تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت
سه‌یدقادرهیدایه‌تی
ئامین! دوایین وشه‌ی دۆن کیشۆتی مه‌زنه . ئایا نیشان ده‌ری ئه‌وه نییه که سێروانتێس ئه‌وکاته‌ی قامکی به دوایین وشه‌وه ده‌له‌رزی، ده‌یزانی ڕۆمانه‌که‌ی ده‌بێته ڕۆمانی پیرۆزی جیهان؟ به‌ڕاستی هه‌تا دۆن کیشۆتم نه‌خوێندبۆوه نه‌مده‌زانی کۆندرا بۆ پێی وایه:« ڕۆمان نووس نابێ سه‌ر به هیچ شتێک بێ، به دۆن کیشۆت نه‌بێ. »
چی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه دوای سێ سه‌ده هه‌ر بمێنێته‌وه و ڕۆژبه‌ڕۆژ خوێنه‌رو لایه‌نگری زیاتر بێ و له هه‌موو ڕۆمانێک پتر خۆشه‌ویست تر و له‌به‌ردڵان تربێ ؟
گێڕانه‌وه، ئه‌و ڕیشه بنه‌ڕه‌تییه‌یه که هه‌موو ڕه‌گه‌کانی دیکه‌ی داستان له سه‌ر پنجی ئه‌و ده‌ڕوێن و گه‌شه ده‌که‌ن . دیاره داستان کاتێک سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ که ته‌واوی توخم وتۆوه‌کانی داستان(وه‌ک گێڕانه‌وه ، که‌سایه‌تی ، فه‌زا ، دیالۆگ و ڕووداو و...) به باشترین شێوه پێکه‌وه پێکهاته‌یه‌کی پته‌و پێک بێنن . له دۆن کیشۆتدا سێحر و جادووی گێڕانه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی 1300 لاپه‌ڕه بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماندوو بوون و وه‌ڕه‌زی بکرێ به تام وچێژه‌وه بخوێنرێته‌وه وجار له‌گه‌ڵ جار پاڵه‌وانه سه‌یره‌که‌ی مانێش له‌پێش چاوی خوێنه‌ر، خوێن شیرین‌تر و ڕه‌زاسووکتر بێ. جادووی گێڕانه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زنجیره‌ی ڕووداوه‌کان بتوانن دوو که‌سایه‌تی بێ وێنه و نه‌مری وه‌ک سانچۆپانزا و دۆن کیشۆت به‌دی بێنن؛ یان دۆن کیشۆت و سانچۆ ڕووداوی سه‌یر و سه‌مه‌ره بخوڵقێنن وببنه هۆی به‌دی هاتنی به‌سه‌رهاتی جۆراوجۆر و سه‌رقاڵ کردنی سێ چوار سه‌ده‌ی خوێنه‌رانیانه‌وه. به گشتی ئه‌م وتاره له‌و ئامراز و شێوازه ڕه‌واییانه ده‌دوێ که بوونه هۆی پێکهێنانی گێڕانه‌وه‌ی جادوویی دۆن کیشۆتی مه‌زن و ناودار.
پێش ئه‌وه‌ی بپه‌رژێینه سه‌ر تایبه‌تییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت ، پێویسته ئه‌وه بڵێین که ساختار و ستروکتوری گشتی دۆن کیشۆت له‌سه‌رتایبه‌تییه‌کانی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی وه‌ک دێکامێرۆن و هه‌زارویه‌ک شه‌و ڕۆ نراوه. زنجیره‌ی دوا به‌دوای یه‌کی ڕووداوه‌کان، ئاڵقه‌یی بوونی چیرۆکه‌کان له نێو یه‌کدا، ده‌وری سه‌ره‌کی چاره‌نووس وهه‌ڵکه‌وت له گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆتدا شوێنێکی بنه‌ڕه‌تییان هه‌یه ؛ که تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵین. ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی له سه‌ر ته‌وه‌ری ڕووداو ده‌خولێته‌وه و ڕووداو له ده‌قه فانتێزی و چیرۆکه فولکلۆره‌کاندا ده‌ورێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێ ؛ هه‌ربۆیه‌کاتێک ڕۆمان له سه‌ر ده‌ستی سێروانتێس له دایک ده‌بێ، ده‌که‌وێته پێ و شوێنی ڕووداوه‌وه. له دۆن کیشۆتدا وه‌ک ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕووداوه‌کان به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وت به‌سه‌ردا دێن و قه‌زاوقه‌ده‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵی به‌سه‌ر ڕووداوه‌کاندا هه‌یه . له ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی کۆن وه‌ک هه‌زارویه‌ک شه‌ودا به هۆی تێپه‌ڕینی خێرا و یه‌ک له دوای یه‌کی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کان داڕشتنی که‌سایه‌تی زۆر ساکار و خۆکرد ولاوازه . به‌ڵام سێروانتێس وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و پتانسێل و هێزه گرینگه‌ی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی که‌ڵکی وه‌رگرتووه، به‌سه‌ر داڕشتنی که‌سه‌کانیدا زاڵه. نزیکی شه‌ش سه‌د که‌س له دۆن کیشۆتدا هه‌ن که زۆریان وه‌ک که‌سایه‌تی داڕژاون؛ به‌تایبه‌ت دوو که‌سی هه‌ره سه‌ره‌کی (دۆن کیشۆت و سانچۆ پانزا) که ئێستا بوونه دووکه‌سایه‌تی به نێوبانگ و نێو به‌ده‌ره‌وه وته‌نانه‌ت بوونه پێشه‌نگ و نمووده بۆ زۆرێک له که‌سایه‌تییه‌کانی ڕۆمانی دوای خۆیان.
له ئه‌ده‌بی خه‌یاڵیدا زۆریی ڕووداوه‌کان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که گێڕانه‌وه ڕیتمێکی به‌په‌له و خێرا به خۆیه‌وه بگرێ . سێروانتێس وێڕای ئه‌وه‌ی له‌م پتانسێله‌ش به‌باشی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی ڕۆمانه‌که‌ی که‌ڵکی وه‌رگرتووه ، زۆرجار ڕسته و گوزاره ڕه‌واییه‌کان به جۆرێک ده‌هۆنێته‌وه که گێڕانه‌وه هێواش وله‌سه‌ره‌خۆ(شایه‌د به پێی ڕۆیشتنی ئه‌سپه نه‌خۆش و لاوازه‌که‌ی دۆن کیشۆت!) بڕواته پێش و جار جاریش توند و خێرا ببێ . ڕاست وه‌ک تێپه‌ڕینی ژیان؛ هێندێک جار توند و به‌په‌له و هێنێک جاریش هێواش وله‌سه‌ره‌خۆ .
