مه‌رگی بوو.
- لائۆرا، ته‌نیا خوێنه‌ری من تۆی، وشه لای تۆیه كه ون نابێ، بێ‌تۆ، گه‌وره‌ترین ژان و ده‌ردم، چونكێ نازانم له‌گه‌ڵ كێ بدوێم؟
- گه‌وره‌ترین قیای ژینم!برای شیرینم، به یادی تۆوه ده‌ژیم.
لائۆرادیاس چیرۆكی دوور و درێژی دیالۆگی بێ‌زه‌مانییه. له لائۆرادیاسدا، ئه‌وین قه‌ت نابارێ به‌ڵام سێڵاو ساز ده‌كات. دونیای لائۆرادیاس هه‌وری مێژوویه‌کی کۆنی به سه‌ره‌وه‌یه. به‌شی فریشته‌یی ده‌روونی لائۆرایه كه سانتیاگۆ دایم له زه‌ینی خوێنه‌ردا، ته‌نانه‌ت دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ش زیندوو راده‌گرێ.
خالاپا 1920:
لائۆرادیاس دڵی ئۆرڵاندۆی ئانارشیست _ هه‌ڤاڵی برای شۆڕشگێڕی _ ده‌خاته ژێر پێ و ده‌ست له ده‌ستی بووكه شووشه‌کویدا له‌به‌ر په‌نجێره‌ی زه‌مان له خۆی ده‌پرسێ: "داهاتووی مرۆ له كام وشه‌ی ژێرزمانیدا ئاشكراتره؟ ترس یان ئه‌وین؟"
دڵی لائۆرا به شوێن له‌وه‌ندێكی سینگ واڵا ده‌كه‌وێ كه به ئازایه‌تییه‌وه باسی باوكی لائۆرا ده‌کا. باوكێكی ئێستا فه‌له‌ج، كه ته‌نیا جارجاره ده‌توانێ برۆی بترازێنێ. لائۆرا، وه‌ڕه‌زی دڵسۆزی پووره نووسه‌ر و پیانیسته‌كانی، ده‌یه‌وێ یه‌كێك بدۆزێته‌وه كه وه‌ها نێوی بێنێ و چاو له چاوی كات كه دڵی بگووشرێ. ده‌یه‌وێ هه‌ناسه‌یه‌ك وه‌ها به سه‌ریدا زاڵ بێ كه ئاهه‌نگی ونی هه‌موو بێ به‌ختیه‌كانی بشارێته‌وه، ده‌یه‌وێ ئه‌و ده‌نگه‌ی وا ئاشقی ده‌بێ، بچڕێ: «لاكاچیمبا، بیمبا، بیمبا..»
هه‌ر ئه‌وه‌یه كه باوه‌شی ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌و سینگ واڵایه- خوان فرانسیسكۆ لۆپن گرین- كه نه‌تیجه‌ی دزه ده‌ریایییه‌كان و حاسڵی هه‌وه‌سی ژنه سوورپێست و ره‌شه‌كانه. لائۆرا له باوه‌شی خواندا هه‌ڵده‌په‌ڕێ و چاوی ئه‌و وه‌بیر چاوی ئه‌و هونه‌رپیشه ئیتالیاییه‌كان ده‌خاته‌وه كه هه‌وه‌س ده‌ڕژێننه دڵی شۆڕشگێڕه ماندووه‌كانه‌وه. دروسته كه لائۆرا وجوودی به‌ختی ئه‌و ده‌كا به‌ڵام دڵی هه‌میشه توونی، هه‌ر له‌سه‌ر هه‌وه‌سی دڵی دایه‌گه‌وره‌ی ده‌مێنێ و هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له نێو هه‌موو ئه‌و باوه‌شانه‌دا وا له باوه‌شی ده‌گرن، ته‌نیا داخوازێك ده‌كا: تۆزێك زۆرترم لابمێننه‌وه!
