چۆنیه‌تی پێك هاتنی وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی
له كورته چیرۆكی'' پێكه نینی گه دا ''ی حه‌سه‌ن قزڵجی
نووسین : محه‌مه‌د ڕه‌حیم ئه‌حمه‌دی
كه‌سایه‌تی و وه‌گێڕ[ڕاوی] دوو سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی گێڕانه‌وه‌ن له چیرۆكدا. ه‌ێندێك ڕۆمان یان كورته چیرۆك ده‌وری سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه ده‌ده‌ن به وه‌گێڕ و هێندێكیش به كه‌سایه‌تی. به وته‌ی باختین له چیرۆكی چه‌شنی یه‌كه‌مدا،''مه‌ودای وه‌گێڕ '' به‌هێزه و له چیرۆكی چه‌شنی دووهه‌م'' مه‌ودای كه‌سایه‌تی ''. به‌ڵام له‌راستیدا، هه‌ر وه‌ك ئاله‌ن راباتێل چیرۆكناسی فه‌رانسه‌وی ده‌ڵێ ئه‌م دوو مه‌ودایه هێند تێكه‌ڵن كه زۆر جار سنووره‌كانی یه‌كتر ده‌به‌زێنن. بۆ نموونه ده‌كرێ له به‌شێكی چیرۆك كه كه‌سایه‌تی ده‌یگڕێته‌وه، ده‌ستێوه‌ردانی وه‌گێڕی تێدابێ، یان به پێچه‌وانه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه پێوه‌ندی هه‌یه به چه‌شنی ڕۆمان یان كورته چیرۆك.
به گشتی، ده‌ستێوه‌ردانی وه‌گێڕ زۆر باوتره له ده‌ستێوه‌ردانی كه‌سایه‌تی، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه مه‌نتیقی چیرۆك، ه‌ێندێك ئه‌رك ده‌دا به وه‌گێڕ كه كه‌سایه‌تی لێیان بێ به‌شه : وه‌گێڕ به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ڕێكخه‌ری چیرۆكه [گێڕانه‌وه، سازدانی كات و شۆین، ڕێكخستنی پله‌كانی گێڕانه وه]. به‌ڵام مه‌ودای وه‌گێڕ ته‌نیا له‌و ئه‌ركانه كورت نابێته‌وه، به ڵكوو ه‌ێندێك تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ش هه‌ن كه وه‌گێڕ له كه‌سایه‌تی نزیك ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌ركی ئیدۆلۆژیك، یانی ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه، بێ شك هه‌ڵگری ه‌ێندێك بیروو بڕوایه كه وه‌گێڕ[وه‌ك ئاوێنه‌ی زه‌ینی ناوشیاری چیرۆكنووس] ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌ریبڕێ. شتێكی دیكه كه وه‌گێڕ له كه‌سایه‌تی نزیك ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه وه‌ك كه‌سایه‌تی، وه‌گێڕیش چه‌شنێك ده‌روونی بوون یان سوبژێكتیویته‌ی هه‌یه كه كاتی گێڕانه‌وه ده‌ری ده‌خا [بۆ نموونه ده‌ربڕینی هه‌ستی هۆگری یان دژایه‌تی له ئاست كه‌سایه‌تی، یان نرخاندنی ڕووداوه‌كان یان گاڵته‌كردن به كه‌سایه‌تی].
هه‌ر وه‌ك کوتمان ده‌وری كه‌سایه‌تی له چیرۆكدا پێوه‌ندی هه‌یه به چه‌شنی ڕۆمان یان كورته چیرۆك، بۆ نموونه له ڕۆمانی ئۆتۆبیوگرافیك یان ڕۆمانی'' ژیاننامه‌ی خۆنووس'' كه‌سایه‌تی و وه‌گێڕ یه‌كێكن. كه‌وابوو كه‌سایه‌تی یه‌كه‌می چیرۆك هه‌موو ئه‌ركه‌كانی وه‌گێڕ وه‌ئه‌ستۆی خۆی ده‌گرێ. بۆ نموونه له ڕۆمانه دوور و درێژه‌که‌ی پرووستدا واته به دوای كاتی له ده‌ست چوو ، مارسێل هه‌م كه‌سایه‌تی و هه‌م وه‌گێڕه و ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی گێڕانه‌وه وه‌عۆده‌ی خۆ ده‌گرێ.
به‌ڵام له چیرۆكی سێهه‌م كه‌س، یانی له‌و رۆمان و كورته چیرۆكانه‌ی وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی یه‌ك نین و بگره وه‌گێر زۆر جار نه ناسراوه، ئه‌و سنووره زۆر دژوارتر ده‌بێ.
ئه‌م پێشه‌کییه كورته به گشتی ته‌نیا مه‌به‌ستی نیشا‌ن دانی گرینگی وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی له چیرۆكدا بوو ، به‌ڵام بۆ وه‌ی بزانین، له ڕۆمان یان كورته چیرۆكێكی تایبه‌تدا، ده‌وری هه‌ر كامێك له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه (وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی) چۆنه، ده‌بێ چۆنیه‌تی پێك هاتنیان له‌و ڕۆمان و كورته‌چیرۆكه‌دا شی بكه‌ینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌وه شتێكی ڕوونه كه داڕشتنی [ستروکتور: ساختار] ڕۆمان و كورته چیرۆك زۆر لێك جیاوازن و كورته چیرۆك به‌هۆی كورت بوونی و داڕشتنی تایبه ت[ژماره‌ی كه‌می كه‌سایه‌تییه‌كان، رووداوه‌كان ،...] به ئه‌ندازه‌ی ڕۆمان مه‌ودای سازكردنی وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی نییه و كه‌سایه‌تییه‌كانی كورته چیرۆك زۆر ساكارترن له كه‌سایه تییه‌كانی ڕۆمان. كه‌وابوو، له لێكدانه‌وه‌ی چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه له‌به‌ر چاو گیراوه.
