کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم
پێشه‌کی:
رۆمانتیسم بزووتنه‌وه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی – کۆمه‌ڵایه‌تی بوو که له نێوان ساڵه‌کانی 1760- 1830دا ڕووی دا ؛ لێکۆڵه‌ران و ڕه‌خنه‌گران له به‌رانبه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا چه‌ند جۆر بۆچوونیان ده‌ربڕیوه: تاقمێک پێیان وابووه که چوونکه رۆمانتیسم زۆر به‌ربڵاوه و ده‌یان و بگره سه‌دان تاریف و پێناسه‌ی بۆ ده‌ست نیشان کراوه، باشتر وایه که وشه‌ی رۆمانتیسم شاربه‌ده‌ر بکرێ و هه‌ر به کار نه‌هێنرێ. تاقمێکیش رۆمانتیسمیان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیدا به‌رته‌سک و کورت کردۆته‌وه و له به‌رانبه‌ر کلاسیسم دا پێناسه‌یان کردووه. به‌ڵام له‌و نێوه‌دا هێندێک له ڕه‌خنه‌گران ( وه‌ک ئایزایا بێرلین ) گرینگی رۆمانتیسم زۆر زیاتر له بارودۆخێکی کاتی و قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی ده‌زانن. بێرلین پێی وابوو که رۆمانتیسم دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌نی مێژووی مرۆڤایه‌تییه؛ که دابڕانێکی گه‌وره‌ی له مێژووی فکردا به‌دی هێنا؛ شۆڕشێك بوو که توانی ڕوانگه‌ی مرۆڤ بگۆڕێ. کتێبی " "سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم"ی ئایزایا بێرلین به وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵڵا که‌وسه‌ری یه‌وه له لایه‌ن بنکه‌ی "ماهی" چاپ و بڵاو بۆوه. گرینگی بابه‌تی رۆمانتیسم و به تایبه‌ت روانه و بیروبۆچوونی بێرلین له باره‌ی رۆمانتیسمه‌وه، هانی داین دانیشتنێکی بۆ سازبکه‌ین و هه‌ر وا ئاسایی به‌سه‌ریدا تێنه‌په‌ڕین. وتوێژ و دانیشتنه‌که به به‌شداری ئه‌م هاوڕێیانه به ڕێوه‌چوو: سه‌یدقادرهیدایه‌تی ، سوله‌یمان عه‌بدولڕه‌حیم زاده ، ڕه‌شید ئه‌حمه‌دڕه‌ش، جه‌ماڵ خوسره‌وی و بریاکاکه‌سووری .
روانه
هیدایه‌تی:من پێم باش بوو پێش ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بچینه سه‌ر کتێبی "سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم"باسی دوو بابه‌ت بکه‌م که ئایزایابێرلین به ئانقه‌ست باسی نه‌کردون ؛ به‌ڵام ئێمه مه‌جبوورین بۆ باشتر ناسینی رۆمانتیسم ئاوڕێکیان لێ بده‌ینه‌وه.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی یازده‌ی زایینی‌دا ئاپۆره‌ی خه‌ڵکی ئوروپا به جۆرێک توانیان له به‌رانبه‌ری کلیسای یونان و رۆم دا هه‌ڵویستی خۆیان نیشان بده‌ن؛ خه‌ڵکی ئاسایی به‌ره‌و سازکردنی بینای کلیساکان هاتن. دروست کردنی کلیسا به ده‌ستی که‌سانێکی که قه‌شه و کێشیش نه‌بوون تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوو که شێوازێکی هونه‌ری به‌دی هێنا و به نێوی " گوتیک" نێوی ده‌رکرد. له شێوازی کلاسیکی کلیسادا که سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕاوه بۆ یونان و رۆم، هونه‌ر وه‌ک هه‌موو بواره‌کانی دیکه له ژێر چاوه‌دێری و ده‌سه‌ڵاتی قه‌شه‌کان دا بوو. به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار له سه‌ده‌ی یازده‌وه خه‌ڵکی ئاسایی توانیان به گۆڕانکاری له مێعماری کلیساکاندا هه‌ڵوێستی خۆیان له به‌رانبه‌ری پاوان‌کردنی کلیسا و دین دا نیشان بده‌ن. سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندی مێعماری گوتیک ناته‌واو بوونه. تۆ ئه‌گه‌ر بڕوانییه وێنه‌ی کلیسایه‌کی جامعی کلاسیک، هه‌ست ده‌که‌ی که هه‌مووشتێک ته‌واوه و گه‌یشتۆته ئاستی خۆی؛ هه‌ر شتێک به ڕێکوپێکی له جێگای خۆیدا به بێ که‌م و کووڕی داندراوه و ساده‌یی و میزانی و ته‌واوی پێوه دیاره. به‌ڵام له مێعماری گوتیکدا هه‌ست ده‌که‌ی ئه‌و بینایه هه‌ر به‌رده‌وامه و کۆتایی به دروست کردنه‌که‌ی نه‌هاتووه. شێوازی کلاسیکی سه‌ده‌ی ده و یازده لایه‌نگری ڕوون بوون و ساده‌یی و یه‌ک لایه‌ن و نه‌گۆڕبوون بوو، به‌ڵام شێوازی گوتیک لایه‌نگری تاریکی و ئیبهام و پێچه‌ڵاوپێچی و بزوتن بوو. له سه‌رده‌می رێنێسانس‌دا دیسان شێوازی کلاسیک زاڵ بۆوه و هونه‌ری یه‌ک لایه‌ن و لایه‌نگری ڕێکوپێکی و نه‌گۆڕیی هاته‌وه ئارا. له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی زایینی دا شێوازێکی دیکه‌ی هونه‌ری له ئوروپا – به نێوی باروک - به‌دی هات که تا ڕاده‌یه‌ک ده‌گه‌ڕاوه سه‌ر بایه‌خه‌کانی هونه‌ری گوتیک. باروک له به‌رانبه‌ر کلاسیسیسمی کلیسادا راوه‌ستا و ئه‌ویش تا راده‌یه‌ک هه‌ر لایه‌نگری تاریکی و پێچه‌ڵاوپێچی بوو. گه‌وره‌ترین تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری باروک ئه‌وه بوو که به‌شه جیاوازه‌کان به قازانجی گشت(کول) تێدا ده‌چوون. وه‌ختێک تماشای نه‌ققاشییه‌کی کلاسیک بکه‌ی له‌وانه‌یه بتوانی له هه‌موو به‌ش و ڕه‌نگه‌کان به جودا چێژ ببینی، هه‌مووشتێک ڕێکوپێک له جێگای خۆیدایه و به‌شه جیاوازه‌کان گشتێکی میکانیکییان پێک هێناوه؛ به‌ڵام له هونه‌ری باروکدا به‌شه‌کان پێکه‌وه گشتێکی ئۆرگانیک پێک دێنن.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا کلاسیسم به چاولێکه‌ری له دروشمه‌کانی فیلسوفه عه‌قڵ باوه‌ڕه‌کانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری دیسان بایه‌خه تاک و نه‌گۆڕ و ساده‌کانی زاڵ ده‌کاته‌وه؛ سه‌یر ئه‌وه‌یه که له نیوه‌ی دووهه‌می ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا دیسان رۆمانتیسم پاشه‌کشێ به بایه‌خه‌کانی کلاسیسم ده‌کا. به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان بزووتنه‌وه‌ی رۆمانتیسم ته‌نیا له بواری هونه‌ردا ڕووی نه‌دا و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگای گرته‌وه و ئه‌م جاره‌یان جیاوازی بنه‌ڕه‌تی هه‌بوو.
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:پێموابێ له نێوان گوتیک و باروک دا جیاوازییه‌کی گه‌وره هه‌یه ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که گوتیک ته‌نیا له بواری مێعماریدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه ، به‌ڵام شێوازی باروک کاتێک به‌دی دێ هه‌موو بواره‌کانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ده‌گرێته‌وه؛ من به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیم نه‌دیتووه که گوتیک بێ.
هیدایه‌تی:به‌ڵێ وایه،گوتیک ته‌نیا له بواری مێعماریدا حوزوری هه‌بووه. به‌ڵام دواتر له سه‌ده‌ی نۆزده بۆ ئێره‌وه بوواره‌کانی دیکه‌ش وه‌ک نه‌قاشی و ئه‌ده‌بیات و سینه‌ما ئاوڕ له شێوازی گوتیک ده‌ده‌نه‌وه. بۆ وێنه " ئالێن پۆ " له داستانه‌کانیدا له مێعماری گوتیک که‌ڵک وه‌رده‌گرێ؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش بۆ داڕشتنی فه‌زای چیرۆکه‌کانی له مێعماری گوتیک شوێنی وه‌ر‌گرتووه.