1- یه‌کێک له کۆده سه‌ره‌کییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت بابه‌تی چاره‌نووس و هه‌ڵکه‌وته . له خۆڕا نییه که زاراوه‌ی ئه‌زقه‌زا و هاوتاکانی (وه‌ک: خوداوڕاستان ، به‌پێی هه‌ڵکه‌وت و چاره‌نووس وای کرد) زیاتر له 500 جار له‌و ڕۆمانه‌دا دووپات بوونه‌وه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که‌وه سێروانتێس پێمان ده‌ڵێ که دۆن کیشۆت وه‌ها سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه پاڵه‌وانییه‌کان ده‌بێ ،که پاڵه‌وانیه‌تی وجوامێری و ته‌نانه‌ت دڵدارییه‌کانی ئه‌وان گیرۆده‌ی ده‌که‌ن . به جۆرێک که شه‌و هه‌تا ڕۆژ و ڕۆژ هه‌تا شه‌و سه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وکتێبانه هه‌ڵناگرێ؛ تاکوو وای لێ دێ له‌به‌ر بێ خه‌وی و زۆر خوێندنه‌وه ، مێشکی برش دێنێ و عه‌قڵی ده‌گۆڕێ. دایمه و ده‌رهه‌م سێحر و جادوو وشریخه‌ی شیر و شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه و ڕمبازێن و دڵداریی پاڵه‌وانه‌کان له مێشکیدا جمه‌ی دێ و وا باوه‌ڕ ده‌کا که ئه‌و به‌سه‌رهات و ڕووداوه سازکراوانه له ڕاسته‌قینه‌ش ڕاسته‌قینه‌ترن . هه‌ربۆیه کاتێک عه‌قڵی وه‌ها برش دێنێ که به هیچ شتێک عیلاجی نایه ؛ ڕۆژێک له ڕۆژان بڕیار ده‌دا ببێته پاڵه‌وانی گه‌ڕیده و له‌پێناوی خزمه‌ت به لێ قه‌وماوان و لاگیریی له به‌ش خوراوانی دنیا، به پێی داب و نه‌ریتی کتێبه پاڵه‌وانییه‌کان خۆی ساز ده‌کا و سواری ئه‌سپه‌که‌ی ده‌بێ و له گونده‌که‌ی وه‌ده‌رده‌که‌وێ و به لاسایی پاڵه‌وانه سه‌ربه‌گێچه‌ڵه‌کانی نێو کتێبه‌کان به‌دووی ڕووداودا ده‌خولێته‌وه : « پاڵه‌وان ملی ڕێی گرته‌به‌ر؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕێیه‌ی که ئه‌سپه‌که‌ی پێیدا ده‌ڕۆیشت.» ئه‌سپه‌که‌ی بۆ هه‌ر کوێیه‌ک بڕوا ، ئه‌ویش ده‌ڕوا و ڕووداو له‌دوای ڕووداو به‌سه‌ریدا دێ . ده‌کرێ بکوترێ که ئه‌و ئه‌سپه ئه‌سپی خه‌یاڵی سێروانتێسه که به بێ له‌غاو و هه‌وسارێکی تایبه‌ت ده‌ڕوا و خۆی داوه‌ته ده‌ستی چاره‌نووس و ڕووداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کان . لێره‌دایه ده‌رده‌که‌وێ ڕووداو له دۆن کیشۆتدا به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وت و چاوه‌ڕوان نه‌کراو ڕووده‌دا و دۆن کیشۆت ته‌نیا له‌گه‌ڵ ڕووداوه کوت وپڕه‌کان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه . وه‌ختێک له شوێنێک وه‌ک زۆربه‌ی شوێنه‌کانی دیکه دۆن کیشۆت ده‌که‌وێته به‌ر لێدان و به ئیشتیا خوری شۆر ده‌کرێ ، تاوانی هه‌مووی ئه‌و شکه‌ست ونامرادییه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌سپه‌که‌ی و پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌سپه‌که‌ی به‌و شوێنه‌دا نه‌ڕۆیشتبایه ئه‌و تووشی لێدان و چه‌رمه‌سه‌ری نه‌ده‌بوو!(به‌رگی یه‌ک،ل43 ) به‌و پێیه زۆر به ده‌گمه‌ن دۆن کیشۆت به پێی به‌رنامه و له‌ڕووی نه‌خشه‌ی دیاری کراوه‌وه به‌ره‌و شوێنێک بڕوا.چونکه چاره‌نووس و هه‌ڵکه‌وت هه‌میشه ڕووداو و به‌سه‌رهاتی تایبه‌تیآن بۆ پاڵه‌وانه گه‌ڕیده‌کان پێیه.
له به‌رگی یه‌که‌می ڕۆمانه‌که‌دا (هه‌وه‌ڵجار دۆن کیشۆت به ته‌نیا وه‌ڕێ ده‌که‌وێ و له گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ جاری دوایی سانچۆ پانزا له گه‌ڵ خۆی ده‌با) ئه‌سپه‌که‌ی دۆن کیشۆت سه‌ری داده‌خا و ڕێگا ده‌گرێته‌به‌ر و گوێ درێژه‌که‌ی سانچۆپانزاش به‌دوایدا ؛ ڕوو له‌هه‌ر کاروانسه‌را و شار وگوندێک ده‌که‌ن ڕووداوی تازه یه‌ک له‌دوای یه‌ک به سه‌ریاندا داده‌بارێ . له‌به‌رگی دوهه‌میشدا ڕووداو هه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وت و ته‌سادوفییه به‌و جیاوازییه‌وه که له‌به‌رگی دووهه‌مداد ڕووداوه‌کان وه‌ک شانۆیه‌ک له‌لایه‌ن دوک و دوشێسه‌وه پێشتر بۆیان ئاماده ده‌کرێ .