ڕه‌وشتی لێكدانه‌وه‌ی ئێمه، ڕه‌وشتێكی زمان‌ناسی-نیشانه ناسانه‌یه، و وه‌گێڕ و كه‌سایه‌تی وه‌ك دوو دیارده‌ی زمانی وه‌به‌رچاو ده‌گیرێ و نه‌ك ته‌نیا وه‌ك دوو بوونه‌وه‌ری گیانداری ئاماڵ[به شێوه] ئینسان.
پێك هاتنی كه‌سایه‌تی [حه‌مه‌ڕه‌ش]
هه‌ر وه‌ک کوتمان، كه‌سایه‌تی، یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی هه‌ر چیرۆكێك و له هه‌مان كات یه‌كێك له كلیله‌كانی تێگه‌یشتنی چیرۆكه. لێكدانه‌وه سوننه‌تییکان، كه سایه‌تی ته‌نیا له ه‌ێندێك تایبه‌تمه‌ندی ده‌روونناسانه‌دا كورت ده‌كه‌نه‌وه و زۆر جار كه‌سایه‌تی وه‌ك گیانله‌به‌رێكی ڕاسته‌قینه وه‌به‌رچاو ده‌گرن، واته كه‌سایه‌تی [كه ستراکتوورێكی زمانی-چیرۆكییه] ده‌گه‌ڵ كه‌س [یانی ئینسانی زیندووی دونیای واقیعی] به یه‌ك داده‌نێن. به‌ڵام وه‌به‌ر چاوگرتنی كه‌سایه‌تی وه‌ك نیشانه‌یه‌كی زمانی یارمه‌تیمان ده‌دا ئه‌م دیارده وه‌سف بكه‌ین. وه‌سف كردنی كه‌سایه‌تی وه‌ك نیشانه یانی له ڕاستیدا'' هه‌ڵبژاردنی ڕوانگه‌یه‌ك كه كه‌سایه‌تی ده‌خاته نێو په‌یامێكی [واته ده‌قی چیرۆك] زمانی، كه له كۆمه‌ڵێك نیشانه پێكهاتووه.''
كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا به‌سه‌رهاتی كابرایه‌كی جووتیاری خه‌ڵكی شاره‌زوور به‌نێوی ''حه‌مه‌ڕه‌ش'' ده‌گێڕێته‌وه كه له به‌ر نه‌هاتی و نه‌داری و به‌هیوای دۆزینه‌وه‌ی كارێك هه‌ڵوه‌دای شاری هه‌ڵه‌بجه ده‌بێ. به‌ڵام له‌به‌ر نه‌خۆشی و لاوازی كه‌س كاری ناداتێ و ناچار ده‌بێ ده‌س بكا به سواڵ.
پێكهاتنی كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش له‌ڕێی ه‌ێندێك ئامێری زمانی و نیشانه‌یی به‌ڕێوه ده‌چێ. ئه‌م نیشانانه ده‌كرێ له پاراگرافێك یان له ته‌واوی ده‌قدا بڵاو ببنه‌وه. ئه‌ركی شیكردنه‌وه‌ی زمانه وانه‌یی ئه‌وه‌یه ئه‌م نیشانانه كۆكاته‌وه و بۆ لێكدانه‌وه‌ی ده‌وری كه‌سایه‌تی له ڕووداوه‌كان و هه‌روه‌ها له ته‌واوی ده‌قدا كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرێ. ه‌ێندێك له ئامێره‌كانی سازبوونی كه‌سایه‌تی له كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا بریتین له : ناونانی كه‌سایه‌تی، نیشانه‌كردن[ دووپات كردنه‌وه، شێوه ئاوه‌ڵناوه‌یی و...]. لێره‌دا، ده‌وری هه‌ر كام له‌م ئامێرانه له پێكهاتنی كه‌سایه‌تیدا شی ده‌كه‌ینه‌وه.
نێو لێنانی كه‌سایه‌تی :
نووسه‌ر نێوێك بۆ كه‌سایه‌تی یان كاراكتێری چیرۆكه‌كه ی هه‌ڵده‌بژێرێ. نێوی كه‌سایه‌تی ده‌بێ هه‌ڵگری ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و و ئه‌و بایه‌خانه بێ كه وه‌گێر ده‌یخاته پاڵی.
هه‌ڵبژاردنی نێوی حه‌مه‌ڕه‌ش بۆ ئه‌و چیرۆكه هه‌ڵكه‌وتی و له خۆوه نییه به‌ڵكوو ه‌ێندێك هۆی سه‌ره‌كی هه‌یه : حه‌سه‌ن قزڵجی وه‌ك پسپۆڕی كۆمه‌ڵی كورده‌واری، ده‌زانێ كابرایه‌كی ڕه‌ش و ڕووتی ، له‌ڕولاوازی لادێیی ناتوانێ هه‌ڵگرێ نێوێك بێ كه ده‌گه‌ڵ بارودۆخی چینایه‌تی ئه‌و یه‌ك نه‌گرێته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌جێی حه‌مه‌ڕه‌ش، قاره‌مانی چیرۆك نێوی ''بایز ئاغا''، ''عه‌لی خان'' یان شتێکی دیکه بایه، ئه‌و بۆچوونه یان ده‌گه‌ڵ مه‌نتیقی چیرۆك نه ده‌هاته‌وه یان ته‌واو بایه‌خه‌كانی ئیدۆلۆژیكی چیرۆكی ده گۆڕی. وه‌ك په‌ڕاوێزێك ده‌بێ بڵێین كه نێوی ''حاجی ڕه شید''یش بۆ خۆی هه‌ڵگری هۆ و مانایه‌كی تایبه‌تییه . هه‌ر كه‌سایه‌تێك ده‌بێته نیشانه و نۆینه‌ری به هایه‌ك.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌می كورته چیرۆك. نێوی كه‌سایه‌تی چیرۆك پێكهاتووه له دوو به‌ش : حه‌مه+ ڕه‌ش. ئاوه‌ڵناوی ''ڕه‌ش'' ڕه‌نگه خۆازه‌یه‌ك بێ بۆ چاره‌نووسی ڕه‌ش و بارۆدۆخی ناله‌باری قاره‌مانی چیرۆك. چه‌ند وێنه‌ی پڕمانای دیكه‌ش ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنن :
''دووكه‌ڵه‌كه له كونێكی ڕه‌شی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌شكه‌وت ده‌هاته‌ده‌رێ، خۆی كرد به كونه‌كه‌دا''[حه‌سه‌ن قزڵجی،پیكه‌نینی گه‌دا، به‌غدا، 1985،چاپی سێهه‌م،چاپه‌مه‌نی ره‌هره‌وی مه‌هاباد،1377، ل20]
قیر،خه‌تی ڕه‌ش : ''ئه‌وه‌نده بایه‌که ڕایده‌وه‌شاند به‌فره‌كه بۆیه‌ی سپی تێ هه‌ڵده‌سوو. فایده‌ی نه‌بوو، سه‌رتاپا ده‌تگوت له قیرت هه‌ڵكێشاوه، ڕه‌شاوی لێ ده‌چۆڕاوه و به دوایدا خه‌تێكی ڕه‌شی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی به‌فری سه‌ر زه‌وییه‌كه ده‌كێشا، به‌ڵام له‌و وه‌خته‌دا كێ هه‌بوو ئه‌وه‌نده وردبێ ئه‌م خه‌ته بخوێنێته‌وه و به‌سه‌رهاتی ئه‌و تێ‌بگا[هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ره‌كانی 21 و 22].
