به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌یه‌کی گشتی و باسێکی ئازاد له باره‌ی چیرۆکه‌کانی "پێکه‌نینی گه‌دا"وه به هاوڕێیی ئه‌م خۆشه‌ویستانه: حه‌مه‌ده‌مین شامحه‌مه‌دی ، سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیم زاده ، سه‌یدقادرهیدایه‌تی ، بریا کاکه‌سووری ، عه‌زیز مه‌حموودپوور و عومه‌رخزرنژاد ، کۆڕیکمان پێک هێنا ؛ هیوادارین شایانی شکۆی چیرۆک و خوێندنه‌وه‌ی ئێوه بێ.
ڕوانه
شامحه‌مه‌دی :
قسه کردن له باره‌ی پێکه‌نینی گه‌داوه بڕێک سه‌خته ؛ چونکه باسی ده‌وره‌و زه‌مانه‌یه‌ک ده‌کا که ئێمه تێیدا نه‌ژیاوین و به گشتی سه‌رده‌مێکی زۆر هه‌ستیاریش بووه ، هه‌ر بۆیه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌ی که‌مێک چه‌توونه. به بۆچوونی من مامۆستا قزڵجی سه‌رده‌می خۆی له چیرۆکه‌کانی خۆیدا به باشی گونجاندووه . مرۆڤی چیرۆکه‌کانی هه‌ر ئه‌و که‌سانه بوون که له کۆمه‌ڵگاکه‌یدا ده‌ژیان : ئاغا ، ڕه‌عیه‌ت ، شێخ ، مه‌لا و ژاندارمه . له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا ڕه‌عیه‌ت به هۆی زوڵمی ئاغاوه ئاواره ده‌بێ و ده‌ڕواته شوێنێکی دیکه ، له‌وێش له جیاتی ئه‌وه‌ی بتوانێ گرێ پووچکه‌کانی ژیانی بکاته‌وه و به هیوا و ئاواته‌کانی بگا ، تماشا ده‌که‌ی سه‌ری وه‌به‌رد ده‌که‌وێ ؛ یان تێدا ده‌چێ یان تێکده‌شکێ . به‌ڵام له هه‌مان کاتدا که چیرۆکی چاره‌ڕه‌شی و تێکشکانی خه‌ڵکی ئاسایی ده‌خوێنینه‌وه ، مامۆستا قزڵجی هه‌وڵ ده‌دا ئه‌و خه‌ڵکه دڵ‌سارد و تێکڕووخاوه وریا و ئاگا بکاته‌وه . له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا ته‌نیا چیرۆکێک له ڕاستی هه‌ڵاتووه ، چیرۆکی " که‌شکۆڵی جادوویی"ه . نووسه‌ر بۆ چاره‌سه‌ر کردنی گرفتی مرۆڤه‌کان له ڕاسته‌قینه هه‌ڵاتووه و په‌نای بردۆته به‌ر جادوو . چونکه نوسه‌ر به‌و واقعییه‌ته‌ی زانیوه که هێشتا نه چینی خوارێی کۆمه‌ڵگا به‌و زانیارییه گه‌یشتووه و نه توێژی رووناکبیریش ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه که بچن له گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاسایی یه‌ک بگرن و ڕێبه‌رایه‌تییان بکه‌ن . به بڕوای من ئه‌و زۆر وریایانه زانیویه که نه‌داری ، نه‌زانی و ده‌سته‌وستانی سی کۆسپی مرۆڤی سه‌رده‌می ئه‌ون بۆ گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجه‌کانیان . بۆ گه‌یشتن به دنیایه‌کی یه‌کسان و به‌رانبه‌ر له "که‌شکۆڵی جادوویی"دا ناچار بووه له جادوو که‌ڵک وه‌ربگرێ . به کورتی له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا زۆر به باشی ڕووداو و کاره‌سات و مرۆڤه‌کانی ده‌وروبه‌ری وه‌ک ئاغا و شێخ و مه‌لا و ژاندارمه و خه‌ڵکی ئاسایی له داستاندا به ئێمه پیشان داوه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
ببووره ! ئایا به بۆچوونی جه‌نابت له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا شێخ و مه‌لا و ئاغا و خه‌ڵکی ئاسایی تیپن ؟ یان وه‌ک که‌سایه‌تی خوڵقاون و داڕێژراون ؟
شامحه‌مه‌دی :
ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می چیرۆکه‌کان چاو لێ بکه‌ین . وه‌ک تیپ باسی ڕه‌عیه‌ت یان ئاغا و شێخ و مه‌لا و ژاندارمه‌ی کردووه . به‌ڵام له زۆر چیرۆکدا بۆ داڕشتنی که‌سایه‌تی هه‌تا توانیویه‌تی کاری کردووه . بۆ وێنه پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی چیرۆکی "پێکه‌نینی گه‌دا" ، که‌سایه‌تییه ؛ قزڵجی به ته‌وسیف کردنی ڕواڵه‌تی ئه‌و پیاوه ، له ئاستی تیپ نایهێڵێته‌وه و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌ک ده‌ینوێنێ . بۆ نموونه ده‌ڵێ : " کابرایه‌کی سه‌ر زله به سه‌ری ڕووت و باوه‌شێک قژه‌وه ، کولێره‌ت له لاملی دا بایه چه‌وری ده‌کرد " .
عه‌بدولره‌حیم زاده :
ئه‌و ته‌وسیفانه تایبه‌تمه‌ندیی تیپن نه‌وه‌ک که‌سایه‌تی . چونکه ئه‌وه تیپی کابرایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌نده که به زه‌ینی قزڵجی گه‌یشتووه ؛ باسی ئاکار و به‌سه‌رهات و ڕووداو و خوویه‌ک نه‌کراوه که ئه‌و جودا بکاته‌وه . به بڕوای من چونکه قزڵجی به ده‌روونی که‌سه‌کانی چیرۆکه‌کانیدا ڕۆ نه‌چووه زۆرتر توانیویه‌تی تیپ پیشان بدا هه‌تا که‌سایه‌تی .
شامحه‌مه‌دی:
له چیرۆکی سه‌رفیتره‌دا باسی کابرایه‌کی ده‌ڵه‌مه‌ند ده‌کا که له مانگی ڕه‌مه‌زاندا له خانه‌قا نوێژ ده‌کا ؛ پێیوایه که ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ، هه‌م تاعه‌ته و هه‌م توجاڕه‌ت ؛ لێره‌دا ئیدی ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندێک نییه . کابرایه‌ک که ده‌یهه‌وێ ئیمان و پووڵ و هه‌مووشتێکی ببێ که‌سایه‌تییه نه‌ک تیپ . یان له "عاده‌تی بازاڕ"دا هه‌موو ته‌وسیفه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه که که‌سایه‌تییه‌کان جودا بکاته‌وه . له چیرۆکی "بیهێنه ئه‌مما ناوی مه‌به" مه‌جیدخان به جۆرێک نیشان ده‌دا که ته‌واو له گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه جودای ده‌کاته‌وه . هه‌ر له‌و چیرۆکه‌دا ئاغای دیکه‌ی تێدایه به‌ڵام مه‌جیدخان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه جیاوازی هه‌یه . که‌وابوو به ڕاشکاویی ده‌توانین بڵێین له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا که‌سایه‌تی به باشی داڕژاوه .