ڕۆژێکیان ئه‌سپه‌که‌ی دۆن کیشۆت ملی به‌رده‌داته‌وه و ده‌ڕوا ده‌ڕوا هه‌تاکوو، پاڵه‌وان و مه‌یته‌ره‌که‌ی له کوێستانی سیراموورنا ده‌گیرسێنێته‌وه . له‌وێ به‌هه‌ڵکه‌وت تووشی که‌سێک دێن به نێوی کاردنیۆ . کاردنیۆ که جاری وایه عاقڵ و ساغ و سه‌لیمه و جاری واشه سه‌رشێت و دێوانه‌یه (شایه‌د وه‌ک دۆن کیشۆت ؟) بۆیان ده‌گێڕێته‌وه : له داخی دڵداره‌که‌ی (لۆسیند) که په‌یمان شکێنی کردووه و به‌ڵێنی به کوڕی پادشا(دۆن فێرنان) داوه، ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بووه.له نیوه‌ی به‌سه‌رهاته‌که‌دا دۆن کیشۆت و کاردنیۆ لێیان ده‌بێته کێشه و لێک جودا ده‌بنه‌وه . هه‌ربه پێی هه‌ڵکه‌وت ده‌لاک و قه‌شه‌ی گونده‌که‌ی دۆن کیشۆت که له دووی دۆن کیشۆت ده‌گه‌ڕێن و هاتوون کیشۆت و سانچۆ ڕازی بکه‌ن بیان به‌نه‌وه، به هه‌ڵکه‌وتکاردنیۆ ده‌بینن وکاردنیۆ پاشماوه‌ی به‌سه‌رهاته‌که‌ی خۆییان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.کاتێک هه‌ڵده‌ستن ئاه و ناڵه‌یه‌ک ده‌بیستن ،تماشا ده‌که‌ن چاره‌نووس دۆرووته‌ی دڵداری کوڕی پادشای هێناوه‌ته ئه‌وێ و ئه‌ویش له داخی کوڕی شا داویه‌تی به که‌ژ و کێودا . کاتێک قه‌شه و ده‌لاک به بیانووی ئه‌وه‌وه که دێ‌و و درنج زوڵمیان له دۆروته کردووه و ئێستا پێویستی به دۆن کیشۆتی پاڵه‌وانه تاکوو بچێ و له‌سه‌ری بکاته‌وه ، دۆن کیشۆت ڕازیی ده‌بێ له‌به‌ر دۆرووته‌ی لێ قه‌وماو(!) له‌گه‌ڵیان بڕۆنه‌وه . ده‌چنه کاروان سه‌رایه‌ک و له‌وێ چاره‌نووس وا ده‌سووڕێ کوڕی شا و لوسیند به هه‌ڵکه‌وت و له ڕووی شانس و قسمه‌ته‌وه ڕێیان بکه‌وێته ئه‌وێ و له‌وێ هه‌ر چوار دڵداره‌که پێک ده‌گه‌ن و ئاو به ئاوردا ده‌کرێ و هه‌رکه‌س گراوی خۆی ده‌بینێته‌وه و خوداوڕاستان گرفتی هه‌موان چاره‌سه‌ر ده‌کرێ ؛ گرفتی ئه‌وینه سه‌یره‌که‌ی دۆن کیشۆت نه‌بێ ! (به‌رگی یه‌ک ل217-348 ) مه‌به‌ست له هێنانه‌وه‌ی ئه‌وکورته‌یه پیشان دانی ڕاده‌ی کارتێکه‌ریی هه‌ڵکه‌وت و چاره‌نووس و قه‌زاو قه‌ده‌ر له گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆتدا بوو...
به‌ڵام ئایا هه‌ڵکه‌وت و چاره‌نووس و قه‌زاوقه‌ده‌ری بوونی به‌سه‌رهات وڕووداوه‌کان چ شوێنێک له سه‌ر گێڕانه‌وه داده‌نێ و ده‌بێته هۆی چی؟
ا- له نووسیندا هه‌ڵکه‌وت و قه‌زاوقه‌ده‌ریی بوونی ڕووداوه‌کان ئه‌و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانه به نووسه‌ر ده‌دا که بتوانێ زۆر ده‌ست ئاوه‌ڵایانه و به‌ربڵاو، ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کان بێنێته کایه‌وه و به بیانووی شتێکی چکۆله‌وه چیرۆک بگێڕێته‌وه و زنجیره‌ی ڕووداوه‌کان درێژ بکاته‌وه یان به لاڕێدا بڕوا؛ ده‌ستی نووسه‌ر بۆهێنانه کایه‌ی که‌سی تازه یان به‌دی هێنانی ڕووداوی تازه و چاوه‌ڕوان نه‌کراو ، ئاوه‌ڵاتر و ئازادتره . ئه‌م شێوه نووسینه ده‌م وده‌ست نووسین (بداهه نویسی) پێ ده‌گوترێ . هێزی خه‌یاڵ ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ و نووسه‌ر ئازادییه‌کی یه‌گجار زۆری له هێنان و هه‌ڵبژاردنی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کاندا هه‌یه و پێشتر پێویست به نه‌خشه و پلانێکی زۆر ورد و ئه‌ندازیارانه نییه. به‌و جۆره پێکهاته‌یه‌ک پێک دێ که له ده‌روونه‌وه ڕووداوه‌کان به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وت و قه‌زاوقه‌ده‌ریانه ڕووده‌ده‌ن نه‌وه‌ک به پێی پێداویستی و زه‌روره‌تێکی حه‌تمی و نه‌گۆڕ. زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده به تایبه‌ت دوو ڕۆمانی مه‌زن و شاکاری هه‌تاهه‌تایی دۆن کیشۆت و تریسترام شه‌ندی به‌و شێوازه نووسراون . په‌ڕاوێز هه‌ڵواسین و لاڕێ ڕۆیشتن له‌م ڕۆمانانه‌دا نه ته‌نیا زیادی نین به‌ڵکوو به‌شێکی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تین له ستروکتوری ڕوماندا . به‌ڵام له سه‌ده‌ی نۆزده به‌ملاوه شێوازێکی نووسین به‌دی دێ که پێویستی به چوارچێوه و نه‌خشه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌یه؛ به‌و واتایه که هه‌ر کام له توخم وتۆوه‌کانی ڕۆمان به تایبه‌ت ڕووداو ده‌بێ پێداویستییه‌کی حه‌تمی بیهێنێته ئاراوه، ده‌نا زیادی ده‌بێ و ده‌بێته هۆی لاوازی و لاسه‌نگ بوونی ڕۆمان . هه‌ربۆیه نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به گوێره‌ی نه‌خشه وچوارچێوه‌ی داڕێژراو بڕواته پێشێ ، له هه‌ر جۆره په‌ڕاوێز هه‌ڵواسین و لاڕێ ڕۆیشتنێک خۆی ده‌پارێزێ . بۆ وێنه هێمێنگوێی ده‌ڵێ:« ده‌متوانی پیره‌پیاووده‌ریا زیاتر له هه‌زار لاپه‌ڕه درێژتربکه‌مه‌وه ...به‌ڵام نووسه‌رانی پێش من ئه‌وکاره‌یان به باشی ئه‌نجام داوه... من هه‌وڵم دا کارێکی دیکه بکه‌م . هه‌وڵم دا ئه‌و ڕووداو و ئه‌زموونانه‌ی پێویستی و زه‌روره‌تی بۆ خوێنه‌ر نییه وه‌لا نێم...» پیره‌پیاووده‌ریا ناگاته سه‌د لاپه‌ڕه، به‌ڵام ئه‌و ڕۆمانه به جۆرێک داڕێژراوه که به پێی پێداویسییه‌کی ده‌روونی هه‌رکام له ماکه‌کانی داستان له جێگای تایبه‌تی خۆیاندا داندراون . به جۆرێک که که‌م و زیاد کردنی ڕسته‌یه‌ک له‌وانه‌یه ببێته هۆی نامیزان کردن و لاسه‌نگ بوونی ڕۆمانه‌که! قه‌واره‌ی پیره‌پیاووده‌ریا ئه‌وه پیشان ده‌دا که ئه‌و ڕۆمانه ده‌بێ به پێی چوارچێوه و نه‌خشه‌یه‌کی زۆر ورد و ڕێک وپێک ئه‌ندازیاری کرابێ . هێمێنگوێی 1936 نه‌خشه‌ی پیره‌پیاووده‌ریا، دا ده‌ڕێژێ . دوای چارده ساڵ جا له ساڵی 1951 دا ته‌واوی ده‌کا! ده‌ڵێن 1940 هه‌تا 1950 ڕۆژی چه‌ندین سه‌عات له پشت مێزه‌که‌ی داده‌نیشت و ته‌نیا وته‌نیا فکری ده‌کرده‌وه!