نیشا‌ن كردنی كه‌سایه‌تی
نیشا‌ن كردنی كه‌سایه‌تی چیرۆك یانی خستنی ه‌ێندێك تایبه‌تمه‌ندی و نیشانه، دوای نێولێنانی. ئه‌م خاڵه بۆ خوێنه‌ری چیرۆك گه‌لێك گرینگه چۆنكوو به یارمه‌تی ئه‌و نیشانانه خۆینه‌ر وێنه‌یه‌ك له قاره‌مانی چیرۆك له‌لای خۆی پێكدێنێ كه ده‌توانێ ببێته‌هۆی سه‌مپاتی [هۆگری] یان ئانتی پاتی [دژایه‌تی و كینه‌ی] خۆینه‌ر له ئاست قاره‌مان.
نیشانه كردن له رێی چه‌ند ئامیری زمانییه‌وه به‌رێوه ده‌چێ :
1- دووپات كردنه‌وه‌ی نێوی كه‌سایه‌تی : هه‌تا نێوه‌ڕاستی چیرۆكه‌كه نێوێك له‌ئارادا نییه و قاره‌مان ته‌نیا به ڕاناوی ''ئه‌و'' كه زۆریش ونه دیاری ده‌كرێ. پاش هێنانی نێوی ''حه‌مه‌ڕه‌ش'' و به په‌ره‌سه‌ندنی چیرۆكه‌كه، نێوی ''حه‌مه‌ڕه‌ش'' بۆ نۆ[9] جار دووپات ده‌بێته‌وه.
دووپات كردنه‌وه یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دا به دوای كه‌سایه‌تی چیرۆكدا بڕوا و به‌م چه‌شنه زانیاری خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌و زیاد بكا. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر نێوی كه‌سایه‌تی چیرۆك نییه كه ئه‌م ده‌وره ده‌گێڕێ به‌ڵكوو، دووپات بوونه‌وی ه‌ێندێك ئامێری زمانی تریش یارمه‌تی خۆینه‌ر ده‌ده‌ن كه‌سایه‌تی به‌پێی په‌ره‌گرتنی چیرۆك چاكتر بناسێ:
2- ڕاناوی سێهه‌مین كه‌س : ئه‌م جۆره دووپات بوونه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت له دووپات بونه‌وه‌ی نێوی كه‌سایه‌تی زۆرتره . چه‌ند نموونه‌ی خواره‌وه :
''ئه‌و گه‌وزه‌ی ئه‌و له دره‌ودا ده‌یوه‌شاند، كه‌م پاڵه هه‌بوو بیوه‌شێنێ''[هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه19]
''فایده‌ی نه‌بوو، سه‌رتاپا ده‌گوت له‌قیرت هه‌ڵكێشاوه، ڕه‌شاوی لێ ده‌چۆڕاوه و به دوایدا خه‌تێكی ڕه‌شی له سه‌ر لاپه‌ڕی به‌فری سه‌ر زه‌وی ده‌كێشا، به‌ڵام له وه‌خته‌دا كێ هه‌بوو ئه‌وه نده ورد بێ ئه‌م خه‌ته بخوێنێته‌وه و به‌سه‌رهاتی ئه‌و تێ‌بگا؟''[لاپه‌ڕه‌كانی 21-22]
3- دووپات بوونه‌وه‌ی واته‌یی [وشه] كه ده‌كرێ به چه‌ند شێوه بێ :
1-3) جێگری واته‌یی : یانی وشه‌یه‌ك جێی وشه‌یه‌كی دیكه ده‌گرێ كه به ماناوه زۆری لێ نزیكه. له نموونه‌ی خۆاره‌وه وشه ی ''گه‌دا'' به جێی ''حه مه‌ڕه‌ش'' به‌كار هاتووه و ''سه‌عه'' (به ئیشاره‌ی ناڕاسته و خۆی وه‌گێر) نیشانه‌یه‌كی گرینگ ده‌خاته پاڵ قاره‌مانی چیرۆك و ڕه‌سمیه‌ت ده‌داته هاتنی بۆ نێو ڕیزی گه‌دایان یان باشتره بڵێین چه‌وساوه‌کان :
'' سه‌عه قاپییه‌كه‌ی كرده‌وه، چاوی به حه‌مه‌ڕه‌ش كه‌وت. له وه‌ڵامی كابرادا گوتی : به‌گم، بێژم چی! داوه‌ڵی ڕه‌شه، وادیاره گه‌دایه.''[لاپه ڕه 23]
2-3) شێوه ی ئاوه‌ڵناویی : له م چه‌شنه دووپاته‌یه‌دا ه‌ێندێك ڕسته ده‌خرێنه پاڵ كه‌سایه‌تی كه ته‌وسیفین. نموونه‌ی خواره‌وه ئه‌وه‌مان پێ ده‌سه‌لمێنێ :
''حه‌مه‌ڕه‌ش به درێژایی ژیانی كوڕی ناو مه‌زراو و شیناوه‌رد بوو...''[لاپه ڕه ی 19]
لێره‌دا، ده‌سته‌واژه‌ی '' كوڕی ناو مه‌زراو و شیناوه‌رد'' وه‌سفی باروودۆخی حه‌مه‌ڕه‌ش پێش ئه‌وه‌ی تووشی مه‌ینه‌تباری و كۆچی شاری بێت ده‌كا. به به‌راورد كردنی ئه‌و دوونیشانه‌ی كه خراونه‌ته پاڵ حه‌مه‌ڕه‌ش یانی ''كوڕی ناو مه‌زرا و شیناوه‌رد'' و ''گه‌دا'' بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه وه‌گێڕ [و به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ نووسه‌ریش] چه‌شنێك مێتامۆرفۆزی [ڕه‌مۆزن] سه‌لبی قاره‌مانمان پێ نێشان ده‌دا. به‌ڵام ئه‌م مێتامۆرفۆزه زۆرتر هۆی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه تا تاكه‌كه‌سی. لێره‌دا ده‌بێ به كورتی بڵێین كه شێوه‌ی نیشانه‌كردنی كه‌سایه‌تی چیرۆك له ڕاستیدا بۆ چوونی وه‌گێڕ و نووسه‌ر له ئاست كه‌سایه‌تییه‌كان و ڕووداوه‌كانی نێو ده‌قه‌كه ده‌سه‌لمێنێ.
