
4 چێوه
سه‌ید قادر هیدایه‌تی
1
ئه‌وه دیسان نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سه‌عاتی دیکه!
تا که‌ی به نه‌خشه‌ی ئه‌وی بکه‌م؟ له‌وه‌تا له بیرم دێ و له‌بیرم نایه نه‌خشه‌م بۆ ده‌کێشێ. تاکوو منداڵ بووم به نووکی گۆچانه‌که‌ی پێی ده‌کوتم چی بکه‌م و چی نه‌که‌م و ئێستا چوارچێوه‌یه‌کی ته‌واو دیاریکراو له پێش ده‌ممدا؛ به خاڵ و نوخته لێی لاده‌م ده‌زانێ...
ئه‌وه نییه نه‌خشه‌یه‌ک ته‌واو بێ ده‌ست به‌ردار بێ. باوکم هه‌میشه نه‌خشه‌ی هه‌یه؛ ئه‌و نه‌خشه‌یه ته‌واو بێ یه‌کی دیکه و ئه‌ویش ته‌واو بوو یه‌کی دیکه و...
ئه‌و ڕۆژه ده‌یکوت نه‌خشه‌م بۆ کێشاوه بیده‌م به کێ.
تا ئێستا قه‌ت به حاڵ له نه‌خشه‌ی ئه‌وم لانه‌داوه. شه‌رته ئه‌مجاره‌یان به نه‌خشه‌ی ئه‌وی نه‌که‌م و بۆ خۆم نه‌خشه‌ی بۆ بکێشمه‌وه. له حاشیه‌ی به‌رپێیدا هه‌رچی فه‌رش فرۆش و به‌ن فرۆشه ڕیزی ده‌که‌م؛ بۆ خۆی وه‌ها ده‌ردێنم و وه‌های ده‌ڕه‌نگێنم و وه‌های ده‌چنم بچێته سه‌ر به‌ڕه‌ی هه‌رکه‌سێ نه‌توانن بڵێن نا. هه‌تا ته‌ونه‌که‌م به یه‌گجاری ته‌واو نه‌بێ مقه‌ستی ناکه‌م؛ با باوکم نه‌یبینێ و بڵێ "که‌ڵگات بۆ هێناومه‌ته ژوورێ؟" و ده‌ست بداته چه‌قۆیه‌ک و له بندا هه‌ڵیبڕێ و ئیدی من ...
وه‌ختێک ته‌واو بووم و بڕیمان و له دارمان کرده‌وه و مقه‌ستمان کرد، وه‌ره‌ده‌رێ و به سه‌ر باوکمدا بنه‌ڕێنه و بڵێ : "هاتوومه سه‌ربه‌ڕه‌ت." با نه‌خشه‌کانی هه‌مووی هه‌ڵوه‌شێن.
2
نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سه‌عات چنین و چنین و چنین...
ئه‌و شه‌وه بۆ به‌یانی فه‌رشه‌که‌ی ته‌واو ده‌بوو، شه‌وێ له نێو جێ‌دا هه‌ستی کرد ته‌واوی له‌شی وه‌ها ته‌زیوه ناتوانێ هه‌ستێته پێ و گیانی مێرووله‌ی ده‌کرد و له بن پێیه‌وه هه‌ستێ ده‌کرد ته‌قه‌ڵ ته‌قه‌ڵ هه‌ڵده‌وه‌شێ و که‌سێک له‌دووره‌وه ده‌یکێشێ بۆلای خۆی. ئه‌و بوو؛ ئه‌و کوڕه باڵابه‌رزه‌ی بۆخۆی له ته‌ختی فه‌رشه‌که‌دا کێشابوویه‌وه. له گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکی که هه‌ڵی دێناوه ئه‌میش لێره ته‌قه‌ڵێک له له‌شی به ده‌مییه‌وه ده‌ڕۆیشت و وێده‌چوو هه‌موو فه‌ڕشی له‌شی به ده‌مییه‌وه بڕوا... گه‌یشته ئه‌ژنۆی...ڕانی ... ده‌سته‌کانی ... پشتی... ملی... سه‌ری و پێش ئه‌وه‌ی په‌لکه‌کانی هه‌ڵوه‌شێن ڕایه‌ڵه‌که ده‌بێته دوو لا و هه‌ردوو ڕێزه‌که له نێو مێشکیدا ده‌ئاڵۆزێن و گرێ کوێره‌یه‌ک ساز ده‌بێ و هه‌رچه‌ند کوڕه‌کا ده‌یکێشێ ره‌هانابێ و گیر ده‌کا ...