به‌ڵام له شێوه نوسینی سه‌ربزێو و چالاکی ده‌م وده‌ست نووسیی سێروانتێس دا ئه‌و هه‌ستیارییه سه‌باره‌ت به دارژتن ودانانی چوارچێوه و نه‌خشه‌ی تایبه‌ت نابینرێ . هه‌ربۆیه به‌ربڵاوی و ئازادیی خه‌یاڵی نووسه‌ر له‌وانه‌یه تووشی هه‌ڵه‌ی بکا : له به‌رگی یه‌ک فه‌سڵی 24دا گوێ درێژه‌که‌ی سانچۆ ده‌دزرێ ؛ دواترله فه‌سڵی 25 دا سێروانتێس له‌بیری ده‌چێته‌وه که کوتویه گوێ درێژه‌که‌ی سانچۆ دزراوه و ده‌ڵێ : سانچۆ سواری گوێ درێژه‌که‌ی ده‌بێ وده‌ڕوا !!
ئه‌م دوو ستایل و شێوازه هه‌رکام تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه و هه‌رکام به جۆرێک له‌گه‌ڵ ماکه‌کانی داستاندا هه‌ڵس وکه‌وت ده‌که‌ن . ده‌کرێ بکوترێ که له ستایل و شێوازی ده‌م وده‌ست نووسی دا چوارچێوه‌ی پێش وه‌خت له‌وانه‌یه ڕێگری ڕه‌نگاوڕه‌نگی و جۆراوجۆری و فانتێزی بوونی گێڕانه‌وه بێ و به‌رنامه‌ی ورد و ئه‌ندازیارانه له‌وانه‌یه ببێته هۆی باڵ کردن و له باڵه فڕه خستنی گێڕانه‌وه . هه‌ر وه‌ها له نووسین به پێی نه‌خشه و ته‌رحی دیاری کراودا، په‌ڕاوێز هه‌ڵواسین و ئازادکردنی خه‌یاڵ ئه‌گه‌ر به پێی پێداویستی ده‌روونی داستان نه‌بێ ، ده‌بێته هۆی له گرێژه‌نه بردنی داستان ؛ له‌م شێوازه‌دا ده‌بێ هه‌موو شتێک به پێی به‌رنامه و ته‌رحی سه‌ره‌کی بڕواته پێش.
ب- هه‌ڵکه‌وت و ته‌سادوفی بوونی ڕووداوه‌کان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که زنجیره‌ی گێڕانه‌وه درێژه‌ی هه‌بێ؛ به‌و جۆره چیرۆکی لاوه‌کی و فه‌رعی(به هه‌ر بیانوویه‌که‌وه) به‌دی دێ . چیرۆکی لاوه‌کی ده‌بێته هۆی درێژکردنه‌وه‌ی مه‌ودای چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر که ئه‌گه‌ر به فێڵ و لێزانینێکی لێهاتووییه‌وه بکرێ خوێنه‌ر که‌لێن به که‌لێن و قژبن به قوژبن بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به وه‌ڕه‌زی بکا به‌دوای ڕووداوی سه‌ره‌کیدا ده‌ڕوا؛ ئه‌وکاره تام و چێزێکی تایبه‌تی بۆ خوێنه‌ر هه‌یه.
ج _ چاره‌نووس و هه‌ڵکه‌وت وێڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ڕووداو به‌دی دێنێ، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که گێڕانه‌وه زیاتر له ژیانی ڕاسته‌قینه نزیک بێته‌وه.چونکه ژیان ئه‌وه‌نده‌ی به پێی عه‌قڵ و هزری به‌رنامه‌ڕێژ و به‌پێی نه‌خشه‌ی عه‌قڵ به‌ره‌و پێش ده‌چێ ، ئه‌وه‌نده‌ش له ژێر کارتێکه‌ری شانس و به‌خت و ئێقباڵ دایه و له سه‌ر ڕووداوه قه‌زاوقه‌ده‌ری و هه‌ڵکه‌وته چکۆله‌کان هه‌ڵده‌خولێ . خوێنه‌ر زۆر ئاسایی و زۆر زوو به کوتنی ئه‌زقه‌زا یان خوداوڕاستان یان چاره‌نووس وای کرد باوه‌ڕ به‌وه ده‌کا که دۆن کیشۆت به پێی هه‌ڵکه‌وت تووشی کاردنیۆ بێ و چاه‌نووس وابکا که ڕێگای دڵداره‌که‌ی کاردنیۆش به‌وێدا تێپه‌ڕێ و له‌وێ پێک بگه‌نه‌وه و حه‌ق به حه‌قدار بگا . چونکه ئه‌وه ڕووداوێکی نامۆ نییه و ژیانی مرۆڤ گرێ دراوه به ڕووداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراو و هه‌ڵکه‌وته‌کان .
د- گێڕانه‌وه ده‌رفه‌ت و مه‌ودای بۆ ده‌ڕه‌خسێ تاکوو پێش ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له ده‌م وکاوێژی وه‌ڕه‌ز بێ ، ڕاوێژی خۆی زۆر به ئاسانی وئاسایی بگۆڕێ . هه‌روه‌ک له به‌سه‌رهاتی کاردنیۆدا( ل217-348 ) کاردنیۆ له‌زمانی خۆیه‌وه (یه‌که‌م که‌سی تاک) ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه . به‌و جۆره هه‌م خوێنه‌ر و هه‌م زانای گشت(ڕاوی) ده‌رفه‌تێکی بۆ ده‌ڕه‌خسێ تاکوو پشوویه‌ک بدا . هه‌رچه‌ند خوێندنه‌وه‌ی دۆن کیشۆت له نێو قرمه‌وهه‌رای ژیان و هاڕه‌هاڕی گێڕانه‌وه‌ی واقعیه‌تدا، خۆی پشوودان و حه‌سانه‌وه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه نییه که خوێندنه‌وه هه‌لآتن له واقعیه‌ت بێ ! چونکه ڕۆمان ئه‌گه‌ر ڕۆمان بێ ، لایه‌نه نادیاره‌کانی ژیان که‌شف ده‌کا و به‌ستێنی به‌رته‌نگی واقعیه‌ت به‌ربڵاو و به‌رینتر ده‌کا؛ خوێندنه‌وه‌ی دۆن کیشۆت ده‌رفه‌تێکه بۆ ده‌رباز بون له ژێر بارستایی قورسی ده‌م و کاوێژی واقعیه‌ت.