جگه له نێوی كه‌سایه‌تی، ه‌ێندێك ئامێری دیكه‌ی نیشانه كردن ده‌ور ده‌گێڕن له ناساندنی به خۆێنه‌ر، به تایبه‌ت پێناسه‌ی كه‌سایه‌تی :
پێناسه‌ی كه‌سایه‌تی :
سێ شت به تایبه‌تی كه‌ساتیمان پێ ده‌ناسێنن : له‌ش، لیباس، ژیانی ده‌روونی كه‌سایه‌تی.
1- له‌ش : له‌شی كه‌سایه‌تی وێنه‌ی فیزیکی ئه‌و دابین ده‌كا. كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش به‌و جۆره‌ی وه‌گێڕ وه‌سفی ده‌كا له‌شێكی نه‌خۆش و له‌ڕ و لاوازی هه‌یه : ''ده‌تكووت ملی وه‌كوو فه‌نه‌رێکی ڕه‌واوه وایه و توانای ئه‌وه‌ی تێدا نه‌ماوه سه‌ره‌كه‌ی بۆ به‌رز كاته‌وه....ئه‌مجار په‌نجه‌كانی له به‌ر یه‌ك ترازاندو و ده‌ستی نا سه‌ر زه‌وییكه. به‌و نه‌خته هێزه‌ی كه له ده‌ستیدا مابۆوه یارمه‌تی قاچه‌كانیدا، هه‌موو جمگه‌كانی كه‌وتنه قرچه‌قرچ تا ڕاسته‌وه بوو''[ل.18]
2- لیباس : ئه‌و لیباسه‌ی كه‌سایه‌تی له به‌ری ده‌كا نه ته‌نیا پێمان ده‌لێ له كام تویژی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه دێ، به‌ڵكوو نیشانده‌ری سیما و ڕواڵه‌تی ئه‌وه : وه‌گێڕ زۆر باسی پۆشاكی حه‌مه‌ڕه‌ش ناكا . ته‌نیا باسی لێفه شڕه‌كه‌ی ده‌كا كه له هه‌موو جێیه‌ك به دوای خوێدا ده‌یكێشی. هه‌ڵبه‌ت له سه‌ره‌تای چیرۆك، نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی خوازه‌یی و به‌هێنانی مه‌ته‌ڵێكی كوردی ئاماژه به بێ به‌رگی كه‌سایه‌تی چیرۆك ده‌كا : ''بێ كراس گه‌زه جا‌و به خه‌و ده‌بینێ''[ل.16]
3- ژیانی ده‌روونی : وه‌نسان ژوو ، بووتیقاناسی فه‌ڕانسه وی ده‌ڵێ :'' ژیانی ده‌روونی كه‌سایه‌تی چیرۆك پێوه‌ندی هه‌یه ده‌گه‌ڵ ه‌ێندێك کردار [فیعل] وه‌ك : توانین، ویستن، زانین و پێویست بوون. له ڕاستیدا پێوه‌ندی خوێنه‌ر ده‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی چیرۆك له چوارچێوه‌ی ئه‌م کردارانه‌دا هه‌ڵده‌كه‌وێ : ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تی ته‌نیا ئه‌و شته‌ی بوێ كه ده‌توانی ئه‌نجامی بدا و ته‌نیا ئه‌و شته ده‌زانێ كه پێویسته ئه‌نجامی بدا، ئه‌و كه‌سایه‌تییه به كه‌سایه‌تییه‌كی ساكار و ساویلکه [گه وج] ده‌ناسرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستی كه‌سایه‌تی زیاتر له توانایی ئه‌و بێ و زیاتر له‌وه‌ی پێویسته بزانێ، ئه‌م كه‌سایه‌تییه ژیانێكی ده‌روونی قووڵی هه‌یه.' '
هه‌ر چه‌نده ژیانی ده‌روونی كه‌سایه‌تی ڕۆمان به هۆی درێژ بوونی [ڕۆمان] زۆرتر په‌روه‌رده ده‌كرێ تا ژیانی ده‌روونی كه‌سایه‌تی كوورته چیرۆك، به‌ڵام حه‌مه‌ڕه‌ش له كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا، ژیانێكی ده‌روونی مامناوندی هه‌یه. له كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش ئه‌و چوارکردارانه‌ی باسمان كردن، به شێوه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ر و جاری وایه دژ به‌یه‌ك دابه‌ش كراون :
الف- توانین/ویستن : توانایی كه‌سایه‌تی چیرۆك ده‌گه‌ڵ ویستی ئه‌و یه‌ك ناگرنه‌وه. كاره‌ساتی ئه‌م كورته چیرۆكه شایه‌د هه‌ر له‌وه‌ش دابێ : له حاڵێكدا حه‌مه‌ڕه‌ش ده‌ستی له ژیانێكی ئاسایی شتۆته‌وه [ژنوو منداڵه‌كی كه‌ی مردوون، مانگاكه‌ی حاجی ڕه‌شید بردوویه‌تی و...]، به‌ڵام ویستی كاركردن و هاتنه‌ده‌ر له‌و حاڵه ناله‌باره له ده‌روونیدا زۆر به هێزه. دووشت پێشی ئه‌م ویسته ده‌گرن : له‌شی له‌ڕ و لاواز و نه‌خۆش(هۆی ڕواڵه‌تی) و جه‌بری ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تی ( هۆی ڕاسته‌قینه) . ئه‌م دژایه‌تییه‌ی نێوان توانین/ویستن ده‌توانێ نموونه‌یه‌ك بێ له ژیانی واقیعی زۆر كه‌س و له ئاكامدا ببێته هۆی سه‌مپاتی و بگره به‌زه‌یی خوێنه‌ر به‌رامبه‌ر حه‌مه‌ڕه‌ش.