هیدایه‌تی :
به بۆچوونی من ، سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵه چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا تیپیکاڵییه . ته‌نیا له چه‌ند جێگادا و به تایبه‌ت له داستانی " پێکه‌نینی گه‌دا " دا سه‌ربه‌خۆیی و تاکیه‌تی قاره‌مانی داستان پارێزراون و که‌سایه‌تی چیرۆک به‌دی هاتوون . دیاره که‌سایه‌تی له داستاندا پێناسه‌ی خۆی هه‌یه و نابێ له بیرمان بچێ که که‌سایه‌تی له داستاندا ته‌نیا "نێو" نییه .
له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی قزڵجیدا لایه‌نی تاکه‌که‌سیی مرۆڤه‌کان که بۆ داڕشتنی که‌سایه‌تی لایه‌نێکی سه‌ره‌کی و بنه‌ره‌تییه ، به قازانجی لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و تیپیکاڵی تێدا ده‌چێ . به‌ڵام له چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دادا هاوسه‌نگی له نێوان لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و تاکه‌که‌سیی " حه‌مه ڕه‌ش" ڕاگیراوه . له‌و چیرۆکه‌دا که‌سایه‌تییه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌بێ حه‌مه ڕه‌شه ، نه‌وه‌ک پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که . ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌به‌ر چاو بێ که تیپیکاڵی بوون تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کی رێئالیسمی سوسیالیستییه . له‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا دژایه‌تییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاو له نێوان دوو هێزی رێئالیسم و رێئالیسمی سوسیالیستیدا ده‌بینرێ . شه‌ڕی ئه‌و دوو هێزه به ستراکتوور و ساختاری هه‌موو چیرۆکه‌کانه‌وه دیاره . که هه‌رتاوی یه‌کیان به سه‌ر ئه‌وی دیکه‌یاندا زاڵ ده‌بێ ؛ به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتیی هێزی رێئالیسمی سوسیالیستی سه‌رکه‌وتووتره . له چیرۆکی پیکه‌نینی گه‌دادا رێئالیسم زاڵ بووه؛ هه‌ر بۆیه ده‌بینین که له‌ودا چیرۆکێکی بێ لایه‌ن و بێ ده‌سکاریی ئیدئۆلۆژیکی – له چاو ئه‌وانی دیکه - به دی هاتووه . قزڵجی له لایه‌که‌وه له ژیر کاریگه‌ریی چێخۆف و ئۆ هێنری و مووپاسان و کلاسیکه‌کا‌ندا بوو که پێیان وابوو نووسه‌ر ده‌بێ بێ لایه‌ن بێ ؛ له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له ژێر کاریگه‌ریی ژێدانۆف و ماکسیم گورکیدا بوو که پێیان وابوو نوسه‌ری بێ لایه‌ن خائینه . شه‌ڕی ئه‌م دوو ڕوانه‌یه سه‌باره‌ت به نووسین له چیرۆکه‌کاندا ده‌بینرێ .له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بیروڕایه‌کی ئیدئۆلۆژیکی وه‌ک نوێنه‌ری سوسیالیسم ده‌بینرێ ، ته‌نزێکی به‌هێزی چێخۆفی یان جاری وایه ته‌وسیفی به‌هێزی داستانییش ده‌بینرێ .
له سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که‌دا هه‌موو مرۆڤه‌کان دابه‌ش کراون به سه‌ر دوو چیندا . ئاغا ، شێخ ، مه‌لا و ژاندارمه چینی سه‌رێ ؛ ڕه‌عیه‌ت ، وه‌رزێر ، جووتیار و کرێکار چینی خوارێ . مرۆڤه‌کان یان ڕه‌شن یان سپین . یانی تۆ نابینی له چینی سه‌رێدا که‌سێکی باش هه‌ڵکه‌وتبێ ؛هه‌موو که‌سه‌کانی چینی سه‌رێ بێ ئه‌ملاولا ڕه‌ش و خراپن . هه‌موو که‌سه‌کانی چینی خوارێ سپی و باشن . ئه‌م ده‌سته‌به‌ندییه ده‌سته‌به‌ندییه‌کی ئیدئۆلۆژیکییه و له ژێر کارتێکه‌ریی ڕاسته‌وخۆی رێئالیسمی سوسیالیستی دایه .
له باری ساختارییه‌وه هه‌موو چیرۆکه‌کان وه‌ک یه‌کن ؛ جگه له چیرۆکی "که‌شکۆڵی جادوویی" نه‌بێ . ناوه‌رۆکی که‌شکۆڵی جادوویی هه‌ر تێم و که‌ش و هه‌وایه‌کی سوسیالیستی هه‌یه؛ به‌ڵام له باری ساختار و ستراکتووره‌وه له گه‌ڵ چیرۆکه‌کانی دیکه جیاوازیی هه‌یه . چیرۆکێکه له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی چیرۆکه فۆلکلۆرییه‌کان نووسراوه . چیرۆکی فۆلکلۆر زیاتر به ده‌وری ته‌وه‌ری ڕووداودا ده‌خولێنه‌وه . ڕووداوه‌کان به خێرایی به‌دوای یه‌کدا دێن و گێڕانه‌وه به توندیی تێده‌په‌ڕێ و ریتم و هه‌وای گێڕانه‌وه توندتر و خێراتره .
شامحه‌مه‌دی :
من ئه‌وه ڕه‌د ناکه‌مه‌وه که قزڵجی تیپی هه‌ڵبژاردووه ، به‌ڵام پێموایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تیپی هه‌ڵبژاردووه ، هه‌وڵی بۆ داڕشتنی که‌سایه‌تیش داوه . نموونه‌یه‌کی دیکه دێنمه‌وه : له چیرۆکی " تاج و ته‌ختی کوێخا هۆمه‌ر"دا که‌سایه‌تی کوێخا هۆمه‌ر ته‌واو که‌سایه‌تییه‌کی جیاوازه ، ئێوه یه‌ک نموونه له‌و که‌سایه‌تییه بۆ من بیننه‌وه ! بابه‌تێکی دیکه‌ش که ده‌مویست باسی بکه‌م ئه‌وه‌یه که ده‌بێ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی قزڵجی باروودۆخی زه‌مان له به‌ر چاو بگرین و له گه‌ڵ چیرۆکی ئێستا به‌راوردی نه‌که‌ین .