ئه‌حمه‌دڕه‌ش:سه‌ره‌تا ده‌مهه‌وێ به گشتی ئاوڕێک له بیر‌و بۆچوونه‌کانی بێرلین بده‌مه‌وه. بێرلین له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا لایه‌نگرییه‌کی به هێز له ئازادی ده‌کا. کاکڵی بابه‌ته‌که‌ی بێرلین باس له پۆلۆرالیسم و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی پۆزێتویسمه که به سه‌ر بواری زانست له‌جیهان و به تایبه‌ت له ئوروپادا زاڵ بووه. بۆیه ئه‌م به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌یه شێوازی شۆڕش به خۆیه‌وه ده‌گرێ. ڕسته‌یه‌کی فه‌رانسه‌وی هه‌یه که ده‌ڵێ "ڕۆمانتیسم هه‌مان شۆڕشه"؛ شۆڕشێک به دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆزێتویسمه‌ی که به سه‌ر فه‌لسه‌فه و زانست‌دا زاڵ بووه. له پێناسه‌یه‌کی که بێرلین و رۆمانتیسته‌کان بۆ ئینسان و ئۆمانیسمی ده‌که‌ن ئه‌و بارودۆخه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه. له پۆزێتویسمدا ساختاره کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و ته‌نانه‌ت ساختاره هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن که هونه‌ر له پێناوی ئیدئۆلۆژی و ساختاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دا فیدا بکه‌ن و هونه‌ر له ڕوانگه‌ی پۆزێتویسمدا ده‌که‌وێته خزمه‌تی دێتێرمینیزمێکی مێژووییه‌وه. به‌ڵام رۆمانتیسته‌کان پێچه‌وانه کردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه ، ئینسان ده‌که‌نه ناوه‌ندی جیهان و ناوه‌ندی خوێندنه‌وه‌کان. له نێو بۆچوونه‌کانی بێرلین و رۆمانتیسته‌کاندا جۆرێک ڕێژه‌یی باوه‌ڕی(نسبی گرایی) درده‌که‌وێ. هه‌ر وه‌ک له خودی کتێبه‌که‌دا باس له‌وه ده‌کا که ئه‌گه‌ر من بمهه‌وێ قاوه‌یه‌کی که‌م ڕه‌نگ بخۆمه‌وه و تۆ حه‌ز له قاوه‌یه‌کی پڕ ڕه‌نگ بکه‌ی، که‌وابوو حه‌ق به هه‌ردووکمانه و هیچ پێوانه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن نییه. بێرلین خۆی ئاماژه به‌وه ده‌کا که هێندێک له خوێنه‌رانی له به‌رانبه‌ر بۆچووه‌کانی ئه‌ودا به هه‌ڵه چوون و پێیان وایه که بێرلین شان له شانی ڕێژه‌یی باوه‌ڕییه‌ک ده‌دا که له ئاکامدا بێ سه‌ره‌وبه‌ریی و ئانارشیسمی عیلمی و هونه‌ری لێ ده‌که‌وێته‌وه. بێرلین له وتارێکدا به نێوی "له‌باره‌ی ئازادی" دا وڵامی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئاوا ده‌داته‌وه: نا، من کاتێک ده‌ڵێم من حه‌زم له قاوه‌یه‌کی که‌م ڕه‌نگه و تۆ حه‌زت له قاوه‌یه‌کی پڕ ڕه‌نگ؛ناوه‌ندێک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یه. ئه‌و ناوه‌ند و پێوانه‌یه ئینسانه؛ ئینسان ته‌وه‌ری بۆچوونه‌کانی بێرلینه. هه‌ڵبه‌ت من به‌و چه‌ند وتاره‌ی له‌وم خوێندۆته‌وه وای بۆ ده‌چم که ئه‌و پێی وایه که هه‌ر یه‌ک له ئێمه ده‌توانین بنه‌ڕه‌تێک بین. لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که ته‌نانه‌ت هێندێک له بیر و بۆچوونه‌کانی پۆست مۆدێرنه‌کان ڕه‌گه‌کانی له دڵی فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانتیسمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. من پێموایه هه‌ر باسێک سه‌باره‌ت به بێرلین بکرێ، ده‌بێ گرێ بدرێ به رۆمانتیسمه‌وه. کاکڵی فه‌لسه‌فه‌ی بێرلین و رۆمانتیسته‌کان له چه‌ند چه‌مکدا ده‌بیندرێ که سه‌ره‌کی ترینیان پۆلۆرالیسمی فکری و چه‌ند ده‌نگییه. بێرلین بیرۆکه‌ی پۆلۆرالیسم(چه‌ندده‌نگی) له به‌رانبه‌ری مۆنۆئیسم(تاک ده‌نگی)دا داده‌نێ. مۆنۆئیسته‌کان پێیانوایه که هه‌ر پرسیارێک یه‌ک وڵامی راسته‌قینه‌ی هه‌یه."من ڕ‌است ده‌که‌م و ته‌نیا هه‌ر من ڕ‌است ده‌که‌م."یانی دیتران هیچ به‌شێکیان له حه‌قیقه‌ت له‌لا نییه. مۆنۆئیسته‌کان ده‌ڵێن که هه‌ر پرسیارێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وڵامێکی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه، ڕێگاچاره‌یه‌کی متمانه پێ کراویشی هه‌یه. لێره‌دایه ده‌ر ده‌که‌وێ که ئه‌م جۆره بۆچوونه سه‌ر له مه‌کته‌بی تاک ده‌نگی و پۆزێتویسمی ده‌ر دێنێ. هه‌روه‌ها مۆنۆئیسته‌کان پێیان وایه که هه‌موو وڵامه ڕاسته‌قینه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک سازگارن و پێکه‌وه دژایه‌تییان نییه. به بۆچوونی مۆنۆئیسته‌کان جیهان یه‌ک نه‌زم و هارمۆنی هه‌یه؛ دیاره ئه‌وه‌ش دژ به فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانتیسم و به تایبه‌ت دژ به بۆچوونه‌کانی بێرلینه. کاتێک بێرلین پێی وایه که وڵامه دروسته‌کان زۆرن، ئه‌وه له گه‌ڵ بنه‌ڕه‌ته‌کانی مۆنۆئیسم که باسمان کردن دژایه‌تییان هه‌یه. بێرلین و رۆمانتیسته‌کان لایان وایه که به قه‌درای مرۆڤه‌کان ڕێگا بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت هه‌یه؛هیچ کام له‌و ڕێگایانه ناتوانن پێداگری له‌سه‌رئه‌وه بکه‌ن که هه‌ر خۆیان دروستن. دیالۆگی نێوان گوتاره جۆراوجۆره‌کان له فه‌لسه‌فه‌دا به مانای ئه‌وه نییه که یه‌کیان دروست بن و ئه‌ویکه‌یان نادروست؛ جیهان به بێ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌وڵ بده‌ین جوانتری بکه‌ین، بۆخۆی ڕه‌گه‌ی ناهارمۆنی و جیاواز و ناسازگاری تێدایه. وه‌ختێک بێرلین باس له چه‌مکی ئازادی ده‌کا پێی وایه که له‌گه‌ڵ عه‌داڵه‌ت دا دژایه‌تییان هه‌یه؛( هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یان ڕاڤه و تێگه‌یشتنی منه له نووسراوه‌کانی بێرلین). باسێکی دیکه‌ی بێرلین ئه‌وه‌یه که دژایه‌تی ئه‌رزش و بایه‌خه‌کان پێکه‌وه، پاژێکی دانه‌پچڕاوی ناوه‌رۆک و(ماهییه‌ت)ی جیهانه. به بۆچوونی من گه‌ڕان به شوێن وڵام و به ده‌سته‌وه‌دانی ڕێگاچاره له فه‌لسه‌فه‌ی بێرلیندا ، هه‌وڵێکی بێهووده‌یه.
خوسره‌وی:ببووره! له باسه‌که‌ی جه‌نابتدا بێرلین ئاخری که‌وته کام لاوه؟ ئایا بێرلین لایه‌نگری رۆشنگه‌ری و عه‌قڵ باوه‌ڕییه یان لایه‌نگری رۆمانتیسمه؟
ئه‌حمه‌دڕه‌ش:من به ڕاشکاوی له قسه‌کانمدا کوتم که بێرلین لایه‌نگری رۆمانتیسمه.