ب- زانین / پێویست بوون : ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه له لای كه‌سایه‌تی زۆر په‌روه‌رده نه‌كراوه، زۆر جار وه‌گێڕ ئه‌م كاره به جێی حه‌مه‌ڕه‌ش ئه‌نجام ده‌دا. وه‌گێڕی چیرۆكی قزڵجی له‌باری به‌ڕێوه بردنی لایه‌نی ئێدۆلۆژیكی چیرۆك له وه‌گێڕی ه‌ێندێك له ڕۆمانه‌كانی ئێمیل زۆلا زۆر نزیكه، یانی له زۆر جێ كرده‌وه ده‌سپێردرێ به كه‌سایه‌تی، به‌ڵام لێكدانه‌وه و ڕامان له ژێر ده‌سته‌ڵاتی وه‌گێڕ ده‌مێنێته‌وه.
به به‌راورد كردنی ئه‌م دوو جووته ته‌وه‌ره [توانین/ویستن، زانین/پێویست بوون] به‌و ئاكامه ده‌گه‌ین كه كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش نه ساكاره نه قووڵ، به‌ڵكوو له نێوان ئه و دوو قۆناغه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه. كه‌سایه‌تی كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا به‌و جۆره‌ی پێویسته ساز و په‌روه‌رده كراوه : ئیمكانی سازكردنی كه‌سایه‌تییه‌ك كه ده‌روونێكی ڕه‌وانی قووڵی بێ له چوارچێوه‌ی كورته چیرۆكدا زۆر حه‌سته‌مه، ئه‌ویش له كورته چیرۆكێكدا كه له چوارچێوه‌ی ڕێئالیسمی سۆسیالیستی هه‌ڵده‌كه‌وێ و له‌ودا، كرده‌وه و تێكۆشانی ژیانی ڕۆژانه به‌هێزتره له بیر كردنه وه‌ی ده‌روونی. به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌ش، كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش ساكار و ساده نییه، به‌لکۆ هه‌ر وه‌ك دیتمان ته‌وه‌ره‌ی توانین/ ویستن له‌ودا(هه‌ر چه‌ند به ئه‌ندازه‌یه‌ک نابه‌رابه‌ر) به‌هێزه و ته‌وه‌ره‌ی زانین/پێویست بوون له‌ودا ''ئاوڵه‌مه‌یی [جه‌نینی]''یه ، یانی ئه‌گه‌ر چی ڕامانی فه‌لسه‌فی و قووڵ له كه‌سایه‌تی به‌دی ناكرێ، به‌ڵام له زۆر جێ، كه‌سایه‌تی له حاڵی زاری ئاگاداره، ده‌وروبه‌ری خۆی جوان ده‌بێنێ ( هه‌ڵبه‌ت ه‌ێندێك جار هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه حه‌مه‌ڕه‌ش له نێوان خه‌ون و بێداری دایه و زۆرتری هه‌سته‌كانی له قۆناغی فیزیۆلۆژیكی تێناپه‌ڕن).
پێك هاتنی وه‌گێڕ
پێكه‌نینی گه‌دا، چیرۆكی سێهه‌م كه‌سه [ئه و]. كه‌وابوو وه‌گێڕ نه‌ناسراوه، به‌ڵام نیشانه‌كانی بوونی له ته‌واوی چیرۆكدا خۆیان ده‌نوێنن. له زۆر جێ ه‌ێندێك ده‌ست تێوه‌ردان، ه‌ێندێك ته‌فسیر و بڕیار بوونی وه‌گێر نیشا‌ن ده‌ده‌ن : به یارمه‌تی چه‌ند نموونه‌ی هه‌ڵبژێردراو له ده‌قی پێكه‌نینی گه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌گێر له‌و كورته چیرۆكه‌دا سازكه‌ینه‌وه :
''لێفه شڕه‌كه‌ی به شانی‌دا دا، ده‌ستی دا گاڵۆكه‌كه‌ی و له‌قه له‌ق كه‌وته ڕێ. ئه‌وه‌نده بایه كه ڕای ده‌وه‌شاند به‌فره‌كه بۆیه ی سپیی تێ هه‌ڵده‌سوو. فایده‌ی نه‌بوو، سه‌رتاپا ده‌تگوت له قیرت هه‌ڵكێشاوه، ڕه‌شاوی لێ ده‌چۆڕاوه و به‌دوایدا خه‌تێكی ڕه‌شی له‌سه‌ر لاپه‌ڕی به‌فری سه‌رزه‌وییه‌كه ده‌كێشا، به‌ڵام له وه‌خته‌دا كێ هه‌بوو ئه‌ونده ورد بێ ئه‌م خه‌ته بخوێنێته‌وه و به سه‌رهاتی ئه‌و تێ بگا؟''[هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه‌کانی 22-21]'
لێره‌دا ئامرازی پێوه‌ندی ''به‌ڵام'' ده‌قه‌كه ده‌كا به دوو به‌ش : به‌شی یه‌که‌م گێرانه‌وه‌ی ساكاری ڕووداوه‌كانه و ته‌واوی کرداره‌کان به كاتی ڕابردوون ، به‌ڵام به‌شی دووهه‌م زۆرتر به‌ڵگه هێنانه‌وه‌یه[ئیستیدلال] و وه‌گێڕ به پرسیاری گرینگ كه بێ وڵام ده‌مێنێته‌وه، سه‌مپاتی و بگره دڵسۆزی خۆی له ئاست حه‌مه‌ڕه‌شدا ده‌سه‌لمێنێ (ئه‌و شته له ڕاستیدا بۆچوونی خودی نووسه‌ره به‌رامبه‌ر به چینی چه‌وساوه). به زمانی ساكارتر، به شی یه‌که‌م گێرانه‌وه‌ی په‌تی و به‌شی دووهه‌م ، ته‌فسیرییه.