به‌یانی وه‌ختێک هه‌ستا بچێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی ، فه‌رشه‌که بڕدرابوو، سه‌رله‌نوێ ته‌ونێکی دیکه‌یان بۆ نابۆوه و له فه‌رشه‌که‌ی پێشوو ته‌نیا تاڵه‌به‌نێکی ره‌ش به بزماری چوارچێوه‌که‌وه مابۆوه و کزه‌بایه‌ک ده‌یجووڵانده‌وه...
3
پێم سه‌یر بوو چۆن له ماڵێ هاتبووه ده‌رێ و چۆن گه‌یشتبووه ئێره؟ په‌لکه‌که‌کانی له دواوه شۆڕ ببوونه‌وه و ده‌م به پێکه‌نینه‌وه هاته په‌نام و ده‌ستی کرده ملم. دانیشتین؛ تاڵه‌موویه‌کی له په‌لکه‌یه‌کی کێشا و دایه ده‌ستم و به پێکه‌نینه‌وه کوتی : "تۆ هه‌ڵکه‌وه کارت نه‌بێ." ده‌ستم کرد به هه‌ڵکردنه‌وه و کارم به سه‌ر ئه‌وه‌وه نه‌بوو چ ده‌بێ. هه‌تا توندتر هه‌ڵم ده‌کرده‌وه هه‌ستم ده‌کرد زیاترده‌بێ و وه‌ختێک سه‌رم هه‌ڵێنا ئه‌و له‌وێ نه‌مابوو و گوڵۆڵه‌یه‌کیش له قژی له به‌رده‌ستمدا بوو که جه‌مسه‌ره‌که‌ی ته‌واو نه‌ببوو و له بن درگاکه‌وه ڕۆیشتبووه ده‌رێ. گوڵۆڵه‌که‌م هه‌ڵگرت و به ده‌م ڕێگاوه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌ڵم ده‌کرده‌وه، به دوای ڕایه‌ڵه‌که‌دا ده‌ڕۆیشتم. دوای یه‌ک دوو کووچه و شه‌قام سه‌ری تاڵه مووه‌که بردمیه ماڵه چۆڵێک له قه‌راغ شار و وه‌ختێک به حه‌وشه‌که‌دا ڕۆیشتمه ژێرخانێک کۆتایی تاڵه مووه‌که به به بزماری داری بن میچه‌که‌وه گرێ درابوو و کزه بایه‌ک ده‌یجووڵانده‌وه...
له دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه زۆربه‌ی شه‌وان له نێوان خه‌و و نیوه خه‌ودا به ئه‌سپایی ته‌زوویه‌ک دێ و به ته‌واوی له‌شمدا تێپه‌ڕده‌بێ و هه‌ست ده‌که‌م دوای ئه‌و ته‌زووه باریک باریک ده‌بم و له‌کونی ده‌رزییه‌وه ده‌چم. ده‌بمه تاڵه به‌نێک و دوو ده‌ست به زه‌ریفی و به به‌زه‌ییه‌وه دێ و ته‌قه‌ڵ ته‌قه‌ڵ ده‌مکا به نووکی قولاپێکی فه‌رش چنییه‌وه و ده‌مچنێ...له گه‌ڵ هه‌ر ته‌قه‌ڵێک خانه‌یه‌ک و له گه‌ڵ هه‌ر ده‌ستێک ئه‌ندامێکی له‌شم له چوارچێوه‌یه‌کدا ڕاست ده‌بێته‌وه و زوو زوو پێم ده‌ڵێ: "وه‌ختێک ته‌واو بووم وه‌ره ده‌رێ و به‌سه‌ر باوکمدا بنه‌ڕێنه وبڵی هاتوومه سه‌ربه‌ڕه‌ت با نه‌خشه‌کانی هه‌موو هه‌ڵوه‌شێن."
پێش ئه‌وه‌ی فه‌رشه‌که‌ی ته‌واو بکا و بتوانم بێمه ده‌رێ و به‌سه‌ر باوکی‌دا بنه‌ڕێنم و بڵێم هاتوومه سه‌ر به‌ڕه‌ت و هه‌مووی نه‌خشه‌کانی هه‌ڵوه‌شێن، هه‌ر ئه‌وه‌نده ئاگا ده‌که‌م چه‌قۆیه‌ک ئاوقام ده‌بێ و...
4
به‌یانی وه‌ختێک هه‌ستا بچێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی، فه‌رشه‌که بڕدرابوو، سه‌رله‌نوێ ته‌ونێکی دیکه‌یان بۆ نابۆوه و له فه‌رشه‌که‌ی پێش‌و ته‌نیا تاڵه‌به‌نێکی ره‌ش به بزماری چوارچێوه‌که‌وه مابۆوه و کزه‌بایه‌ک ده‌یجووڵانده‌وه ... وه‌ختێک چاوی به‌وه که‌وت، له حاند خۆی بوو به گوڵۆڵه‌یه‌کی ئاڵۆزکاو و ئێستا که‌س به سه‌ری نازانێ...