ی- بۆ سه‌ر گرتنی باسی هه‌ڵکه‌وت و ته‌سادوفی بوونی ڕووداوه‌کان له دۆن کیشۆتدا و کردنه‌وه‌ی باسێکی نوێ، پێویسته باسی ئه‌و بابه‌ته سه‌یره‌ش بکه‌ین که سێروانتێس کتێبی دۆن کیشۆت به هه‌ڵکه‌وتێکی ده‌گمه‌ن ده‌زانێ و پێی وایه که چاره‌نووس ئه‌وکتێبه‌ی له سه‌ر ڕێگای ئه‌و داناوه، ده‌نا ئه‌و نه‌ینووسیوه! له فه‌سڵی 9ی به‌رگی یه‌کدا ده‌گێڕێته‌وه که ڕۆژێک له بازاڕی تۆلێدۆ ده‌گه‌ڕا ، منداڵێک به‌سه‌رهاتی دۆن کیشۆتی که به زمانی عه‌ڕه‌بی نووسرابوو ده‌فرۆشت. سێروانتێس لێی ده‌کڕێته‌وه و به‌و جۆره له فه‌وتان و تێداچوون ڕزگاری ده‌کا!!
2- دووهه‌مین تایبه‌تمه‌ندیی گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت بابه‌تێکه به نێوی داتاشینی به‌ڵگه و سه‌رچاوه، یان (جه‌علی سه‌نه‌د): خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌شت فه‌سڵ گیرۆده‌ی سێحری گێڕانه‌وه‌ی سێروانتێس بووه و خووی به پاڵه‌وان و مه‌یته‌ره‌که‌ی گرتووه و به ناخ و قووڵایی چیرۆکدا ڕۆچووه . له وه‌هاکاتێکی ئه‌سته‌م و دژوار‌دا کوت و پڕ ، چیرۆک ویشکایی دێ :« به‌لآم له هه‌موو شتێک ناخۆش تر ئه‌وه‌یه که نووسه‌ری ئه‌م چیرۆکه ، لێره‌دا ...به‌سه‌رهات به ناته‌واوی دێڵێته‌وه...» ڕاوی ده‌یهه‌وێ خۆی له‌و ڕاگرتن و ته‌واو کردنه‌دا به تاوانبار نه‌زانێ و خه‌تاکه بخاته سه‌ر چاره‌نووس و شانس و به‌و جۆره خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دیکه تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی چیرۆکه‌که ده‌بێ . « ئه‌گه‌ر هه‌ڵکه‌وت و شانس به‌پیرمه‌وه نه‌هاتنایه ، دنیا له خوێندنه‌وه‌ی شیرینی دۆن کیشۆت بێ به‌ری ده‌بوو ... ڕۆژێک له شاری تۆلێدۆ ، مێرمنداڵێکم دی که ده‌یویست چه‌ند ده‌ست نووسێکی کۆن به دوکاندارێک بفرۆشێ . وه‌ختێک هاتم یه‌کێک له ده‌فته‌ره‌کان بیخوێنمه‌وه دیتم که به‌زمانی عه‌ڕه‌بی نووسراوه ... خودای کرد و قه‌زا و قه‌ده‌ر عه‌ڕه‌بێکی بۆ گه‌یاندم. ئه‌و، کتێبه‌که‌ی کرده‌وه و هێشتا چه‌ند ڕسته‌یه‌کی نه‌خوێندبۆوه ده‌ستی کرد به پێکه‌نین. من هۆی پێکه‌نینه‌که‌یم لێ پرسی ...وه‌ختێک ناوی دۆلسینه [دڵداره خه‌یاڵییه‌که‌ی دۆن کیشۆت]م لێ بیست، به جارێک حه‌په‌سام ... داوام له عه‌ڕه‌به‌که کرد که هه‌رچی زووتره نێوی کتێبه‌که‌م پێ بڵێ . ئه‌و ئاوای وه‌رگێڕاوه : « به‌سه‌رهاتی دۆن کیشۆتی مانێش نووسراوه‌ی سه‌ید حامیدی ئیبنی ئینجێللی مێژوونووسی گه‌وره‌ی عه‌ڕه‌ب» ده‌ست به‌جێ ده‌فته‌ره‌کانم کڕییه‌وه و ... عه‌ڕه‌به‌که‌م برده‌وه ماڵێ و له‌ماوه‌ی شه‌ش حه‌وتوودا هه‌مووی به‌سه‌رهاته‌که‌ی به‌کرێ بۆ وه‌رگێڕام : ... »
دیاره ئه‌م حه‌یس و به‌یسه ، داتاشراو و ده‌ستکرده . به‌ڵام ده‌توانین بپرسین که ده‌بێ هۆی داتاشین و دانانی نووسه‌ری ده‌ستکرد بۆ نووسراوه‌یه‌ک چ بێ؟ زۆرێک پێیان وایه که له سه‌رده‌می سێروانتێسدا، نووسه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به نووسراوه‌که‌یان بکه‌ن، مه‌جبوور بوون نووسه‌ری دیکه بۆ نووسراوه‌که‌ی خۆیان داتاشن . یان هێندێکیش ده‌ڵێن چونکه له‌وسه‌رده‌مه‌دا داستان به خه‌یاڵاتی پڕوپووچ داده‌نرا ، سێروانتێس ویستوویه‌تی بۆ سه‌لماندنی واقعی بوونی ڕۆمانه‌که‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ دانێ، تاکوو بخوێندرێته‌وه . به‌ڵام من پێموایه ئه‌م دوو هۆیه که وێڕای ئه‌وه‌ی هیچیان له هه‌ڵه ناچن و له ڕاستی به‌دوورنین، هۆی بنه‌ڕه‌تی وسه‌ره‌کی نین . چونکه ئه‌گه‌ر وابوایه سێروانتێس نه‌ده‌هات له فه‌سڵی نۆدا ئه‌و کاره بکا و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نێوی سه‌یدحامیدی ئیبنی ئینجێللی ده‌نووسی!