چه‌ندین نموونه‌ی زۆر به‌ر چاوی دیكه‌ش بوونی وه‌گێر ده‌سه‌لمێنن :
'' ئه‌گه‌ر له‌و وه‌خته‌دا سه‌ری به‌رز كردایه‌ته‌وه له به‌رانبه‌ری خۆی بیڕوانییایه‌ته ته‌به‌قی ڕۆژ، ڕه‌نگ بوو له كولێره‌یه‌كی گه‌نمه شامی دا‌غ به‌و لاوه هیچی تری به خه‌یاڵدا نه‌هاتایه. ''بێ كراس گه‌زه جا‌و به خه‌و ده‌بینێ''. كابرای نه‌خۆش و برسیش كه چاوی تراویلكه ده‌كا، دوور نییه ڕۆژی لێ ببێته كولێره‌ی زه‌رد و زۆڵی گه‌رمه ته‌نووری گه‌نمه‌شامی.''[لاپه‌ڕه‌كانی 17-16]
وه‌ك نموونه‌ی پێشوو، ئه‌م ده‌قه گێرانه‌وه و ته‌فسیر تێكه‌ڵ ده‌كا : له گێرانه‌وه‌ی په‌تی ده‌ست پێده‌كا تا ده‌گاته قۆناغی ته‌فسیری :
1- ئه‌گه‌ر له‌وه‌خته‌دا سه‌ری به‌رز كردایه‌ته‌وه له به‌رانبه‌ری خۆی بیڕوانییایه‌ته ته‌به‌قی ڕۆژ...
2- ڕه‌نگ بوو له كولێره‌یه‌كی گه‌نمه‌شامی دا‌غ به‌و لاوه هیچی تری به خه‌یاڵدا نه هاتایه.
3- كابرای نه‌خۆش گه‌زه جا‌و به‌خه‌و ده‌بینێ.
4- كابرای نه‌خۆش و برسیش كه چاوی تراویلكه ده‌كا، دوور نییه ڕۆژی لێ ببێته كۆلێره‌ی زۆرد و زۆڵی گه‌رمه‌ته‌نووری گه‌نمه‌شامی.
له رسته‌ی دووهه‌مه‌وه، وه‌گێڕ بوونی خۆی راده‌گه‌یێنێ : به كارهێنانی ده‌سته‌واژه ی ''ڕه‌نگ بوو'' هه‌وڵی یه‌كه‌می وه‌گێر ده‌نوێنێ بۆ وه‌ی بچێته نێو زه‌ینی حه‌مه‌ڕه‌ش بزانێ شت چۆن ده‌بینێ! هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ك سه‌لماندمان، كه‌سایه‌تی چیرۆك واته حه‌مه‌ڕه‌ش بوونێكی ڕاسته‌قینه ی هه‌یه له نێو چیرۆكه‌كه‌دا، به‌ڵام ڕشته‌ی گێڕانه‌وه له ده‌ست وه‌گێڕ دایه. ده‌سته واژه‌ی ''ڕه‌نگ بوو'' له هه‌مان كاتدا كه نیشانه‌ی حوزووری وه‌گێڕه، به‌ڵام به‌و مانایه‌ی به‌كارهاتووه، نیشا‌ن ده‌دا كه وه‌گێر نایه‌وێ بۆچوونی خۆی داسه‌پێنێ. بۆیه به به كار هێنانی ئه‌و زاراوه‌یه هه‌وڵ ئه‌دا له قۆناغه‌كانی رێئالیسم نه‌چێته ده‌رێ. ه‌ێندێك ئامێری ئه‌وتۆ له ڕاستیدا یارمه‌تی نووسه‌ر ده‌ده‌ن بۆ وه‌ی له سنووری چیرۆكی په‌تی بمێنێته‌وه و نه‌كه‌وێته نێو زیادبێژی ئیدۆلۆژیك. ئه‌و ئامێرانه له كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا دا كه‌م نین :
''له‌وه ده‌چوو''[ل.17]، '' وادیاربوو''[ل.17]، ''به‌لام دژوار بوو بزانرێ''[18]، ''به‌ڵام وادیار بوو''[ل.19]، ''
وه‌گێڕ پێمان ده‌ڵی ئه‌وه من نێم ئه‌و شتانه ده‌ڵێم، خودی چیرۆكه‌كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی وا ده‌چێته پێش.
ته‌واوی ئه‌و ده‌سته واژانه‌ی سه‌رێ كه جێی ده‌ستی وه‌گێڕیان پێوه دیاره له هه‌مان كات وه‌ك ئامێری ونكردنی ئاسه‌واری وه‌گێڕ دێنه كایه‌وه: نووسه‌ر ه‌ێندێك مێكانیسم ده‌خاته ڕوو بۆ ''عه‌ینی''نیشا‌ن دان و ڕاست نواندنی چیرۆكی خۆی و شاردنه‌وه‌ی هه‌رشتێك بۆنی ده‌ست تێوه‌ردان و نرخاندنی نابه‌جیی لێ بێ. جیاوازی كورته چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا ده‌گه‌ڵ ه‌ێندێك له كورته چیرۆكه كانی تر ی نووسه ر ئه وه یه چیرۆكنووس تا ئه و جێیه ی ده توانێ له چوارچێوه‌ی چیرۆكی په‌تی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه.