خوسره‌وی:هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئاشکرایه که بێرلین له سوننه‌تێکی کانتی یه‌وه هاتۆته ده‌رێ و ته‌واو لیبرالێکی عه‌قڵ باوه‌ڕه و رۆمانتیست نییه. له‌لایه‌که‌وه پێی وایه که ئێمه ده‌بێ به یارمه‌تی عه‌قڵ و زانست، ده‌سکه‌وت و ئاکامی بیر‌و بۆچوونه‌کانی خۆمان هه‌ڵسه‌نگێنین تاکوو ده‌ربکه‌وێ که، چی به‌شه‌ر به‌ره‌و به‌دبه‌ختی و فه‌لاکه‌ت ده‌با و چی به‌ره‌و ئازادی و یه‌کسانی ده‌با؛ به‌و ته‌عبیره بێرلین باوه‌ڕی به بنه‌ڕه‌ته‌کانی رۆشنگه‌ری هه‌یه و ته‌نانه‌ت دژی رۆمانتیسمه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌زانێ که رۆمانتیسم مرۆڤی وشیار و ئاگا کرده‌وه که ئینسان ته‌نیا بریتی له عه‌قڵ نییه و نابێ وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده ئینسان ته‌نیا له عه‌قڵ دا کورت بکرێته‌وه. وه‌ختێک رۆمانتیسم پێی وایه که ئه‌رزشه‌کان پێکه‌وه نه‌ساز و ناکۆکن، که‌وابوو هیچ پێوانه و مێعیارێک نییه.A هه‌وڵ ده‌دا تا سه‌رحه‌دی مه‌رگ Bبکووژێ و Bهه‌وڵ ده‌دا تا سه‌رحه‌دی مه‌رگ Aبکووژێ. به‌و جۆره مرۆڤ ده‌که‌وێته گێژاوێک که هابز پێی وایه مرۆڤ گورگی مرۆڤه. به بڕوای بێرلین ئه‌گه‌ر ئه‌رزش و بایه‌خه‌کان پێکه‌وه نه‌ساز و ناکۆکن، ته‌نیا ڕێگایه‌ک بۆ مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له گه‌ڵ یه‌ک بسازێن و مدارایان هه‌بێ. به‌و مه‌عنایه بێرلین ئه‌سڵه‌ن رۆمانتیست نییه. بێرلین باوه‌ڕی به سوننه‌تی رۆشنگه‌ری هه‌یه؛ هه‌ڵبه‌ت نه‌ک به‌و مانایه که دیسان سوننه‌تی عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌ده‌ی هه‌ژده زیندوو کاته‌وه که پێی وایه عه‌قڵ هه‌موو شتێکه. پێی وایه که ئێمه ده‌توانین زۆر شت له رۆمانتیسته‌کان فێر بین؛رۆمانتیسم روانگه‌یه‌ک به ئینسان ده‌دا که بتوانێ ئازاد بێ و ئازاد بژی ؛ به‌ڵام بێرلین ئاگاداری ئه‌وه‌ش هه‌یه که ڕه‌وتی دژ به عه‌قڵ باوه‌ڕی ئه‌وان له ئاکامدا به زوڵم و تۆتالیتاریسم ده‌گا. بێرلین ئه‌سڵه‌ن ڕێژه‌یی باوه‌ڕ(نسبی گرا) نه‌بوو، ڕێژه‌یی باوه‌ڕی فه‌رهه‌نگی بوو، به‌ڵام ڕێژه‌یی باوه‌ڕی فکری و فه‌لسه‌فی نه‌بوو؛ چونکه ته‌واو باوه‌ری به ئوسول و بنه‌مای گشتی و جیهانی هه‌بوو. که‌وابوو ناکرێ که‌سێک باوه‌ڕی به بنه‌ڕه‌ته‌کانی رۆشنگه‌ری هه‌بێ به‌ڵام پێی وابێ که تۆش ڕ‌است ده‌که‌ی و ئه‌ویش ڕ‌است ده‌کا. بۆ وێنه دوو بایه‌خی نه‌زم و ئازادی، یان دێمۆکراسی و بۆرۆکراسی،یان تاک باوه‌ڕی و کۆباوه‌ڕی؛ ئه‌وانه ته‌واو پێکه‌وه ناکۆک و نه‌سازن، بێرلین پێی وایه که له سه‌رده‌می مۆدێرندا بایه‌خه‌کان(ئه‌رزشه‌کان) پێکه‌وه ناکۆکن. ئه‌گه‌ر تێکۆشین ئازادییه‌کی به‌ربڵاو به‌دی بێنین نه‌زم فیدا ده‌بێ و ئه‌گه‌ر تێکۆشین نه‌زمێکی زۆر داسه‌پێ ئازادی تێدا ده‌چێ...سه‌رده‌می مۆدێرن یانی ده‌ورانی ئه‌و چه‌ند به‌ره‌کی و جۆراوجۆرییه. به بۆچوونی بێرلین باشترین کار ئه‌وه‌یه که بزانین له کوێ و که‌ی ، چه‌نده له‌و و چه‌نده له‌م هه‌ڵبژێرین؛ ده‌نا ئیمکانی نییه ئه‌و بایه‌خ و ئه‌رزشانه پێکه‌وه کۆک و سازگار بن . بیر و بۆچوونی رۆمانتیسمیش ئه‌گه‌ر به‌و په‌ڕی خۆی بگا هه‌ر سه‌ر له‌و زوڵم و زۆره ده‌ردێنێ که عه‌قڵ باوه‌ڕی رۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا به‌دی هێنابوو. ماکس وێبێر ساڵی 1915 دوو بابه‌ت باس ده‌کا به نێوی "ئه‌خلاقی غایاتی موتڵه‌ق" و "ئه‌خلاقی به‌رپرسایه‌تی" . ئه‌خلاقی (غایاتی موتڵه‌ق) به‌و مانایه‌یه که هه‌ر فکرێکت هه‌یه به‌ڕێوه‌ی ببه‌ی و گوێت له‌وه نه‌بێ که به کوێ ده‌گا و سه‌ر له چی ده‌ردێنێ. به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێرندا چونکه ئه‌رزش و بایه‌خی جۆراوجۆر هه‌ن ، ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌س فکری خۆی به‌ڕێوه ببا و گوێی له هیچ نه‌بێ ده‌بێته شه‌ڕی هه‌موان له‌گه‌ڵ هه‌موان. وێبێر ده‌ڵێ چاره‌ی مرۆڤ هه‌ڵبژاردنی ئه‌خلاقی به‌رپرسایه‌تییه؛ هه‌ر که‌سێک هه‌ر فکر و بیر‌و بۆچوونێکی هه‌یه جێی ڕێز و حورمه‌ته، به‌ڵام ده‌بێ به یارمه‌تی عه‌قڵ و عیلم هه‌ڵیسه‌نگێنێ که به کوێ ده‌گا و سه‌ر له چی ده‌ردێنێ. ته‌واوی شه‌ڕی سوننه‌تی کانتی و پۆست مۆدێرنه‌کان له سه‌ر ئه‌وه‌یه که کانتییه‌کان پێیان وایه که ئیمه ده‌بێ باوه‌ڕمان به بنه‌ما و ئوسولی جیهانی و گشتی هه‌بێ؛ پۆست مۆدێرنه‌کان پێیان وایه که هیچ بنه‌ما و ئوسولێکی گشتی وجوودی نییه. سوننه‌تی کانتی پێی وایه که ئه‌گه‌ر بنه‌ڕه‌ت و ئوسولی گشتی نه‌بێ، سێربه‌کان به نێوی دین بووسنییه‌کان ده‌کووژن و بووسنییه‌کانیش هه‌ر به نێوی دین سێربه‌کان ده‌کووژن. پێکهاتنی مافی مرۆڤ و رێکخراوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی و... به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی ئه‌و سوننه‌ته کانتییه‌ن. بێرلین سه‌ر به‌و سوننه‌ته کانتییه‌یه و له‌ویوه هاتۆته ده‌رێ. ئه‌و پێیوایه که فکر هه‌م ده‌کرێ به شێوه‌یه‌کی سه‌ڵت و ئینتزاعی باسی لێ بکرێ و هه‌م به شێوه‌یه‌کی مێژوویی و (واقعگه‌رایانه). کتێبی "سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم " ته‌واو به شێوه‌ی ميژوویی و(واقعگه‌رایانه) نووسراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌و نه‌هاتووه خۆی به تاریف و پیناسه کردنی رۆمانتیسمه‌وه ماندوو بکا. هه‌روه‌ها ئه‌و باوه‌ڕی به (ته‌کامول) و پێشکه‌وتنی مێژوویی به‌و مانایه‌ی که (ته‌کامول)باوه‌ڕه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده باوه‌ڕیان پێی بوو، نییه. به پێی ئه‌م باوه‌ڕه ئه‌و پێیوایه که له نێوان ساڵه‌کانی 1760-1830 دا دابڕان و(گوسه‌ست)ێکی کوتوپڕ له مێژووی به‌شه‌ردا ڕووی داوه. ئه‌و دابڕانه گۆڕانکارییه‌کی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی به سه‌ر بیر و فکر و ئاگایی مرۆڤدا هێناوه. وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌شه‌ر له پڕیکدا له قۆناخێکه‌وه بکه‌ویته قۆناخێکی دیکه؛ ئه‌و قۆناخه تازه‌یه رۆمانتیسم بوو. بێرلین ده‌ڵی زۆرجار وابیرده‌که‌مه‌وه که شۆڕشی فه‌ڕانسه به‌رهه‌می فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌ده‌ی هه‌ژده بوو، به‌ڵام وێکچوونێکی سه‌یر له نێوان کوشت و کوشتار و له گیوتین دانی شۆڕشی فه‌ڕانسه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی رۆمانتیسته‌کاندا هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێ که پێوه‌ندی له نێوان شۆڕشی فه‌ڕانسه و رۆمانتیسم دا هه‌یه...