ئه‌وه یانی هه‌وه‌س و گوناح و ته‌سلیم و شه‌رم؛ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی وا دایه‌گه‌وره‌ی شاردنیه‌وه و ئه‌و ناعیلاج له ئاشكرا كردنیانه. له كاتی خه‌یانه‌تدا، رۆناهی، چه‌نده په‌رده‌پۆشی سیمای ژنه؟ ئایا بۆ هه‌وه‌سی دڵی لائۆرا، نووری به‌یانی و رۆناهی ئێوارێ جیاوازی هه‌یه؟ لائۆرا دایمه له تیشكێكی كه‌مدا باوه‌ش بۆ ئاشقه‌كانی ده‌كاته‌وه، له بێده‌نگی و هێمنیدا. ئه‌وین یان هه‌وه‌س کامیان تۆڕی سه‌ر ژینی لائۆرادیاسن؟
كه چووه نێو باوه‌شی «خۆرخه مائۆراوه» بۆ هه‌میشه دوو كوڕ و مێرده‌كه‌ی له بیر برده‌وه. توندتر چووه ئامێزییه‌وه:
_ بۆ ئه‌وه‌نده له وانی دی جیاوازی؟
_ چونكێ ته‌نیا چاو له تۆ ده‌كه‌م!
رۆناهی حه‌دیسی نێو دیده‌یان له دڵیان ده‌شارێته‌وه.
خۆرخه مائۆرا شۆڕشگێڕی ئیسپانیایی، دوای ساڵه‌ها شۆڕشی له سه‌ر به‌فری سینگی لائۆرادیاس دۆزییه‌وه. نه ئه‌و و نه ئه‌م نیازێكیان نه‌ده‌دی كه چرکه ون‌بووه‌كانی ئه‌وین بۆ یه‌ك بچڕن و لای هه‌ردووكیان ئه‌وه ئاشكرا بوو كه سنووری ململانێ، دایكی هه‌موو راز و نیازه‌كانی دڵدارییه.
لائۆرادیاس پاش باوه‌شی خۆرخه، بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه بۆ ئه‌وه‌ی چوار رۆژ له ماڵێ دوور بووه، چ ده‌توانێ به مێرد و منداڵه‌كانی بڵێ؟
مێرده‌كه‌ی پێی‌كوت: به كوڕه‌كانمانم كوتووه دایكت نه‌خۆش بووه و چووی بۆ دیده‌نی ئه‌و؟!
_ مه‌منوون.
_ هه‌ر ئه‌وه‌نده؟
_ ئه‌ی چی؟
_ لائۆرا، خه‌یانه‌ت جۆرێكه كه پیاو ناتوانێ خۆی له‌به‌ر رابگرێ!
_ تۆ قاره‌مانی شۆڕش و خه‌ڵك نه‌بووی و به درۆ خۆت به نێوی قاره‌مان به من ناساند!
وه‌ڵامێك پڕ له بێده‌نگی و بێزاری.
خوان لۆپن گرین ماڵێ و لائۆرا به‌جێ‌ده‌هێڵێ.
لائۆرا نه‌یهه‌ویست پێی‌بڵێ نه‌ك چوار رۆژ به‌ڵكوو چوار سه‌ده‌یه كه تۆم به‌جێ
هێشتووه، چونكی زه‌مان له كاتی مه‌ستی و خۆشی‌دا به چرکه نابژێردرێ!
لائۆرا نه‌یهه‌ویست پێی‌بڵێ هه‌ر وه‌ك زه‌مانێك له‌به‌ر ئۆرلاندۆ خیمینێس، به‌جێی‌هێشتبوو ئێستاش ده‌توانێ له‌به‌ر خۆرخه ته‌نانه‌ت نه‌ك ئه‌و به‌ڵكه كوڕه‌كانیشی به‌جێ‌بێڵێ. له‌و مه‌ستییه دایه كه دیالۆگی نێوان خۆرخه و لائۆرادیاس دێته‌وه زه‌ینی خوێنه‌ر:
_ به ره‌فیقه‌كانت ناڵێی منیشت له‌گه‌ڵ دێم؟
_ ده‌زانن له‌گه‌ڵم دێی. چونكی له‌گه‌ڵمی! ل 326.