به پێی تایبه‌تییه‌کانی گێڕانه‌وه ده‌بێ هۆکاری ئه‌و کێشه‌یه له زمانی ته‌نز و فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌دا ببیندرێته‌وه نه‌وه‌ک له ته‌فسیری هێرمێنۆتیکی دا . گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت گێڕانه‌وه‌یه‌کی ته‌نزی و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه حێماسی وڕۆمانسه‌کانی پێش خۆیه‌تی . سێروانتێس به زمانێکی ته‌نز به نێو ڕۆمانس و گێڕانه‌وه پاڵه‌وانییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ و به جۆرێک ده‌مه‌لاسکه‌یان ده‌کا! گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت گاڵته کردنه به ڕه‌وایه‌ته سوننه‌تییه‌کانی پێش خۆی؛ تاکوو کۆتایی به زمانی سواو و سوننه‌تی ڕابردووان بێنێ و له‌باو و بره‌ویان بخا. به له دایک بوونی دۆن کیشۆت کۆتایی به سوننه‌تی سه‌دان ساڵه‌ی ڕۆمانس هات و گێڕانه‌وه‌یه‌کی نوێ بنیاد نرا. وێده‌چێ سێروانتێس له داتاشینی نووسه‌ری ده‌سکرد بۆ دۆن کیشۆت مه‌به‌ستی ئه‌وه بووبێ که به جۆرێک گاڵته به فۆڕمی ئه‌و ڕۆمانس و کتێبه پاڵه‌وانییانه بکا که بۆ ده‌رخواردانی درۆ و ده‌له‌سه‌کانیان مه‌جبوور بوون په‌نا بۆ نووسه‌ری دیکه ببه‌ن و خۆیان به‌وانه‌وه هه‌ڵواسن . سێروانتێس زۆر به ڕاشکاوی گه‌مه و گاڵته به‌و کتێب و نووسه‌رانه ده‌کا که ڕیزێک نێوی قه‌به‌ی نووسه‌رانی ناودار له نووسراوه‌کانی خۆیاندا دێننه‌وه تاکوو به‌وجۆره له‌پێش چاوی خوێنه‌ر، خۆیان شیرین بکه‌ن! هه‌روه‌ها له په‌نای ئه‌وه‌شه‌وه سێروانتێس که سه‌رده‌مانێک وڵاته‌که‌ی که‌وته به‌ر تاڵان و بڕۆ و په‌لاماری عه‌ڕه‌به‌کان ، کاریگه‌ری له فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ی حه‌دیسه ئیسلامییه‌کان( به‌تایبه‌ت حه‌دیسی متواتر که سێ ڕاوی هه‌یه) وه‌رگرتبێ و به‌و جۆره گاڵته‌ی به سوننه‌تی گێڕانه‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب که سه‌رده‌مانێک خۆیان به‌سه‌ر وڵاته‌که‌ی ئه‌ویشدا سه‌پاند ، کردبێ.
سێروانتێس له سه‌ره‌تای زۆربه‌ی فه‌سڵه‌کانی دۆن کیشۆتدا ئه‌و نووسه‌ره ده‌سکرده، وه‌بیری خوێنه‌ر دێنێته‌وه و به‌و جۆره وه‌ک ئامرازێکی گرینگ بۆ ده‌سپێکی هه‌رفه‌سڵێک که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێ . هه‌تاکوو له‌لایه‌که‌وه گاڵته به‌و ڕه‌وایه‌تانه بکا که بۆ سه‌لماندنی خۆیان مه‌جبوورن په‌یتا په‌یتا خۆیان به سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌ی دیکه‌وه هه‌ڵواسن؛ له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به هێنانه‌وه‌ی نێوی وه‌رگێڕه عه‌ڕه‌به‌که یان سه‌یدحامید ، چیرۆک له جێگایه‌کی ئه‌سته‌م و هه‌ستیاردا ڕاده‌گیرێ ، که زۆر وێده‌چێ جۆرێک فێڵ و لێزانین بێ بۆ زیاتر تامه‌زرۆ کردن و هان دان و ڕاکێشانی هه‌رچی زیاتری خوێنه‌ر.
بۆ وێنه سه‌ره‌تای فه‌سڵی24به‌رگی دوو:« وه‌رگێڕ[ عه‌ڕه‌به‌که] ده‌ڵێ کاتێک به فه‌سڵی ... گه‌یشتم ئه‌م بابه‌ته‌م به ده‌ست و خه‌تی سه‌ید حامید له په‌ڕاوێزدا به‌رچاو که‌وت...»
یان سه‌ره‌تای فه‌سڵی 8 به‌رگی دوو:«سه‌ید حامید وه‌ختێک به فه‌سڵی هه‌شت ده‌گا ، یه‌ک به خۆی هاوار ده‌کا سبحان ربی الاعلی وبحمده و ئه‌م دۆعایه سێ جار ده‌ڵێته‌وه و دوایی ده‌ڵێ...»
فه‌سڵی 18 به‌رگی دوو:«… لێره‌دا نووسه‌ر [سه‌یدحامید] هه‌مووی به سه‌رهاته‌که‌ی به وردی گێڕاوه‌ته‌وه ... به‌ڵام وه‌رگێڕه عه‌ڕه‌به‌که وای به سه‌ڵاح زانی که واز له‌و باسه بێنێ...»
دواترئه‌م شێوه نووسینه‌ی سێروانتێس( داتاشینی نووسه‌ری ده‌سکرد) له ڕۆمان و چیرۆکه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده به‌ملاوه جێی خۆی کرده‌وه و بوو به پێشه‌نگ و نمووده‌ی فێڵ و تیکنیکێکی ئه‌ده‌بی .
3- سێیه‌مین تایبه‌تی به‌رچاوی گێڕانه‌وه له دۆن کیشۆتدا ئاڵقه‌یی بوونی چیرۆکه‌کانه له نێو یه‌کدا. له نێو گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی دۆن کیشۆت و سانچۆپانزادا(وه‌ک چیرۆکی سه‌ره‌کی) گێڕانه‌وه به‌ره‌و به‌سه‌رهاتی لاوه‌کی و فه‌رعی به‌لاڕێدا ده‌ڕوا و به‌هۆی لاڕێ ڕۆیشتن، به شێوه‌یه‌کی کاتی، به‌سه‌رهاتی سه‌ره‌کی ڕاده‌گیرێ و له‌و نێوه‌دا چیرۆکێکی لاوه‌کی بیچم ده‌گرێ . زۆر جار کاتێک به بۆنه‌ی چیرۆکێکی لاوه‌کییه‌وه به‌سه‌رهاتی سه‌ره‌کی ڕاده‌گیرێ ، چیرۆکه لاوه‌کییه‌که‌ش به کۆتایی ناگا و ئه‌ویش له جێگایه‌کی ئه‌سته‌م وهه‌ستیاردا ڕاده‌گیرێ و به ناته‌واوی ده‌مێنێته‌وه تاکوو له ده‌رفه‌تێکی دیکه‌دا بێته‌وه گۆڕ و به کۆتایی بگا . به‌و جۆره ئاڵقه‌یه‌کی گێڕانه‌وه‌یی به‌دی دێ. یان جاری وایه که‌سه‌کانی نێو چیرۆکه‌که چیرۆک بۆ یه‌کتری ده‌گێڕنه‌وه.