ئه‌حمه‌دڕه‌ش:به‌ڵێ بێرلین پێی وایه که یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم شۆڕشی فه‌ڕانسه‌یه.
خوسره‌وی:نا، هه‌ر وه‌ک کوتم به هۆی ئه‌وه‌ی که بێرلین (ته‌کامول) باوه‌ڕ نه‌بوو، شۆڕشی فه‌ڕانسه به سه‌رچاوه‌ی رۆمانتیسم نازانێ؛ پێی وایه که نزیکایه‌تی(قه‌را‌به‌ت) و وێکچوون له نێوان ئه‌و دووانه‌دا هه‌یه.
کاکه‌سووری:بێرلین خۆی باسی ئه‌وه ده‌کا که فکری ژان ژاک رۆسۆ له‌سه‌ر رۆمانتیسته‌کان زۆری شوێن داناوه؛ ئه‌وه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئێمه ده‌زانین که باوکی ئینقلابییه‌کانی فه‌ڕانسه یانی رۆبیسپیر زۆر به توندی له ژیر کارتێکه‌ری رۆسۆدا بووه؛ ئایا پێت وانییه که هه‌بوونی بیرۆکه‌کانی ژان ژاک رۆسۆ له شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا، هۆیه‌ک نه‌بێ بۆ به‌دی هاتنی رۆمانتیسم؟
خوسره‌وی:له ڕوانگه‌ی ئایزایابێرلینه‌وه وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی جه‌نابت، نایه؛ چونکه کاتێک ده‌ڵێین بێرلین سه‌ر به سوننه‌تی کانتییه، هه‌ر ئه‌و سوننه‌ته فێری ده‌کا که پێوه‌ندی نێوان دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (علت و معلولی) نییه. وا نییه که شۆڕشی فه‌ڕانسه به‌رهه‌می رۆمانتیسم بێ ، یان رۆمانتیسم به‌رهه‌می شۆڕشی فه‌ڕانسه بێ. هه‌ڵبه‌ت له چه‌ند جێ‌دا باس ده‌کا که بۆچوونی رۆمانتیسته‌کان له نێو دڵی رۆشنگه‌ری دا هه‌بووه. بۆ نمونه پێش گێئۆرگ هامان، ده‌یویدهیوم(علیت)ی ڕه‌د کردبۆوه...
کاکه‌سووری:"دیدێرۆ"ش که یه‌کێك له فیلسوفه عه‌قڵ باوه‌ڕه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی فه‌رانسه‌یه، باسی ئه‌وه ده‌کا که هه‌موو شتێک له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵ دا نییه؛ هێندێک شتی ناعه‌قڵانی هه‌یه که له چوارچێوه‌ی عه‌قڵدا ناگونجێن. زۆر شت له ده‌روونی ئینساندا و له کۆمه‌ڵگادا هه‌ن که مل ناده‌نه ژێر گوزاره عیلمی و عه‌قڵییه‌کان؛ هه‌ر بۆیه ئه‌و پێی وایه که ئێمه ناتوانین نکووڵی زۆر شت بکه‌ین ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له قاڵب و چوارچێوه‌ی عه‌قڵدا ناگونجێن و به پێوانه زانستییه‌کان ناپێورێن .
ئه‌حمه‌دڕه‌ش:ئێمه ناتوانین بڵێین له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا ، هیچ بیرۆکه‌یه‌کی رۆمانتیسمی نه‌بووه. به‌ڵام پاوان کارییه‌ک(انحصارطلبی) که له فکری عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا بووه ده‌ره‌تانی بۆحاشیه و په‌ڕاوێزه‌کان نه‌هێشتۆته‌وه ، هه‌ر له به‌ر ئه‌و پاوان کردنه‌یه که په‌ڕاوێزه‌کان ( که یه‌کێکیان رۆمانتیسمه) به دژی ناوه‌ند هه‌ڵده‌ستن و شۆڕش ده‌که‌ن.
خوسره‌وی: کێشه‌ی ئێمه له‌سه‌ر بێرلین بوو؛ جه‌نابت باسی بێرلین ده‌که‌ی یان رۆمانتیسم؟
ئه‌حمه‌دڕه‌ش:من باسی رۆمانتیسم ده‌که‌م؛ ئه‌و بیروباوه‌ڕه مۆنۆئیستییه که ڕێگا به هیچ ده‌نگێکی جیاواز نادا ، به‌رحه‌ق بوونی خۆی له‌و هێژموونی و تاک ده‌نگییه‌دا ده‌بینێ. له بارودۆخێکی وادا رۆمانتیسم سه‌ری هه‌ڵ دا. ئه‌وه‌ی که وه‌ک شۆڕشێکی کوتوپڕ باسی لێ ده‌کرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که به توندی به دژی بنه‌ڕه‌ته‌کانی ڕۆشنگه‌ری هه‌ستاوه، ده‌نا وه‌ک دیارده‌یه‌کی مێژوویی، زاده‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئوروپایه؛ وه‌ک پێشتریش باس کرا ئه‌و پتانسێله له زۆر زووه‌وه هه‌ر هه‌بووه.
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:منیش هه‌ر پێموایه که ئه‌و بیروباوه‌ڕه رۆمانتیستییه له ته‌واوی قۆناخه‌کانی سوننه‌تی ڕۆژاوادا به شێوه‌یه‌کی که‌م ڕه‌نگ هه‌ر هه‌بووه؛ به‌ڵام بێرلین بۆیه پێی وایه که دابڕانێک له 1760هه‌تا 1830 ڕووی داوه،چونکه له‌سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا به‌هۆی زاڵ بوونی له ڕاده‌به‌ده‌ری عه‌قڵ، ئه‌و بیروبۆچونه تاڕاده‌یه‌ک خنکێنراوه؛ رۆمانتیسم هات ئه‌و ماکه غه‌یری عه‌قڵییانه‌ی که له‌وه پێشه‌وه هه‌ر هه‌بوون به‌ڵام عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌ده‌ی هه‌ژده درفه‌تی نه‌دابوون، بووژانده‌وه و ئه‌وجار هێنانیه ڕوو و به‌رجه‌سته‌ی کردنه‌وه.
کاکه‌سووری:هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه له ته‌واوی سوننه‌تی ڕۆژاوادا ئه‌و باوه‌ڕه رۆمانتیستییه هه‌بووبێ، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نه‌بووه که رۆمانتیسته‌کان هاتن تێئۆریزه‌یان کرد، گیان فیداییان بۆ کرد،ئه‌و هه‌مووه شانۆ و شێعر و کتێبه‌یان له سه‌ر نووسی و که‌سایه‌تی رۆمانتیستی زۆر گه‌وره به‌دی هات. جودا له‌وه گه‌وره‌ترین کاریان تێکشکاندنی بنه‌ڕه‌ته‌کانی عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌دی هه‌ژده بوو که به شێوه‌یه‌کی ترسناک به‌سه‌ر ئوروپادا زاڵ ببوو، ئه‌وه کارێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو که بووه هۆی ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رۆمانتیسم بناسرێ و وه‌ک شۆڕشێک ده‌نگ بداته‌وه؛ ده‌نا شایه‌د ئه‌و بیر‌و باوه‌ڕه به درێژایی ميژووی مرۆڤ هه‌بووبێ.