_ ئایا ئه‌شقی نێوان دوو كه‌س ده‌توانێ پێش به به‌دبه‌ختی هه‌موو دونیا بگرێ؟
_ چۆن ده‌توانی له نێو ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختیه‌دا بیر له ئه‌شق بكه‌یه‌وه؟ ل 337.
_ ئایا نیاز به جوانی جێگری نیاز به عه‌داڵه‌ت ده‌بێ؟ ل 343.
_ دڵم پێوه‌یه جگه له مه‌مله‌كه‌تێ به نێوی له‌شم، بۆ هیچ شتێ نه‌ژیم. ل 346.
_ ئێمه دایمه دۆڕاوین؛ بۆیه لایه‌نگری دۆڕاوه‌كانمان لاخۆشه!
لائۆرادیاس نایهه‌وێ بیر له دڵ دۆڕان! بكاته‌وه بۆیه یادی دایه‌گه‌وره و پووره‌كانی له یاد ده‌كا.
لائۆرا ته‌نانه‌ت له عه‌شق به منداڵه‌كانیشیدا، یه‌كیانی زۆرتر خۆش ده‌وێ، ئه‌وه‌ی وا زۆر ره‌نگی باوكی نادات. لائۆرادیاس ده‌زانێ كه تاقمێك چاره‌نووسی به‌خته‌وه‌ریییان له شتێكی وه‌ك شۆڕشه‌وه ده‌ست پێده‌كا و پێش شۆڕش، هه‌ر هیچ نین. خوان فرانسیسكۆی مێردی، ئاوه‌ها كه‌سێك بووه بۆیه لائۆرا هه‌ر ئاواش، باوكی به كوڕه‌كه‌ی _ دانتۆن ده‌ناسێنێ. زۆر ده‌مێك بوو لائۆرا چاوی قووچاندبوو به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ئه‌فسانه‌كانی شۆڕشگێڕی، كه ورده ورده ببووه ئوستووره‌یه‌كی پیر و رق‌ئه‌ستوور و بوغزن؛ واتا مێرده‌كه‌ی.
خوان كاتێ له كوڕه‌كه‌ی ده‌پرسێ: «ده‌تهه‌وێ چی بكه‌ی؟» له وه‌ڵامیدا ده‌ڵێ: «هه‌ر كارێك كه مه‌جبوور بم.» خوان فرانسیسكۆش له بیری دێته‌وه كه بۆخۆشی مه‌جبوور بوو ببێته شۆڕشگێڕ. سروشتی شۆڕش وه‌هایه كه زۆر جار پیاوی وای كردووه به ئوستووره‌یه‌ك كه له «لۆپس لاندا»وه فێر ده‌بێ كه ئه‌و شته‌ی وا نیه‌تی له یه‌كێ دیكه‌دا تاریفی لێ‌بكات.
لائۆرادیاسی چل و دوو ساڵانه ده‌چێته به‌ر ئاوێنه. كێ دێت كه ده‌ست بخه‌مه نێو ده‌ستی و دونیای له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕێنم؟ خۆرخه، سانتیاگۆ، دوینا ئارمۆنیا،... هه‌موویان ره‌نگبێ! به‌ڵام بێ‌نێوێك له «خوان». ده‌مهه‌وێ هه‌ڵگیرێم. كوا په‌نایه‌ك كه یه‌كێك به‌جێم نه‌هێڵێ و نه‌ڕوا؟
- بۆ خۆشه‌ویستی هیچ شتێ، بێ‌ره‌نج نییه؟!
سانتیاگۆ _ كوڕی دیكه‌ی لائۆرا و خۆشه‌ویستی _ به چاو لێ‌كردن له ژیانی نامۆی دانتۆنی برای، فێری هونه‌رمه‌ندی ده‌بێ. هونه‌رمه‌ندییه‌ك كه رووحی ده‌فرۆشێ به تابڵۆی نه‌قاشییه‌كانی. هونه‌ر، سانتیاگۆ نه‌خۆش ده‌خات و ته‌و و یاوی هونه‌ر له‌ودا ده‌بێته نه‌خۆشی و گریان؛ تا ئه‌و راده‌یه‌ی تابڵۆكانیشی له‌گه‌ڵی نه‌خۆش ده‌كه‌ون و ده‌گرین. مه‌رگ چه‌نده نیزیكه له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند چۆن هه‌میشه به ته‌نیایه و به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه. ژیانی سانتیاگۆكانی نێو لائۆرادیاس ئه‌وه به ئێمه ده‌ڵێ.