ڕاگرتن و پچڕانی چیرۆک و به‌سه‌رهاته‌کان له دۆن کیشۆتدا به سێ جۆر ده‌بینرێ:
ا- ڕاگرتن وپچڕانی چیرۆک به‌یه‌کجاری وبه جۆرێک که به ناته‌واوی بمێنێته‌وه و له هیچ جێگایه‌کی ڕۆمانه‌که‌دا پاشماوه‌که‌ی نه‌بیندرێته‌وه : له به‌رگی یه‌ک فه‌سڵی بیستدا سانچۆ ده‌یهه‌وێ چیرۆکێک بۆ دۆن کیشۆت بگێڕێته‌وه، له نیوه‌ی چیرۆکه‌که‌یدا ده‌گاته شوێنێک که شوانی چیرۆکه‌که‌ی سانچۆ ده‌بێ مه‌ڕه‌کانی له چۆمێک بپه‌ڕێنێته‌وه ... سانچۆ به دۆن کیشۆت ده‌ڵێ : ده‌بێ هۆشت بێ که چه‌ند مه‌ڕ ده‌په‌ڕێته‌وه؛ ئه‌گه‌ر ژوماره‌ی مه‌ڕه‌کانت له بیر بچێ، چیرۆکه‌که ته‌واو ده‌بێ و پاشماوه‌که‌ت بۆ ناگێڕمه‌وه! دوای ماوه‌یه‌ک سانچۆ له دۆن کیشۆت ده‌پرسێ شوانه‌که تائێستا چه‌ند مه‌ڕی په‌ڕاندۆته‌وه ؟ دۆن کیشۆت له‌بیری نامێنێ و سانچۆ ده‌ڵێ ئالێره‌دا چیرۆک به کۆتایی ده‌گا ! دۆن کیشۆت ده‌ڵێ: « به‌ڕاستی ئه‌م چیرۆکه یه‌کێک له سه‌یرترین چیرۆکه‌کانی جیهانه [چونکه] ئه‌و جۆره‌کۆتاییه که‌س نه‌یدیوه و که‌سیش نایبینێ»
ب- ڕاگرتنی چیرۆک به شێوه‌یه‌کی کاتی و هاتنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی چیرۆکه‌که له شوێنێکی دیکه‌دا، به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو: به‌و واتایه که خوێنه‌ر ناتوانێ پێشبینی بکات که ئایا ئه‌م چیرۆکه‌ی به نیوه‌چڵی ماوه‌ته‌وه ، پاشماوه‌که‌ی ده‌بینێته‌وه یان نا ؟ هه‌روه‌ها خوێنه‌ر بۆی ڕوون نییه که پاشماوه‌ی چیرۆکه پچڕاوه‌که له کوێدا ده‌خوێنێته‌وه. بۆ وێنه له به‌رگی یه‌ک فه‌سڵی 24 دا کاردنیۆ به‌سه‌رهاتی خۆی به شه‌رتێک بۆ دۆن کیشۆت و سانچۆ ده‌گێڕێته‌وه که نه‌په‌ڕنه نێو قسه‌کانییه‌وه و چیرۆکه‌که‌ی پێ نه‌بڕن ! کاردنیۆ ده‌ست پێ ده‌کا و له نیوه‌ی دا دۆن کیشۆت خۆی پێ ڕاناگیرێ و قسه ده‌کا ؛ کاردنیۆ ڕقی هه‌ڵده‌ستێ و به‌سه‌رهاته‌که‌ی به نیوه چڵی و ناته‌واوی دێڵێته‌وه ! ئه‌وه له کاتێکدایه که خوێنه‌ر زۆر تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی به‌سه‌رهاته‌که‌یه. دوای چه‌ندین فه‌سڵ که ئه‌و به‌سه‌رهاته فه‌رامۆش کراوه له فه‌سڵی 27دا پاشماوه‌ی باسه‌که درێژه ده‌درێ . زۆربه‌ی چیرۆکه لاوه‌کی و فه‌رعییه‌کانی به‌رگی یه‌که‌می ڕۆمانه‌که به‌م شێوازه ڕه‌وایه‌ت کراون .
ج- ڕاگرتن و پچڕانی به‌سه‌رهات به شێوه‌یه‌کی ڕێک وپێک و یه‌ک له دوای یه‌ک : به‌و مانایه که خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌ک دوو فه‌سڵ زۆر به ئاسانی بتوانێ پێشبینی بکا که پاشماوه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهات و چیرۆکه پچڕا‌و و ڕاگیراوه ، که‌ی و له کوێدا دێته‌وه . له به‌رگی دوو فه‌سڵی 44 تاکوو فه‌سڵی 57 وه‌ختێک سانچۆپانزا ده‌کرێته حاکمی جه‌زیره و له دۆن کیشۆت دوور ده‌خرێته‌وه ، نزیکی پازده فه‌سڵ یه‌ک له دوای یه‌ک فه‌سڵێک به‌سه‌رهاتی دۆن کیشۆت ڕه‌وایه‌ت ده‌کرێ و فه‌سڵه‌که‌ی دوایی به‌سه‌رهاتی سانچۆپانزا . به‌رگی دوو کۆتایی فه‌سڵی 44 : «... له‌م باروودۆخه‌دا پاڵه‌وان به‌جێ دێڵیین ، چونکه سانچۆپانزای مه‌زن ده‌یه‌وێ به که‌بکه‌به و ده‌بده‌به‌وه حکومه‌ته‌که‌ی ده‌ست پێ بکا و ئێمه به‌ره‌و لای خۆی بانگێشتن ده‌کا...» کۆتایی فه‌سڵی 45 :« ...باشتروایه سانچۆپانزای دڵۆوان لێره‌دا به‌جێ بێڵین و بچین بۆلای ئاغا و خاوه‌نه‌که‌ی...»
4- چواره‌مین تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆت هاتنه کایه‌ی ڕاسته‌وخۆی نووسه‌ره . که بریتین له : سه‌یدحامیدی ئینجێللی، سێروانتێس وه‌ک ڕاوی، وه‌رگێڕی عه‌ڕه‌ب که ده‌فته‌ره‌کان بۆ سێروانتێس وه‌رده‌گێڕێ . سه‌یر ئه‌وه‌یه که جاری وایه وه‌رگێڕه عه‌ڕه‌به‌که‌ش له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتدا ده‌وری هه‌یه : بۆ وێنه له به‌رگی دوو فه‌سڵی 18 دا سێروانتێس ده‌ڵێ :«...لێره‌دا نووسه‌ر[سه‌یدحامید] به‌سه‌رهاته‌که‌ی به وردی گێڕاوه‌ته‌وه...به‌ڵام وه‌رگێڕه عه‌ڕه‌به‌که ،وای پێ باش بوو که واز له‌وباسه بێنێ، چونکه ئه‌و پێی وابوو که له گه‌ڵ ئه‌سڵی به‌سه‌رهاته‌که یه‌ک ناگرنه‌وه.» (!)