خوسره‌وی:هه‌بووه، به‌ڵام دیسانیش هه‌ر دابڕان و (گۆسه‌ست)ه. بۆ نموونه تراژیدی له یونانی که‌ونارا به‌رهه‌می تاوانێک بووه؛ ئۆدیپ نازانێ ئه‌و کابرایه باوکیه‌تی ده‌یکوژێ و نازانێ ئه‌و ژنه دایکیه‌تی زه‌ماوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌کا. به‌ڵام قاره‌مانی تراژیک که له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌دی دێ، که‌سێکه که گوێی له هیچ شتێک نییه؛ یانی ده‌ربه‌ستی هیچ مه‌ر‌جه‌ع و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌ره‌کی نییه؛ ئیراده‌ی ئازادی خۆی قه‌بوڵه و ته‌نیا باوه‌ڕی به‌و ئه‌رزشانه هه‌یه که بۆ خۆی پێی ئه‌رزشن. بێرلین ده‌ڵێ که ئێمه پێش رۆمانتیسته‌کان گوزاره‌یه‌کی وامان نه‌بوو که مه‌سه‌له‌ن خاچ په‌رسته‌کان بڵێن چونکه موسوڵمانان سه‌داقه‌تیان هه‌یه، جێی ڕێزن. بێرلین رۆمانتیسم پێناسه ناکا، به‌ڵام چه‌ند پێوانه‌یه‌ک بۆ ناسینی رۆمانتیسم به ده‌سته‌وه ده‌دا:یه‌کیان ئیدێئالیسمه؛ ئه‌وه‌ی که زه‌ینی من ئه‌ساس و بنه‌ڕه‌ته؛ باوه‌ڕم به چییه ئه‌وه بگرمه به‌ر. پێوانه‌ی دووهه‌م ئیراده‌ی ئازاده؛ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه وه‌ک دین و سروشت و عاده‌ت و... وجودی نییه. پێوانه‌ی سێهه‌م ئه‌وه‌یه که راستیه‌تی و نییه‌ت گرینگه. عه‌قڵ باوه‌ڕه‌کان پێداگرییان له‌سه‌ر ئاکام و داهات ده‌کرد؛ به‌ڵام رۆمانتیسته‌کان ده‌یانکوت که هانده‌ر(ئه‌نگیزه) و نییه‌تی تۆ گرینگه. مه‌به‌ستی بێرلین له "دابڕان" ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئه‌رزش و بایه‌خانه پێش رۆمانتیسته‌کان ئه‌سڵه‌ن نه‌بوون.
هیدایه‌تی:هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ک کاک جه‌ماڵ باسی کرد به هۆی ئه‌وه‌ی که بێرلین "(ته‌کامول) باوه‌ڕ" نه‌بووه، ناکرێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان هه‌بێ که بێرلین سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسم بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ده‌کانی پێشوو . باوه‌ڕ به تێئۆری دابڕان ، ڕێی ئه‌وه‌ی پێ نادا که گووران و پێکهاتنی به‌ره به‌ره‌ی رۆمانتیسم شی بکاته‌وه. ئه‌سڵه‌ن هه‌ر وه‌ک ئاماژه کرا باوه‌ڕیشی به‌و جۆره لێکۆڵینه‌وه‌یه نه‌بوو. تێئۆری "دابڕان" سه‌ره‌کی ترین بابه‌تی کتێبی سه‌رچاوه‌کانی رۆمانتیسمه؛ که وه‌ک مێتۆدێک ڕه‌چاو کراوه و به بێ ئه‌و تێئۆرییه ناکرێ له مه‌به‌ستی بێرلین بگه‌ین. سه‌یر ئه‌وه‌یه که دابڕان یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌یه که رۆمانتیسته‌کان باوه‌ڕیان پێی بوو. ئه‌وان پێیان وابوو که کار و چالاکییه‌کانی مرۆڤ پێشبینی ناکرێ؛ یانی ده‌کرێ کوتوپڕ به بێ هیچ پێش زه‌مینه و پێشینه‌یه‌ک شۆڕشێک، تێئۆرییه‌ک یان بزوینه‌وه‌یه‌ک به‌دی بێ. وێڕای ئه‌وه‌ی منیش پێموانییه که بێرلین رۆمانتیست بێ، شایه‌د یه‌کێک له‌و شتانه‌ی بێرلین له رۆمانتیسته‌کان شوێنی وه‌رگرتبێ هه‌ر ئه‌م تێئۆرییه بێ که هه‌موو کتێبه‌که‌ی له‌سه‌ر ڕۆ نراوه. ته‌نانه‌ت بێرلین له کۆتایی کتێبه‌که‌دا ده‌ڵێ :" له‌بیرمان نه‌چێته‌وه که رۆمانتیکه‌کان هه‌ر ئه‌وانه بوون که زۆرتر له هه‌موان له سه‌ر پێشبینی نه‌کراویی چالاکییه‌کانی ئینسان پێداگرییان ده‌کرد و له‌مباره‌وه بۆچوونی ئه‌وان دروست بوو." مه‌به‌ستم له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕسته‌یه ئه‌وه بوو که بێرلین ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌وانی که چالاکی و ڕه‌فتاری مرۆڤ پێشبینی ناکرێ که به کوێ ده‌گا، پێ بۆچوونێکی دروسته و هه‌ر به پێی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌وان پێی وایه که رۆمانتیسم دابڕان بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێئۆری دابڕان بسه‌لمێنێ خۆی به دیتنه‌وه‌ی جێ پێ و سه‌رچاوه ڕابردووه‌کانه‌وه ماندوو ناکا و باوه‌ڕیشی به‌و جۆره لێکۆڵینه‌وه (ته‌کامول)ییه نییه. هه‌ر بۆیه زۆر به په‌له به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا تێ ده‌په‌ڕێ که " له پڕێکدا سێڵاوی هه‌ست و جۆش و خرۆش هه‌ستا و خه‌ڵک ئۆگری مێعماری گوتیک بوونه‌وه و ..." من وا هه‌ست ده‌که‌م بێرلین بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که رۆمانتیسم دابڕان بوو، له لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌گ و ڕیشه‌کان به جۆرێک چاوپۆشی ده‌کا و هه‌وڵێکی سه‌یر ده‌دا تاکوو سه‌رچاوه‌ی رۆمانتیسم ته‌نیا له قۆناخێکی زه‌مانی و له وڵاتێکی دیاریکراودا قه‌تیس بکا. ئه‌و پێی وابوو که رۆمانتیسم هه‌م سه‌رچاوه‌ی فکری هه‌بوو هه‌م سه‌رچاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ مه‌ڵبه‌ندی هه‌ردوو سه‌رچاوه‌که‌ش ئاڵمانه. به بۆچوونی ئه‌و، ڕه‌گه فکرییه‌کانی رۆمانتیسم له بیر‌و بۆچوونه‌کانی کانت و هامان و هێرێدێر دا ڕه‌گاژۆی کردووه و باوکی راسته‌قینه‌ی رۆمانتیسم هامانه. له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دوو شت به هۆکار ده‌زانێ یه‌کیان هه‌ست به سووکایه‌تی کردنی ئاڵمانییه‌کان له دوای تێکشکان له شه‌ڕی سی ساڵه له به‌رانبه‌ر فه‌ڕانسه‌دا و هۆکاری دووهه‌م ئه‌وه بوو که ئاڵمانییه‌کان له سه‌رده‌می رێنێسانس‌دا هیچ ده‌ورێکیان نه‌گێڕابوو؛ ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تییه‌کی به‌رچاویان لێ نابیندرێ تاکوو که‌مایه‌تییه‌کانی خۆیانی پێ قه‌ره‌بوو بکه‌نه‌وه. له ئاکامدا هه‌موو ئه‌و که‌م و کووڕی و تێکشکانانه بووه هۆی خه‌م و په‌ژاره و هه‌ست به سووکایه‌تی کردن، به جۆرێک که له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا به ته‌واوی تێک ڕووخابوون، هه‌ربۆیه پاشه‌کشێیان کرد بۆ دنیای ده‌روون. بێرلین ده‌ڵی ئه‌وه ڕێگا چاره‌یه‌کی هه‌میشه‌یی به‌شه‌ره که هه‌ر کات درگای ده‌ره‌وه‌ی له سه‌ر داخرا ، په‌نا ده‌باته به‌ر دنیای ده‌روون. به بۆچوونی بێرلین له‌و په‌نا بۆ ده‌رون بردنه‌دا بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی به‌شه‌ردا دابڕانێک ڕووی دا: بۆیه‌که‌م جار ئاڵمانییه‌کان له نیوان 1760-1830دا له ئولگو و نمووده‌ی ئه‌فلاتونی که پێی وابوو حه‌قیقه‌تێکی نه‌گۆڕ و هه‌میشه‌یی هه‌یه، دا بڕان و دوای دوو هه‌زار ساڵ پاشه‌کشێیان به‌و نمووده و ئولگووه داسه‌پاوه کرد و ئولگو و نمووده‌یه‌کی تازه‌یان به دی هێنا، ئه‌ویش ئه‌وه بوو که حه‌قیقه‌ت زۆر و جۆراوجۆرن.