هه‌تا به‌ره‌و لاپه‌ڕه‌كانی ئاخر ده‌چین، ئه‌وین تاكه‌که‌سی‌تر ده‌نوێنێ و هه‌ركام له كه‌سایه‌تییه‌كان ون‌بووی خۆیانیان، لێ‌ون‌تر ده‌بێ.
خۆرخه به لائۆرا ده‌ڵێ: «لێمگه‌ڕێ، دوورگه‌ی دڵی من، ئاوابوونی زۆر دڵگیره» لائۆرا ده‌ڵێ: «له دڵمدا جێم خاڵی ده‌دیتی، بۆیه هاتبووم بتدۆزمه‌وه!» خۆرخه پێش شۆڕش، له ئیمان ده‌گه‌ڕا بۆیه هه‌مبه‌ر به ئه‌وین سه‌ری داخست. لائۆرا ده‌ڵێته‌وه: «بڵێی نه‌توانی بێ خودا، دونیا ببینی؟»
ئیمان چ ره‌نگێكی هه‌یه؟ چ ده‌نگێكی هه‌یه ئیمانداری؟ كاتێ خۆرخه به زمان خه‌ریكی لستنه‌وه‌ی عه‌رز و كاشییه‌كانی مسته‌ڕاحی كلێسه بوو، لائۆرادیاس له دڵیدا كوتی: «نامهه‌وێ ئیدی بیرت لێ‌بكه‌مه‌وه، قه‌تم نه‌دیوی، قه‌ت!»
عه‌شق چه‌ن هاسان به ئاكام ده‌گا.
لائۆرادیاس له گیروداری دڵداریدا، قسه‌یه‌كی نازییه‌كانی وه‌بیر دێته‌وه: «یدم دای ساین!» واتا: لیاقه‌تت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه! و بۆ دڵی خۆی گریا. به خۆی كوت: ته‌نیا بۆ ئه‌وه ده‌بی كه له بیر ببردرێیه‌وه و ئه‌وه هه‌ر ئه‌و رسته‌یه بوو كه كاتی مه‌رگی مێرده‌كه‌ی به ته‌رمه‌كه‌ی ئه‌وی كوتبوو: "تۆ هه‌ر بۆ ئه‌وه ده‌بی كه له بیر ببردرێیته‌وه!"
ئایا به راستی عه‌شقێك كه هه‌ر بیره‌وه‌ری بێ، نێو و تامی عه‌شقی ده‌مێنێ؟
لائۆرادیاس حه‌كایه‌تی عه‌شقێكه تێكه‌ڵاو خه‌یانه‌ت؛ واتا ئه‌وینی راسته‌قینه له خه‌یانه‌تدا خۆی ده‌ناسێنێ. چ هاسان بزربوونی ئه‌وین، باوه‌شه پڕ هه‌وه‌سه‌كان بۆگه‌ن ده‌كا. ئه‌وین له لائۆرادیاسدا، كۆمه‌ڵێكه كه سه‌رمایه‌داری به‌ره‌و نابووتی ده‌با و شۆڕش و لایه‌نگری خه‌ڵك، به‌ره‌و ڕزین. عه‌شقی لائۆرادیاس له ئاكامدا وشه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سییه.
له دونیای لائۆرادیاسدا له هه‌رچی بگه‌ڕێی، كه‌متری ده‌دۆزیه‌وه و به‌ڵام بیر له هه‌رچی نه‌كه‌یه‌وه، دێته سه‌ر رێگات.
سه‌رچاوه:
1_ فۆئنتس، كارلۆس.
لائۆرادیاس، وه‌رگێڕ: ئه‌سه‌دوڵڵا ئۆمه‌ڕایی، چاپی 1380.