کاکه‌سووری :
به بروای منیش له به‌رچاو گرتنی زه‌مان کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه . واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه که هونه‌ر به گشتی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له فه‌زایه‌کی هێدی و هێمن و له کاتی حه‌سانه‌وه و ئارامیدا پێک دێ . ئه‌و ده‌سته ڕووناکبیره‌ی که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا و ده‌ستیان کرد به کاری ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی ، دوای ڕووخانی کۆمار زۆربه‌یان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون . هه‌ژار ، هێمن ، قزڵجی ، زه‌بیحی . ته‌نیا که‌سێک که ده‌مێنێته‌وه محه‌ممه‌دی نوری بووه . ئه‌ویش چونکا به‌ملادا بای داوه‌ته‌وه هه‌رگیز ناگا به‌و ئارامی و حه‌سانه‌وه‌یه‌ی که ده‌بێ تێیدا بێ و له ناو ئه‌و دنیا ئارامه‌دا بتوانێ هونه‌رێکی ڕاسته‌قینه به‌رهه‌م بێنێ یان ببێته شاعیرێکی ڕاسته‌قینه . قزڵجی له‌گه‌ڵ هه‌موویان جیاوازی هه‌یه. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌مان( هه‌ژار و هێمن) لایه‌نگرییان کرد لایه‌نگرییه‌کی ناوخۆیی بوو . بۆ وینه هه‌ژار ئه‌گه‌ر لایه‌نگریی کرد لایه‌نگریی حیزب و ڕێکخراوه‌یه‌کی کوردیی کرد و له کوردستان له بن باڵی حیزبێکدا دانیشت تاکوو توانی کاره‌که‌ی درێژه بدا . به‌ڵام به‌داخه‌وه قزڵجی پاڵی دا به حیزبی "تووده"وه . ئه‌ویش له‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات و ژیانی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی پێ نه‌دا که بتوانێ له حه‌سانه‌وه‌دا درێژه به هونه‌ره‌که‌ی بدا . به‌ڕاستی ناکرێ به بێ له‌به‌ر چاوگرتنی هۆکاری زه‌مان و ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره‌ی قزڵجی تێدا ژیاوه چیرۆکه‌کانی هه‌ڵسه‌نگێنین . شوعار دان و کردنه ئامرازی شێعر و ئه‌ده‌ب ، تایبه‌تیی ئه‌و تاقمه رووناکبیره بووه . ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و سوننه‌ته بووه ؛ ئه‌گه‌ر قانع به شێعر شوعار ده‌دا و ده‌یهه‌وێ به شێعر خه‌ڵک ڕوون بکاته‌وه ، قزڵجیش وه‌ک ڕووناکبیرێکی چه‌پ به چیرۆک ئه‌و ئه‌رکه‌ی به‌ڕێوه بردووه .ئه‌گه‌ر له ئینساف لانه‌ده‌ین تا ڕاده‌یه‌کیش پێوانه هونه‌رییه‌کانی له به‌ر چاو گرتووه . چیرۆکه‌کان توانایی ئه‌وه‌یان هه‌یه که خوێنه‌ر به دوای خۆیاندا ڕاکێشن و تام و چێژی چیرۆک به خوێنه‌ر ده‌به‌خشن . قزڵجی زۆرێک له تایبه‌تمه‌ندییه چیرۆکییه‌کانی وه‌ک ڕووداو ، فه‌زا و وت‌و وێژ و .. له به‌ر چاو گرتووه . له ته‌وسیف کردندا به‌ڕاستی لێهاتوو بووه ،زمانی چیرۆکه‌کانی به‌ڕاستی زمانێکی بێ وێنه و پوخته‌یه . وێڕای ئه‌و هه‌مووه هه‌وڵ و تێکۆشانه بۆ به‌دی هێنانی چیرۆک ، تووده‌یی بوونی ئه‌و بووه هۆی ئه‌وه که ئه‌و تێئۆری رێئالیسمی سوسیالیستییه ته‌واو به‌سه‌ر بیری ئه‌ودا داسه‌پێ . هه‌ربۆیه ئێمه له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا چیرۆکێکی بێ لایه‌ن نابینین . هه‌ر وه‌ک باس کرا له هه‌موو چیرۆکه‌کاندا شه‌ڕی دوو چین ده‌بینین . قزڵجی زۆرتر لایه‌نگریی بێ ئه‌ملاولای چینی خوارێ بووه . لایه‌نگرییه‌کی زه‌ق به زمانێکی گاڵته‌وه ؛که نه‌شته‌ری تیز و گاڵته‌کانی ته‌نیا له قه‌برغه‌ی چینی سه‌رێ ده‌گیرێنێ . من پێموایه ئه‌گه‌ر قزڵجی له وڵاتێکی حه‌ساوه‌دا بوایه ئێستا نووسه‌رێکی کلاسیک بوو .
هیدایه‌تی :
به بڕوای من هۆکاری زه‌مان هه‌رچه‌ندیش گرینگ بێ نابێ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه نه‌توانین چیرۆکه‌کانی قزڵجی هه‌ڵسه‌نگێنین ، ئه‌وه له لایه‌که‌وه ؛ له لایه‌کی دیکه‌وه ئێمه چیرۆکی قزڵجی له گه‌ڵ چیرۆکی ئه‌وڕۆ به‌راورد ناکه‌ین . وه‌ختێک ئێمه باسی چیرۆک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی چیرۆک ده‌که‌ین ناتوانین چاوپۆشی له که‌م و کووڕی و لاوازییه‌کان بکه‌ین . داستان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته داستان ده‌بێ هێندێک تایبه‌تمه‌ندی تێدا بێ ، کارمان به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه که ده‌که‌وێته چ مه‌کته‌ب و شێوازێکی داستانییه‌وه ؛ یان له چ باروودۆخ و سه‌رده‌مێکدا نووسراوه . کێشه له‌وه‌دایه که هێندێک له چیرۆکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌ک دوو تایبه‌تمه‌ندیی داستانیان تێدایه ، له ئاکامدا نه‌بوونه داستان . ئیدی ئه‌وه کاری به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه که له چ سه‌رده‌م و سه‌ده‌یه‌کدا نووسراون . من ناڵێم قزلجی ده‌بوو ئه‌وده‌م چیرۆکی ئه‌وڕۆیی بنوسیبایه ؛ به‌ڵکوو ده‌ڵێم زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی قزڵجی فیدای بیر‌و باوه‌ڕی سوسیالیستی بوون و ئه‌و رئیالیسمه چێخۆفییه که له کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که‌دا ده‌بینرێ سه‌قه‌ت کراوه . به‌ڵام چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا چیرۆکێکی به‌هێزی رێئالیستییه . خۆ ئه‌ویش هه‌ر له‌و سه‌رده‌م و بارودۆخه‌دا نووسراوه که "عاده‌تی بازاڕ"ی تێدا نووسراوه . بۆ پێکه‌نینی گه‌دا بۆته چیرۆک ، به‌ڵام عاده‌تی بازاڕ هه‌رچه‌ند ته‌وسیفی باشی تێدایه ، فه‌زاسازی به هێزی تێدایه ، له ئاستی گوزارش و گێڕانه‌وه‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ماوه‌ته‌وه .