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:له باری مێژووییه‌وه ئاڵمانییه‌کان له ئوروپادا ئاخرین نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوون که به حاڵه‌حاڵ توانیان حکومه‌ت دروست بکه‌ن.نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوون که زۆر دره‌نگ توانیان بچنه نیو ئوروپاوه؛ کاتێک چوونه ئوروپا، ته‌مه‌ددونی زۆر گه‌وره له ئارادابوون. ئیمپراتوری رۆم له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بوو که ژێرمه‌نه‌کان توانییان له باکوره‌وه بچنه نێو ئوروپا. کاتێکیش توانیان به هه‌زار چه‌رمه‌سه‌ری بچنه ئوروپاوه،به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که ئیجازه‌ی نیشته‌جێ بوونیان پێ نه‌ده‌درا، له گه‌ڵ ئیمپراتوری رۆم به‌رده‌وام له ناکۆکی و شه‌ڕ و کێشه‌دا بوون. ته‌نانه‌ت تا پێش رێنێسانسیش به نه‌ته‌وه‌یه‌کی نیوه وه‌حشییان ده‌زانین. هه‌ربۆیه کاتێک که‌وتنه بیری نه‌ته‌وه‌بوون، هه‌میشه هه‌ستییان به سوکایه‌تی ده‌کرد، به تایبه‌ت ئیمپراتوری رۆمیش به‌رده‌وام سه‌رکوتی کردبوون و دوای ئه‌وانیش ئینگلیسییه‌کان و فه‌ڕانسه‌ییه‌کانیش دیسان هه‌ر سه‌رکوتیان کردبوون؛ له‌به‌ر ئه‌وه ئاڵمانییه‌کان ڕقیان له هه‌ر شتێک بوو که له سوننه‌تی فکری فه‌ڕانسه و ئینگلیسه‌وه سه‌رچاوه‌ی بگرتبایه. ئاڵمانییه‌کان ته‌نانه‌ت له سوننه‌تی دینیشدا له گه‌ڵ ئوروپا زۆر کۆک نه‌بوون و ملیان بۆ سوننه‌تی دینی زاڵ به‌سه‌ر ئوروپادا نه‌ده‌دا. سه‌یر ئه‌وه‌یه که یه‌که‌م دابڕان له کلیسای کاتۆلیکی رۆم هه‌ر له ئاڵمان ڕووی دا. ئه‌وان بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی ڕۆژاوادا له لایه‌ن لۆتێر درزیان به کلیسای کاتۆلیکی رۆم دا، که هه‌زاران ساڵ بوو به‌سه‌ر ئوروپادا زاڵ بوو و پرۆتێستانیسمیان به‌دی هێنا. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئاڵمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له هه‌وڵی ئه‌و دابڕان و خۆ جودا کردنه‌وه‌یه‌دا بوو؛ ئاڵمان له هه‌مو بواره‌کاندا وه‌ک دین، هونه‌ر و فه‌لسه‌فه هه‌وڵی داوه که جیاوازی خۆی بنوێنێ و له ئوروپا داببڕێ.
خوسره‌وی:لێره‌دا پێم باشه که باسی گێئۆرگ هامان بکه‌ین که بێرلین پێیوایه باوکی ڕاسته‌قینه‌ی رۆمانتیسمه و کتێبێکی تایبه‌تیشی له سه‌ر ژیان و بیروڕای هامان به نێوی " مه‌جووسی باکوور " له سه‌ر نووسیوه. به بۆچوونی بێرلین ، هامان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی رۆمانتیسمه و وه‌ک فیلسووفێکی له‌بیرکراو نێوی دێنێ. هامان له لایه‌که‌وه عێرفان باوه‌ڕ و له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌زمون باوه‌ڕێکی بێرگسۆنییه. به‌و مانایه که باوه‌ڕی وایه واقعییه‌ت له حاڵی حه‌ره‌که‌ت و بزووتنه‌وه‌دایه و چالاک و ئه‌کتیڤه؛ هه‌ر چه‌مکێک بۆ واقعییه‌ت به کار ببه‌ین( وه‌ک: ته‌عمیم و ده‌سته‌به‌ندی) ئه‌و واقعییه‌ته زیندووه ده‌مرێنێ. به بڕوای هامان خودا سروشتی به زمانی شێعر نووسیوه، نه‌وه‌ک ڕیازی. ئه‌گه‌ر گالیله ده‌یکوت سروشت به زمانی ریازی نووسراوه، یانی ده‌کرێ به‌ش به‌ش بکرێ؛ دابه‌ش کردنی سروشت یانی فه‌رامۆش کردن و کوشتنی. به‌و پێیه به کاربردنی هه‌ر چه‌شنه وشه و چه‌مکێکی گشتی و ئینتزاعی به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ندی واقعییه‌ت یانی کوشتن و تێدا چوونی واقعییه‌ت؛ له‌به‌ر ئه‌وه له‌سه‌ر ئیراده و تاکیه‌تی زۆر پێداگره. کانت پێی ده‌ڵێ که ئیدی باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌ستێره‌ناسی (نجووم) بتوانێ (فه‌رزییه)یه‌کی تازه بداته ده‌رێ؛ هامان ده‌ڵێ:نا، ئه‌و بیروڕایه‌ی تۆ، تۆی کردۆته جاڵجاڵۆکه‌یه‌ک که ته‌نیا سیسته‌م ساز ده‌که‌ی. ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و ڕق و بێزارییه‌ی دواتر نیچه و ته‌نانه‌ت فڕانکفۆرتییه‌کان له گشت(کول) و گشت باوه‌ڕی و سه‌ڵت کردنه‌وه(ئینتزاع)، هه‌یانبوو، له بیر‌و ڕاکانی هامانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هامان له به‌رانبه‌ری هه‌مووی ئه‌و سیسته‌م سازی و گشت باوه‌ڕی و عه‌قڵ باوه‌ڕییه‌ی که سوننه‌تی رۆشنگه‌ری به‌دی هێنابوون ، ڕاوه‌ستا و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی ڕێکخست که بێرلین پێی وابوو به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو لیبرالیسم و مدارا و تۆلێرانسی لێ بۆوه.
عه‌بدولڕه‌حیم زاده:بێرلین له سه‌رتاوه کاتێک باسی هامان ده‌کا له لاپه‌ره‌ی 73دا ده‌ڵێ ؛ هامان پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ژارانه‌ی هه‌بوو؛ سه‌یر ئه‌وه‌یه که ده‌سبه‌جی له نێو که‌وانه‌دا ئه‌وه‌ی پێوه زیاد ده‌کا که (وه‌ک هیتلێر)؛ کاتێک به‌و جێگایه گه‌یشتم زۆرم پێ سه‌یر بوو! بۆ هیتلێر؟ بۆم ده‌رکه‌وت که بێرلین ده‌یهه‌وێ ئه‌وه بگه‌یه‌نێ که رۆمانتیسم له شێوه‌یه‌کی ئیفراتی و توندوتیژدا یان له شێوه سیاسییه‌که‌یدا ئاخری به نازیسم ده‌گا و دواتریش به راشکاوی ده‌ڵێ که فاشیسم میراتگری رۆمانتیسم بوو؛ چونکه فاشیسم وه‌ک رۆمانتیسته‌کان پێداگری له سه‌ر ئیراده‌ی پێشبینی نه‌کراو ده‌کرد.
خوسره‌وی:به‌ڵێ، سه‌ربازانی موسولینی ده‌یانکوت که که ئێمه نازانین سبه‌ینێ ڕه‌هبه‌ر چمان به سه‌ر دێنێ؛ یانی ئیراده پێشبینی ناکرێ. به‌و مانایه فاشیسم به‌رهه‌می راسته‌وخۆی رۆمانتیسمه، چونکه فاشیسم له سه‌ر ئیراده‌ی ئازاد پێداگری ده‌کرد. بێرلین ته‌نانه‌ت ئیگزیستانسیالیسم به میراتگری رۆمانتیسم ده‌زانێ. ئیگزیستانسیالیسته‌کان ده‌یانکوت تاک نابێ گوێ به هیچ مه‌ڕجه‌ع و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌ره‌کی بدا. سارتر ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌زاران که‌س له پشت تۆوه ڕاوه‌ستابن و زۆرت بۆ بێنن که گولله‌یه‌ک بته‌قێنی و که‌سێک بکوژی؛ ئه‌گه‌ر ته‌قاندت و که‌سه‌که‌ت کوشت، دوای لێت بپرسن که ئه‌و که‌سه‌ت بۆ کوشت ؟ ئه‌گه‌ر بڵێی ئه‌و جه‌ماوه‌ره له دواوه پاڵیان پێوه ده‌نام و فشارم له‌سه‌ر بوو؛ ئه‌وه تۆ ئازاد نی؛ چونکه خۆت به‌رپرسی کاری خۆت نه‌بووی.