ڕاوی یان نووسه‌ر له زۆر جێگادا به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ گاڵته کردن به فۆڕمی گێڕانه‌وه یان گرینگ نواندنی ئه‌و ڕووداوه‌ی قه‌راره ڕوو بدا یان بۆ پێداگری کردن له سه‌ر ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کان دێته نێو ڕۆمانه‌که‌وه. سێروانتێس له هێندێک جێ‌دا پێش وه‌خت سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌کێشێ و باسی توانایی له‌ڕادده به‌ده‌ری سه‌ید حامید وه‌ک نووسه‌ری دۆن کیشۆت ده‌کا . یان بۆ زه‌ق کردنه‌وه و گرینگ پیشان دانی ئه‌و ڕووداوه‌ی قه‌راره ڕووبدا فێڵ و تیکنیکی تایبه‌ت به کار ده‌با:
سه‌ره‌تای فه‌سڵی 40 به‌رگی دوو:« ...هه‌موو ئه‌وانه‌ی چیرۆکی ئاوایان پێ خۆشه، ده‌بێ مه‌منوون و سپاس گۆی نووسه‌ری ئه‌سڵی سه‌یدحامیدی ئینجێللی بن . چونکه ئه‌و حه‌ول وده‌ولێکی یه‌جگار زۆری داوه تاکوو ورد و درشتی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌مان بۆ بگێڕێته‌وه...» ...«ئاخ ئه‌ی نووسه‌ری ناودار!ئه‌ی دۆن کیشۆتی به‌خته‌وه‌ر! ئه‌ی دۆلسینه‌ی به‌ناوبانگ! ئه‌ی سانچۆپانزای قسه خۆش و له‌به‌ردلآن! یاڕه‌بی هه‌مووتان هه‌تاهه‌تایه بۆ خۆشی و جه‌فه‌نگی جیهان و جیهانیان هه‌ر بژین و خۆش بن!...»
یان له به‌رگی دوو فه‌سڵی 31 دا وه‌ختێک که‌سێک قسه به دۆن کیشۆت ده‌ڵێ و ته‌وهینی پێ ده‌کا ، سێروانتێس به شێوه‌یه‌کی زۆر زیره‌کانه هه‌ر له‌وێدا فه‌سڵه‌که به کۆتایی ده‌گه‌یه‌نێ و ده‌ڵێ :« وڵامه‌که‌ی دۆن کیشۆت شایانی ئه‌وه‌یه که فه‌سڵێکی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان کرێ.» لێره‌دا وێڕای ئه‌وه‌ی فێڵ و تیکنیکێکی ورد و جوان بۆ کۆتایی ئه‌و فه‌سڵه و کردنه‌وه‌ی فه‌سڵێکی نوێ به کار هاتووه ، خوێنه‌ر وا بیر ده‌کاته‌وه که ده‌بێ ئه‌و وڵامه‌ی دۆن کیشۆت چ بێ و زۆر تامه‌زرۆیانه هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر فه‌سڵی دوایی تاکوو وڵامه‌که‌ی دۆن کیشۆت بخوێنێته‌وه ! به گشتی ئه‌م ورده‌کاریانه که له گێڕانه‌وه‌ی دۆن کیشۆتدا شوێنێکی به‌رچاویان هه‌یه ، ئه‌رکێکی زۆرگرینگیان له شیرین کردن و ڕازاندنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌دا له سه‌رشانه ؛ و دواتریش بوونه بنه و بنه‌ڕه‌تێک بۆ به‌رین کردنی به‌ستێنی تیکنیکه ڕه‌واییه‌کان . له خۆڕا نییه ویلیا‌م فاکنێرکه تواناییه‌کی به‌رین و قووڵ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی بۆ گێڕانه‌وه هه‌یه ، کوتوویه ساڵی جارێک دۆن کیشۆت ده‌خوێنێته‌وه!!
5-ئه‌م خاڵی پێنجه تایبه‌تمه‌ندی گێڕانه‌وه نییه، به‌ڵام له‌و ورده‌کارییه سه‌یرانه‌یه که ناکرێ باس نه‌کرێ!
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا، له به‌رگی یه‌ک فه‌سڵی 24دا گوێ درێژه‌که‌ی سانچۆپانزا ده‌دزرێ و فه‌سڵێک دواتر سێروانتێس له‌بیری ده‌چێته‌وه که گوێ درێژه‌که‌ی سانچۆ دزراوه « سانچۆ سواری گوێ درێژه‌که‌ی ده‌بێ و ده‌ڕوا...» (!) به‌رگی یه‌کی دۆن کیشۆت به‌و هه‌ڵه‌یه‌وه(؟) چاپ ده‌کرێ.
له فه‌سڵی سێی به‌رگی دوودا وه‌ختێک خوێندکارێکی زانکۆ تووشی دۆن کیشۆت ده‌بێ پێی ده‌ڵێ که « به‌سه‌رهاتی تۆ چاپ بووه و من خوێندوومه‌ته‌وه...به‌ڵام خوێنه‌ران نووسه‌ری ئه‌و کتێبه‌یان زۆر به دڵ نییه ، چونکه بێ ئه‌وه‌ی باسی بکا که گوێ درێژه‌که‌ی دیوه‌ته‌وه ده‌ڵێ سانچۆ سواری گوێ درێژه‌که‌ی بوو ڕۆیشت...» به‌و جۆره سێروانتێس ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له به‌رگی یه‌کدا ڕووی دابوو، نه ته‌نیا زۆر وریایانه قه‌ره‌بووی ده‌کاته‌وه به‌ڵکوو گومانی ئه‌وه دروست ده‌کا که شایه‌د هه‌ڵه‌یه‌کی به‌ئه‌نقه‌ستی نووسه‌ر بووبێ ( یانی ئه‌سڵه‌ن هه‌ڵه نه‌بێ ) تاکوو خوێنه‌ر فریو بدا ! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گومانه زیاتر بکا و ته‌واو خوێنه‌ر له گێژاوی سێحری گێڕانه‌وه‌ی خۆیدا ون وسه‌رسام بکا له به‌رگی دوو، فه‌سڵی 45 دا به ئه‌نقه‌ست هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه ده‌کا و دواتر ڕاستی ده‌کاته‌وه !!
به‌خوێندنه‌وه‌ی دۆن کیشۆت ده‌رده‌که‌وێ که‌سێروانتێس تواناییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری له گێڕانه‌وه و سه‌رقاڵ کردنی خوێنه‌ره‌کانیدا هه‌یه و له چکۆله‌ترین شت ؛ له هه‌ر وشه و هێما و نیشانه و ده‌نگ و ڕه‌نگ و هه‌ڵه و په‌ڵه‌یه‌ک ده‌توانێ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی ڕۆمانه‌که‌ی که‌ڵک وه‌رگرێ و بۆ هه‌تاهه‌تایه ، هه‌تا خوێنه‌رێک بمێنێ دۆن کیشۆت بخوێنێته‌وه ، خوێنه‌رانی سه‌رسام بکا. سه‌رسام له‌وه‌ی که ئه‌م هه‌وه‌ڵ ڕۆمانه چۆن ئه‌و هه‌مووه توانایی و مه‌زنایه‌تی و ورده‌کارییه‌ی له خۆیدا حه‌شار داوه؟
6- به‌رگی دوو، کۆتایی فه‌سڵی 14: « ئیدی له‌وه زیاتر هیچ ناڵێم.»
7- به‌رگی دوو، کۆتایی فه‌سڵی74 : « ئامین!»