شامحه‌مه‌دی:
من ده‌ڵێم ئه‌وه وایه که قزڵجی تووده‌یی و مارکسیست بووه ، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌ورو به‌رو کۆمه‌ڵگاکه‌ی باش نه‌ناسێ ؛ به‌ڵکوو پێموایه که ئاغا و شێخ و مه‌لا ڕاست به‌وجۆره بوون که ئه‌و ته‌وسیفی کردوون . ته‌نانه‌ت ئێستاش پاشماوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه هه‌ر ماوه‌ته‌وه به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیکه له کۆمه‌ڵگادا چالاکه . قزڵجی له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می خۆی به باشی بۆ ئێمه وێنا کردووه و به چیرۆک پێشانی داوین .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
کاک حه‌مه‌ده‌مین ئه‌وه‌ی جه‌نابت باسی ده‌که‌ی تایبه‌تمه‌ندیی چیرۆکی رێئالیستییه که نوێنه‌ر و پیشانده‌ری بێ لایه‌نگریی کۆمه‌ڵگایه . به‌ڵام ئێمه پێشتر باسمان کرد که چیرۆکه‌کانی قزڵجی رێئالیسمی سوسیالیستین . یه‌کێک له جیاوازییه سه‌ره‌کییه‌کانی رێئالیسم له گه‌ڵ رێئالیسمی سوسیالیستی ئه‌وه‌یه که له رێئالیسمدا نووسه‌ر بێ لایه‌نگریی و به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ واقعیه‌ت پیشان ده‌دا . به‌ڵام له رێئالیسمی سویالیستیدا جودا له نیشان دانی واقعیه‌ت نووسه‌ر به‌رنامه و ڕێ و شوێن بۆ خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێ و شۆڕش داده‌نێ . من به پێچه‌وانه‌ی جه‌نابت پیموانییه که واقعیه‌تی کۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه وابووبێ که قزڵجی مه‌سه‌له‌ن له " هێلکه‌ی هادی خانی"دا باسی ده‌کا . باوه‌ڕ ناکه‌م ئێمه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕووناکبیرێکی وامان هه‌بووبێ که خه‌ڵکی کۆ کردبێته‌وه و ڕێگای خه‌بات و شۆڕشی پیشان دابێتن که: " ئه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی ( یان چینی پرۆلتاریا) له گه‌ڵ ڕووناکبیران یه‌ک بگرن ." ! پرۆلتاریاش ئه‌وه‌نده‌یان تێگه‌یشتوویی بووبێ که له گه‌ڵ رووناکبیران یه‌ک که‌ون !؟
مه‌حموودپوور :
ئه‌وه‌ی کاک سوله‌یمان باسی ده‌کا ته‌نیا له چیرۆکی "هێلکه‌ی هادی خانی" دا ئه‌ویش نه‌ک به‌و زه‌قییه، هاتووه . چیرۆکه‌کانی قزڵجی یه‌گجار به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و باسی ده‌کا زه‌ق و شوعاراوی نین . قزڵجی بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانی پێ له‌گرێژه‌نه نه‌با له یه‌ک جێگاشدا باسی زاراوه‌ی "پرۆلتاریا"ی نه‌کردووه . ئێمه نابێ چیرۆکێکی لاواز هه‌ڵبژێرین و هه‌موو که‌م وکووڕی ئه‌و چیرۆکه به سه‌ر چیرۆکه‌کانی دیکه‌دا داسه‌پێنین و به‌و جۆره پێمان وابێ که کۆمه‌ڵه چیرۆکمان هه‌ڵسه‌نگاندووه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
زۆربه‌یان به‌رنامه و ڕێ و شوێنن بۆ خه‌بات و شۆڕش . بۆ وێنه "که‌شکۆڵی جادوویی" که قزڵجی ئاره‌زووی چیرۆک نووسیی خۆی له‌ودا نواندووه ، مه‌یدانی خه‌باتی گه‌لانه . ئه‌و مسته‌ی له که‌شکۆڵه‌که‌وه دێته ده‌رێ و له دمی زۆردار ده‌درێ ، ئاره‌زوو و ئاواتی ئه‌و نه‌ته‌وه بن ده‌ست و ژێر چه‌پۆکه‌یه . با ئه‌وه‌ش بڵێم من پێموایه قزڵجی له چیرۆکی " که‌شکۆڵی جادوویی"دا تووشی جۆرێک دژوازی و پارادۆکس(ته‌ناقوز)هاتووه . به پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کانی دیکه که هه‌موویان له به‌ستێنێکی واقعیدا ڕوو ده‌ده‌ن ، له که‌شکۆڵێ جادووییدا نووسه‌ر ده‌سته‌وداوێنی مێتافیزیک و دین بووه . به بۆچوونی من ئه‌و جۆره ده‌سته‌وداوێنی جادوو و مێتافیزیک بوونه له گه‌ڵ ستایل و شێوازی رێئالیسمی سوسیالیستیش نایه‌ته‌وه .
بابه‌تێکی دیکه که کاک حه‌مه‌ده‌مین وه‌ک خاڵێکی به‌هێز باسی کرد و من پێموایه لایه‌نی لاوازی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌یه ، داڕشتنی که‌سایه‌تییه . که‌سایه‌تییه‌کان یه‌ک لایه‌نن . یان چاکی چاکن یان خراپی خراپن . زۆربه‌یان لایه‌نگرانه ته‌وسیف کراون . بۆ نموونه : چونکه قاره‌مانی چیرۆک ئاغایه ، ئاغاش له چین و توێژی خراپه‌کانه ، وه‌ک قه‌له‌موونه ده‌چێ ، یان سه‌ر وچاوی خولێرکاوییه . له حاڵێکدا له‌وانه‌یه که‌سێک زۆر شیک بێ ، کڕاوات ببه‌ستێ و بۆنی عه‌تری ڕۆژه‌ڕێیه‌ک بڕوا به‌ڵام جه‌نایه‌تکارێک بێ ؛ له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا وا نییه ؛ خراپه‌کان ڕواڵه‌تیشیان ناحه‌ز و خراپه .
مه‌حموودپوور :
من پێموانییه که هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان یه‌ک لایه‌ن بن و ده‌ر و ژووریان وه‌ک یه‌ک وابێ . چه‌ند نموونه‌یه‌ک دێنمه‌وه : (حه‌مه‌ڕه‌ش) له پێکه‌نینی گه‌دا دا وێڕای ئه‌وه‌ی له چینی خوارێیه ، ڕواڵه‌تی ئه‌سڵه‌ن به باشه ته‌وسیف نه‌کراوه ؛ پیاوێکی ڕه‌قه‌ڵه‌ی کزی ناحه‌زی ڕه‌ش ... یان له چیرۆکی "شه‌هیدی زوڵمه ..." دا که‌سایه‌تی مجێوره‌که ده‌روون و ڕواڵه‌تی وه‌ک یه‌ک نییه ؛ یه‌ک لایه‌نیش نییه . وه‌ختێک کابرای وه‌رزێر ده‌چێ په‌نای بۆ ده‌با ئه‌و ڕێگای مزگه‌وته‌که‌ی نادا ... به‌ڵام دوایی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و ده‌چێ بیهێنێته‌وه ... یان له چیرۆکی "تاج و ته‌ختی کوێخا هۆمه‌ر"دا که‌سایه‌تی کوێخا هۆمه‌ر زۆر ده‌روون دار و نه‌ناسراوه . سه‌ره‌تا وه‌ک بۆ که‌سایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی چیرۆکه‌که نه‌ناسه بۆ خوێنه‌ریش هه‌ر ڕوون نییه که کوێخا هۆمه‌ر کێیه . تاکوو به‌ره به‌ره و قۆناخ به قۆناخ که‌سایه‌تی کوێخا هۆمه‌ر ده‌ناسرێ و پیشان ده‌درێ . ته‌نانه‌ت له یه‌ک دوو جێ‌دا ئه‌و که‌سایه‌تییه ئاڵ و گۆڕی به‌سه‌ردا دێ و وانییه که که‌سایه‌تییه‌کی یه‌ک لایه‌ن بێ . یان که‌سایه‌تی ئامینه خانم له چیرۆکی "نوشته‌که‌ی ئامینه خانم "دا : ئامینه خانم له ڕواڵه‌تدا کچه شێخێکی تۆبه‌کاری نوشته‌نووسی نوێژ و ڕۆژوو پاکه ، به‌ڵام له ده‌رووندا ئیشتیای له دڵداری و ئه‌وینداری و ته‌نانه‌ت ئیشقێنی کردن و ده‌ست تێکه‌ڵ کردنه . که‌وابوو وا نییه که هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان یه‌ک لایه‌ن بن یان ده‌روون و ڕواڵه‌تیان وه‌ک یه‌ک وابێ .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
که‌س نکووڵی له‌وه نییه که ئه‌و کۆمه‌ڵه داستانه خاڵی به هێزی تێدایه . من به شێوه‌یه‌کی گشتی باسی که‌سایه‌تیم کرد و پێشم وایه لایه‌نی زاڵ به سه‌ر کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که‌دا ئه‌وه بوو که باسم کرد . ده‌نا ئه‌گه‌ر دانه دانه چیرۆکه‌کان شی بکرێنه‌وه خاڵی به هێز و که‌سایه‌تی باش داڕژاویشی تێدا هه‌یه .