هیدایه‌تی:بێرلین له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه فاشیسم و ئیگزستانسیالیسم به میراتگری رۆمانتیسم ده‌زانێ و پێیوایه که له باری ده‌روونی و ڕه‌وانیشه‌وه دوو دیارده‌ی لێ که‌وته‌وه: نۆستالژیا و پارانۆیا. فیلسوفانی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری پێیان وابوو که گرفته‌کانی مرۆڤ ڕێگا چاه‌ریه‌کیان هه‌یه؛ له‌م جیهانه‌دا که ستراکتور و ساختارێکی نه‌گۆڕ و ساده و بێ ئاڵوگۆڕی هه‌یه و هه‌موو شتێک له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عیلم و عه‌قڵدایه، مرۆڤ ده‌توانێ ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ گرفت و کێشه‌کانی خۆی ده‌ست نیشان بکات. به‌ڵام رۆمانتیسته‌کان باوه‌ڕیان وابوو جیهانێکی که به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕ و بزوتنه‌وه‌دایه ته‌وسیف ناکرێ چ بگا به‌وه‌ی گرفته‌کانی تێدا چاره‌سه‌ر بکرێ. به‌ڵام مرۆڤ نابێ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ده‌سته‌وستان ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانێ وبێکار دانیشێ. ژیان یانی ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئاخرییه‌که‌ی بتوانێ کارێک بکا و پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ جیهان ته‌وسیف بکا؛ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ جیهان ته‌وسیف ناکرێ؛ لێره‌دا کاتێک مرۆڤ ده‌زانێ ناتوانێ جیهان ته‌وسیف بکا تووشی گرفت و کێشه دێ؛ گرفتێکی چاره‌سه‌ر نه‌بوو. ناچاره سه‌فه‌ر بکا ؛له باره‌ی ڕابردووه‌وه بنووسێ؛ هێزی خه‌یاڵی بخاته گه‌ڕ تاکوو به دوای ماڵێکی ون بوودا بگه‌ڕی که ده‌شزانێ قه‌ت ده‌ستی به‌و ماڵه ڕاناگا. بێرلین ده‌ڵێ نۆستالژیا ڕه‌وایه‌تێکی گه‌شبینانه‌یه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌سته‌وستان(منفعل) دانه‌نیشێ و له‌و هه‌وڵ و سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه‌دا بتوانێ تواناییه‌کانی خۆی بنوێنێ تاکوو ئازادتر بێ. به‌ڵام شان به شانی ئه‌و ڕه‌وایه‌ته گه‌ش بینانه‌یه، ڕه‌وایه‌تێکی ڕه‌ش بینانه‌ش له نێو رۆمانتیسمه‌وه به‌دی دێ ، ئه‌ویش پارانۆیا یه. به‌و مه‌عنایه که، شتێکی شاراوه له قووڵایی مێژوودا یان له ناخوداگا دا هه‌یه که ده‌ستی مرۆڤی پێ ڕا ناگا و به‌رده‌وام داخوازی و ویسته‌کانی مرۆڤ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. هێزێکی ترسێنه‌ری دژ به به‌شه‌ر هه‌یه که هه‌ر کات مرۆڤ دێ به ئاواته‌کانی بگا، ده‌بێته ڕێگر و له‌مپه‌ر و هه‌موو ئاره‌زووه‌کانی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. به بۆچوونی بێرلین باوه‌ڕ به وه‌ها له‌مپه‌ر و ڕێگرێک مرۆڤ تووشی جۆرێک ترس و دڵه‌کوتێی به‌رده‌وام ده‌کا که به پارانۆیا ناسراوه. هه‌ر وه‌ک له به‌رهه‌مه‌کانی کافکادا ئێمه ئه‌و ترس و دڵه کوتێیه له که‌سایه‌تییه‌کانی دا ده‌بینین .
عه‌بدولڕه‌حم زاده:رۆمانتیسته‌کان گرینگییه‌کی تایبه‌تیان به هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ده‌دا؛ شایه‌د هه‌ر به‌و هۆیه بێ که زۆرێک له ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه رۆمانتیسم پێش هه‌مووشتێک قوتابخانه‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که رۆمانتیسته‌کان بایه‌خێکی زۆریان به هونه‌ر ده‌دا و ته‌نانه‌ت بۆ یه‌که‌م جار له مێژوودا ئه‌وان هه‌وڵیان دا واقعییه‌ت له هونه‌ردا کورت بکه‌نه‌وه و شێعر و واقعییه‌تیان پێ یه‌ک بوو. کارتێکه‌ری و شوێن دانانی رۆمانتیسم له‌سه‌ر نوسه‌ران و شاعیران تا ڕاده‌یه‌ک بوو که هێندێک له ڕه‌خنه‌گران پێیانوایه ته‌واوی نووسه‌رانی دوای رۆسۆ رۆمانتیست بوون؛ له حاڵێکدا زۆرێک له‌و نوسه‌رانه خۆیان به رۆمانتیست نه‌ده‌زانی. بۆ وێنه ستاندال خۆی به رۆمانتیست نه‌ده‌زانی به‌ڵام رۆمانتیسمی پێناسه ده‌کرد. ئه‌وه‌ی وه‌ک رۆمانتیست نێویان براوه و له دنیای هونه‌ریشدا تا ڕاده‌یه‌ک له له‌لای ئێمه ناسراون له شێعردا: ویلیا‌م بڵیک و نۆوالیس؛ له شانۆ و داستاندا: لیسینگ ، شیلێر و ویکتۆرهۆگۆ. رۆمانتیسته‌کان گۆتێ یان له به‌رهه‌می "ویلهێلم مایستێر" دا پێ رۆمانتیسته و سه‌یر ئه‌وه‌یه که شانۆنامه‌ی به‌ناوبانگی "فاوست"ی گۆتێیان پێ کتێبێکی رۆمانتیستی نییه. پێوه‌ندی نێوان گۆتێ و رۆمانتیسته‌کان سه‌یر بوو : گۆتێ قه‌ت ددانی به‌وه‌دا نه‌هێنا که رۆمانتیسته؛ هه‌ڵبه‌ت نکوڵیشی لێ نه‌ده‌کرد. رۆمانتیسته‌کان به‌رهه‌می "ویلهێلم مایستێر"ی گۆتێیان زۆر به‌دڵ بوو؛ ته‌نانه‌ت وه‌ک مانیفیستی خۆیان چاویان لێ ده‌کرد. به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندییه رۆمانتیستییه‌کانیان له فاوست دا نه‌ده‌دی و له به‌ر ئه‌وه پێیان خۆش نه‌بوو. له لایه‌که‌وه وه‌ک هه‌ڵکه‌وته و بلیمه‌تی ئاڵمان ڕێزیان له گۆتێ ده‌گرت و له لایه‌کی دیکه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌خێرهاتنی دۆکی وایمار به پێشوازییه‌وه چووبوو، لۆمه‌یان ده‌کرد. لێره‌دا ده‌مهه‌وێ ئاماژه به خاڵێکی گرینگ بکه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مه‌کان نابێ به هه‌ڵه بچین و به هۆی سه‌حنه و فه‌زایه‌کی رۆمانتیستی یان که‌سایه‌تییه‌کی رۆمانتیکه‌وه، پێمان وابێ که ئه‌و به‌رهه‌مه ته‌واو ده‌چێته خانه‌ی رۆمانتیسمه‌وه. مه‌سه‌له‌ن که‌سایه‌تی نانای ئیم‌یل زۆلا ته‌واوی تایبه‌تییه‌کانی ژنێکی رۆمانتیکی تێدایه؛ به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه له ده‌سته‌به‌ندیدا کتێبێکی ناتۆرالیستییه. یان ئێمابوواری شایه‌د تایبه‌تییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌کی رۆمانتیکی هه‌بێ، به‌ڵام رۆمانی مادام بوواری به‌رهه‌مێکی رۆمانتیسم نییه و هه‌موو ڕه‌خنه‌گران له ده‌سته‌به‌ندیدا پێیان وایه که مادام بوواری رۆمانیکی ریئالیستییه و هێندێکیش پێیانوایه که سه‌ره‌تای رۆمانی مۆدێرنه.