به‌ڵام، ه‌ێندێك یاسای ده‌روونی چیرۆك و كورته چیرۆك ئه‌م ئیزنه به وه‌گێر ده‌ده‌ن وه‌ك كارگێری چیرۆك بێته مه یدان و ڕووداوه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان كۆنترۆڵ بكات : ڕاده‌ی ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردانه به‌سراوه‌ته‌وه به چه‌شنی رۆمان یان كورته چیرۆك.
ئێتۆس و وه‌گێڕ
بۆ ناسینی زیاتری وه‌گێڕ له پێكه‌نینی گه‌دا ده‌بێ ''ئێتۆس 'ی ئه‌و دووباره ساز كه‌ینه وه. ئه‌ره‌ستوو به‌م چه‌شنه ئێتوس پێناسه ده‌كا :
'' ئێتۆس بریتییه له ه‌ێندێك تایبه‌تمه‌ندی و كاراكتێر كه بێژه‌ر له قسه‌كانیدا ده‌ریده‌خا بۆ وه‌ی وێنه‌یه‌ك له خوێ نیشا‌ن بدا كه ده‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و وتاری ئه‌و یه‌ك بگرێته‌وه''.
كه‌وابوو ئێتوس ه‌ێندێك شێوازی بوون و ئاخاوتنه كه یارمه‌تی ئێمه ده‌دا وێنه‌یه‌ك له وه‌گێڕ ساز بكه‌ین كه بتوانێ بایه‌خه‌كان و ''به‌ڵگه‌كانی '' ئه‌و له چیرۆكدا ساغ كاته‌وه. ئێتۆسی وه‌گێڕی چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا ده‌توانێ به دوو شێوه پێك بێ :
1- ئێتوسی پێش ده‌ق : یانی وێنه‌یه‌ی چاوه‌ڕوان كرا‌و له وه‌گێڕ، پێش نووسینی چیرۆكه‌كه‌ی. وه‌گێڕی چیرۆكی قزڵجی وه‌ك نوێنه‌ری بیر و ڕاكانی ئه‌و ناشێ وێنه‌یه‌كی بێ كه ده‌گه‌ڵ بڕوای ئه‌و دژایه‌تی بێ. ئێتۆسی پێش ده‌قی وه‌گێڕی قزڵجی ده‌گه ڵ ئێتۆسی وه‌گێری ناو ده‌قی چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا ته‌واو یه‌ك ده‌گرنه‌وه. هه‌ر وه‌ك چۆن قزلجی چیرۆكنووس بڕوای به كێشه‌ی چینایه‌تی هه‌یه و هۆگری چینی چه‌وساوه‌یه، وه‌گێر له چیرۆكه‌كه‌یدا ته‌واو لایه‌نی حه‌مه‌ڕه‌ش وه‌ك چه‌وساوه‌یه‌كی كورد ده‌گرێ. كۆچی نابه‌دڵی حه‌مه‌ڕه‌شی وه‌رزێڕ له دێوه بۆ شاریش ده‌گه‌ڵ ئیدۆلۆژی نوسه‌ر یه‌ك ده‌گرێته وه : ئه‌م كۆچه نیشانه‌ی تێپه‌ڕ بوونی كۆمه‌ڵی كورده‌وارێ له دۆزی ده‌ره‌به‌گایه‌تی [فێئوداڵی] بۆ قۆناغی بورژوازی و پێکهاتنی چینی كرێكاره[هه‌ر چه‌ند ئه‌م پێکهاتنه هێستا زۆر ساكار بێت ] .
2- ئێتۆسی وتاری : هه‌ر وه‌ك كوتمان وه‌گێڕ ته‌نیا كاری گێڕانه‌وه‌ی په‌تی نییه، به‌ڵكوو ه‌ێندێك ئه‌ركی دیكه‌شی له ئه‌ستۆیه، بۆ نموونه ئه‌ركی ئیدۆلۆژیك كه زۆرتر له وتاری چیرۆكدا خوێ نیشا‌ن ده‌دا. له پشت چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا، وتارێكی ئیدۆلۆژیك هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م وتاره قه‌ت تا ئه‌ندازه‌ی درووشم ناچێته پێش و ژیرانه خۆی له چوارچێوه‌ی چیرۆكدا ده‌شارێته‌وه. ئیتۆسی وتاری وه‌گێڕ له‌ملاو له‌ولای چیرۆك، له چه‌ند وشه و ڕسته‌دا خوێ ده‌نوێنێ :
وه‌گێڕی پێكه‌نینی گه‌دا بۆ سه‌لماندنی وتاری خۆی په‌نا ده‌باته په‌ندی پێشینیان و مه‌ته‌ڵۆكی كوردی، چۆنكه په‌ند و مه‌ته‌ڵۆك ئاكامی ئه‌زموونی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كن وبه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌میشه ڕوویان له یادی هاوبه‌شه [حافیزه‌ی جه‌معی]، هێزی قناعه‌ت هێنانیان له لای خۆینه‌رانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه یه‌كجار زۆره. وه‌گێر جارێك بۆ خۆی و جارێكیش له زمان حه‌مه‌ڕه‌شه‌وه دوو په‌ندی پێشینیان به كار دێنێ : ''بێ كراس گه‌زه‌جاو به خه‌و ده‌بێنێ''[ل.16]، ''هه‌ر كه‌س گوێز له هه‌مانه‌ی خۆی ئه‌ژمێرێ''[ل.23]
ڕسته‌ی واش هه‌ن كه په‌ند و مه‌ته‌ڵۆك نین، به‌ڵام به هۆی كورت بوونیان و گشتی بوونیان، ه‌ێندێك بیر و باوه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌نوێنن، وه‌ك ئه‌م وته‌یه له سه‌ر کار كردنی كرێكار : ''خه‌ڵك كرێكاری ده‌ویست كه هه‌ر له به‌یانییه‌وه تا ڕۆژئاوا پشوو نه‌دا و وه‌كوو خولخوله هه‌ڵخولێ.''