هیدایه‌تی :
من پێشتر باسم کرد که هه‌بوونی یه‌ک یان دوو تایبه‌تمه‌ندیی چیرۆکیی ، نوسراوه‌یه‌ک ناکاته چیرۆک . یانی ئه‌گه‌ر هاتوو گوزارشێک یان په‌خشانێک مه‌سه‌له‌ن ته‌وسیفی باش یان دیالۆگی باشی تێدا بێ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه داستانییانه به‌ته‌نیا نایانکاته داستان . له هه‌موو چیرۆکه‌کانی پێکه‌نینی گه‌دادا ته‌وسیفی باش و فه‌زاسازی به هێز و دیالۆگ ده‌بینرێ . به‌ڵام له زۆریاندا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه باشانه ناکه‌ونه چوارچێوه‌ی داستانه‌که‌وه . بۆ وێنه "هێلکه‌ی هادی خانی" و " عاده‌تی بازاڕ " ته‌وسیف و فه‌زا و دیالۆگی زۆر باشیان تێدایه ؛ به‌ڵام له ئاستی گوزارش و ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌وانی باش‌دا ده‌مێننه‌وه . هه‌ر بۆیه هه‌بوونی که‌سایه‌تییه‌کی باش یان ته‌وسیفی به‌هێز ، داستان ناکاته داستان .
مه‌حموودپوور :
من زۆرم پێ سه‌یره که ئیوه ده‌ڵێن قزڵجی که‌سایه‌تی داستانی بۆ دانه‌ڕژاوه . له حاڵێکدا بۆ خۆتان له په‌ستا باسی که‌سایه‌تییه‌کانی وه‌ک ئامینه خانم ، هادی خان ، کوێخا هۆمه‌ر و حه‌مه‌ڕه‌ش ده‌که‌ن ...من به پێچه‌وانه‌ی ئێوه پێموایه که خاڵی به هێزی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه که‌سایه‌تییه‌کانیه‌تی . ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تی بۆ نه‌خوڵقایه ئێوه له بیرتان نه‌ده‌ماوه و له په‌ستا باستان نه‌ده‌کردن . که‌وابوو قزڵجی توانیویه‌تی که‌سایه‌تی وه‌ها بخوڵقێنێ که له زه‌ینی ئێمه‌دا بمێننه‌وه .
هیدایه‌تی :
ئه‌من نه‌مکوت قزڵجی نه‌یتوانیوه که‌سایه‌تی بخوڵقێنێ ! به‌ڵکوو کوتم هه‌بوونی که‌سایه‌تی به‌ته‌نیا له چیرۆکدا – هه‌ر چه‌ند که‌سایه‌تی ئه‌سڵێکی بنه‌ڕه‌تیش بێ – ئه‌و چیرۆکه ناکاته چیرۆک . هه‌ر وه‌ک باست کرد ئامینه خانم که‌سایه‌تییه‌کی زۆر به‌هێزه و ته‌نانه‌ت ده‌شکرا زیاتر کاری له‌سه‌ر بکا و باشتر په‌روه‌رده‌ی بکا ، به‌ڵام به داخه‌وه له کۆتایی چیرۆکه‌که‌دا به گوتنی ڕسته‌یه‌ک هه‌موو ته‌نزه باشه‌که‌ی ده‌کاته گالته‌یه‌کی ئاسایی و که‌سایه‌تی ئامینه خانم که ده‌کرا که‌سایه‌تییه‌کی ده‌رووندار و قووڵی هه‌بایه ، له ڕووکاردا ده‌هێڵێته‌وه و ئه‌و چیرۆکه له ته‌نزیکی به‌هێزه‌وه تا ڕاده‌ی نه‌قڵ و له‌تیفه‌یه‌ک داده‌به‌زێنێ . من پێشتریش ئاماژه‌م به‌وه کرد که که‌سایه‌تی ته‌نیا "نێو " نیه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
ته‌وسیف و فه‌زا و که‌سایه‌تی هه‌رچه‌ند به‌هێزیش بن ده‌بێ له خزمه‌تی داستاندا بن . من به داخه‌وه ته‌نیا له چیرۆکی " چای دیواخان " نه‌بێ ، ئه‌و ته‌وسیف و فه‌زا باشانه‌ی قزڵجیم زۆر که‌م دیوه بکه‌ونه خزمه‌تی ڕه‌وتی داستانه‌که‌وه . به‌ڵام له چیرۆکی "چای دیواخان" دا فه‌زای داڕووخاو و تێکشکاوی دیواخان له گه‌ڵ ده‌روونی چۆڵی و وێرانی که‌سایه‌تییه‌کان یه‌ک ده‌گرنه‌وه و ته‌وسیف و فه‌زاسازی له‌وێدا که‌وتوونه پێناوی ڕه‌وتی چیرۆکه‌وه . بۆ وێنه له چیرۆکی هێلکه‌ی هادی خانی دا به هیچ جۆرێک ئه‌و ته‌وسیفه‌ی له‌و که‌ژ و کێوه‌ی ده‌کا و حاڵه‌تێکی ئه‌فسانه‌یی به‌و کێوه ده‌دا و ده‌ڵه‌ی باسی کێوی ئوله‌مپ ده‌کا ، هیج ده‌ورێکی له داستانه‌که‌دا نییه . ئه‌و ته‌وسیفه باشه ئه‌سڵه‌ن له خزمه‌تی ڕه‌وتی چیرۆکه‌که‌دا نییه .
مه‌حموودپوور :
به بڕوای من گرفتی سه‌ره‌کی چیرۆکه‌کانی قزڵجی مه‌سه‌له‌ی زه‌مانه .کورته چیرۆک زۆرتر باسی زه‌مانێکی کورت و دیاریکراو ده‌کا ، له حاڵێکدا له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی پێکه‌نینی گه‌دادا باس له مه‌ودایه‌کی دوور و درێژی زه‌مانی ده‌کرێ . که جاری وایه چه‌ندین ساڵ له خۆ ده‌گرێ . به بڕوای من زۆر چه‌توونه چیرۆک له وه‌ها مه‌ودایه‌کی دوور و درێژی زه‌مانیدا و له پێنج شه‌ش لاپه‌ڕه‌دا چڕ بکرێته‌وه و به چه‌ند وشه‌ی به‌ر ته‌سک له فۆڕمی کورته چیرۆکدا بیگونجێنی . لایه‌نێکی لاوازی دیکه‌ی کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که ئه‌وه‌یه که ڕاده‌ی که‌سایه‌تییه‌کان یه‌گجار زۆرن . به بۆچوونی من نووسه‌ر ناتوانێ له مه‌ودایه‌کی زه‌مانی ئاوه‌ها کورت‌دا ، بپه‌رژێته سه‌ر ئه‌و که‌سایه‌تییانه و وه‌ک که‌سایه‌تی له چیرۆکێک‌دا به خوێنه‌ریان بناسێنێ .