کاکه سووری:رۆمانتیسته‌کان سوننه‌ت شکێنییه‌کی گه‌وره‌یان له بواری ئه‌ده‌بی داستانی و به تایبه‌ت له شانۆدا ئه‌نجام دا. هه‌موو نۆرم و بایه‌خه‌کانی ساختاری شانۆی کلاسیکیان تیکشکاند. بۆ نمونه شانۆ زۆر ئاسایی به‌ڕێوه ده‌چوو ، کوتوپڕ باران دای ده‌دا، ئه‌کته‌ر و یاریزان له به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره‌ی ده‌رهێنه‌ردا هه‌ڵوێستییان ده‌گرت که کاکی ده‌رهێنه‌ر کوا بڕیار بوو لیره‌دا باران ببارێ؟ ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێ ڕاسته بڕیار نه‌بوو لێره‌دا باران ببارێ به‌ڵام چ ئیرادێکی هه‌یه، با لێره‌دا باران ببارێ. مه‌سه‌له‌ن له‌سه‌ر شتێکی ئاوا شانۆ ڕاده‌گیرا و له نێوان ده‌رهێنه‌ر و یاریزانه‌کاندا شه‌ڕ و کێشه په‌یدا ده‌بوو؛ تماشاوانه‌کان که زۆریان ئه‌و کاره بۆ نامۆ بوو، هه‌ڵیان ده‌دایه که کاکه خۆ قه‌رار نییه ئێمه تماشاچی شه‌ڕ و کێشه‌ی ئێوه بین؛ ئێمه هاتووین شانۆ ببینین... به‌وجۆره هه‌موو نۆرمه‌کانی شانۆی کلاسیکیان تێکده‌شکاند. ڕه‌نگه به‌ناوبانگترین رۆمانێک که هه‌موومان خوێندبێتمانه‌وه " بێ ئه‌نواکان" ی ویکتۆر هۆگۆیه. رۆمانێکی مه‌شهووری دیکه‌ش که له مێژه به فارسی چاپ بووه و به ته‌واوی له ده‌سته‌به‌ندیدا به رۆمانتیک مه‌شهوره، "به‌سه‌رهاتی وۆرتێر"ی گۆتێیه. قاره‌مانی داستان( وۆرتێری لاو) ئاشقی خانمێک ده‌بێ به نێوی (شالوت)، وۆرتێر کاتێک ده‌زانێ که دڵداره‌که‌ی شووی کردووه، هه‌تا ئاخری ته‌مه‌نی به‌و ئه‌وینه‌ی هه‌ر وه‌فادار ده‌مێنێته‌وه و له کۆتاییشدا له پێی ئه‌و ئه‌وینه‌یدا خۆی ده‌کووژێ. سه‌یر ئه‌وه‌یه که ژیانی نۆوالیسی شاعیر( یه‌کێک له شاعیرانی ڕاسته‌قینه‌ی رۆمانتیسم) زۆر له‌و رۆمانه نزیکه؛ نۆوالیس دوای مه‌رگی دلداره‌که‌ی، زۆر ئاشقانه نایهه‌وی مل به ژیان بدا و ته‌نیا داواکار و خوازیاری شتێک بووه؛ ئه‌و شته‌ش پێچه‌وانه‌ی ژیانه یانی مه‌رگ . هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه کرا رۆمانتیسته‌کان باوه‌ڕیان وابوو که هیچ ڕیگا چاره‌یه‌ک بۆ گرفته‌کان نییه. ئه‌گه‌ر ژن و مێردیک پێکه‌وه ناکۆکییان هه‌یه، نه مدارا و نه ته‌ڵاق هیچیان ڕێگاچاره نین؛ به پێی بۆچوونه‌کانی رۆمانتیسته‌کان ده‌بێ تا کۆتایی ته‌مه‌نیان ئه‌و ژیانه‌یان درێژه پێ بده‌ن. رۆمانتیسته‌کان ڕ‌است له‌به‌ر ئه‌وه بوو که فاوستی گۆتێیان پێ به‌رهه‌مێکی رۆمانتیک نه‌بوو؛ چوونکه گۆتێ له فاوستدا ڕێگاچاره‌ی پێشان دابوو. هونه‌رمه‌ند و که‌سایه‌تی رۆمانتیک ده‌ڵێی بۆ بیانویه‌ک گه‌ڕاون هه‌تا ژیانێکی جیاوز و ڕێگایه‌کی جیاواز له خه‌ڵکی ئاسایی و له کۆمه‌ڵگا هه‌ڵبژێرن. تاقمێک مرۆڤی ته‌نیا و ته‌ریک که کۆمه‌ڵگا ئاوڕێکیان لێ ناداته‌وه ، به‌ڵام ئه‌وان له‌وپه‌ڕی ڕه‌نج و برسیه‌تی دا خه‌ریکی به‌ره‌وپێش بردنی هونه‌ری گه‌وره و شێتانه‌ی خۆیان بوون که ویلهێڵم شلێگیل به "خۆپه‌رستی گۆشه‌نشین" نێویان ده‌با. له ڕاستیدا هونه‌رمه‌ندی رۆمانتیک تێکه‌ڵاوێکی دژوازه(متناقض ) له ته‌ریکی و تاکیه‌تی له گه‌ڵ به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی. سه‌رهه‌ڵدان و دروست بوونی هه‌موو کۆڕ و کۆبوونه‌وه جیاوازی خوازه‌کان - چ له بواری هونه‌ر و فه‌رهه‌نگدا و چ له بواری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا - دروست بوونی هونه‌رمه‌ندی تاک و ته‌ریک وچڵکن و چه‌په‌ڵ له گشت جێیه‌ک، هه‌موو هه‌ر له ژێر کارتێکه‌ری فکر و بیری رۆمانتیسمدا به‌دی هاتن. به گشتی رۆمانتیسته‌کان تێکۆشاون چوارچێوه ته‌نگه‌به‌ر و داسه‌پاوه‌کانی کاتی خۆیان له به‌ر یه‌ک به‌رن و هونه‌ر و کۆمه‌ڵ به‌ره‌و بیرێکی تازه و جیاواز ببه‌ن.
هیدایه‌تی:من پێموایه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی رۆمانتیسم چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌یه، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌و به‌ستێنه مێژووییه‌ی رۆمانتیسم له به‌رانبه‌ر کلاسیسیم دا سه‌ری هه‌ڵدا. باشترین ڕێگا بۆ ناسینه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی رۆمانتیستی له دژایه‌تی و تێکشکاندنی بنه‌ڕه‌ته کلاسیکییه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێ. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیر بێ که نووسه‌رانی سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده نه‌ده‌هاتن به پێی تێئۆری فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانتیسم رۆمانێک بنووسن یان شێعرێک بنووسن . به‌ڵکوو هه‌ر به‌رهه‌مێک ده‌نووسرا رۆمانتیسته‌کان ده‌ستیان له سه‌ر داده‌نا، ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ پێوانه‌کانی ئه‌وان بیخوێندبایه‌ته‌وه، وه‌ک به‌رهه‌مێکی رۆمانتیست لایه‌نگرییان لی ده‌کرد. سه‌ره‌کی ترین پێوانه‌کانی ئه‌وان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مێکی رۆمانتیستی ئه‌وانه بوون: نه‌بوونی ساختارێکی ڕێکوپێک له به‌رهه‌مێکدا، نیشان نه‌دانی ڕێگا چاره ، پێش نه‌گرتن به نه‌وس و ویست و غه‌ریزه و هه‌روه‌ها ترس و دڵه ڕاوکێیه‌کی به‌رده‌وام له ده‌روونی که‌سایه‌تیییه‌کاندا. دواتر هه‌ر کام له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه شوێنیان له سه‌ر نووسه‌ره‌کانی دوای سه‌رده‌می رۆمانتیسم دانا و به جۆرێک رۆحی رۆمانتیسم به بۆنه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه له ده‌رونی رۆمانه به‌نێوبانگه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و بیست دا درێژه‌ی به ژیان دا. بۆ وێنه ده‌توانین بڵێین تێکشکاندنی ستراکتور و ساختار له سه‌ر فۆرمالیسته‌کان و پۆست مۆدێرنه‌کان شوێنی دانا، یان پێش نه‌گرتن به هه‌ست و غه‌ریزه‌ی تاکه‌که‌سی له که‌سایه‌تی رۆمانه‌کانی ستاندال و فلۆبێردا ده‌بیندرێ و پارانۆیا و ترسێکی به‌رده‌وام له شتێکی که ئاره‌زووه‌کان پێکدا ده‌دا له که‌سایه‌تی داستانه‌کانی کافکا دا ده‌بیندرێ. به بڕوای من یه‌کێک له شوێنه‌واره باشه‌کانی رۆمانتیسم ئه‌وه بوو که هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و به گشتی زه‌ینی به‌شه‌ر له ده‌ستی ئه‌و فه‌زا پۆزیتویستییه‌ی که هه‌مووشتێکی به گه‌زی خۆی ده‌پێوا ڕزگار کرد؛ دوای رۆمانتیسته‌کان بوو که عیلم ددانی به‌وه‌دا هێنا که ناسین(شناخت) ئه‌وه‌نده‌ی له ژێر کارتێکه‌ری عه‌قڵدایه ئه‌وه‌نده‌ش له‌ژێر کارتێکه‌ری ماکه ناعه‌قڵانییه‌کاندایه؛ هه‌ر بۆیه ئه‌فسانه و جادوو و ئوستوره‌کان بایه‌خیان پێ دراوه؛ چیرۆکه فۆلکلۆرییه‌کان کۆکرانه‌وه؛ شێعر گوڕ و تاوێکی دیکه‌ی گرت و به گشتی هێزی خه‌یاڵ که به توندی له قه‌فه‌س و چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراودا زیندانی کرابوو ئازاد بوو.