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕسته‌یه كه بیروباوه‌ڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به‌ر بڵاوه دژی ئیدۆلۆژی وه‌گێڕه[و نووسه‌ره]،چونكو ئێتوسی پێش ده‌قی وه‌گێڕ باوه‌ڕی به یه‌كسانی ئینسانه‌كانه و ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ كرێكارله به‌یانییه‌وه تا ئێواره وه‌ك خولخوله هه‌ڵسووڕێ به ئیدۆلۆژیكی سوودخوازانه‌ی چینایه‌تی داده‌نێ.
ئیتوسی وتاری وه‌گێڕ پێمان ده‌ڵێ كه وه‌گێر ته‌واو بۆچوونێكی چینایه‌تی هه‌یه : نمونه‌ی ئاخری چیرۆكه‌كه ئه‌م شته جوان ده‌سه‌لمێنێ : به‌راورد كردنی توونی حه‌مام كه حه‌مه‌ڕه‌ش و توونچی تێیدا ده‌ژین، ده‌گه‌ڵ ماڵی كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازی نێوان ئه‌و دوو ژیانه، دوو دونیای زۆر لێک جیاواز ده خوڵقێنێ : دونیای كابرایه‌كی گه‌دا كه به‌یانی زوو هه‌ڵده‌ستێ بۆ سواڵ كردن و بۆ وه‌ی له برسان نه‌مرێ و دونیای كابرایه‌كی دارا كه نوێژی نێوه‌ڕۆ له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ و كڵفه‌ت و نۆكه‌ری هه‌یه. ئه‌م جیاوازییه ڕواڵه‌تییه، خوڵقێنه‌ری ه‌ێندێك جیاوازی بۆ چوون و ئاخاوتنیشه نێوان كه‌سایه‌تێكان كه هه‌ر كام نوێنه‌ری چینێكن.
جیاوازی وتاری نێوان حه‌مه‌ڕه‌ش و سه‌عه و حاڵی نه‌بوونیان له یه‌كتر به هۆی له خۆ بێگانه بوونی سه‌عه‌یه كه له چینی خۆی دوور كه‌وتۆته‌وه (وه‌گێڕ ئه‌و له یه‌ك نه‌گه‌یشتنه به شێوه‌ی دیالۆگێكی گاڵته جارانه و به‌كارهێنانی په‌ندێكی پێشینیان نیشا‌ن ده‌دا)، له حاڵێكدا، نێوان حه‌مه‌ڕه‌ش و توونچی ئه‌م جیاوازییه به‌دی ناكرێ.
هه‌ر وه‌ها وه‌سفێك كه وه‌گێڕ له كابرای ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كا، ته‌واو نرخاندنێكی سه‌لبییه و ئانتی پاتی ئه‌و له ئاست ئه‌م كه‌سایه‌تییه ده‌سه‌لمێنێ (هه‌ر چه‌ند وه‌گێڕ به چاوی حه‌مه‌ڕه‌ش ته‌ماشای كابرا ده‌كا) :
''كابرایه كی سه ر زله، به سه ری ڕووت و باوه شێ قژه وه، كولێره ت له لاملی ساوی یایه چه وری ده كرد...''[ل.23].
ئاكام : هه‌ر وه‌ك دیتمان كه‌سایه‌تی چیرۆكی پێكه‌نینی گه‌دا له ه‌ێندێك نیشانه‌ی زمانی و ه‌ێندێك كرده‌وه پێك هاتووه كه ورده ورده و به پێش چوونی كورته چیرۆك ده‌خرێنه پاڵ یه‌ك بۆ سازكردنی كاراكتێری حه‌مه‌ڕه‌ش. بڵاو بوونی ئه‌م نیشانانه له ناو چیرۆكدا بارێكی دینامێك و چالاكانه ده‌ده ن به چیرۆك، چوون كه‌سایه‌تی ته‌نیا ه‌ێندێك سیفه‌تی لكاو به نێوێكه‌وه نییه، له ڵكوو وه ك سه ر چاوه یه كی گێڕانه وه ئه ركی پیش چوونی چیرۆكیشی به ئه ستۆ یه. له‌ڕاستیدا، دوای ئه‌و لیكدانه‌وه كورته بۆمان ڕوون بۆوه كه كه‌سایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌ش قاره‌مانێكی سه‌رده‌می ئێمه‌یه، چونكوو یه‌خسیری ڕووداوه‌كان و جه‌بری كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری زه‌مانه‌ی خۆیه‌تی. بۆیه، باشتر ئه‌وه‌یه كه وه‌ك دژه- قاره‌مانێك ناس بكرێ.
وه‌گێڕی پێكه‌نینی گه‌دا، نه ناسراو و بێ نێوه و خۆینه‌ر وا هه‌ست ده‌كا كه ڕووداوه‌کان به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌چنه پێش، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك نیشانمان دا، وه‌گێڕ له هه‌موو جێیه‌كی كورته چیرۆك به شێوازی جۆراوجۆر خۆی ده‌نوێنێ : له چه‌ند شوێنی چیرۆك وه‌گێڕ به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ لایه‌نگری خوێ بۆ قاره‌مانی چیرۆك وچینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت ده‌رده‌بڕێ. نرخاندنی سه‌لبی ه‌ێندێك كه‌سایه‌تی كه له ڕه‌وتی چیرۆكدا دژی قاره‌مان ده‌جووڵێنه‌وه و هه‌ر وه‌ها نیشا‌ن دانی دووشێوه ژیانی نا یه‌كسان و دژبه‌یه‌ك، ده‌بێ له چوار چێوه‌ی وتاری ئیدۆلۆژیكی وه‌گێڕ لێك بدرێته‌وه.