خزرنژاد :
من هه‌وڵ ده‌ده‌م زیاتر له باری مێژووییه‌وه باسی ئه‌و کۆمه‌له چیرۆکه بکه‌م . به پێی ئه‌و چیرۆکانه حه‌سه‌نی قزڵجی ده‌بێ زانیارییه‌کی باشی له سه‌ر مێژووی سه‌رده‌می خۆی هه‌بووبێ . چونکه نه‌یتوانیوه خۆی له نووسین و ئاماژه به ڕووداوه مێژووییه گرینگه‌کان بپارێزێ . ئێمه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داستان ده‌خوێنینه‌وه ده‌بینین که به وریاییه‌وه ، ئاوڕی له مێژووی سه‌رده‌می خۆی داوه‌ته‌وه و له گه‌ڵ پێکهاتنی چیرۆک باری کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و ته‌نانه‌ت سیاسیش له چیرۆکه‌کاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه . به نه‌زه‌ری من ڕووداوه‌کانی ئه‌و چیرۆکانه له‌و به‌ستێنه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا یه‌کێک له سه‌ره‌کی ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌له چیرۆکه‌ن . زۆربه‌ی داستانه‌کانیش له دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م بۆ ئێره‌وه ڕوویان داوه . ڕوانگه‌ی قزڵجی ڕوانگه‌یه‌کی رێئالیستییه به‌ڵام ئالتێرناتیڤ و ڕێ چاره‌که‌ی سوسیالیستییه . ئه‌و وه‌ختێک دژایه‌تی ئاغا و ڕه‌عیه‌ت ، ژاندارمه و خه‌ڵک یان به گشتی چینی سه‌رێ و خوارێ ده‌بینێ زۆر ئاساییه ڕێگا چاره‌یه‌کیش بۆ ئه‌و گرفت و کێشه‌یه پیشان بدا .
کاکه‌سووری :
گه‌وره‌ترین گرفتی ئه‌و چیرۆکانه - جگه له چه‌ند چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا و چای دیواخان و شه‌هیدی زوڵم .. نه‌بێ – ئه‌وه‌یه که به هیچ جۆڕێک ناچێته نێو ده‌روونی که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه . بۆ وێنه له چیرۆکی بیهێنه ئه‌مما ناوی مه‌به ، ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌و داڕووخان و تێکڕمانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌بینین که تێکڕووخاوه ئایا له به‌رانبه‌ر دا ده‌روونی که‌سایه‌تییه‌کانیش تێکڕووخاوه ؟ به‌ڵام به داخه‌وه نابینین ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕسته‌ش بچێته ده‌روونی ئاغاوه . ئایا ئه‌م داڕووخانه له ده‌روونی ئه‌ویشدا هه‌یه یان نا ؟ ئه‌و هه‌مووه سووک کراوه ، ئه‌و هه‌مووه بێ قه‌در و قیمه‌ت کراوه ، به‌ڵام هاوارێکی لێ نایه که ئێمه بزانین بارودۆخی ده‌روونیی ئه‌و که‌سایه‌تییه چۆنه .
هیدایه‌تی :
به بڕوای من هۆکاری ئه‌وه‌ی که له زۆر چیرۆکدا ناتوانێ به ناخدا ڕۆچێ و هه‌ر له ڕووکاردا ده‌مێنێته‌وه چه‌ند شته : یه‌کیان ئه‌وه‌یه که حه‌سه‌نی قزڵجی ڕۆژنامه‌وانێکی ده‌توانین بڵێین بۆ ئه‌وده‌م ، کرده و لێهاتوو بووه . بۆیه ئێمه شوێن پێی ژۆرنالیستی و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌وانی له "هێلکه‌ی هادی خانی" و "تاج و ته‌ختی کوێخا هۆمه‌ر" و "عاده‌تی بازاڕ"دا به زه‌قی ده‌بینین و له زۆر چیرۆکی دیکه‌ش دا ئه‌و ڕوانگه ڕۆژنامه‌وانییه تا ڕاده‌یه‌ک چیرۆکه‌کان له ڕووکار(سطح)دا دێڵێته‌وه . ئێمه ده‌زانین که حه‌سه‌نی قزڵجی له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا له گۆڤاری " کوردستان " و "نیشتمان"دا وتاری نووسیوه و هاوکاریی کردووه . هه‌ر وه‌ها سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "هه‌ڵاڵه" له بۆکان بووه . دواتر وتار نوس و وتار خوێنی به‌شی کوردی رادیۆ "په‌یکی ئێران" بووه . یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی گۆڤاری "ڕێگا" بووه . دواتریش سه‌رنووسه‌ری به‌شی کوردی رۆژنامه‌ی سه‌راسه‌ری "مه‌ردوم"ی حیزبی تووده بووه ؛ به دوور نییه ئیشتیا و ئاره‌زووی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌وانی له‌و چیرۆکانه‌دا ڕه‌نگی دابێته‌وه .
هۆکاری دووهه‌م ئه‌وه‌یه که قزڵجی باوه‌ڕی به ته‌کامول و گه‌شه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو بووه و پێی وابووه که چیرۆکی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌بێ بۆخۆی قۆناخی زه‌و و ساوایی و منداڵی تێپه‌ڕینێ تاکوو کامڵ ده‌بێ . ئه‌وه‌ش به‌و دوو وتوێژدا ده‌رده‌که‌وێ که له گۆڤاری "نووسه‌ری کورد" ژوماره 10 ساڵی 1973 و ڕۆژنامه‌ی "بیری نوێ" ژوماره 98 ساڵی 1974 له‌گه‌ڵی کراوه . به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دوو وتووێژه ده‌رده‌که‌وێ که حه‌سه‌نی قزڵجی زانیارییه‌کی باشی له باره‌ی چیرۆکی کوردی و چیرۆکی جیهانییه‌وه هه‌بووه و ته‌نانه‌ت زانیاری باشیشی له باره‌ی تیۆری ئه‌ده‌بیدا هه‌بووه . به تایبه‌ت له "نوسه‌ری کورد"دا ڕاسته‌وخۆ ئاماژه به‌وه ده‌کا که چیرۆکی کوردیی له قۆناخ و وارگه‌ی زه‌و و له‌دایک بوون و ساوایی تێپه‌ڕیوه و له باری ساختار و قاڵبه‌وه له شێوه‌ی نه‌قڵ و حه‌کایه‌ت تێپه‌ڕیوه و تازه پێی ناوه‌ته قۆناخێکی نوێوه . من وا هه‌ست ده‌که‌م که چیرۆکه‌کانی پێکه‌نینی گه‌دا کارتێکه‌ریی نه‌قڵ و قسه‌ی خۆشیان له سه‌ره . ته‌نانه‌ت شوێن پێی نه‌قڵ و نه‌زیله‌کانی کورده‌وارییان پێوه دیاره . له زۆریاندا چیرۆک به ته‌وسیفێکی باش و دیالۆگی باش درێژه ده‌درێ به‌ڵام له کۆتاییدا به گوتنی ڕسته‌یه‌ک ته‌نزی باشی چیرۆکه‌که تێدا ده‌چێ و چیرۆک تا ئاستی نه‌قڵ و قسه‌یه‌کی خۆش داده‌به‌زێ . ئه‌گه‌ر هێندێک له چیرۆکه‌کانی پێکه‌نینی گه‌دا فیدای ئه‌و بیروباوه‌ڕه ته‌کامولییه ناوچه‌ییه نه‌بوونایه و قزڵجی سه‌ر‌جه‌م چیرۆک نووسانی جیهانی به سه‌رمایه و پاڵپشتی خۆی بزانیبایه - هه‌ر وه‌ک له دوو سێ چیرۆکیدا ئه‌و کاره کراوه - ئێستا ئێمه کۆمه‌ڵه چیرۆکێکی زۆر به‌هێزمان ده‌بوو .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
به بڕوای من حه‌سه‌نی قزڵجی ئه‌سڵه‌ن نه‌یویستووه به ناخی که‌سایه‌تییه‌کاندا ڕۆچێ . بیر و باوه‌ڕی ئه‌و به جۆرێک بووه که ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی پێنه‌داوه به قووڵاییه‌کاندا ڕۆچێ . ده‌ی زه‌مانێک که ئه‌و به ئانقه‌ست نه‌یویستووه چیرۆکی ده‌روونی بنووسێ ، ئێمه نابێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان هه‌بێ که که‌سایه‌تییه‌ک بخوڵقێنێ که زۆر ده‌روونی بێ . یان چیرۆکێک که لایه‌نه ده‌روونی و نادیاره‌کانی سه‌قامگیر بووبێ . شێوازی رێئالسمی سوسیالیستیش هه‌ڵگری چیرۆکی ده‌رون ناسانه نییه .
هیدایه‌تی :
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئه‌و به ئانقه‌ست نه‌یویستووه ، ڕاسته . هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد ئه‌و بیروباوه‌ڕه سوسیالیستییه ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی پێ نه‌داوه . ته‌نانه‌ت له یه‌کێک له‌و دوو وت‌و وێژه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌کا که چیرۆکی سه‌مبۆلیستی و فۆرمالیستی ته‌نیا پێخۆری بورژواکانن و هیچ ده‌ردێک له چینی زه‌حمه‌تکێش ده‌وا ناکه‌ن . که‌وابوو ئه‌و به ئانقه‌ست خۆی له‌و جۆره نووسینانه ده‌بوێرێ ، چونکه پێی وایه ئه‌ده‌بی بورژوازین .
خزرنژاد :
ئایا زۆر ئاسایی نییه که ئه‌وده‌م قزڵجی رێبازی رێئالیسمی سوسیالیستی بۆ نووسین هه‌ڵبژاردووه ؟
کاکه‌سووری :
من پێموایه تێۆری رێئالیسمی سوسیالیستی زۆر شوێنێکی نائاسایی و خراپی له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه داناوه . تۆ تماشا ده‌که‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌سمی ژن به ژنه که ئێستاش ماوه ، ڕه‌سمێکی نائینسانی و ڕه‌شه ؛ به‌ڵام باسی نه‌کراوه . یان ئه‌سڵه‌ن باسی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی تێدا نابینی . ته‌نانه‌ت له‌و جێگایانه‌شدا که ده‌بوو باسی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی بکرێ ئه‌و تێۆرییه وای لێ ده‌کا خۆی لێ ببوێرێ . له حاڵێکدا ژیان هیچ کات له خۆشه‌ویستی و ئه‌وین خاڵی نه‌بووه . یان ئه‌و کات زۆر به ئاسانی پیاو کوشتن له سه‌ر نامووس ڕووی داوه ، یان ژن و کچ له سه‌ر شتی زۆر ئاسایی و چکۆله کوژراون ؛ کێشه‌ی نامووس کێشه‌ی گه‌وه‌ره‌ی ئه‌وده‌م بووه ؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه قزڵجی زۆرتر ئاوڕی له کێشه‌ی چینایه‌تی داوه‌ته‌وه .
مه‌حموودپوور :
ئێمه ناتوانین قزڵجی به‌وه تاوانبار بکه‌ین که بۆچی باسی ئه‌و شتانه‌ی نه‌کردووه . من پێموایه که گرفتی ئاغا و ڕه‌عیه‌ت و تاڵان و به‌رتیلی ژاندارمه و بره‌و دان به نه‌زانی و خورافاتی شێخایه‌تی و فریوی مه‌لا و حاجی، لایه‌نی زه‌قی ئه‌و سه‌رده‌مه و کۆسپی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگا بوون . قزڵجیش وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ئه‌و که‌م و کووڕی و ده‌رده به‌رچاوانه‌ی کۆمه‌ڵ کاری تێ کردووه ؛ بۆیه زۆرتر له سه‌ر ئه‌وانه وێسته‌ی کردووه . ته‌نانه‌ت من پێموایه وه‌ک ڕووناکبیرێک ، زۆر به باشی و له ڕووی زانیارییه‌وه زانیویه‌تی که ده‌دردی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌زانی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و نه‌داریی بووه . لایه‌نی زاڵ و فه‌زا و باروودۆخی ئه‌وده‌م به جۆرێک ناله‌بار و ڕه‌ش بووه که قزڵجی نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر ئه‌و نه‌هاتی و ناله‌بارییانه له‌نگه‌ر نه‌گرێ . ئیدی ئێمه ناتوانین به‌وه تاوانباری بکه‌ین که بۆچی باسی ئه‌وین و شادی نه‌کردووه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه که فه‌زای چیرۆکه‌کان ، فه‌زایه‌کی ڕه‌ش و قورماوین . هیچ سات و سه‌حنه‌یه‌کی شادی و خۆشیی له چیرۆکه‌کاندا نابینی . ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان به سه‌رکه‌وتن ده‌گه‌ن نووسه‌ر ده‌یتوانی لایه‌نی شادی و دڵخۆشییان پێ بدا ، نووسه‌ر له کاتی ئاوا تاریک‌دا ده‌بێ له بۆسه‌ی ئه‌و ساته ده‌گمه‌نانه‌دا بێ ، تاکوو ده‌رفه‌ت به خوێنه‌ر بدرێ پشوویه‌کی ئاسووده بدا ؛ به‌ڵام به داخه‌وه تۆ له کاتی سه‌رکه‌وتنه‌کانیشدا هه‌ر مارشی عه‌زا و ماته‌م ده‌بیستی . به گشتی قزڵجی زۆرتر لایه‌نه ناخۆش و تاڵ و ڕه‌شه‌کانی ژیانی دیتووه .
کاکه‌سووری :
ئه‌گه‌ر له باروودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه بکۆڵینه‌وه ده‌کرێ بڵێین ئه‌و هه‌مووه ڕه‌شی و ناخۆشییانه به هۆی باروودۆخی پڕ له زوڵم و زۆریی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وده‌م بوو . ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ژیانی قزڵجی بده‌ینه‌وه دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان ئه‌و هه‌مووه ترس و خۆف و هه‌ڵات هه‌ڵات و ئاواره‌یی و زیندانیی بوونه ، له‌ولاشه‌وه زوڵم و زۆرێک که له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه له کورد ده‌کرا ، تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و فه‌زا ڕه‌ش و ته‌ماوییه ئاسایی و سروشتی ده‌نوێنێ . قزڵجی وه‌ک ڕووناکبیرێکی گه‌وره جگه له‌وه‌ی بانگه‌واز بۆ ئه‌وه بکا که وه‌رن خۆتان له‌و بارودۆخه ناله‌باره ڕزگار بکه‌ن هیچ ڕێگایه‌کی بۆ نامێنێنته‌وه .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
هه‌ر وه‌ک ئاماژه کرا کورته چیرۆک ده‌بێ ساته کورته زوو تێپه‌ره‌کانی ژیان له نه‌مان بپارێزێ . من پێموایه له سه‌رده‌مانی زۆر تاریکی به‌شه‌ریشدا هێشتا سات و کاتی - هه‌رچه‌ند که‌م و زوو تێپه‌ڕ- خۆش و شیرین هه‌ر هه‌بووه که نووسه‌ر باسیان بکا . له‌وانه‌یه له‌و جه‌نگه‌ی داسه‌پینی زوڵم و تێکشکانه‌دا له گۆشه‌یه‌ک له‌م کوردستانه کوڕ و کچێک دڵیان به یه‌که‌وه بووبێ و یه‌کتریان خۆش ویستبێ ، یان منداڵێک دڵی به کۆتره‌کانی خۆش بووبێ ...
شامحه‌مه‌دی :
هه‌ڵبه‌ت پێموانییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له هیچ کوێیه‌ک له‌م کوردستانه کۆتربازێک هه‌بووبێ ! حه‌سه‌نی قزڵجی بۆ نواندنی ئه‌و فه‌زایه هیچ زێده‌ڕه‌وییه‌کی نه‌کردووه و باروودۆخی ئه‌و ده‌م ته‌واو باروودۆخێکی ڕه‌ش و ناله‌بار بووه ؛ ڕاست وه‌ک ئه‌وه‌ی قزڵجی باسی کردووه . هه‌م له‌ده‌ره‌وه ژاندارمه و ده‌وڵه‌ت بگره و بکوژه و تاڵان و کوشت و کوشتاریان به سه‌ر کوردستان هێناوه ؛ هه‌م له ناوه‌وه ده‌ره‌به‌گ خه‌ڵکیان چه‌وساندۆته‌وه و شێخ و مه‌لا بره‌و‌یان به نه‌زانیی داوه . مامۆستا هێمن له شێعرێکیدا ئه‌و سه‌رده‌مه به " ڕۆژگاری ڕه‌ش" ناو ده‌با . محه‌مه‌دی نووری له شێعری "بستووی ژیان " و هه‌ژار له " چێشتی مجێو‌ر"دا هه‌ر کام به چاویلکه‌ی خۆیان نه‌هاتی و ته‌نگانه و قات و قڕی و کوشت و بڕی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان گێڕاوه‌ته‌وه و قزڵجیش به زمانی داستان له‌و ڕۆژگاره دواوه .
عه‌بدولره‌حیم زاده :
مه‌به‌ستی من ئه‌وه نه‌بوو که باس کردنی ئه‌و لایه‌نه تاریک و ناخۆشانه‌ی ژیان لاوازیی کاری قزڵجییه .به‌ڵکوو من ده‌ڵێم قزڵجی به هۆی بیر و ڕاکه‌یه‌وه له پێشدا ئه‌وه‌ی زانیوه و ئه‌وه‌ی دیاری کردووه که چ بکا و چ بنووسێ . هه‌ر بۆیه زۆر لایه‌نی ژیان پشت گوێ خراوه و ته‌نیا لایه‌نه تاریک و ڕه‌شه‌کان به ئانقه‌ست گه‌وره کراونه‌وه .
مه‌حموودپوور :
ئه‌و حوکم و بڕیه‌یه ناتوانین به‌سه‌ر هه‌موو چیرۆکه‌کاندا داسه‌پێنین ؛ چونکه زۆرێک له چیرۆکه‌کان له واقعدا ڕوویان داوه و ته‌نانه‌ت شوێن و که‌سایه‌تییه‌کانیش واقعیین . بۆ وێنه " نوشته‌که‌ی ئامینه خانم" رووداوێکی واقعییه که قزڵجی کردوویه به چیرۆک . "عاده‌تی بازاڕ" ڕاست ئه‌و بازاڕه بووه که بۆ خۆی له به‌غدا له کاتی ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌ییدا لێی ژیاوه ؛ ته‌نانه‌ت مامۆستا هه‌ژار له "چێشتی مجێو‌ر"دا ده‌ڵێ‌که‌سێک "عاده‌تی بازاڕ"ی خوێندبێته‌وه ده‌زانێ قزڵجی له ژیانی ئاواره‌ییدا چ کوێره‌وه‌رییه‌کی چێشتووه . یان چیرۆکی "قورئان خوێندن له جیاتی پاره‌ی به‌رتیل" ڕووداوێکی واقعییه که له گوندی ته‌ره‌غه به سه‌ر مامۆستا هه‌ژار هاتووه ، کاتێک هه‌ژار بۆ قزڵجی ده‌گێڕێته‌وه به ده‌سکارییه‌وه ده‌یکاته چیرۆک . ئه‌م نموونانه ئه‌وه پیشان ده‌ده‌ن که وانییه هه‌موو چیرۆکه‌کان به ڕوانگه‌یه‌کی ئیدئۆلۆژیکییه‌وه نووسرابن و نووسه‌ر دیاری کردبێ که چ بنووسێ و له سه‌ر چی له‌نگه‌ر بگرێ .
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:
من سه‌ره‌تاش کوتم که ئێمه‌له دانیشتنێکدا ته‌نیا ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی گشتی باسی لایه‌نی زاڵی چیرۆکه‌کان ده‌که‌ین ؛ چونکا له دانیشتنێکی ئاوادا ناتوانین قامک له‌سه‌ر هه‌موو پاژه‌کانی دانه دانه‌ی چیرۆکه‌کان دابنێین . بابه‌تێکی گرینگ که ده‌بێ لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بکه‌م ئه‌وه‌یه که قزڵجی یه‌که‌م که‌سێکه که باسی تێپه‌ڕ بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی له فێئۆدالیسمه‌وه به‌ره‌و ورده بورژوازی کردووه و نیشانه‌کانی ئه‌و تێپه‌ڕ بوونه‌ی له چیرۆکدا به تایبه‌ت له چیرۆکی پێکه‌نینی گه‌دا دا نیشان داوه . بۆ وێنه له پێکه‌نینی گه‌دادا پێکهاتنی ورده بورژوازی و شکڵ گرتنی جۆرێک ڕه‌فتار و ئاکاری شارستانییانه‌ی ، به باشی پیشان داوه . هه‌روه‌ها قزڵجی به ڕاشکاوی له زۆرێک له‌و چیرۆکانه‌دا به تایبه‌ت له چیرۆکی "تاج و ته‌ختی کوێخا هۆمه‌ر"دا باسی زوڵم و زۆریی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌کا و ئه‌و زوڵم و ناحه‌قیانه‌ی له کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کرێ به باشی پیشان داوه .
مه‌حموودپوور :
ئه‌زموونی چیرۆک نووسیی به تاقه که‌سێک سه‌رناگرێ . ئه‌گه‌ر که‌سانێک ببوونایه دوا به‌دوای قزڵجی ئه‌زموونی ئه‌و درێژه بده‌ن ، ئه‌وڕۆ چیرۆکی کوردی پێگه‌یه‌کی دیکه‌ی هه‌بوو . به داخه‌وه دوای قزڵجی بێ ده‌نگی و بۆشاییه‌کی سی چل ساڵه له بواری چیرۆکدا به‌دی دێ و که‌سێک نه‌بووه ئه‌و بۆشاییه زه‌مانییه پڕ بکاته‌وه . له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سانێکی دیکه له درێژه‌ی کاری قزڵجیدا چیرۆکیان بنووسیبایه ئه‌وڕۆ هه‌موو چاوه‌کان له سه‌ر قزڵجی وێسته‌یان نه‌ده‌گرت و به‌رپرسایه‌تییه‌کی که‌متری وه‌ک بناغه‌دانه‌ر له‌سه‌ر شان ده‌بوو ؛ ده‌بێ ئێمه ئه‌وه‌مان له به‌رچاو بێ که قزڵجی قورسایی به‌ره‌یه‌کی له سه‌ر شان بووه و له چیرۆک نووسیدا ته‌نیا بووه و ته‌نانه‌ت ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌وی تێدا بووه بارودۆخێکی نا ئارام و ناله‌بار بووه . هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی نه‌بووه که ته‌نانه‌ت ئه‌زموونی چیرۆک نووسیی خۆشی ته‌واو بکا و گه‌شه‌ی پێ بدا .